دوو فەرمانبەرى مەدەنى، دواى ساڵانێک لە شاردنەوەى ڕووخسار و ناوى راستەقینەى خۆیان، دواجار لە بەردەم کامێرادا دەرکەوتن، وردەکارى ژیانى خۆیان و کارەکەیان ئاشکرا کرد، پەردەیان لەسەر رووى ئەو تاوانانە هەڵماڵى کە بۆ ماوەى چەندین ساڵ بەشار ئەسەد لە دژى هاووڵاتیانى وڵاتەکەى ئەنجامى دابوو. پێش سەرهەڵدانى شۆڕشى گەلانى سوریا لە دژى رژێمى ئەسەد، “محەمەد عەفیف نایفە” فەرمانبەرى شارەوانى دیمەشق بوو، ئەرکى ئەسپەردەکردنى تەرمى کەسانى نەناسراو و بێ ناسنامە بوو بەگوێرەى داب و نەریتى کۆمەڵایەتى و ئایینى. بەڵام دواتر کرایە سەرپەرشتیارى تیمێک بۆ شاردنەوەى تەرمى هاووڵاتیانى وڵاتەکەى کە لەژێر ئەشکەنجەدا لە گرتوخانەکاندا گیانیان لەدەستدابوو. “هەرچى فەرید نەدا” مەزهانە، کارى وێنەگرتنى رووداوەکانى هاتوچۆ و رووداوەکانى دیکە بوو بۆ بەشی بەڵگەی دادوەری پۆلیسی سەربازی لە دیمەشق، بەڵام لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە بانگ دەکرێت بۆ وێنەگرتنى ئەو قوربانیانەى لەژێر ئەشکەنجە و لە زیندانەکانى ئەسەددا مردبوون، بەڵام ئەو میمۆرى وێنەکان لاى خۆى گل دەداتەوە و دواى کۆکردنەوەى دە هەزار وێنە، لە سوریا هەڵدێت و دەبێتە یەکێکە لە دیارترین شاهێدحاڵە خاوەن بەڵگەکان لەسەر تاوانکارییەکانى رژێمى بەعسى سوریا. ئەم راپۆرتە چیرۆکى ژیانى محەمەد و فەرید دەگێڕێتەوە.
“قەیسەرەکەى سوریا”
ئەگەر لەمێژوودا نازناوى قەیسەر بە پادشا و دەسەڵاتداران بەخشرابێت، ئەوا لە سوریا بە کەسێک دەوترێت “قەیسەر” کە سامانەکەى دە هەزار وێنەى تەرمى قوربانیانى ئەشکەنجەدراوى وڵاتەکەیەتى، تاوانى ئەو کەسانەش تەنها ئەوە بووە لە گۆڕەپانى خۆپیشاندانەکاندا داواى ژیانێکى شایستەیان کردووە. لە مانگى شوباتى ئەمساڵدا، قەیسەرەکەى سوریا لە بەرنامەى (للقصە بقیە)ى کەناڵى جەزیرەدا دەرکەوت و ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا کرد، وتى: “ناوم فەرید نەدا مەزهانە، بەرپرسی بەشی بەڵگەی دادوەری بووم لە پۆلیسی سەربازی لە دیمەشق، بە قەیسەر ناسراوم، خەڵکی شاری دەرعام کە لانکەی شۆڕشی سوریایە”. فەرید تا دەستپێکردنى شۆڕشى گەلانى سوریا لە ساڵى (2011)، فۆتۆگرافەرى پزیشکی دادوەری بووە و ڕووداوەکانی هاتوچۆ و تاوانە ڕۆتینییەکانی تۆمارکردووە. بەڵام دواى یەکەم خۆپیشاندانى خەڵکى دەرعا، داواى لێکراوە سەردانى نەخۆشخانەی سەربازیی تشرین بکات، بۆ وێنەگرتنى چەند تەرمێک، کە “هەر زوو دەرکەوت ئەو تەرمانە هی خۆپیشاندەرانن کە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای ئازادی و کەرامەتیان دەکرد، بەڵام بە گوللەی ڕژێمی سوریا کوژرابوون. تەرمەکان بە بارهەڵگرێک هێنرابوون بۆ نەخۆشخانە کە بۆ گواستنەوەی میوەی وشککراوە و گۆشت بەکاردێت، تەرمەکانیش هێشتا خوێنیان لێ دەچۆڕا”.
لەوەڵامى ئەوەدا بۆچى ئەو تەرمانە وێنە دەگیران، فەرید دەڵێت: فەرمانی وێنەگرتن لە بەرزترین ئاستەکانی دەسەڵاتەوە هاتبوو، تاوەکو بیسەلمێنن هیچ دەستگیرکراوێک بە واسیتە یان خزمایەتى ڕزگاری نەبووە و فەرمانی ئەشکەنجەدان و کوشتنەکان جێبەجێ کراون”. هەروەها دەڵێت: بەرپرسە ئەمنییەکان وێنەی قوربانییەکانیان وەک بەڵگەیەک بۆ نیشاندانی دڵسۆزی ڕەهای خۆیان بۆ بەشار ئەسەد بەکاردەهێنا، چونکە بۆ مانەوەی ڕژێمەکە ئامادەبوون دەیان هەزار سووری بکوژن”.
“نیشانەکردنى تەرمەکان”
بەوتەى قەیسەر، هەر تەرمێک هێنراوەتە ئەو نەخۆشخانە سەربازییە، سێ ژمارەى لەسەر بووە. یەکەم ژمارەیان لەگەڵ چوونە ژوورەوەی بۆ ناو زیندانەکە دەدرا بە دەستگیرکراوەکە، ناوی لێدەسەندرایەوە و تەنها دەبووە ژمارەیەک. ژمارەى دووەمیان کۆدى ئەو لقەى دەزگاى ئاسایش بوو کە بەرپرسى دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی بووە. سێیەمیان ژمارەی پزیشکی دادى بوو کە توێکارى بۆ تەرمەکە دەکرد و مردنەکەى تۆماردەکرد. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و زیادبوونی ژمارەی تەرمەکان، وەکو قەیسەر باسى دەکات گەراجی وەستانی ئۆتۆمبێلەکانى نەخۆشخانەی سەربازیی مەزە کراوەتە گۆڕەپانى کۆکردنەوەى تەرمەکان، لەوێدا وێنەیان گیراوە و پاشان بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان گوازراونەتەوە. قەیسەر دەڵێت: سەرەتا ڕۆژانە وێنەی نزیکەی دە تەرم دەگیرا، بەڵام وردە وردە ژمارەکە زیادی کرد و لە هەندێک ڕۆژدا دەگەیشتە پەنجا تەرم یان زیاتر. لە راپۆرتى پزیشکى دادیشدا هۆکارى مردنەکەیان بە “وەستانی دڵ و هەناسەدان” تۆماردەکرا، بەبێ ئاماژەدان بەوەى کە هیچ نیشانەیەکی ئەشکەنجەدانیان پێوەبێت، لەکاتێکدا “تەرمەکان نیشانەی ئەشکەنجەدانی دڕندانەیان لەسەر بوو، وەک: سووتاوی، خنکان، ددانى شکاو، چاوی دەرهێنراو و پەلى شکاو. هەندێکیان لە ئێسکەپەیکەر دەچوون، چونکە بۆ ماوەى چەندین مانگ یان ساڵ برسى کرابوون”.
بەدەر لە ئەشکەنجەدان و کوشتنى زیندانییەکان، قەیسەر ئاشکراى دەکات، ئەفسەرانی ڕژێم و دەڵاڵەکانیان، بۆ دەستکەوتى ماددى هەزاران خێزانیان فریوداوە، چونکە ئەفسەر و دەڵاڵەکان بە پاساوى ئاشکراکردنى چارەنووسى گیراوەکان یان دیاریکردنى وادەى سەردانێک، داوای پارەیەکی زۆریان لە کەسوکاری گیراوەکان دەکرد، لەکاتێکدا “ماوەیەکى زۆر بوو کوژرا بوون”.
“گەشتى مەرگ بەنێو بازگەکاندا”
قەیسەر کارێکى ئەوپەڕ نهێنى بۆ رژێم دەکرد، ماڵیشى لەناوچەیەک بوو کە لەژێر کۆنترۆڵى سوپاى ئازادى سوریادا بوو، بۆیە لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانى رژێمەوە لەژێر چاودێرییەکى زۆر توونددا بووە. لەبەرئەوە هاتوچۆى رۆژانەى خۆى بەنێو بازگەکانى رژێم و ئۆپۆزسیۆندا بە “گەشتى مەرگ” ناودەبات. گەشتى مەرگى قەیسەر لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە بڕیاریدا میمۆرى کامێراکەى لەناو گۆرەوییەکەى یان لەنێو ئەو لەتە نانانەی کە لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتبوو بشارێتەوە، بەو ئومێدەى رۆژێک لە دەستى رژێم هەڵبێت و وێنەى ئەو کارە قێزەونانە لە جیهاندا پەخش بکات. ئەو تەنها لە بازگەکانى رژێم نەدەترسا، بەڵکو تا دەگەیشتەوە ماڵەوە ترسى ئەوەشى هەبوو لە بازگەیەکى ئۆپۆزسیۆن ئاشکرا بێت کە بۆ رژێم کاردەکات، لەوکاتەشدا چارەنووسى یەکسەر لەسێدارەدان بوو. بۆ خۆدەربازکردن لەو مەترسیانە، بەردەوام ناسنامەیەکى سەربازى و ناسنامەیەکى مەدەنى ساختەى هەڵدەگرت، قەیسەر دەڵێت: جارێکیان سەربازێکى سوپاى ئازاد منى ناسیەوە، بەڵام بڕیاریدا بێدەنگ بێت و ئاشکرام نەکات، ئەوە یەکێک بوو لە مەترسیدارترین رۆژەکانى ژیانم، چونکە تەنها یەک وشە دەبووە هۆى ئەوەى دەستبەجێ لەسێدارە بدرێم”.
“هەڕەشە و هەڵاتن”
قەیسەر بۆ ماوەى سێ ساڵ رۆژانە وێنەکانى بەقاچاخ دەهێنایەوە. لەو ماوەیەشدا ماڵەکەى لە شارۆچکەى تەل سوتێنرا، بۆیە بەناچارى بارى کرد بۆ شارۆچکەى سیدنایا، بەڵام دواى دوو مانگ گەڕایەوە بۆ تەل، چونکە یەکێک لە دانیشتوان پەناگەیەکى بۆ دابینکرد. ئەوکاتە تەل پەناگەیەک بوو بۆ زۆرێک لە سورییە ئاوارەبووەکان، خێزانەکان دەرگایان بەڕووی هەموو ئەو کەسانەدا دەکردەوە کە بەهۆی بۆردومانەکانی ڕژێمەوە ماڵ و حاڵیان لەدەستدابوو. ئەو گەڕانەوەیە زۆر مەترسیدار بوو، چونکە ئەو ناوچەیە بەچڕى لەلایەن رژێمەوە چاودێرى دەکرا، بۆیە دواى هێنانە دەرەوەى هەزاران وێنەى تەرمى ناو زیندانەکانى ئەسەد، قەیسەر گەیشتە ساتێکى یەکلاکەرەوە، درکى بەوەکرد بەردەوامبوونى لە کارەکەى دەبێتە هۆى لەناوبردنى، لەبەرئەوە بڕیاریدا لە سوریا هەڵبێت و لەگەڵ خۆیدا یەکێک لە گەورەترین دۆسیەکانى تاوانکارى لەدژى رژێمى سوریا ببات، تاوەکو هەڵاتنەکەى لە پرسێکى کەسیەوە ببێتە پرسێکى نێودەوڵەتى بۆ ئاشکراکردنى یەکێک لە ترسناکترین تاوانەکانى ئەم سەردەمە.
فەرید بەهاوکارى چەند کەسێک توانى لە سوریاوە خۆى بگەیەنێتە ئوردن، لەوێشەوە گەیشتە قەتەر، کە بووە وێستگەیەکى گرنگ بۆ ئاشکراکردنى دۆسیەکەى بۆ جیهان. لە دەوحە نووسینگەى پارێزەرى بەریتانى کارتەر رۆک ئەرکى پشتڕاستکردنەوەى ناسنامە و راستى و دروستى وێنەکانى لە ئەستۆ گرت، پاشان لەلایەن ئەو تیمە قانونیەوە ناوى (قەیسەر)ى لێنرا. نووسینگەکەى رۆک، لەسەر راسپاردەى قەتەر دۆسێیەکى قانونى لەبارەى وێنەکانى قەیسەر ئامادەکرد، چونکە پرۆسەى ئەشکەنجەدان و کوشتنى بەبەرنامەى لە زیندانەکانى سوریادا ئاشکرا دەکرد. پاشان قەیسەر گەشتێکى نوێى بە دادگاکانى ئەوروپا و کۆنگرێسى ئەمەریکادا کرد. وێنە و گەواهییەکانى قەیسەر لەبەردەم دادگاکانى فەرەنسا و ئەڵمانیادا، بووە هۆى دەرچونى فەرمانى دەستگیرکردنى نێودەوڵەتى لەدژى بەرپرسان و ئەفسەرانى ئەمنى سوریا، هەندێکیان گیران و لە ئەوروپا دادگایى کران.
دواى ئەوەى قەیسەر گەیشتە ئەمەریکا و لەبەردەم کۆنگرێسدا وێنەکانى نمایشکرد، کۆنگرێس “یاساى پاراستنى هاوڵاتیانى سوریا”ى پەسەندکرد کە بە یاساى قەیسەر ناسرا، ئامانج لەو یاسایەش ناچارکردنى رژێمى ئەسەد بوو، تاوەکو چارەسەرێکى سیاسى بۆ قەیرانى سوریا قبوڵ بکات، فەرید کە ئێستا لە فەرەنسا لە ڕێوشوێنێکی ئەمنی تونددا ژیانى بەسەردەبات، لە کۆتایى چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە دەڵێت: چیرۆکى ئێمە کۆتایى نایەت، تاوەکو جیهان بەشار ئەسەد نەبینێت کە لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە لە دژى دەستگیرکراوەکان و هەموو هاوڵاتیانى سووریا ئەنجامیداوە، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی دادپەروەرانە دەکرێتەوە”.
“شایەتحاڵى گۆڕە بەکۆمەڵەکان”
رۆژى (13/نیسان/2025) لەمیانى کۆنگرەیەکدا لە زانکۆى هارڤارد لە ئەمەریکا، یەکێک لە دیارترین شایەتحاڵەکان لەسەر تاوانەکانى رژێمى ئەسەد، کە ساڵانێکى زۆر بە “گۆڕ هەڵکەن” ناسرابوو، ناسنامەى خۆى ئاشکرا کرد. باسى لەوە کرد بۆ ماوەى حەوت ساڵ بەشێوەیەکى نهێنى و لە تاریکیدا، سەرپەرشتى تیمێکى کردوە بۆ شاردنەوەى تەرمى ئەو قوربانییانەى لەژێر ئەشکەنجەدا لە زیندانەکانى رژێمى سوریادا گیانیان لەدەستدابوو. “محەمەد عەفیف نایفە”، تا ناوەڕاستى ساڵى (2011) فەرمانبەرێکى شارەوانى دیمەشق بوو، ئەرکى ناشتنى تەرمى نەناسراوى هاووڵاتیان بوو بەگوێرەى بنەما ئایینى و کولتوورییەکان. دواى دەستپێکردنى شۆڕشى گەلانى سوریا، رۆژێکیان ئەفسەرێکى ئەمن بانگى دەکات و داوای پێکهێنانی تیمێکی (١٠ بۆ ١٥) کەسی لێدەکات، بۆ شاردنەوەى ئەو تەرمانەى رادەستیان دەکرێت لە ناوچەی قوتەیفە لە باکووری دیمەشق و ناوچەی نەجها لە باشوور. بەهۆى زەبرو زەنگى دەزگا ئەمنیەکانیشەوە، جگەلە قبوڵکردنى ئەو کارە، نایفە هیچ بژاردەیەکى دیکەى لەبەردەستدا نەبووە.
نایفە دەڵێت:- بارهەڵگرەکان لە هەفتەیەکدا (2 – 4) جار دەهاتن، دەبوو لە کاتژمێر (٤ – ٥)ی بەیانی زۆر بەخێرایى تەرمەکان بخەینە گۆڕى بەکۆمەڵەوە، دەبوو هیچ شوێنەوارێک بەجێنەهێڵین کە ببێتە بەڵگە لەسەر ناسنامەى قوربانیەکە یان چۆنێتى مردنیان”. بەگوێرەى گێڕانەوەکانى نایفە، بارهەڵگرەکان تەرمەکانیان لە نەخۆشخانە سەربازییەکانی تشرین، حەرەستا و مەزەى سەربازى، زیندانی سیدنایا، هەروەها لە لقی هەواڵگری لە دیمەشقەوە هێناوە، زۆرینەى تەرمەکانیش شوێنەوارى ئەشکەنجە، برسێتی، یان فیشەکیان پێوە بووە. ئەو بارهەڵگرانەى تەرمەکانیان گواستۆتەوە، بەگوتەى نایفە (بەڕاد)ى گواستنەوەى خۆراک بووە و وێنەیەکى بەشار ئەسەد لەسەر جامى پێشەوەیان هەبووە، هەر بارهەڵگرێکی بچووک (30 – 40) تەرمى هەڵگرتوە. وەکو نایفە دەڵێت: تەرمەکان دەخرانە ناو چاڵى زەبەلاحەوە کە شەش مەتر قوڵ و سەد مەتر درێژ بوون. زۆربەی تەرمەکان بێ ناو بوون، تەنها ژمارە یان هێماى هەڵکەنراو لەسەر تەوێڵ یان سنگیان هەبووە”.
“تۆمارکردن و هەڵاتن”
ماوەى حەوت ساڵ نایفە سەرپەرشتى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى کردوە، لەو ماوەیەدا سەربارى ئەو چاودێرییە توندەى لەسەریان بووە، بەڵام بەردەوام ژمارەى تەرمەکان و سەرچاوەى هاتنیانى لاى خۆى تۆمارکردوە. نایفە لەبەردەم کۆنگرێسدا دانى بەوەدانا زۆر ناڕەحەت بووە بەو کارەى کە کردویەتى، بەردەوام هەستى بە دڵەڕاوکێ و تاوانباری کردوە. هەر ئەو بارە دەروونیەش واى لێکردوە سوریا بەجێبهێڵێت و پەردە لەسەر یەکێک لە ستەمکارییەکانى رژێم هەڵبداتەوە، چونکە وەکو خۆى دەڵێت: بێدەنگى دەبێتە تاوانى دووەم، شاهێدى دان – سەربارى ئازارەکەى- تەنها رێگەیە بۆ دەربازبوون لە بارێکى قورس کە بە بێدەنگی تەحەمول ناکرێ.
ناوبراو لە ساڵى (2019) لەبەردەم کۆنگرێسى ئەمەریکا، پاشان لە ساڵى (2020) لەبەردەم دادگای باڵای هەرێمی لە شاری کۆبلێنزی ئەڵمانیا، لە دۆسیەى دادگایی کردنى ئەنوەر ڕەسلان کە عەقیدێکی پێشووی دەزگای ئاسایشی ناوخۆ بوو، بە تۆمەتی ئەشکەنجەدان و کوشتنی سەدان دەستگیرکراو، ئیفادەی خۆى پێشکەشکرد و رایگەیاند هەزاران گیراو کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدابوو، لە دەوروبەرى دیمەشق لە گۆڕى بەکۆمەڵدا نێژراون. نایفە داوا دەکات پرۆسەى دادپەروەرى رانەگیرێت، تاوەکو لێپێچینەوە لە هەموو ئەو کەسانە دەکرێت کە تاوانیان دژى هاوڵاتیانى سوریا ئەنجامداوە و کەسى لێ بەدەر نەکرێت. هەروەها دەڵێت: “رژێم روخا، بەڵام هەتا هەموو تاوانبارێک سزای خۆی لە دادگا وەرنەگرێت، کاریگەریی تاوانەکان هەر دەمێنێت”.
سەرچاوەکان: ماڵپەڕى (الجزیرە، سوریا tv، نون بوست، دراج، الرأى).
ئامادەکردن: بارام سوبحى