ئیلیزابێت مینیچ لە کتێبە نوێکەیدا واتە “شەڕ وەکوو ئاساییبوونەوە” بە دووبارە باسکردنی ئەم ڕوانگەیەی هانا ئارێنت کە گوایە بیرنەکردنەوە و بێ هزری دەتوانێت توانایی و ئارەزووی مرۆڤەکان بۆ بوونیان بە تاوانباری سامناک هەڵخڕێنێت، بۆ دەربازبوون لەم کارەساتە ئاواهی ئەنجامگیری دەکات کە دەبێت ئامرازەکانی بیرکردنەوە بخەینە بەردەستی هەموو خەڵک، نەک ئەوەی کە خەڵک تەنها بەمەبەستی قازانج و داهاتی ئابووری لە ناو سیستەمێکی زەبەلاحدا ڕابهێنرێن. مانگی فێڤرییەیە و لەگەڵ ئێلیزابێت مینیچ لەسەر قەنەفەی ماڵی هاوڕێیەک کە لە ناوچەی ئاپێر ڤێست سایدی نیۆیۆرک دایە، دانیشتووین، و پێم دەڵێت: “ئەم پرۆژەیە دەتوانێت ختووکەدانێک بێت و خەڵک دووبارە بەرەو بیرکردنەوە هان بدات. خەریکبووم شێت دەبووم لەوەی کە دەمبینی خەڵک لە میدیاکاندا هەمیشە باس لە “ئاسایبوونی شەڕ” دەکەن، و ئەم قسانەش خۆیان دەبوون بە بابەتێکی ئاسایی و چرووک، کۆی ئەم حاڵەتە بۆ من بووبوو بە شتێکی تەحەمولنەکراو ئیتر”.
“مینیچ” ئەمانەی لە باس و ڕوونکردنەوە لەسەر کتێبە نوێکەی واتە “شەڕ وەکوو ئاساییبوونەوە” دەکرد و دەیگوت ناوی ئەم پرۆژەیە بە شێوەیەکی ئەنقەست بەبیرهێنەرەوەی ڕاپۆرتێکە لەبارەی ئاساییبوونەوەی شەڕ کە سەردێڕی دووەمی کتێبە ناودارەکەی هانا ئارێنتە لەبارەی دادگاییکردنی ئادۆلف ئایشمەن کە یەکێک لە ڕێبەرەکانی نازیسم بوو. “مینیچ” کە هەموو تەمەنی خۆی بۆ چالاکیی مەدەنی و لایەنگریی لە دادپەروەری تەرخان کردووە لە ئێستادا لە کارۆلینای باکوور دەژێت و ڕێک لە قۆناغێکدا کە ئارێنت خەریکی بەرگریکردن لە هەمان کتێب واتە “ئایشمەن لە ئۆرشەلیم” ڕاپۆرتێک لەبارەی ئاساییبوونەوەی شەڕ (١٩٦٣)” بوو، ئەو وەکوو یاریدەدەری فێرکاریی ئارێنت لە زانکۆی نیو ئیسکۆلی نیۆیۆرک کاری کردووە.
“مینیچ” کە ئێستە مامۆستای فەلسەفەی ئەخلاقە لە زانکۆی کوئینزی شارلۆت و ئەندامی باڵای ئەنجوومەنی کۆلێژەکان و زانکۆکانی ئەمریکاشە، نیو سەدە پاش ئەو مێژووە لەم بارەیەوە دەڵێت: “من خولێکی وانەم لەگەڵ ئارێنتدا هەبوو کە ناونیشانەکەی “ئەزموونە سیاسییەکانی سەدەی بیستەم” بوو، لەبارەی ئەورووپا لە نێوان دوو جەنگی جیهانی و دوای ئەوەش سەرهەڵدانی نازییەکان و دەرکەوتنی توتالیتاریسم باس دەکرا. پاش کۆتایی یەکەمین قۆناغ، ئارێنت داوای لەمن کرد ببم بە یاریدەدەری فێرکاریی ئەو. لە وەڵامدا وتم: ئاخر من تەنها یەک قۆناغی فەلسەفەم تەواو کردووە و ماومە. وتی: ئۆۆی! کێشە نییە!…ئەو بەڕاستی گوێی بۆ ئەم پرۆسە بوروکراتیانە شل نەبوو. هەربۆیە من توانیم هەم لە پۆلە قەرەباڵغەکانیدا و هەمیش لە پۆلە کەم بەشداریکراوەکانیدا ئامادە بم”. مینیچ درێژەی دەدات: “ئەم ڕووداوە دەگەڕێتەوە بۆ پاش ئەوەی کە ئەو کتێبەکەی لەبارەی دادگاییکردنی ئایشمەن لە ئۆرشەلیم نووسی؛ واتە کاتێک کە هێشتا داوایان لێدەکرد لەبارەی ئەو شتەی وا نووسیویەتی بۆ ڕای گشتی ڕوونکردنەوە بدات. ئەو هێشتا دەستی لە باسکردن و ڕوونکردنەوەی هەستی خۆی هەڵنەگرتبوو چونکە بارودۆخەکە زۆر سامناک و پڕتەنگژە بووبووەوە، و ئەو منی لەگەڵ خۆی بۆ زۆرێک لەو دانیشتنانە دەبرد کە ئاوەها مشتومڕانێکی تێدا دەهاتە ئاراوە”.
کتێبی “ئاشمەن لە ئۆرشەلیم” لە هەمان سەرەتاوە کە وەکوو زنجیرە وتارێک لە گۆڤاری نیۆیۆرکێردا بڵاو بوویەوە، کۆمەڵێک مشتومڕ و مقۆمقۆی هێنایە ئاراوە. ئارێنت ئایشمەنی نەک لە شێوەی ئیبلیسێکی شەڕانی و نەگریس بەڵکوو لە شێوەی مرۆڤێکی ئاسایی و ڕۆژانەیی باس کردبوو. ئەو نووسیبووی: “لەڕاستیدا ڕێک نالێهاتوویی و بەتاڵبوونی ئەو(ئایشمەن) لە داهێنان بوو کە دەبووە هۆی ئەوەی وا بتوانێت بۆ ماوەی چەندین مانگی یەک لە دوای یەک(پێش دادگاییکردنەکەی) لە بەرامبەر جوولەکەیەکی ئاڵمانی کە لێپرسینەوەکانی پۆلیسی بە نیسبەت ئەوەوە ئاڕاستە دەکرد، دانیشێت و شتە نهێنی و شاراوەکانی هەناو و دڵی بۆ ئەو بڵێتەوە، و بەردەوام و بەردەوامیش ڕوونی بکاتەوە کە چۆناوچۆن بووە کە توانیویەتی ببێت بە ئەفسەری باڵای ئێس ئێس و ئەمە کەم و کورتی لەودا بووە کە پلەیەکی سەرتری بەدەست نەهێناوە.)) ئارێنت ئەم باسە دەخاتە ڕوو کە ئایشمەن((مرۆڤێکی گەمژە نەبووە، بەڵام هۆکاری کردەوەکانی، بیرنەکردنەوە و بێ هزریی ڕەها بووە…ئەم بێ هزرییە، پوتانسییەل و خواستی بوونی ئەو بە یەکێک لە ترسناکترین تاوانبارەکانی ئەو سەردەمە لە هەناویدا دەپشکوێنێت”.
لێکۆڵینەوەیەکی کلاسیک کە ئارێنت لە ساڵی ١٩٥١ لەژێر ناوی “ڕیشەکانی توتالیتاریسم “بڵاوی کردەوە بوو بە هۆکارێکی سەرەکی بۆ هەڵبژێرانی بەمەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر دادگاییکردنەکەی ئایشمەن بۆ گۆڤاری نیۆیۆرکیر. ئارێنت لە درێژەی یاداشتەکانیدا لەبارەی ئایشمەن دەنووسێت: “ماهییەتی حوکومەتی توتالیتار و ڕەنگە زاتی هەموو بوروکراسییەکانیش هەر ئەمە بێت کە مرۆڤەکان دەکەن بە کۆمەڵێک فەرمانبەر، و یان تەنها و تەنها کۆمەڵێک ئامراز و خولینگەی ناو مەکینەیەک لە ناو کۆی مەکینەی سیستەمی ئیداری و بەم شێوەیەش لە تایبەتمەندییە ئینسانییەکانیان بەتاڵیان دەکاتەوە”. ڕاپۆرتەکانی ئەم مانگانەی دوایی پیشان دەدات کە لە کاتی سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا، فرۆشی کتێبی “ڕیشەکانی توتالیتاریسم” شانزە قات بووەتەوە بە نیسبەت پێشووەوە، چونکە خەڵک بەدوای تێگەیشتن لەمەن کە بە چ هۆکارێک ترامپ هاتووەتە سەر دەسەڵات و چۆن ئەم پۆستە گرینگەی مسۆگەر کردووە. ئارێنت لە لێکۆڵینەوە سێ بەشییەکەیدا، کە زیاتر لە ٥٠٠ لاپەڕەیە، نەک تەنها دەپەرژێتە سەر مێژوویەک کە هۆکاری سەرهەڵدانی نازیسم بووە، بەڵکوو مەبەستیشی بووە تایبەتمەندییە گشتەکییەکانی حوکومەتە توتالیتارەکان ڕوون بکاتەوە. ئەو دەنووسێت: “بزووتنەوە توتالیتارەکان، ئەو ڕێکخراوە زل و زەبەلاحانەن کە لە مرۆڤە پەراوێزخراو و پەرتبووەکان پێک دێن. وەفاداریی تەواو بە ئاوەها بزووتنەوەهایەک تەنها کاتێک مسۆگەر دەبێت کە دەربەستیی ئەندامەکان بۆ هەر مانایەکی ڕاستەقینە و نادەرهەست(نا ئابستراکت) کە زەین دەتوانێت بەهۆیەوە گۆڕانی بەسەردا بێت، پووچەڵ بووبێتەوە”.
نامەکەی ئارێنت بووە بە دەسپێکێک بۆ بەرهەمە نوێکەی مینیچ کە سەردێڕێکی لاوەکیی شیاوی بۆ هەڵبژاردووە: “لەبارەی بایەخی چارەنووسسازانەی بیرکردنەوە”. ئەم کتێبە کە بە هۆی سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا، زووتر لە وادەی دیاریکراوی خۆی چاپ کرا، دەرهاوێشتەی تەمەنێک هەڵسەنگاندنی مینیچ لەسەر پرسی “شەڕ” (Evil)ە. مینیچ دەڵێت: “دەبوو لەمە تێبگەم کە چۆن مرۆڤە ئاساییەکان، تاوان و کردەی کوشندە و سامناکیان لێ دەوەشێتەوە. دواتر بینیم کە سەرچاوەکەی، گۆمێکی لیخن و لێڵە بەناوی “بێ دەربەستی”. بێ هزری! حەپەسابووم. دەتبینی کە تازە خەریکی لە هەموو ماناکانی “بێ باکی” تێدەگەی؛ ئەمەی کە کاتێک دەڵێن: “بێ مێشک مەبە”، مەبەستیان ئەوەیە کە: “تۆ خەڵکانی دیکە بە هەند وەرناگری و حسێبیان بۆ ناکەیت.” ئەمەی کە ئارێنت لە کۆی ڕاپۆرتەکەی خۆیدا هەر لەم وشەیە بۆ باسکردنی ئایشمەن کەڵک وەردەگرێت ماناکەی ئەمەیە کە ئایشمەن بەو هۆیەوە توانیبووی ئەو کارە سامناکانە ئەنجام بدات کە زۆر زۆر مرۆڤێکی بێ مێشک و بێ هزر بوو”.
کتێبەکەی “مینیچ” لێکۆڵینەوەیەکی تێر و تەسەلە لەبارەی جۆرەکانی “شەڕ” و هەروەها بێ هزری و بێ مێشکی. ئەو لە نێوان “شەڕی لەحاڵی گەشەدا” کە لە ماوەیەکی کورتدا و لە ڕێگەی ژمارەیەک لە تاوانباران دەگاتە ترۆپکی خۆی و “شەڕی بەربڵاو” کە ماوەیەکی دەوێت تاکوو ببێتە هۆی تاوان و لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی زۆر بە ئارەزوو و حەزی خۆیان تێیدا بەشدار دەبن، جیاوازی دادەنێت. مینیچ دەڵێت: “پێنج کەس بەتەنهایی ناتوانن ژینۆساید بکەن و پرۆژەیەکی قڕکردن بگەیەننە ئەنجام. بەڵکوو بۆ ئەم کارە، ژمارەیەکی زۆر لە بکەرانی تاوانمان پێویستە”. ئەو ئەمەش دەڵێت کە هەندێک لە شەڕەکان هەم لە حاڵی گەشەدان و هەمیش بەربڵاون. ئەو دەڵێت: “شەڕی لەحاڵی گەشە لە هەندێ ڕووەوە وەکوو برووسکەیەک وایە. بەڵام مرۆڤەکان دەبێت بەشێوەیەکی بەردەوام بێ هزر و بێ بیرکردنەوە بمێننەوە و بوار بدەن تاکوو بەها باوەکان لەم پێوەندییەدا دووبارە پێناسە بکرێتەوە و ئاوەها شەڕێک بێتە ئاراوە، چونکە ئێمە و ئەوانیش خوومان بە کۆمەڵێک نەریت و بەهاوە گرتووە و وا ڕانەهاتووین کە بڵێین: ” ڕاوەستە، ئەمەیان جیاوازە و من ناتوانم ئەنجامی بدەم.”
هەر ئەم ئاسایی بیرکردنەوەیە، هەر ئەم بێ هزری و بێ مێشکییەیە کە ئەگەری بوونی مرۆڤەکان بە پارچەیەک لە مەکینەی بەرهەمهێنانی “شەڕی بەربڵاو” دێنێتە ئاراوە. ئەمە ئەو شتەیە کە مینیچ لە کتێبەکەیدا لە ژێر ناوی “شەڕ وەکوو ئاساییبوون” باسی دەکات؛ ئەم ڕاستییە سادەیە کە: بۆ ئەنجامدانی ئاوەها شەڕێکی بەربڵاو، دەبێت ژمارەیەکی زۆر لە “خەڵکی ئاسایی دەبێت ڕۆژانە و ڕۆژ دوای ڕۆژ لە خەو هەستن؛ نانی بەیانیان بخۆن؛ پاش سپێدە لە ماڵ بچنە دەرەوە و تێکەڵی خەڵکی دیکە بن؛ و جارێکی دیکە خۆیان بەشێوەی ڕاستەوخۆ و بە ئەنقەست کارانێکی تاوانبارانە و سامناک ئەنجام بدەن؛ یان بەشێوەیەکی ئاگایانە لە فەراهەمکردنی ئەگەری ئەوەی کە ئەوانی دیکە بەئەنقەست دەست بدەنە ئەنجامدانی ئاوەها کارانێک، بەشداریی بکەن”. لە ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییەدا دەردەکەوێت کە بەرپرسانی ئیدارەی پەنابەرانی ئەمریکا خەریکی جێبەجێکردنی فەرمانی بەپەلەی ترامپن لەبارەی قەدەغەکردنی هاتنی پەنابەران لە حەوت وڵاتی جۆراوجۆرەوە کە زۆرینەی حەشیمەتیان موسڵمانن؛ بەم جۆرە کردەوانەش کە بە وتەی مینیچ، “کرێکارە جێ متمانەکان” جێبەجێی دەکەن، ئاماژە کراوە. کریسۆن ئێدێلسۆن؛ یاریدەدەری مامۆستای بەشی وڵاتداریی لە کۆلێژی کاروباری دەوڵەتیی لە زانکۆی ئەمریکا، لە وتارەکەی خۆی لە گۆڤاری “بالتیموور سان” نووسیویەتی کە کرێکارانێکی زۆر و زەبەند ئەو ڕۆژەیان وەکوو هەموو ڕۆژەکانی دیکە دەست پێ کرد و لەگەڵ ئەمەشدا بە جێبەجێکردنی کارێکی نائاسایی کۆتاییان پێ هێنا! لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دالێس لە ڤیرجینیا، منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵەیان کەلەپچە کرد و بۆ ماوەی چەن کاژێر دەستبەسەر بوو. منداڵێکی پێنج ساڵان! هەر لە هەمان فڕۆکەخانەدا، ژنێکی خەڵکی سۆمال کە نیازی سەفەری لەگەڵ دوو منداڵەکەی هەبوو و هەر دوکیشیان هاووڵاتیی ئەمریکا بوون، بۆ ماوەی بیست کاژێر بە بێ ئەوەی هیچ خواردنێکی بدرێتێ دەستبەسەر کرا و دەگوترێت کە تەنانەت کەلەپچەشیان کردبوو و هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەیان لێ کردووە. ژنێکی شەست و پێنج ساڵانیش کە بۆ بینینی کوڕەکەی (کە ئەفسەرێکە لە بنکەی پۆلیسی فورت برێگی کارۆلینای باکوور ئیش دەکات) لە قەتەرەوە هاتبوو بۆ ئەمریکا، زیاتر لە سی و سێ کاژێر لە فڕۆکەخانەی کێنێدی ڕاگیرا و نەیانهێشت تەنانەت عارەبانەکەی کە تایبەتە بە کەمئەندامان بەکار بهێنێت.
ئێدێلسۆن نووسیویەتی: “ئەو ژن و پیاوانەی کە بۆ دەولەتی فیدراڵ ئیش دەکەن هەر وەکوو ئەرکە ئاساییەکانی دیکەیان چاویان لەم ئەرکە کرد و دواتریش گەڕانەوە ئامێزی بنەماڵەکانیان و لەوێش بە ئەگەری زۆر شیویان خوارد و دواتر پێش خەوتنی منداڵەکانیان چیرۆکیان بۆیان خوێندووەتەوە. ئەم کەسانە لە بارودۆخی ئاساییدا هەمان ئەو کەسانەن کە بە ئەگەری زۆر لە گەڵ دراوسێ و هاوکارەکانیان بەوپەڕی میهرەبانییەوە دەجووڵێنەوە و بەدوای ئەوەشەوە نین کەسێک ئازار بدەن و زیانباری بکەن. ئەم پرۆسەیە لەو ڕووەوە مرۆڤ دڵتەنگ و بێهیوا دەکات کە بیرمان دەخاتەوە دەسەڵاتخوازان دەتوانن بە ئاسانی و بە بێ هیچ کێشە و سەرئێشەیەک ئەو کەسانەی کە بۆ پێشەوەبردنی کردەوە سامناک و کوشندەکانیان پێویستیانە، بدۆزنەوە. ئەمە واتە ئەوان بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان کۆمەڵێک کەسی دڕندەی تایبەتیان پێویست نییە؛ بەڵکوو دەتوانن فرمانەکانیان بە کەسانی ئاسایی ڕاگەیەنن و ئەو کەسانەش لەڕووی وەفا و ئەمەگ بۆ ئەرکەکانیان فەرمانەکان لەسەر سەریان دادەنێن و ملکەچی دەبن”.
سەرچاوە؛
Norman Stockwell, ‘An Appeal for Thoughtfulness’, The Progressive, 25 March 2017.
نووسەر: نۆرمەن ئێتاکۆڤێڵ؛ ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی
وەرگێڕان بۆ فارسی: سپیدە جەدیری
وەرگێڕی کوردی: حەمیدە حەسەن