کێشەی کورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک کە لەسەر نەخشەی جوگرافی ئەم ناوچەیە ناوی هەرێمێک بەناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونی نەبووە، بابەتە مێژووییەکان هێندە بەسوودن کەدەکرێت ئەو ناوەندەبن کەئەزموونەکانی تیادا بەڕاورد بکرێت، هێندە باسدەکەم کە کەرتبوونی هەڵگری ئاڵای جیهانی ئیسلام بەهۆی پەرتبوونی لەنێو عوسمانییەکان و سەفەوییەکان کێشەی نەتەوایەتی و مەزهەبی لەناو جیهانی ئیسلامیدا قووڵتر کردەوە، لەم نێوەندەدا، کورد کرایەقوربانی، لەکاتێکدا کە کورد هەڵگری پەیامی ئیسلام بوو لەتەواوی جیهاندا، باشترین بەڵگە بوونی ئەو هەموو خێزانە کوردییانەبوون، کەلەتەواوی جیهانی ئیسلامیدا بڵاوبووبوونەوە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ڕابەرایەتیکردنی ئایینی و خاوەندارێتی دەسەڵاتی سیاسی، لەدوای ئەوەی کە ئەو ڕابەرایەتیی و خاوەندارێتییە لە کورد زەوتکرا لەلایەن سەفەوییەکان و عوسمانییەکانەوە، ئیتر ئەم جیهانە کەوتە بەرشاڵاوی پەرتبوون و دواتر شۆفێنیزمی نەتەوایەتی کێشەی کوردی لەتەواوی ناوچەکە قووڵتر کردەوە.
وابەستە بەو ڕاستییە مێژووییەی سەرەوە، لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم، جارێکی دیکە کورد بەسەر چوار دەوڵەتی ناوچەکە دابەشکرایەوە، چوار دەوڵەتی لاواز لەنێوخۆدا، بەڵام بەهێز بەرامبەر بەکورد، ملهوڕی سیاسییەکان لەهەر چوار وڵاتدا لەوەدایە کە هەمیشە هەوڵیان داوە کێشەی کورد بەدوو ئاڕایستە بەرن، ئاڕاستەی یەکەم سڕینەوەی نەتەوایەتی بووە، لەڕێگای بەکارهێنانی ئەوپەڕی ئامڕازەکانی توندوتیژی، ئەمە نەوەکو کێشەکەی چارەسەرنەکردووە، بەڵکو زۆر قورسی کردووە لەڕووی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکە، ئاڕاستەی دووەم بریتی بووە لە سنووردارکردنی کێشەکە و قەتیسکردنی لەچوارچێوەی سنوورێکی ناوخۆیی دەستکرد، کە ئەمەش ئاڕاستەیەکی دوور لەواقیع بووە، چونکە کێشەی کورد بەهەموو پێوەرێک پەیوەندی بە چوار دەوڵەتی دەستکردەوە هەیە، نەوەکو تەنیا یەک دەوڵەت، واتە کێشەکە هەرێمییە نەوەکو ناوخۆیی. لەبەرامبەر ئەمەشدا، هەڵەی سەرکردایەتی سیاسی کورد لەوەدابووە کە هەمیشە بەدوو ئاڕاستەدا بەدوای چارەسەردا گەڕاون، ئاڕاستەی
یەکەم: هەواڵدان بووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی نێوخۆیی بۆ کێشەکە، ئەمەش نەگونجاوبووە، وەک چۆن پێشتر باسمان لێوەکرد، ئاڕاستەی.
دووەم: دۆزینەوەی پاڵپشتی سیاسی نێودەوڵەتی بووە، لەکاتێکدا ئەمەش دژ بە بەها و پرنسیپە نێودەوڵەتییەکان بوون..
لە کاتی ئێستادا گۆڕانکاری گەورە ناوچەکە و جیهانی گرتۆتەوە، سازان و دانوستان لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکان سروشتی کاراکتەرە جیهانییەکان دەگۆڕێت، لەم نێوەندەدا کورد پێویستی بە نمایندەیەک هەیە، زۆریش پێویستی پێیەتی، ئەزموونی شەریف پاشا و کۆنگرەی ئاشتی پاریس گەر دووبارە ببێتەوە، سەلمێنەری ئەوەیە کە کورد شایستەی دەوڵەت و سەربەخۆیی نییە، یەکێک لەسیناریۆکان ئەوەیە کە پێوستە بیرکردنەوەکان بۆ چارەسەری کێشەکان ئاستە نێوخۆیەکان تێبپەڕێنێت، ئەمەش پێویستی بە ڕێککەوتنی ناوخۆی کورد هەیە.
بەواتایەکی دیکە لەم ساتەدا کورد پێویستی بە سەرکردایەتییەک هەیە کە بتوانێت سەرجەم جیاوازییەکان کۆبکاتەوە بۆ گەیشتن بە ئاماجێکی پیرۆز، بوونی جیاوازی لە چۆنیەتی کارکردن و تێکۆشان ئاساییە بەڵام ئاسایی نییە ئەو جیاوازییە بگاتە ئاستی یەکتر سڕینەوە، ئاسایی نییە تەنیا خۆت بەخاوەن حەقیقەت بزانیت، ئەمەیە ئەو کێشەیەی کە هۆکاری پەرتبوونی کورد بووە، کێ بتوانێت لەو لەعنەتە کورد ڕزگار بکات، ئەو کەسە سەرکردەیە.