“پێویستی گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژووی فه‌رهه‌نگه‌کان”
یه‌کێک له‌و کێشانه‌ی که ئێسته بزووتنه‌وه‌ی ژنان له‌گه‌ڵیدا ده‌سته‌ویه‌خه‌ن نه‌بوونی وشیاریی مێژوویی پێویسته، نه‌ک ته‌نها له ڕه‌وت و بزاڤه فیمینیستییه‌کان، به‌ڵکوو له واقیعی پێگه و شوێنگه‌ی وردی ژنانه له کو‌لتووری پیاوسالارانه‌ی هه‌ناوی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌کانه. فه‌رهه‌نگی ئێرانی له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌عیه و بانگه‌شه هه‌نووکه‌ییه‌کانی یه‌کێک له داپلۆسێنه‌رانه‌ترین و چه‌وسێنه‌رانترینی ئه‌و کو‌لتوورانه بووه ده‌رهه‌ق به ژنان و هێنده‌ش ئه‌م کو‌لتووره به درێژایی مێژوویه‌ک هه‌یمه‌نه و ئوتوریته‌ی خۆی پاراستووه، که ئه‌سته‌مه ئێسته‌ش له فه‌رهه‌نگی به‌ناو ڕچه‌شکێنی ژنانی ئێرانی‌دا بتوانین ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و شۆڕشه به‌دی بکه‌ین که ناوی شۆڕشی ژینایه.
له ڕاستیدا؛ به‌بێ سه‌رنجدان به‌م ڕاستییه که ژنانی ئێرانی و فارس به پێچه‌وانه‌ی ژنانی کورد ساڵیانێکی زۆرتر و به شێوه‌ی سیسته‌ماتیکتر و قووڵتر له ناو هه‌ژموونیی ده‌یوه‌خان و حه‌ره‌مسه‌رای پاشاکاندا خنکاون و نه‌ک ته‌نها ژنێتییان به‌لاڕێدا براوه، به‌ڵکوو مرۆڤبوونیشیان که‌وتووه‌ته ژێر تیشکی کاریگه‌ری ڕه‌شی ئه‌م ئاگره ئه‌هریمه‌نییه‌وه. ژنان له حه‌ره‌مسه‌راکاندا حیکایه‌تێکی هه‌زاران لاپه‌ڕه‌ییه که نه‌ک ته‌نها ده‌رخه‌ری سه‌رێتی و سالاربوونی ئاره‌زوو و شه‌هوه‌ته‌کانی پیاو به سه‌ر جیهانی ژناندا بوون، به‌ڵکوو سه‌رقاڵکردنی ژنانیش بووه به کۆمه‌ڵێک بابه‌تی ڕۆتین و ڕووکه‌شی دوور له کۆمه‌ڵگا و هێشتنه‌وه‌ی ژنان له ئاستێکی بچووکی گه‌شه و ده‌توانین بڵێین به منداڵهێشتنه‌وه‌ی دنیای فره‌ڕه‌هه‌ندی ژنانیشه. به‌بێ د‌رکی ورده‌کارانه‌ی ئه‌م مێژووه ئاڵۆز و ژنخه‌سێنه ناتوانین له واقیعی ئێستای خواست و ئاره‌زووه‌کانی ژن هه‌م له ڕووی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه و هه‌م له ڕووی سایکۆلۆژییه‌وه تێبگه‌ین. لێره‌دا ئاوڕێکی خێرا له حه‌ره‌مسه‌راکان و دۆخی ژنان له‌وێدا و ئه‌و پێگه و جێگه‌یه‌ی ژنان ده‌ده‌ینه‌وه.
“حه‌ره‌م و حه‌ره‌مسه‌راکان له ئێران”
له کتێبی ناوداری “مێژووی کۆمه‌ڵایه‌تی ئێران” دانانی “مورته‌زا ڕاوه‌ندی” پێناسه‌یه‌کی کورت و به‌سوود له‌باره‌ی حه‌ره‌م و حه‌ره‌مسه‌را له ئێران‌دا هاتووه که لێره‌دا بۆ ناسینی زیاتری ئه‌م بابه‌ته به‌شانێکی لێ ده‌خه‌ینه ڕوو. “حه‌ره‌م” وه‌کوو ڕه‌چه‌ڵه‌کی وردی مانای وشه‌که به ناوچه و هه‌رێمێکی پیرۆز ده‌وترێت که ژنان له‌وێدا نیشته‌جێ ده‌بوون، واته ئه‌و به‌شه له ماڵ یان نیشینگه که بنه‌ماڵه واته ژنان و منداڵان تێیدا نیشته‌جێ ده‌بوون و به ته‌واوه‌تی ده‌رگاکه‌ی به‌ڕووی که‌سانی غه‌یر و نامۆدا داخراو بوو. پێش سه‌رده‌می ئیسلام ژنانی سه‌ر به چینه‌کانی سه‌ره‌وه کۆمه‌ڵێک سنوور و هێڵی به‌رته‌سککه‌ره‌وه‌یان بۆ دیاری کرابوو، به‌ڵام ژنانی سه‌ر به چینی خواره‌وه له هه‌موو کات و ساته‌کاندا له کووچه و کۆڵاناندا خه‌ریکی ئیش و کار و چالاکییه ئاساییه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌یان بوون.
حه‌ره‌مسه‌را بریتی بوو له بینایه‌ک که له‌خۆگری حه‌وشه‌یه‌کی پڕ دره‌خت و گوڵ و فواره و هه‌یوان و تاق و… هتد بوو که ژنان تێیدا ژیانیان ده‌برده سه‌ر و جگه له پیاوانی ماڵه‌وه هیچ که‌سێک بۆی نه‌بوو پێ بنێێته ئه‌و هه‌رێم و ناوچه‌یه‌وه. مه‌گه‌ر که‌نیزه‌کان یان ئه‌و که‌سانه‌ی وه‌کوو خزمه‌تکار هه‌ندێجار ته‌نها و ته‌نها وه‌کوو خزمه‌تکار له به‌شی ناوه‌وه یان ئه‌و شوێنه‌ی که له زمانی فارسی‌دا پێی ده‌ڵێن “ئه‌نده‌روونی” ژیانیان به‌سه‌ر ده‌برد. به‌م حاڵه‌شه‌وه هه‌ندێ جار فاڵچییه‌کان، ئه‌ستێره‌ناسان، پزیشکه‌کان که به زۆری گه‌ڕۆک بوون و به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ش که دووکانی (پزیشکی) واته عه‌تارییان هه‌بوو و هه‌روه‌ها چه‌رچی و ده‌ستگێڕه گه‌ڕۆکه‌کان و ته‌نانه‌ت حه‌کایه‌تخوانه‌کانیش بۆ ناو حه‌ره‌مسه‌را به گوێره‌ی پێویست بانگهێشت ده‌کران. له‌م حاڵه‌تانه‌دا ژنان سه‌ره‌تا له‌پشتی په‌رده‌وه خۆیان داده‌پۆشی و دواتر له‌گه‌ڵیان ده‌که‌وتنه گفت و گۆوه. حه‌ره‌م شوێنی ژیانی بنه‌ماڵه بوو. ژماره و فره‌یی ژنه‌کان بۆ پیاوێک ئه‌گه‌رچی له‌ڕووی شه‌رعییه‌وه ڕێگه‌پێدراو بوو به‌ڵام بابه‌تی سه‌ره‌کیی و جێگه‌ی سه‌رنجی زۆربه‌ی پیاوان نه‌بوو، چونکه به‌ڕێوه‌بردنی چه‌ندین ژن له مالێکدا به‌ده‌ر له لایه‌نی ئه‌خلاقی له ڕووی مادی و ئابووریشه‌وه بۆ هه‌مووان نه‌ده‌گونجا. چونکه پێکهێنانی هاوسه‌رگیری و پێدانی ماره‌یی و به‌ڕێوه‌بردنی خێزان و دابینکردنی خۆراک و پێداویستییه‌کانی دیکه‌ی ژنان و هه‌روه‌ها قبووڵکردنی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانیان و تێچووی منداڵان ته‌نها و ته‌نها له ئه‌ستۆی چینی سه‌ره‌وه و خان و ئاغاوات ده‌هات و هه‌ربۆیه‌ش زۆربه‌ی خه‌ڵک به ژنێک قه‌ناعه‌تیان ده‌کرد.
له سه‌ده‌کانی پێشوودا له “ئێران” به‌شی زۆری ته‌مه‌نی خانمان له ژینگه‌ی ماڵه‌وه واته له حه‌ره‌مدا تێده‌په‌ڕی و به‌سه‌رده‌چوو، ته‌نها له کاته‌کانی دیدار و دیده‌نیی دۆستان و به‌شداریی له ڕێوڕه‌سمه‌کانی بنه‌ماڵه یان ڕێوڕه‌سمه ئایینییه‌کان یان کاتی ڕۆشتن بۆ گه‌رماوی ژنان، حه‌ره‌میان به‌جێده‌هێشت و لێوه‌ی ده‌هاتنه ده‌ره‌وه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا له بنه‌مادا کۆڕ و کۆمه‌ڵی پیاوان له ژنان جیا بوو و پیاوان ته‌نها له‌گه‌ڵ پیاواندا ده‌که‌وتنه گفت‌و گۆ و دانوستانه‌وه و له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی که له سۆنگه‌ی پیاوانه‌وه سه‌رنجڕاکێش و گرنگ بوون، قسانیان ده‌کرد.
له شه‌ونشینی و میوانییه‌کانی شه‌واندا، به زۆری پیاوان به‌شدارییان ده‌کرد و ته‌نها بوار به سه‌ماکار و که‌نیزه‌کان ده‌درا وه‌کوو ژن بێنه ناو دانیشتنه‌کانه‌وه. له ئه‌ده‌بی دره‌وشاوه‌ی سه‌ده‌کانی پێشووی و به ڕاده‌یه‌کی زۆر ئه‌ده‌بی ئێسته‌ی ئێران و فارس‌دا؛ به‌رده‌وام به‌رده‌نگان هه‌ر پیاوان بوون و جگه له هه‌ندێک حاڵه‌تی ده‌گمه‌ن و دانسقه ناوێک له ژنان له ئارادا نییه. ته‌نانه‌ت پیاوانی سه‌ر به چینی سه‌ره‌وه له قسه‌کردن له‌گه‌ڵ ژنانی خۆیان هیچ بنه‌مایه‌کی ئه‌ده‌ب و حورمه‌تیان ڕه‌چاو نه‌ده‌کرد. پیاوان که‌متر له‌گه‌ڵ ژنانی خۆیان قسه‌یان ده‌کرد و هیچ کات له‌گه‌ڵ ژنانی خۆیان پێکه‌وه نه‌ده‌چوونه ده‌ره‌وه. ئاخاوتن و لێدوانیان به‌زۆری له ماڵه‌وه و له کاتی نانخواردندا بوو. ته‌نانه‌ت له کاتی جه‌ژنه گه‌وره‌کان و سه‌یران و خۆشییه خێزانییه‌کانی وه‌کوو شایی و خه‌ته‌نه‌سووران و …هتد، ژنان و پیاوان پێکه‌وه و له ته‌نیشت یه‌کدی له ڕێوڕه‌سمه‌کاندا به‌شدارییان نه‌ده‌کرد.
کات و ساتی ژنانی سه‌ر به چینی سه‌ره‌وه زیاتر به کاروباری ماڵه‌وه و په‌رورده و فێرکاریی مناڵ و خۆڕازاندنه‌وه و ڕێکخستنی میوانیی بۆ دۆستان به‌ڕێده‌کرا. کاتێک خانمان به خواردن به‌ره پیری یه‌کتری ده‌چوون، “خه‌سێنراو”ه‌کان(خه‌سێنراوان له کو‌لتووری ئێرانی‌دا ئه‌و خزمه‌تگوزاره پیاوانه بوون که له ڕووی سێکسییه‌وه ده‌خه‌سێنران بۆ ئه‌وه‌ی به هیچ شیوه‌یه‌ک نه‌توانێت ته‌ماع و ده‌سدرێژیی بکاته سه‌ر ژنانی پاشا و خان له ناو ئه‌نده‌روونیدا به زمانی فارسیی به‌مانه‌یان ده‌گوت”خواجه”) ماڵه‌که‌یان به گوڵ ده‌ڕازانده‌وه، حه‌وزه و سه‌ر مافووره‌کان پڕ ده‌بوون له لقی گوڵانی سووری جۆراوجۆر. خه‌سێنراوه‌کان بالیف و مه‌لافه‌کانیان له شوێنی خۆیاندا جێگیر ده‌کرد، دواتر بۆنی خۆش و سه‌رخۆشکه‌ریان به ماڵه‌که‌دا بڵاو ده‌کرده‌وه و هه‌روه‌ها ته‌پاڵه‌ی ئه‌شهه‌ب (واته ته‌پاڵه‌یه‌ک که ڕه‌نگی به‌ره‌و سپی ده‌چووه‌وه) ده‌خسته ناو ئاگره‌وه.(دیاره بوونی ته‌پاڵه و دوودانیان له ئاگردا و له حه‌ره‌مسه‌راکاندا به‌پێی باوه‌ڕه کۆنه‌کانیان له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ سێکس و زاوزێکردن و هێزی سێکسی بووه). له کات و ساتی دیاریکراودا مێوانه‌کان که هه‌ندێکیان به سواری که‌ر و هێستر و هه‌ندێکیشیان له‌سه‌ر که‌ژاوه‌یه‌ک بوون و به ته‌واوه‌تی خۆیان داپۆشیبوو، ده‌هاتنه ژووری مێواندارییه‌که‌وه و به بێ سێ و دوو چارشێوه‌ی جوان و ڕه‌نگاڵه‌یی و ئاوریشمینی خۆیان له سه‌ر لاده‌برد و پێڵاوه‌کانیان داده‌که‌ند، به بێ سێ و دوو خزمه‌تکارانێک به جلوبه‌رگێکی ئاڵاواڵا و به بزه‌یه‌ک له سه‌ر لێو له حاڵێکدا گوڵاوپژێنێکیان به ده‌سته‌وه بوو له میوانان نزیک ده‌که‌وتنه‌وه و چه‌ند دڵۆپ گوڵاویان ده‌کرده له‌پی ده‌ستی هه‌ر کامه‌یان و به هه‌رکامه‌یان باوه‌شێن و مه‌لافه‌یه‌کی ئاوریشمینیان ده‌دا تاکوو چارشێوه‌که‌ی خۆیانی تێدا هه‌ڵگرن. ورده ورده هه‌ر کام له میوانه‌کان له‌سه‌ر بالیف و ڕاخه‌رێک که بۆیان دابین کرابوو جێگیر ده‌بوون و نیشته‌جێ ده‌بوون و گفت و گۆ دوور و درێژه‌کانی ژنان له بابه‌ته جۆراوجۆره‌کاندا ده‌ستیان پێده‌کرد و سه‌باره‌ت به شێواز و مۆدی جلوبه‌رگ، شیوازی خۆڕازانده‌وه و مه‌کیاج، بابه‌ته خورافییه‌کان و هه‌روه‌ها باوه‌ڕمه‌ندێتی و ڕێگاکانی دڵداری و دڵبردنی مێرده‌کان و مژاره‌کانی دیکه‌ی په‌یوه‌ست به ژنانه‌وه وه‌کوو شایی و زه‌ماوه‌ند، له‌دایکبوونی منداڵ و تێچووه‌کانی ژیان قسه‌یان ده‌کرد و هه‌موو ڕۆژه‌که‌یان به باس و خواس و قسه‌کردن له‌م باره‌یه‌وه ده‌برده سه‌ر.
ئه‌ندێشه خورافییه‌کان له ژیانی خه‌ڵکی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا کاریگه‌رییه‌کی قووڵیان هه‌بوو، ئه‌وانه‌ی وا له بواری فاڵچێتی و پێشگویی و فاڵکگرتنه‌وه‌دا ئیشیان ده‌کرد، فرۆشیارانی دۆعا و نوشته و تێکه‌ڵه و خواردنه‌وه ئاڵۆشکه‌ره‌کان و جادووگه‌ره‌کان جێگه‌ی سه‌رنجی هه‌مووان بوون. هه‌ر که کات و ساتی خوادانی عه‌سرانه ده‌گه‌یشت، خزمه‌تکاره‌کان به سینییه گه‌وره‌کانه‌وه که به هه‌موو جۆره خۆراک و خواردنه‌وه و مزره‌مه‌نییه‌کان و نوقڵ و حه‌لوا ڕازێندرابوونه‌وه، ده‌هاتنه لای خانمانه‌وه و ئه‌وانیش به حه‌ز و تاسووقی زۆره‌وه ده‌ستیان ده‌کرد به خواردنیان و به هه‌ندێ جووڵه‌ی عیشوه‌ئامێز و له‌راندنه‌وه‌ی ده‌سبه‌ند و بازووبه‌نده‌وه ده‌نگیان دروست ده‌کرد و به لێهاتوویه‌که‌وه ئه‌نگوستیله و نینۆکه بریقه‌دار و دره‌وشاوه‌کانی خۆیان پیشانی به‌رامبه‌ر و ڕه‌قیبانی خۆیان ده‌دا. بۆ زیاتر خۆش ڕابواردنی خانمان، ده‌نگبێژان و سه‌ماکارانی ژنیش به هونه‌رنوانده‌وه ده‌هاتنه ناو کایه‌که‌وه و هه‌ندێ جار ده‌سته‌یه‌ک له ژه‌نیاران، ده‌نگبێژان و که‌نیزان له‌م دانیشتنانه‌دا به‌شدارییان ده‌کرد، مامۆستایانێکی هونه‌رمه‌ند که ئه‌گه‌رچی له نیعمه‌تی بینایی بێبه‌ش بوون و نابین بوون به‌ڵام ده‌یانتوانی بێنه ناو حه‌ره‌مه‌وه و له‌گه‌ڵ ژه‌نیارانی دیکه‌دا هاوکاری بکه‌ن. ژیانی ژنان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که که‌م تا زۆر به خۆشی و شادی تێده‌په‌ری به‌ڵام له ڕووی ڕۆحی و ئاستی هزر و بیرکردنه‌وه زۆر نزم و نه‌وی و داڕزاو و پووکاوه بوو.
سه‌رچاوه؛ پشتی په‌رده‌ی حه‌ره‌مسه‌راکان؛ حه‌سه‌ن ئازادی، ده‌زگای نه‌شری ئه‌نزه‌لی، ورمێ.
نووسین: حه‌سه‌ن ئازادی
وه‌رگێڕان؛ سۆزان سه‌عید