“هەندێک کەرەستەی شوێنەواریی دێرین بە بەڵگە دەهێندرێنەوە بۆ بوونی بوونەوەری ئاسمانی لەسەر زەوی”
ئایا بوونەوەری ئاسمانی و نامۆ هەن و دەشێت لەسەر هەسارەی زەوی-ئاسا بژین؟ ئایا هاتوونەتە سەر زەوی و پەیوەندیان بە مرۆڤ کردووە؟ ئەمانە و چەند پرسیاری دیکە هەن، کە زۆر کەس بەدوای وەڵامەکانیان دەگەڕێن. ئەوان شوێنەوار و چیرۆکە ئایینی و ئەفسانەییەکان بە بەڵگەی ئەو جۆرە پەیوەندییانە دەزانن و پێیان وایە پێشتر ئەو بوونەوەرانە هاتوونەتە سەر زەوی. پرسیارە گەردوونیەکە ئەوەیە دەشێت گەردوونێکی وەها فراوان تەنیا یەک هەسارەی وەکو زەوی تێدابێت گونجاو و لەبار بۆ ژیان و پێشکەوتنی بوونەوەرەکانی؟
لە ڕوانگەی بیردۆزی بۆشاییگەری دێرین، ئەگەر بۆ زۆرینەمان بوونەوەرە ئاسمانییەکان نامۆ و نادیار بن، بەڵام هەرگیز لە ئەدەب و ئایین و دەقە کۆنەکانی مرۆڤایەتی نامۆ نین. ئەگەر چەمکی بوونەوەری ئاسمانی چەمکێک بێت بۆ پێناسەکردنی هەر شێوە ژیانێکی دەرەوەی زەوی، دەکرێت هەندێک کەس بڵێن تەنانەت فریشتەکانیش بوونەوەری ئاسمانی بن. لە هەلومەرجێکی باشتر، وەک ئەوەی زۆربەی موسڵمانان و باوەڕدارانی تری ئایینە ئیبراهیمییەکان باوەڕیان پێیەتی، ئادەم د.خ خۆی کەسێکی نامۆ بووە بۆ زەوی و دەکرێت بە بوونەوەری ئاسمانی لەقەڵەم بدرێت، چونکە هێندراوەتە سەر زەوی. ئەمەی دووەمیان کەمێک جێی مشتومڕە، بەڵام بابەتەکە پەیوەستە بە بوونەوەرە ئاسمانییەکان و شێوە ژیانە زیرەکەکانی دیکە، کە دەکرێت بۆ چەندین هەزارە لەمەوبەر لە جیهان بوونیان هەبێت.
لە سەدەی ڕابردوو، زیاتر گرنگی بە بابەتی بوونەوەرە ئاسمانیەکان دراوە. لەم سەدەیەش ئارەزومەندان و تامەزرۆیانی بابەتە پەیوەستەکان بە بوونەوەری ئاسمانی و ژیانی زیرەک لە هەسارەکانی دیکە بە خێرایی لە کۆمەڵگادا زیادیان کردووە، ئەمەش بەهۆی پێشکەوتنی زانستی تەکنەلۆجی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو فەیسبووک و ئێکس و تەنانەت تیکتۆکیش، کە ئارەزوومەندانی کۆکردۆتەوە، بەوەش هەواڵەکان خێراتر دەگەنە مرۆڤایەتی و ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
ئێستا با دەست پێ بکەین؛ زانستی سەردەم دەریخستووە گەردوون زۆر فراوانە و لەسەر دۆخێکی فراوانبوونی بەردەوامە، ئەوە بەڕادەیەکە لە دەرەوەی توانای مرۆڤ و تەکنەلۆژیا دایە. تا ئێستا مرۆڤەکان بە ئەستەم توانیویانە لە ئەرکە مرۆییەکانیاندا بگەنە سەر رووی مانگ، کەشتیە ئاسمانییەکانیش بە ئەستەم توانیویانە لە هەسارەی مەریخ تێپەڕن و زیاتر لەڕێگەی هاوێنەی تەلەسکۆپی هەبڵەوە تواندراوە بۆشایی ئاسمان و گەردوون ببیندرێت. ئەمە وێڕای ئەوەی گەیشتن بە لێواری گەلەستێرەکەمان ئامانجێکی زۆر دوورە.
“لە ڕووی زانستی، هەسارەی زەوی تاکە هەسارە نیە دەشێت گونجاو بێت بۆ ژیان”
لە ڕووی زانستییەوە دەتوانین بڵێین هەسارەی زەوی تاکە هەسارە نییە گونجاو بێت بۆ شێوەیەک لە شێوەکانی ژیان. لۆژیکییە بڵێیت گەردوون کە پێکهاتووە لە چەندین گەلەئەستێرەی هاوشێوەی کاکێش، سەدان و هەزاران هەسارە و ئەستێرە و کۆمەڵەی خۆری بە قەبارە و شێوەی جیای تیادایە. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ژیان لەسەر هەسارەی زەوی چۆن دەستی پێکردووە دەتوانرێت بەو ڕاستییە بگەین، کە لە خولگەیەکی هەسارەیی نە زۆر نزیک و نە زۆر دوور لە خۆر و بوونی بەرگەهەوای پێویست، بە ئاسانی ژیان لەو جۆرە هەسارانە پەرەدەستێنێت.
“چەند هەسارەیەکی زەوی-ئاسا دۆزراونەتەوە کە دەکرێت ژیانیان تێدا هەبێت و لە یەکێک لە قۆناغەکانی گەشەی شارستانیەت بن”
ژمارەیەک هەسارەی هاوشێوەی زەوی دۆزراونەتەوە. زانا تایبەتمەندەکان هەندێک لە لایەنیان لەبەرچاو گرتووە، کە یەکێکیان دووری هەسارەکە یە لە ئەستێرە خۆرەکەیان؛ بۆ نموونە دووری هەسارەکانی ناونراو بە کێپلەر ٢٢-بێ و کێپلەر ٤٥٢-بێ لە دووریەکی گونجاون لە ئەستێرەی خۆری پەیڕەوی کێپلەر. ئەمەش وادەکات ژیان تیایاندا گەشە بکات، چونکە بڕی ئاوی شل و پلەی گەرمی لەسەر ڕووی هەسارەکە و هەروەها مەودای سووڕانەوەیان بە دەوری خۆرەکەیان گونجاوە بۆ ژیان. خولانەوەی هەسارەی یەکەم بە دەوری خۆرەکە ٢٩٨ رۆژە و بۆ دووەمیان، ٣٨٥ رۆژە، واتا دووەمیان کەمێک زیاتر لە خولی زەوی بەدەوری خۆر دەخولێتەوە. ئەمانە لایەنە بنەڕەتییەکانن کە هاوکارن بۆ ئەوەی زانایان هەڵسەنگاندن بۆ ئەگەری ژیان بکەن لەسەر هەسارەیەکی دیاریکراو تا ڕوونیش بێتەوە ئاخۆ بۆ ژیان گونجاون یاخود نا. وێڕای ئەوەی لایەنێکی گرنگتر مێژووی دروستبوونی شلەمەنی و سەقامگیریی کەشوهەوای هەسارەکانە، ئاخۆ گەیشتوونەتە بارودۆخ و هەلومەرجی لەبار بۆ ژیان یاخود نا.
پرسیارێک وەک ئەوەی ئایا دەکرێت شێوەی ژیانی زیرەک لەسەر ئەم هەسارانە هەبن؟ دەکرێت پرسیارەکە خۆی کێشەدار بێت، چونکە ئێمەش بوونەوەری نامۆین بۆ شێوەکانی تری ژیان لەسەر هەسارە جیاوازەکانی تر لە کۆمەڵە ئەستێرە و گەلە ئەستێرەکانی دیکەی گەردوون. پاشان پرسیارێکی دیکە دێتە پێشەوە، ئاخۆ بۆچی تا ئێستا پەیوەندیمان پێوە نەکراوە یان ئێمە سەرکەوتوو نەبووین لە.پەیوەندیکردن بە هەسارەی دیکە، یان ڕاستتر بڵێین بوونەوەری دیکە. زانایان بە تەواوی ئەگەری بەرکەوتن بەدوور ناگرن، کە ڕەنگە ئێستا، لە ڕابردوو یانیش لە داهاتوو لەگەڵ بوونەوەری ئاسمانی نامۆ ڕوویدا بێت یان ڕووبدات.
“ئایین و بیردۆزی بۆشاییگەری دێرین لە هەندێک لایەن یەکتر پشتڕاست دەکەنەوە”
لە لایەکی دیکەوە، ئایین خۆی پشتگیری لەو بۆچووە دەکات، کە زۆربەی پێغەمبەران لەلایەن بوونەوەری دەرەوەی زەوی پەیوەندییان پێوە کراوە. سەرەڕای ئەوەش، لەناو تیۆری بۆشاییگەری دێرین، توێژەری بۆشاییگەری و ئاسمانەوانیی، نووسەر و بیرمەندە تایبەتمەندەکان، کە لەناویان کەسایەتی ناسراوی نێودەوڵەتیش هەیە، کە گێڕانەوە ئایینییەکان و بوونەوەرە ئاسمانییەکان بەیەکەوە دەبەستنەوە. ئەمە وێڕای ئەوەی بەشێک لە شوێنەوارناسان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن مرۆڤایەتی پێشتر پەیوەندییان پێوە کراوە و دەشکرێت ئێستا پەیوەندییان پێوە بکرێت.
لایەنێکی دیکە پەیوەستە بە بوون و نەبوونی بەڵگەی بەردەست و پێویست، بە ئاگاداری و بە گوێرەی بێردۆزەرەوەکانی بۆشاییگەری دێرین، زیاد لە پێویست شوێنەواری هەڵەکندراو، وێنەکێشان و نەخشێنراو لەسەر دیوارە بەردییە کۆنەکانی شوێنە کۆنەکانی وەک سۆمەرستان و نووسین و هەڵکۆڵدراوەکانی مێزۆ-ئەمریکا و باکووری ئەفریقا و شارستانیەتی دۆڵی ئیندوز هەن، کە پشتگیری ئەو بانگەشەیە دەکەن، کە هەندێک لەو بەڵگانەی بە بیردەهێندرێنەوە ئەوەندە جێی سەرنج و تێڕامانن، بە ڕوونی دەری دەخەن مرۆڤی دێرین پەیوەندی بە بوونی وەری زیرەکی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر هەبووە. بێجگە لەمەش، پێیان وایە کە چیرۆکەکانی ئایینەکان ڕەنگە لێکدانەوەی نەستی بن بۆ بەریەککەوتنە نامۆکان بە تایبەتی ئاماژە بە هەندێک ڕووداو دەکەن، یەکێک لەوانە هەڵکشانی پەیامبەر “عیسا د.خ”، نقومبوونی “یونس د. خ” و وێڕای ژمارەیەکی دیکە لە ڕووداو و ڕووداوەکانی تری بەریەککەوتن و پەیوەندی لە نێوان پەیامبەران و بوونەوەری وەکو فریشتەکان، کە لە پەرتووکە پیرۆزەکانی وەکو: تەورات، ئینجیل و قورئان تۆمارکراون و رووداوی هاوشێوە و دووبارەن کە جەخت لە. بوونی ئەو پەیوەندیانە دەکەنەوە و ئامانجیان ڕاستکردنەوەی مرۆڤەکان و ڕێنماییکردنیان بووە بۆ بەردەوامیی دان بە ڕێکردن لەسەر ڕێڕەوی ڕاست و دروست.
ئەو پرسیارو گومانەش هەن، ئاخۆ بەڵگەیەکمان لەسەر بەرکەوتنی پێشووی مرۆڤ و بێگانە هەیە؟ پاشان تووشی پرسیارێک دەبین کە داوای وەڵامێک دەکات کە ئایا بوونەوەرە ئاسمانییەکان بەهیچ شێوەیەک گرنگی بە مرۆڤ دەدەن؟ ئایا هەلومەرجی ئەوان ئەوەندە لەبارە و ژێرخانی خۆڕسکی هەسارەکان. ئەوەندە گونجاوە بوونەوەرەکان زیرەک بن و دەستیان درێژ بکەن و بەدوای شێوەکانی تری ژیان لە گەردوون بگەڕێن؟
“ئایا مرۆڤ ئەوەندە زیرەکە جێی تێڕامانی بوونەوەرە ئاسمانییە دێرینترەکان بێت”
ئێستا با ئاماژە بە هەندێک لەو ئەگەرانە بکەین و ڕوونی بکەینەوە چۆن ڕێژەیەکی دیاریکراو لە هۆشیاری و زیرەکی دەبێتە هۆی دۆزینەوە و شکاندنی بەربەست و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، کە دەرئەنجام گەشەسەندن و زیرەکی مێشکی مرۆڤی لێ دەکەوێتەوە. بۆ نمونە، کاتێک مرۆڤایەتی خۆی بەراورد دەکات بە جۆرە زیندووەکانی تری سەر هەسارەی زەوی بۆی دەردەکەوێت تەنیا ١.٥% لە ترشەڵۆکی ناوکیی جیاوازیان هەیە لەگەڵ مەیموونی شامپانزی. کەمتر لە ٢% جیاوازیی لە ژیریی لە نێوانمان وایکردووە مرۆڤ بتوانێت بیربکاتەوە، بە شێوەیەک ڕۆشنبیر بێت، کە نەک تەنیا بیر لە خۆیان و دەوروبەرەکەیان دەکەنەوە، بەڵکو ئەوان لە شامپانزیش دەکۆڵنەوە و ئەوەتا من قسە لەسەر بوونەوەرە ئاسمانییەکانیش دەکەم و چەندین ئەگەر دەخەمە بەر باس. لەبەرامبەردا با بپرسین شامپانزییەکان توانای چییان هەیە؟ بە سادەیی، شامپانزیەکان توانای کردەوە سنووردارەکانیان هەیە لەوانە لێکردنەوەی توێکڵی مۆزەکان، هەندێک شێوازی سەرەتایی تری بەرگریکردن لە خۆیان، خۆ هەڵواسین بە دارەکان، بەداخەوە ناتوانن لە ئاڵۆزی کردەوە و دۆزینەوەکانی مرۆڤ تێبگەن. ئێستا بیهێنە بەرچاوت ئەگەر شێوەکانی دیکەی ژیان، واتا بوونەوەرە ئاسمانییەکانی سەر هەسارەکانی تر وەک شامپانزی ئێستا سەرەتایی بن. لە ڕووی زانستییەوە ئەگەری ئەوە هەیە شامپانزیەکان بوونەوەری سەردەستی ئەو هەسارانە بن و فەرمانڕەوایی بکەن، بەڵام هێشتا بەو زیرەکی سنووردارەیان پەی بە بوونی بوونەوەری زیرەکی دیکە لەسەر هەسارەی دیکە نابەن.
کەواتە، چی دەبێت ئەگەر بوونەوەرە ئاسمانییەکانی هەسارەیەکی دیارکراو ١.٥% لە مرۆڤ زیرەکتر بن، دەبێت چ جۆرە گرنگیەک بەوە بدەن ئاخۆ ئێمەی مرۆڤ هەین یاخود نا! وەک دیارە جیاوازی ١.٥% لە ترشەڵۆکی ناوکیی جیاوازییەکی وەهای دروست کردووە مرۆڤ بتوانێت کەشتی ئاویی و ئاسمانی، ژێردەریا، فڕۆکە و کۆمپیوتەر و زیرەکی دەستکرد و بوونەوەری دەستکرد دروست بکات، بنیشێتەوە لەسەر مانگ بەدواداچوون بۆ گەردوون بۆشایی ئاسمان. ئەم تایبەتمەندییە یاخود جیاوازییە ١.٥% بەو ڕادەیە مرۆڤ لە نزیکترین هاوبەشانی ژینگەکەی، کە مەیمونی شامپانزییە جیا کردۆتەوە. بهێنە پێش چاوی خۆت بوونەوەری ئاسمان بە رێژەی ١٠-١٥% لە ئێمە زیرەکتر دەبن، دەبێت چۆن مامەڵەمان لەگەڵ بکەن! ئایە بە کۆیەلش ئێمەیان قەبول دەبێت؟ واتا ١.٥ جیاوازیی لە ترشەڵۆکی ناوکیی ئەوەندە جیاوازیی دروست دەکات بوونەوەرێک لە ژیانێکی سەرەتاییدا بژیت و ئەوەی دیکەیان خۆی بتوانێت لێبوردە و ژیر و بە بەزەیی بێت و بڕیار لە ژیانێکی ئاڵۆزی خۆی بدات و داهێنان و دەستکەوتی زانستی هەبێت. گشتاندن نەبێت، دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاو بێت، کە ژینگەش کارلێکی زۆری لەسەر مرۆڤ و بوونەوەرەکان هەیە، واتا ژینگەی هەسارەکان و ژینگە بچووکە کۆمەڵایەتییەکانیش داڕێژەری کەسایەتی و هەڵسوکەوتی بوونەوەرەکانن.
“جیاوازی ١.٥% ی ترشەڵۆکی ناوکیی نێوان مرۆڤ و مەیمونی شەمپانزی ئەو جیاوازییەی دروست کردووە کە هەمانە”
لە ڕووی زانستییەوە پەراوێزی ١.٥% کە دەکاتە ژیریی و زیرەکیی ١٠-١٥% ئەوەندە بەرچاوە لێکچوونەکان زۆر کەم بکاتەوە. لێرە دەرئەنجام چەند بژاردەیەکی گرنگ دێنە پێشەوە؛ یەکەم، ئەگەری پەیوەندی مرۆڤ و بوونەوەرە ئاسمانییەکان لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووش دوور نیە. ئەمە تەنها پرسی کاتە کەس نازانێت ڕەنگە کۆمپانیا گەورەکانی وەک ناسا دەزگای بۆشایی ئاسمانی ڕووسی یان گەردوون هەندێک لە زانیارییەکان بشارنەوە. دووەم، بەڵگە شوێنەوارییەکان ئەوەندە زەقن پێویستیان بە پێداچوونەوە و توێژینەوەی زیاتر هەیە. سێیەم، لێکۆڵینەوە و لێوردبوونەوە زیاتری دەقە ئایینییەکان گرنگە، تا بە چیرۆک و ڕووداوە مێژووییەکان بەراورد بکرێن. چوارەم، پێوێستە گرنگی زیاتر بە زانستی بۆشاییگەری و بۆشایی ئاسمان بدرێت، ئەمەیان زیاتر ئەرکی ئەو دامەزراوە و دەوڵەتانەیە کە هێزی بۆشاییگەری و توانای ئاسمانەوانییان بەهێزە.
ئەوەی دەمێنێتەوە لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە، زوو یان درەنگ، بوونەوەری ئاسمانی پەیوەندیمان پێوە دەکەن یان دەکەنەوە، یانش پەیوەندیان پێوە دەکەین. لەو نێوانە پێویستە مرۆڤایەتی بە جۆرێک لە جۆرەکان، پەیڕەوێکی لێکتێگەیشتنی هەبێت ئامادەبێت بۆ پەیوەندییەکی لەو شێوەیە.