سێ: چەمکی دوژمن لە سینەمای ئەمریکدا؛ لە یەکێتی سۆڤیەتەوە تا زۆمبی.
پیشەسازی فیلمە سینەماییە ئەمریکییەکان پشت بە عەقیدە و بیروباوەڕێکی پتەو دەبەستێت کە عەقیدەی “دوژمنتاشی”یە، دوژمنێک کە پێویستە ڕووبەڕووی ببێتەوە. لەپاش شەڕی سارد لەگەڵ یەکێتی سۆڤییەتدا، یهکێتی سۆڤییەت وەکو دوژمنێک لە سینەمای ئەمریکیدا ون بو و دووژمنگەلێکی دیکە جێیگرتەوە، لەم سینەمایەدا دوژمن ئەوەیە کە زۆرینەی چیرۆکە سینەماییە بازرگانی و ئایدیۆلۆژیکانی ئەمریکای لەسەر ڕۆدەنرێت، ئەم فیلمانە لە پێشەنگی فیلمەکانی بۆکس ئۆفیسی سینەمای جیهانین و بۆ بەرهەمهێنانیان ملیۆنەها دۆلار تەرخان دەکرێت، مێژووی بیری ئەم دوژمنتاشییە دەگەرێتەوە بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر و بیر و تێڕانینێک نییە هەروا بە ڕێکەوت دروست بوبێت کە تەنگاتەگ پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەوە، ” ئەو نامەیەی کە ڕۆزفێڵتی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بۆ بەڕێوەبەری نوسینگەی (بۆیڵ مۆڵی) ناردی جەخت لەو خاڵە کردەوە و ئەو واقیعەی پیشتڕاست کردەوە کە دەبێت سینەما لە سنوورەکانی ئاسایشی نەتەوەییدا ئازاد بمێنێتەوە واتە نەسانسۆر و نە گرفت لەپێشدەم کایەی سینەمادا بوونی نەبێت، هاوڕێ لەگەڵ ئەوەی پێویستە سینەما پێویستییەکانی ئاسایشی نەتەوە پڕبکاتەوە، هاوکات ناوەڕۆکی نامەکە سێ ئەرکی بنەڕەتی دەزگای میری نوێی دیاریکراوە یەکەم؛ بەستنەوەی هۆڵیوود بە واشنتۆنەوە، دووەم؛ هۆشیار کردنەوە و پەروەردەکردنی جەماوەری ئەمریکی، سێیەم؛ گرنگیدان بەو فیلمانەی کە بەژدارن لە خزمەتی نیشتیماندا بە شێوازێکی کاریگەر “15، هەڵبەتە لەمیانەی بەدواداچوونم بۆ دەیان فیلمی ئەمریکی تێبینی ئەوەم کرد کە بیرۆکەی “دوژمنتاشی ” هەمیشە لەم سینەمایەدا ئامادەیی هەبووە جا دوژمنەکە وڵات بێت یان کەسێک بێت یاخود ئایینێک بێت.
بۆ نمونە ئایینی ئیسلام کراوەتە ئامانج وتارگێتی و هەڵمەتێکی چڕی لە دژ گیراوەتەبەر بەمەبەستی شێواندن و بە کۆنەپەرست ناوزەد کردنی، ئەم دوژمنتاشییە هەر بەوەوە نەوەستا بەڵکو کارەساتە سرووشتییەکانی وەکو (زریان، لافاو، گرکان) کرانە دوژمن و بەرگی دوژمنیان بەبەردا کرا، بۆنمونە ” لەساڵی (1976)دا لە کۆی بیست فیلم چوارییان لەو فیلمانە بوون کە باسی کارەساتە سرووشتییەکانییان دەکرد کە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای دەگرێتەوه، چیرۆکی ئەم فیلمانە پشتییان بە شێوازێکی گێڕانەوەی زۆر ساکار بەستووە کە لەسەرەتادا ڕووداوەکە بە لەسەرەخۆ و هێمن سەرهەڵدەدات و دواتر پەشێوی و ئاژاوە دێنێتە ئاراوە و بۆ ڕزگار بوون لەمەیش ڕزگارکەرێکی ئەمریکی دێت و کۆتایی بەم کارەساتە سرووشتییە دێنێت “16، ئەمەیە تایبەتمەندی سینەمای ئەمریکی و هێمای ناسینەوەی ئەم سینەمایە کە پشت بە کۆتاییە خۆشنوود و پاڵەوانێکی ئەمریکی دەبەستێت جا دوژمنی ئەم پاڵەوانە هەرچییەک بێت. هاوکات وەکو چۆن درم و پەتاکان یەکێکی دیکەن لە تێمای فیلمە ئەمریکییەکان کە هەندێک جار ئاماژە بە بڵاوبوونەوەی پەتایەکی هەقیقی دەدەن کە مرۆڤایەتی ئەزموونی کردووە، وەکو “ئەنفلۆنزای بەراز و ئەنفلۆنزای باڵندە” یاخود ئەو پەتا خهیاڵییانەی کە فیلمنامەنووسەکان دروستی دەکەن وەکو زۆمبی یاخود بوونەوەرە ئاسمانییەکان، جا هەموو ئەمانە و چەندانی دیکەش ئەمریکا لە لیستی دوژمنانی خۆی پۆلینی کردوون و بە حسابی دیدی ئەمریکا هەڕەشەن بۆسەر ئەمریکا و جیهان، “نەخۆشی، جەنگ، بەدڕەوشتی، لە گرنگترین ئەو تەوەرانەن کە سینەمای جیهانیان داگیر کردووە و سینەمای جیهان کاریان لەسەر دەکات و سەرچاوەی ئیلهامبەخشی زۆر لە فیلمەکانیانن، زۆرینەی ئەو درم و پەتایەنای کە پێش پێنج سەدە سەریانهەڵدا بۆنمونە بەدڕەوشتی(سێکس لەدەرەوەی چوارچێوەی خێزان) لە جیهاندا پیادەکرا و یەکێکە لە سەرهکیترین هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشی ” ئایدز ” کە لەسەرانسەری جیهاندا بڵاوبویەوە و ئەگەرچی کەرتی تەندروستش نەیتوانی بەسەر ئەم پەتایەدا سەربکەوێت و سینەمای جیهانیش ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەم شکستە کردووە، هەروەها پەتای “تاعوون” کە بووە هۆی گیان کێشانی نزیکەی نیوەی دانیشتوانی سەرزەوی هەرلە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە تا هەنوکە “17، سینەما (سینەماکاران) پێیانوایە کە ئاماژە کردن بە پەتاکان لە فیلمدا هۆشداری دەدات بە کەمی بەرگری جەستە لەو پەتایە و هەروەها ئەو پەتایانەیشی کە هەڕەشەن بۆ سەر مرۆڤ، واتە فیلم بەژدارە لە هۆشیارکردنەوەی مرۆڤایەتی لە نەبوونی بەرگری جەستەیی دژ بەو پەتایانە.
چوار؛ نمونەیەک لە فیلمی تایبەت بە پەتا و ترسسازی.
یەکەم؛ پەتا خەیاڵییەکان:- لەگەڵ ئەوەی سینەمای ئەمریکی دەگیرە بە گوزارشت کردن لە پەتا ڕاستەقینەکان لەلایەکی دیکەشەوە دەستوپەنجە لەتەک پەتا خەیاڵییەکاندا نەرم دەکات کە بەحساب هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکەن، جا ئەم پەتایانە لەسەرچاوەیەکی نازانرا و ناموئلوفەوە سەرچاوەیان گرتبێت یاخود لە دەستکردن و هەوڵن بۆ گۆڕینی جینی بۆماوەیی مرۆڤ، بۆ نمونە وەکو فیلمی (من ئەفسانەم – I Am Legend) کە ئەکتەری ئەمریکی “وێڵ سمس” ڕۆڵی سەرەکی تێدا بینیوە و لە دەرهێنانی دەرهێنەری ئەمریکی “فرانسیس لاورێنس” کە لە ساڵی (2007)دا بڵاوبوویەوە، تێچوی ئەم فیلمە (159) ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام (585) ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە (ئەم داهاتە خایاڵییەوە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە ئەم چەشنە فیلمانە خواستێکی زۆرییان لەسەر لە جیهاندا)، چیرۆکی فیلمەکە باس لە پاڵەوانێکی “ئەمریکی لە خاکی ئەمریکا” دەکات کە بەتەنها ڕووبەڕووی پەتایەکی گەورە بووەتەوە و هەوڵ بۆ دۆزینەوەی دژە پەتاکە دەدات بۆ چارەسەر کردنی مرۆڤایەتی لە پەتایەکی نامۆی کوشندە کە مرۆڤ دەگۆرێتە سەر بوونەوەرێکی دڕندە، تا کۆتایی فیلمەکە ئەم پاڵەوانە بەدوای چارەسەرێکدا دەگەرێت، سەرنج بدەین دەبینی ئەم فیلمە لە قاڵبی درامی هەست وسۆزدا داڕێژراوە “کە پاڵەوانی فیلمەکە هاوسەرەکەی گۆڕاوە بۆ دڕەندەیەک و بەدوای چارەسەرکردنیدا دەگەڕێت”، بینەر بەدرێژایی فیلمەکە بەر ژانری سەرکێشی دەکەوێت کە ئەمەیش ئەوەیە کە سینەمای ئەمریکی هەمیشە ئاوڕی لێداوەتەوە. “گێڕەڕەوە بە باڵی خەیاڵ ڕوداوەکان دەگێڕێتەوە، واتە لە گواستنەوەی واقیعدا پەتی خەیاڵ شل دەکات و لەم نێوەندەشدا خەیاڵ فەزای هونەری و جوانیناسی دەئافرێنێت و هاوکار دەبێت لە دەستەبەرکردنی کاریگەری دەرەکی و زۆرجاریش بەژدارە له بەرەوپێشبردنی خێرای ڕووداوی ئەو چیرۆکانەی کە لەسەر شاشەکان دەگوازرێنەوە و هەروەها ئاستی کارلێکی بینەر لەگەڵیاندا زیاد دەکات “18، بەتایبەتی چیرۆکی پێشکەش کراو لەمیانەی فیلمەوە ڕێکخراوی یەک لەدوای یەکی ناواخن پەیامدار گوزارشتی لێدەکرێت “لەبەرئەوەی فیلم بریتییە لە بەدوایەکهاتنی وێنە واتە هێڵێکی زنجیرەیی لۆجیکی ڕەگەزەکانی فیلم و هاوکات لە خودی خۆیدا پەیامێکی گشتییە و پێشنیازی خوێندنەوەیەکی فراوان دەکات، وەکو چۆن وێنەی فیلم ئەوەی کە دیارە ئەوە لەخۆدەگرێت (ناوەڕۆکەکەی لە ڕێگای ئەوەی کە دیارە(وێنە) بەیان دەکات)”19.
ئەم وێنە فیلمییانە لە هەمان بەستێن(سیاق)دا کار دەکەن کە ئەویش دروستکردنی وەهمێکی واقیعییە بە سازکردنی “دوژمن” یاخود هەبوونی “مەترسی” یەک کە پەیدا دەبێت و لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە تەنانەت ئەم مەترسییە خایاڵیش بێت، لەبەرئەوە چیرۆکی پێشکەش کراوی بینراو لە خودی خۆیدا گوزارشت لە زۆر قۆناغی ژیانی مرۆیی دەکات کە تێیدا تاک خۆی تێدا دەبینێتەوه و خۆی لە شێوەی پاڵەوانەکەیدا بەرجەستە دەکات و بە چەشنێکی هەست و سۆزەکی کارلێک لەگەڵ ئەو ڕوداوانەدا دەکات کە فیلمنامە(سیناریۆ)کە دایڕشتوە و لەمیانەی ئەو ئاماژە سیمۆلۆژییانەی کە زمانی سینەما گوزارشتی لێدەکات بەکارهێنراون، “فیلم مانا بەرهەمدەهێنێت هاوڕێ لەگەڵ کە خودی سینەما بەرهەمی کولتوورە و ڕەنگەدانەوەی ڕەوت و مەیل و ئینتیمای گرۆ(گرووپ)یەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراوە و هەروەها فیلم بەرهەمێکی کۆمکاریی(دەستەجەمعیی)، فیلم بە تەنها مانا بەرهەمناهێنێت بەڵکو بەرهەمێکی کولتوورییە و لەلایەن گرووپێکی یەکگرتووەوە دروست دەکرێت کە ئەم گرۆوەش ستراتیژییەتی تایبەت بەخۆی هەیە لە پەیوەندیدا بە ژینەگە و جەوەر و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا “20، ئەمە بەو واتایە دێت کە هەتا ئەم گرۆیە فراوانتر بێت ئەوا بڵاوبوونەوەی کاریگەرییەکە فراوانتر لەسەر جەماوەر دەبێت، لەو فیلمانەی کە تایبەتن بە “پەتا” لێرەدا بینەر کراوتە ئامانج، ئەو بینەرەش بریتییە لە جەماوەری ناوخۆی ئەمریکا و ڕوانەرانی سەرانسەری دونیا، واتە “هەر پەتایەک تەشەنەی کرد تەنها لە ڕێگای ئەو چارەسەرانەی کە بەگوێرەی فیلمەکە خراوەتەڕوو جڵەو(کۆنتڕۆڵ) دەکرێت، ئەمە ئەو گەڵاڵەیەیە کە لە فیلمی (World War Z)دا بینیمان کە بۆیەکەمجار لە ساڵی (2013)دا نمایشکرا و لەلایەن هەریەکە لە کۆمپانیای (Paramount Pictures) و کۆمپانیای (Skydance Media)ی ئەمرکییەوە بەرهەمهێنرا، فیلمێکی سەرنجڕاکێشە و باسی بەرکەوتنی جیهان دەکات بە پەتایەکی کوشندە کە مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ دڕەندەیەک یاخود ئەوەی پێیدەڵێن “زۆمبی”، پاڵەوانی فیلمەکە ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ناوداری ئەمریکی “پرات پیت” لە ڕۆڵی “جیری لەین” ڕۆڵی پاڵەوانێک دەگێڕێت کە هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پەتاکە دەدات لە گشت ناوچەکانی جیهاندا (لە فیلمە پەتاییەکاندا سنوری جوگرافی بوونی نییە، لەم فیلماندا بۆمان دەردەکەوێت کە جیهان چاوەڕوانی چارەسەرێکی ئەمریکی(چارەسەری ئەمریکا) دەکەن لەبەرئەوە سنوور و بەربەستەکان لەپێش دەم پاڵەوانە سەرسۆڕهێنەرەکانی ئەم فیلمانەدا دەکرێنەوە).
شاکەراکتەری فیلمەکە لیکۆڵینەوە لە سەرچاوەی ئەو توشبوونە دەکات کە جیهانی گرتوەتەوە و دۆزینەوەی مەتەڵی پەتاکە کە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆی، چیرۆکی ئەم فیلمە بە چەشنێکی درامی سۆزداری داڕێژراوە کە پەڵەوانی ناچار کردەوە بەدوای پەناگەیەکی ڕزگاریدا بگەڕێت بۆ مانەوەی خێزانە بچوکەکەی، بەدرێژایی دیمەکانی ئەم فیلمە بەر سەرکێشی دەکەوین و هەرخودی لە فیلمەکە ژانری (ترسناک – سەرکێشیی)ە، دەرهێنەر توانیویەتی فیلمێکی سەرکەوتوانەی تەژی لە پەیامی بەهێز و ئاماژە کردن بەم دوژمنە پەتاییەی کە هەڕەشە لە جیهان دەکات نەوەک ئەمریکا دروست بکات، هەڵبەتە لێرەدا ڕەهەندێکی جیهانی دەدرێت بە پەتاکە و جەماوەریش کراوەتە ئامانج، هاوکات بۆ چیرۆکی فیلمەکە و چارەسەرەکەیش کە دواتر پاڵەوانێکی ئەمریکییە پێشکەش ئامانجی ژێرەوانێکی ئەم فیلمەیە کە ئەمەش عەقیدە و دۆکترینی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە کە دەیەوێت بەهەمو شێوەکانی “هێزی نەرم” هەژموونی خۆی بسەپێنێت کە سینەما یەکێکە لەو هێزانە.
دوەم؛ پەتای ئیبۆلا:- پیشەسازی ترس و تۆقینی جیهانی وابەستەیە بەو ڕووداوانەی کە بە پلەی یەکەم دەتوانن هەڕەشە لە خودی مرۆڤ بکەن و بەتایبەتی هەڕەشەی درم و پەتاکان، پەتاکان لەڕیزی ئەو مەترسییانەن کە مرۆڤ لە لیستی مەترسییەکاندا پۆلێنی کردووە، بەتایبەتی ئەو پەتایانەی کە هیچ چارەسەر و پێکوتەیەکیان نییە، بۆنمونە لە فیلمە پەتاییەکاندا هیچ دەقێکی ڕاشکاوانە نییە کە بانگهێشتی ترس و تۆقین بکات بەڵکو بەر دیمەنی (مردن، بڵاوبوونەوەی پەتا، نەبوونی پێکوتەی کاریگەر) دەکەوین، هاوڕێ لەگەڵ ئەو کاریگەرییە جۆربەجۆرانەی کە پشتی پێدەبەسترێت و وا لە بینەر دەکات هەست بە ترس و بیم بکات ئەگەر ترسەکە ترسێکی کاتی و زووگوزەریش بێت، هەمو ئەم ئاماژە بەهێزانە ئەگەری گەیشتنی چیرۆکەکە بەم ئاستە دەردەخەن، بەتایبەتی ئەگەر فیلمەکە داتایەکی ڕاستەقینە بخاتەڕوو (جا پەیوەندی بە شوێنی جوگرافییەوە بێت یاخود داتای دیموگرافی بێت)، هەروەها دەتوانێت ڕێژەی بەرزبوونەوەی بینەر بۆ ئەم چەشنە فیلمانە ڕوون بکاتەوە بۆنمونە پاش دەرکەوتنی پەتای کۆرۆنا بۆنمونە لە فیلمی (Contagion) لە دەرهێنانی (ستیڤن سودێربێڕگ – Steven Soderbergh) کە لە ساڵی (2011) لە چەند پلاتفۆڕمێکی دیجیتاڵیدا نمایشکرا، چیرۆکی فیلمەکە باس لە پەتایەک دەکات کە لە “چین”ەوە سەریهەڵداوە و بەجیهاندا بڵاوبوەتەوە “ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە هاوکات ئاماژەش بە بوونی هاودژی(پارادۆکس)ێک دەکات لەلای بینەر (واتە ڕووداوە ڕاستەقینەکە جیاوازە لە پیشاندانی ڕووداوەکە لەسەر پەردەی سینەما)، بە دەربڕینێکی تر کاتێک ڕوانەر بەراوردی نێوان هەقیقەتی بابەتییانەی ڕووداوەکە بە چیرۆکی فیلمەکە دەکات هاودژییەکی بۆ دەردەکەوێت، بۆنمونە هەقیقەتی پەتاکانی (ئیبۆلا، زیکا، تاعوون، مەلاریا) لە هەرامەی کەتوار(امر واقع) هاودژە لەگەڵ ئەوەی لە سینەمادا باس دەکرێت، لەبەرئەوە فیلمە سەرکەوتوە خایاڵییەکان پشت بە فیلمنامە و سەرچاوەی زانستی دەبەستن.
بەڵام بە تەرزێکی فەنتازی پێشکەشی دەکات “21، بۆنمونە لەڕێگای فیلمێکی وەکو (Outbreak)ەوە ئەم جیهانبینییە گوزارشتی لێکراوە، فیلمەکە لە ساڵی (1995)دا بڵاوبوویەوە و ناوەڕۆکەکەی باس لە گواستنەوەی پەتای “ئیبۆلا” دەکات لە ڕێگای گواستنەوەی مەیمونێکەوە لە “کۆنگۆی دیموکرات”ەوە بۆ “ئەمریکا”، ئەم مەیمونە هەڵگری پەتای ناوبراوە و تێکڕای خەڵکی شاری کالیفۆرنیا تووش دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش سەرهەنگ(عەقید)ێکی سەربازی ئەمریکا بۆ دۆزینەوەی پێکوتە شان دەخاتە ژێر ئەم بەرپرسیارێتییەوە، بوونی ئەم پلەدارە لە بە نهێنی پۆلێن کراوە لەلایەن چەند کەسانێکی سەرکردایەتی باڵاوە (پاڵەوانەکە سەرهەنگە لە سوپای ئەمریکا، سەرنجبدەین: تێبینی ئەوە دەکەین هەمیشە چارەسەرەکان لەلایەن پاڵەوانێکی باشەوە دەخرێنەڕوو، کە ڕەنگە لەنێو بەرزترین ئاستی دەسەڵاتدا گرژێ(تەحەدا)ی گەندەڵی بکات، بە چەشنێک لەکۆتاییدا هەمیشە چاکە بەدەستی ئەو بەدیدێت) ئەم فیلمە پشتی بە دروست کردنی ترس لە ڕێگای فەنتازییاوە بەستووە، لە ساڵەکانی نەوەتدا بۆ ڕای گشتی ئەم ترسەکە لەلایەن پەتای “ئیبۆلا”وە خۆراکی پێدراوە، لەم چەشنە فیلمە ئەمریکییانەدا تەرکیز کردنە سەر بنەما دراماتیکییەکەی چیرۆکەکە و هەروەها پاڵەوانە ئەمرکییەکە کە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێک دەدات بۆ ڕزگارکردنی جیهان لە گشت مەترسییەک بەدیدەکرێت، ئەمە سەرەڕای سازکرنی ترس و دڵەڕاوکێ لە هەمبەر دوژمنە ڕاستەقینە و خەیاڵییەکان کە زیادەڕەوییەکی زۆریان تێدا دەکرێت جا ئەو زیادەڕەوییە لە ژمارەی قوربانییان بێت یاخود مەترسی پەتاکە، هاوکات ئەم فیلمانە وێنەیەک بۆ ئەمریکا و هێز و دەسەڵاتی ئەمریکا لەلایەک و هەژموونی ئەو ئایدیۆلۆژیاییەی هەوڵی بۆ دەدات لەچوارچێوەی پیشەسازییە میدیاییەکان بەگشتی و پیشەسازی سینەما بەتایبەتی لەلایەکی تر دەخاتەڕوو، بۆنمونە ئەو فیلمانەی کە لەسەرەوه ئاماژەم پێکردن مشتێکی بچوکن لە خەرمانی هەمو ئەو فیلمانەی کە گوزارشت لە باڵادەستی هەژموونی ئەمریکا دەکات.
“دەرئەنجام”
سینەما بە سرووشتی خۆی ئامڕازێکی پەیوەندی جەماوەرییە کە چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت کە بەڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی هەستێت، ئەو ڕۆڵەی کە پەیوەستە بە کەیفەمەنی(تەرفیهـ) و پەروەردە و فێرکردن بەجێبهێنێت، لێ بارودۆخی مێژوویی و گەشەی تەکنەلۆژی وای کردووە ببێتە یەکێک لە پڕمەترسترین ئامڕازەکانی “هێزی نەرم”، ئێستا سینەما مێژوو دەنوسێتەوە و نەخشەی ئایندە دەکێشێت و ئەو ڕووداوانە دەگێڕێتەوە کە دەرهێنەر و فیلمنامەنووس و کۆمپانیا گەوەرەکانی بەرهەمهێنان مەبەستیانە بێگێڕێتەوە، کە بەوپێیەی پلانەکانیان بە پلە یەک بەگوێرەی ئەو ستراتیژییە سیاسییانە دادەڕێژن کە ئامانجی هەژموون و خستنەڕووی دۆکترین و ئایدیۆلۆژیای ئەمریکییە بەتایبەتی، هاوکات بە نیگاکردن لە بابەت و تەوەرەکانی سینەمای ئەمریکی بۆ نمونە بابەتی درم و پەتاکان، ئەو گرنگییە دەردەکەوێت کە سینەمای هۆڵیوود دەیدات بەم بابەتانە، واتە دەستوپەنجە نەرمکردن لەتەک پەتا و نەخۆشییە جۆربەجۆرەکاندا کە مرۆڤایەتی ناسیونی و ئەزموونی کردوون، هەروەها بەوپەڕی بوێریی و خەیاڵەوە دەستوپەنجەی لەتەک پەتا خەیاڵییەکاندا نەرم کردووە بۆنمونە وەکو ئەو پەتایانەی کە مرۆڤ دەگۆرێتە بۆ دڕەندەیەکی کوشندە(زۆمبی).
هەر لەهەمان چیوەشدا سینەما دۆخێکی ترس و بیم ساز دەکات ئەویش بە بەکارهێنانی مێتۆدی زیادەڕەویی(موبالەغە) کردن لە وەسفی ڕووداوەکە، هەروەها سینەما دیدێکی جیگێری بۆ پاڵەوانە نەبەزیوە ئەمریکییەکە دەخاتە بەر دیدی ڕوانەر و پاڵەوانەکە هەر بەتەنها و بەبێ کۆمەکی هیچ کەسێک چارەسەر و چارەسەرەکان دەدۆزێتەوە و جیهان و مرۆڤایەتی ڕزگار دەکات. ئەم ساوێر(وەهم)انە بە تەرزێک برەوییان پێدراوە کە ئەو وەرگرەی کە شوێنی سینەمای ئەمریکی کەوتووە کۆت و بەند بکات و ترسی تێدا بچێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش بودجەی زەبەلاح و توانای خەیاڵی ماددی و مرۆیی بۆ تەرخان دەکرێت، کە ئەویش پشت ئەستوورە بە ئامادەگی باوەڕپێکراوترین پاڵەوانەکان و ئەستێرە ناودارەکان لەم فیلمەکەدا کە ئایدیۆلۆژیایەکی شاراوە پێشکەش دەکەن کە هەتا ئێستاکێش وەکو خزمەت کردنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا حساب کراوە. پێشەسازی سینەما پیشەسازییەکی پڕبایەخە کە لە سەرانسەری جیهاندا داهاتێکی خەیاڵی کۆدەکاتەوە لەبەرامبەردا حەسانەوە و خەون و ئایدیۆلۆژیا دابین دەکات، هاوڕێ لەگەڵ بەدیهێنانی ئامانجە ئایدیۆلۆژییەکانی بیری ئەمریکی کە لەسەر تێزەی ” گەورەیی ئەمریکا ” ڕاوەستاوە. دۆخی ترس و تۆقینی جیهانی لە پەتای کۆرۆنا، بە شێوەیەکی بنچینەیی لە ڕێگای میدیا و پیشەسازییە میدیاییەکانەوە سەرچاوەیان گرت کە بە چەشنێکی ناژیربێژانە تەرکیزییان کردە سەر مەترسی پەتاکە و بڵاوبوونەوەی و زیانەکانی. سینەما تەنها پاڵمان پێوە نانێت بۆ بیرکردنەوە وەکو ئەوەی “ژیل دۆڵۆز” جەختی لێکردووە “وەکو ئەوەی سینەما بە ئامڕازێکی بیرکردنەوە پێناسە دەکات و دەڵێت: توانای بیرکردنەوەمان پێدەبەخشێت وەکو چۆن جۆرێکە لە هێدمە لە ئاست بیرکردنەوە، لەبەرئەوە لەرەلەرە تایبەتییەکان بۆ کۆئەندامی دەمار دەگوازێتەوە و وەکو ئەوەی بەخۆم بڵێم ئەمە “وێنە – جووڵە”یە، هەرگیز ناتوانن لەم هێدمەیە ڕزگاتان ببێت و خوتانی لێبدزنەوە کە بیرمەندە خەوتووەکەی ناوخۆت بەئاگا دەهێنێتەوە “22، بەڵکو بەهۆی هێزی ئەو وێنەیەی کە لە مێشکی وەرگر چاپ بووە، وەرگر ئامادەیی هەڵوێست وەرگرتنی تێدا دەبزوێت لە هەمبەر گشت ئەو ترس مرۆییانەی کە مرۆڤ لێی دەترسێت و باوەڕ بە هەمو ئەو هیوا و ئاسایشەش دەکات دەکات کە لە نیهانیدا دەچێنرێت، جا ئەگەر ئەم هیوا و ئاسایشە لە ڕێگای پەردەکانی سینەماشەوە بێت.
سەرچاوە؛
٭ مجلة آفاق السينما سنة (2021) ص (328 – 345) .
سەرچاوەکان:
۱. العماري الصديق، سيوسلوجيا السينما: الصورة و المجتمع، مجلة سينفيليا، العدد ۱۹ سنة ۲۰۱۹، المغرب ص ۱٦ .
۲. عبدالرحمن عزي، تجليات الخوف في الصحافة بناء الخوف وانكسار البنية القيمية في الصحافة العربية، مجلة المعيار، العدد ۱۲، ۲۰۱٦، الجزائر ص ۱٦٤ .
۳. وسام فاضل راضي، السينما الامريكية و الهيمنة الاسياسية و الاعلامية و الثقافية، دار العربي للنشر و التوزيع، الطبعة الاولی ۲۰۱۱، مصر ص ۳۸ .
٤. المرجع السابق ص ٤۱ .
٥. ملكة بوخاري، السينما كفاعل استراتيجي لبناء ذاكرة عالمية بيهودية القدس: السينما الامريكية نموذجا، بن هور / الحرب العالمية زاد، كتاب مشترك بعنوان: القدس قراءات الماضي و الحاضر، طبعة الاولی ۲۰۱۹ برلين – المانيا، ص ۱۲۹ .
٦. عبدالرحمن عزي، ص ۱٦٤ .
۷. باية يووزة، سيكولوجية الاتصال الاقناعي، تشيكو للطباعة و النشر، الجزائر، ۲۰۱٥، ص ۱۲۸ .
٨. موقع ٲرقام: هوليوود .. عندما تتحول السينما الی صناعة تدر ذهبا لامريكا: تاريخ ۲٥ – ۳ – ۲۰۱۸
۲۰ – ۱ – ۲۰۱۹
https.//www.argaam.com/ar/article/articledetail/id/536724 .
۹. الزهرة تيغرة، توسيع مشروع الهيمنة الامريكية بعد احداث ۱۱ سبتمبر ۲۰۰۱، مجلة الجزائرية للعلوم و الاجتماع و الانسانية، العدد ٦، ۲۰۱٦، الجزائر، ص ۱۳۷ .
۱۰. جريدة الشرق الاوسط، هوليوود … الاقتصاد الناعم الذي لا يستهان به، تاريخ النشر: ٥ ٲفريل ۲۰۱۸، تاريخ الاطلاع ۱۲- ۱ – ۲۰۱۹
https.//aawsat.com/home/ article/1227566 .
۱۱. BRIGITTE gauthier, Histoire du cinéma américain, hachette, France 2006 .
۱۲. عبدالق زغدار، سامية حجاز، دور الصناعة السينمائية في رسم معالم الصورة السلبية الاسلام، مجلة المقدمة، العدد الاول، الجزائر، ۲۰۱٦، ص ٤۷ .
۱۳. البيان، الٲوبنة و الٲمراض بين سينما الحملات و المخاوف، ۱٥ – ۸ – ۲۰۰۹، تاريخ الاطلاع: ۸ – ٤ – ۲۰۲۰
https.//www.albayan.ae/five – senses/2009 – 08 – 15 – 1.465492: 2020 – 04 – 08 .
۱٤. BRIGITTE gauthier, p 101 .
۱٥. سعاد ساكر، السينما و الحرب: الوجه الاخر للسينما، مجلة الجزائرية للدراسات السينمائية، المدرسة العليا للعلوم الانسانية، الجزائر، العدد ۱، ص ۹۲ .
۱٦. BRIGITTE gauthier, p 109 .
۱۷. البيان، الٲوبنة و الٲمراض بين سينما الحملات و المخاوف، ۱٥ – ۸ – ۲۰۰۹، تاريخ الاطلاع: ۸ – ٤ – ۲۰۲۰
https.//www.albayan.ae/five – senses/2009 – 08 – 15 – 1.465492: 2020 – 04 – 08 .
۱٨. قيس قاسم، الجزيرة سينما، السينما الاوبنة … توثيق الحروب الانسانية الازلية مع الفيروسات ۱۱ – ۷ – ۲۰۲۰، الاطلاع ۱۲ – ۱۰ – ۲۰۲۰
https.//doc.aljazeera.net/cinema .
۱۹. Pierre SOELIN, sociologie du cinéma, AUBIER MONTAIGNE, France 1997 p 172 .
۲۰. الصديق الصادقي العماري، سيوسلوجيا السينما: الصورة و المجتمع، مجلة سينفيليا، العدد ۱۹ سنة ۲۰۱۹، المغرب ص ۱٦ .
۲۱. Culture: quand les virus mortels fascinent Hollywood: 21 – 10 – 2014
https://www.france24.com/fr/20141020 – ebola – hollywood – ridly – scott – hot – zone – virus – contagion – zombies – cinema – us .
۲۲. بن عزوزي عبدالله، الفلسفة و السينما بين التركيب الواقع و مقاربة الفوضی الحقيقة، مجلة آفاق السينما، العدد الخامس، الجزائر، ۲۰۱۸، ص ۷٥ .
نوسینی: بوخاری مەلیکە
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد