لەگەڵ خێزانێکی خۆشبەخت و خۆشەویست بەرەو کهلار دەشت دەچووین، ئاسوودەیی ئەو خێزانە زۆر سەرنجی ڕاکێشام! کاتێک گەیشتینە کهلاردەشت، لەسەر مێزی نانی نیوەڕۆ، پرسیارم لە ژنەکە کرد: خاتوون تۆ پیاوەکەت زۆر خۆش دەوێت و دیارە کە عاشقی ئەویت! وتی: بەڵێ، زۆرم خۆش دەوێت و ڕێزی زۆرە. وتم: “ئەتوانم بپرسم پیاوەکەت چ تایبەتمەندییەکی هەیە کە هێندە خۆشت دەوێ و دڵخۆشیت لەگەڵی؟ کەمێک بیری کردەوە، مێرەدەکەی لەو کاتە لەوێ نەبوو. وتی: پیاوێکی چاکە و زۆر لێی ڕازیم. وتم: دەمەوێت بە ڕوونی بزانم چی دەکات کەوا هێندە خۆش دەوێت؟ دوای کەمێک بیرکردنەوە، زانی مەبەستم چییە و وتی: گەورەترین تایبەتمەندی مێردەکەم کە زۆر سەرنجی ڕاکێشاوم و خۆشم دەوێت، ئەوەیە کە پیاوێکی “ئەقڵانی”یە. وەڵامەکەی بۆ من زۆر سەرنج ڕاکێش بوو! وتم: دەتوانیت پێم بڵێیت پیاوی ئەقڵانی چۆنە؟ وتی: گوێم لێ دەگرێت! بۆیە زۆر خۆشم دەوێت و دڵخۆشم لەگەڵی. وتم: باشە، ئەوە پێناسەی “ئەقڵانی” نییە! چونکە گوێی لێ دەگرت، نازناوی “ئەقڵانی” دابووە مێردەکەی.
مەبەستم لە خستنەەڕووی ئەم بابەتە بۆ ئەوەیە، لە کاتی هەڵبژاردنی هاوسەر؛ سەرەتا بۆ خۆمانی ڕوون بکەینەوە کە هاوسەری نموونەیی من چۆنە؟ تایبەتمەندیەکان چین؟ چونکە ئەگەر بە وردی و بە ڕوونی نەزانم چۆنە، چۆن پێی دەگەم؟ کەسێک کە نازانێت بۆ کوێ بڕوات، سەرلێشێواوە. بۆ نموونە، کەسێک دەڵێت من لە هاوسەرەکەم ڕازی نیم. دەبێت لێ بپرسین؟ کەی ڕازی دەبیت؟ باشترە کە بینووسین هاوسەری نموونەیی من ئەم جۆرە تایبەتمەندیانەی هەیە. کەسێک بۆ ڕاوێژ هاتبووە لام و گلەیی لە هاوژینەکەی دەکرد ئازارم دەدات، ژیانمان زۆر تاڵە و…هتد، بەردەوام بوو لە سکاڵاکردن. پێم وت دەتوانم تکایەکت لێ بکەم؟ بەڵێن بێ هاوسەرەکەت ببێت بەو کەسەی تۆ دەتەوێت، وتی: شتی وا دەبێت؟ وتم: بەڵێ، وەرەقەیەک بێنە و تایبەتمەندییەکانی هاوسەری نموونەیی خۆت بنووسە. ئەگەر زانیت چیت دەوێت، من بۆت ئامادە دەکەم.
ئێمە بەگشتی هاودژی هەیە لە نێوان داواکاریەکانمان، لە لایەک دەمانەوێت هاوسەرەکەمان وەک فڵانەکەس مەزن بێت، وەک مناڵی پێغەمبەر بێتاوان بێت، لەلایەکی تر وەک دایکمان چێشتی باش بێت، لە لایەکی دی وەک فڵان ئەکتەر چاوباشقڵ و نازکەر بێت، وەک فڵان ناودار زانا و بیرمەند بیت، لە لایەکی تر وەک خۆشەویستەکەی سەردەمی گەنجێتیمان بێت، واتە ژمارەی داواکاریانیەکانمان، یەکەم زۆر و هەمەجۆرن، دووەم لەگەڵ یەک ناکۆکن! ئەگەر ئەم دواکارییە بنووسین، دەبینین پاکێجێکە و ئەگەر بیشیدەین بە خودا، جێبەجێی ناکات، چونکە هیچ بوونەوەرێکی وا بوونی نییە و نەبووە و نابێت. هەموو شتێکمان دەوێت جگە لەوەی کە هەیە.
ئافرەتێک لە ژیانی هاوژینی چاوەڕێی چی لە مێردەکەی دەکات؟ لە غەریزەی ژندا هەندێک داوای بنچینەیی هەن، لە هەر بارودۆخێکدا وەک پێشمەرج لە مێردەکەی دەخوازێت. من بە ئەزموونی ژیانی خۆم، بەم ئەنجامە گەیشتووم کە گەورەترین نیازی ژن لە ژیانی هاوسەرگیری، ئەم خاڵە سادەیە: “دروستکردنی ئاسایش لە ژیاندا”. یەکەم شت کە زۆر گرنگە بۆ خاتوونێک، ئەوەیە دڵنیابێت لەوەی کە پیاوەکەی کاپتنێکی بەتوانایە، دەتوانێت کەشتیی خێزانەکەیان بگەیەنێتە دوورگەی بەهەشتی بەختەوەری. چونکە ژن دەیەوێت ببێت بە دایک، منداڵی ببێت و تەنیا لە ئاسایشدا دەتوانێت منداڵەکەی گەورە بکات. واتە خواردنی دابین بێت، کەس بێزاری نەکات و سۆز و سەرنجی مێردەکەی وەربگرێت. ئەمانە سەرەتاییترین و سادەترین پێداویستییەکانی ژنن، تەنانەت مێینەی گۆریلاکانیش بەمجۆرەن. ئەرکی پیاو ئەوەیە پارێزگاری لەو کیانە بکات، بۆ ئەوەی ژنەکەی منداڵەکەی بەجوانی بەخێو بکات. ئێستا وەک مرۆڤی شارستانی و شارنشین، ژنانیش کار دەکەن، بارودۆخ گۆڕاوە. بەڵام لە کۆتاییدا ئێمە غەریزەمان هەیە و دەبێت ڕێزیان لێ بگرین.
گرنگترین نیازی سەرەکی ژن لە مێردەکەی، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەوەیە: مێردەکەی دڵنیای بکاتەوە لەوەی کە ئاسایشی ژیانی پارێزراوە. ڕۆژێک نەڵێ پارەمان هەیە و ڕۆژێک بڵێت نییە. پێشنیار دەکەم بۆ ئەوانەی کە داهاتەکانیان ناجێگیرە؛ هەمیشە بڕێکی دیاریکراو بۆ ماڵەوە تەرخان بکەن و خەرجیی ماڵەوە تێکەڵی بیزنس مەکەن! ئەم بەردەوامی و دڵنیابوونەی ئابووری، ئاسایش و دڵنیایی بە ژن دەدات. ژنان نیگەرانن لەوەی پیاوەکانیان زۆر ڕیسک بە پارەکانیانەوە بکەن و مافی خۆیشیانە. خاڵێکی تر کە بۆ ژن زۆر گرنگە، ئەوەیە کە پیاوەکەی سرووشتێکی باشی هەبێت. حەز دەکەن کێشە و ناکۆکییەکان بەبێ شەڕ و هەڕەشەی جیابوونەوە، چارەسەر بکرێت. هاوسەرەکەمان، هاوبەشی ژیانمانە. ناتوانین بە سادەیی بڵێین بڕۆ دەرەوە، ئەوە دروست نییه. گرێبەستەکەمان بۆ هەموو ژیانمانە. من ناتوانم لەنیوەی ڕێگا دەرگای سەیارەکەم بکەمەوە و بڵێم بڕۆ دەرەوە. تەنانەت نابێ بە گاڵتەوە ئەوە بڵێم. چونکە هەستی نائارامی دروست دەکات.
بەتایبەتی بۆ ژن “ئاسایش بەرامبەرە بە ئایندە” بە گرنگترین کێشەی خۆی دەزانێت و تەنیا لە سێبەری ئەو ئاسایش و سۆزدارییەدایە دەتوانێت گەشە بە کەسایەتی بدات و منداڵانێکی باشتر پەروەردە بکات. جیا لەوەی ژن لە چ کار و پلەیەکی کۆمەڵایەتیدایە، وەک ڕەگەزی مێ پێویستیی تایبەت بە خۆی هەیە، لە فیزیۆلۆجیدا بە “secondary sexual characteristic ـ خەسڵەتی سێکسی لاوەکی” ناو دەبرێت: یەکێک لەو خاسیەتانە “پشتگیری خواستن”ە. ئافرەت ئەگەر ملیاردێریش بێت، حەز دەکات پیاوەکەی پشتگیریی بکات، خۆشی بوێت و هەڕەشەی لێ نەکات. کاکی بەڕێز ئەگەر دەخوازیت بەختەوەر بیت، کە تووڕە بوویت، هەڕەشەی تەڵاق و جیابوونەوە مەکەن! زۆر زیانبەخشە، ئەنجامی نەرێنیی هێندە زۆره، پێویستیی بە چەندین کاتژمێرە قسەی لەسەر بکرێت: منداڵانی ڕقاویی و تووڕە، ئەو خەرجیانەی کە دەبێت بیدەیت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو قسانەت، هەم لەڕووی مادی و هەم لەڕووی دەروونییەوە، هێندە زۆرە لە ڕادە بەدەرن. لەسەر ئاستی گشتیش کۆمەڵگە هەڵدەوەشێنێت.
لە قسەکانی ئەفڵاتوندا: “دڵڕەقی دەگەڕێتەوە بۆ ستەمکار”. ئەگەر ئێمەی پیاو بە ڕێگەی هێز کێشەکان یەکلایی بکەینەوە، ژنەکانمان ئازار بدەین، هەراسانیان بکەین و بیانڕەنجێنین، دەبێت دڵنیابین باجەکەی دەدەین. سەیری ئەو کۆمەڵگایانە بکەن کە بێ ڕێزی و سووکایەتی بەژنان دەکەن، کامیان دەتوانێت بڵێت من خۆشبەختم؟ یەکەم مامۆستای سەرەتایی ئێمە کە فێری یەکەم وشەمان دەکات، دایکمانە. ئەگەر ئەم ئافرەتە دڵخۆش بێت و دڵنیا بێت، ئەگەر ئەم ژنە خاوەنی بڕوا بەخۆبوون و ڕێزی خۆی بێت، ئەستەمە منداڵەکەی بەدبەخت بێت، مەحاڵە منداڵەکەی هۆگری مادەهۆشبەرەکان بێت و دز و تاوانبار و دژەکۆمەڵگە دەربچێت. بۆ ئەوەی بەختەوەر بین، لە بەرژەوەندیمانە لەگەڵ ژنان، بەئەدەب و میهرەبانییەوە هەڵسوکەوت بکەین. هەموو پیاوێک بەلایەنی کەم، لەژێر کاریگەریی دوو ژندایە: دایک و خوشک، ژن و کچ. ئەگەر باوکیت، ڕێزی کچەکەت بگرە و خۆشت بوێت. ئەگەر هاوسەریت، ڕێز لە هاوسەرەکەت بگرە و خۆشت بوێت، بۆ ئەوەی ئەویش تۆی خۆش بوێت.
دەڵێن پیاوێک بەنیاز بوو لە ژنەکەی جیاببێتەوە. پرسیاریان لێ کرد: عەیبی ژنەکەت چییە؟ وتی: جارێ هاوسەرمە ناتوانم پێتان بڵێم. کاتێک لێک جیابوونەوە، جارێکی تر لێیان پرسی: هەڵەی هاوسەرەکەت چی بوو؟ گوتی: ئێستا کچی خەڵکە و مافم نییە لە پشتەسەری کچی خەڵکەوە قسە بکەم و بەو شێوەیە بێدەنگ بوو. با ڕێز و کەرامەتی مرۆڤ، بەتایبەتی ژنان بپارێزین، بۆ ئەوەی خۆمان و کۆمەڵگەکەمان دڵخۆش و بەختەوەر بین.
نوسین: مەحموود موعەزەمی
وەگێڕان: شاهۆ لەتیف