له ڕوانگه کلاسیکه‌کانی کۆمه‌ڵناسیدا، کۆمه‌ڵگا وه‌کوو پێکهاتێکی پێکه‌وه‌گرێدراوه و وابه‌سته ناسێنراوه و جه‌مسه‌ره گرنگه‌کانی کۆنترۆڵ و ئیدارهکردنیشی وه‌کوو هه‌ڕه‌مێک دیاری کراون و هێز به مانا کلاسیکییه‌که‌ی ڕۆڵی سه‌ره‌کی و یه‌کلاکه‌ره‌وه ده‌گێڕێت، خودی ئه‌م پێکهاته هه‌ڕه‌مییه نه‌خشێنه‌ری نه‌خشه و بیچمی کۆمه‌ڵگا و هاوکات دیاریکهیی جه‌وهه‌ریی خواستی کۆمه‌ڵگاش واته په‌یوه‌ندی بووه، خواستیی جه‌وهه‌ریی کۆمه‌ڵگا په‌یوه‌ندی و دانوستان له هه‌موو ئاسته‌کانیدا بووه، ئه‌م خواسته ده‌توانین بڵێین بابه‌ت و پێدراوێکی سرووشتی یان غه‌ریزییه و هیچ کۆمه‌ڵگایه‌ک نابینینه‌وه که له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌وه بوونی هه‌بێت، واته کۆمه‌ڵگا به واتای په‌یوه‌ندیی و پێکه‌وه بوون له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا هاتووه و دێت، کۆمه‌ڵگا ته‌نها پێکهاتوو له حه‌شێمه‌ت وه‌کوو ژماره نییه، به‌ڵکوو پیکهاتوو له مرۆڤه‌کانه وه‌کوو کائین و بوونه‌وه‌ری ئاڵۆزه، وه‌کوو ئه‌و خولقێنراوه نه‌ناسراوه‌یه که پڕه له ئاڵۆزیی و ساده‌یی به شێوه‌ی هاوکات.
له‌و کاته‌ی که مرۆڤ وه‌کوو بوونه‌وه‌ر له هه‌ژماری که‌م یان مامناوه‌ندی، یان زۆردا خواستی ده‌سته‌جه‌معی بۆ پێکه‌وه‌بوون تێدا دروست بووه، چه‌ندین بابه‌تی گرنگی په‌یوه‌ست به پاراستن و پێناسه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه هاتوونه‌ته ئاراوه که گرنگترینیان له چه‌ند بابه‌ت و ته‌وه‌ردا کورت ده‌کرێنه‌وه: 1.تابۆ (بڤه‌کان) 2.سنوور3. یاسا.
1.تابۆ یان بڤه یان پارێزکردن؛ به فه‌ره‌نسی Tabouی پێ ده‌وترێت بریتییه له کۆمه‌ڵه ئاکار و هه‌ڵسوکه‌وت، ئاخاوتن یان بابه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌پێی داب و نه‌ریت و ئایین، له کۆمه‌ڵگایه‌کدا په‌سه‌ندنه‌کراو، یاساغ و دزێو و قێزه‌ونه. زیگمۆند فرۆید، ده‌روونناس و بیرمه‌ندی گه‌وره ده‌ڵێت: “تابۆکان کۆنترینی ئه‌و کۆمه‌ڵه یاسایانه‌ی کۆمه‌ڵگا مرۆییه‌کانن و کرده‌وه لۆمهکراوهکان له چوارچیوه‌ی تابۆ و یاساکاندا ئه‌و کرده‌وانه‌ن که مرۆڤ به شێوه‌ی سرووشتی حه‌ز به ئه‌نجامدانیان ده‌کات، به‌ڵام چونکه ئه‌م حه‌ز و خواسته ڕوون و ناوشیاره به‌دواداهاتی نه‌خوازراوی بۆ کۆمه‌ڵگا ده‌بێت، کۆمه‌ڵگا لۆمه و مه‌که‌ی له‌سه‌ر داناوه و به‌زۆری کۆمه‌ڵگاش وه‌کوو کرده‌یه‌کی ئه‌خلاقی قبووڵی کردووه.” بۆ نموونه ناوهێنانی شوێنی ئه‌ندامه سێکسییه‌کان له زۆربه‌ی هه‌ره زۆری کۆمه‌ڵگا مرۆییه‌کاندا شتێکی بڤه و تابۆ بووه، پێم وایه هه‌ر به‌م هۆکاره بووه که له باتی ناوی ڕاسته‌وخۆی ئه‌ندامه سێکسییه‌کان ناوی ئییدیۆمی و میتافۆڕیانهیان بۆ داناون و له مێژه به کاریان هێناون.
له زمانی کوردی ئه‌م بابه‌ته به شێوه‌یه‌کی ئیدیۆمی په‌یوه‌ندی دراوه به ده‌ربڕین و چه‌مکێکی ئه‌خلاقی-کۆمه‌ڵایه‌تی به ناوی “حه‌یا” که له ژێر ناوی شهرهفیشدا به‌کار هاتووه و له درێژ ماوه‌دا له گه‌ڵ کۆمه‌ڵیک چه‌مکی دیکه‌ی هاوسه‌نگ و هاوقه‌باره‌ی خۆی ماهییه‌ت و به‌هاکانی کۆمه‌ڵگای کوردی‌یان دیاری کردووه، نموونه‌یه‌کی دیکه که به تایبه‌تی له بواری هۆنراوه و هه‌ڵبه‌سته کۆنه‌کاندا له ئه‌قڵییه‌ت و زمانی کوردی‌دا به‌رهه‌م هاتووه، هه‌موو ئه‌و ده‌ربڕینه میتافۆریک و ناڕاستهوخۆیانهیه که بۆ ئاماژه به ئه‌ندامه زه‌ق و خرۆشێنه‌ره‌کانی ژن به کار هێنراون هه‌ر له هه‌نار و سێوه‌وه بگره تاکوو به‌ی و قۆخ، له ڕاستیدا کرۆک و ناو‌کی زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگاکان تا پێش له قۆناغی مۆدێرن له ڕێگه‌ی تابۆ و بڤه‌کان واته ئه‌و یاسایانه‌وه دیاری کراون که جه‌بر و ده‌بێتێکی ئه‌خلاقیی پارێزکهرانه له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌هینن و ئه‌گه‌ر که‌سێک به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بجووڵێته‌وه به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان که‌سی لاده‌ر و بڤهشکێن تووشی سزا ده‌بێته‌وه. ئه‌گه‌رچی چه‌مکی تابۆ خۆی یاسا نییه به ته‌واوه‌تی و به مانا مۆدێڕنه‌که‌ی، به‌ڵام ده‌کرێت بڵێین تابۆ، ڕۆح و کۆڵه‌که‌ی یاساکانه، مه‌کینه‌ی دیاریکردنی جه‌مسه‌ر و هه‌موو ئه‌و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌یه که یاسا دواتر به شێوه‌یه‌ک له شیوه‌کان به‌رگری لێ ده‌کات. دواتر دێینه سه‌ر یاسا و دانوستانی یاسا و تابۆ زیاتر شی ده‌که‌مه‌وه.
2.سنوور؛ ئه‌م چه‌مکه دێرینه کۆمه‌ڵایه‌تییه ته‌نها بۆ بابه‌تی به‌رهه‌ست و جوگرافی یان خاک و که‌وشه‌نی نێوان وڵاتان به‌کار ناهێنرێت، به‌ڵکوو له مێژه بۆ دیاریکردنی ڕاده‌ی ئازادی و پارێزی تاکه‌کان له کۆمه‌ڵگایه‌کدا به کار هێنراوه، بۆ دیاریکردنی حدوودی کرده‌وه و جووڵه‌ی کۆی کۆمه‌ڵگایه‌ک دیاری کراوه که بوونه‌وه‌ری ئاڵۆز به ناوی مرۆڤ تێیدا له په‌یوه‌ندی دایه. له زمانی عه‌ره‌بیدا هاوتای سنوور له سه‌رده‌مانی پێشوودا وشه‌ی “حه‌ریم” بووه و به‌پێی ئیتیمۆلۆژیا و ڕه‌چه‌ڵه‌کناسیی وشه حه‌ریم به واتای پنت و خاڵی جیاکه‌ره‌وه‌ی نێوان مرۆڤ و جنۆکه‌کان بووه و هه‌ر جۆره به‌زاندنی حه‌ریم (به واتای پنتی حه‌رام و قه‌ده‌غه کراو) لێکه‌وته‌ی هه‌بووه و له لایه‌ن جنۆکه‌وه ده‌ست له مرۆڤ ده‌کرایه‌وه و ئه‌مه‌ش پێناسه‌یه‌که که مرۆڤ بۆ گرنگیی سنوور و حه‌ریم له نێوان خۆی و بوونه‌وه‌رانی جیا له خۆی دایناوه، بۆیه سنووریش ده‌رخه‌ری جۆره ئیراده و هه‌وڵێکی مرۆڤه بۆ ڕێکخستنی کۆمه‌ڵگا و په‌یوه‌ندییه‌کانی، سنوور جۆره پارێزکردن و خۆپاراستنه له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌کان و دیسان بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که سنووریش ده‌چێته ناو بازنه‌ی هاوکێشه‌ی تابۆ و بڤه‌وه و ئه‌مه ده‌سه‌لمێنێت تابۆ و بڤه‌کان و پارێزکردن یه‌کێک له کۆنترین و سه‌ره‌کیترین کۆڵه‌که‌کانی بونیاتنانی کۆمه‌ڵگایه و کۆمه‌ڵگای له سه‌ر بونیاد نراوه. هه‌رچه‌نده ئه‌م چه‌مکه تایبه‌ته له سه‌رده‌می نوێ و به تایبه‌ت له سه‌رده‌می زاڵبوونی ته‌کنه‌ڵۆجیا و میدیا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به‌شێک کاڵ بووه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتاش ڕۆڵی به‌هێزی خۆی له چوارچێوه‌ی به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا و نۆرمه مرۆییه‌کاندا ده‌گێڕێت. که‌واته ده‌توانین بڵێین به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی کارل مارکس؛ فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندی ئه‌ڵامانی ده‌یگوت هه‌موو شتێک نابێت به بۆکڕوز و دووکه‌ڵ و ناچێته ئاسمانه‌وه به‌تایبه‌ت ئه‌و شتانه‌ی که سفت و سۆڵ و به‌هێز و پته‌ون.
3.یاسا؛ یاساکان له سه‌رده‌می مۆدێڕن‌دا زیاتر زه‌ق بوونه‌وه و بوون به چاوساغی کۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵاته‌کان، بوون به ڕاگری به‌ها و ئارامی کۆمه‌ڵگا و هه‌روه‌ها حوکمڕانی و ده‌سه‌ڵات، بێگومان یاساش هه‌ر وه‌کوو چه‌مکه‌کانی سنوور و تابۆ مێژوویه‌کی دوور و درێژی هه‌یه، مێژوو پێمان ده‌ڵێت یه‌که‌مین یاساکان ده‌قه ئایینییه‌کان بوون، ده(10) فه‌رمانی مووسا که له کێوی سینا هێنایه خواره‌وه و له سه‌ر به‌ردێک و له لایه‌ن خودا نهخشیندرابوون وه‌کوو یه‌کێک له یه‌که‌مین یاساکان هه‌ژمار ده‌کرێت و ئێسته‌ش له لایه‌ن جووه‌کان و ته‌نانه‌ت گاوره‌کان و به‌شیکی زۆر له میتافیزیکناس و لێکۆڵه‌رانی مێژووشه‌وه بۆ ده‌روونناسی و کۆمه‌ڵناسی و مێژووناسی ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ری. یاساکانی سه‌رده‌می کۆن به بابه‌تی موقه‌ده‌س و پیرۆز خهمڵابوون و زیاتر له ژێر ناوی یاسا ئاسمانییه‌کان یان یاسای خوداکان ناسێنراون و لادان له‌م یاسایانه و شکاندنی تابۆ و بڤه‌کان و سنووربه‌زاندنی به‌ها و نۆرمه‌کان سزای خوێنین و تووندی له‌سه‌ر بووه، ده‌کرێت بڵێین له سه‌رده‌می زاڵبوون و ده‌سه‌ڵاتی یاسا ئاسمانییه‌کاندا که‌متر تاوانباران یان تابۆشکێنان و سنووربهزێنان زیندانی ده‌کران یان لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ڕژد و چریان له‌سه‌ر ده‌کرا، ئه‌وه‌ی هه‌بوو سزای تووندوتۆڵ و سه‌ربڕین یان سووتاندن و قوربانیکران له به‌ر قاپی خودا یان خوداکان بووه، به‌ڵام له ڕۆژگاری مۆدێڕن‌دا و پاش شۆڕشی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسه(1789ز) یاسا و یاسادانه‌ر له ئاسمان و پانتایی پیرۆزه‌وه گوزرایه‌وه بۆ سه‌ر زه‌وی و مرۆڤ کرا به سه‌رپشکی دیاریکردنی ماهییه‌تی کرده‌وه و سزاکانی و ئه‌مه‌ش به دیاریکراوی پاش شۆڕشی کۆپه‌رنیکی و، گواستنه‌وه‌ی ناوه‌ندێتی له زه‌مینه‌وه بۆ خۆر و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م ئایدیا گه‌وره و داهێنه‌رانه‌یه بوو که زه‌وی ناوه‌ندی گه‌ردوون نییه، هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ی که له پاش ڕێنیسانس هاتنه ئاراوه له‌م زه‌مینه و سه‌رچاوه‌یه‌وه هه‌ڵقوڵان، پاش ڕینیسانس واته له سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌م به‌م لاوه هه‌م چه‌مکه‌کانی تابۆ و سنوور گۆڕانیان به‌سه‌ردا هات و هه‌م یاسا کۆنه‌کان له سیاقه ئاسمانی و ئهزهلییهکانیانهوه له‌به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شانه‌وه و دووباره داڕێژرانه‌وه، ئه‌م ڕووداوه مه‌زنه مێژووییه کاریگه‌ریی له سه‌ر هه‌موو بواره‌کانی بوون و ژیانی مرۆڤدا کرد و تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامه.
4.پیرۆزایه‌تی؛ پیرۆزبوون و پیرۆزایه‌تی خاڵی پێکگه‌یشتنی ئه‌و سێ جه‌مسه‌ر و چه‌مکه بنه‌ماییه‌ی کۆمه‌ڵگاکانه که له سه‌ره‌وه باسم کرد، واته ئه‌و سێ چه‌مکه سه‌ره‌ڕای جیاوازیی و هێڵی دیاریکراوی نێوانیان و هاوکات هاوبه‌شیی ده‌لاله‌ت و ماناکانیان له ڕێگه‌ی ڕۆحی پیرۆزایه‌تی و جه‌وهه‌ری پیرۆزکردنه‌وه پێکه‌وه گرێ ده‌درێن واته هه‌م تابۆ پیرۆزه، هه‌م سنوور و هه‌میش یاساکان بۆیه شکاندن و به‌زاندن و لادان لێیان ڕووبه‌ڕووی سزا ده‌بێته‌وه، بابه‌تی سزا له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا بوونێکی به‌رده‌وام و جێگیری هه‌بووه و سزاش به‌زۆری په‌یوه‌سته به بابه‌تی پیرۆزه‌وه، لێره‌دایه ده‌بینین هه‌موو ئه‌م چه‌مک و ده‌سته‌واژانه یان هاوبه‌شییه‌کی زۆریان له ده‌لاله‌ت و مانادا هه‌یه یان یه‌ک ڕۆحن له چه‌ندین جه‌سته و فۆرمی جیاوازدا.
ئه‌م هاوکێشه‌یه وه‌کوو تیشکم خسته سه‌ری تا سه‌رده‌می ڕێنیسانس له ئه‌ورووپادا یه‌ک ڕێچکه‌ی پێواوه (به هه‌ندێ جیاوازی به‌پێی قۆناغ و سه‌رده‌می حوکمڕانییه‌کان) به‌ڵام له ڕێنسانس به‌م لاوه و دروستبوونی گۆڕانکاریی به سه‌ر مانای پیرۆزایه‌تی و لێسه‌ندنه‌وه‌ی ناوه‌ندێتی له زه‌مین، وه‌کوو ناوه‌ندی گه‌ردوون (به‌و پێیه‌ی ئایینه کۆنه‌کان باسیان ده‌کرد) و به ته‌وه‌ردانانی مرۆڤ و ئه‌قڵی مرۆڤ وه‌کوو ڕێنیشانده‌ر و تاقه فریادڕه‌س بابه‌تی پیرۆز و هه‌موو چه‌مکه په‌یوه‌سته‌کانی و به تایبه‌تی یاسا و ڕوانگه‌ی یاسادانان گۆڕانی بنه‌ماییان به‌سه‌ردا هات، ئه‌وه‌ی که له زۆرینه‌ی زۆری وڵاتانی ڕۆژئاوا سزای له سێداره‌دان بوونی نییه ئه‌نجامی ئاوه‌ها پرۆسه و ڕووداوێکه و ئه‌وه‌یش که له زۆریک له وڵاته موسوڵمانه‌کان و ڕۆژهه‌ڵات نه‌ک سزای له سێداره‌دان به‌ڵکوو ئیعدامی سه‌ربازی و که‌شی جه‌نگی و ململانێی سیاسی له دادگاکاندا ڕۆڵ ده‌گێڕێت هۆکاره‌که‌ی ئه‌مه‌یه که ئه‌و ڕێنیسانسه که ڕۆژهه‌ڵات سه‌رنه‌که‌وت و جۆره گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی تووندوتۆڵ بۆ به‌ها کۆنه‌کان هه‌بووه و ئه‌م شه‌ڕه‌ی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس و وڵاتانی پشتگیری هه‌ر دوو لا ئه‌نجامی ئاوه‌ها به‌ریه‌ک که‌وتنێکه له بابه‌تی پیرۆز و یاسا، به گشتی ئه‌و شێوازه له جیهانبینیی که ئه‌م دوو ژیاره لێک جودا ده‌کاته‌وه ئه‌و ڕووبه‌ره‌یه که خۆیانیان تێدا ده‌بیننه‌وه یه‌کی له زه‌مین ئه‌وی دی ئاسمان، یه‌کی یاسا ئینسانییه‌کان و ئه‌وی دی یاسا ئاسمانییه‌کان ده‌کات به مه‌رجه‌عی کرده‌وه‌کانی، به‌ریه‌ککه‌وتنی ئه‌م دوو جیهانبینییه تا ئێسته‌ش له چوارچێوه‌ی دوو ده‌سته‌واژه‌ی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تیی “ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات” هه‌م له لێکۆڵینه‌وه ئەکادیمییهکان و هه‌م له گوتاره ڕۆشنبیرییه‌کاندا به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه و ئه‌ویش ده‌لاله‌ت له‌م ڕاستییه ده‌کات که ئه‌م دوو جیهانه نه‌ک ته‌نها له یه‌ک ئاستدا نین به‌ڵکوو له یه‌ک قۆناغیشدا نین، به‌ڵام له بابه‌تی ته‌کنه‌ڵۆژیا و ئامرازه مۆدێڕنه‌کاندا هاوبهشێتییهکیان هه‌یه ئه‌گه‌رچی به‌کارهێنانی ئه‌م ئامرازانه و لێکه‌وته‌کانیان به ڕاده‌یه‌ک جیاواز و لێک دووره که هه‌ر به‌راورد ناکرێن.
“ئه‌نجام”
تابۆ و سنوور و یاساکان له سۆنگه‌ی پیرۆزایه‌تی و مهقهدهستهوهرییهوه تووندوتیژیی زیاتر به‌رهه‌م ده‌هێنن و ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای ئیداره‌دان و ڕێکخستنێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی کۆنباو، هۆکاره له به‌رده‌م هه‌ر جۆره ڕچه‌شکێنی و داهێناندا، مه‌گه‌ر له وڵاتانی موسوڵمان چه‌ند که‌سی وه‌کوو ئادۆنیس هه‌ڵده‌که‌ون که بڵێن زاڵبوونی هه‌ژموونی کتێبی پیرۆزی قورئان بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که به‌لاغه‌تی عه‌ره‌بی له بازنه‌یه‌کی دیاریکراودا بمێنیته‌وه و هه‌ل و ده‌رفه‌تی داهێنان که‌متر بڕه‌خسێت؟ بۆیه بۆ ده‌رچوون له‌م بازنه و که‌وانه‌یه عه‌قڵییه‌تی ڕه‌خنه‌گرانه و ڕه‌خنه‌گرتن له خود و پاشان که‌لتوورسازیی بۆ جێگیربوونی ئه‌و ئه‌قڵییه‌ته ده‌بێت له ئه‌وله‌وییه‌تی هه‌ر پرۆژه‌یه‌کی ڕۆشنبیری و که‌لتووریدا بێت ئه‌گینا ئه‌م هه‌موو توندوتیژییه‌ی که له کۆمه‌ڵگا پیرۆز ته‌وه‌ره‌کاندا به‌رهه‌م دێن ته‌نها سه‌ره‌تا و دهرکهوتهیهکن له کۆمه‌ڵێک سه‌رکوتکردن و کوشتنی سیسته‌ماتیک و نهێنی به نیسبه‌ت مرۆڤ و هه‌موو خواست و ئاره‌زووه‌کانییه‌وه.