ئەوەی لەخۆرئاوای کوردستان و غەززە ڕوودەدەن پەڵەیەکی ڕەشە بەناوچاوانی ئەم سەدەیەی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆجیا و بازدانی مرۆڤایەتیەوە، تێکچوونی جەژنی جووەکان بەهۆی هێرشی بزووتنەوەی حەماس لەڕۆژی شەممە ۲۰۲۳/۱۰/۷دا شۆکێکی جیهانی دروست کرد و گومانی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا کە تائێستاش هەندێک پێیان وایە ڕەنگە جۆرێک بێت لەتەکتیکی هونەری بەڕێوەبردنی جەنگ، کەمیش نین ئەو کەس و لایەنانەی کە تا ئێستا پێیان وایە ئەم ڕووداوە هاوشێوەی (١١) ی سێپەمبەر ی (٢٠١١) یەو دەزگاکانی (سی ئای ئەی ، مۆساد) خۆیان داڕێژەری سیناریوی ئەم ڕووداوەن .
جۆرێکی تریش گومان لەم ڕوداوە دەکرێت کە بزوتنەوەی حەماس خاوەنی ئەو هێندە موشەکە نەبووە و ئەم کەرەستە جەنگیانەی لەکوێوە دەست کەوتوە؟ هەرچۆنێک بێت قومارێکی خوێناوی لەسەر ژیان و ئارامی خەڵکانی بێ دەسەڵات و هەردوو گەلی فەڵەستین و ئیسرائیل بەڕیوەدەچێت، ئەگەرچی بەگومانەوە سەیری ڕووماڵە میدیاییەکان بکەین، بەڵام ناشارێتەوە کە ئیسرائیل لە ڕووی سەربازیەوە شکستێکی گەورەی خواردوە، (دانیاڵ هاگاری) وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دانی بەوەدانا کە سوپا قەرزاری خەڵکەو لێکۆڵینەوە دەکەین و دواتر خەڵک لەدەرئەجامی ڕەوتی ڕوداوەکان ئاگادار دەکەینەوە !
“حەماس چی دەچێتەوە؟”
ئەگەر لە چاوی جیهانەوە سەیری دیمەنەکانی ئەم شەڕەبکەین ئەوا بزوتنەوەی حەماس وا نیشان دەدات کە ئیتر ئیسرائیل بە چۆکدا هاتووە و ورەی بەرداوەو لاواز دەردەکەون، بەڵام یەکێک لەو هۆکارانەی کە هاوسۆزی جیهانی بۆ ئیسرائیل زیادکرد کردەوەکانی خودی چەکدارانی حەماس بوو دەرهەق بە مامەڵەی نەشیاو بوو لەگەڵ دیلەکان و رفاندنی خەڵکانی سڤیل و ئازاردان وکوشتنی هەندێک لە دیلەکان . ئەم پەلاماردانەی ئیسرائیل لەسەر دەستی حەماس کە تا ئێستاش وا باس دەکرێت کە (ئێران و میتی تورکیا و هەواڵگری ئەمریکا )هەریەکەو بە شێوەیەک دەستیان لە پشتیەوە هەبووبێت کە ئەمەش لێکۆڵینەوەی دەوێت .
بزووتنەوەی حەماس کە پێشتر لە لایەن ئەمریکا، یەکێتی ، ئەوروپا، یابان، نیوزلەندا، ئوسترالیا، کەنەداو چەندین وڵاتی ترەوە لە لیستی تیرۆردا بوەو پێ ئەچێت لە ئێستاشدا ئەم ژمارەیە زیادبکات هەربۆ یە بەدوور دەزانرێت لە هیچ کاتێکدا بزووتنەوەی حەماس هیچ لەم شەڕە بەرهەم بهێنێت ئەگەرچی دەرکەوتن و قەبارەی هێزی سەربازیی حەماس بەگەورەیی دەرکەوت!
هەرچی ئیسرائیلە دوورتر سەیری ڕوداوەکان دەکات و چاوی لەسەر ستراتیجی گۆڕانکاری گەورەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوینداو هەرلە ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەوە نتانیاهو ووتی ( نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ) دەگۆڕین!
کە تیبەکانی قەسام کە باڵی سەربازی حەماسن ڕەنگە شەڕی بەوەکالەت بکەن چونکە بە پاڵپشت بەو پشتگیریە ئیقلیمیەی کە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت و بەکارهێنانی (٥٠٠٠) موشەک لەیەک کاتدا کە لای هەموان ئاشکرایە حەماس خاوەنی ئەم ژمارە موشەکە نەبوەو پێی دراوە، بەدیقەت سەیری دیمەنەکانی جەنگەکە بکەین هەست دەکەیت ئەم هێرشەی حەماس پلانێکی چەندین ساڵەی نەخشە بۆدارێژراوی هەبووە و گومان هەڵناگرێت کە بزووتنەوەی حەماس بەبێ پشتگیری وڵاتان ناتوانێت چالاکیەکی لەوجۆرە ئەنجام بدات،هەرچەندە خەڵکی سڤیل و سەربازو گەشتیاری بیانی و دانیشتوانی ئۆردوگا نیشتەجێ بوەکانی بە ئامانج گرت، ئەمەش جگە لەوەی کە بیانوی هێرش و پەرچەکرداری بۆ ئیسرائیل نەهێشتەوە، هانی ئەمریکاو ئەوروپا و هەر (٥) وڵاتە زلهێزەکەی جیهانیدا کە بێنە سەر هێڵ و هاوکاری سەربازیی بەئیسرائیل پێشکەش بکەن، کە ڕوونە ژێرخانی کەرتی غەززە بە تەواوی وێران دەبێت وژیان لە هەموو ڕویەکەوە لەو شارە نامێنێت وبەداخەوە بوەتەهۆی گیانلەدەستدانی چەند هەزار کەسێک وبرینداربوونی هەزاران و ماڵوێرانی بۆدانیشتوانی هەردوولا.
تا ئێستا لەسەر ئەم بابەتە چەندین بۆچوون هەیە کە خۆیان لە گێڕانەوەی ئەم سیناریو یانەدا دەبیننەوە:-
١- بۆچوونێک پێان وایە بەرامبەر بەرەی ئۆکرانیا کە چەند ساڵیکە لە دژی ڕوسیا کراوەتەوە، ڕوسیا و ئێران و تورکیاش دەستیان لەم بابەتەدا هەیەو ئەم بەرەیان لە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کردووەتەوە.
٢- بۆچونی دووەم ڕایەکی جیاوازترەو دەڵێن ئەم بابەتە بۆ شکست پێهێنانی ڕیکەوتنی ڕیازو تەلئەبیبە و بۆ ئەوەی وڵاتانی کەنداو لەم ڕێکەوتنە بکشێنەوە هەتا نەیارانی ئێران کەم ببنەوە و توانای ئەوەیان نەبێت کە دژی تاران زۆر پێ ڕاکێشن.
٣- سیناریۆی سێیەم باس لەوە دەکرێت کە حەماس هاندراوە و پڕچەک کراوە لە لایەن ڕوسیا و ئێران و تورکیاوە بۆ ئەوەی دەستی کاری ئەمریکا و ئەوروپا و ئیسرائیل لاواز بکرێت و توانایان لاواز بکرێت لە ڕووی ووزەی جیهانیەوە بە تایبەت غازی سروشتی.
٤- سیناریوی چوارەم ئەوەیە کە ئامانجی حەماس دووبارەکردنەوەی چیرۆکی (گەلعادشالیت)ی سەربازی بەدیل گیراوی ئیسرائیلیە کە لە ساڵی ٢٠١١بەرامبەر بەبەردانی (١٠٢٧)چەکداری فەلەستینی ئازادکرا،بەڵام ڕەنگە ئێستا دۆخەکەجیاواز بێت بەدوور دەزانرێت بۆ بەردانی دیل وبارمتەکان ئیسرائیل ئەم سازشە بکات.
هەرچۆنێک بێت ئەم شەڕە ماڵ وێرانیەکی گەورەی هەردوو گەلی فەلەستین و ئیسرائیلی بەدواوەیەو خەڵکی سڤیل باجەکەی دەدەن و بۆ هەندێک وڵات ولایەنیش کەرەستەیەکی بەرخوردو خۆدەرخستن ونیفاقێکی سیاسی ڕوونە.