کرماشان له مێژه وه‌کوو لانکه‌ی شۆڕش و کوردایه‌تی ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه و له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه پلان و پیلانی بۆ دانراوه، به‌داخه‌وه ئه‌م پلانانه تا ڕاده‌یه‌ک سه‌رکه‌وتوو بوون.
کرماشان له مێژه وه‌کوو لانکه‌ی شۆڕش و کوردایه‌تی ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه و له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه پلان و پیلانی بۆ دانراوه، به‌داخه‌وه ئه‌م پلانانه تا ڕاده‌یه‌ک سه‌رکه‌وتوو بوون، پلانگه‌لێکی نه‌رمونیان که خودی کۆمه‌ڵگا به‌هۆکاری جۆراوجۆر یارمه‌تیده‌ر و هاوکار بووه له په‌سه‌ندکردن و جێبه‌جبوونی. کاتێک له سه‌رده‌می مه‌شرووتییه‌تی ئێرانی له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ده‌وڵه‌تی کاتی دێته کرماشان کۆمه‌ڵێک شاعیر و که‌سایه‌تیی کورد مێوانداریی و پێشوازییه‌کی باشیان لێده‌که‌ن و به‌شێکیان ده‌بن به شاعیر و مونشی و میرزای ده‌ربار و زمانی فارسی ده‌که‌ن به خانه‌ی بوون و شووناسی خۆیان له‌وانه “ئه‌بولقاسمی لاهووتی” نموونه‌یه‌کی دیاره که هێنده پله‌ی دیاره له ناو فارس و ئه‌ده‌بی فارسی‌دا که که‌س به خه‌یاڵیشیدا نایه‌ت و بیری لێ ناکاته‌وه که ئه‌مه به ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد بووه و کرماشانی بووه. ده‌یان که‌سی دیکه که هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه چوونه‌ته ناو زمانی فارسییه‌وه و هیچ شوێنپێیه‌ک له کوردبوونیان دوای خۆیان به‌جێ نه‌هێشت.
هه‌ر پاش سه‌رده‌می قه‌جه‌ر و هاتنه سه‌رکاری ڕه‌زاشا و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی په‌هله‌ویی یه‌که‌م به یارمه‌تی ئینگلیزییه‌کان و ده‌سپێکردنی پرۆژه‌ی سه‌پێنه‌رانه و زۆره‌ملیی مۆدێڕنیته ده‌سه‌ڵاتداران زوو درکیان به‌مه کرد که کرماشان له ڕووی ژیۆپۆله‌تیک و هه‌ڵکه‌وته‌ی جوگرافی و سیاسییه‌وه چه‌نده گرینگه، کرماشان له ده‌وڵه‌مه‌ندترین شاره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و هه‌موو ئێرانه له ڕووی سه‌رچاوه‌ی ژێرزه‌وینی نه‌وت و غاز و ئاوه‌وه، هه‌روه‌ها وه‌کوو شوێنێکی مێژوویی و شاڕێگه‌یه‌کی په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ وڵاتانی ده‌رودراوسێ و به‌تایبه‌تی شاکلیلی گه‌یشتن به که‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف بووه بۆیه به‌و راده‌یه جێگه‌ی بایه‌خ و گرینگ بووه، ئێمه ده‌توانین بیر له‌وه بکه‌یه‌نه‌وه که سیسته‌مێکی سیاسیی هه‌ژموونخواز و هه‌یمه‌نه‌گه‌را چ پلانێکی بۆ کۆنترۆڵکردن و ئاسمیله‌کردنی ئه‌م شاره داڕشتووه؟ ئه‌م شاره به دوو هۆکاری گشتی خراوه‌ته ناو خشته‌ی ئاسیمیلاسیۆنی و تواندنه‌وه‌وه؛ یه‌کیان ئه‌وه‌ی که باسم کرد که وه‌کوو جه‌مسه‌رێکی ئابووری و ژیوپۆله‌تیک گرینگه و له ناو بازنه‌ی ئابووری سیاسی‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه و ئه‌وی دیکه‌یان تایبه‌تمه‌ندییه که‌لتووری و ئاینییه‌که‌یان بووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م شاره له‌ڕووی نه‌ژاداوه، ته‌قریبه‌ن هه‌موو کوردن، به‌ڵام به درێژایی ئه‌م چه‌ند ده‌یه‌یه‌ی دوایی، زۆر فارس و ته‌نانه‌ت عه‌ره‌بیش تێهاتووه، جیا له‌وه زۆربه‌ی باوه‌ڕدارانی ئایینی ئه‌م شاره شیعه‌ن ئه‌گه‌رچی ئه‌هلی حه‌ق و سوننه و ته‌نانه‌ت زه‌رده‌شتی و جووله‌که‌شی تیایه. خودی ئه‌م زۆرینه‌بوونه‌ی باوه‌ڕداران به شیعه یه‌کێک بوو له‌و زه‌مینه که‌لتوورییه ئایینییه‌ی که ده‌سه‌ڵات له ڕووی ڕۆحی و ده‌روونییه‌وه به پایته‌خت واته تارانی ببه‌ستێته‌وه و له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به شێوه‌یه‌ک دابڕی کات. لێره‌دا به‌شیوه‌یه‌کی به‌رهه‌ست و بابه‌تی هه‌ندێک نموونه له‌و زه‌یمنه که‌لتوورییه دێنینه‌وه که یارمه‌تیده‌ر و هاوکاری پرۆسه‌ی ئاسیمیله‌کردنی کورد بووه له کرماشان. باوه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتدارن به شیعه و عه‌ته‌باتی عالییات(که‌ربه‌لا، نه‌جه‌ف، سامه‌ڕا و کازیمه‌ین) هه‌ر له مێژه بووه به بنه‌مایه‌ک بۆ شووناسی نوێی ئینسانی ئێرانی، دوای ئه‌وه زاراوه‌ی ڕۆڵێکی گرینگی گێڕاوه له‌م ئاسیمیله‌بوونه‌دا واته زاراوه‌ی که‌ڵهوڕی به‌هۆی جۆره نێزیکییه‌ک له ڕووی ده‌ربڕین و ئاخاوتنه‌وه له‌گه‌ڵ زمانی فارسی له لایه‌ک و له لایه‌کی دیکه‌وه به‌هۆی به‌هێزبوونی زمانی فارسی و په‌راوێزخستنی زمانی کوردی، هه‌یمه‌نه و هه‌ژموونیی پێویست بۆ ده‌سپێکردنی ئه‌م ئاسیمیله‌بوون و زاڵبوونه ئاماده بووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی که کرماشان نێزیکیش بووه له شاره فارسنشینه‌کان له چاوه‌ی شاره‌کانی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌م پرۆژه‌یه ئاسانتر پراکتیزه بووه. بۆ نموونه شاری بانه له ڕووی زمانییه‌وه ئه‌گه‌رچی زاراوه‌یه‌کی تری زمانی کوردییه و له ڕووی ئایینیشه‌وه سوننه‌ن، به‌ڵام هه‌ڵکه‌وته‌ی جوگرافیایی و ئه‌وه‌ی که له نیوان چه‌قی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان وه‌کوو شارێکی سنووریی هه‌ڵکه‌وتووه، هیچکات تووشی ئاوه‌ها دۆخێک له زمان و ده‌ربڕینیدا نابێت. خودی ئه‌م هاوکێشه سیاسی و ئابووری و که‌لتوورییه بوو به‌هۆی دروستبوونی زاراوه‌یه‌کی ساخته و ڕۆنراوی تێکه‌ڵ پێکه‌ڵ به ناوی “فارسی کرماشانی” که مه‌به‌ستی کوتانی دوابزمار به تابووتی زمانی کوردی بوو له‌و شاره له ماوه‌یه‌کی زه‌مه‌نی درێژدا، به‌ڵام وه‌کوو بینیومانه ئه‌م تابووته خاڵی بووه و زمانی کوردی هێشتا زیندووه! بۆ تێگه‌یشتن له‌م پرۆژه‌یه‌ی ئاسیمیلاسیۆن و تواندنه‌وه ده‌بێ تۆزێک بگه‌ڕێینه دواوه بۆ سه‌رده‌می حوکوومه‌تی په‌هله‌ویی یه‌که‌م! که له‌ڕیگه‌ی هێز و سه‌رمایه‌وه به‌شێک له کوردیشی تێکه‌ڵ به پرۆژه‌که کردووه.
له‌و به‌ڵگانه‌ی که ده‌رکه‌وتوون ده‌خوێنینه‌وه:-
ئه‌م دوو به‌ره و لایه‌نه و هاوکێشه نوێکه‌یان بریتییه له:-
لایه‌نێک که کوردن و له زمانی کوردی وه‌کوو ئامرازێکی ئاسایی ڕۆژانه که‌ڵک وه‌رده‌گرن ئه‌ویش نه‌ک به ته‌واوه‌تی، هاتوونه‌ته ناو باسه‌که‌وه و به شێوه‌ی وشیارانه یان ناوشیارانه باس له ڕۆڵی زمانی دایکی له گه‌شه‌پێدانی شووناس ده‌که‌ن، ئه‌گه‌رچی ئه‌مانه له دۆخێکی دژواز و پارادۆکسی شووناس و زمانی‌دا ده‌ژین، بۆ نموونه ئه‌م به‌ره‌یه له گه‌ڵ منداڵه‌کانیان به زمانی فارسی یان زاراوه‌ی فارسی کرماشانی قسه ده‌که‌ن، به‌ڵام له ناو کوچه و کۆڵان به کوردی، شیعر به کوردی و فارسی ده‌نووسن، به‌ڵام فارسی بۆیان گرینگتره، لایه‌نی به‌رامبه‌ر که ئه‌وانیش هه‌ر کوردن به‌ڵام ڕه‌خنه‌گرانه ئاسیمیلاسیۆنی شووناسی کوردی و زمانمه‌ندیی ئه‌م شووناسه له شارێکی ژیوپۆله‌تیکی وه‌کوو کرماشان مانیفێست ده‌کات، مه‌رگی ئه‌م شاعیره بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی قه‌ڵشتی ناسک و نه‌دیاری شووناسی ئه‌م شاره زیاتر ده‌م بکاته‌وه و گرمه‌ی لێ هه‌ڵبسێت و دانیشتووانی ڕاچڵه‌کێنیت. ده‌توانین بڵێین؛ ئه‌نجامی ئه‌و ڕاسان و یه‌کانگیرییه‌ی ئه‌م ورده هێزه ڕه‌خنه‌گره کوردانه که پێشتریش ئه‌گه‌رچێ چالاک بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌نده نه‌ده‌بینران، لێره‌دا ده‌رکه‌وت که کرماشان چه‌نده ڕۆحی کوردانه‌ی به‌هێزه و ده غه‌زلی کوردیی شاعیرێک ده‌توانێت ئه‌و و شارێک و شووناسێک مانیفێست بکات، ده‌رکه‌وت ئه‌م ورده هیزانه ڕووداوێکی وایان پێویست بوو تاکوو چفه و پچه‌کانیان ببێت به هاوارێکی په‌نگخواردووی چه‌ندین ساڵه، هه‌رچی لایه‌نی ئاسیمیله‌کراویشه ناتوانێت به‌رگری له فارسیبێژی و فارسیته‌وه‌ری بکات و خودی ئه‌م دۆخه به‌رئه‌نجامی ڕه‌خنه‌یه‌که که ڕۆحی شووناسمه‌ندانه و زمانی کوردی ئاڕاسته‌ی ئه‌م قۆناغه‌ی شاره‌که‌ی کردووه، خودی ئه‌م ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه و دیالیکتیکه هیوایه‌کی گه‌وره‌یه بۆ داهاتوو و دروستکردنی کۆمه‌ڵیک پرسیار له هه‌ناوی به‌ره و ڕه‌وتێک که فارسی به سه‌رتر له کوردی ده‌زانن، خستنه‌ڕووی ئه‌م ڕاستییه‌یه که په‌رته‌و ئه‌گه‌رچی به دوو زمان نووسی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شینی بۆ گێرا و ئه‌وه‌ی ستایشی کرد و خوێندییه‌وه و ئه‌وه‌ی بوون و هه‌ناسه‌ی وه‌به‌ر خست، کورد و زمانه کوردییه‌که بوو، قووڵتربوونه‌وه‌ی ئه‌م قه‌ڵشته‌ی نێوان دوو گه‌ڕیان و ڕه‌وت یان به‌ره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بی ده‌رخه‌ری ململانێیه‌کی شاراوه و ژیره‌وانکێی دوو شووناس و زمانه که ئیسته به ده‌نگی به‌رز ده‌چریکێنێت، ئه‌وه‌ی که چه‌نده ئێمه له‌م ئاڕاسته‌ی راسان و هه‌ستانه‌وه‌یه‌ی زمانی کوردی له کرماشان سه‌رکه‌وتوو بین ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماهییه‌تی ئه‌م دیالۆگ و دیالیکتیکه‌ی نێوان دوو به‌ره‌و و گه‌ڕیانه‌که‌وه، تانانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیش وه‌کوو هه‌میشه ده‌ستی تێ وه‌ربدات چونکه ئه‌م به‌ریه‌ککه‌وتنه ده‌ری خست زمان ته‌نها ئامرازێکی ئاسایی په‌یوه‌ندیگرتن و کارڕێکخه‌رانه‌ی ڕۆژانه نییه که به ئاسانی له‌بیر نه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵگا و شارێک بچێته‌وه، به‌ڵکوو بوونێکه که سه‌رچاوه‌که‌ی له ده‌روون و ناخی مرۆڤدا جێگیر و پته‌و بووه، ئه‌وانه‌ی که به فارسی قسه ده‌که‌ن شه‌وانه مۆته‌که و خه‌ونه‌کانیان به کوردی ده‌بینین وه‌کوو “ئیبراهیمی یوونسی” ده‌ڵێت ئێمه ئه‌گه‌رچی له قوتابخانه به فارسی و بۆ زمانی فارسی لێیان ده‌داین به‌ڵام به کوردی ده‌گریاین!.