ئێراق لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا
دوای کۆبونەوەی لوتکەی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی سەرۆک وەزیرانی ئێراقی ڕستەیەکی گوت کە لە هەناویا کۆمەڵێک زۆر لە ئاماژە و ئاڵۆزی و دۆخی سەردەمەکە دەردەخات. ڕستەکەی محمد شیاع سودانی ئەوەبوو کە ئێراق توانای هەیە خاڵی بەیەگەیشتنی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوابێت. العراق قادر على أن يكون نقطة تلاقٍ بين الشرق والغرب. سەرۆکی چینی بە زمان و ئاماژەی جیاواز کە دەرخەری ئەوەبوو کە ئێراق تەنها جێگای یەک زلهێزنیە، هەماهەنگی سەرۆک وەزیرانی ئێراق بوو.
ئایا بۆچی سەرۆک وەزیرانی ئێراق پەیامی وەها دەنێرێت؟ ئەگەر ئەو سەرۆکی چین دەبینێت، چ پێویستییەک هەیە کە ئاماژە بە ڕۆژئاوا بدات؟ پێش ئەوەی بێینە سەر وەڵامی ئەم پرسانە، سەرتا لە زمانی داڕشتن و مێژوەوە دەست پێدەکەین.
ئێراق وەک وڵاتێکی هەرێمی یان نیمچە هەرێمی لە مێژوی نوێیدا، بە تایبەتی لە دوای ساڵی ١٩٥٨ەوە بە دوای ئەو ڕۆڵەدا دەگەڕێت، کە سودمەندبێت لە هەردوو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. ساڵی ١٩٥٨ ساڵێکی زێدە گرنگە لە مێژوی ئێراقدا. بۆ تێگەیشتن لە ساڵی ١٩٥٨ لە ناو ئێراقدا مشتومڕێکی ساختە دروستکراوە، ئایا ١٩٥٨ شۆرش بوو یان کودەتا؟ ئەم جۆرە پرسیارانە ساختەن، شایستەی لە سەر وەستان نین.
ساڵی ١٩٥٨ ئێراق لە کەمپی ڕۆژئاواوە هاتە دەرەوە و کەوتە ناو دۆخێکی ناسەقامگیرەوە. عبدالکریم قاسم کەسێکی خاوەن تێگەیشتنی قوڵ و خاوەن ئایدەلۆژیا نەبوو، تەنها ئامانجی مانەوە لە سەر کورسی بوو، بەڵام ئێراق لە دۆخێکی ئێجگار نا سەقامگیردابوو. لە ئێراقدا، ناسریی و بەعسی و وەتەنی و کورد هەبوون. لە هەمانکاتدا ئێراق داوای گەڕانەوەی کوێتی دەکرد. بۆ هەبونی ڕۆڵ لە هەموو ئەماندا ئەمریکا هاتە لوبنان. ئەو سەردەمە ئەمریکا لە سایەی دوو عەقیدەدا دونیای دەبینی کە تورمان و ئایسنهاوەربوون. هەردوو دۆکترنەکە دژایەتی کۆمیونیست و سۆڤیەتیان دەکردە ئامانج، بەڵام ئەمریکا دژ بە پان-عەرەبیزم بوو. پاش جەنگی جیهانی دووەم، ئەمریکا بە پلان هەوڵیدا هەموو ئیمپراتۆریەکان لەناو بەرێت، تەنانەت ئەوانەش کە دۆستین وەک بەریتانیا و فەرەنسا.
هاتنی ئەمریکا بۆ لوبنان بۆ لوبنان نەبوو، بەڵکو بۆ ئامادەیی بوو لە نزیکەوە لە هەردوو ڕەوتەکە. مەجید خەدوری کە باشترین مێژونوسی ئەو سەردەمەیە، ئاماژە بە ئەوە دەدات کە ئامانجی کودەتای ١٩٥٨ ئەوەبوو کە ئێراق بە بێلان بمێنێتەوە لە نێوان کامپی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا.
بەڵام دونیا ئێراقی وەها نەدەبینی. لە هەمان ساڵدا چین پەیوەندی لە گەڵ عێراقدا دەست پێکرد، چونکە چین کودەتای ئەفسەرەکانی ١٩٥٨ی وەها دەبینی کە دژە ئیمپریالیزمە. هەر لەو ساڵەدا ئێراق کەوتە ژێر ڕاداری ئەمریکاوە و سەفەری ئەمریکا لە چەند ئاستێکدا لە گەڵ ئێراقدا دەستی پێکرد. بە کورتی ئەو سەفەرانە بریتین لە دژایەتی سۆڤیەت، دژایەتی خۆماڵی نەوت، دژایەتی هێرش بۆ کوێت، دژایەتی بوون بە بەشێک لە پرۆژەی یەکگرتنی عەرەبی.
هەر لە هەمان ساڵدا سەرەتای پەیوەندی نێوان کورد و ئەمریکا دەستی پێکرد. لە هەموو ئەم پرۆژانەدا ئێران ڕۆڵی ڕاستەوخۆی هەبوو.
سی ئای ئەی بنکەی سەرەکی ئاسیای لە تاران بوو. لە ئێراقدا بە دوای هێز و لایەن و کەسایەتیدا دەگەڕا. بەعس ئەو هێزەبوو کە ئامادەبوون کار بۆ سی ئای بکەن. ڕۆڵی سی ئای ئەی لە سەرخستنی سەدامدا نهێنی نیە. (زۆر سەرکردەی سیاسی لە دونیادا هەبوو، سی ئای هێنانی و کاری زۆری پێکردن و پاشان کوشتنی).
سەرکەوتنی کەسانی وەک سەدام یان قاسم یان زۆرێک لە ئەوانیتر کە لە دویان هاتن، لەو قوتابخانەیەوە بوو کە خەڵکانێکی دەسەڵاتخوازی شەخسین، بە هێنان و هێشتنەوەیان لە سەر کورسی هەموو کارێکیان پێدەکرێت و خاوەن دیدی و تێگەیشتنی قوڵ نین.
لە بەرامبەر ئەم پاشخانەدا، ئێمە ئێستا هەمان دەربڕین یان خواست دووبارە دەکەینەوە، بەڵام ئەمجارەیان لە زۆر ڕوەوە جیاوازە. ئەگەر لە سەردەمی عەبدولکەریمدا، ڕۆژهەڵات، سۆڤیەت بوو، ئەمریکا هەتا ئاستی پارانۆیا، دژایەتی دەکرد و لە ئەنجامدا پرسی کورد بوە پرسێکی نێودەوڵەتی لە ئێراق، ئەوا ئەمڕۆ ڕۆژهەڵات ئاماژەیە بۆ چین.
ئەم ڕۆژانە کار لە سەر چاپتەری کتێبێک دەکەم، دەربارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاش تاک-جەمسەریی، لەوێدا هاتنی چین وەک یەکێک لە دەرئەنجامەکانی لاوازبون یان سنورداربونی تاک جەمسەریی دەبینرێت. لێرەدا دەکرێت بپرسین ئایا ئەم دۆخەی ئێستا چەندێک هاوشێوەی ١٩٥٨ە. دیارە مێژوو دوبارە نابێتەوە، بەڵام دەکرێت بۆ مەبەستی زانین سود لە دۆخی هەمانشێوە ببینرێت. بێگومان ١٩٥٨ و ٢٠٠٣ لە زۆر ڕوەوە هاوشێوەن. یەکەم، بونی زیاتر لە هێزێکی بڕیاردەر لە دونیادا. دووەم، ناچاربون یان خواستی ئێراق بۆ هەوڵدان بۆ پەیوەستبوون بە هەردوو بەرەکەوە. سێیەم، جیاوازی پلان و ئەجیندای زلهێزەکان لە گەڵ هێزێکی وەک ئێراق. چوارهەم، سادەیی و ساویلکەیی توێژی سیاسی. پێنجەم، داردەستبون و کرێگرتەیی زۆرینەی توێژی سیاسی بۆ بەرژەوەندی دەرەکی. هەروەها ڕۆڵی بەرچاوی ئێران.
بەڵام سەرباری ئەمە ئەوەی ترسناکە لە تێگەیشتنی ئێراقدا، بینینی چینە بە شێوازی ئەمریکی.
چین نایەوێت بەشێک بێت لە ئەجیندا هەرێمییەکان، وەک لە دۆخی پاش کۆبونەوەکەی ڕیازدا بینیمان. هەرچەندە پاش کۆبونەوەکە دۆخێک هاتە ئاراوە کە ئێران چینی وەها بینی کە لایەنگرە، بەڵام هەڵوێستی چین بەرامبەر دورگە کێشە لە سەرەکانی نێوان ئیمارات و ئێران هاوشێوەی ئەو دۆخەیە کە لە نێوان چین و ژاپۆندا هەیە لە سەر هەندێک دوورگەی بچوک لە ناوچە ئاوییەکانی نێوانیان، بۆیە بۆ چین دوبارەکردنەوەی هەمان هەڵوێست بوو.
بەڵام ئەوەی چین دەیەوێت، ئەوەی لە دەرئەنجامدا بەرهەم دێت یان ئەوەی وێنا دەکرێت و سیاسەتی پێوەدەکرێت زۆر جودان. لە ئێراقدا هەندێک توێژ و کەسایەتی هەن کە دەخوازن چین ڕکەبەری ئەمریکا بێت. ڕەنگە ڕوونترین هەڵوێست دوا ستونی عادل عبدوالمهدی بێت لە ڕۆژنامەی چاینا-دەیلی، بەڵام لە هەمانکاتدا تیورەی پیلانگێڕی ڕۆڵی سەرەکی دەبینت لە بەرهەمهێنانی وێنا و ئاگایی و کردار و هەڵوێست. بە گشتی لە بەر ئاڵۆزی و ناڕونی و فرە ئەکتەریی و فرە بەرژەوەندی دۆخەکە، خەڵکی ئێراق بە دوای حەقایەتێکی سادەدا دەگەڕێن هەتا ئەم دۆخە ئاڵۆزەیان بۆ ڕاڤە بکات و مانای لێبەرهەم بهێنن. لە هەمانکاتدا شێوازی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکی لە حەفتا ساڵی ڕابوردودا لە ناوچەکە، جۆرێک لە ئاگایی لە لەقاڵبدراوی بەرهەمهێناوە. زاڵترین نمونە لەم بوارەدا سیاسەتی هاوپەیمانییە. یەکێک لە پێگەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هاوپەیمانییە. هاوپەیمان ئاست و شێوازی جودای هەیە. ڕەنگە باڵاترین ئاستی هاوپەیمانی ئەندامێتی ناتۆ بێت، پاش ئەو وڵاتانی کەنداو، کە نزیک بە مۆدێلی ناتۆن. لە سیستەمی هاوپەیمانیدا، کۆمەڵێک لە چاوەڕوانکراوی هەیە، وەک دابینکردنی پاراستن، لایەنگریی لە قەیران و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، ئاگایی و سەردانی بەردەوام.
ئەمریکا هەندێکجار لە سیاسەتی هاوپەیمانیدا زۆر زیادەڕۆیی دەکات، ڕەنگە نمونەی شای ئێران، نمونەیەکی زەقی ئەم زیادەڕۆییە بێت، بەڵام چین سیاسەتی هاوپەیمانی نیە لە سیاسەتی دەرەوەیدا. چین خۆی ناکاتە هاوپەیمانی هیچ وڵاتێک. لە هەمانکاتدا پلەبەندییەکی ئاشکرا هەیە لە سیاسەتی دەرەوەی چین لە گەڵ وڵاتانی تر، بەوەی هاوڕێتییە، یان ستراتیژییە. ڕەگی ئەم جۆرە مامەڵەیە دەگەڕێتەوە بۆ نەگۆرێک لە سیاسەتی چینیدا ئەویش بایەخی ئێجگار زۆری چەمکی سەروەرییە. سەروەریی چەمکێکی ئێجگار ئاڵۆزە کە لە میانەی جەنگەکان و ڕامانە فیکرییەکانی ڕۆژئاوادا لە دایک بوو. بۆ نمونە بۆ چین مافی مرۆڤ پێچەوانەی سەروەرییە، بە تایبەتی مافی مرۆڤ وەک چەمکێکی جیوپۆلەتیکی. بە بەرزڕاگرتنی سەروەریی بە سەر مافی مرۆڤدا چین دەکاتە هێزێکی ترسناک بۆ خەڵکانێکی زۆر لە دونیادا کە بە دەست ڕژێمە نادیموکراتی و دژە مافەکانی مرۆڤ دەناڵێنن.