لە سێ بەشی پێشوو ئاماژەمان بە سێ لە گرنگترین پاڵنەر و ڕەهەندەکانی سیاسەتی “ئیمارات” کرد، ئەوانیش؛ سیاسەتی بەندەر و دژایەتی ئیسلامی سیاسی و پەیوەندی لەگەڵ ئێران بوو. بێگومان سیاسەتی “ئیمارات” تەنیا بریتینییە لەو سێ لایەنە، بەڵام ئەو سێ لایەنە گرنگترینن، هەروەها لایەنەکانی تری سیاسەتی “ئیمارات”، بەدەر لەو سێ لایەنە، هەر بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندییان هەیە بەو سێ ڕەهەندەوە.
“ئیمارات” هەرچەنده پێشتریش پلان و بەرنامەی جدی هەبووە، بەتایبەت لە بواری ئابووری و ژێرخان، بەڵام ماوەی دەووروبەری ۱۰ ساڵە سیاسەتی “ئیمارات” گۆڕانکاری گەورەی بەسەر هاتووە، دەیەوێت زیاتر ڕۆڵی گرنگ و گەورە ببینێت لە سیاسەتی ئیقلیمی و جیهانی. ئەم گۆڕانکارییە لە سیاسەتی “ئیمارات” لەم (دەیە)یەیی دوایی چەندین هۆکاری هەیە، گرنگترینیان ئەمانەن؛
“ئیمارات” وەک دەوڵەتانی تری کەنداو لە سیاسەت و خۆ-پاراستن زیاتر پشتیان بە “ئەمریکا” دەبەست. لەگەڵ هاتنی ئۆباما و پاشان ترەمپ، گوتارێک پەرەی سەند، ئەویش گوتاری کشانەوەی “ئەمریکا” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان گواستنەوەی قورسایی بایەخی “ئەمریکا” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ زەریایی “هیندی” لەبەر سنووردانان بۆ هەژموونی “چین”، یان خۆ دورخستنەوەی ئەمریکا لە قەیران و شەڕ و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوایە؛ ئەمریکا پێویستی بە وزەی ناوچەکە نەماوە و ئیسرائیلیش بەهێز بووە و زۆربەی دەوڵەتانی عەرەبی بوونە بە دۆستی، ئیتر پێویستی بەوە نەماوە “ئەمریکا” بیپارێزیت. ئەم گوتارە وای لە “ئیمارات” کرد کە ئیتر هەوڵبدات پشت بە خۆی ببەستێت بۆ پاراستنی وڵاتەکەی.
سەرهەڵدانی ئەوەی پێی دەڵێن بەهاری عەرەبی، بڕیار بەدەستی “ئیمارات” بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی دەزانی بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی خۆی. ئەمریکا نەک ڕێگری نەکرد لەو ڕووداوە، بەڵکو سەرەتا پشتگیری خۆی دەربڕی بۆ “بەهاری عەرەبی” و لاری نەبوو لەوەی ئیخوانییەکان دەسەڵات بگرنە دەست. ئەمە وای لە “ئیمارات” کرد کە ئیتر پشت بەستن بە ئەمریکا دەکرێت هەڵەیەکی کووشندە بێت، بۆیە بڕیاریدا خۆی بکەوێتە دژایەتی کردنی بەهاری عەرەبی.
“ئیمارات” پێی وایە؛ کەرەستەی ئەوەی هەیە کە ببێتە دەوڵەتێکی کاریگەر لە ناوچەکە و لە جیهانیشدا. توانای ئەوەی هەیە داهاتی گەورە تەرخان بکات بۆ ئامانجە سیاسیەکانی، وڵاتێک بتوانێ “دوبەی” بکاتە یەکێ لە شارە گرنگەکانی جیهان لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان و گەشتیاری… هتد، بۆچی نەتوانێ لە بواری سیاسی وسەربازیدا ببێتە هێزێکی کاریگەر لە جیهاندا. نمونەی وڵاتی بچووکی وەک “ئیسرائیل” هەیە لە ناوچەکەدا کە دەوڵەتێکی کاریگەرە لە جیهاندا، دەکرێت “ئیمارات” ببێتە نموونەیەکی وا.
ڕێکكەوتنامەی ئەتۆمی (ئێران و ئەمریکا)، کە “ئیمارات” وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی تەماشای دەکرد، وای لە “ئیمارات” کرد تێبگات کە “ئەمریکا” وەک سوپەر پاوەرێکی جیهانی، بەرژەوەندییەکانی پابەندی هاوپەیمانێتی (ئیمارات و، کەنداو نابێت). بۆیە ئیمارات ئەگەر بیەوێت خۆی و بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت، ئەوا پێویستە ڕاستەوخۆ خۆی بچێتە ناو هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوچەکە و جیهان، نەک هەمیشە لە پەراوێزی “ئەمریکا”وە سیاسەت بکات.
“ئیمارات” تێگەیشتووە لەوەی کە سیستەمی جیهانی ئەگەری ئەوەی هەیە لە قۆناغێکەوە بگوازرێتەوە بۆ قۆناغێکی دی، لە ئایندەیەکی نزیک یان مامناوەند. بۆیە لە ئێستاوە هەوڵدەدات لە سیستەمی نوێی جیهانی پێگەیەکی گرنگ و گەورەی هەبێت و خۆی ئامادە بکات بۆ هەر گۆڕانکارییەک.
“ئیمارات” باش لە سرووشتی سیاسەت و فکری دەوڵەتان تێگەیشتووە، دەزانێت ئەوەی بەهای هەیە و گرنکە و پێوەرە؛ بەرژەوەندی دەوڵەتانە. دەکرێت ئەمڕۆ بەرژەوەندی “ئیمارات” لەوەدا بێت هاوپەیمانی ئەمریکا بێت و سبەی بەرژەوەندی وا بخوازێت نزیک بێتەوە لە “چین”. ئەوەی بەردەوامە بەرژەوەندی دەوڵەتانە، نەک دۆستایەتی و هاوپەیمانێتی وئایدۆلۆژیاکان و چەمکە ئەخلاقی و سۆزدارییەکان. نەتەوەی بێ دەوڵەتی وەک کورد، ئەستەمە لەم هەقیقەتە تێبگات و باوەڕی پێبکات و بەو پێوەرە سیاسەت بکات.
زیاد بوونی هەژموونی “تورکیا” لە سەردەمی (ئۆردۆگان و، ئێران) لە دوای بەهاری عەرەبی، لە ناوچەکەدا. هەروەها نزیکبوونەوەی دەوڵەتێکی کەندا و، کە قەتەرە لە تورکیا. ئەمە وایکرد “ئیمارات” هەموو هەوڵێک بدات سنوورێک بۆ هەژموونی ئەو دوو دەوڵەتە دابنێت. لەو پێناوەدا دەیەوێت بەرەی عەرەبی دروست بکات دژ بە هەژموونی تورکی و هەژموونی ئێرانی، ئیسرائیلیش بێنێتە ناو بەرەی عەرەبی، بە ئامانجی ئەوەی لەڕێی ئیسرائیل-ەوە پشتگیری (ئەمریکا و ئەوروپا) بەدەست بهێنێت بۆ بەرەی عەرەبی، کە “ئیمارات” هەوڵدەدات خۆی سەرکردایەتی ئەو بەرە عەرەبییە بکات، یاخود کاریگەرترین دەوڵەت بێت لەو بەرەیە، چونکە (میسر و ئیراق) لاواز بوونە و وەک جاران نین، سعوودیەش لە سەردەمی “محمد سەلمان” لە ژێر هەژمووی ئیماراتە، بۆیە دەکرێت ئەو بەرەیە (ئیمارات و، ئیسرائیل) ڕۆڵی سەرەکی تێدا ببینن.
هۆکارێکی تری ئەو گۆڕانکارییە لە سیاسەتی “ئیمارات” دەگەڕێتەوە بۆ سرووشتی کەسایەتی و فکری “محمد زاید”، کە خەون و ئامانجی گەورەی هەیە. هەروەها لە بنەڕەتدا کەسایەتییەکی سەربازییە، بۆیە لەم چەند ساڵەی دوایی؛ ئیمارات لە چەندین شوێنی ناوچەکەدا ڕووی سەربازی خۆی پێشاندەدات. “محمد زاید” دەیەوێت ئیمارات بکاتە دەوڵەتێکی کاریگەر لەسەر ئاستی جیهان. بۆ ئەوەش دەبێت سەرەتا ببێتە دەوڵەتێکی بەهێز و کاریگەر لە ناوچەکەدا.
ئەمانە و چەندین هۆکاری تر لە پشت ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەن، کە لە سیاسەتی “ئیمارات” ڕوویداوە لەم دە ساڵەی دوایی.
تا ئێستا “ئیمارات”، بە شێوەیەکی ڕێژەیی، سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە لەو سیاسەتەی کە پەیڕەوی دەکات، وەک لە سێ بەشەکەی پێشتر ئاماژەی پێکرا. بەڵام ئەو سیاسەتە پڕە لە سەرکێشی و مەترسی، بە تایبەت بۆ وڵاتێکی بچووکی وەک “ئیمارات”، کە جارێ پێشکەوتوو نییە لە ڕووی پیشەسازی و زانستییەوە هاوشێوەی ئیسرائیل. ئایا ئەم سیاسەتەی “ئیمارات” بە سەرکردایەتی “محمد زاید” بەردەوام دەبێت و سەرکەوتنی گەورەتر بەدەست دەهێنێت، یاخود تووشی قەیرانی گەورە و دارووخان دێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە ئایندەدا دەبینرێت، بەڵام بە پێی پێدراوەکانی ئێستا؛ ئیمارات تا ئایندەیەکی نزیک و مامناوەند ئەگەری زیاترە بەردەوام بێت لە سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکانی، چونکە وا دەردەکەوێت “محمد زاید” بە وریایی و پلانەوە ئەو سەرکێشییانە دەکات و بە ئاگایە لەوەی چۆن و کەی دەچێتە ناو ئەو یاری و هاوکێشە قوورسانەوە و، چۆن و کەی لێی دێتە دەرەوە، بۆ نمونە سیاسەتی ئیمارات لە یەمەن، دەرخەری ئەو وریایی و زیرەکییەیە کە “محمد زاید” هەیەتی، بەڵام ئایا دوای مردنی “محمد زاید” ئەو سیاسەتە بەردەوام دەبێت؟ شکست دەهێنیت یان گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا دێت؟ ئەم پرسیارانە ئایندە وەڵامی دەداتەوە.
“ئیمارات” نمونەیەکی گرنگە بۆ زیرەکی و جورئەتی سیاسی، دەکرێت دەوڵەتێکی بچوک کە کۆمەڵێ خێڵ و خێزان حوکمی دەکەن ڕۆڵی گەورە ببینێت لە هەندێ هاوکێشەی سیاسی وا ئاڵۆز، کە بۆ دەوڵەتانی گەورە و پێشکەوتوو و دیموکراتی وەک “ئەمریکا” و دەوڵەتانی ئەوروپاش زۆر قورس و ئاڵۆز بێت لە ئیماراتەوە ئەوە فێر دەبین، کە مەرج نییە بۆ ئەوەی دەستکەوتی سیاسی گەورە بەدەست بهێنرێت، سوپایەکی بەهێز و ئابووری و پیشەسازییەکی زەبەلاح و ئاستێکی بەرزی زانستی و تەکنەلۆجی هەبێت، بەڵکو زیرەکی و تێگەیشتن لە هاوکێشەکان و ململانێکان، جورئەتی سیاسی و، متمانە بەخۆ بوون، هەل قۆستنەوە، بەکارهێنانی داهاتی وڵات بۆ بەرژەوەندی نیشتیمانی وسیاسی گەورە، دەکرێت پێشمەرجی سەرەکی بن، هەندێ کات، بۆ بەدەست هێنانی ئامانج و دەستکەوتی سیاسی گەورە.