فەرمانڕەوایی ناوچەی دەوڵەتی ئیسلامیی کۆتای هات. ڕۆژی شەمە ٢٣ ی مارس، هێزەکانی سوریای دیمۆکرات ڕایانگەیاند دوا مۆڵگەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعش ئازادکرا.
تەنانەت پێش ئەم هەواڵەش سەرۆک ترامپ دەمودەست ڕایگەیاند “ئەرکەکە کۆتای هات” لە سوریا. لەگەڵ ئەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشتر ئەوە فێربوون کەوا قسەی بریقەدار، ڕاستی ناشارێتەوە. ڕاستیەکەش ئەوەیە، هێشتا زووە و کاتی نوسینەوەی مەرگی داعش نەهاتووە.
هەرچەندە ڕێکخراوەکە گورزێکی قورسی بەرکەوتووە و لە ڕووی هزری و کردارییەوە لاوازبووە، بەڵام نەبەزیووە، هەروەها شانە توندڕەوەکانی کاردەکەن. ناکرێ بووترێ دەوڵەتی ئیسلامیی لەناو چووە، هەتاکو ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی دروستبوونی، ڕێگەی بەردەوامبوونی پێ بدەن. سیاسەتی شکستخواردووی جیهانی عەرەبی و ئیسلامیی، بێنەوبەردە و ناشەرعی بوونی دامەزراوەکانی دەوڵەت، هەروەها بەردەوامی بەربەرەکانێ جیۆستراتیژییەکان و دەستوەردانە دەرەکییەکان، دەرفەت دەبێ بۆ داعش و هاوشێوەکانی کە جارێکی تر خۆیان ڕێکبخەنەوە.
زیادەڕەوی نییە، بەپێی دیدی سەرەکی مێژووی ئەم دواییانەی بزاڤەکە ئەشێ بووترێ چۆن ئەم هەستانەوە، گەشەکردن و بەهێزبوونەوە، بەرمەبنای ئەو هەستی خراپەکاری و نادادپەروەرییە یە کە موسڵمانە سونی مەزهەبەکان لە ئێراق، سوریا و وڵاتانی تردا دەرکی پێدەکەن.
یەکەم هۆکاری دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامیی قەیرانی ڕێکخراوەیی بەڕێوەبردنی ناوچە یاخییەکانە کە ئێراق، سوریا، لیبیا، یەمەن، نیمچە دورگەی سینا، ڕۆژئاوای ئەفریقیا و ئەفغانستانی تەنیوە. ئەو ناوچانەی دەوڵەت یان دەسەڵاتە نێوخۆییەکان کۆنترۆڵی ئەوتۆیان بەسەریدا نییە و پاڵپشتی پێویستیان ناکەن، ئەبێتە زەمینەیەکی لەبار بۆ ڕێکخراوە توندڕەوەکان.
هۆکاری دووەم ئەو جەنگە ساردە سەختەیە کە لە نێوان سعودیەی سونی و ئێرانی شیعی دایە. ململانێی ئێران-سعودیە لە ڕێگەی حیساباتە جیۆ سیتراتیژییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەوەش لەمیانی ناکۆکییە مەزهەبگەراییە نیوخۆییەکانەوە کە ڕۆژانە لە شەقامەکانی ئێراق، سوریا، لوبنان، یەمەن و شوێنەکانی تر ئەنجام دەدرێن. دەوڵەتی ئیسلامی داعش، سودی لەو ململانێیە وەرگرتووە لەڕێگەی وێناکردنی خۆی وەک پارێزەر و بەرگریکاری ستەملێکراوە سوننی مەزهەبەکان.
ناکۆکییە جیۆستراتیژییە کەڵەکەبووەکانی نێوان ئێران و سعودیە، پلانگێڕییەکە بۆ هێزە ناوچەیی و دەرەکیەکانی تر کە تاقمە توندڕەوە نێوخۆییەکان بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە سیاسیەکانی خۆیان بەکاربهێنن. بۆ نمونە، سوریا، عێراق، یەمەن، و لیبیا ئەو ناوچانەن کە هێزە نێودەوڵەتییەکانی تری وەک “تورکیا، ڕوسیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا” دەجەنگن بۆ ئەوەی کاریگەری و دەسەڵاتیان بەسەر ئەو ڕەوشەدا بسەپێنن و داعش و قاعیدە لە بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە.
هۆکاری سێیەم بڵاوبوونەوەی چەکدارەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی و هەڕەشە بەردەوامەکانیانە. با بگەڕێینەوە دواوە بۆ ساڵی ٢٠١٦، کاتێک کە دەوڵەتی ئیسلامیی دەستیکرد بە لەدەستدانی ناوەندە شاریەکان، ئەوکات سەرکردەکانیان دەستیان کرد بە دانانی پلان بۆ ئەمڕۆ. هەزاران چەکداریان لە ئێراق و سوریا لەگەڵ هاوڵاتیانی سڤیلدا هەڵهاتن و پەرش بوونەوە و خۆیان وونکرد. شانەکانیان تا ئێستا سەدان هێرشی وێرانکەریان لە هەردوو وڵات ئەنجام داوە.
ئەم ڕەوتە، پاشماوەکانی بە دوور و نزیکدا بڵاوەپێکردووە. سەدان لە چەکدارە مەیدانییەکانی پێشووی ڕەوانەی تورکیا، میسر، لیبیا، یەمەن، ڕۆژئاوای ئەفریقیا، ئەفغانستان و وڵاتانی تر کردووە.
بە پێچەوانەی ڕێکخراوی قاعیدە کە لە ئێستادا لە دۆخێکی کوشندە دایە، دەوڵەتی ئیسلامیی تۆڕێکی گەڕۆکە لەگەڵ بنکە و شانەی نوستوو لە چەندین وڵاتدا.
بۆیە لەگەڵ ئەو گورزە سەربازیە ئازاربەخش و دۆڕانە ناوچەییەدا کە گروپەکە بەریکەوتووە، داعش بەرگەدەگرێت و بێ چەندوچوونی ئەوەی ڕوونکردۆتەوە کەوا سەرەڕای ڕووخانی لە ڕووی سەربازیەوە، خەلافەت بەردەوام دەبێت لە جەنگ. لە سەرەتای مانگی مارس دا، سەرەڕای پێشڕەوی هێزە کوردییەکان بە ئاراستەی دوا مۆڵگەی لە شارۆچکەی باغۆز لە سوریا، چەکدارانی گروپەکە گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە کە داوایان لە شوێنکەوتوانیان دەکرد بەردەوام بن لە پاڵپشتیکردنی خەلافەتەکەیان.
دواجار، پێش ئەوەی لەلایەن هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکاوە بکوژرێت، لە ساڵی ٢٠١٦ دا لە سوریا، “ئەبو محمد عەدنانی” دووەم کەسایەتی بەهێزی داعش لە پاش ئەبو بەکر بەغدادی، شوێنکەوتوانی خۆی سازدەکرد بۆ جەنگی داهاتوو. ئەو بە ئاماژەکردن بە گروپی ئەلقاعیدەی دایەنی داعش لە ئێراق ڕایگەیاند: ” ئەی ئەمریکا، سەرنج بدە شکست لەدەستدانی شار یان لەدەستدانی خاکە؟ ئایا شکستمان هێنا کاتێک شارمان لەدەستدا لە عێراق و ئەی بیابانەکان شار و خاک نیە؟”
هەروەک لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٠ شکستی ڕێکخراوی قاعیدە لە ئێراق ڕاگەیەنرا، دەوڵەتی ئیسلامیی دەگەڕێتەوە بۆ ڕیشەی یاخیبوونەکەی. هەروەها دوای کەمتر لە یەک ساڵ لە وەدەرنانیان لە ناوەندەکانی شار، ڕێکخراوەکە هەڵمەتێکی دەستوەشاندنی لە ئێستادا دەستپێکردووە کە سەدان ئێراقی کوشتووە کە کەسایەتییە تەناهییە دیارەکان و سەرۆک هۆزەکانی گرتۆتەوە. داڕشتنی پلانی تۆقاندنی کۆمەڵگا، چاندنی نائارامی و دەرخستنی بێ توانایی هێزە تەناهییه عێراقییەکان لە ستراتیژی داعشە.
حکومەتی گەندەڵ و لە کارکەوتووی بەغدا، شارە سونییە وێرانکراوەکانی “وەک موسڵ” کە لەدەستی داعش ڕزگارکراوە، فەرامۆش کردووە. جارێکی تر ڕێکخراوە توندڕەوەکە پەنا دەباتەوە بەر ئەو سوننیە ناڕازییانەی کە هەست بە پشتگوێ خستن دەکەن لەلایەن ئەو دەسەڵاتەی شیعەکان تێیدا باڵادەستن. توندبوونەوەی ململانێکانی ئەم دواییانەی ئەمریکا و ئێران لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ دا لە ئێراق، خزمەتی زیاتری بە لاوازکردنی حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و بەهێزکردنی داعش کردووە.
بەهەمان شێوە، لە سوریاش شانە نوستووەکان ناوبەناو لە ناوچە ئازادکراوەکانی ڕەقە و دێرەزوور هێرش ئەنجام ئەدەن کە قوربانی لە ڕیزەکانی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات کە لە عەرەب و کورد پێکهاتوون لێدەکەوێتەوە. هاوشێوەی ئێراق، دەوڵەتی ئیسلامیی لە سوریا چاوەڕێی کاتی خۆی دەکات، بە هیوای ناکۆکی تورک لەگەڵ کوردەکان و بڕیاری دۆناڵد ترامپ بۆ پاشەکشەپێکردنی بەشێکی زۆر لە هێزەکانی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بۆشای تەناهی دروستبکات و ئەوان پڕی بکەنەوە.
پێش ئەوەی سەرۆک ترامپ ئامێزی سەرکەوتن بکاتەوە، دەبێت بزانێت قۆناغی داهاتووی ململانێ لەگەڵ داعش و قاعیدە ئاڵۆز، قورس و دوورودرێژ دەبێت. ستراتیژی ڕووبەڕووبونەوەی تێرۆر بەس نییە. لەناوبردنی هەمیشەی گروپە جیهادییەکان ستراتیژێکی ئابوری، سیاسی و هزری لەگەڵ چاودێری درێژخایەن دەخوازێت.
ئەو ئاڵنگارییەی ڕووبەڕووی عەرەب و کۆمەڵگا ئیسلامییەکان دەبێتەوە، پەرەپێدانی بیری دژە جیهادییە. ئەم خواستە شەفافیەت، حکومەتێکی هەمەلایەن و نوێنەرایەتی دەوێت کە هەلی کار و ئومێد ببەخشێت، هیوا ببەخشێت بە ملیۆنان پیاو و ژن لە ئاییندەی وڵاتەکانیان، کە هەست بە پەراوێزخستن و بێ خزمەتگوزاری دەکەن.
بەدیاریکراوی، لە بری ئەوەی سەرەڕۆییانە ململانێ جیۆستراتیژییەکان جۆش بدات و ناکۆکی عەرەب-ئیسرائیل تاوبدات، پێویستە ئەمریکا لەگەڵ زلهێزەکانی تردا هاوکاربن بۆ ئاشتکردنەوە و بونیادنانەوەی ئەو کۆمەڵگا موسڵمانانەی جەنگ وێرانی کردووە، ئەگەر ئەمریکا وەها نەکات، داعش لەساڵانی داهاتوودا وەک مەترسییەک دەمێنێتەوە.
وادیارە سەرۆک ترامپ خەون و ئارەزووی پەیڕەوکردنی وەها ستراتیژێکی دوورمەودای هەیە. بەڵام ئەگەر دەیەوێت ئاهەنگی سەرکەوتنی ڕاستەقینە بەسەر دەوڵەتی ئیسلامیدا بگێڕێت، دەبێت بایەخ بە دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی کردەوەکانی بدات.
نوسینی: فەواز جەرجیس
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: داهۆ سالم
سەرچاوە: نیورک تایمز