کاتێک بیر لە نەمان و لەناوچوونی شارستانییەت دەکەینەوە، ڕوونە هۆکاری ئاڵۆزی هەیە لە نێوان بەریەککەوتنی هۆکارە فەرهەنگیی و کۆمەڵگەییەکان. پێکهاتەی شارستانیەتەکەمان بە شێوەیەکی ئاڵۆز لە نەریت و بەها فەرهەنگییەکان تواوەتەوە کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەمان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانمان هەیە. بەڵام هەندێک ئاراستە و ڕەوتی پەیوەندیدار و مەترسیدار هەن، لەناو فەرهەنگ و کۆمەڵگاکەمان و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە گشتی، کە ئەگەر پێشیان نەگیرێت، رێگە بۆ داڕمان خۆش دەکەن. ئەو هۆکارانە هەرچیەک و چۆنێک بن، گۆڕانی کەشوهەوا، لاوازبوونی خێزانەکان، پاشەکشێی خزمەتگوزاری و خزمەتگوزاری گشتیی، نەبوونی لێبوردەیی، خراپی پەروەرد، نەبوونی ئارامیی و ئاساییش، تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد، هەموویان پەیوەندییان بە خراپیی بەڕێوەبردن و کارگێڕیی گشتییەوە هەیە و سەرەنجام نەمانی وابەستەیی و پابەندی هاووڵاتیان و تەشەنەکردنی ڕق و هەستی دژە-دامەزراوەیی-بوون سەرهەڵدەدەن.
لەناوچوون، داتەپین و رووخانی شارستانییەتەکان، وڵات و ئیمپراتۆریەت، لە رابردوو زیاتر بە هۆی چەند هۆکارێکی وەکو هۆکاریی ژینگەیی، شەڕ و ململانێ، پاوانخوازیی نەبوونی لێبوردەیی لەگەڵ بەرامبەر، هۆکاری ئابووری و بەکارهێنانی ئایین بوون. وەک نمونە، سۆمەرییەکان بە پشتگوێ خستنی لایەنی ئاساییش، تێکچوونی ژینگە و دارستان، فراوانخوازیی و نەبوونی لێبوردەیی هاوسێکانیان لە ئەکەدی و ئیلاماتیەکان بەرەو پووکانەوە چوون. ئەوان پێکهاتەی تەواو جیاواز بوون، کاتێک سۆمەرییەکان سەرقاڵی پێشکەوتن و دەستکەوتی مرۆیی و شارستانی بوون، دژەکانیان چاویان بڕیبووە سامان و فراوانخوازییان دەمێک بوو دەست پێ کردبوو.
“شارستانییەتە دێرینەکان بەهۆکاری ژینگەیی و لاوازی پلانی خۆپارێزیی لەناوچوون”
لە لایەکی دیکە میدیەکان، کە باپیران یان رەچەڵەکێکی کوردن، وێڕای پێشکەوتنی بەرچاو و دەست گەیشتنیان بە زۆرینەی وڵاتی ئێستا بەناو ئێران تا دەگات پاکستان، بەشێکی بەرچاوی ئێراق و تورکیای ئێستا و ئەرمینیا و ئازەربایجان و وڵاتانی دیکەی هەرێمەکە، کەچی هەندێک هۆکار چۆکی پێدادان. میدیەکان بە ستراتیژدانەری ناوازە و بێ نمونەی جەنگ و بەرێوەبردن ناوبانگیان دەرکردووە، لە رووی شوێنەوارییش پاشماوەیان وەکو کۆشکی ئاپادانەی پێرس پۆلیس و چەندین شوێنەوار و هەڵکۆلدراوی دیکەن. میدییەکان بەهۆکاری ململانێی بابلییەکان لە لایەک و ناپاکیی فارسەکان لە لایەکی دیکە، کە بەشێکی ئیمپریاتۆریەتەکە بوون، لەناوچوون. ئەمەش هۆکاری کەموکوڕی بەڕێوەبردن و هاوکات چاو تێبڕین و فراوانخوازی هاوسێکانیان بوون. هەرچەندە کاریگەرییەکانیان ماون و بەردەوام بوون و بەردەوامن، بەڵام وەکو شارستانیەتێکی هەرێمیی، پووکانەوە. ئەمە بۆ چەندین شارستانیەت و دەوڵەتی پێشکەوتووی دێرینیش کەم تا زۆر هەر ڕاستە. شارستانیەت و پێکهاتەی شارستانی و کارگێڕی دیکە هەبوون، کە بەهۆکاری جیا جیا لەناوچوون، بەڵام لە هەموویان ژینگە یەکێک بووە لە هۆکارە بەهێزەکان، لەوانی دیکە پشتگوێ خستنی لایەنی پابەندی هاوڵاتیان و ئاساییشە، کە ئاساییش و هۆشیاری ئەو لایەنە پەیوەندی راستەوخۆی بە پابەندی هاووڵاتیان بە بەڕێوەبردن و حکومەت هەیە.
“تێکچوونی ژینگە و وێرانکردنی دارستان و بە بیابان بوون هۆکارێکی زەقی زۆربەی شارستانییەتەکانە”
هۆکارێک کە شارستانیەت لەناو دەبات، نەبوونی ڕێز و بەها کۆمەڵایەتییەکانە، کە لە لایەن لایەنە جیاوازەکانی کۆمەڵگە تەشەنەی کردووە. بەو پێیە، ئاماژەکان نزیکن، کاتێک ڕێزگرتن لە بەرامبەر کەم دەبێتەوە، هەڕەمی خێزانیی و کارگێڕیی بێ بەها دەبێت، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لاواز دەبێت و دەبێتە هۆی زیادبوونی ململانێ و دابەشبوون و پەرت و بڵاویی، دواجار دەتوانێت پەیکەری شارستانیەتی ئێستامان بڕووخێنێت. لەوەش خراپتر، بە هۆکاری زاڵبوونی بەرژەوەندی کۆمەڵایەتی و خزمایەتی و ئابووری لە رۆژهەڵات و ئایدۆلۆجی لە ڕۆژئاوا، هەلومەرجی لەبار و لەرزۆک هەن تا ئەو داتەپینە شارستانییە ڕوو بدات.
“ئاسایی بوونی جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان پابەندی ناهێڵێت”
نیگەرانییەکی دیکە، تێکچوونی بەرچاوی پەیوەندی هاوسەرگیریی و پێکەوەژیانە، بە شێوازە نەریتیی و تەندروستەکەیەوە. لە کاتێکدا دامەزراوەی هاوسەرگیری ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی وەک بەرزی ڕێژەی جیابوونەوە، نەبوونی پابەندبوون و ناپاکی دەبێتەوە، سەقامگیری خێزان و کۆمەڵگەکان بەو هۆکارە دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی لەبارچوون، ئەمەش کاریگەری لەسەر خۆشگوزەرانی گشتی کۆمەڵگە دەبێت. دواجار تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە، کە پێکهاتەی بیریار و هزریی و کرداریین، بە دەروونێکی رووخاو کۆمەڵگە ئاراستە دەکەن. بە دیاردە بوونی هەندێک نمونەی سەرەوەش، کە نەک لە ڕۆژئاوا، لای ئێمەش تەشەنەی کردووە، هۆکارن تا بەهاکان نەمێنن و نەمانی بەها خێزانیی و کۆمەڵایەتییەکانیش وا دەکەن نەوەیەکی بێ خۆشەویستی، پەراوێزخراو، هەست و سۆز بریندار و دژوار و رقدار بەرهەم بێت، کە نمونەکانی لێرە و لە جیهان دیارن و خراپتریش دەبێت. بەشێکی ئەو پوکانەوەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە وەها لە لای چەپ و بەشێک لە لیبرالەکان بانگەشەی ئەوە دەکرێت ڕەگەز پێکهاتەیەکی گۆڕاوە و بە ئارەزوو بەندە. نێر و مێ کە بە بێ یەکتری ناتوانن شیرازەی کۆمەڵگەیەکی ئاسایی رابگرن، جیاوازییە ئایدۆلۆژیی و سیاسیی و فەرهەنگی ئاراستەکراو وا دەکات ئەو دوو رەگەزە وەکو دژ تەماشای یەکتر بکەن. دیارە خراپ بەکارهێنان، یان لەرزۆکیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خراپ بەکارهێنانیان و بە بازرگانی کردنی جەستەی نێر و مێ وای کردووە پەیوەندیە تەندروست و نەریتییە ئەرێنییەکانی وەکو هاوسەرگیریی بەرەو بێڕێزیی و بێسەروبەریی ببەن و نەهێڵن.
“کۆمەڵگە پێویستی بە یاسا و ڕێسای نوێ هەیە بۆ سنووردانان بۆ کاری نەشیاو”
رەنگە ئەم خاڵە پەیوەندی بە خاڵی رابردووەشەوە هەبێت. ئەوەمان لە یاد بێت زۆر جار دەگوترێت خۆپارێزیی باشترە لە چارەسەر، کوردیش دەڵێت: “بەر لەوەی تایەکە بگریت، بەڕەیەک بخەرە سەر خۆت و خۆت داپۆشە.” بە کورتی و کوردی، هۆکارەکە ئەو نەخۆشیانەن، کە بەهۆی کرداریی سێکسی دەرەکیی، لابەلا و بازرگانی سێکسی و …هتد و کاری سۆزانیی و نابەرپرسیارانەوە دەگوازرێنەوە. لێرە گرنگی پێشخستنی پەروەردەی تەندروستی سێکسی یاسایی و بەرپرسیارانە و تەندروست دەردەکەوێت. لە یادمان بێت، بۆ نمونە، بڵاوبوونەوەی هەوکردنێکی سێکسی دەتوانێت چەند جەستەیەک بخاتە ژێر هەڕەشەوە و ناتەندروستیان بکات، ئەمە وێڕای کاریگەرییە نەرێنییە دەروونییەکانی نەخۆشیەکە لەسەر بەرکەوتەکان و دەوروبەر. بەوەش دواجار، هەم پێکهاتە بچووکە کۆمەڵایەتییەکان تێک دەچن، هەمیش گران لەسەر دامەزراوە کارگێڕیی و حکومییەکان دەکەوێت. لێرە گرنگە پەروەردەی تایبەت بە لایەنی سێکس لە ماڵ و قوتابخانە و مزگەوت هاوتاکانی دیکە، یەک ئاراستە و ڕوون بن، ئەمەش جەخت لەسەر پێویستی پەروەردەی سێکسی گشتگیر و خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی دەستڕاگەیشتوو دەکاتەوە. پێڕۆیەکی تەندروستی کارگێڕیی دەتوانێت ئەو خراپ و ئافاتە تەندروستی و کۆمەڵایەتیە بگۆڕێت. بەڵام لەوەش پێویستتر بوونی یاسا و ڕێسای پەیوەستن تا دیاردەی بەشیعر سنووردار بکەن و لەناو ببەن.
“چۆنایەتی فێرکردن لە خراپتر بوونە”
بێجگە لەمەش، دابەزینی چۆنایەتی پەروەردە و فێرکردن، ئاراستە و بە سیاسییکردن و بەرزبوونەوەی تێچوونەکانی، لە لایەک و فرە پەروەردەیی و دووریی بەریەککەوتنی ئامانجی ئەو پەروەردە جیاوازانەی وەکو گشتی و تایبەت، ماڵ و مزگەوت و کۆڵان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ژینگە، لەلایەکی دیکە، مەترسیی بەرچاون لەسەر داهاتووی شارستانیەتی ئێستا. کاتێک پێوەرە پەروەردەییەکان تێکدەچن، دەرفەتەکانی گەشەکردن و داهێنان کەم دەبنەوە، ئەمەش ڕێگریی دەکات لە پەرەپێدانی هێزێکی هۆشیار، جەستەیەکی ساخلەم بۆ دەستکەوتی تۆکمە و پتەو، کە پێویستن بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە. بە داخەوە، بە تێکڕا، جیهان بە دەست فرەپەروەردە و بەریەککەوتنی هزر و بیروبۆچوونەکان، کە بەشێکی بەرچاویان پووچ گەرایی و سیاسیی و بازرگانیین، وایان کردووە لایەنی پەروەردەیی پشتگوێ بخرێت و لایەنە زانستیەکەش لە چەند بابەتێکی جۆشدراو بە سیاسەتی ئاراستەکراو کۆمەڵگە ئاراستە بکەن. ئێستا وەکو نمونە، بە سیاسەتکردنی پرسی جێندەر، وای کردووە، ترس و تۆقین کۆمەڵایەتی لە ناوەندە پەروەردەیی و ئەکادیمییەکان دروست بێت، لە جیهانێکی دوو جەمسەریی هزریش، تەنیا بژاردەی تووندڕۆیی بوون دەکەونە بەرچاو، یان ڕەش یانیش سپی. هەر بۆیە دیاردەی کۆنەپارێزیی و تووندڕۆیی پەرەدەسێنن، چونکە پەروەردە و خوێندن بە سیاسی کراوە و لە پرسی وەکو ڕەگەز و ناسنامە، ناوەندە پەروەردەییەکانی دەرەوە تووشی بەریەککەوتنێکی زۆر بوون، کە رەتکردنەوەی داب و نەریتە؛ دواجار مەرج نیە هەموو شتێکی کۆن و ڕابردوو خراپ بێت و نوێ پێچەوانە.
لە یادمان نەچێت، بەرزبوونەوەی تێچووی چاودێری تەندروستی و بە بازرگانیی کردنی خزمەتگوزاری و پێوێستیی تەندروستی، لە تەک هۆکارەکانی دیکە، نا دادگەریی دروست دەکات و وابەستەبوون بۆ وڵات و دامەزراوە حکومییەکان ناهێڵێت. بە داخەوە ئێستا لە کوردستان مووچەی مامۆستایەک و پێشمەرگەیەک، دەکاتە یەک شەوی خەوتن لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت، وێڕای ناڕەزایی و سەرنج و تێبینی، هیچ چارەسەرێک بەدی ناکرێت. وای لێهاتووە بە هەفتەیەک نەخۆش کەوتن، پێشمەرگەیەک یاخود مامۆستا یان فەرمانبەرێک، ئۆتۆمبێلە کۆنەکەی بفرۆشێت و خانووی کرێش بۆ یەکێکی خراپتر و دوورتر لە ناوەندی شار بگوازێتەوە. باشە کەرتی گشتی کاری چیە؟ هەر چۆنێک بێت، ئەمە خراپی کارگێڕیی تەندروستی و کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان نیشان دەدات. وەکو پێشبینی دەکرێت، ئەو بارودۆخە وەها بەردەوام دەبێت، بەمەش نایەکسانی کۆمەڵایەتی و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان سنووردار دەکات، دەرئەنجام، ئەمەش تەندروستی و خۆشگوزەرانی تەواوی دانیشتووان دەخاتە مەترسییەوە. لە زۆرێک لە وڵاتان نەبوونی بیمەی تەندروستی، کە دیسان پارەیەکی زۆر و ناپێویست وەردەگیردرێت، زۆر لەسەر هاووڵاتیان دەکەوێت و بێ نمونە هێنان، زۆرێک لە نەخۆشەکان لە ترسی تێچووی تەندروستی سەردانی نەخۆشخانەکان ناکەن. لەوەش خراپتر، ئێستا کۆمەڵگە بۆ بەشی ناوچەی زیندوو و مردوو دابەش دەبن، لە سەردەمێک کە چارەسەری بایۆپۆلیتیکسانە پێویستن. دڵنیابوون لە چاودێری تەندروستی بە نرخێکی گونجاو و یەکسان زۆر گرنگە بۆ پاراستنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و داهاتوودا، کە ئاماژەکان پێچەوانەی دەر دەخەن.
“سستی و خاویی لایەنی جێبەجێکاری یاسا و پێشێلکردنی زۆر بووە”
هۆکاری لاوازیی و لاسەنگیی یاسا و جێبەجێکاری یاسایی و لەویش خراپتر جیاوازیی کردنە لە نێوان هاووڵاتیان. لەم سەردەمە جێبەجێ کردنی یاسا زیاتر لە ژێر ڕکێفی سیاسەت و پارە و ئابوورییە. دیاردەیەکی گشتی جیهانییە، گشتاندن نەبێت و هەرچەندە ئەمە لە وڵاتێک بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت. ئەوەمان لە یاد نەچێت، دواجار کێشەی نەبوونی دادگەریی، نا سەروەریی یاسا و دەربازبوونی پارەدار و دەسەڵاتدار لە پرسە یاساییەکان راستەوخۆ لە بەهای پێکەوەژیان و بەهای دەوڵەتداریی و بەڕێوەبردن و پابەندیی هاووڵاتیان دەدات. تێبینی دەکرێت زۆر جار لە نمونەیەکی بچووکی وەکو جێبەجێ کردنی یاسایەک لە سەر تاوانێک کە بە سزای دارایی چارەسەر دەبێت، هەژار لەسەر سزایەکی دارایی دەبێت بەند بکرێت، بەڵام دەوڵەمەند، کە سوودی لە خراپی بارودۆخەکە وەرگرتووە، گشتاندن نەبێت، بە بڕە پارەیەک ئازاد دەکرێت و سزا داراییەکە دەژمێرێت. لەوەش خراپتر بوونی ناوەند و دامەزراوەی نەریتین، کە دیسان لەسەر بەرژوەندی بڕیار لە چارەنووسی مرۆڤەکان دەدرێت و دەبنە جێگرەوە یاسا و دواجار ناپەسەندکردنی دامەزراوە یاساییەکان. ئەمەش هۆکارە بۆ دزێوکردنی دامەزراوەکان و حکومەت لە بەرچاوی هاووڵاتیان و دواجار نەمانی پابەندیی و وابەستەیی بە نیشتیمان.
“گۆرانی کەشوهەوا و نەمانی دارستان هۆکاری دیکەی تێکچوونی شارستانیەتن”
هۆکاری گۆرانی کەشوهەوا و بە بیابان بوون، نەمانی ئاوی ژێرزەوی شیرین و پیسبوونە دەنگیی و ژینگەییەکانیش هەڕەشەی رژدن. گەرمبوونی بەرگەهەوای زەوی و توانەوەی بەستەڵەک وێڕای زیادکردنی ئاستی ئاوی سوێر و دەریاکان، نەخۆشیی و بەکتریا و ڤایرۆسی بسمەستراو دەردەدەن و دەبێت پشبینی نەخۆشیی وەهاش بکەین کە سەدان هەزار ساڵە بە بەستەڵەک و بەستراو بوون، زیرەکی دەستکرد، رۆبۆت و تەکنەلۆجیا بەگشتی خەریکە شوێنی مرۆڤ دەگرنەوە، ئەوەش وادەکات لە باشترین بارودۆخ هاووڵاتیان بەهۆی رۆبۆتەکان و زیرەکی دەستکرد کار لەدەست بدەن. لەو سەردەمەی ئەی ئای، زیرەکی دەستکردن و چات جی پی تی، بەهای توێژینەوە و ئەدەبیات و زۆر شت لەق دەبێت، مەگەر بە پێشی پێ نەگیرا بێت. “هێرشی ئەلیکترۆنی و مەترسی بوونەوەری ئاسمانیش لە داهاتوو دەشێ هۆکاری دیکە بن بۆ لەناوچوونی دەوڵەت و شارستانیەت.” ترس و ئەگەری هێرشی بوونەوەرە ئاسمانییەکانیش دەکرێت هۆکاری دیکە بێت و و ڕوودانی ئەستەم نیە.
شارستانیەتی مرۆڤایەتی ئێستا و زۆرینەی دەوڵەت نەتەوەکانی دوای داگیرکاریی ڕۆژئاوا و داگیرکارییەکان و رژێمە زلهێزەکان بە گشتی لە پوکانەوە دان و نەمانی پاڵپشتیکاریان لە زیاد بوونە. ئەوەش هەلومەرجی جیهانی زیاتر لەرزۆک کردووە لەبەردەم جەنگێکی جیهانی، تەشەنەی پەتایەکی کۆکوژ، وێڕای هێرشی ئێلیکترۆنی و زیرەکی دەستکرد و رۆبۆتەکان، کە دەکرێت لە ئاسمان و زەوی کۆتایی بە مرۆڤایەتی بهێنن، لە سەردەمێک کە رەتکردنەوەی بەرامبەر لە هەرکاتێک زەقترە، دامەزراوەکانی وەکو نەتەوەیەکگرتوەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەش توانای چارەسەرکردنی هیچ جەنگ و کێشەیەکیان نەماوە. هەرچۆنێک بێت، لە کەمترین نەمانی هاوسەنگیی هێزی نێوان زلهێزەکان، جەنگ بەرپا دەبێت و مرۆڤایەتی دووچاری نەهامەتیەک دەبێتەوە لە پێشان ڕووی نەدابێت!
“نەمانی پێگە و بەهای دەوڵەتانی دوای کۆلۆنیالیزم و شکستهێنانیان”
ئەو هۆکارانەی سەرەوە کە باس کراون، هۆکارگەلی شکست و پووکانەوەی شارستانیەت و نەمانی وابەستەیی هاووڵاتیانن بە دامەزراوە و دەوڵەت و حکومەت، بەوەش ئەو پێکهاتە سیاسیی و فەرهەنگیانە ئەفسانەی فەرهەنگی هاوبەشیان دەسڕێتەوە، یادگارییە هاوبەشەکان نامێنن، بەها بۆ مێژووی هاوبەش و ئێستا و داهاتووی هاوبەشیش لە ئارادا نابێت، چونکە دوو و سێ پەروەردە و فەلسەفەی ئاراستەکراو، خۆجێیی و پەراوێزخراو ئاراستەیان دەکات. دواجار کاتێک جیاوازیی هەبێت لە دەرفەتی کار، یاسا و جێبەجێکردنی، خراپی چۆنایەتی پەروەردە و خوێندن، جیاوازیی هەبوونی ئاساییش و ئارامیی ناوچە دەوڵەمەند و هەژارنشینەکان (ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە نابێت هەژار هەبێت، هەرچەندە رێژەکە جێی گفتوگۆیە) بێت، وا دەکەن هاووڵاتیان شارستانیەت و دەوڵەت بەهی خۆیان نەزانن، یانیش وەکو عەرەبە سونەکانی ئێراق، پەنا بۆ جێگرەوەی دژ و خراپی وەکو داعش ببەن تەنیا بۆ ڕزگاربوون لە خراپی دەسەڵاتی جیاکاری ئێراق. ئەمە وێڕای ئەوەی دەرچە بۆ داگیرکاریی و داگیرکردنەوەش خۆش دەکات، وەکو چۆن لە هەندێک وڵاتی دوای کۆڵۆنیالیزم هاووڵاتیان هیوا بۆ ڕژێمی وەکو سەدام و تەنانەت گەڕانەوەی کۆڵۆنیالیزمیش دەخوازن. سەرەنجام، بارودۆخێکی دژە دامەزراوەیی دێتە ئاراوە، وەکو لە نێو راستە کۆنەپارێزەکان و چەپە نەریتییەکان هەیە کە پێیان وایە بە سڕینەوەی بەرامبەر و ڕابردوو، داهاتووێکی باشتر دروست دەکرێت.