“مێژوویەکی کورت لەسەر Electroencephalography (EEG)“
یەکەمین تۆمارکردنی دەماریی فسیۆلۆژی (neurophysiologic) لەسەر ئاژەڵان لەلایەن “ڕیچارد کاتۆن” لە ساڵی ١٨٧٥دا ئەنجامدرا. نیو سەدەی تری خایاند تا پڕۆسەی تۆمارکردنی چالاکییە کارەباییەکانی مرۆڤ دەست پێ بکات. “ھانس بێرگەر”، کە پزیشکێکی دەروونیی ئەڵمانی بوو، لە ساڵی ١٩٢٤دا پێشەنگی کرد لە داهێنانی هێڵکاری کارەبایی مێشک (EEG) بۆ مرۆڤ. هێڵکاری کارەبایی مێشک تەکنیکێکی ئەلیکترۆفیسیۆلۆژییە بۆ تۆمارکردنی ئەو چالاکییە کارەباییانەی کە لە مێشکی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرن. بەهۆی هەستیارییە کاتییە وردەکەیەوە، سوودی سەرەکی EEG لە هەڵسەنگاندنی فرمانە داینامیکییەکانی مێشکدایە. ئەم ئامێرە بەتایبەتی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو نەخۆشانە بەسوودە کە گومانی فێ (گەشکە) یان بارودۆخی نائاسایی تریان لێ دەکرێت. جگە لە هەندێک حاڵەتی دەگمەن، نزیکەی هەموو ئەو نەخۆشانەی گەشکەیان هەیە، لە کاتی هێرشی نەخۆشییەکەدا گۆڕانکاریی تایبەت لە هێڵکاریی مێشکیاندا دەردەکەوێت. هەروەها زۆربەی نەخۆشانی گەشکە لە نێوان هێرشەکانیشدا هەندێک بازدانی کارەبایی نائاسایی نیشان دەدەن، کە پێیان دەوترێت:- سپایک، (ماوەکەی کەمترە لە ٧٠ مایکرۆ چرکە)، سپایک و شەپۆل، شەپۆلی تیژ:- (ماوەکەی لە نێوان ٧٠ بۆ ٢٠٠ مایکرۆ چرکەدایە).
جگە لە کارە سەرەکییەکانی، EEG بۆ چەندین مەبەستی کلینیکی دیکەش بەکاردێت. بۆ نموونە، دەکرێت بۆ چاودێریکردنی ئاستی بێهۆشکردن لە کاتی نەشتەرگەرییەکاندا بەکاربهێنرێت؛ بەهۆی هەستیارییە زۆرەکەی لە نیشاندانی گۆڕانکارییە لەناکاوەکانی فرمانی دەمارەکان هەر لە کاتی ڕوودانیاندا، دەرکەوتووە کە زۆر سوودبەخشە بۆ چاودێریکردنی ئاڵۆزییە ئەگەرییەکان وەک کەمخوێنی مێشک یان جەڵتەی مێشک. ڕاستییەکی ناخۆشی پشکنینی هێڵکاری کارەبایی مێشک ئەوەیە کە ڕەنگە چالاکییەکانی مێشک لەژێر کاریگەریی ئەو چالاکییە کارەباییە زۆرانەدا ون ببن کە جەستە یان ژینگەی دەوروبەر دروستی دەکەن. بۆ ئەوەی ئەو ڤۆڵتییە بچووکانەی مێشک لەسەر پێستی سەر دەربکەون، دەبێت سەرەتا بە چەندین فلتەری بایۆلۆژیدا تێپەڕ بن، کە هەم هێزی سیگناڵەکان کەم دەکەنەوە و هەم چالاکییەکە لە سەرچاوە ڕەسەنەکەی خۆی زیاتر بڵاو دەکەنەوە. ڤۆڵتییەکانی مێشک پێش ئەوەی بگەنە شوێنی تۆمارکردن، دەبێت بەناو خودی مێشک، شلەی مێشک (CSF)، پەردەکانی مێشک، ئێسکی کەللەسەر و پێستی سەردا تێپەڕ بن. جگە لەمانە، چالاکییە کارەباییە بایۆلۆژییەکانی تر (وەک ماسولکەکانی سەر، چاوەکان، زمان و تەنانەت لێدانی دڵیش) ڤۆڵتییەکی زۆر گەورە دروست دەکەن کە زۆرجار چالاکییەکانی مێشک دادەپۆشن و دەیشارنەوە. هەروەها، دابڕانی کاتیی ئەلکترۆدەکان دەبێتە هۆی تێکدانی هێڵکارییەکە، یان تەنانەت لاساییکردنەوەی لەرەلەرەکانی مێشک و پەرکەم. کورتەی قسەکە ئەوەیە کە شێواندنە کارەباییە بایۆلۆژی و ژینگەییەکان زۆرجار ڕێگر دەبن لەوەی شیکەرەوەی پشکنینەکە بتوانێت بە وردی ڕیتمە ئاساییەکان و نەخۆشییەکان بناسێتەوە. خۆشبەختانە، ئەم شێواندنانە چەندین تایبەتمەندی جیاکەرەوەیان هەیە کە لەلایەن کەسانی شارەزا و وردەوە بە ئاسانی دەناسرێنەوە.
“تا چەند EEG ورد و دروستە بە بەراورد بە MRI وCT؟”
دروستی و وردیی (EEG) لە چاو پشکنینەکانی تری وەک MRI یان CT سکان، بەندە بەوەی مەبەست لە پشکنینەکە چییە، چونکە ئەم ئامێرانە بە دوو شێوازی جیاواز کار دەکەن.EEG لە ڕووی کاتەوە زۆر وردە، دەتوانێت گۆڕانکارییە کارەباییەکانی مێشک لە چرکەساتێکدا تۆمار بکات، ئەمەش وای لێ دەکات باشترین بژاردە بێت بۆ ناسینەوەی فێ (پەرکەم)، کێشەکانی خەو و چالاکییە خێراکانی مێشک. بەڵام لە ڕووی شوێنەوە کێشەی هەیە، چونکە ئاماژە کارەباییەکان کاتێک بە ناو کاسەی سەردا تێپەڕ دەبن کەمێک تێکەڵ دەبن، بۆیە ناتوانێت بە تەواوی دیاری بکات کە ئەو چالاکییە لە کام خاڵی وردی مێشکەوە سەرچاوەی گرتووە. لە بەرانبەردا، MRI و CT سکان وەک وێنەگرتن وان و لە ڕووی دیاریکردنی شوێن و پێکهاتە زۆر وردترن، ئەوان دەتوانن بە وردی بوونی وەرەم، خوێنبەربوون یان هەر تێکچوونێکی فیزیکی نیشان بدەن کە EEG ناتوانێت بیبینێت. بە کورتی، EEG بۆ زانینی (کەی و چۆن) کارکردنی مێشک وردە، بەڵام MRI و CT بۆ زانینی (شوێن و شێوەی) مێشک زۆر وردترن.
“ئایا EEG دەتوانێت نەخۆشییە دەرونییەکان دەستنیشان بکات؟”
تۆمارکەری کارەبایی مێشک یان EEG وەک پەنجەرەیەکی ئاڵۆز کاردەکات بۆ بینینی داینامیکی کارکردنی مێشک، ئەمەش لە ڕێگەی تۆمارکردنی چالاکییە کارەباییە کۆکراوەکانی دەمارەخانەکانەوە دەبێت کە بەهۆی ئەلیکترۆدە جێگیرکراوەکانی سەر پێستی سەرەوە دەست دەکەوێت. هەرچەندە EEG ناتوانێت بە تەنیا دەستنیشانی بارودۆخێکی تەندروستی دەروونی بکات بەو ڕوونییەی کە پشکنینی خوێن بۆ هەوکردنێک دەیکات، بەڵام دەتوانێت نیشانە بایۆلۆجییە تایبەتەکان دیاری بکات کە بریتین لە شێوازی شەپۆلەکانی مێشک وەک (دەلتا، ثێتا، ئەلفا و بێتا) کە زۆرجار پەیوەندییان بە بارودۆخە دەروونییە جیاوازەکانەوە هەیە. بۆ نموونە، ئەو کەسانەی تووشی خەمۆکی کلینیکی بوون، زۆرجار جۆرێک لە ناڕێکی لە شەپۆلی ئەلفای پێشەوەی مێشک نیشان دەدەن، کە تێیدا هێزی شەپۆلەکانی ئەلفا لە نێوان بەشی چەپ و ڕاستی ناوچەی پێشەوەی مێشکدا جیاوازییەکی بەرچاویان دەبێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ناهاوسەنگییە لە پرۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ هەستەکاندا. بە هەمان شێوە، ئەو کەسانەی کێشەی کەمبوونی سەرنج و جووڵەی زۆر (ADHD)یان هەیە، زۆرجار ڕێژەیەکی بەرزی (شەپۆلی ثێتا بۆ بێتا) نیشان دەدەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی ئەو چالاکییە خێرایانەی کە بۆ سەرنجدانی بەردەوام پێویستن و زیادبوونی شەپۆلە خاوەکان کە پەیوەندییان بە دۆخی پشوودانەوە هەیە. لە پزیشکی مۆدێرندا، ئەم تۆمارانە زۆرجار لە ڕێگەی (qEEG) یان EEGی بڕییەوە شی دەکرێنەوە، کە تێیدا نەخشەی مێشکی نەخۆشەکە لەگەڵ بنکەیەکی زانیاری ئاساییدا بەراورد دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی هەر لادانێک لە پەیوەندییەکان یان هێزی شەپۆلەکاندا. لەودیو دەستنیشانکردنەوە، ئەم زانیارییانە بە شێوەیەکی زیادبوو بۆ تایبەتکردنی چارەسەرەکان بەکاردێن، بۆ نموونە ئەگەر EEG جۆرە لەرەلەرێکی تایبەت یان ناڕێکییەکی ڕیتمی دەربخات، پزیشکەکە دەتوانێت باشتر پێشبینی بکات ئایا نەخۆشەکە وەڵامدانەوەی بۆ دەرمانێکی دیاریکراو دەبێت یان کاندیدێکی باشترە بۆ چارەسەری فیدباکی دەماری (Neurofeedback) بەهەر حاڵ، لەبەر ئەوەی تەندروستی دەروونی بە قووڵی لەژێر کاریگەری هۆکارە ژینگەیی، بۆماوەیی و دەروونییەکان دایە، EEG وەک ئامرازێکی تەواوکاری بەهێز دەمێنێتەوە کە دەبێت لە پاڵ چاوپێکەوتنی کلینیکی و هەڵسەنگاندنی ڕەفتارییدا لێکبدرێتەوە، نەک وەک ئامرازێکی سەربەخۆ بۆ مێشک خوێندنەوە.
“ئایا EEG هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی دوای خۆی بە جێ دەهێڵێت؟”
ئەنجامدانی پشکنینی هێڵکاری مێشک (EEG) بە شێوەیەکی گشتی پرۆسەیەکی زۆر سەلامەت و بێ ئازارە، و زۆربەی نەخۆشەکان دوای تەواوبوونی پشکنینەکە هیچ کێشەیەکی تەندروستییان نییە و دەتوانن ڕاستەوخۆ بگەڕێنەوە سەر چالاکییە ئاساییەکانی ڕۆژانەیان. باوترین کاریگەری لاوەکی بریتییە لە مانەوەی شوێنەواری ئەو جێڵ یان ماددە لکێنەرەی کە بۆ بەستنی ئەلەکترۆدەکان بەکاردێت، کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی قژ یان پێستی سەر کەمێک چەور و لکێنەر بێت و لە هەندێک حاڵەتی دەگمەنیشدا ڕەنگە ببێتە هۆی سووربوونەوە یان کەمێک خورانی پێست لەو شوێنانەی ئەلەکترۆدەکانی لێ بەستراوە. ئەگەر لە کاتی پشکنینەکەدا داوات لێکرابێت هەناسەی خێرا و قووڵ بدەیت یان تیشکی ڕووناکی درەوشاوەت بۆ بەکارھێنرابێت، ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کورت هەست بە کەمێک سەرگێژخووردن یان تەزینی دەست و قاچ بکەیت، بەڵام ئەم نیشانانە زۆر خێرا نامێنن. تەنها لەو حاڵەتانەی کە پشکنینەکە لە جۆری (بێخەوکردن) بێت یان ئەگەر دەرمانی هێورکەرەوەت پێدرابێت بۆ خەوتن، ئەوا هەست بە ماندوێتی و خەواڵووییەکی زۆر دەکەیت و پێویستە بۆ ماوەیەک ئۆتۆمبێل لێنەخوڕیت تاوەکو کاریگەری خەواڵووییەکە بە تەواوی نامێنێت. سەرچاوە:National Library of Medicine
وهرگێڕانی؛ لاولاو مستهفا






































































