پرسی نەمریی و پەلەقاژەی مرۆڤ بۆ مانەوەی هەمیشەیی، تەنها حەزێکی دەروونی یان ترسێکی سادە نییە لە فەنابوون، بەڵکو گرێیەکی ئۆنتۆلۆژیی قووڵە کە لە خودی کرۆکی بوونی مرۆییدا، لەوەی هایدگەر بە “دازاین” ناوی دەبات، چەکەرە دەکات. دازاین وهك ئەو بوونەی کە بوونی خۆی بۆ پرسیارە، لە خاڵی بەیەکگەیشتنی سنوردارێتی و پێشبینیکردنی بێکۆتاییدا گیراوە. مرۆڤ، بەهۆی هۆشیارییەوە بە کاتمەندی و مەرگئاگایی خۆی، ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی بنەڕەتی دەبێتەوە؛ ئایا مانەوەی ڕاستەقینە هەڵاتنە لە مەرگ، یان لە ئامێزگرتنیەتی وەک بنچینەییترین ئەگەری بوون؟ هەوڵ دەدەین لە ڕوانگەیەکی ترەوە، بە تیشک خستنە سەر چەمکەکانی وەک کاتمەندیی لەخۆدەرچوون، دیالێکتیکی میرات، ڕەسەنایەتی لە بەرامبەر فەنابووندا و، داهێنان وەک وەڵامێکی ئۆنتۆلۆژی، ئەم پەلەقاژەیە شی بکەینەوە. ئامانج لێی کردنەوەی دەروازەیەکە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن ڕووبەڕووبوونەوەی مەرگ، لە جیاتی ئەوەی کۆتایی بێت، دەشێت ببێتە کلیلی کردنەوەی دەرگای بوونێکی ڕەسەن و جۆرێکی تری نەمری کە لە قووڵایی مانادا خۆی دەدۆزێتەوە.
تێگەیشتن لە پەلەقاژەی نەمری، بەبێ شیکردنەوەی قووڵی کاتمەندیی مرۆیی، کارێکی ناتەواوە. کات بۆ دازاین، تەنها زنجیرەیەک سات یان دەفرێک نییە کە ڕووداوەکانی تێدا ڕیز دەبن. بە پێچەوانەوە، کات بریتییە لە پێکهاتەی لەخۆدەرچوونی بوون وهك هایدگەر ئاماژەی پێدەکات. ئیکستاتیک لێرەدا بە مانای “لەخۆدەرچوون-Ecstatic” دێت؛ دازاین هەمیشە “لە دەرەوەی خۆی”یەتی، لە نێوان سێ لەخۆدەرچوونی کاتمەندیدا دەژی؛ داهاتوو وەک خۆهاویشتنی ئەگەرەکان و خۆفڕێدان بەرەو ئەوەی کە هێشتا نییە؛ ڕابردوو (وەک ئەو بنچینە فڕێدراوەی کە بوونی لێوە هەڵدەقوڵێت و هەمیشە لەگەڵیدایەتی؛ و ئێستا وەک ئەو ساتەی کە تێیدا جیهان ئاشکرا دەبێت و بوونەوەرەکان خۆیان دەردەخەن. ئەم پێکهاتە لەخۆدەرچوونە وا دەکات مرۆڤ نەتوانێت لە “ئێستا”یەکی پەتی و جیاکراوەدا بژی. بوونی مرۆیی هەمیشە ڕاکێشرانە لە نێوان ئەوەی “بووە” و ئەوەی “دەبێت”. هەر ئەم کاتمەندییە ئیکستاتیکەیە کە زەمینەی سەرەکی ئارەزووی تێپەڕاندنی کات و گەیشتن بە جۆرێک لە هەمیشەیی یان جێگیربوون پێکدەهێنێت. مرۆڤ، لەبەر ئەوەی هەمیشە بەرەو داهاتوو خۆی فڕێ دەدات و ئەگەرەکانی خۆی خۆهاویشتن دەکات، ناتوانێت لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا ئاشت بێتەوە کە یەکێک لەم ئەگەرانە، بگرە بنەڕەتیترینیان، ئەگەری “نەبوون” و کۆتایی هاتنە (مەرگ). ئاگایی بەم سنووردارێتییە، بەم “بوون بەرەو مەرگ”ـە، سەرچاوەی دڵەڕاوکێی بنەڕەتییە. ئەم دڵەڕاوکێیە جیاوازە لە ترس؛ ترس هەمیشە لە شتێکی دیاریکراوە لەناو جیهاندا، بەڵام دڵەڕاوکێ وهك هایدگەر دەڵێت، دڵەڕاوکێیە لە “هیچ”، لە خودی ئەگەری نەبوون. ئەم هەستە قووڵە مرۆڤ لە جیهانی ڕۆژانەی ئەوان دادەبڕێت و ڕووبەڕووی تاکبوونەوە و بەرپرسیارێتی بوونی خۆی دەکاتەوە. لێرەوەیە کە پەلەقاژەی نەمری تەنها وەک هەوڵێک بۆ درێژکردنەوەی تەمەن نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە ململانێیەکی قووڵ لەگەڵ خودی پێکهاتەی کاتمەندیی بوونی مرۆییدا؛ هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارە بێدەنگەی کە لە قووڵایی زەمەنی ئیکستاتیکەوە سەرهەڵدەدات؛ چۆن لە بەرامبەر ئەم هیچەدا بوەستینەوە؟
پەلەقاژەی نەمریی تەنها لە قووڵایی تاکدا قەتیس نامێنێت، بەڵکو وەک پڕۆژەیەکی بوونگەرایانە، خۆی لە بواری “بوون-لەگەڵ-ئەوانی-تر”دا و لە دروستکردنی “جیهان”ێکی هاوبەشدا دەخاتەڕوو. هەوڵی مرۆڤ بۆ بەجێهێشتنی شوێنەوارێک لە دوای خۆی جا لە ڕێگەی بەرهەمی هونەری، هزری، زانستی، پەروەردەی نەوەی نوێ، یان بنیادنانی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە بێت تەنها میکانیزمێکی دەروونی نییە بۆ ڕەوینەوەی ترسی مەرگ (وەک ئێرنست بێکەر لە “نکۆڵیکردن لە مەرگ”دا باسی دەکات)، بەڵکو دەرکەوتەیەکی ئۆنتۆلۆژییە بۆ سروشتی ئافرێنەرانەی دازاین. مرۆڤ وهك بوونەوەرێکی کاتمەند و مێژوویی، ناتوانێت خۆی لە دەرەوەی چوارچێوەی میرات و بەردەوامی تێبگات. دروستکردنی میرات، لەم ڕوانگەیەوە، درێژکراوەی هەمان ئەو “خۆفڕێدانە”یە بەرەو داهاتوو کە لە پێکهاتەی کاتمەندیی ئیکستاتیکدا بینیمان، بەڵام ئەمجارەیان لە ڕەهەندێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییدا. لێرەدا چەمکی “ژیانی کارا”ـی هانا ئارێنت دەتوانێت ڕووناکییەکی تایبەت بخاتە سەر ئەم پرسە. ئارێنت جیاوازی دەکات لە نێوان کار، پیشە و، کردار. لە کاتێکدا کار پێداویستییە بایۆلۆژییەکان دابین دەکات و پیشە جیهانێکی دەستکرد و بەکارهێنراو دروست دەکات، کردار بریتییە لە دەستپێکردنی شتی نوێ لە بواری گشتییدا لە ڕێگەی وتار و کردەوەوە، کە تێیدا مرۆڤەکان تاکایەتی خۆیان ئاشکرا دەکەن و خۆیان لە بیرچوونەوەی مێژوویی دەپارێزن. میرات، بەم مانایە، زیاتر پەیوەستە بە “پیشە” و “کردار”ـەوە؛ دروستکردنی شتگەلێکی بەردەوام (وەک بینا و کتێب و هونەر) و دەستپێکردنی زنجیرەیەک لە ڕووداو و چیرۆک کە لە یادەوەری کۆمەڵایەتییدا دەمێننەوە. ئەم جۆرە لە “نەمریی”، نەمرییەکی دنیایی و سیاسییە کە لە ڕێگەی مانەوە لە جیهانی هاوبەش و لە یادەوەری ئەوانی تردا بەدەست دێت. بەڵام ئەم هەوڵە بۆ نەمریی ڕەمزی، دیالێکتیکێکی ئاڵۆزی تێدایە. بۆ ئەوەی میراتێک بەجێبهێڵیت، دەبێت دان بەوەدا بنێیت کە خۆت وهك تاکێکی بایۆلۆژی، نامێنیتەوە. میرات دروستکردن، لە جیاتی ئەوەی هەڵاتن بێت لە مەرگ، دەبێتە شێوازێک لە ڕووبەڕووبوونەوەی؛ قبووڵکردنی سنوردارێتی خۆت و سپاردنی بەشێک لە بوونت بە “ئەوانی تر” و بە “جیهان”. کەواتە، نەمریی کۆمەڵایەتی و کەلتوری، نەمرییەکە کە لە ڕێگەی خودی فەنابوونەوە تێدەپەڕێت و لەسەر بناغەی هاوبەشێتی بوون و دانپێدانانی سنوردارێتی تاک دادەمەزرێت. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە؛ ئایا ئەم نەمرییە سیمبوڵییە تێرکەرە؟ ئایا دەتوانێت بە تەواوی وەڵامی ئەو دڵەڕاوکێیە بنەڕەتییە بداتەوە کە لە ئاگایی بە مەرگی تاکەکەسییەوە سەرچاوە دەگرێت، یان تەنها دوا قەڵای بەرگرییە لە بەرامبەر ئەو “هیچ”ـەدا؟
ئەگەر میراتی کۆمەڵایەتی هەوڵێک بێت بۆ تێپەڕاندنی مەرگ لە ڕێگەی بەردەوامی دەرەکییەوە، ئەوا ڕێگایەکی تری ڕووبەڕووبوونەوەی فەنابوون، گەڕانەوەیە بۆ ناو خودی بوون و پرسیارکردنە لە شێوازی “بوون” لە بەرامبەر ئەم سنوردارێتییەدا. لێرەدا فەلسەفەی هایدگەر، بەتایبەت شیکردنەوەکەی بۆ “بوون-بەرەو-مەرگ”، دەلاقەیەکی گرنگ دەکاتەوە. هایدگەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە مەرگ تەنها ڕووداوێکی بایۆلۆژی نییە کە لە کۆتایی ژیاندا ڕوودەدات، بەڵکو “بنچینەییترین، تاکەکەسیترین و، تێنەپەڕێنراوترین ئەگەری دازاینە کە لە هەر ساتێکدا لەگەڵیدایە”. ئاگایی بەم ئەگەرە، کاتێک لە دڵەڕاوکێی بنەڕەتیدا خۆی ئاشکرا دەکات، مرۆڤ لە بێباکیی ژیانی ڕۆژانە و نقوومبوون لە “ئەوان” ڕادەچڵەکێنێت. “ئەوان” ئەو فەزایەکی گشتی و بێناوەیە کە تێیدا مرۆڤەکان وەک یەک بیردەکەنەوە، هەست دەکەن و، هەڵسوکەوت دەکەن؛ فەزای قسەی زل، زۆرزانی و، لێکچوون. لەم فەزایەدا، مەرگ وەک شتێکی “گشتی” و “هەمیشە ڕوودەدەر” مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام هەمیشە وەک شتێک کە “هێشتا” بۆ من ڕووی نەداوە و پەیوەندی بە “ئەوانی تر”ـەوە هەیە. ئەمە شێوازێکە لە “ناڕەسەنایەتی” هەڵاتنە لە بەرپرسیارێتی بوونی تاکەکەسی و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری کۆتایی خۆت. بە پێچەوانەوە، “ڕەسەنایەتی” لەوەدایە کە دازاین بە ئازادی ئەم ئەگەرە بنەڕەتییەی خۆی (مەرگ) وەربگرێت و ڕووبەڕووی ببێتەوە. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بە مانای چاوەڕوانییەکی ناکارا یان خەمۆکی نییە، بەڵکو بریتییە لە “پێشوەختە بڕیاردان”؛ واتە ژیان لە ڕووناکی ئەم ئەگەرەدا. کاتێک مرۆڤ بەم شێوەیە دەژی، مەرگ چیتر وەک هێزێکی دەرەکی و ترسناک نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە ئەو هێزەی کە بوون دەکاتەوە، تاکایەتی و ناوازەیی دازاین ئاشکرا دەکات. تەنها لەبەر ئەوەی دەزانم دەمرم و کاتم سنوردارە، هەڵبژاردنەکانم مانا پەیدا دەکەن و بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە ئەستۆم. هەر ساتێک دەبێتە ساتێکی ناوازە و ئەگەرێکی نەگەڕاوە. ئەو “جوانییە خەمناکە”ـی کە لە نووسینە سەرەتاییەکەدا ئاماژەی پێکرابوو، لێرەدا مانا ئۆنتۆلۆژییەکەی خۆی دەدۆزێتەوە؛ جوانی ژیانێک کە لە ئامێزی فەنابووندا دەژی، ژیانێک کە قووڵایی و گرنگی خۆی لە خودی سنوردارێتییەکەیەوە وەردەگرێت. ڕەسەنایەتی، کەواتە، هەڵاتن نییە لە مەرگ، بەڵکو ئامێزگرتنیەتی وەک مەرجی ئازادی و مانای ڕاستەقینە.
ئەگەر ڕەسەنایەتی لە ڕێگەی ئامێزگرتنی “بوون-بەرەو-مەرگ”ـەوە بەدەست بێت، ئایا ئەمە بە مانای قبوڵکردنێکی ناچالاکانەی فەنابوونە؟ یان دەکرێت ئەم ئاگاییە ببێتە بزوێنەری جۆرێکی تر لە “پەلەقاژە” پەلەقاژەیەک کە لە جیاتی هەڵاتن، بەرەو داهێنان و خۆدروستکردنی بەردەوام بڕوات؟ لێرەدا دەتوانین پرسیار لە خودی “پەلەقاژەی نەمریی” بکەین و بیخەینە ژێر تیشکی تێگەیشتنێکی نوێوە. لەوانەیە “نەمری” بە مانای مانەوەی فیزیکی یان سیمبوڵی نەبێت، بەڵکو بە مانای قووڵایی و چڕی ئەو “بوون”ـە بێت کە لە نێوان لەدایکبوون و مردندا دەژین. کرداری داهێنان جا لە بواری هونەر، فەلسەفە، زانست، یان تەنانەت لە شێوازی ژیانی ڕۆژانە و پەیوەندییەکاندا بێت دەتوانرێت وەک وەڵامێکی ئۆنتۆلۆژی بۆ سنوردارێتی ببینرێت. کاتێک مرۆڤ شتێک “دروست دەکات”، ئەو تەنها ماددەیەک ناهێنێتە بوون، بەڵکو لە ڕاستییدا “خۆی” لە ڕێگەی ئەم کردارەوە دروست دەکات و خۆی تێدەپەڕێنێت. ئەمە نزیکە لە “ویستی دەسەڵات”ـی نیچە، نەک وەک حەزی زاڵبوون بەسەر ئەوانی تردا، بەڵکو وەک هێزی ناوەکیی ژیان بۆ بەردەوام خۆتێپەڕاندن، فۆرمبەخشین بە ئاژاوە و، دانانی بەها لە جیهانێکی بێباکدا. داهێنان دەبێتە شێوازێک لە “بەڵێ”کردن بە ژیان، بە هەموو ئازار و خۆشی و سنوردارێتییەکانیەوە. ئەم خۆدروستکردنە پڕۆسەیەکی بێکۆتاییە. مرۆڤ هەرگیز ناگاتە “خۆی”ـەکی تەواو و جێگیر، بەڵکو هەمیشە لە “ڕێگا”دایە، هەمیشە پڕۆژەیەکە کە هێشتا تەواو نەکراوە (وەک سارتەر ئاماژەی پێدەکات، «بوون پێش جەوهەر دەکەوێت»). ئەم تێگەیشتنە لە مرۆڤ وەک “پڕۆسە” یان “پڕۆژە”، خودی پەلەقاژەی نەمری دەگۆڕێت. ئامانج چیتر گەیشتن بە حاڵەتێکی نەگۆڕی نەمریی نییە، بەڵکو چێژوەرگرتنە لە خودی پڕۆسەی بوون، لە پڕۆسەی بەردەوامی خۆدروستکردن و خۆتێپەڕاندن لە چوارچێوەی ئەو کات و ئەگەرانەی کە پێمان بەخشراوە. لێرەدا، نەمری لەوەدا نییە کە لە مەرگ ڕزگارمان بێت، بەڵکو لەوەدایە کە چۆن ئەو ژیانە سنووردارە بە شێوەیەک بژین کە پڕ بێت لە مانا، داهێنان و، ڕەسەنایەتی ژیانێک کە شایستەی ئەوە بێت هەمیشە بیربکرێتەوە، تەنانەت ئەگەر تەنها بۆ یەک ساتیش بووبێت.
پەلەقاژەی نەمریی، کاتێک لە ڕوانگەیەکی قووڵەوە لێی ورد دەبینەوە، لە ترسێکی سادەی بایۆلۆژییەوە دەگۆڕێت بۆ گرێیەکی ئۆنتۆلۆژی کە پەیوەستە بە خودی پێکهاتەی بوونی مرۆیی، کاتمەندیی لەخۆدەرچوون، هاوبەشێتی بوون و، ململانێی نێوان ڕەسەنایەتی و ناڕەسەنایەتی. شیکردنەوەی چەمکەکانی وەک “بوون-بەرەو-مەرگ”، میراتی کەلتوریی و، داهێنان وەک خۆدروستکردن، دەری دەخات کە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینە لەگەڵ فەنابووندا، لە هەڵاتن لێی یان نکۆڵیکردن لێی نییە، بەڵکو لە ئامێزگرتنیەتی وەک بنچینەییترین ئەگەری بوون. ئەم ئامێزگرتنە دەرگا بۆ جۆرێکی تر لە “نەمریی” دەکاتەوە؛ نەمرییەک کە لە درێژایی کاتدا نییە، بەڵکو لە قووڵایی مانادایە. مانایەک کە لە ڕێگەی ژیانێکی ڕەسەن، بەرپرسیارانە و، داهێنەرانەوە لە چوارچێوەی سنوردارێتیدا بەدەست دێت. کاتێک مرۆڤ مەرگ وەک بەشێک لە پڕۆژەی بوونی خۆی قبووڵ دەکات، ئەو کاتە دەتوانێت بە تەواوی بژی نەک وەک بوونەوەرێک کە چاوەڕێی کۆتایی دەکات، بەڵکو وەک بوونەوەرێک کە هەر ساتێک وەک دەرفەتێک بۆ بوون و داهێنان دەقۆزێتەوە. لە کۆتاییدا، پرسیارە گرنگەکە لە “چۆن نەمر بم؟”ـەوە دەگۆڕێت بۆ “چۆن بە شێوەیەکی مانادار لە ئامێزی ئەم بوونە کاتی و سنوردارەدا بژیم؟” وەڵامی ئەم پرسیارە لە هیچ تیۆرییەکی ئامادەکراودا نییە، بەڵکو لە خودی ئەو پڕۆسە بەردەوامەی ژیاندایە، خۆدۆزینەوە و، خۆدروستکردندایە کە هەر تاکێک بە شێوازی خۆی دەبێت پێیدا تێپەڕێت.






































































