+ سەرەتاکان چۆن بوو؟ بۆچی سەرکۆن شیعری هەڵبژارد؟
سەرکۆن:- من پێموایە خودی شیعر شاعیرەکان هەڵدەبژێرێت، هەندێکجاریش ئەمە بەبێ ویستی خۆت ڕوودەدا. ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت شیعر پێگەیەکی تایبەتی هەیە و ئەزموونی ژیان تۆ دەگەیەنێت بە شیعر. بچووک بووم شیعر خۆی گەیاندە لام، هێشتا لەم کاتەشدا هەندێکجار کە دەمەوێت شیعر بنووسم، یادی ئەو وەختە دەکەمەوە. تێگەشتنی من بۆ شیعر، ئەوەیە کە شیعر جۆرێکە لە جادوویەک، کە دەکرێت سەرلەبەری ژیانت بگۆڕێت و ئاوەژووی بکات، هەروەکوو ڕێڵکە لە قەسیدەیەکیدا دەڵێت:- “ئێستا کاتی ئەوەیە ژیانت بگۆڕیت.”
+ یەکەم قەسیدە کە نووسیت کەی بوو؟
سەرکۆن:- تەمەنم دوازدە ساڵ بوو یەکەم قەسیدەی خۆمم لەبارەی ڕاوچییەوە نووسی. هەرگیز ئەو قەسیدەیەم بیرناچێـتەوە، چونکە ڕاوکردن چەمکی بنەڕەتی شاعیرێکی ڕاستەقینەیە. شاعیر هەموو بەیانییەک لەسەر کەنار دادەنیشێت و بە ئومێدی ڕاوکردنی ماسییەک قولاپەکەی هەڵدەداتە ناو ئاوەکە، بۆیە شاعیر وەکوو ڕاوچییەک دەبینم.
+ ئێستا درک بەو هاوتاکردنە دەکەیت. بۆچی شاعیرت چواندە ڕاوچی؟
سەرکۆن:- ئەوکات منداڵ بووم و بەبێ بیرکردنەوە ئەو هاوتاکردنەم هەڵبژارد، بەڵام ئێستا درک بەوە دەکەم شیعر دەریایەکەو شاعیر ڕاوچییە و قولاپێکی پێیە. تۆ بابڵێین قولاپەکە قەسیدەیە و شاعیر دەبێت ئەم قولاپە بئافرێنێ، ئەم کارەش تەواوی تەمەنی دەبات.
+ پاش کەرکووک ڕووت لە بەغداد کرد، ئەزموونی بەغداد چۆن بوو؟
سەرکۆن:- بەغداد بەلای منەوە دەرچوون بوو لە خەونێک و کەوتنە ناو خەونێکی تر بوو. بەغداد خەونێک بوو، ئێمەش وەکوو کەرکووکییەکی لادێی خەونمان بەو هەمەڕەنگییەوە دەبینی. بۆیە دەڵێم لادێی، چونکە ئەوکاتە شەستەکان بوو و بەغدادییەکان ئێمەی کەرکووکییەکانیان بە لادێی دەبینی. بەغداد کراوەتر بوو، وەکوو کەرکووک داخراو و کۆمەڵایەتی نەبوو، کە خۆشەویستی تیایدا شاراوە و تاوان بوو و بە نهێنی دەکرا و هەتا ئێستاش هەروایە. هەموومان خەونمان بە بەغدادەوە دەبینی، دەمانگوت گەر بگەینە ئەوێ دەگەینە هەموو خەون و ئاواتەکانمان.
+ ئێمە لە سەدەی بیست و یەک داین، سەرکۆن بۆڵس چۆن لە داهاتووی شیعری عەرەبی و جیهانی دەڕوانێت؟
+ سەرکۆن:- سەیری هەواڵەکان، یان ڕادیۆ، یاخود ڕۆژنامەکان دەکەم. دەبینم پەنابەر و هەژار و بێ ماڵوحاڵەکان دەنگیان بەرز کردووەتەوە. شاعیر چی دەکات و چۆن لەگەڵ دۆخی مرۆڤایەتیدا مامەڵە دەکات؟ بەلای شاعیرەوە مێژوو چییە؟ ئایا دەکرێـت گوێبیستی ئەم هەموو دەنگە سەرکوتکراوە ببێت و وەڵام نەداتەوە! ئاخر چۆن چۆنیش وەڵام بداتەوە؛ شاعیر هەیە دەستی بە ئایدۆلۆژیایی خۆیەوە گرتوە و لەژێر حووکمی حیزبەکەیدا کار دەکات و تەنیا بۆی هەیە چەند دێڕێکی دیاریکراو بنووسێـت، شاعیر هەیە دۆسێیەکی سیاسی هەیە و لەڕوانگەی خۆیەوە سەیری ئەم دیمەنە سامناکە دەکا، بەڵام لەلایەکی تریشەوە شاعیرێک هەیە، کە سەر بە هیچ حیزبێک نییە و خاوەنی هیچ دۆسێیەکی سیاسیش نییە. تەنیا ئەم شاعیرە دەتوانێـت شتێکی هەقیقیمان سەبارەت بە خۆی و سەردەمەکەی و داهاتووی جیهان و ئازارەکەی پێ ببەخشێت، ئەم داهاتووە بێ گرەنتی و بەڵێنی ساختەیە.
+ دەوترێت بە مەلەوانی ڕووباری دیجلەت دەبڕی تاوەکوو جەبرا ئیبراهیم جەبرای کۆچکردوو ببینیت؟
سەرکۆن:- جەبرا بەلای من و گەنجەکانی تریشەوە، باوکێکی ڕاستەقینە بوو. دوو ڕۆژ جارێک، یان هەفتەی سێ ڕۆژ پردی کۆمارم دەبڕی. تەنانەت سەرچاوەی بژێوی من و شاعیرانی تری مایەپووچیش بوو، شیعرەکانی ئێمەی بڵاو دەکردەوە. بەلای منەوە جەبرا باوکێکی ڕۆحی بوو، تاکە ئەقڵ بوو دەمتوانی قسەی لەگەڵدا بکەم و باسی کارە ئەدەبییەکانمی بۆ بکەم. جەبرا ئیبراهیم جەبرا وەرگێر و شاعیر و نووسەر بوو، دەتگوت یەکێکە لە کەسایەتییەکانی سەردەمی هەستانەوەی ئەورووپی وەکوو داڤنشـی، کە ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە زانست و ئەدەب و هونەر و فیکر. جەبرا هەر بە تەنیا نووسەر و شاعیرێک نەبوو، بەڵکوو کەسایەتییەکی جیهانیش بوو بەلای منەوە. ئەو کاتەی کە من جەبرام ناسی، سەرنووسەری (العاملون بالنفط) بوو، ئەوکات من لە کەرکووک بووم و بەوەم زانی کە گۆڤارەکە پاداشتێکی کەمی دارایی دەبەخشێت، بەڵام بەلای منەوە هیچ کەم نەبوو؛ سێ دینار، یان پێنج دینار بەس بوو بۆ ئەوەی تەواوی شەوەکە لە باڕێکدا تا بەیانی لەگەڵ دە شاعیری مایەپووچ بمێنیتەوە.
+ ئایا پەیوەندییەکەت لەگەڵ جەبرا ئیبراهیم جەبرا، بوو بە هۆکاری ئەوەی دەست بۆ کاری وەرگێڕان ببەیت؟
سەرکۆن:- جەبرا نموونەیەکی باڵا بوو بۆ من، هەر ئەو بوو وەرگێڕانی بۆ بەرهەمەکانی شکسپیر کرد و ئەوانی تریش بەدڵیان بوو. منیش سەرسامبووم بە وەرگێڕانەکەی کە بۆ بەرهەمەکانی شکسپیر ئەنجامی دا، هەر بەڕاستی نموونەی وەرگێڕ بوو. با بەسەرهاتێکێت بۆ بگێڕمەوە؛ کاتێک بەغدادم بەرەو بەیروت بەجێدەهێشت، مەریم دەستنووسی پاشا لیری پێدام تاوەکوو بیدەم بە یۆسف خاڵ لە بەیروت، تاوەکوو لە خانەی (دار النهار) بڵاوی بکاتەوە. هەر بەپێ بیابانم بڕی. جەبرا تا مردنی نەیزانی من بیابانم بڕیوە تاوەکوو ئەو دەستنووسە بگەیەنم بە بەیروت، پێیوابوو وەکوو هەر سەرنشینێکی تر بە فڕۆکە گەشتم کردووە، هەرگیز بە خەیاڵیدا نەهاتبوو ئەو دەستنووسە لەناو جانتاکەمدا بووە و پێکەوە بیابانمان لەگەڵ کۆچبەرەکاندا بڕیوە و لە ڕیسواترین ئۆتێلەکانی حەلەب و دیمەشق ماومەتەوە. کە گەشتمە بەیروت، دەستنووسەکەم دا بە یوسف خاڵ و لە خانەی (دار النهار) بڵاوی کردەوە.
+ دەڵێیت کەوا ڕۆژانە وەرگێڕان دەکەیت و چەندین دەقیشت وەرگێڕاوە. وەرگێڕان چ کاریگەرییەکی لەسەر دەقە شیعرییەکانت هەیە؟
سەرکۆن:- کاریگەرییەکەی گەورە بوو. کاتێک وەرگێڕان دەکەم ( بەتایبەت شیعر) سەرلەنوێ دەقەکە دەنووسمەوە و هەوڵدەدەم دەنگی شاعیرەکە بە زمانی عەرەبی بەوشێوەیە بێـت کە دەبێـت ببێت، ئەمەش کارێکی سەختە. ڕۆژانە کە کاری وەرگێڕان دەکەم، وەکوو ڕاهێنانێکە. ئەم ڕاهێنانەش بۆئەوەیە باشترین گوزارشت بدۆزمەوە. ڕیسکەکەش ئەوەیە وردترین و پوخترین ئەو وشانە بدۆزمەوە، کە زۆرجار تەنیا لای شاعیرە گەورەکان بەدی دەکەین. بۆ نموونە هەندێکجار بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەی زمانی عەرەبییەکەم بکەم چەند دێڕێک لە دۆزەخی دانتی وەردەگێڕم، چونکە حەزم بە شتی قورسە دەپرسم ئاخۆ زمانەکەم دەتوانێـت گوزارشت لەم شتە بکات، وەکچۆن ئینگلیزییەکە دەتوانێت. هەندێکجار ئەم ڕاهێنانەش دەبێـتە هۆی ئەوەی توانای خۆت ببڕیت و دەبێتـە جۆرێکی نوێ لە ڕێکخستنی شیعری. هەر بۆیە بێگومان وەکوو شاعیرێک کاتێک دەنووسم، وەرگێڕان کاری لە دەقەکانم کردووە.
+ ئامۆژگاری شاعیرانی گەنج دەکەیت دەست بدەنە وەرگێڕان؟
سەرکۆن:- ئامۆژگاری هەموو شاعیرێک دەکەم زمانێکی تر بەباشی و چاکی بزانن، هەوڵبدات وەرگێڕان بکات، گەر بۆ خودی خۆشی بێت.
+ پاش چەندین ساڵ غەریبی لە ئێراق، دەبینین لە کۆمەڵە شیعری (حامل الفانوس فی لیل الذئاب) تیشک دەخەیتە سەر ناوچەکانی لەدایکبوون و گەورەبوونت، کە ئەوانیش:- کەرکووک و بەغداد و چەند ناوچەیەکی ترە؟
سەرکۆن:- بەڵێ، بە پێویستم زانی و واملێدەکات ئەو خۆڵە بکەم بە شیعر کە بە پێخواسی بەسەریدا ڕۆشتووم. لەکۆتایدا دەتوانیت بە کوێ موتوربە ببیت و بڵێیت پەناگەی هەقیقی و ڕۆحی منە، گەر ئەو ناوچانە نەبن کە ڕۆحی هەقیقیمان تیایدا هاموشۆی کردووە و خۆمان بوونیاد ناوە و خۆشی و ناخۆشیمان تیا بینیوە. ئەمە ئەسڵ و ڕیشەی منە و زیاد لە هەر کاتێکی تر ئەمڕۆ پێویستمە. ئیتر شیعریش چییە، گەر گەڕاندنەوە و زیندووکردنەوە و گرتنی سەردەمی لەدەستچوو نەبێت.
سەرکۆن بۆڵس؛ یەکێکە لە دیارترین شاعیرانی ئێراق. لە ساڵی ١٩٤٤ لە حەببانییە لەدایکبووە. لە تەمەنی سیازدە ساڵیدا خۆی و خێزانەکەی بەرەو کەرکووک کۆچیان کردووە. لە ساڵی ١٩٦١ یوسف خاڵ بەشێک لە قەسیدەکانی سەرکۆنی لە گۆڤاری “الشعر” بڵاوکردەوە. کاریگەر بووە بە شاعیر و ڕەخنەگری ئەمەریکی؛ چارڵز ئۆلسن. یەکەم کۆمەڵە شیعری خۆی لە ساڵی ١٩٨٥ و لە تەمەنی چل و یەک ساڵیدا و بە ناوی “الوصول الی مدینة أین” بڵاوکردووەتەوە. پاش ململانێیەکی دوور و درێژ، بەیانی ڕۆژی دووشەممە لە ٢٢ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٧ لە بەرلین کۆچی دوایی کردووە.
سهرچاوه؛
وەرگێڕانی؛ مەدینە ئەحمەد





































































