ئێلینۆر ئیوانز دەنووسێ؛ شۆڕشی پیشەیی هەزاران ژنی بینی کە شانبەشانی پیاو دەچوونە شوێنی کارەکانیان، بەڵام ئەو بابەتە بە هیچ شێوەیەک رزگارکەر نەبوو. نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە، قۆناغێکی گەورەی گۆڕانکاری بوو، پیشەسازی هەلی کاری نوێی ڕەخساند و گۆڕانی لەسەر بیرۆکەکانی سەبارەت بە کار و بووژانەوە و داڕمانی ئابووری دروستکرد. لەم سەردەمەدا؛ ڕۆڵی ژنانیش بە شێوازێکی بەرچاو گۆڕدرا، پیشەسازی هەم ڕۆڵی ژنانی لە ناو ماڵدا پێناسەکردەوە و هەم دەرفەتی نوێی وەک کرێکار بۆ ڕەخساندن. تا بەر لەو، ژنان زیاتر ئەرکی نەریتییان لە ئەستۆ بوو کە لە جیلەکانی پێشوو بۆیان مابۆوە واتە کاری ناوماڵ و یارمەتیدانی کاروباری ناو مەزرا و پەروەردەکردنی مناڵ. بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی شۆڕشی پیشەسازیدا ئەو ڕۆڵە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هات. بۆ نموونە کاریگەرییەکانی شۆڕشی کشتوکاڵی، زۆریەک لە جووتیارانی ناچار کرد لە زەویەکانیان دوور بکەونەوە و خەڵکێکی زۆر لە ناوچە گوندنشینەکانەوە کۆچ بکەن بۆ ناوەندەکانی شار بە دوای کار لە کارگە و کانەکانی تازە دامەزراو. لە درێژەی شۆڕشی پیشەییدا ئافرەتان بە تایبەت لە بەشی کارگە و بەرهەمهێنان، جێگە و پێگەیەکیان دۆزییەوە، وەک هێزی کاری هەرزان و ماندوونەناس لە پیشە جیاوازەکاندا دەستیان بە کار کرد و لەم رێگەوە کاریگەری زۆریان لەسەر ئابووری و کۆمەڵگە هەبوو. بەڵام پێچەوانەی ڕوواڵەتی بابەتەکە، ئەم قۆناغە بۆ ئافرەتان نەک شۆڕشێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەبوو، بەڵکو دۆخی کار و ژیانیان بە جۆرێک گەڕانەوە بوو بۆ هەمان بەربەستە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان.
لەم قۆناغەدا ژیانی ژنان بە ڕادەیەکی زۆر کەوتە ژێر کاریگەری گۆڕانکارییە پیشەییەکانەوە. لە زۆربەی کارگەکان، ئافرەتان کاتێکی دوورودرێژیان بە مووچەی کەمتر لە پیاو دەبردە سەر و دەکەوتنە دۆخێکی سەختی دەروونی و جەستەیی. ئەم گۆڕانکارییانە لە لایەک باری ئابووری ژنانی گۆڕێ و لە لایەکیتریش گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و خێزانیان دروستکرد. زۆربەی ئافرەتان ناچار بوون هاوکات کاری ناو کارگە و ئەرکی مناڵداری و ماڵداری پێکەوە بگرنە ئەستۆ. لە لایەکیتریشەوە هاتنی ژنان بۆ بازاری کار درزی خستە ناو سیستێمی کۆمەڵایەتییەوە؛ لەبەر ئەوەی زۆریەک لەوان بە دووای رزگاری و سەربەخۆیی ئابووریییەوە بوون، کەچی لە کۆتاییدا هەروەک هێزی کاری هەرزان لە ناو پیشە و کارگەکان دا مانەوە، نەوەک تاکێکی خاوەن ماف وخاوەن دەرفەتی یەکسان بۆ گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری. شۆڕشی پیشەیی گۆڕانکاری زۆری لە ڕۆڵی ژنان لە ناو کۆمەڵگەدا چێکرد؛ تا بەر لەو شۆڕشە، ماڵداری مەکۆی بەرهەمهێنان بوو و کاری ژن زیاتر لە بازنەی ناوماڵدا سنووردار دەکرا. هەڵبەت ئەوە بە مانای بێنرخی کارەکانیان نەبوو، کاری وەک ئاو هێنان و ئاژەڵداریش بە قەد دابینکردنی خۆراک و جلوبەرگ بۆ خێزان، ژنانی سەرقاڵ دەکرد؛ لە کاتێکدا زۆریەک لە ژنان کاری وەک ڕستن و چنینیشیان دەهێنا ناو ماڵەوە. پیشەسازی ناوماڵ؛ هەروەک لە ناوی ڕا دیارە، لەگەڵ هاتنی بەرهەمهێنانی گەورە، لە ناو نەچوو، بەڵام هاتنی مەکینە بە گشتی کاریگەری نەگۆڕی لەسەر ژیانی ئافرەتان بە جێهێشت. لەگەڵ ئەوەی ئامێرەکان جێگەی کاری تاکەکەسییان گرتەوە و کارگە و کارخانەکانیش پێویستیان بە خەلووز بوو، ژنان بوونە بەشێکی گرینگی توێژی کرێکار کە لە کانگە و کارگەکاندا کاریان دەکرد. لە کۆتایی سەدەی هەژدەدا، زۆریەک لە بنەماڵەکان، تێکڕا وەدووای کار دەکەوتن و ژن و مێرد و منداڵ لە هەمان کارگە یان هەمان کانگەدا پێکەوە کاریان دەکرد. لە حاڵێکدا کە بۆ ئافرەتە سەڵتەکان، کار لە دەرەوەی ماڵ بە واتای سەربەخۆیی زیاتر بوو، بەڵام ژنان لەچاو پیاوان لاوازتر و ناشارەزاتر دەبینران و حەقدەستی کەمتریان وەردەگرت. زۆریەک لە خاوەنکارەکان هەر زۆر زوو سوودیان لەو بژاردە هەرزانترە وەرگرت و ئیشی وەک چاپ و کار بە کەلوپەلی ڕستن و چنین کە هێزی کەمتری پێویست بوو و فێربوونیان ئاسانتر بوو بە ” کاری ژنانە” ناسران.
هاوسەنگی نێوان کار و ژیان سەرەڕای جیاوازی مووچە؛ لە ڕاستیدا دۆخی مەترسیداری کارگەکان بۆ ئافرەتانیش هێندەی پیاوان مەترسیدار بوو. جاری وابوو ٨٠ کاتژمێر لە هەفتەدا بێوچان کاریان دەکرد و خواردنی زۆر بێکەڵک و ناتەندروستیان پێدەدرا. لە ساڵی ١٨٣٢ لە لێکۆڵینەوەیەک لە لایەن پارلمانەوە، وتووێژیان لەگەڵ ” ئێلیزابێت بێنتلی” ئافرەتێکی ٢٣ ساڵان کرد کە لە کارگەیەکی کەتان نزیکەی ” لیدز” کاری دەکرد، لە بەشێک لە قسەکانیدا ئێلیزابێت وتی: “هێندە تەپ و تۆز دەچووە ناو سییەکانم و هێندە بارودۆخی ئیشکردنمان زەحمەت بوو، وردەوردە باری جەستەییم تێکچوو؛ بە ڕادەیەک کە کاتێ دەمویست قڕتاڵەکان داگرم ئێسکەکانم لە جێی خۆیان دەترازان.” جیا لە کاتژمێرە دوورودرێژەکان لەسەرکار و ماندووی جەستە لە ناو کارگەکان، ئەرکی ناوماڵیش کە لە ڕووی نەریتەوە بە کارێکی ژنانە ئەژمار دەکرا، هەروا درێژەی هەبوو، ئینجا بێ حەقدەستیش. چێشت لێنان، خاوێنکاری و مناڵداری دەبوو بەردەوام بایە. بەڵام خاوەنکارەکان تێگەیشتنیان زۆر نەبوو. ئێلیزابێت بێنتلی دەڵێ: ” ئەگەر چارەگێک وەدرەنگ کەوتباین، نیو کاتژمێریان لێدەبڕییەوە؛ ئێمە تەنها یەک پێنی-مان لە کاتژمێرێکدا دەستدەکەوت، ئەوانیش نیو پێنی زیاتریان لێدەبڕییەوە.” ئیزابێل ویلسۆن ئافرەتێکی ٣٨ ساڵان بوو، لە کانگەی خەلووزی لۆرد ئەشلی ئیشی دەکرد و کاری گواستنەوەی خەلووزەکانی لە ئەستۆ بوو، لە ساڵی ١٨٤٢ وتووێژی لەگەڵ کرا، ئێلیزابێت باسی ئەرکی مناڵداری و هاوکات بژێوی خێزانی کرد و وتی: “کاتێ ژنان زۆریان مناڵ دەبێت ناچارن زوو بیانهێننە ناو کانگە. من ١٩ ساڵە شووم کردووە و دە مناڵم بووە، حەوتیان زیندوون.” ئێلیزابێت سەبارەت بە یەکێک لە کارەکانی وتی: ” ئەو کارەم بووە هۆی ئەوەی پێنج جار منالم لەبار بچێت، هەموو جارێکیش نەخۆش دەکەوتم، ئاخرین مناڵم بەیانی شەممە لەدایکبوو، من شەوی جومعە لەسەر کار بووم.”
سەیر ئەوەیە، ئەو وتووێژانە ئەو جۆرەی چاوەڕوان دەکرا نەبوونە هۆی کاردانەوەی گشتی، بەڵام کاردانەوەیان بە جۆرێکیتر بوو؛ پاڵنانی عارەبانەکان لە ژێر زەوی زۆر سەخت بوو و پیاوان و ژنان هێندەیان گەرما دەبوو، ناچار جلەکانیان هەڵدەداوە؛ لە بەشێک لەو راپۆرتە باسی ئەوە کرابوو کە ئافرەتان ناچارن جلی لای سەرەوەیان داکەنن، ئەمەش شەپۆلیكی تووڕەیی جەماوەری بە دووی خۆیدا هێنا! و ئەو باوەڕەی بەهێزتر کرد کە ژنە کڕیکارەکان لە شوێنی کارەکانیاندا تووشی بێرەوشتی و بیئەخلاقی دەبن و دەبنە هاوسەر و دایکێکی خراپ. هەر زۆر زوو لە ١٨٤٢ یاسای کانگەکان پەسەند کرا کە نەیدەههێشت ژنان لە ژێر زەویدا کار بکەن، بۆ ئەوەی تووشی خراپە نەبن . بەڵام لە کۆتاییدا؛ لەگەڵ ئەوەی یاساکان ئافرەتانی زیاتر لە شوێنی کار دوور دەخستەوە، بۆ گونجان لەگەل ئەو داینامیکە نوێیە ، ئایدیای دیکەش لەسەر چەمکی جێندەر پەرەیان سەند. پیاوان وەک بژێو و بەخێوکەری خێزان دەچوونە سەرکار و تا نیوەی سەدەی نۆزدە ئایدیالی “ئافرەت” وەک دایک، پارەێزەری ڕەوشت و ماڵدار دەناسرا. لەو شۆڕشەدا؛ ژنانی بریتانی قورسایی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە خێراکانیان لە ئەستۆ گرت و کەوتنە بەر ستەمێکی سیستێماتیک، لەم قۆناغەدا ژنان نزمترین ئاستیان پێ بەخشرا، چاودێری مەکینەکانی چنینی قوماش لە دۆخی ناتەندروستی ناو کارگەکان بە ئافرەتان دراوبوو، کارگەکان مەکۆی نەخۆشی و پیسی بوون ، ژنان جگە لەوەی پشوویەکی وەهایان نەبوو، حەقدەسیان هێندە کەم بوو بە زەحمەت بەشی بژیوی ژیانی یەک کەسی دەکرد چ بگات بە بژیوی خێزانێک، ئەوان ئاسوودەیی و تەندروستی خۆیان کردبووە قوربانی پێشکەوتنی وڵاتەکەیان. سەرەڕای ئەمەش ئافرەتان تەنها تووشی کێشەی جەستەیی نەدەبوونەوە، بەڵکو ڕووبەرووی جیاکاری و چەوسانەوە دەبوون.
فرانسیس کابۆت لۆوێل بازرانێکی خەڵکی بۆستن بوو، لە ساڵی ١٨١٢ سەردانی بریتانیای کرد و بە بیرۆکەی دیزاینی مەکینەیەکی چنینی کارەبایی گەڕاوە بۆ ئەمریکا، ساڵێ دوواتر لەگەڵ کەسێکیتر ئەو مەکینەیەیان دروست کرد کە دەزووی پەمۆی دەکردە قوماش و بووە هۆی بەرهەمهێنان و بازار. لۆوێل، خەونی ئەوەی دەبینی کە تەواوی کۆمەڵگە خەریکی چنینی قوماش بن، بۆیەش بە هاوکاری کۆمەڵێک وەبەرهێنەر کارگەیەکی قوماشی لەسەر ڕووباری چارڵز لە ویلایەتی ماساچۆسێت دروستکرد. تا ساڵی ١٨٤٣، لۆوێڵ ببووە گەورەترین ناوەندی پیشەسازی لە ئەمریکا. وەبەرهێنەرەکان دەستیان کرد بە ڕاکێشانی هێزی کار و بە تایبەت ژنان بۆ ناو کارگەکانیان ، تا ساڵی ١٨٤٣ نزیکەی ٣٠ هەزار ژن گوندەکانیان بەجێهێشت بۆ ئەوەی لە ١٠ کۆمپانیای گەورەی قوماشی شارەکەدا ئیش بکەن. سەرەڕای ئەو دەرفەتە نوێیانەی بە ژنان دەدرا، بەڵام ژیانیان تەواو لە کۆنترۆڵی خاوەنکارەکانیان دابوو، بەیانیان بە جێی ئەوەی بە ڕووناکی خۆر لە خەو هەستن، بە دەنگی جەرەسی کارگەکان وەخەبەر دەهاتن ، شەوانە لە کاتژمێر ١٠-ەوە قەدەغەی هاتووچۆ بوو، ئامادەبوون لە کڵێسا ناچاری بوو و هەر هەلسوکەوتێکی نەگونجاو هۆکارێک بوو بۆ دەرکردن، لە لایەکیتریشەوە چێژ و خۆشی داهاتی باش زۆری نەخایاند، وردە وردە کارگەکان زیاتر بوون و رکابەری دەستی پێکرد، نرخی بەرهەمەکان دابەزی و خاوەن کارگەکان ناچار بوون تێچووی کارەکانیان کەم بکەنەوە و ماوەی کارکردنی کرێکارەکان زیاتر بکەن، بەشێکی زۆر لە کرێکارەکان لەبەر ژاوەژاوی مەکینەکانەوە، کەڕ بوون یان بە هۆی تۆزی لۆکە تووشی نەخۆشی سییەکان هاتن. شۆڕشی پیشەیی کاریگەریەکی دووفاقی لەسەر ژیانی ژنان هەبوو؛ لەلایەکەوە سەربەخۆیی ئابووری گرینگترین هاندەری ژنان بوو بۆ چوونە ناو ریزی کرێکارانی کارگەکان، هەروەها بەشداری زیاتری ژنان لە ناو کۆمەڵگەدا ببووە هۆی بڕوابەخۆیی زیاتریان و ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکانیان لە پێگەی هاوسەر و دایکەوە گۆڕدرا بوو بۆ ئەرکیتر و جۆریتر، بەڵام لە لایەکیترەوە ئەم ژنانە وەک ڕەگەزی لاواز و چاولەدەست و ناچار (لە ڕوانگەی کۆمەڵگەوە) تووشی چەوسانەوەی لە ڕادەبەدەر دەهاتن، ئەو دۆخە بووە هۆی ئەوەی لای ئافرەتان چەمکی “ماف” ببێتە داڵغە و لە هەمان کاتدا کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر لە جاران دەچوونە ناو هێزی کارەوە، بەها کۆمەڵایەتییەکان سەریان هەڵدا، بەو پێیەی کرێکاران دەستیان کرد بە نارەزایەتی دەربڕین و خەبات بۆ مافی یەکسان. بۆ نمونە بزووتنەوە کرێکاریەکان کە لەژێر کاریگەری مارکسیزم و سوسیالیزمی یۆتۆپیایی دروست بوون. هەروەها بزووتنەوە فێمینیستیە سەرەتاییەکان لەم قۆناغەدا دەرکەوتن، چونکە ژنان دەستیان کرد بە ڕێکخستن و ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ یەکسانی زیاتر لە ناو کۆمەڵگەدا.
سەرچاوە؛
https://www.historycrunch.com/role-of-women-in-the-industrial-revolution.html#/
https://womensherald.com/the-price-of-progress-womens-exploitation-in-industrial-revolution-britain/
https://www.uml.edu/tsongas/barilla-taylor/women-industrial-revolution.aspx
ئامادەکردن : حەمیدە حەسەن




































































