کێشەی ژینگە لە کوردستان، تەنیا کێشەیەکی سرووشتی نییە، بەڵکو قەیرانێکی ڕیشەیی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە بوونی ئێمە وەک نەتەوە دەخاتە مەترسییەوە. بۆ تێگەیشتن لەم قەیرانە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ڕیشەیی، دەبێت پەنا بۆ فەلسەفەی ئەخلاق و ئاکاریی خاک ببەین، کە ئاڵدۆ لیۆپۆڵد، یەکێک لە پێشەنگەکانی فەلسەفەی ژینگە، بناغەکەی دامەزراند. لیۆپۆڵد لە چەمکی «ئەخلاقی خاک-The Land Ethic»ـدا، داوای گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ڕۆڵی مرۆڤدا دەکات: لە «داگیرکەر»ـی کۆمەڵگەی خاکەوە بۆ «ئەندامێکی سادە و هاووڵاتی»ـی هەمان کۆمەڵگە. ئەم دیدگایە، تێگەیشتنی ئێمە بۆ ئەخلاق و ڕەوشت فراوان دەکات بۆ ئەوەی خاک، ئاو، ڕووەک و گیانەوەرەکانیش بگرێتەوە. بەم پێیە، کردەیەک تەنیا کاتێک ڕاستە کە یەکپارچەیی، سەقامگیری و جوانیی کۆمەڵگەی بایۆلۆژی بپارێزێت. ئەمە بە تەواوی لەگەڵ ئەو داناییە خۆماڵییەی کوردستاندا یەکدەگرێتەوە کە سرووشتی وەک بوونەوەرێکی زیندوو و خاوەن ڕۆح سەیر دەکرد، نەک تەنیا وەک کەرەستەیەکی بێگیان. ئەم تێڕوانینە کاتێک ڕووبەڕووی واقیعی ژینگەی کوردستان دەبێتەوە، ڕەهەندێکی زۆر قووڵتر و تراژیدیتر وەردەگرێت. کوردستان، بە چیا سەرکەشەکانی، دۆڵە قووڵەکانی و ڕووبارە یاخییەکان، و دەشتە بەرینەکانی تەنیا جوگرافیایەک نییە؛ بەڵکو ناسنامەیەکی زیندووە. چیاکانی کوردستان، تەنیا کۆمەڵە بەرد و خۆڵ نین، بەڵکو بوونەوەرێکی مەزن و دانان کە شایەنی ڕێزگرتنن. کاتێک مرۆڤی کورد دەڵێت «چیاکان دۆستی ئێمەن»، ئەمە دەربڕینی ئەو پەیوەندییە ڕۆحییە قووڵەیە کە لەنێوان مرۆڤی ئەم ناوچەیە و ژینگەکەیدا هەبووە. پاراستنی دار بەڕوویەک تەنیا بۆ سووتەمەنی نەبووە، بەڵکو ڕێزگرتن بووە لە ڕۆح و تەمەنی ئەو دارە. پیسنەکردنی کانییەک تەنیا لەبەر پاکوخاوێنی نەبووە، بەڵکو داننان بووە بە پیرۆزیی سەرچاوەی ژیان. ئەمە ئەو داناییە خۆماڵییەیە کە بەبێ تیۆری و فەلسەفە، لەناو کردەی ڕۆژانەدا بەرجەستە ببوو. بەڵام ئەمڕۆ، ئەم پەیوەندییە ڕەسەنە ڕووبەڕووی دوو جۆر لە هێرشی وێرانکەر بووەتەوە: هێرشی دەرەکیی سیستەماتیک و هێرشی ناوخۆیی نامۆبوون و بەکاڵاکردن.
بۆ قووڵبوونەوە لە سرووشتی ئەم هەڕەشە گەورانە، دەتوانین پەنا بۆ چەمکەکانی تیمۆسی مۆرتۆن ببەین. مۆرتۆن باس لە «هایپەر ئۆبێکتەکان- Hyperobjects» دەکات، کە بریتین لەو دیاردە گەورانەی کە ئەوەندە بەرفراوان و ئاڵۆزن لە کات و شوێندا، ناتوانین بە ئاسانی هەستیان پێ بکەین، وەک گۆڕانی کەشوهەوا یان پاشماوەی ئەتۆمی. سووتاندنی سیستەماتیکی دارستانەکان، سیاسەتی بەنداو دروستکردن کە سەرچاوە ئاوییەکان وشک دەکات، یان پیسبوونی بەرفراوانی خاک و ئاو بەهۆی پاشماوەی پیشەسازی و جەنگەوە، دەکرێت وەک هایپەرئۆبێکتێک سەیر بکرێن کە کاریگەرییەکانیان لە یەک شوێن و کاتدا قەتیس نابن، بەڵکو هەموو نەوەکانی داهاتوو دەگرێتەوە. ئەم دیاردانە، بەهۆی گەورەیی و ئاڵۆزییانەوە، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و کاردانەوەی ڕاستەوخۆ قورس دەکەن. لێرەدا، مۆرتۆن لە کتێبی «ئیکۆلۆژیای تاریک-Dark Ecology»ـدا، ئەم دیدە فراوانتر دەکات و لێکەوتەکانی دەخاتە ڕوو، داوامان لێدەکات لەگەڵ لایەنە تاریک و ئازاراوییەکەی ژینگەدا بژین. ئەو ئازارەی لە سووتانی داربەڕوویەکدا هەستی پێدەکەین، بەپێی ئەم دیدگایە، سۆزێکی کاتی نییە، بەڵکو نیشانەی زیندووبوونی ئەو پەیوەندییە قووڵەیە و دەبێتە خاڵی دەستپێکی هەڵوێستێکی سیاسیی ڕیشەیی. ئەم ئازارە، وەک ئاوێنەیەک وایە کە تێیدا مرۆڤی کورد ئازاری خاکەکەی بە ئازاری جەستەی خۆی دەبینێت. هێرشی دووەم، کە لەوانەیە زیانبەخشتریش بێت چونکە لە ناوخۆوەیە، ئەو هێرشەیە کە مۆرای بووکچین بە وردی شیدەکاتەوە. بووکچین لە «ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی-Social Ecology»ـدا، پێی وایە کە کێشەی ژینگە لە بنەڕەتدا کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە. ئەو دەڵێت: «هەتا مرۆڤ، مرۆڤ داگیر بکات، ناتوانێت سرووشت ڕزگار بکات». بەپێی ئەم دیدگایە، ئەو عەقڵییەتەی پلەبەندیی، چینایەتی و ستەمکاریی لەنێو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییدا دروست دەکات، هەمان ئەو عەقڵییەتەیە کە سرووشت وەک ئۆبێکتێکی بێگیان بۆ داگیرکردن و بەکارهێنان دەبینێت. لە کوردستاندا، مۆدێرنیتەی ڕووکەش و کەلتوری بەکاربردنی بێسنوور، وردە وردە مرۆڤی کوردیی لەو پەیوەندییە قووڵەی لەگەڵ خاکەکەیدا دایبڕیوە. کاتێک چیاکان دەبنە تەنیا شوێنێک بۆ وێنەگرتنی سێڵفی، کانییەکان دەبنە شوێنی فڕێدانی خاشاک، و زەوییە کشتوکاڵییەکان دەبنە کاڵایەک بۆ کڕین و فرۆشتن و دروستکردنی ڤێلای بێ ڕۆح، ئەو کاتە «بایەخی خۆیی» سرووشت لەبیر دەکرێت و ئەخلاقی خاک پێشێل دەکرێت. ئەمە ئەو نامۆبوونەیە کە وا دەکات کارەساتێکی ژینگەیی ببێتە هەواڵێکی ئاسایی و تراژیدیایەک بە بێدەنگی تێپەڕێت.
ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی “بووکچین” ڕوونیدەکاتەوە کە ئەو گەندەڵی و نادادپەروەرییەی لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ناوخۆدا هەیە، ڕێگە خۆشدەکات بۆ داگیرکاریی ژینگەیی. ئەو ڤێلایەی لەسەر زەوییەکی بەپیت دروست دەکرێت، ئەو کارگەیەی کە پاشماوەکەی دەڕژێتە ناو ڕووبارێکەوە، و ئەو سیاسەتەی کشتوکاڵی خۆماڵی پشتگوێ دەخات لەپێناو هاوردەکردندا، هەموویان دەرکەوتەی یەک نەخۆشین: عەقڵییەتی داگیرکاریی مرۆڤ بۆ مرۆڤ و مرۆڤ بۆ سرووشت. چارەسەر، بەپێی بووکچین، تەنیا لە پاراستنی ژینگەدا نییە، بەڵکو لە ڕزگارکردنی کۆمەڵگەیە لە ستەمکاری و پلەبەندیی. تەنیا کاتێک کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و یەکسانمان هەبێت، دەتوانین چاوەڕێی ئەوە بکەین کە ئەو کۆمەڵگەیە بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ سرووشتدا بکات. لەم نێوەندە پڕ لە هەڕەشەیەدا، ڕۆڵی شەهیدانی ژینگە وەک بەرزترین فۆرمی بەرجەستەکردنی ئەخلاقی خاک دەردەکەوێت. شەهیدانی ژینگە، ئەو کەسانەن کە گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی ئازاری خاکەکەیان بە ئازاری جەستەی خۆیان زانیوە و لەپێناو پاراستنی یەکپارچەیی، سەقامگیری و جوانیی کۆمەڵگەی بایۆلۆژیی کوردستاندا، گیانی خۆیان بەخت کردووە. ئەوان تەنیا چالاکوان نەبوون، بەڵکو بوونە هێمایی ئەو پەیوەندییە ڕەسەنەی نێوان مرۆڤ و خاک، کە لیۆپۆڵد داوای دەکرد. لە ڕوانگەی ئەخلاقی خاکەوە، کردەی شەهیدانی ژینگە، ڕاستترین و پیرۆزترین کردەیە، چونکە لە پێناو بەهای ناوەکیی ژینگەدا ئەنجامدراوە، نەک تەنیا لە پێناو سوودێکی مرۆیی. کاتێک دارستانێک دەسووتێنرێت، یان ڕووبارێک وشک دەکرێت، شەهیدانی ژینگە هەست بەو ئازارە ڕیشەییە دەکەن کە تیمۆسی مۆرتۆن ناوی لێناوە «ئیکۆلۆژیای تاریک». ئەم ئازارە، وەک زەنگێکی ئاگادارکەرەوە وایە کە پێمان دەڵێت: کارەساتەکە ئەوەندە گەورەیە کە ناتوانرێت بە ئاسانی تێپەڕێنرێت. ئەم ئازارە، دەبێتە هێزێکی پاڵنەر بۆ بەرخۆدان. شەهیدانی ژینگە، بە کردەوە سەلماندیان کە مرۆڤ و سرووشت دوو بوونی جیاواز نین، بەڵکو یەکن. ئەوان لەو خاڵەدا ژیاون کە ئازار و کۆژانی دارێک بووەتە ئازاری جەستەیان و کوژانەوەی ئاگرێک بووەتە ئەرکی بوونیان. ئەوان بوونە قوربانیی هایپەر-ئۆبێکتەکان و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بەڵام لە هەمان کاتدا، بوونە هێمای بەرگریی ڕیشەیی دژی ئەم هێرشانە.
ئەرکی ئێمە، وەک نەوەیەک کە لەژێر سێبەری ئەم هەڕەشە گەورانەدا دەژین، ئەوەیە کە ئەم فیداکارییە بکەینە بناغەی شۆڕشێکی هۆشیاری و کردەیی. دەبێت ئەخلاقی خاک بەدەربڕینە لیۆپۆڵدیەکە؛ بکەینە بەشێکی دانەبڕاو لە پەروەردە و چاندمان. دەبێت منداڵەکانمان فێر بکەین کە خاک و ئاو و دارستان، تەنیا کەرەستە نین، بەڵکو ئەندامی کۆمەڵگەی ژیانن و شایەنی ستایش و ڕێزگرتنن. ئەمە تەنیا لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ داناییە خۆماڵییەکان و تێکەڵکردنیان لەگەڵ دیدە فیکرییە قووڵەکانی وەک ئەخلاقی خاک و ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتییدا دەکرێت. لە ڕوانگەی ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتییەوە، چارەسەری ڕیشەیی لەوەدایە کە ئەو عەقڵییەتە پلەبەندی و ستەمکارە لەنێو کۆمەڵگەی کوردییدا نەهێڵین کە ڕێگە بە گەندەڵی و نادادپەروەریی دەدات و لە کۆتاییدا خۆی لە تێکدانی ژینگەدا نمایش دەکات. دەبێت داوای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بکەین، چونکە تەنیا کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر دەتوانێت بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ سرووشتدا بکات. دەبێت بەرگری لە مافی خەڵکی ناوچەکە بکەین بۆ ئەوەی خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خاک و ئاو و سرووشتی خۆیان بدەن، نەک کۆمپانیایەکی بازرگانیی ناوخۆیی یان هێزێکی دەرەکی. کاتێک ئازاری سووتانی دار بەڕوویەک وەک ئازاری جەستەی خۆمان هەست پێ دەکەین “بەپێی ئیکۆلۆژیای تاریک-تیمۆسی مۆرتۆن”یەکە، و کاتێک ئەو ئازارەمان گۆڕی بۆ هەڵوێستێکی سیاسی بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە ستەمکاریی “بەپێی ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی-مورایی بووکچین”یەکە، ئەو کاتە دەتوانین بڵێین ئێمە لەسەر ڕێگای ڕزگارییداین. ڕزگارکردنی ژینگەی کوردستان، ڕزگارکردنی خودی ناسنامە، سەروەری و بوونی ئێمەیە لەناو ئەم جیهانەدا. ئەمە تەنیا ئەرکێکی ژینگەیی نییە، بەڵکو پیرۆزترین ئەرکی نیشتمانی و مرۆییە بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو. ئەم تێڕوانینە، پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ژینگەدا لە چوارچێوە تەسکەکەی «پاراستنی سرووشت» دەباتە دەرەوە و دەیکاتە بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتی بوون و مانەوە. دارستان و سرووشتی کوردستان تەنیا کۆمەڵێک درەخت نین؛ ئەوان یادەوەریی زیندووی نەتەوەیەکن، شاهیدی هەوراز و نشێوەکانی مێژوون و هەڵگری ئەو چاندەن کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە خاک و ئاو دامەزراوە. گۆڕینی ئەم ئازارە بۆ هەڵوێستێکی سیاسی، هەنگاوێکە بەرەو بە کردەییکردنی ئەم تێگەیشتنە. ئەم هەڵوێستە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە چیتر ڕێگە نەدەین خاک و ئاو و سامانی سرووشتیمان وەک کاڵایەکی بێگیان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بخرێنە ناو بازاڕی سیستەمی سەرمایەدارییەوە. پاراستنی خاک، تەنیا پاراستنی زەوی نییە، بەڵکو پاراستنی کەلتور، زمان و مێژوویی ئێمەیە لەم خاکەدا ڕەگی داکوتاوە. کاتێک بەرگری لە ژینگەی کوردستان دەکەین، لە هەمان کاتدا بەرخۆدان لە مافی خۆمان دەکەین بۆ ژیانێکی سەربەخۆ و بەکەرامەتی پڕ لە شکۆ و بەها. بەم شێوەیە، ئەرکی پاراستنی ژینگە لە ئەرکێکی لاوەکییەوە دەگۆڕێت بۆ پیرۆزترین ئەرکی نیشتمانی. چونکە لەدەستدانی ژینگە، لەدەستدانی ئەو بنکە مادی و مەعنەوییەیە، ناسنامە و بوونی ئێمەی لەسەر وەستاوە. ڕزگارکردنی ژینگەی کوردستان، ڕزگارکردنی دوا قەڵای مانەوەی ئێمەیە وەک نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو و جوگرافیا. ئەمە نیەت و وەسیەتێکە بۆ نەوەکانی داهاتوو، نیشتمانێکیان بۆ بەجێبهێڵین تێیدا مرۆڤ و سرووشت پێکەوە و بە هاوسەنگی و هەرەوەزیی بژین، نەک لە ململانێیەکی بەردەوامدا بن.





































































