خواردن تەنیا بابەتێک نییە کە لەپێناو مانەوە لە ژیاندا، بخورێت؛ بەڵکو دەقێکی کولتووریی قووڵە، دەفتەرێکی نەنووسراوی شوناسە، و ئاوێنەیەکی ڕاستگۆیە بۆ ڕەنگدانەوەى یادەوەریی گەلان و گۆڕانکارییەکانیان بە درێژایی مێژوو. وەک زانایانی ئەنترۆپۆلۆژیا (مرۆڤناسی) دەیبینن، خوان تەنیا شوێنێک نییە بۆ سک تێرکردن، بەڵکو کایەیەکە کە تێیدا هێماکانی کۆمەڵگە، شوناس و چینەکانی لەسەر دەنووسرێتەوە، و لە ڕێگەیەوە شێوازەکانی دەسەڵات، نەریتەکان و ڕێڕەوەکانی پەیوەندیی شارستانی لە نێوان نەتەوەکاندا تۆمار دەکرێن. سەرەڕای پەرەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیا و شێوازەکانی ژیانی سەردەم، هێشتا خواردن هێزێکی ڕەمزیی بێوێنە لەناخیدا هەڵدەگرێت: ئەو ئامرازێکە بۆ “پیوەستێتى” (ئینتیما)، هۆکارێکە بۆ بەرگریی کولتووری و پردێکە ڕابردوو بە ئێستاوە دەبەستێتەوە. گەلان لە ڕێگەی خواردنەوە خۆیان دەناسێنن، تایبەتمەندییەکانیان دەخەنە ڕوو، و ڕووبەڕووی ئەو سڕینەوەی شوناسە دەبنەوە کە جیهانگیری (Globalization) دەیسەپێنێت.
“خواردن و کولتوور؛ ئەو کاتەى خوان دەبێتە زمان”
خواردنەکان تەنیا بریتى نین لە کەرەستە پێکهێنەرەکان، بەڵکو زمانێکی تەواون کە گوزارشت لە شارستانییەتەکان دەکەن. لە ژاپۆن، “سوشی” تەنیا وەک ژەمێکی دەریایی سەیر ناکرێت، بەڵکو وێناى پەیوەندی مرۆڤی ژاپۆنی بە دەریا و جوانییەکى سادە دەبینرێت. لە میراتی عەرەبیشدا، خواردنی “هەریسە” وەک یادەوەرییەکی بەکۆمەڵ ئامادەگیی هەیە کە لە سەردەمانی وشکەساڵی و قاتوقڕیدا سەریهەڵداوە، و بە تێپەڕبوونی سەدەکان بووەتە هێمایەک بۆ هاوکاری و پشتیوانیی نێوان خەڵک. لە کوردستانیش، خواردنەکانی وەک “دۆخەوا”، “قەرەخەرمان” و “کفتە”، هەڵگری بارێکی کولتوورین کە ڕەنگدانەوەی جوگرافیای شاخەکان، ژینگەی کشتوکاڵی، نەریتی میوانداری و ژیانی بەکۆمەڵن. لێرەدا خوان تەنیا کایەیەک نییە بۆ چێژ، بەڵکو کایەیەکە بۆ شوناس. ئەگەر ئاوڕێک لە خوانەکانی سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپا بدەینەوە، جیاوازییەکی گەورە لە نێوان خۆراکی ئاغاکان و جووتیارەکاندا دەبینین؛ یەکەمیان هێمای هێز و دەوڵەمەندییە، و ئەوی دیکەیان هێمای سەختیی ژیانە. بەم شێوەیە خوان بووەتە ئاوێنەیەک بۆ جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان و تۆمارێک بۆ مێژووی کۆمەڵگەکان.
“خواردن و مێژوو؛ خوان وەک بەڵگەنامەیەکی شارستانی”
هەر خواردنێک چیرۆکێک دەگێڕێتەوە. لە ڕێگەی خواردنەوە دەکرێت ڕێڕەوی شارستانییەکان و گواستنەوەیان بخوێندرێتەوە. لە سەردەمی عەباسیدا، خوانی بەغدا خاڵی بەیەکگەیشتنی شارستانییەتەکانی فارس، ڕۆما و هند بوو، کە تێیدا چێژ و نەریتی ئیمپراتۆرییەتە گەورەکان ڕەنگی دایەوە و بووە نیشانەیەک بۆ شکۆ “شارستانییەتی ئیسلامی” لە لووتکەی بەهێزبوونیدا. لە ئەورووپای سەردەمی دۆزینەوە جوگرافییەکانیشدا، پەتاتە و تەماتە کە لە هەردوو ئەمریكاکەوە هێنران، شێوەی خواردنی ئەورووپییان بەتەواوی گۆڕی؛ ئەمەش گەواهیدەرى ئەوەیە کە خواردن هەمیشە بەشێک بووە لە جووڵەی مێژوو و سیاسەت.
“خواردن و ژینگە؛ پێکهاتەکانی زەوی دەبنە شوناس”
گەنم، زەیتوون، خورما و ترێ، تەنیا بەرهەمی کشتوکاڵی نین؛ بەڵکو توخمگەلێکن یادەوەریی گەلانیان پێکهێناوە.
- مەندیی یەمەنی:– گوزارشت لە چیرۆکی بیابان و جوگرافیای بەرزاییەکان دەکات.
- بریانی کوردی:– چیرۆکی شاخەکان و لەوەڕگەکان دەگێڕێتەوە.
- تەبوولەی شامی:– هەڵگری ڕیتمی زەویی بەپیت و بارانی کەناراوەکانە
بەمجۆرە، خواردن دەبێتە پوختەی ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دروست بووە.
“جیهانگیری و خواردن؛ کاتێک چێشتخانە دەبێتە هێزی نەرم”
لە سەدەی بیست و یەکدا، خواردنەکان تەنیا بۆ شوناسی ناوخۆیی بەکار نایەن، بەڵکو دەبنە “هێزێکی نەرم” بۆ دەوڵەتان.
- پیتزا:– دوای دووەم جەنگی جیهانی بووە هێمای ئیتاڵیا.
- کیمچیی کۆری:- لە لیستی میراتی ناماددیی یونسکۆدا تۆمار کرا.
- حومس و فەلافەل:– بوونەتە هێمای چێشتخانەى عەرەبی لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی “دەستبەسەرداگرتنی خۆراک”.
خواردن لە ڕۆڵە سەرەکییەکەى خۆیەوە کە لە نێو ماڵ و بازاڕەکاندایە، گواستراوەتەوە بۆ ئامادەگیى لە میدیا، فێستیڤاڵەکان، گەشتوگوزار، و تەنانەت سیاسەتی کولتووریی نێوان دەوڵەتان.
“حیکایەت و خواردنەکان؛ ئەو یادەوەرییەی نامرێت”
هەر گەلێک چیرۆکی تایبەت بە خۆی هەیە کە بەستراوەتەوە بە خواردنەوە.
- لە چین، “دەمپڵینگ” هێمایە بۆ بەخت و کۆبوونەوەی خێزانی لە سەری ساڵدا.
- لای گەلانی سلاڤ، نان و خوێ لووتکەی میوانداری و ڕێز نیشان دەدەن.
- لە جیهانی عەرەبیشدا، پێشکەشکردنی قاوە وەک ڕێوڕەسمێکی کۆمەڵایەتی ماوەتەوە کە ماناکانی بەخشندەیی و شکۆ و ڕێز هەڵدەگرێت.
ئەم چیرۆکانە دەیسەلمێنن کە خواردن تەنیا خوویەکی ڕۆژانە نییە، بەڵکو میراتێکی زیندووە کە لە نێوان نەوەکاندا دەخولێتەوە.
“پاراستنی میراتی خۆراکی؛ بەرپرسیارێتی شوناس لە سەردەمی خێراییدا”
ئەمڕۆ، میراتی خۆراکی ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری دەبێتەوە: بڵاوبوونەوەی خواردنی خێرا(Fast Food)، جیهانگیریی بازرگانی، گۆڕانی کەشوهەوا و لەناوچوونی کشتوکاڵی نەریتی. هەموو ئەمانە هەڕەشە لە ڕەسەنایەتیی چێشتخانە و خوانى خۆماڵی دەکەن و ئەو یادەوەرییە بەکۆمەڵە لاواز دەکەن کە پێیەوە بەستراوەتەوە. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە: ئایا دەتوانین پارێزگاری لە شوناسی خۆمان بکەین ئەگەر تام و چێژی خواردنە نەریتییەکانمان لەدەست بدەین؟ پاراستنی میراتی خۆراکی تەنیا خۆشگوزەرانییەکی کولتووری نییە، بەڵکو پاراستنی خودی شوناسە، چونکە مێژووی گەلان و ڕۆح و ڕەچەڵەکیان دەپارێزێت.
“کۆتایی”
خواردن تەنیا کردارێکی ڕۆژانە نییە. ئەو مێژوو، کولتوور و ئینتیمایە. قەڵەمێکە گەلان دێڕەکانی بوونی خۆیانی پێ دەنووسنەوە. لە ڕێگەیەوە گوزارشت لە خۆیان دەکەن، ڕووبەڕووی هەوڵەکانی سڕینەوەی شوناسیان دەبنەوە، و پارێزگاری لە یادەوەریی باب و باپیرانیان دەکەن. پاراستنی چێشتخانەى نەریتی، بەرگرییە لە شوناسی نیشتمانی لە سەردەمێکدا کە جیهانگیری خێرا دەبێت و خەریکە تایبەتمەندییە کولتوورییەکانی گەلان دەسڕێتەوە. خواردن تەنیا ئەوە نییە کە دەیخەینە دەممانەوە… بەڵکو ئەوەیە کە لە یادەوەری و دڵماندا هەڵمانگرتووە.
سەرچاوەکان؛
١. عەللاوی، محەممەد (٢٠١٩). مەتبەخی مەغریبی لە مێژوو و کولتووردا. ڕەبات: دار الأمان.
٢. ئەلبەلووشی، سالم (٢٠٢٠). مەتبەخی کەنداوی لە نێوان میرات و شوناسدا. ئەبوزەبی: سەنتەری عەرەبی بۆ توێژینەوە.
٣. ئیبراهیم، عەبدولڕەحمان (٢٠٢٠). کولتووری خۆراکی لە میراتی عەرەبیدا. ڕیاز: کتێبخانەی مەلیک عەبدولعەزیز.
٤. ئەلمەسعوودی، عەلی کوڕی حوسێن. مروج الذهب ومعادن الجوهر.
٥. فێرنەر، دانیێڵ (٢٠٢١). مێژووی کولتووریی خواردن. بەیروت: دار الكتاب الجديد.
٦. مۆنتانی، ج. (٢٠١٥). مێژووی خواردن لە ئەورووپای ناوەڕاست. قاهیرە: دەستەی گشتیی کتێب.
٧. نەغوین، فۆمیکۆ (٢٠١٨). مێژووی مەتبەخی ژاپۆنی. تۆکیۆ: زانکۆی مێیجی.
٨. یونسکۆ (٢٠٢٣). لیستی میراتی کولتووریی ناماددیی وڵاتانی ئەندام.




































































