لەو ساتەوەختە مێژووییانەی کە تێیدا سیستەمە باوەکان دەلەرزن و بەها ناسراوەکان مانای خۆیان لەدەست دەدەن، پرسیاری بنەڕەتی سەبارەت بە چییەتیی سیاسەت بە شێوەیەکی تووندتر و ڕاشکاوانەتر دێتەوە ئاراوە. لەم بۆشاییە فیکرییەدا، کە لیبراڵیزمی سەدەی نۆزدەهەم نەیتوانیبوو وەڵامێکی قایلکەری بۆ قەیرانەکانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم هەبێت، کارڵ شمیت، فەیلەسوفی سیاسیی ئەڵمانی، هەرچەند شمیت فەیلەسوفێکی دەسەڵاتی نازییەکان بوو، بەڵام ئێمە لێرەدا؛ تەنها تیۆرییەکەی وەردەگرین لە بواری سیاسەتدا کە یەکێکە لە تیۆرە گرنگ و مانادارەکان، وەک دەنگێکی ڕادیکاڵ و دژەباو دەرکەوت. شمیت لەبری ئەوەی سیاسەت وەک پڕۆسەیەکی ئاشتیخوازانەی گفتوگۆ و سازان ببینێت، ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر ئەو خاڵەی ئەو بە «دۆخی سنووری» ناوی دەبات؛ ئەو ساتەی وا تێیدا بوون یان نەبوونی کۆمەڵگەیەکی سیاسی دەکەوێتە مەترسییەوە. لێرەوە، لەناو ئەم دۆخە بوونگەراییە چڕەدا، شمیت جەوهەری ڕاستەقینەی «سیاسیبوون» ئاشکرا دەکات، کە لە هیچ شتێکی تردا کورت نابێتەوە جگە لە توانای بڕیاردان لەسەر جیاکارییەکی بنەڕەتی و ئۆنتۆلۆژی؛ دوانەی «دۆست» و «دوژمن». شمیت پڕۆژە فیکرییەکەی بە ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو پێناسانە دەست پێدەکات کە هەوڵ دەدەن سیاسەت بخەنە ژێر چەتری بوارەکانی تری ژیانەوە. ئەو پێی وایە کە سیاسەت نە درێژکراوەی ئەخلاقە “ململانێی چاکە و خراپە”، نە لقێکە لە ئابووری “کێبڕکێی قازانج و زیان”، و نە پرسێکی یاساییە “جێبەجێکردنی ڕێسا و نۆرمەکان”. بەڵکو سیاسەت بوارێکی سەربەخۆ و تایبەتە کە لۆژیک و پێوەری تایبەت بە خۆی هەیە. ئەم پێوەرە، ناسنامەی ڕەسەنی سیاسەت پێکدەهێنێت، بریتییە لە «پلەی چڕی» یەکگرتن یان جیابوونەوەی مرۆڤەکان. کاتێک دژایەتییەک، جا هۆکارەکەی ئاینی، ئابووری، یان کەلتوری بێت، دەگاتە بەرزترین ئاستی چڕی و دەبێتە هۆی دابەشبوونی مرۆڤەکان بۆ دوو بەرەی «ئێمە» و «ئەوان» بە شێوەیەک ئەگەری پێکدادانی فیزیکی و شەڕی لێ بکەوێتەوە، ئەو کاتە دژایەتییەکە ماهییەتێکی سیاسیی وەردەگرێت. کەواتە، سیاسیبوون ئەو وزە شاراوەیەیە کە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا هەیە و لە ساتەوەختی قەیراناویدا خۆی ئاشکرا دەکات و هەموو شتێکی تر دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.
لێرەوە، پێناسەی شمیت بۆ «دوژمن» ڕوون دەبێتەوە. دوژمن ئەو کەسە نییە بە شێوەیەکی شەخسی ڕقت لێی بێت، بەڵکو ئەو قەوارە گشتییەیە بە بوونی خۆی، وەک شێوازێکی جیاوازی ژیان، هەڕەشەیەکی بوونناسانە بۆ سەر «ئێمە» دروست دەکات. دوژمن ئەو «ئەوی تر»ـەیە کە دەبێت بەرپەرچی بدرێتەوە نەک لەبەر ئەوەی خراپە، بەڵکو تەنها لەبەرئەوەی «جیاواز» و «نامۆ»یە بە شێوەیەکی ڕیشەیی. ئەم جیاکارییە بڕیارێکی عەقڵانی و حیسابکراو نییە، بەڵکو بڕیارێکی وجودییە کە لەلایەن کۆمەڵگەیەکی سیاسییەوە دەدرێت بۆ پاراستنی شوناس و مانەوەی خۆی. لەم ڕوانگەیەوە، شەڕ تەنها درێژکراوەی سیاسەت نییە بە ئامرازی تر، وەک کڵاوزڤیتز دەیگوت، بەڵکو شەڕ ئەو ئەگەرە هەمیشەییەیە لە ئاسۆی ژیانی سیاسییدا بوونی هەیە و مانای ڕاستەقینە بە دوانەی دۆست-دوژمن دەبەخشێت. هەر کۆمەڵگەیەک ئامادەیی ئەوەی تێدا نەبێت کە ئەم بڕیارە چارەنووسسازە بدات و تا کۆتایی بۆی بجەنگێت، لە ڕاستییدا لە بواری سیاسییەوە دەستبەرداری بوونی خۆی بووە.
ئەم تێڕوانینە لەسەر بنەمای مرۆڤناسییەکی ڕەشبینانە دامەزراوە. شمیت، بە پێچەوانەی فەیلەسوفانی ڕووناکبیری و لیبراڵیزم کە باوەڕیان بە سرووشتی باشی مرۆڤ و ئەگەری پێشکەوتنی ئەخلاقی هەمیشەیی هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ دیدگایەکی کلاسیکیتر و پێی وایە مرۆڤ بوونەوەرێکی «مەترسیدار و دینامیکی»یە. ململانێ و پێکدادان بەشێکی دانەبڕاوی مێژووی مرۆڤایەتییە و هەر تیۆرییەکی سیاسی کە ئەم ڕاستییە تاڵە نادیدە بگرێت، لە باشترین حاڵەتدا سادەلوحانەیە و لە خراپترین حاڵەتدا خۆکوژییە. لە دیدی شمیتەوە، جیهانی لیبراڵی، بە بانگەشەکردن بۆ گەردونگەرایی و مرۆڤایەتیی یەکگرتوو، هەوڵ دەدات چەمکی دوژمن بسڕێتەوە. بەڵام ئەمە تەنها وەهمێکە؛ چونکە کاتێک بە ناوی «مرۆڤایەتی»یەوە شەڕ دژی لایەنێک ڕادەگەیەندرێت، لە ڕاستییدا دوژمنەکە لە مرۆڤبوون دادەماڵرێت و دەکرێتە دێو، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی شەڕەکە ببێتە شەڕێکی ڕەها و بێسنوور، چونکە لایەنی بەرانبەر چیتر وەک مرۆڤ سەیر ناکرێت. لێرەدا، شمیت هێرشێکی بێوچانی فیکری دەکاتە سەر پایەکانی لیبراڵیزم. ئەو پێی وایە:- لیبراڵیزم، بە جەختکردنەوەی لەسەر تاکگەرایی، مافە سرووشتییەکان، و پڕۆسەی گفتوگۆی بێکۆتا لە پەرلەماندا، لە ڕاستییدا سیاسەت لە جەوهەرە ڕاستەقینەکەی دادەماڵێت و پڕۆسەی «بێ-سیاسیکردن» ئەنجام دەدات. لیبراڵیزم هەوڵ دەدات دوژمن بکات بە ڕکابەرێکی ئابووری و شەڕ بکات بە کێبڕکێیەکی بازرگانی. بە باوەڕی شمیت، ئەمە خەونێکی یۆتۆپیانەی مەترسیدارە، چونکە بە نادیدەگرتنی ئەگەری دوژمنکاریی ڕاستەقینە، گەل و دەوڵەت بەرەو لاوازی و هەڵوەشاندنەوە دەبات. کاتێک گەلێک ئیرادەی ئەوەی نامێنێت کە بڕیار لەسەر دۆست و دوژمنی خۆی بدات و ئامادەیی تێدا نامێنێت بۆ پاراستنی بوونی خۆی بجەنگێت، ئەو گەلە لە بواری سیاسییەوە بوونی نامێنێت و دەبێتە پاشکۆی گەلێکی تر کە هێشتا ئیرادەی سیاسیی خۆی پاراستووە. لەناو ئەم چوارچێوەیەدا، چەمکی «سەروەریی» گرنگییەکی چارەنووسساز پەیدا دەکات. شمیت سەروەری بە شێوەیەکی کلاسیکی یاسایی پێناسە ناکات، بەڵکو بە شێوەیەکی بڕیارگەرایانە دەڵێت: «سەروەر ئەو کەسەیە کە بڕیار لەسەر دۆخی ڕیزپەڕ و نائاسایی دەدات». دۆخی ڕیزپەڕ ئەو ساتەوەختە بوونگەرییەیە کە تێیدا یاسا و دەستووری ئاسایی هەڵدەپەسێردرێن بۆ پاراستنی بوونی دەوڵەت لە بەرانبەر هەڕەشەیەکی کوشندەدا. لەم دۆخەدا، وا یاسا بێدەنگ دەبێت، بڕیاری ڕووتی سیاسیی دەردەکەوێت. بڕیاردان لەسەر ئەوەی کێ دوژمنە و چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، دەبێتە ناوەکیترین کردەی سەروەرانە. کەواتە، دەوڵەت ئەو قەوارە سیاسییە باڵایەیە کە قۆرغکردنی بڕیاردانی لەسەر دۆست و دوژمنی هەیە. هەر کاتێک دەوڵەت ئەم توانایەی لەدەست دا، یان ئەگەر گروپێکی ناوخۆیی “وەک حیزبێکی شۆڕشگێڕ” یان قەوارەیەکی دەرەکی “وەک ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی” ئەم مافە بۆ خۆی قۆرخ بکات، ئەوا دەوڵەت لە کردەوەدا بوونی سیاسی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە ئامرازێک بەدەست هێزی ترەوە.
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی فیکری شمیت، ڕەخنەگرتنیەتی لە «تیۆلۆژیای سیاسیی». ئەو پێی وایە کە «هەموو چەمکە گرنگەکانی تیۆریی مۆدێرنی دەوڵەت، چەمکی تیۆلۆژیی سێکولارکراون». بۆ نموونە، خودای قادرموتڵەق لە تیۆلۆژیادا، لە تیۆریی دەوڵەتدا بووە بە یاسادانەری سەروەر. پەرجوو بووە بە دۆخی نائاسایی. لەم ڕوانگەیەوە، بڕیاری سیاسیی سەروەر لە دۆخی نائاساییدا، هاوشێوەی دەستێوەردانی خوداییە سا سیستەمی ئاسایی تێکدەدات بۆ دامەزراندنەوەی ڕێکخستنێکی نوێ. ئەم تێڕوانینە قووڵاییەکی میتافیزیکی دەبەخشێت بە چەمکی بڕیارگەرایی و سیاسەت لە تەنها کارگێڕییەکی دنیایی دەگوازێتەوە بۆ ئاستێکی بوونناسانەی باڵاتر. بڕیاری دیاریکردنی دۆست و دوژمن، لەم دیدەوە، تەنها کردەیەکی پراگماتی نییە، بەڵکو کردەیەکی دامەزرێنەریشە کە لە بۆشاییەوە نەزمێکی سیاسیی نوێ دەخوڵقێنێت، هەروەک چۆن خودا جیهانی لە هیچەوە خوڵقاند. لە ئاکامدا؛ تیۆرییەکەی شمیت بانگەوازێکە بۆ گەڕانەوە بۆ «ڕیالیزمی سیاسیی» لە دژایەتییەکی ئاشکرادا لەگەڵ ئایدیالیزمی لیبراڵی و گەردونگەرایی. ئەو پێمان دەڵێت کە جیهان شوێنێکی ئارام نییە و سیاسەت یارییەکی بێ زیان نییە. پشتگوێخستنی ڕاستییە تاڵەکانی ململانێی بوونگەرایی و پەنابردن بۆ خەیاڵی جیهانێکی یەکگرتووی بێ دوژمن، تەنها خۆڵکردنە چاوی خۆتە. دوانەی «دۆست-دوژمن» لای شمیت تەنها هاوکێشەیەکی تیۆری نییە، بەڵکو ئەو ڕاستییە ڕەق و نەگۆڕەیە کە ژیانی سیاسی مرۆڤایەتیی لەسەر بنیات نراوە. هەر کۆمەڵگەیەک بیەوێت وەک یەکەیەکی سیاسی سەربەخۆ بژی و شوناسی خۆی بپارێزێت، ناچارە بەردەوام ئەم پرسیارە بنەڕەتییە لە خۆی بکات: دۆستی من کێیە و، گرنگتر لەوە، دوژمنی من کێیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، بڕیارێکی وجودییە و نەک ئەخلاقی، چارەنووسی سیاسیی ئەو کۆمەڵگەیە دیاری دەکات. فیکری شمیت، سەرەڕای هەموو ئەو مشتومڕانەی لەسەریەتی، وەک ئاوێنەیەکی ڕوون و بێبەزەیی وایە کە ڕووی ڕاستەقینەی سیاسەتمان نیشان دەدات، بەتایبەت لەو سەردەمانەی کە ململانێکان دەگەنە ترۆپک و بڕیاردان لەسەر مان و نەمان دەبێتە تاکە پرسیاری گرنگ. فیکری ئەو وەک زەنگێکی ئاگادارکەرەوەیە بۆ هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە خەونی ئاشتییەکی هەمیشەییدا نوقم بوون و لەبیریان چۆتەوە کە مانەوەی سیاسیی، پێش هەموو شتێک، پێویستی بە ئیرادەی جەنگین هەیە.




































































