کۆنفۆسیوس؛ فەیلەسووف و حەکیمی گەورەی چینی دەڵێت:- گەر دەتەوێت نەتەوەیەک بناسیت گوێ بۆ مۆسیقاکەی ڕابگرە. ئەم وتە زێڕینەی ئەم فەیلەسووفە بۆ سەردەمانێک کە پێشکەوتن هێشتا قۆناغە سەرەتاییەکانی تێنەپەڕاندبوو و هیچ شتێکی مۆدێرن بە مانا ئەمڕۆییەکەی لە کایەدا نەبوو، ڕێگەی تێ دەچوو خەڵک و سەردەمەکەی بە بێ شیکاری و ئەملاو و ئەولا وەریگرن. ئێستەش هیچ ڕەخنەیەک لەسەر کرۆکی قسەکەیدا نییە و تەواوە، بەڵام کێشەی ئەم سەردەمەی ئێستە ئەوەیە کە مۆسیقا ئەو مانا ڕەسەن و ئۆرجیناڵەی سەردەمی کۆنی لە کیس داوە، یان ئەگەر بە پارێزەوە قسە بکەین دەبێت بڵێین مۆسیقای نەتەوەکان بە ئاسانی لێک جودا ناکرێنەوە. چەندین قۆناغێک لە تێکەڵکاری و دزی و بەتاڵانبردن و بەلاڕێدابردن ڕوویداوە، ئەم قۆناغانە تەنها لە جەغزی دزی وەکوو بابەتێکی شەخسی یان دەستە و گرووپی هونەری پێناسە ناکرێن بەڵکوو لە ناو بازنەی سیاسەت و ململانێی دەسەڵاتدا دەخوێنرێنەوە. بەتایبەت بە نیسبەت کوردەوە کە دوای جەنگی دووهەمی جیهانی و داڕشتنی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوین نەک تەنها جوگرافیاکەی بەڵکوو هەموو میراس و سامانە مەعنەوییەکەشی وەکوو تاڵان و غەنیمە لە لایەن داگیرکەرەوە چاوی لێ کرا.
ئەم قۆناغانە دەرهاوێشتەی ئەوها نەزم و داڕشتنێک بوون کە تا ئێستەش بەردەوامە. ئەمە هەر بە مۆسیقا و هونەریشەوە نەوەستاوەتەوە بەڵکوو بەپلەی یەکەم مێژوو و دواتر زمان و کولتوور واتە هەموو جومگە ئەساسییەکانی بوونی کورد وەکوو نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت هەوڵی داگیرکاری بۆ دراوە و هەر لە سەرەتاشەوە بە دوو تەکنیکی سیاسیی گشتی دەستی پێکردووە یەکەم:- نکوڵیکردن و سەرکوتکردنی خوێناوی و دووەم داگیرکاری و بەهی خۆکردنی هەموو شتێکی کورد. ئەم سیاسەتە و بەم دوو تەکنیکە لە تورکیای نوێ واتە تورکیای کەمال ئەتاتورکەوە تا ئێستەش هەر بەردەوامە و دوای نزیک سەدەیەک وردەوردە دان بەوەدا دەنێن گوایە کورد نەتەوەیەکی دیکەیە و تورکی شاخی نییە، لە هەر کام لە پارچەکانی کوردستان ئەم سیاسەتە تەکنیکی جیاوازی بەخۆوە دیتووە و مەبەستی باسەکەی من ئەمە نییە بەڵکوو شرۆڤەی من لەسەر ئەمەیە کە هێز و دەسەڵاتی دەوڵەت دەتوانێت چۆن یارییەکی ترسناک بە کیانی مەعنەوی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت بکات، ئەوەی باسم کرد سەرێکی موعادەلەکەیە و سەری دیکەی ئەم ڕێوێڵبوون و شێواندنەی هونەر (لێرەدا مۆسیقا) دەگەڕێتەوە بۆ ئەو چرکەساتەی شۆڕشی پیشەسازیی هاتە ئاراوە. سەرەتای مۆدێرنەی تەکنەلۆژیایی و دەرکەوتنی ئیرادەی هێزتەوەرەی و دەسەڵاتگەرایی لە ڕۆژئاوا و پەلکێشبوونی سوپای ڕۆژئاوا بۆ دنیای پڕ پیت و خێر و بێری ڕۆژهەڵات.
ئەم چیرۆکە زۆر بێ بن و پڕ پێچ و پەنایە و من مەبەستمە بڵێم قۆناغی مۆدێرنیزم و هاتنەئارای خواستی هێز لای گەلان و دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوە سیستەمێکی هێنایە ئاراوە کە بابەتی بێخەوش و شەقڵنەشکاو چووە ئەرشیڤی مێژووەوە. ئێمە ئیدی مەگەر لە دەنگبێژە بەدەوییەکانی سەحراکانی سعوودیا و دارستانەکانی ئامازۆن بەدوای بێخەوشیدا بگەڕێین. بێخەوشییەک کە جەستەی بێگەردی زەوینی دایک و پیرەساڵمان پێ پیشان دەدەن. بەڵام هەموو ئەمانە کۆتایی پێ هات، تەنانەت لە سعوودیای بیابان بەهۆی گەشەی مۆدێرنە و سیاسەتی کراوەی لەگەڵ ڕۆژئاوا هەر جۆرە مێژوومەندییەکی کۆن و نوێ بەرەو کۆتایی دەچێت و ئەوەی هەیە ژیانکردن لە قۆناغی ئێستە و لە ئامێزی زیرەکیی دەسکردە. ڕەنگە لە دارستانەکانی ئامازۆن لێرە و لەوێ خێڵە بەدەوییەکان ئاواز و ڕێوڕەسم و ڕێچواڵەکانی خۆیان پاراستبێت، چونکە هێشتا هەورەتریشقەی مۆدێرنە بەپڕ نەیپێکاون، بەڵام چارەنووسیان بەرەو نەمان و کۆتاییە. کەمینەیەکن لە ژێر مەترسیی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی مرۆڤی مۆدێرنی سەردەمی دیجیتاڵ و تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەسکرد. کەوایە ئێمە بەدەگمەن شتی بێخەوش لە ئاستە کۆن و بەدەوییەکەیدا دەبینینەوە، دیارە گەڕانەوە بۆ دیتنەوە و بینینی ئەو دیاردە کۆن و بەدەوییانە بەمانای بەرگریی ئێمە لە جیهانێکی پێشمۆدێرن و ناپێشکەوتوو نییە، بەڵکوو ئاماژەمانە بە چارەنووسی جۆرێک لە بێگەردی و عەفەوییەت لە سەردەمی کۆندا کە مەکینەی مۆدێرنە نەک هەر هاڕیوینی بەڵکوو ئەوەشی پێ نەهاڕدراوە تێکەڵی کۆمەڵێک نەهاڕدراوی دیکەی کردووە و وەکوو بەرهەمێک پێشکەشی دنیای کردووە.
ئێستە گەر بگەڕێینەوە سەر قسەکەی کۆنفۆسیۆس لای خۆمان بیر لەم پرسیارە دەکەینەوە کە ئایا مۆسیقا بەو مانا کۆن و ڕەسەنەی هێشتا ماوە؟ ئایا مۆسیقاش بەڕادەی خۆی تێک نەدراوە؟ ئایا پرۆژەی گەورەی کۆلۆنیالیزمی دەوڵەتی و نێودەوڵەتی لە بواری هونەریشدا ئەم یارییەی نەکردووە؟ ئایا ئێمە وەکوو کورد کە لە سەدەی شانزەهەم لە نێوان دوو ئیمپراتۆریی سەفەوی و عوسمانیدا دابەش بووین و چارەنووس و بێ دەسەڵاتیمان و هەروەها نەبوونی پلان و ژیریی پێویستمان ملکەچی دۆخی لۆزان و سایکس-پیکۆی کردین، مۆسیقاکەشمان نەکەوتووەتە بەر بۆردومان و جۆرێک لە تاڵان و بڕۆکردن؟ بێگومان وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە بەتایبەتی لە بواری هونەری مۆسیقادا کە پسپۆڕیی خۆی دەوێت، ئیشی من نییە بۆیە وەڵامدانەوەی زانستی بەم پرسیارانە و بەوەی کە مۆسیقای کوردی چەندە ڕەسەن و بێخەوش ماوەتەوە بابەتی پسپۆڕانەن و من تەنها وەکوو گوێگرێک سەرنجێکی خۆم دەخەمە ڕوو. با ئەوەش بڵێم باسکردن لە ڕەسەنایەتی و بێخەوشیی مۆسیقایی بەو مانایە مەبەستمە کە تایبەتمەندییەکانی مۆسیقای کوردی وەکوو کۆڵەکەی ئەم مۆسیقایە هێشتا بەباشی پارێزراوە یان نا. بۆیە لێرەدا من وەکوو گوێگرێک دەڵێم و دڵنیام زۆرێک لە خوێنەرانیش بیستوویانە کە ئاواز و گۆرانی کوردی لە لایەن زۆرێک لە نەتەوەکانی دراوسێ بەتایبەتی تورک و فارس و عەرەب دزراون و بەهۆی ئەوەی ئەوان کاتی خۆی دەسەڵات و پاڵپشتیی باشیان هەبووە توانیویانە سەردەمیانەی بکەنەوە و بەناوی خۆیانەوە تۆماری بکەن.
نموونەی ئەمە بە جار و بار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن چەندین پەیجەوە باس کراوە کە مۆسیقای کوردی و ئاوازەکانیان لە دەڤەری گەرمیان بەتایبەتی لە لایەن گۆرانیبێژە بەناوبانگەکانی فارس وەکوو ڕەوانشاد محەمەد ڕەزا شەجەریان، ئیرەجی بەستامی، هومایون شەجەریان و چەندینی دیکە دزراوە. بەشێک لەم ئاوازانە هی مامۆستا عەلیمەردان بوون کە کەسێکی وەکوو شەجەریان ئاماژەی بە سەرچاوەی ئاوازەکە نەکردووە، بەڵام مێژووی تۆماری ئاوازەکە دێرینبوون و ڕەسەنبوونی ئاوازە کوردییەکە پشت ڕاست دەکاتەوە، دەتوانین لەسەر ئەم تەوەرە زیاتر بڕۆین بەڵام لێرەدا ناگونجێت. ئەوەی لای من مەبەست بوو لێرەدا زیاتر بەرجەستەی بکەمەوە هاتنەکایەی باسی ئەمەیە کە سروودێکی ناوداری ئێرانی لە پارچە مۆسیقایەکی کوردی دزراوە کە چەند ساڵ پێش ئەوەی سروودە ئێرانییەکە تۆمار بکرێت ئاواز و سروودەکەی لە لایەن شاعیر و دەنگبێژێکی ڕۆژئاوای کوردستانەوە تۆمار کراوە. سروودی “ئەی ئیران” کە سروودێکە و گوایە حەماسە و شانازییەکانی وڵاتی گەورەی ئێران باس دەکات و بەناوی مۆسیقاری ئێرانی ڕوحوڵڵا خالقییەوە تۆمار کراوە لە ساڵی ١٩٤٥ بۆ ١٩٤٦ ، بەڵام خودی ئاوازەکە هی شاعیر و گۆرانیبێژ بەناوی یوسف بەرازییە و خەڵکی ڕوژئاوای کوردستانە و بە “بێ بوهار” ناسراوە و ناوی ئاواز و گۆرانییەکەش “وەڵات”ە. باسی من ئەوەیە هەر وەک چۆن مێژووی ئێمە لە زۆر ڕووەوە و بەتایبەتی لە ئاستی سیاسی و جوگرافی و دیموگرافییەوە شێوێندراوە ئەوا لە ساحەی هونەریشدا بە هەمان شێوەیە، بۆ ڕوونبوونەوەی لایەنە تاریکەکانی مێژووی هونەرمان بەتایبەت مێژووی مۆسیقامان پێشنیارم بۆ هەموو دەزگا ئەکادیمی و میدیا و ڕاگەینەدراوە ڕۆشنبیرییەکان و پسپۆڕانی مۆسیقا ئەوەیە لە بەرنامەیەکی بەربڵاودا ئەم باسانە یەکلا بکەنەوە تاکوو هەر مۆسیقا و ڕەسەنایەتیی خۆمان بپارێزین و هەم ئەو گومانانە بڕەوێنینەوە کە لای زۆرێک بە نیسبەت بانگەشەکانی کوردەوە هەیە.
ئێمە وەکوو نەتەوەیەک کە پێش جەنگە جیهانییەکان لە ناو ململانێی دوو ئیمپراتۆرییەتی دڕندە و دڵڕەقی ئێران و توراندا بووین و هەروەها پاش جەنگە جیهانییەکان بێ بەش کراین لە دەوڵەتی سەربەخۆ و مافی رەوای خۆمان بۆ ڕزگارکردنی کەلەپوورە دێرین و مەعنەوییەکانمان جەنگ و تێکۆشانی زۆرمان لە بەردەم ماوە. بەپێی ئەو زەمینە مێژووییە من دەڵێم تەنانەت دوای دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی ئێمە تازە شەڕە ڕاستەقینەکەمان لە بواری سەریەک خستنەوە و بووژاندنەوەی هونەر و ڕۆحی کوردی بە گشتی دەست پێ دەکات، تا ئەوکات دەبێت هەموو ئەم کەلێن و جێگە چۆڵانە دەستنیشان کەین بۆ ئەوەی بەرچاومان ڕوون بێت.




































































