“سەرەتایەك دەربارەی كولتوور”
مێژووی بیری مرۆڤایەتی مێژوویەكی ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە و هەر چەشنە ڕاجیایەك لە گوزارشتكردنی مرۆڤ بۆ چەمكە مێژووییەكان ئەچێتە چوارچێوە و سیاقە مێژووییەكەی بەریەك كەوتنی بیری مرۆڤ لە گەڵ ڕووداوەكان و چۆنیەتی تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ چەمكەكان و دیاردەكان، مێژووی چەمكی كولتوور بەو شێوەیەیی ئەمڕۆ لە زانستدا بەكاردەبرێت. باس لە سەرهەڵدانی چەمكێكی نوێ دەكات لە نێو كۆمەڵە واژەیەكی جۆربەجۆردا ڕەگ و ڕیشەی واژەی كولتووریش دەچێتەوە سەر زمانی كلاسیك لەوانەیە لە زمانی پێش كلاسیكی لاتینیەوە هاتبێت لە بنەڕەتدا مانای “كشتوكاڵ” یاخود “پەروەردە”كردن بدات، ئەم واتایە هێشتا لە واژەكانی “agriculture” وەرزێری”horticulture” باخەوانی و “cult”پەرستن و “cult us”ئایین لە جێی خۆیدایە و لە فۆڕمی تازەی وەك “culture bee” بە خێوكردنی مێشە هەنگ “oyster culture” بەرهەمهێنانی كوێچكە ماسی “pearl culture” بەرهەمهێنانی مرواری “bacillus culture” بەرهەمهێنانی باسیل. هەر هەمانا بەكاردەبرێت واژەی كولتوور بۆ یەكەمجار لە پەیوەندی لەگەڵ كۆمەڵگە مرۆییەكاندا لە ساڵی “1750”ز، لە زمانی ئەڵمانیدا بەو مانایە بەكاربراوە. “ داریوش ئاشوری، ل14”.
كولتوور لە زمانی ئینگلیزیدا لە بنەڕەتدا لە وشەی “culture”وە وەرگیراوە، كە هاو واتای وشەی “الثقافە”ی عەرەبیە. لە زمانی فارسیشدا بە “فرهنگ” نادەبریت، كە ماناكەی لە فراژوبوون “الانماء”دا خۆی دەبینێتەوە. سەرەتا بە پەیوەندی “comunecation” نێوان كشتوكاڵ “agriculture” و فراژوبوون”ئاڵوگۆڕكردن” وتراوە. “سەروەر محەمەد عهبدوڵا، ل6” ، مرۆڤ لەكۆندا زۆرتر بە كێڵان و كشتوكاڵ و پیشەگەلی سەرەتاییەوە خەریك بووە و ژیانێكی تاڕادەیەك سەرەتایی گوزەراندووە. ئەو كۆمەڵگایانەش، كە مرۆڤی تێدا ژیاوە زۆرتر كۆمەڵگەیەكی سەرتایی بووە. بە “وزەی بازو”ی مرۆیی خۆیان و پشتیان بە ڕەگەزە سرووشتی و جوگرافییەكانی وەك ئاو هەوای گونجاو، سوود وەرگرتن لە زەوی و ڕووبار و چاندن و كشتوكاڵ و ڕەگی ڕووەكەكان و گەڵای دارەكان و…هتد، بەستووە. لە پێناو دابینكردنی پێویستییەكانی ژیانیاندا، ئەمەش یەكێك بووە لە ئادگارەكانی مرۆڤی دێرین.
لەبەر ئەوەی كشتوكاڵ ناسراوترین و بەردەسترین پیشە بووە لەكۆندا، كە مرۆڤ ناسیبێتی. بۆیە مرۆڤ هەمیشە بیری لەوە كردوەتەوە نەوە لەدوای نەوە بەردەوام لەبیر”thought”ی پێشكەوتن و گەشەكردن و پەروەردەكردن و فراژوبوونی ئەم پیشەیەدا بێت. وەك لە سیاقە مێژووییەكەشدا وشەی “كولتوور” لە ڕەگی وشە یۆنانییەكەیدا بە واتایەكی نزیك لە كشتوكاڵ كە كێڵان یان “گەشەسەندن” هاتووە. لە سەرەتاوە مەبەست لەم وشەیە لەڕووی ڕێزمانی و زمانەوانییەوە تەنها وەبەرهێنان و گەشەپێدانی زەوی و بەربووم بووە. بەڵام لە سەردەمی سەرەتاكانی شۆڕشی فەرەنسی واتا لەسەدەی “هەژدەهەم”دا چەند فەیلەسوف و بیرمەندێكی وەكو “ڤۆڵتێر” وشەی كولتووریان بە واتای گەشەپێدانی عەقڵ و ڕەوشت بەكارهێناوە. پاشان بە هەمان مانای گەشەپێدانی عەقڵ ئەم وشەیە گوازراوەتەوە بۆ ئەڵمانیا و چەند شوێنێكی تر. “چالاك عەلی، ل8”. بەپێی تێپەڕبوونی قۆناغەكانی ژیانكردن، چەمكی كولتوور خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ كراوە و لێكوڵەران و بیرمەندانی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە و سەرنجی كولتوورناسان و سۆسیۆلۆژستان و ئەنترۆپۆلۆژستەكانی بە لای خۆیدا ڕاكێشاوە. هەر لە ساتی سەرهەڵدانیەوە بە تایبەت دوای ئەو گۆڕانكاریانەی، كە لە ئەنجامی پەرەسەندن و پێشكەوتنی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا هاتوەتەكایەوە. بە شێوەیەك هیچ زانستێك بەبێ گەشەكردنی كولتووری داهێنانی فیكری ڕەوتی دەوڵەمەندی ڕێنسانسی ڕۆشنبیری نە هاتووەتە گەشەكردن.
هەر بۆیە هەندێك لایان وایە زاراوەی “فەرهەنگ” ئاماژەیە بۆ ڕێکخراو یان چالاکییە كولتوورییەکان. دیاردەیەکی پەروەردەی خۆبەخۆیە وەک “مالیک بن نەبی” پێی وایە كولتوور دەرئەنجامێکی سرووشتی هەر کۆمەڵگەیەکە، بەبێ گوێدانە بارودۆخەکەی. هەروەك چۆن کۆمەڵگە سەرەتاییەکان خاوەن كولتووری تایبەت بە خۆیان بوون. تەنانەت وشەی “كولتوور-فەرهەنگ” لە زمانی عەرەبیدا هێزی پێناسەکردنی پێویستی بەدەست نەهێناوە و هەمیشە پێویستی بە هاومانا و هاوتا دەرەکییەکەی بووە، “مالیک بن نەبی”، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، کە كولتوور؛ وەک زاراوەیەکی ڕۆژئاوایی، لە وشەی “Culture” وەرگیراوە، بنەچەی وشەكە لە وشەی لاتینی “cultuvare”، واتەی کشتوکاڵەوە هاتووە. لێرەدا مرۆڤ پەیوەندییەک دروست دەکات لەنێوان کشتوکاڵدا، کە بریتییە لە پرۆسەکانی کێڵان و تۆوکردن و دروێنەکردن و بە هۆیانەوە بەرهەمی زەوی دیاری دەکرێت و ڕێکدەخرێت. واتە ئەمە ئاماژەیە بۆ پرۆسەیەكی بیركردنەوە و پەروەردەكردن هەروەك چۆن كشتوكاڵكردن بە چەند قۆناغێكدا تێپەڕ دەبێت و هەتا پێدەگات و بۆیە پێویستی بە چاندن و پێگەیشتنە. “د. حوریة بكوش، ص116”. لەلایەكی ترەوە چەمکی كولتوور یەکێکە لە چەمکە هەرە ئاڵۆزەکان. ئەمەش بووەتەهۆی جیاوازی لەنێوان زانایاندا لە پێناسەکردنی چییەتی چەمكی كولتووردا. هەندێک لە زانایان كولتوور بۆ وەسفکردنی ڕەفتاری چینێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو بەکاردەهێنن و هەندێکی تر بۆ دەربڕینی توانای کۆمەڵگە لەسەر داهێنان و بەدیهێنان بەکاریان هێناوە و گرووپی سێیەمیش بۆ دەربڕینی ئاستێکی پەروەردەیی یان ڕۆشنبیری دیاریکراو بەکاریان هێناوە. هەروەها زانایان هاوڕان لەسەر ئەوەی وشەكەی كولتوور لە كشتوكاڵ و كێڵانەوە هاتووە. هەندێک لە زانایان كولتووریان بە هاو واتای چەمکی شارستانییەت “civilization” داناوە.
لە لاتینیدا وەک چۆن وشەکە لە “agriculture”ەوە بۆ “ culture” گۆڕاوە. بە واتای کێڵانی زەوی. وشەكە “kulture” لە زمانی ئەڵمانیدا. لە زمانی عەرەبیشدا، وەک لە فەرهەنگی “لسان العرب”دا هاتووە:- “ثقف الرجل ثقافة”، واتە بووە بە کەسێکی زیرەک و لێهاتوو، و پیاوێکی “ثقف”، واتە تێگەیشتوو و خاوەن بەهرە و زیرەکە. دەوترێت “ثقف الشيء”، کە بریتییە لە خێرا تێگەیشتن یان فێربوون. “د. خالد خواني، ص82”. چەمكی كولتووریش وەك پێدراوێكی مرۆیی و چركەساتی دوای حاڵەتی سرووشتی. مانا بە ژیان دەبەخشێت، ئەوە كولتوورە دەبێتە قۆناعی ئیدراككردنی شتەكان و زانین لە بارەیانەوە، ئەوە زانین و ئیدراككردنە لە میانی بەرهەمهێنان و دروستكردنی وێنەی زەینی لە بارەی شتەكانەوە تیكەڵ بەیەك دەبیت. وێنەی زەینیش دێت و مانا بەشت و دیاردەكان دەبەخشێت پێوەری تازە دادەهێنێت بۆ تێگەیشتن و ڕێكخستنی توخمەكان. “ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، ل86”. لەگەڵ سەرهەڵدانی سەردەمی نوێ و پێشكەوتنی زانست و دەركەوتنی زانستەكانی تایبەت بە لێكۆڵینەوەی مرۆیی لە ژێرناوی زانستەمرۆییەكانی وەك سۆسۆلۆژیا و ئەنترۆپۆلۆژیا و ئیكۆلۆژی و ئاركیۆلۆژی و …هتد. چەمكی كولتوورناسیش وەك بابەتێكی زانستێكی نوێ و سەربەخۆ لە پاڵ زانستی ئەنترۆپۆلۆژیا دەركەوت. “ئیدوارد بارنت تایلەری” بەریتانیش لە سەدەی نۆزەهەم و لە ساڵی “1871ز” دەست پێشخەری دەكات لە ناسنی چەمكی كولتوور و لە یەكەمین بەشی كتیبەكەیدا “كولتووری سەرەتایی”، “primitive cultre” كولتوور بە موزایكێكی پێكهاتوو لە مەعریفە. “دین، هەنەر، یاسا، مۆڕاڵ و هەرچەشنە توانایی و خوخدەیەك”، كە مرۆڤ وەك ئەندامێكی كۆمەڵگە بەدەستی دەهێنێت دەناسێنێت. “ داریوش ئاشوری، ل14”.
بەمەش دەتوانین بڵێین لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی چەند قۆناغێكی مێژوویی ئەم چەمكە گەشەكردنی بەخۆوە بینیوزە بەو پێیەیی كولتوور لە زەمینەی سەرخان و ژێرخانی مرۆیی پێكدێت، كە خۆی لە ژێرخانێكی ڕووحی و سەرخانێكی زەینی بۆماوەییدا دەبینێتەوە هەموو كۆمەڵگەیەكیش بەبێ كولتوور توێكڵێكی ناوەڕۆك بەتاڵی بێ ئیدراكە و گشتێتی ڕەهەند و توخمەكانی كولتوور لەدەست دەدات. مانایەك بۆ بەهاو پێوەر و سەرخان و ژێرخانی مرۆیی ناهێڵێتەوە. وەك ئەوەی كولتوور لە چوارچێوە گشتیەكەیدا بەوەناسراوەكە گشتێكی ئاڵۆزە لە توخم و ڕەگەز و ستراكچەر”پێكهاتە”یەكی جیاواز و دژبەیەكی وەك “دابونەریت، بەها و پێوەر زانست، یاسا زۆر لایەنی ماتریاڵی وەك جل و بەرگ، خانووبەرەی لەخۆ گۆتووە. “ئەنتۆنیۆ گیدنز” سۆسۆلۆژستی بەریتانی، كولتوور بە چەمكی كۆمەڵگەوە دەبەستێتەوە و بەپێداگری لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا. لەسەر ئەو ڕایەشە كە چەمكی كولتوور؛ لەو بەهایانە پێكدێت، كە ئەندامانی گرووپێكی دیاریكراو هەیانە، لەو ئاكارانەی پەیڕەوی لێدەكەن و ئەو كاڵا مادییانەی كە بەرهەمی دەهێنن.” ئەنتۆنیۆ گیدنز، ل64” بەڵام هەندێكی تر لە زانایان چەمكی كولتوور لەگەڵ چەمك گەلێكی وەك سرووشت ناو دەبەن. وەلێ قسەكردن لە سرووشت لە چوارچێوەی كولتووردا ئاماژەیەكی بەربڵاوترمان پێدەدات، كاتێك “سرووشت وەك یەكەمین لانكەی مرۆڤایەتی” دەرگیربێت لەگەل كولتووردا، كولتووریش سەرجەمی بەرهەمی مرۆیی بێت و بەرامبەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی سرووشت، بەم پێیەش سرووشت دەبێتە بەشێك لە كولتوور. “كلادیۆ شتراوس” ئەنترۆپۆلۆژستی بوونیادگەرایی پێی وایە جیاكاری لە نێوان كولتوور و سرووشت جیاكاریەكی كورت بڕە..هەروەك هەموو بۆچوونێك دەربارەی سروت. بۆچوونێكی كولتووری و مرۆییە و هەربۆیەش دەتوانین بڵێین تەنانەت زانستی سرووشتیش، زانستی مرۆیی و كولتوورین. “ د. حەسەن بەشیرییە، ل5”. ڕەنگە لێرەوە بگەینە ئەوەی، كە پەیوەندی نێوان سرووشت و كولتوور پەیوەندییەكی ئیشكالاوی بێت، جۆریك دژیەكی لە چەمكی كولتووردا ئەفراند بێت، دوالێزمی كولتووری لەگەڵ سروشدا دروستكرد بێت، بەو پێیەیی كولتوور گشتێكی ئاڵۆزە لە كۆمەڵێك ستراكچەری جیاواز پێكدێت.
ئەمەش وای لە “جاك دریدا” داهێنەری تێوری هەڵوەشاننەوە”deconstruction” كرد، دوای جیابوونەوەی لە بوونیادگەراكان، وەك داهێنەری چەمكی هەڵوەشانەوە، لەمیانی تێورەكەیدا خوێندنەوەی تایبەتی هەبێت بۆ پەیوەندی دوالێزمی نێوان سرووشت و كولتوور، میتافیزیكش وەك توخمێكی بان مرۆیی و مەعنەوی بهێنێتە بەرباس و بیكاتە بە دەسكەلای خۆی تێورەكەی لەسەر دابڕێژێت و پێی وابێت چەمكی سرووشت و كولتوور بەرهەمهێنەری ئەو دژكاریەییە لە چركەساتی لەدایكبونی میتافیزیكدا هاتوەتەبوون. ئەو دژكاریەش بەردەوام لە سەر زنجیرەیەكی یەك لەدوایەكی بێ كۆتای گۆڕینی سێنتەرێك بە سێنتەرێكی دی دامەزراوە. ئەوەش بەردەوام ئەوەمان دێنێتەوە یاد، كە سێنتەرێك لە نێو چەمكی سرووشتدا دێتەبوون و لەبەرامبەر ئەوەشدا سێنتەرێكی دی لە شێوەی دەزگای هونەری و یاسایی لە سایەیی زنجیرەیەكی مێژوویی ناكۆتادا دادەمەزرێت.” ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، ل84” لە ئەنجامی شیكار و خوێندنەوەی جۆراوجۆر و ڕەخنەئامێز بە تایبەت لە دوای سەدەی بیستەم، چەمكی كولتوور بەرەو پێشڤەچوونی باشی بەخۆوە بینی و ئەمەش بووەهۆی سەرهەڵدانی ئەدەبیاتێكی فرەچەشنی بەربڵاو. بەمەش زیاد لە هۆكار و پاڵنەرێك كاریگەریان لەسەر بەرەوپێشڤەچوونی چەمكی كولتووردا هەبوو بۆ نموونە:-
یەكەم:- لە ئەنجامی كۆچی بەربڵاو پێكدادان”لێككەوتن” و پەیوەندی كولتووری بووەتەهۆی دەركەوتنی كولتووری جیاواز و جیاوازی لە نێوان كولتوورەكاندا هێناوەتە كایەوە و فرەكولتووری لێ بەرهەمهاتووە.
دووەم:- لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا شانۆی كولتووری لە بنچینەوە وەرچەرخانی بەخۆوە بینی پیشەسازی كولتووری “industry culture” جۆرە تێكەڵاوییەكی لە نێوان بازرگانی و كولتووردا دروستكرد.
سێیەم:- بە دەركەوتنی تۆڕەكانی پەیوەندی لە ئاستی جیهانیدا، وایكرد میدیاكان دەورێكی گەورە لە بڵاوكردنەوەی كولتووری مۆدێرنەدا بگێڕن.
چوارەم:- فرەڕەنگی كولتوورەكان بوو بە هۆی كولتووری جەماوەری”masses culture”، كولتووری گەنجان، كولتووری ئەتنی، كولتووری پۆست مۆدێرنە، دوایەمین شتیش پرۆسەی بە جیهانی بوونی كولتوورە، كە هەندێك دژەكردەوەی بەرەنگاریكاریان دژی گرژ كردەوە. هەر ئەمەش بووە هۆكارێك بۆ لێكدانەوەی پەیوەندی لە نێوان “كولتوور و هێز”دا لەئاستی نێونەتەوەیدا. “ د. حەسەن بەشیرییە، ل3”، بەرمەبنای ئەمە چەندین تیۆری وەك:- “پێكدادانی كولتوورەكان”، ئەوەی “لویس” باسی دەكات یاخود وەك ئەوەی “سامیۆل هانتنگتۆن” بە “پێكدادانی شارستانیەتەكان” گوزارشتی لێدەكات دێتەكایەوە. لێرەدا كولتوورەكان لەسەر بنەمای هێز، دەبن بە كۆنكرێت و كار لەسەر سڕینەوەی یەكتر دەكەن. لەپێناو مانەوەیاندا خۆیان بەسەر یەكتردا فەرز دەكەن. وەك بلاتفۆڕمێكیش چەمكی شوناس و كولتووری نەتەوەیی دەردەكەوێت و دەبێتە ئەلتەرناتیڤێكی فۆرمەلەبوو لە ئەنجامی ئەو پەرچەكردارانە قووت دەبێتەوە و شەرعیەت وەردەگرێت.
“پێناسەی كولتوور”
كولتوور وەك ئەوەی، چەمكێكی ئاڵۆز و فرەڕەهەندە و دەتوانرێت لە چەندین ڕەهەندی فكری و مێژوویی و سۆسیۆلۆژی و ئەسنرۆپۆلۆژی و تەنانەت سایكۆلۆژیشەوە پێناسەی جۆراوجۆری بۆ بكرێت و نەسكدار بكرێت. “ئیدوارد تایلۆر Tylor” یەكەم كەس بوو لە كتێبەكەیدا “كولتووری سەرەتایی” پێناسەی كولتووری كرد بەوەی كولتوور بریتییەلە پێكهاتەیەكی ئاڵۆز لە مەعریفە و بیروباوەڕ و هونەر و یاسا و ترادسیۆنەكان. هەرتاكێك وەك ئەندامێك لەكۆمەڵگەوە فێری دەبیت و لە ڕەوشت و ژیانیدا ڕەنگدانەوەی دەبێت، بەو پێەی تاك ئەندامێكە لە كۆمەڵگە. “كبار عزیزة، ص9”. هەرچەندە لە ڕابردوودا وشەی كولتوور بە شێوەیەكی ئاوەڵناو بەكار دەهێنراوە بۆ نموونە دەیانگوت “فڵانەكەس مرۆڤێكی خاوەن فەرهەنگە” هەندێكجاری دیكەش بە مانای مەعاریف یان ئەدەب تەنانەت بە واتای فێركارییش بەكاربراوە. “ڕامینی جیهانبەگلوو، ل64”. لە دیدی كۆمەڵناسیشدا هەموو مرۆڤێكی پێگەیشتووی ئاسایی خاوەن كولتوورە، بەوەی كولتوور كۆمەڵێك تایبەتمەندی ڕەفتار و بیروباوەڕی بەدەسهاتووی ئەندامانی كۆمەڵگەیەكی تایبەتە. “بروس كۆهین، ل41”، هەرچەندە لە كۆمەڵناسیدا كولتوور دەبەسترێتەوە بە ژینگەوە، وەك ئەوەی كولتوور بریتیەلە بەرهەمی ماددی و ناماددی، لە ژینگەیەكدا مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی تر دەیگوێزێتەوە. واتا ئەو سیما و ڕەفتارە دیار و نادیارانە دەگرێتەوە، كە لە ڕێگەی هێما و یاسا و داب و نەریت و شتی ترەوە بەدەست دێت. “عدنان أبو مصلح، ص158”
وەلێ هەندێك وای دەبینن كولتوور پێکدێت لە نەخشەی بیرکردنەوە و بەها و بیروباوەڕەکان کە لەلایەن کۆمەڵێک تاکەوە بە هاوبەشی بەرهەم هاتووە. گرنگ نییە گرووپەکە چەندە گەورە بێت یان بچوک، بەشێک بێت لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو یان تەواوی کۆمەڵگە، یاخود تەنانەت گرووپەکە پەیوەستە بێت بە گرووپەکانی ترەوە لە دەرەوەی سنوورە نیشتمانییەکان. بەڵكو كولتوور بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی گشتی کۆمەڵە تاکێکی دیاریکراو. نەخشە كولتوورییەکانی بیرۆکە و بەها و بیروباوەڕەکان زۆرجار دووبارە دەبنەوە و توانای بەردەوام بوونیان هەیە بۆ ماوەیەک، یان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت یاخود گەشەیان پێدەدرێت.كولتووری گرووپێک جیای دەکاتەوە لە گرووپەکانی تر. یاخود هەر دەستەیەک “فەرهەنگی” تایبەت بە خۆی هەیە، یاخود كولتووری چینێکی کۆمەڵایەتی، وەک كولتووری چینی کرێکار، یاخود كولتووری گرووپێکی نەتەوەیی لە وڵاتێکدا، وەک كولتووری ئیتاڵی، عەرەبی، ئەمریکی، هندی…هتد “دیفد إنغلر و جون هیوسون، ص13” لێرەوەدا كولتوور شتێكی بەدەس هاتووی پاشخانی دەوڵەمەندی فكری و مێژووی مرۆڤایەتییە بە جیاوازی جڤاك و ڕەفتارەكانیان، زمان و نەریت و ئاینەكانیان، لە دەستپێكی سەدەی “بیست”ەمدا زۆر بە تۆخی جەخت لەسەر ئەم گوتەزایەكرایەوە، كولتوور بە كولتووری نەتەوەكان و كولتووری خەڵك و كولتوورە بۆ ماوەكان، پێناس كرا. لەوێدا نووسەر و ئەكادیمیە بۆرژوازەكان باسیان لە فراژان و ڕیسكانی كولتووری و ژیاریان كرد. بەمەش هەوڵیاندا كولتووری جڤاك و نەتەوە بیانییەكان و غەیرە ڕۆژئاواییەكان بە دواكەوتوو سەرەتایی پێناسە بكەن. “هەندرێن، ل190”.
فەرهەنگە جۆربەجۆرەكانیش ڕۆڵ دەبینن لە ناساندنی ئەم چەمكە، لە فەرهەنگی نوێدا پێناسی كولتوور بەستراوەتەوە بە هەردوو ڕەهەندی ماددی و مەعنەوی لەسەر بنەڕەتی پەیدابوونی مێژوویی تێیدا هاتووە كولتوور بریتییەلە كۆمەڵە بەهایەكی ماددی و مەعنەوی كۆمەڵگەی ئادەمیزاد. لە ئەنجامی گۆڕینی كۆمەڵایەتی و مێژووییەوە پەیدا دەبێت. كولتوور هەموو چالاكییە بوونیادییەكانی ئادەمیزاد دەگرێتەوە. هەمیشە هەردوو لایەنەكەی بە یەكەوە هاوپەیوەند كردوە، كە كولتووری ماددی و مەعنەوی دەگرێتەخۆی. كولتووری ماددیش بریتییەلە كۆمەڵە هۆیەكی بەرهەمهێنان، تەكنیك، تاقی كردنەوەی بەرهەمهێنان، بە هەموو بەها ماددییەكانی تری كۆمەڵ لە هەر قۆناغێكی پێگەیشتنی مێژوویی خۆیدا بەخۆیەوە دەبینێت. هەرچی كولتووری مەعنەوییە كۆمەڵە دەسكەوتێكی زانستی و هونەری و ڕەوشتی و فەلسەفەی كۆمەڵە. ئەو بوارانە دەگرێتەوە كە دەكەوێتە چوارچێوەی لایەنی رووحی و هزری و مەعنەوی مرۆڤەوە. “ داریۆش ئاشوری و د.بەهادین پازارگاد، ل128” لە فەرهەنگی سیاسیدایشدا، جگەلە توخمی ماددی و ناماددی، ڕێكخراو”ئۆرگان”ە كۆمەڵایەتییەكانیش باس كراوە كولتوور بە كۆمەڵێك توخمی ماددی و ناماددی ڕێكخراوە كۆمەڵایەتییەكان دەگوترێت، كە لە جیلێكەوە بۆ جیلێكی دیكە دەگوێزرێتەوە.” زاهیرمحەمەدی و یاسین حاجی زادە، ل541”. بیریارێكی وەكو “الجابری”، كولتوور بە دەمامكێك بۆ پاراستنی شوناسی ژیاری ناودەبات و پێی وایە كولتوور تێكەڵەیەكی فرە ڕەگەزە لەو یادەوەری و ئایدیا و بەها و نیشانە”symble” و دەربڕین و داهێنانانەی بۆ هەر كۆمەڵێكی ئادەمیزاد، لە شێوەی میللەت یان هاوماناكەی شوناسی ژیاری دەپارێزێت.”د.محمد عابد الجابری، ص18”.
“ماك ئەیفر” پێناسەی كولتوور دەبەستیتەوە بە گۆرانكاری لە شێوازەكانی ژیان و ئاماژە بەوەدەكات كولتوور پەیوەستەبە گۆڕانكاری لە شیوازەكانی ژیان “expression de lavie” لەڕوی بیروباوەڕ”ئایدۆلۆژیا”، دین، ئەدەب، هونەر…هتد”. “د.سعدی ضاوی، ص197”. كاتێك كولتوور دەبێت بە بەرهەمی بیركردنەوە چەمكی گۆڕانكاری دێتەكایەوە، قۆناغ دوای قۆناغ بەرەو باڵابوون هەنگاو دەنێت. لێرەدا كولتوور ناوزەند دەكرێت بە بەرهەمی بیركردنەوە و تێكۆشانی ماددی و مەعنەوی مرۆڤ. ئەو بەرهەم و بابەتەیە، كە لەگەڵ گۆڕانی مرۆڤ و پێداویسیتیەكانیدا دەگۆڕێت و نوێ دەبێتەوە و گەشە دەكات و قۆناغ دوای قۆناغ دەبڕێت و لە باڵا بوونێكی بەردەوامدا دەبێت. هەندێكجار پێناسی كولتوور بریتی دەبێت لە دەستەیەك لە كردەوەكان، بیروباوەڕەكان، ئەدەب و ڕەوشتی تاك، یان بنەمای نەتەوەك، پابەندییان بەو چەمكانە، كەلوپەلی جیابووەوە لەگەڵ نەتەوە و هۆزەكانی تر دەردەخات. كولتوور وەك دەستە بیروباوەڕێكی تاكی یان گرووپی تایبەتی و لەبەرئەوەی كە بیروباوەڕەكانی زەینین. بۆیە كولتوور فێری مرۆڤ دەكرێت.” حوسێن جەوادی، ل84”. ئەگەر دابەشكاریەك لە چەمكی كولتووردا بكەین، بەپێی ڕیزبەندی قۆناغە مێژوییەكان دابەشی بكەین ئەوا كولتوور بریتیە لە “قۆناغی سەرەتایی و پێش كات و دوای كات و هاوچەرخ”. هەروەك دەبینین پێش لەدایكبوونی كولتوور، قۆناغێك هەیە ناوی لێنراوە”پێش كولتوور”ی ئەویش ئەو ماوە زەمەنیەیە، كە لە ڕووی كات و شوێنەوە دەكەویتە نێوان دوو كولتووری جیاوازەوە. لەو قۆناغەدا خەڵكی دەژین و كاردەكەن، بەڵام سیستەمی كۆمەڵگە سیستەمێكی ڕێكوپێك و ڕێكخراو “تۆكمە” بەخۆوە نابینێت. بۆیە هیچ ئاینێك یان هونەرێك یاخود زانستێك بەرهەم ناهێنێت.” دكتۆر ئیبراهیم قاسم پالانی، ل14”. ئەم ئاماژەیەش شتێكمان پێدەڵێت كە بە گوزارشتە مەعریفیەكەی چەقبەستنی كولتووری پێ دەڵێن، كە تێیدا ژیانی مرۆڤایەتی جۆرێك لەمەنگی بەخۆیەوە دەبینێت چالاكیەكانی مرۆڤ بەرەو پوكانەوە پەك دەخرێن.
ئەوەی گرنگە ئاماژە بۆ ئەو پێناسەیە بكەین، كە بژاردەی ڕێكخراوی “یونسكۆ”یە و لە ساڵی “1981ز” لە كۆنفرانسی جیهانی لە شاری مەكسیكۆدا پێناسێكی پەسەندكرد، كە هەڵگری گشت توخمە كولتوورییەكانە و خاڵە هاوبەشەكانی ئەو پێناسانە لەخۆ دەگرێت لەوەوپێش بۆ كولتوور كرا، بە گوێرەی ئەم پێناسەیە.كولتوور بریتییەلەو خەسڵەتە مەعنەوی و ماددی و فیكری و سۆزمەندییانەی شوناس دەبەخشێتە گرووپێكی كۆمەڵایەتی یاخود كۆمەڵگەیەك. ئەم كولتوورە هونەر و وێژە و باوەڕ و شێوازی پێكەوەژیان و مافەبنەڕەتیەكانی مرۆڤ لە خۆدەگرێت.”ڕامینی جیهانبەگلوو، ل65”. ئەم پێناسەیەش هەتاوەكو ئێستا بە پێناسەیەكی هەمەگیر و گشتگیر دێتەگۆ. كە كۆدەنگیەكی ئۆرگانی لەسەر بێت. وەك دوایەمین داهێنانی دەستەجەمعی لە ناساندنی كولتووردا ستانداردی خۆی پاراستووە.
ئەگەرچی ئەنسرۆپۆلۆژیای كولتووری “Cultural Anthropology” ئەو زانستەیە، كە لێكۆڵینەوە دەكات لە كولتوور و ژیان و داهێنانەكانی كۆمەڵگە، ئامڕازەكانیان، ئامێرەكانیان، چەكەكانیان، جۆر و شێوازی دیزاینی خانووەكانیان و نیشتەجێبوونیان، شێواز و جۆری جلوبەرگ پۆشینیان، شێوازی ڕازاندنەوە و ئەو خشڵ و جوانكارییانەی بەكاریدەهێنن، یاری و هونەر و ئەدەبیاتیان، داب و نەریت و چیرۆك و ئەفسانەكانیان. واتە ئەو زانستەیە كە لێكۆینەوە لەهەموو بەرهەمە ڕۆحی و ماددیەكانی كۆمەڵگە دەكات، هەروەها لێكۆڵینەوە لە وەرگرتن و خواستنی كەلتوور و گەشەی كولتووریی و گۆڕانی كولتووری كۆمەڵگە دەكات. هەروەك لە سەرەتا و ڕیشەی دروستبوونی كولتوور و شارستانیەت و فرەیی و جۆراوجۆریی كولتوور و چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی شارستانیەت و كولتوور دەكۆڵێتەوە. “جەزا والی، 22/10/2019”.
سەرچاوەكان؛
- ئەنتۆنیۆ گیدنز، جیهانی لەدەستچوو، وەرگێڕانی ئاوات محمەمەد، چاپی یەكەم ، هەولێر، 2007
- جەزا والی، ئەنترۆپۆلۆژیای كولتووری و شڵژانی كۆمەڵایەتی، ماڵپەڕی درەو، 22/10/2019، بەستەری ماڵپەڕ:- https:-//shorturl.at/BhZu4
- چالاك عەلی، كورتەیەك دەربارەی كولتوور، گۆڤاری متمانە، ژمارە”8”، 2005
- حوسێن جەوادی وەرگێڕانی عومەر قادری، مرۆڤ بۆ شارستانیەت، شارستانیەت بۆ مرۆڤ، چاپی یەكەم هەولێر،2011
- د. حوریة بكوش، تبسط مفهوم الثقافة عند مالك بن نبي، مجلة رفوف، العدد 10، الجزائر، دیسمبر 2016
- د. حەسەن بەشیرییە، تێوری كولتووری، وەرگێرَانی مەنسور تەیفوری. چاپخانەی بینایی، چاپی یەكەم، 2006
- د. خالد خواني، مفاهیم الثقافة والمصطلحات المرتبطة بها، مجلة القارئ للدراسات الأدبیة والنقدیة واللغویة، المجلد4، العدد3، 3سبتمبر2021
- د. محمد عابد الجابری، المسالە الثقافیە، مركز دراسات الوحدە العربیە، بیروت، 1994
- داریوش ئاشوری، كولتوور، كتیبی چەمك و پێناسەكان، چاپخانەی ئەلەند، چاپی یەكەم.
- دكتۆر ئیبراهیم قاسم پاڵانی، پێكدادانی شارستانیەتەكان لای هانتنگتۆن، لێكۆڵینەوەیەكی جۆپۆلەتیك، وەرگێڕانی مستەفا سەعید، چاپخانەی چوارچرا، چاپی یەكەم، سلێمانی،2012
- دیفد إنغلر و جون هیوسون، مدخل إلی سوسیولوجیا الثقافة، ترجمة:- لما نصیر، المركز العربي للأبحاث و دراسة السیاسات، الطبعة الأولی، بیروت، 2013
- ڕێبین رەسوڵ ئیسماعیل و دیار عەزیز شەریف، ئەنترۆپۆلۆژیا، چاپخانەی ڕەنج، چاپی یەكەم، 2004
- ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، لێكۆڵینەوەیەك لەسەر “بەها وەك پێدراوێكی كولتووری”، گۆڤاری كۆمەڵناسی، ژمارە “3، 4”، 2008
- زاهیر محەمەدی و یاسین حاجی زادە، فەرهەنگی سیاسی، چاپی یەكەم، هەولێر، 2006
- سعدی ضاوی، مدخل الی علم اجماع الادب، دارالفكر العربی بیروت، الطبعة الاولی، 1994
- سەروەر محەمەد عبدوڵا، لێكۆڵینەوەیەك لەسەر كۆسپەكانی كولتووری بەشداری كردن، گۆڤاری هێشتا ، 2009
- عدنان أبو مصلح، معجم علم الاجتماع، دار أسامة للنشر والتوزیع، الطبعة الأولی، عمان، 2010
- كبار عزیزة، الثقافة التنظیمیة والولاء التنظیمي، رسالة ماجستیر، قسم علم اجتماع، كلیة العلوم الإجتماعیة والإنسانیة، جامعة محمد بن یحیی-جیجل-، 2020
- هیوا عەزیزی وەری گێڕاوە، ژیار و تازەگەری، هەڤپەیڤینێك لە نێوان جەمشیدی بێهنامی و ڕامینی جیهان بەگلۆ، چاپی دووەم، سلێمانی، 2006
- هەندرێن، زمان ئاسۆیەكە لە نێوان ئاسمان و زەویدا، چاپخانەی بابان، چاپی یەكەم، سلێمانی، 2010