دیاردەی نایەکسانی ئابووری وهك سێبەرێکی بەردەوام، بەسەر کۆمەڵگا هاوچەرخەکاندا کشاوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر و بەربڵاوتر دەبێتەوە. ئەم نادادپەروەرییە لە دابەشبوونی داهات و سامان، تەنها کێشەیەکی ئابووری نییە، بەڵکو پرسێکی ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی و سیاسی بنەڕەتییە کە سەقامگیری و تەبایی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە. پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە: ڕیشە قووڵەکانی ئەم نایەکسانییە چین؟ ئایا دەرئەنجامێکی سرووشتی سیستەمی ئابوورییە، یان بەرهەمی هەڵبژاردە و سیاسەتی دیاریکراوە؟ یانیس ڤارۆفاکیس، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا «لەبارەی ئابوورییەوە بۆ کچەکەم دەودێم»، هەوڵ دەدات بە زمانێکی سادە و ڕوون وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە، کە لە بەشەکانی دواتری ئەم وتارەدا بە وردی و چڕی دەگەڕێینەوە بۆ لای ڤارۆفاکیس، بەڵام بۆ تێگەیشتنێکی هەمەلایەنەتر، پێویستە ڕوانگە و شیکارییەکانی بیرمەندانی تری وەک “کارل مارکس، تۆماس پیکێتی، جۆزێف ستیگلیتز و ئامارتیا سێنیش” بهێنینە بەر باس. هەوڵ دەدەین بەراوردکارییەک لە نێوان دەستنیشانکردنی ئەم بیرمەندانەدا بکەین بۆ ڕیشەکانی نایەکسانی. هەرچەندە دەستنیشانکردنەکان جیاوازن، هەندێک جەخت لەسەر چەوساندنەوە، هەندێکی تر لەسەر داینامیکی کەڵەکەبوونی سەرمایە، شکستەکانی بازاڕ، هەڵبژاردە سیاسییەکان، یان بێبەشبوون لە توانایی دەکەنەوە، بەڵام خاڵێکی هاوبەش دەردەکەوێت: نایەکسانی دەرئەنجامێکی حەتمی و سرووشتی نییە، بەڵکو بەرهەمی هێزگەلێکی مێژوویی، سیاسی و سیستەمیی دیاریکراوە کە دەتوانرێت و دەبێت چارەسەر بکرێن.
بۆ تێگەیشتن لە ڕیشە مێژوویی و سیستەمییەکانی نایەکسانی، پێویستە سەرەتا بگەڕێینەوە بۆ شیکارییە بنەڕەتییەکانی “کارل مارکس”. مارکس پێی وابوو کە نایەکسانی لە خودی پێکهاتەی سیستەمی سەرمایەدارییدا چێنراوە، کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەتی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان دامەزراوە. لە دیدی مارکسەوە، سەرچاوەی سەرەکی نایەکسانی بریتییە لە پرۆسەی «چەوساندنەوە» و،اتە دەرکێشانی «بەهای زیادە» لە کرێکاران. سەرمایەدارەکان تەنها بەشی پێویست بۆ بەردەوامبوونی ژیانی کرێکار وەک کرێ دەدەن، لە کاتێکدا کرێکار بەهایەکی زۆر زیاتر لەوە بەرهەم دەهێنێت. ئەم بەها زیادەیە دەچێتە گیرفانی سەرمایەدار و دەبێتە سەرچاوەی قازانج و کەڵەکەبوونی سەرمایە و، لە هەمان کاتدا بنەمای نایەکسانی چینایەتی و ململانێی نێوان بۆرژوازی (خاوەن سەرمایە) و پرۆلیتاریا (چینی کرێکار) پێکدەهێنێت. بە بۆچوونی مارکس، ئەم ململانێیە بزوێنەری سەرەکی مێژووە و تەنها بە شۆڕش و گۆڕینی سیستەمی خاوەندارێتی کۆتایی دێت. یانیس ڤارۆفاکیس، هەرچەندە بە زمانێکی سادەتر دەدوێت، بەڵام دەنگدانەوەی شیکارییەکانی مارکسی لە کارەکانیدا بەدی دەکرێت. ئەویش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئابووری دیاردەیەکی سرووشتی و بێلایەن نییە، بەڵکو بە قووڵی سیاسییە و ڕەگ و ڕیشەی لە ململانێی هێزەکاندا داکوتاوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو «زیادە»ـیەی کە کۆمەڵگا بەرهەمی دەهێنێت. ڤارۆفاکیس بە شێوازێکی گێڕانەوەیی مێژووی دروستبوونی ئەم زیادەیەمان بۆ باس دەکات، لە سەرەتای شۆڕشی کشتوکاڵییەوە و، چۆن بازاڕەکان بە شێوەیەکی سرووشتی گەشەیان نەکردووە، بەڵکو لە ڕێگەی کردەی سیاسی و زەبروزەنگەوە (وەک پرۆسەی «پەرژینکردن»ـی زەوییە گشتییەکان لە بەریتانیا) سەپێنراون و فراوان بوون. یەکێک لە بەشدارییە تایبەتەکانی ڤارۆفاکیس، شیکردنەوەیەتی بۆ کاریگەرییە وێرانکەرەکانی پرۆسەی «بەکاڵاکردن» و،اتە گۆڕینی هەموو شتێک، تەنانەت ئەزموونە مرۆییەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش، بۆ کاڵایەک کە تەنها «بەهای ئاڵوگۆڕ»ـی هەبێت نەک «بەهای ئەزمونی». ئەمە وا دەکات بەها مرۆییەکان کاڵ ببنەوە و لۆژیکی بازاڕ زاڵ بێت بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیاندا. جگە لەوەش، ڤارۆفاکیس تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی «سەرمایەی وەهمی» لە سەردەمی مۆدێرندا، بەتایبەتی لە کەرتی داراییدا، کە چۆن لە بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە دابڕاوە و لە ڕێگەی قەرز و قومارکردنی داراییەوە، نایەکسانییەکان قووڵتر دەکاتەوە و ناسەقامگیری دروست دەکات. بۆ نموونە، بەراوردکردنی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خوێن لەگەڵ سیستەمی خۆبەخشانەی بەخشینی خوێن، بە ڕوونی ئەو زیانانە دەردەخات کە بە کاڵاکردنی لایەنە هەستیارەکانی ژیانی مرۆڤ دەیگەیەنێت.
لەم چوارچێوە مێژوویی و سیستەمییەدا، تۆماس پیکێتی بە شیکارییە ئامارییە وردەکانییەوە، ڕەهەندێکی تری گرنگ بۆ تێگەیشتن لە داینامیکی نایەکسانی زیاد دەکات. تێزی سەرەکی پیکێتی، کە لە کتێبی «سەرمایە لە سەدەی بیست و یەکەمدا» بە درێژی باسی دەکات، ئەوەیە کە لە درێژخایەندا، ڕێژەی گەڕانەوەی سەرمایە (r) مەیلی ئەوەی هەیە لە ڕێژەی گەشەی ئابووری (g) زیاتر بێت (r > g). ئەم هاوکێشە سادەیە، بە بۆچوونی پیکێتی، دەرئەنجامی مەترسیداری هەیە:- سامانی بۆماوەیی کە سەرچاوەی سەرەکی سەرمایەیە خێراتر لە داهاتی کار و بەرهەمی گشتی گەشە دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی چڕبوونەوەی سامان لە دەستی کەمینەیەکدا و زیادبوونی نایەکسانی، بەتایبەتی لەو سەردەمانەی کە گەشەی ئابووری هێواشە و ڕێژەی باج لەسەر سامان و داهاتی بەرز نزمە. شیکارییەکەی پیکێتی جیاوازە لە مارکس لەوەی کە کەمتر جەخت لەسەر چەوساندنەوە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا دەکاتەوە، بەڵکو زیاتر تیشک دەخاتە سەر داینامیکە ماتماتیکیـیەکانی کەڵەکەبوونی سەرمایە و میرات بە درێژایی کات. لەگەڵ ئەوەشدا، کارەکەی پیکێتی پشتگیرییەکی ئاماری بەهێز پێشکەش بەو دەرئەنجامانە دەکات کە مارکس و ڤارۆفاکیس ئاماژەیان پێکردووە سەبارەت بە دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی خاوەندارێتی نایەکسانی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان و سامان. داتاکانی پیکێتی، کە شێوەی پیتی Uـی نایەکسانی لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا نیشان دەدەن کەمبوونەوە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم و دواتر بەرزبوونەوەی خێرا، بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە هێزە بنەڕەتییەکانی سەرمایەداری، ئەگەر بە سیاسەتی گونجاو کۆنترۆڵ نەکرێن، بەرەو نایەکسانی زیاتر هەنگاو دەنێن.
بەڵام ئایا نایەکسانی تەنها دەرئەنجامی داینامیکە ناوەکییەکانی کەڵەکەبوونی سەرمایەیە؟ “جۆزێف ستیگلیتز” وەڵامێکی جیاوازترمان پێشکەش دەکات. ئەو پێی وایە کە نایەکسانییە قووڵەکانی سەردەمی ئێمە بە پلەی یەکەم دەرئەنجامی «شکستەکانی بازاڕ» و دیاردەی بەربڵاوی «بەکرێگرتن»ـن، نەک تەنها داینامیکە سرووشتییەکانی سیستەمەکە. مەبەست لە بەکرێگرتن، هەوڵدانە بۆ دەستکەوتنی سامان بەبێ بەشداریکردن لە دروستکردنی بەهای ئابووری ڕاستەقینەدا؛ بۆ نموونە، لە ڕێگەی قۆرخکاری، سوودوەرگرتن لە زانیاری ناهاوسەنگ، یان لۆبیکردن بۆ دەرکردنی یاسا و ڕێسای تایبەت کە لە بەرژەوەندی گرووپێکی دیاریکراودا بێت. ستیگلیتز جەخت لەسەر ڕۆڵی گرنگی سیاسەت دەکاتەوە لە داڕشتنی «یاساکانی یارییەکە»دا. ئەو پێی وایە کە هێزی ئابووری بە ئاسانی دەگۆڕدرێت بۆ هێزی سیاسی، کە ئەمەش وادەکات دەوڵەمەند و بەهێزەکان بتوانن دامەزراوەکان و یاساکان وەک یاساکانی باج، ڕێساکانی حوکمڕانی کۆمپانیاکان و، لابردنی کۆت و بەندەکان بە جۆرێک دابڕێژن کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکات و نایەکسانی زیاتر بکات. لەم ڕوانگەیەوە، نایەکسانی دەرئەنجامێکی حەتمی سەرمایەداری نییە، بەڵکو بە ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بەو هەڵبژاردە سیاسی و دامەزراوەییانەی کە دەکرێن. بۆ نموونە، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی دارایی ٢٠٠٨ و پاڵپشتیکردنی بانکەکان بە پارەی باجدەران، یان لۆبیکردنی بەهێزی هەندێک کەرت بۆ کەمکردنەوەی باجەکانیان، نموونەی زیندووی ئەو میکانیزمانەن کە ستیگلیتز ئاماژەیان پێدەکات. ئەم دیدگایە لەگەڵ بۆچوونەکانی ڤارۆفاکیسدا یەکدەگرێتەوە لە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە چۆن یاسا و ڕێسا ئابوورییەکان لە بنەڕەتدا سیاسیین و لەلایەن هێزە باڵادەستەکانەوە دادەڕێژرێن.
لەکاتێکدا شیکارییەکانی “مارکس، پیکێتی و ستیگلیتز” تیشک دەخەنە سەر هۆکارە سیستەمی، ئاماری و سیاسییەکانی نایەکسانی لە دابەشکردنی داهات و سامان، ئامارتیا سێن بانگەوازێک بۆ گۆڕینی خودی تێڕوانینمان بۆ نایەکسانی دەکات. سێن لە ڕێگەی «توانایی»ـەوە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پێوانەکردنی نایەکسانی تەنها بە داهات یان سامانەوە کورت دەهێنێت. گرنگتر لەوەی مرۆڤەکان چەندە داهاتیان هەیە، ئەوەیە کە بەو داهات و سەرچاوانە لە واقیعدا دەتوانن چی بکەن و چ جۆرە ژیانێک بژین وا بەلایانەوە بەبایەخە. سێن دوو چەمکی سەرەکی دەخاتەڕوو: «کارکردەکان» کە بریتین لەو دۆخ و چالاکییە بەدەستهاتووانەی وا مرۆڤ بە نرخیان دەزانێت وەک تەندروست بوون، خوێندەوار بوون، بەشداریکردن لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا و، «توانایی» کە بریتییە لە کۆی ئەو کارکردە بەبایەخانەی مرۆڤ ئازادی ڕاستەقینەی هەیە لە نێوانیاندا هەڵبژێرێت و بەدەستیان بهێنێت. نایەکسانی لە دیدی سێنەوە، بریتییە لە بێبەشبوون لەم تواناییە بنەڕەتییانەدا. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە مرۆڤەکان جیاوازن لە توانای گۆڕینی سەرچاوەکان بۆ کارکردە بەبایەخەکان؛ ئەمەش بەهۆی فاکتەرەکانی گۆڕینـەوەیە کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، یان لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر دەگۆڕێت بۆ نموونە، کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت پێویستی بە سەرچاوەی زیاترە بۆ گەیشتن بە هەمان ئاستی جووڵە وەک کەسێکی ئاسایی، یان ژنان لە هەندێک کۆمەڵگادا ڕووبەڕووی بەربەستی زیاتر دەبنەوە بۆ بەشداریکردن لە بازاڕی کاردا. سێن ڕەخنە لە تیۆرییە ئابوورییە باوەکان دەگرێت کە تەنها جەخت لەسەر داهات (وەک ڕوانگەی سەرچاوەگەرایی) یان سوودمەندی و خۆشبەختی تاکەکەسی (وەک ڕوانگەی سوودگەرایی) دەکەنەوە. ئەو دیاردەی «خۆگونجاندنی ئارەزووەکان» دەخاتەڕوو، کە تێیدا مرۆڤەکان لە ژێر فشاری هەلومەرجی سەختدا، ئارەزووەکانیان لەگەڵ ئەو واقیعە تاڵەدا دەگونجێنن و واز لە داواکردنی ژیانێکی باشتر دەهێنن، هەرچەندە لە ڕووی بابەتییەوە لە دۆخێکی خراپدا بن. بۆیە، تەنها پشت بەستن بە هەستی تاکەکەسی بۆ هەڵسەنگاندنی خۆشگوزەرانی بەس نییە. بە کورتی، سێن چوارچێوەیەکی فراوانترمان پێشکەش دەکات بۆ هەڵسەنگاندنی نایەکسانی؛ ئەو داوامان لێدەکات بپرسین: ئایا ئەو نایەکسانییەی کە مارکس، پیکێتی، ستیگلیتز و ڤارۆفاکیس باسی دەکەن، چ کاریگەرییەکی لەسەر ئازادییە ڕاستەقینەکانی خەڵک هەیە بۆ ژیانی ژیانێک کە بەلایانەوە شایستەیە؟
گەڕان بەدوای ڕیشەکانی نایەکسانی ئابووریدا وهك گەشتێکە بەناو بیروبۆچوونی جیاواز و هەندێکجار دژبەیەکدا. لە شیکارییە بنەڕەتییەکەی مارکسەوە بۆ چەوساندنەوەی چینایەتی لە خودی سیستەمی سەرمایەدارییدا، بۆ داینامیکە ئامارییەکەی پیکێتی (r > g) کە مەیلی سرووشتی سیستەمەکە بەرەو چڕبوونەوەی سامان دەردەخات، بۆ جەختکردنەوەی “ستیگلیتز” لەسەر شکستەکانی بازاڕ، بەکرێگرتن و ڕۆڵی سیاسەت لە داڕشتنی «یاساکانی یارییەکە»دا، بۆ گێڕانەوە مێژوویی و سیاسییەکەی ڤارۆفاکیس دەربارەی بە کاڵاکردن و هێزی قەرز و، دواجار بۆ چوارچێوە فراوانەکەی سێن کە نایەکسانی وەک بێبەشبوون لە توانایی و ئازادی ڕاستەقینە پێناسە دەکات. سەرەڕای ئەم جیاوازییانە لە دەستنیشانکردندا، خاڵی هاوبەشی سەرەکی ئەوەیە کە نایەکسانی دیاردەیەکی سرووشتی و حەتمی نییە، بەڵکو بەرهەمی پێکهاتە و هەڵبژاردە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکانە. هەموویان، هەر یەکە و بە شێوازی خۆی، ڕەخنە لە تێڕوانینە سادەکارانەکان دەگرن کە بازاڕ وەک هێزێکی سرووشتی و خۆڕێکخەر وێنا دەکەن. جیاوازییە سەرەکییەکان لەوەدا خۆیان دەبیننەوە کە ئایا سەرمایەداری لە بنەڕەتدا کێشەدارە و پێویستی بە گۆڕانکاری ڕیشەیی هەیە وەک مارکس و تا ڕادەیەک ڤارۆفاکیس، یان دەکرێت لە ڕێگەی سیاسەتی گونجاوەوە وەک باجگرتنی پێشکەوتنخوازانەی پیکێتی، یان چاکسازی لە یاساکانی بازاڕی ستیگلیتز چاکسازی تێدا بکرێت. ڤارۆفاکیس بە تایبەتی لە ڕێگەی زمانە سادە و گێڕانەوە سەرنجڕاکێشەکەیەوە، یارمەتیدەر بووە لە گەیاندنی ئەم بیرۆکە ئاڵۆزانە بە خوێنەری گشتی و جەختکردنەوە لەسەر گرنگی تێگەیشتن لە ڕەهەندە مێژوویی و سیاسییەکانی ئابووری. تێگەیشتن لە ڕیشە قووڵەکانی نایەکسانی، پێویستی بە سودوەرگرتن لە هەموو ئەم ڕوانگانە و هی دیکەش هەیە. چارەسەرکردنی کاریگەری ئەم دیاردەیە تەنها بە گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئابوورییدا وەک سیستەمی باج بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بە گۆڕانکاریی ورد و قووڵتری پێکهاتەیی و سیاسی هەیە کە ئامانجی فراوانکردنی ئازادییە ڕاستەقینەکان و تواناییەکانی هەموو تاکەکان بێت، ڕووبەڕووی هێزە چەسپاوەکان ببێتەوە و، پرسیار لە لۆژیکی زاڵی بەکاڵاکردنی هەموو لایەنەکانی ژیان بکات، ئەمەش دەنگدانەوەی ئەو نیگەرانییە بنەڕەتییانەیە کە لەلایەن ئەم بیرمەندە جیاوازانەوە خراونەتەڕوو.