ئەگەر شۆڕشی فەرەنسی ساڵی ١٧٨٩، توانیبێتی سەرکەوتنی دیموکراسی بەدەست بهێنێت، ئەوا شۆڕشی ساڵی 1848ی فەرەنسا توانی ڕەهەندێکی نوێ بە دیموکراسییەت ببەخشێت. دیموکراسی لە دوای ساڵی 1789، لە ڕووی سیاسییەوە دیموکراسی نەبوو، واتە سنووردار بوو لە ڕێکخستنی ممارسەکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە لایەن گەلەوە. شۆڕشی ساڵی 1789، شۆڕشی چینی بورژوازی “چینی ناوەڕاست” بوو، کە هێزی کارابوون لەو سەردەمەدا، لە لایەکی ترەوە دیموکراسییەکە دیموکراسی لیبراڵی سیاسی بوو. بەڵام شۆڕشی ساڵی 1848، بیرۆکەی “دیموکراسی کۆمەڵایەتی” هێنایه ئاراوه. لەو کاتەوە جیاوازیان کرد لە نێوان دیموکراسی سیاسی و دیموکراسی کۆمەڵایەتی. گەشەی سەرمایەداری لە کاتی شۆڕشی ساڵی 1789 بووە هۆی دژ یەکی کۆمەڵایەتی “ناتەبایی چینەکان”. ئەگەر دیموکراسی ئامرازێک بێت بۆ دووبارە بوونیادنانەوەی جیهان، بەو مانای کە چەمکێکی نوێیە بۆ مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ.
دیموکراسی سیاسی تەنیا بەس نەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مرۆڤایەتی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە. لەگەڵ لایەنی “مرۆڤی سیاسی- الإنسان السیاسي” و “هاووڵاتی- المواطن” پێویست دەکات کە حیساب بۆ مرۆڤی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە بکرێت. بەم پێیە، تەواوبوونی ئایدیالی دیموکراسی کە ماوەیەکی زۆرە بە دیموکراسی سیاسی سنووردار کراوە، تەواو نابێت تەنیا لە ڕێگای بەرجەستەکردنی دیموکراسی کۆمەڵایەتییەوە نەبێت. ئەگەر دیموکراسی لیبراڵی وەستا بێت لەسەر ئەوەی کە ئازادی لە جەوهەری مرۆڤەکاندایە، لە کۆتاییدا دیموکراسی تەنیا هاوکێشەیەک یان چوارچێوهیهك بوو بۆ حوکمڕانی کردن کە ئەرکی پاراستنی ئازادییە سروشتییەکان بوو، کە مرۆڤەکان بە سروشتی خاوەنی بوون، یان گونجان بوو لە نێوان ئەو ئازادیانە و داواکارییەکانی کۆمەڵگا. بێگومان ئەو ئازادیانە دەرکەوتن لەگەڵ بوونی مرۆڤەکان لەسەر زەوی، بۆیە پێویستە ملکەچی دەسەڵات نەبێت سەبارەت بەو ئازادییەی کە لە پیش بوونیدا هەبووە، بەڵکوو پێویستە وا لە دەسەڵات بکرێت کە ئامرازێک بێت بۆ دۆزینەوەی ئازادییە کردەیییەکان. بۆیە هەوڵی ئەوە درا کە دووبارە چاوپێداخشانەوە بە چەمکی ئازادی بکەین بەوەی کە بەستراوەتەوە بە سروشتی مرۆڤەکانەوە.
ئامانجی سیستەمی سیاسی گەرەنتی کردنی ئازادییەکانە بۆ تاکەکان، دیموکراسییەت بوو بە ڕێکخستنێک بۆ دەسەڵات، سەرەڕای گەرەنتی کردنی ئەو ئازدییانەی کە تاوەکوو ئێستا تاکەکان نەبوونەتە خاوەنی، دیموکراسییەت ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە جیهانێکی ئازاد، ئامرازێک بۆ دروستکردنی جیهانێک کە باوەڕی بە ئازادی مرۆڤەکان هەبێت.
لە لایەکی ترەوە دیموکراسی سیاسی تەنیا پەیوەندی بە “حکومەتی دەوڵەت” هەیە، بەڵام دیموکراسی کۆمەڵایەتی پەیوەندی بە “حکومەتی کۆمەڵگا” هەیە. دیموکراسی سیاسی ڕووبەڕووی تاک دەبێتەوە بە سیفەتی “هاووڵاتی” کە بەشداری و ممارسەی دەسەڵات دەکات، بەڵام دیموکراسی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی تاک دەبێتەوە بە سیفەتی بەرجەستە “ملموس”، واتە تاک وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی. کاتێک کە ئێمە دەڵێین کە دیموکراسی سیاسی گرنگی نادات تەنیا بە حکومەتی دەوڵەت نەبێت، وە هەموو ئامانجی یەکەمی دیموکراسی سیاسی تەنیا ممارسە کردنی دەسەڵاتە، ئەوەش مانای ئەوە نییە کە ممارسەکردنی دەسەڵات دوورە لە واقیعی کۆمەڵایەتی ئەو کەسانەی کە ممارسەی دەسەڵاتەکە دەکەن. بەو پێیەیی کە دیموکراسی بەو مانایە دێت کە دەسەڵات دەگەڕێتەوە بۆ گەل، کەواتە کاروباری گەل بە واتای کۆمەڵایەتی ناکرێت جیابکریتەوە لە کاروباری گەل بە واتا سیاسییەکەی. بۆیە دیموکراسی دوو ڕووی هەیە یەکێکیان سیاسی ئەوی تریان کۆمەڵایەتییە. واتە دیموکراسی سیاسی و دیموکراسی کۆمەڵایەتی.
کەوا دەتوانین بڵێین کە دیموکراسی کۆمەڵایەتی ڕوویەکی تری دیموکراسییە، بە هەمان شیوەی دیموکراسی سیاسی گوزارشت لە مافەکانی مرۆڤ دەکات، بەڵام بە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مافەکانی مرۆڤ، مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیاندنی ساڵی 1789 ئەوەی خستە ڕوو کە لە ڕاستییدا ئەو مافانە بۆ تاک دەگەڕێتەوە بەتەنیا بەبێ استغلال کردنی. ئەم مافانە لە بیرۆکەی دیموکراسی کۆمەڵایەتیدا بووەتە “داواکاری” بە واتایەکی تر ناوەڕۆکەکەی دیاری دەکرێت بەپێی پێداویستییەکان. کەواتە مافەکانی مرۆڤ بەپێی ئەم بۆچوونە ئامێر و ئامرازێک نییە کە مرۆڤەکان خاوەنی بن بە شێوەیەکی ئەسڵی، بەڵکوو پێداویستییەکی دیاریکراوە، ئەگەر بەدی نەهات ئەوا دەگوازرێتەوە بەبێ پێگەیشتووی مرۆڤ بە تەواوی. ئەم مافانە بەپێی شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی نوێ بریتین لە مافە کۆمەڵایەتییەکان کە تەنیا “کائن مجرد- بوونەوەری ڕووت” نەیناسیوە، بەڵکوو “کائن ملموس- بوونەوەری بەرجەستە” یان مرۆڤ لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری ناسیویەتی. وەک ئەوەی کە “مافی تاکەکان” لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ لە دوای شۆڕشی ساڵی 1789 دەرچوو، بەڵام مافە کۆمەڵایەتییەکان دەردەچێت لە ڕێگای دەستوورە هاوچەرخەکان.
ئەو جیاوازییەی کە لە نێوان “مافە نوێیەکان” و “مافە کۆنەکان” کە ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤ و دەستوورەکان لە خۆیان گرتووە لە دوای ساڵی 1789، بریتییە لە جیاوازی نێوان مافی بوون “الحق فی کینونة” کە جیا دەکرێتەوە بە مافە کۆنەکان “والحق في الحصول- ئەو مافەی کە کە بەدەستی دەهێنیت” کە مافی نوێ دیاری دەکات. بۆیە مافی تاکەکان ئامانجی مرۆڤی ڕووت و تەنیایە “الإنسان مجرد”، بەڵام ئەو داواکارییانەی کە دیموکراسی کۆمەڵایەتی گوزارشتی لی دەکات مەرجی بوونی مرۆڤی ڕاستی و تەواوە “الإنسان حقيقية”، بەڵام لە هەر دوو حاڵەتدا مافەکانی مرۆڤ جێگای گرنگ پێدانن. لە سەر ئەم بنەمایە ناوەڕۆک و جەوهەری مافەکانی مرۆڤ بە خوێندنەوە نوێیەکەی ئامانجی دیموکراسی کۆمەڵایەتی دیاری دەکات، ئەم ناوەڕۆکە مرۆڤ ئازاد دەکات لە هەموو جۆرەکانی قەهر، وە ئەم ئازادکردنە تەنیا چوارچێوهیهكی سەردەمیانە بۆ چەمکی ئازادی کە دیموکراسی سیاسی پێی هەڵدەستا. دیموکراسییەت بە مانا کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکەی دوورخستنەوە و نەهێشتنی نایەکسانییە بە هۆکاری ئەوەی کە سەروەت و سامان سەرچاوەی هێز نییە.
مرۆڤەکان سەرەڕای ئەو قەهرە کار دەکەن و، دەتوانن دەست بە مافەکانی خۆیان بگرن و بیپارێزن لە هەموو مەترسی و دەست درێژییەک. کەواتە دیموکراسی کۆمەڵایەتی ئامانجی بەدیهێنانی یەکسانی فیعلی و کردارییە لە نێوان تاکەکان کە ناتوانرێت بەدی بهێنرێت لە ڕووی تیۆرییەوە. دیموکراسی کۆمەڵایەتی بە پلەی یەکەم ئامانجی بوونیادنانی کۆمەڵگایەکە کە ئیعتیبار بۆ مرۆڤەکان دابنێت و پێداویستی و داوکارییەکان بۆ تاکەکان دابین بکات لە چوارچێوەی دادپەروەری، بەو پێیەی کە سوود و زیانەکان ژیانی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی یەکسان دابەش بکرێت لە نێوان ئەندامەکانی کۆمەڵگا. دەرەنجامی ئەوەش دوورخستنەوەی هەموو ئیمتیازاتە ئابوورییەکانە بە هۆکاری سەروەت و سامان یان بارودۆخی کۆمەڵایەتی. ئەگەر وابێت ئەوا دەبێت کۆمەڵێک ئامرازی جۆراوجۆر بوونیان هەبێت بۆ دۆزینەوەی “هاوسەنگی کۆمەڵایەتی”، هەروەها دابەش کردنێکی دادپەروەرانەی ماڵ و موڵکەکان و بنە بڕکردنی بێکاری و دابینکردنی دەرفەتی کار.
ئەمەش وا دەکات کە تاک لە ئاستێکی باشی ژیاندا بێت و بیپارێزێت لە هەموو گۆڕانکارییەکانی ژیان، بۆیە دەکرێت پێناسەی دیموکراسی کۆمەڵایەتی بکرێت بە پێی ئەم چەمکە کە بریتییە لە “نظام الرفاهیة في ظل العدالة/ سیستەمی خۆشگوزەرانی لە ژیر سایەی دادپەروەریدا”. بۆچوونێکی تر هەیە بۆ دیموکراسی کۆمەڵایەتی کە بریتییە لە ملکەچ بوونی هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و چالاکییە ئابوورییەکان بۆ ئیرادەی تاکەکان، جا لایەنێک بن لە پەیوەندییەکە یان چالاکییەکان بەکار دەهێنن. ئەم بۆچوونە بۆ دیموکراسی کۆمەڵایەتی لە ڕاستیدا واتە گواستنەوەی اجرائاتی دیموکراسییەت لەسەر ئاستی سیاسی بۆ ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتی.
کەواتە ئەگەر دیموکراسییەت مانای ئەوەبێت کە تاکەکان لێپرسراوێتی خۆیان هەڵگرن، ئەوا دیموکراسی کۆمەڵایەتی لەو کاتەدا بریتی دەبێت لە بوونی کۆمەڵگایەک کە ملکەچی هەموو چالاکییەکانی ئەو کۆمەڵگا دەبێت. وە ئەگەر دیموکراسییەت مانای ڕزگارکردنی تاکەکان بێت لە کۆیلایەتی دەسەڵات، ئەوە دیموکراسی کۆمەڵایەتی ڕزگارکردنی تاکە لە هەموو جۆرەکانی هەژموون و هەیمەنەیەک. هەروەها دیموکراسی کۆمەڵایەتی بەپێی ئەم چەمکە، تاک ڕزگار دەکات لە هەر ملکەچییەک بۆ هەر هێزێکی هۆشیار و ناهۆشیار، وە دیموکراسی کۆمەڵایەتی بەپێی ئەم چەمکە تاک ئازاد دەبێت لە هەموو هەژموونێکی چینی بەهێز لە ڕووی ئابوورییەوە. بێگومان پێشکەوتنە تلقائیەکان بۆ پەیوەندییە ئابوورییەکان ئەگەر هەمووشیان نەبێت بەڵام زۆربەیان دیموکراسی کۆمەڵایەتی بەدیان دەهێنیت، ئەو کاتەش دەستتێوەردانی مرۆڤەکان دێتە کایەوە لە دەستتێوەردانی ئیرادەی مرۆڤەکان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و ئازادییەکان، بۆیە پێویستە ئەمانە بە شێوەیەکی دادپەروەر دابەش بکرێت، ئەمەش لە ڕێگای دەستتێوەردانی ئیرادەی حاکمەکان بۆ بەدیهێنانی دیموکراسییەت لە کۆمەڵگا. دیموکراسی کۆمەڵایەتی لەم ڕووەوە دراو نییە بەڵکوو ئەو بینایەیە کە مرۆڤەکان خۆیان بەدەستی دەهێنن. بۆیە پێویستە ئیرادەیەکی کۆمەڵایەتی هەبێت کە هەموو تاکەکان مافی ئەوەیان هەبێت بە ژیانێکی خۆش بژین دوور لە هەموو ئاستەنگێک.
کەواتە دەسەڵات ئامرازێکە بە هۆیەوە دەتوانین دیموکراسی کۆمەڵایەتی بەدەست بهێنین، وە ئەو ڕێگایەی کە لێیەوە دەتوانین دیموکراسی بەدی بهێنین. سیاسەت لە ڕیزی پیشەوە دادەنرێت لە پێش ئابوورییەوەیە. هەروەها خۆشگوزەرانی _خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا_، ناتوانین فەرامۆشی بکەین بەپێی بۆچوونی دەسەڵات بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو ئەوە دەبێتە دەرەنجامێک بۆ دەستتێوەردانی دەسەڵات لە بوونیادنانی دیموکراسی بۆ کۆمەڵگا. دەسەڵاتیش بەرجەستە دەبێت لە ئیرادەی تاکەکان، کە ئەویش بەرجەستە دەبێت لە ڕێگای کۆمەڵێک بنەما کە دادەنرێت لە ڕێگای دامەزراوە تایبەتمەندەکانەوە بۆ بوونیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دادپەروەر. بۆیە دەستتێوەردانی دەسەڵات مەرجێکی گرنگە بۆ خۆشگوزەرانی ئابووری، بەڵام لە دیموکراسی کۆمەڵایەتی تلقائیە، سیاسەت ملکەچ دەبێت بە واتایەک لە واتاکانی لە ئابوورییەوە بۆ بەرهەمهێنان. کۆمەڵگا لە ڕووی ئابوورییەوە فەرز دەکات لەسەر دەسەڵات کە دەستتێوەردان نەکات لە کاروبارەکانی دەوڵەت. بەڵام لە ڕوانگەی دووەمەوە دیموکراسی کۆمەڵایەتی، دەسەڵات خۆی یاساکان فەرز دەکات لەسەر کۆمەڵگا.
نووسینی: د. منذر إبراهيم احمد الشاوي
وەرگێڕانی: د. سەروەر حەمە ئەحمەد