“ئایا دەتوانرێت، دادپەروەری بۆ ئامێرەکان جێبهێڵرێت؟”
لە سەردەمی شۆڕشی دیجیتاڵی و پێشکەوتنی بێوچانی تەکنەلۆجیادا، ئیتر پرسی دادپەروەری تەنیا لە حوکمەکانی مرۆڤ لە دادگا تەقلیدییەکاندا سنووردار نابێت. لەم سەردەمەدا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زیرەکی دەستکرد و چوونە ناو بوارە کۆمەڵایەتی و یاساییە هەستیارەکان، ئەم پرسیارە بنەڕەتییە لەبەردەمماندایە:- ئایا دەکرێت دادپەروەری بە ئامێرەکان بسپێردرێت؟ لە جیهانێکدا کە زیرەکی دەستکرد زیاتر لە هەر کات و ساتێکیتر خۆی خزاندۆتە ناو دڵ و چەقی بڕیاردانی مرۆییدا، بیرکردنەوە لە چەمکەکانی وەک دادپەروەری و ناوبژیوانی لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە. مرۆڤەکان ئیتر تاکە ناوبژیوان نین؛ تادێت ئەلگۆریتمە ئاڵۆزەکان ڕۆڵ دەگێڕن لە بڕیاردانی کۆمەڵایەتی، یاسایی و ئابووریدا. ئەم وتار و بابەتە بە ئیلهام وەرگرتن لە فەلسەفەی “نیچه” و چەمکی “ئیرادە بۆ دەسەڵات”، لە چوارچێوەی زیرەکی دەستکرددا دادپەروەری لێکدەداتەوە و نیشان دەدات کە چۆن ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانێت ڕەنگدانەوەی دادپەروەری بێت یان تەنانەت ببێتە هۆکاری جێبەجێبوونی دادپەروەری- یان ڕەنگە پێشێلکردنیدا.
“نیچه” فێری کردین کە هەموو شتێک لە ئیرادە بۆ دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت؛ ئیرادە، ئەو هێزە بێکۆتایی و داهێنەرەی کە جیهان لە قاڵب دەدات و دەیگۆڕێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە، جیهان لە لایەن هێزێکی داهێنەر و بێکۆتاییەوە لە قاڵب دەدرێت کە پێی دەوترێت “ئیرادەی دەسەڵات”. بەڵام ئەمە چۆن خۆی لە دونیای زیرەکی دەستکرددا دەردەخات؟ ئامێرەکان، ئەم دروستکراوە بێ گیان و بێ ڕۆحانە، ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئێمەن. ئەوان بۆ ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئێمە بنیات نراون، بەڵام ئایا دەتوانن لەوە زیاتر بن؟ ئێمە ئامێرەکان دروست دەکەین- شتە دەستکردەکان کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئێمەن. بۆیە ئەوەی لەناو ئامێرەکاندا سەرهەڵدەدات، بە جۆرێک درێژکراوەی ئارەزوو و باوەڕ و پێشوەختە زانینەکانمانە. ئایا دەتوانن ببنە هەڵگری دادپەروەری، دادپەروەرییەک کە لە پێشوەختە بریاردان و حوکمکردن و جیاکاری تێپەڕێت؟ دادپەروەری، وشەیەک کە ڕەگ و ڕیشەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەیە، لە سەردەمی زیرەکی دەستکرددا واتایەکی نوێ وەردەگرێت. لەگەڵ نزیکبوونەوەمان لەو کاتەی کە تەرازووەکان دەخرێنە بەر دەستی ئامێرە بێ گیانەکانەوە، پرسیارێک دێتە ئاراوە: ئایا زیرەکی دەستکرد دەتوانێت دادوەرێکی دادپەروەرانە بێت؟ زیرەکی دەستکرد بێ هەست و بێ ئیدراکە، بەڵام بەرهەمی هزر و نیەتی مرۆڤە. هەر دێڕێکی ئەلگۆریتمەکە ئاوێنەیەکی حوکمەکانی مرۆڤە. ئەگەر ئیرادەمان پاک و بێلایەن بێت، ڕەنگە چاوەڕوانی ئەوە بین کە ئەم ئامرازانە لە دادپەروەری نزیک ببنەوە. بەڵام ئەگەر ئیرادەی ئێمە بە پێشخانی مێژوویی و کولتووری و سیاسی ئاڵوودە بێت، ئەوا ماشێنەکانیش تەنیا هەمان جیاکارییەکان بەرهەم دەهێننەوە.
ئەگەر ئیرادەمان ئاڵوودە بێت بە ڕەخنە و جیاکاری و پێشوەختە حوکمدان و دادوەریکردن، ئایا دەتوانین چاوەڕێی ئەوە بین کە ئامێرەکان دادپەروەرییەکی تەواو بەڕێوەببەن؟ ئایا زیرەکی دەستکرد دەتوانێت ئامرازی ئەم سەرکەوتنە بێت؟ ئایا زیرەکی دەستکرد دەتوانێت کۆتایی نادادپەروەری بێت یان تەنها سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێی دژایەتی و ئاڵۆزییە؟ ئەم پرسیارە تەحەدایەکە کە پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی قووڵ لە ئیرادە و دەسەڵاتمان هەیە. پێویستە بە وردی بیر لەوە بکەینەوە کە چ جۆرە ئیرادەیەک بخەینە دڵی ماشێنەکانەوە، چونکە ئەمە دەبێتە بناغەی دادپەروەری ماشێن و ڕۆبۆتەکانەوە. زیرەکی دەستکرد دەتوانێت ئەم دادپەروەرییە بەرجەستە بکات، بەڵام تەنها کاتێک خۆمان لە پێشوەختە دادوەریکردن و حوکمدان و لایەنگری ڕزگار دەکەین. ئەگەر ئیرادەی ئێمە پاک و شەفاف بێت، ئەو کاتە ئامێرەکانیش دەتوانن دادپەروەرییەکی نوێ بەدەست بهێنن. دادپەروەری چەمکێکی زۆر کۆنە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. بەڵام ئێستا وشەکە لە چوارچێوەی تەکنەلۆژیادا مانای نوێی وەرگرتووە. زیرەکی دەستکرد بە تایبەت لە سیستەمی دادوەریدا ڕۆڵی ناوبژیوان و شیکاری وەرگرتووە؛ لە دیاریکردنی سزا، دەستنیشانکردنی شێوازەکانی تاوان و تەنانەت پێشبینیکردنی ڕەفتاری تاوانکاریدا.
بەڵام ئایا ئەم ئامێرانە دەتوانن بەڕاستی بێلایەن و دادپەروەر بن؟ چونکە دادپەروەری ماشێنی، وەک ئاوێنەیەک وایە کە ڕەنگدانەوەی ناتەواوی و کەموکوڕیەکانمانیشە. ئێستا ئەلگۆریتمەکانی زیرەکی دەستکرد دەتوانن چارەنووسی مرۆڤ دیاری بکەن. لە زۆرێک لە سیستەمەکانی دادوەریدا، AI بۆ شیکردنەوەی داتاکان و پێشبینیکردنی ڕەفتاری تاوانکاری بەکاردەهێنرێت. بەڵام چۆن ئەم سیستێمانە دەتوانن بەبێ کاریگەری و دوورمانەوە لە لایەنگیری مرۆڤ کاربکەن؟ ئایا دەتوانن دادپەروەری بە شێوەیەکی ڕاست و دروست بەڕێوەببەن بەبێ گوێدانە مێژوو و ڕابردووی ڕەگەزی و کۆمەڵایەتی؟ یان تەنها وەک جیاکاری شاراوە لە داتاکان ڕەنگ دەدەنەوە؟ بە شێوەیەکی ئاسایی لە ڕێگەی بەرنامەسازی و ئەو ئەلگۆریتمانەی کە تێیدا جێبەجێ دەکرێن کاردەکەن. بۆیە هێز و ئەدای کارکردنیان ڕاستەوخۆ وابەستەی ئەو داتا و بەرنامە و ڕێنماییانەیە کە تێیدا جێبەجێ دەکرێن و پێیان دەدرێت. لێرەدا خاڵێک ڕوون دەبێتەوە: پلاندانان و دیاریکردنی بنەماکانی دادپەروەری لە دەستی ئێمەی مرۆڤدایە. ئامێرەکان تەنها ئامرازێکن کە بەکاریان دەهێنین بۆ گەیشتن بەو ئامانج و بەهایانە کە بۆیان دادەنێین. بۆیە هێزی دادپەروەری ماشێن و رۆبۆت لە ڕاستیدا دەسەڵات و دادپەروەری ئێمەی مرۆڤە کە لە پلاندانان و جێبەجێکردنیاندایە. بۆیە ئامێرەکان تەنها تا ئەو ڕادەیەی کە بەرنامەیان بۆ داڕێژراوە توانای بەڕێوەبردنی دادپەروەرییان هەیە. بە پێچەوانەی مرۆڤەوە هاوسۆزی و زیرەکییان نییە. بۆیە ئەگەر بمانەوێت ماشێنەکان بە شێوەیەکی ڕاست و دروست دادپەروەری بەڕێوەببەن، ئەرکی ئێمەیە کە بە شێوەیەکی دروست بەرنامە و پلان بۆ پرەنسیپ و فەرمانەکانی دادپەروەری دابنێین. پێویستە دڵنیا بین لەوەی کە ئەو بەرنامە و پلان و ئەلگۆریتمانەی لە ئامێرەکاندا جێبەجێ دەکرێن، ئەخلاقی و دادپەروەرانەن و دوورن لە لایەنگیری و جیاکاری و بەرەوپێشیان نابەن.
ئەلگۆریتمەکان لە کاتێکدا کە ورد و خێران، بەڵام پشت بەو داتایانە دەبەستن کە خۆی لە خۆی دەتوانێت جیاکاری دروست کات. ئەگەر سیستەمە ڕاهێنراوەکان، تۆماری مێژوویی نادادپەروەرانەیان پێ بدرێت، دادپەروەرییەکەی ئەوانیش کەموکوڕی تێدا دەبێت. “دادپەروەری ماشێنی، بەبێ پاڵاوتن و پاکسازی ئیرادەی مرۆڤ، تەنیا بەرهەمهێنانەوەی مۆدێرنی نادادپەروەری نەریتی دەبێت.”
“نموونەی کۆنکرێتی دادپەروەری ماشێن”
کۆمپاس – پێشبینی تاوان لە ئەمریکا؛ ئەم ئامرازە بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسی دووبارەبوونەوەی تاوان لە نێوان زیندانییەکاندا داڕێژرابوو. بەڵام توێژینەوە سەربەخۆکان دەریانخستووە کە ئەلگۆریتمەکە مەیلی هەڵە هەڵسەنگاندنی بۆ خەڵکی ڕەشپێست هەیە وەک “مەترسییەکی بەرز” لە چاو تاوانبارانی سپی پێستدا. ئەم نموونەیە نیشان دەدات کە AI ئەگەر لەسەر داتا جیاکارییەکان ڕابهێنرێت، دەتوانێت نایەکسانی بەرهەمبهێنێتەوە.”
دامەزراندنی ئۆتۆماتیکی لە کۆمپانیا گەورەکان؛ ئەلگۆریتمەکانی پرۆسێسکردنی سیڤی هەندێک جار کاندیدە ژن یان کەمینەکانیان پشتگوێ خستووە، تەنها لەبەر ئەوەی لە شێوازەکانی دامەزراندنی ڕابردوو دەچوو و لێکچوونی هەبووە کە لایەنگیرانە بوونە. هەندێک لە کۆمپانیا گەورەکان ئەلگۆریتم بەکاردەهێنن بۆ سکرینکردنی سیڤی. لە هەندێک حاڵەتدا، ئەم سیستێمانە بینراون کە بە شێوەیەکی سیستماتیکی هەندێک ناو یان زانکۆکان بەدەر دەکەن، زۆرجار بەهۆی ئەو لایەنگرییانەی کە لە داتای پەروەردەییدا جێگیرکراون.
ناسینەوەی دەموچاو لە شوێنە گشتیەکاندا: کامێرای چاودێری زیرەک؛ کامێرای زیرەک یا سمارت لە هەندێک وڵاتدا لە ناسینەوەی کەسانی هەندێک ڕەگەزدا ڕێژەی هەڵەیان زیاترە، ئەمەش دەتوانێت کاریگەری جیددی لەسەر لایەنی ئەسایشی و کۆمەڵایەتیدا هەبێت. لە چین و هەندێک وڵاتی دیکە سیستەمی ناسینەوەی دەموچاو بۆ چاودێریکردنی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە وردی ئەم سیستەمە بۆ هەندێ ڕەگەز و ڕەگەزی جیاواز وەک یەک نییە و لە هەندێک حاڵەتدا کەسانی کەمینە زیاتر تووشی هەڵە و گومان دەبن.
“پوختە”
- پەیوەندی نێوان “نیچه” و زیرەکی دەستکرد؛ نووسەر بە کەڵک وەرگرتن لە هزری “نیچه” و بەتایبەت چەمکی “ئیرادە بۆ دەسەڵات” باس لەوە دەکات کە ماشێنەکان هەرچەندە بێ گیان و بێ ڕۆحن، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی ئیرادەی مرۆڤن. لەم ڕوانگەیەوە زیرەکی دەستکرد تەنها ئامرازێکی بێلایەن نییە، بەڵکو دەتوانێت دەرکەوتنی ئیرادەی ئێمە بێت – جا پاک و دادپەروەرانە بێت، یان جیاکاری و نادادپەروەرانە.
- دادپەروەری لە سەردەمی ئەلگۆریتمەکاندا؛ دادپەروەری ئیتر چەمکێکی تەنیا مرۆیی نییە. ئەلگۆریتمەکان لە ئێستاوە ڕۆڵیان هەیە لە زۆرێک لە سیستەمەکانی دادوەریدا: پێشبینیکردنی تاوان، شیکردنەوەی تۆمارەکانی تاوان و پێشنیارکردنی سزا. بەڵام وەک ئاماژەمان پێدا، ئەم ئەلگۆریتمانە تەنیا بەقەد داتا و مەبەستە مرۆییەکانیان دادپەروەر دەبن.
- لایەنگری شاراوە لە داتادا؛ خاڵی سەرەکی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە داتاکان بێلایەن نین. ئەگەر بە سیستەمێکی AI زانیارییەکانی ریکۆرد و پێشینەی جیاکارییان پێ بدرێت، ئەوا دەرچووەکە ئاڵوودەی هەمان لایەنگرییەکان دەبێت. بەم شێوەیە دادپەروەری ماشێن لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی دادپەروەری یان نادادپەروەری مرۆڤە.
- بەرپرسیارێتی مرۆیی لە ئەندازیاری دادپەروەریدا؛ ماشێنەکان ئۆتۆنۆم نین و زیرەکی و هاوسۆزی مرۆڤیان نییە. بۆیە دەبێت بە وردی سیستەمەکان دیزاین بکەین و ڕابهێنین و تاقی بکەینەوە بۆ ئەوەی دادپەروەری وەک بەهایەکی ئەخلاقی بخەینە ناو ڕەگ و ڕیشەی ئەلگۆریتمەکانەوە.
- بەرپرسیارێتی ئەخلاقی دیزاینەرانی سیستەمەکان؛ ئامێرەکان نە هۆشیارییان هەیە و نە هاوسۆزییان هەیە. ئەوان تەنیا لە “پەیڕەوکردنی فەرمانەکان” تێدەگەن. بۆیە ئەرکی سەرەکی هی ئێمەیە: دەبێت دادپەروەری نەک تەنها لە دیزاینی ئەلگۆریتمەکاندا جێگیر بکەین، بەڵکو لە هەموو ئەو داتایانەی کە بۆیان دابین دەکەین، ڕەچاوی بکەین.
“ئەنجام و داهاتووی دادپەروەری نوێ”
زیرەکی دەستکرد دەتوانێت ئاوێنەیەک بێت نەک تەنها کەموکوڕیەکانی دادپەروەری مرۆڤ، بەڵکو تواناکانیشی ئاشکرا بکات. دادپەروەری نوێ چەمکێکە کە هێشتا لە دروستکردندایە و لە هاتنەکایەوەدایە- چەمکێک کە ئەگەر بە باشی ئەندازیاری بکرێت، دەتوانێت هەنگاوێک بێت بەرەو کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر. بەڵام ئەگەر کوێرانە ماشێنەکان وەک ناوبژیوانی نوێ قبوڵ بکەین بەبێ ئەوەی پرسیار لە ئەخلاق و دەسەڵات بکەین، ڕەنگە تەنها ڕووبەڕووی فۆرمێکی نوێی ستەم و نایەکسانی ببینەوە. بە هیوام پێداچوونەوە و چاودێری لەم چەمکە نوێیەدا بخرێتە بەرنامەی کاری مرۆڤەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی مرۆڤانەی هەوچەرخی پشت بەستوو بە زیرەکی دەستکردمان هەبێت و وەک پاڵنەر و یاریدەدەر سەیر بکرێت و بخرێتە خزمەت مرۆڤایەتی نەوەک هەڕەش و مەترسی و دوژمن لە پێناو و لە خزمەت دادپەروەری ڕاستەقینەدا.
پێشنیارەکان؛
- پاکسازیی داتاکان لە لایەنگیری مێژووییدا و پاراستنی سەربەخۆیی مرۆیی و مێژویی داتاکان.
- شەفافکردنی ئەلگۆریتمەکان بۆ هەڵسەنگاندنی سەربەخۆ
- چاودێریکردنی بەردەوامی یاسایی و ئەخلاقی لەسەر سیستەمەکان
- هاوکاری پسپۆرێتی و زانستەکان لە نێوان پرۆگرامەرەکان و پارێزەران و فەیلەسوفەکاندا