“تێبینی و پێشەکی لەلایەن لیژنەی بڵاوکردنەوەوە”
بەڕێز قەشە ڕییا لە هاوینی ساڵی ١٨٥١دا گەیشتە بواری کاری میسیۆنێریی خۆی و لە نێو نەستۆرییەکانی چیاکانی کورددا، لە گوندی مێمیکان جێگیر بوو، کە گوندێکی پێدەشتی شاخەکانی ناوچەی گەوەرە، پێش کۆتایی هەمان ساڵ. ئەمە بوو بە بنکەی مانەوەی و زیاتر لە هەشت ساڵی خایاند (تا نیسانی ساڵی ١٨٥٩)، تا ئەو کاتەی کە بەهۆی نەخۆشییەوە بەرەو ئەمریکا دەگەڕێتەوە. دواجار لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ وڵاتی نەستۆرییەکان (ئۆکتۆبەری ١٨٦٠)، بارودۆخ وایکرد کە لە ئورومیە (ورمێ) بمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی کە لە ئەیلوولی ساڵی ١٨٦٥دا کۆچی دوایی کرد. لەو ماوەیەدا کە لە گەوەر بوو، لە پەیوەندییەکی بەردەوامدا بوو لەگەڵ کورددا و بایەخی زۆری بە زمانەکەیان دەدا و ڕاست و دروست قسە و گفتوگۆی پێدەکرد، هەرچەندە هەرگیز هەوڵی بەکارهێنانی نەدەدا بۆ مەبەستی وەعزدادان و بانگەشەی ئایینی و بووبوو بە خاوەنی بەهرە و سەلیقەیەکی فیلۆلۆژیی نائاسایی و بە جۆرێک دەسەڵاتی بەسەر زمانی سریانیی مۆدێرندا دەشکا و بەکاریدەهێنا کە بەزەحمەت هیچ میسیۆنێرێکی تر لە عۆدەی دەهات. لەو کاتەدا کە ئەو لەناکاو دابڕا، لە سەرەتای ژیان و ترۆپکی سوود گەیاندن بوو، کەچی ئەو خۆی بۆ تورکیی ڕۆژهەڵاتی یان تاتاری تەرخانکرد، بە نیازی وەرگێڕانی کتێبی پیرۆز بۆ ئەو دیالێکتە. بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی ژیان و زەحمەتەکانی ئەم پیاوە سەرنجڕاکێشەوە، ڕەنگە وا باشتر بێت بۆ ژیاننامەکەی بگەڕێینەوە بۆ کتێبەکەی قەشە دی. دەبلیو. مارش، بە ناونیشانی “کەسێکی خەڵکی تەنەسی لە وڵاتی فارس و کوردستاندا” (فیلادلفیا، ١٨٦٩).
ئەو نەخشە یان سکێچە ڕێزمانییەی لێرەدا هاتووە، پێدەچێت لە ماوەی زستانێکدا گەڵاڵە بووبێت کە نووسەر لە چیای سێیر، سەرووی ئورومیە بەسەری بردووە، پێش ئەوەی بۆ دواجار گەوەر بەجێبهێڵێت. دیارە وشەسازییەکە ماوەیەک لە لای مابووەوە و وردە وردە پێویستی بە زیادکردن و ڕاستکردنەوە دەبوو، هەرچەندە تا ڕادەیەکی زۆریش نەبوو، لە دوای یەکەم نەخشەکێشانی. بێ گومان هەردوو بابەتەکە تەواوتر و وردتر دەبوون، ئەگەر کارەکانی بەڕێز ڕییا، دوای گەڕانەوەی بۆ وڵاتی فارس، وەک پێشتر لە ناو کوردەکاندا بمابایەتەوە، یان ئەگەر خودی خۆی سەروبەری بگرتایە و ئامادەی بکردایە بۆ بڵاوکردنەوە. بەڵام، لەو فۆرمەیاندا وەک ئەوەی لەلایەن خۆیەوە بەجێمابوو، ئەوە پێویستیان بە زیادکردنێکی گرنگە بۆ زانیارییەکانمان لەبارەی ئەم زمانە سەرنجڕاکێشە، بە تایبەت وەک ئەوەی لە ناوچە و دیالێکتێکەوە هاتووە، وەک بزانرێت و تا ئەو جێگایەی کە ئێمە ئاگادارین، هیچ زانیارییەکی لەبارەوە تۆمار نەکراوە.
بە ڕێزگرتن لەو ناوچەیە و شێوەزارەکەی، قەشە جەی. ئێج. شێدی جێنشینی بەڕێز ڕییا لە گەوەر (ئێستا شارۆچکەیە)، بەم شێوەیە بۆمان دەنووسێت: “ئەو ناوچەیەی کە خەڵکەکەی بە تایبەتی بەم شێوەزارە دەئاخڤن سەر بە هەکارییە، یان سەر بەو تیرە و هۆزانەیە کە میرنشینی ئەم دواییەی جولەمێرگیان پێکهێنابوو، کەوا بەشی باشووری پاشالکی ئێستای وانە و سنووری وڵاتی فارس (واتە ئێران – و) دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتیەوە و ناوچەی بۆتانیش دەکەوێتە ڕۆژئاوایەوە. ناوچە سنوورییەکانی باشوور بریتین لە تیاری، پینیانیش، داستیگان و شەمدین (یان شەمزینان – و) و لە باکوورەوە بەرەو سەرەوە دەڕوات تا بەرانبەر خۆی، لە باکووری کۆتوورەوە. هۆزە سەرەکییەکانی دێهاتی هەکاری بریتین لە: هارتوشی، کە هۆزێکی زۆر بەهێزە و ژمارەیان زۆرە، کە زستان لە دەشتەکانی میزۆپۆتامیا و هاوین لە نێوان جولەمێرگ و بۆتاندان، لەگەڵ لقێکی بچووکتر کە هاوین لە نزیکی تێخۆمایە و پینیانیش، بەشێکی لە باشووری تێخۆما و بەشێکی لە گەوەرە و داستیگانی، دوورتر لە ڕۆژهەڵات و لە ڕۆژهەڵاتی جەلوە. هێشتا لە ڕۆژهەڵاتی دوورتر، کوردەکانی شەمدین یان نۆچیان و بێجگە لە هۆزە جێگیرەکان، هۆزێکی کۆچەری بەهێز هەیە کە هەرکییە و دوورتر لە باکوور، لە گەوەر و لەسەر سنووری فارس، هۆزی دیرینییە لە نێوان گەوەر و جولەمێرگدان، بیلیجانییەکان لە نێوان گەوەر و ئەلباغدان، سۆرانی لە ئەلباغە، نزیک باشقەڵا، ئەلباغی لە باکووری دوورترە، سوخمانی دەکەوێتە ڕۆژئاوای جولەمێرگەوە، لێوانی لە باکووری دوورترە، هۆرامنی و تاری و ئەلواجێکی لە دەوروبەر و ئەودیوی کۆتورن. ڕەنگە ئەم ناوانە، هەموویان، بە تەواوی ڕاست نەبن، بەڵام بیرۆکەیەک دەدەن لەبارەی جۆراوجۆریی ئەو هۆزانەی کە لە ناو ئەوەی لە میرنشینی جولەمێرگی سەربەخۆدا بووە. دیالێکتی هەر هۆزێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە. ژمارەیەکی بەرچاو لە کورد لە ناوچە سەربەخۆکانی نەستۆریدان وەک باز و تێخۆما و تیاری و نزیکەی هەموو نەستۆرییەکان زمانەکە دەزانن. کوردەکان ئەوانەی لە سەرەوە باسمان کردن ڕەنگە ژمارەیان ٢٠٠ هەزار بێت. لەودیو وڵاتی هەکاری لەوانەیە بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەمان ئەو زمانە قسە بکەن کە لەم کتێبی ڕێزمانەدا هاتووە، هەموو کورد لە دیوی سنووری وڵاتی فارس، لە نێوان چیای ئارارات و ساوجبڵاخدا، لە دیوی تورکیاش، هەموویان لە ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی وان و هەروەها لە باشووری ناوچەی هەکارییشەوە تا ڕەواندز. کوردەکانی بۆتان کە بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر لە ژێر دەسەڵاتی بەدرخان بەگدا بوون، کەوتوونە خاڵی نێوان کوردی هەکاری و ئەوانەی کە نزیکی خەرپووتن – پێم وایە، تا ڕادەیەک نزیکترن لە یەکەمەوە. ئەو دیالێکتە کوردییە لە سابڵاخەوە بەرەو باشوور، بە ناوچەکانی سلێمانی و سنەشەوە، تەواو جیاوازە لە دیالێکتی هەکاری. دیالێکتی خەرپووت ڕۆژئاواییە و سنە باشووری ڕۆژهەڵاتە و ئەوەی هەکاری ناوەڕاستە و ڕەنگە ئەمیان کەمترین تێکەڵی هەبێت لەگەڵ توخمە بیانییەکاندا.”
خاتوو ڕییا دەنووسێت: “لە ئێستادا، لە گەوەر، بە دانانی دیاکۆن تەمۆی میسیۆنێرمان، دراوسێ و یاریدەدەری بەڕێز ڕییا بوو، سەرقاڵی وەرگێڕانی کتێبی پیرۆزە بۆ زمانی کوردی. دیاکۆن تەمۆ، زمانەکانی سریانی، تورکی، کوردی دەزانێت و ڕەنگە زمانی عەرەبییش بزانێت و لەلایەن بەڕێز ڕییاوە زمانەکانی عیبری و ئینگلیزییش فێربووە”. کتێبێکی سەرەتایی کوردی، بە پیتی ئەرمەنی، لەم دواییانەدا (١٨٦٨) ئامادە کراوە و لەلایەن دەزگای مسیۆنێریی ئەمریکییەوە لە خەرپووت بڵاوکراوەتەوە. ڤێرژنێکی تەواو لە پەیمانی نوێ (ئینجیل – و) کە لە ژێر چاودێری هەمان مسیۆنێریدا ئامادە کراوە، ئێستا یان دەبێت بەم زووانە چاپ بکرێت. چەندین ساڵ پێشتر (١٨٥٦)، وەرگێڕانێکی کوردی لە ئینجیلەکان، “لەلایەن یارمەتیدەرێکی خۆوڵاتیی مسیۆنێریی ئاشوورییەکان” لە قوستەنتینییە چاپکراوە، کە ئەمیشیان بە پیتی ئەرمەنییە. ئەمانە تاکە کارن بە کوردی یان پەیوەندیدار بە کوردییەوە، کە وا زانراوە لەلایەن مسیۆنێرییە ئەمریکییەکانەوە بەرهەم هێنرابێت تا ئێستا. لە ئامادەکردنی کارەکەی بەڕێز ڕییا بۆ ڕۆژنامەگەری، ئێمە بە سادەیی ڕێزمانەکەمان داڕشتووەتەوە، دەستکاریکردنی تا ڕادەیەک ڕێکخستن و فۆرمەکانی ڕاگەیاندن و لێدوانەکەی، بەڵام بەبێ گۆڕانکاری یان زیادکردنی بنەڕەتی. وشەسازی تەنها بە ڕێکخستن گۆڕاوە، بەپێی شێوازی جیاوازی ڕێنووسی بزوێن کە ئێمە وەرمانگرتووە.
نووسەر هاتووە ڕێزمانەکەی لە ڕووی ڕێنووس، ڤاوڵ، پیتی بێدەنگ، وتار، ناو، ڕاناو، ژمارە، فەرمان (کردار)، کرداری ناڕێک، کرداری پاسیڤ، کرداری لێکدراو (کۆمپاوند)، ئاوەڵناو (ظرف)، حرف جر (پریپۆزیشن)، عرف عطف (کۆنجانکشن) ڕێکخستووە. لە کۆتاییدا، زیاد لە نیوەی کتێبی ڕێزمان (گرامەر)ەکەی، کە ٣٨ لاپەڕەیە بۆ وشەسازیی زمانی کوردیی Vocabulary of the Kurdish Language تەرخانکردووە، بە ڕیزبەندیی ئەلفبێ، کە دەیان و سەدان وشە لەخۆدەگرێت و وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی، بێجگە لە جیاکردنەوەیان و ناو و فەرمان و ڕاناو و ئاوەڵناو .. تاد.
تێبینیی وەرگێڕ: “ئەم کتێبی ڕێزمانە و گەلێ کتێبی ڕێزمان و فەرهەنگ و قامووسی تری زمانی کوردی، کە مسیۆنێرە (مژدەدەرە) کریستیانەکان لە ڕابوردوودا ئەنجامیانداوە، زۆر سوودی بە زمانی کوردی و دیالێکتە جۆراوجۆرەکانی گەیاندووە. هەرچەندە ئەوانە بە مەبەستی ئایینی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆیان هاتوونە کوردستان، بەڵام بەم کارانەیان خزمەت و سوودێکی زۆر باشیان گەیاندووەتە خەڵکی کورد. بێگومان ئەمە بۆ ڕۆژهەڵاتناسەکانیش هەروایە”.
لە ئینگلیزییەوە؛ محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
لەلایەن کۆچکردوو قەشە سامۆیڵ ئە. ئارییاK میسیۆنەر (مژدەدەر) لە کوردستان
لە ٢١ی ئۆکتۆبەری ١٨٦٩دا پێشکەش بە کۆمەڵەی میسیۆنێری کراوە