بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی كولتووری ئاشتی لەنێو گەلاندا، رێکخراوى یونسکۆ ماوەى هەژدە ساڵە بەرنامەیەکى دەستپێکردووە بۆ جێکردنەوەى بابەتى جینۆساید بەگشتى و هۆڵۆکۆست بەتایبەتى لە پرۆگرامى خوێندندا، بە بڕواى رێکخراوەکە خوێندنی مێژووی جینۆساید واتە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە بەرانبەر داهاتوودا. نووسەرێکیش دەڵێت خوێندنى بابەتەکانى جینۆساید بۆ ئەوەیە بە چیرۆکى گەلانى دیکە ئاشنابین و لەرێگەى پەروەردەوە خۆمان لە جینۆساید بپارێزین. رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و فێرکردن و رۆشنبیرى کە بە یونسکۆ (UNESCO) ناسراوە، بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی كولتووری ئاشتی و پەرەپێدانی ئامرازە پەروەردەییەکان و پێشکەشکردنی هاوکاری تەکنیکی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە ساڵی (٢٠٠٧)ەوە بەرنامەی رۆشنبیرکردنى لەبارەى هۆلۆکۆست و بەهاکانى لێبوردەیی دەستیپێکردووە. ئەم بەرنامەیە هەوڵدەدات بابەتى جینۆساید بەتایبەتى کۆمەڵکوژى جولەکەکان (هۆڵۆکۆست) لە پرۆگرامى قوتابخانەکان لە سەرتاسەری جیهاندا بخوێنرێت، چونکە “خوێندنەوەی مێژووی جینۆساید واتە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە بەرانبەر داهاتوودا، هەروەها لەبەرئەوەى دوایین شایەتحاڵەکانی هۆلۆکۆست خەریکە نامێنن، کەچى هێشتا تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی بەردەوامن”. رێکخراوەکە وا دەڵێت. بە بۆچوونى یونسکۆ پرۆگرامى قوتابخانە و خوێندنگاکان، ئامرازێکی پەروەردەییە بۆ لێکتێگەیشتن و ئاشتی لەسەر نێودەوڵەتی. هەروەها بۆ “پێشخستنی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان و بەهاکانی لێبوردەیی و ڕێزگرتن لە یەکتر، فێربوون سەبارەت بە مێژووی هۆلۆکۆست زۆر گرنگە”.
“هۆڵۆکۆست لە جیهاندا”
بەپێى توێژینەوەیەکى هاوبەشى یونسکۆ و پەیمانگاى جۆرج ئیکەرت بۆ توێژینەوە، لەبارەى خوێندنى هۆڵۆکۆست لە کتێبى قوتابخانەکاندا، دەرکەوتووە لە ساڵى (2000)ەوە لە (26) دەوڵەتدا بابەتى هۆڵۆکۆست لە قوتابخانەکاندا دەخوێنرێت. لە قوتابخانەکاننى هەریەکە لە وڵاتانى چین و ڕواندا و باشووری ئەفریقیا، هۆلۆکۆست لە چوارچێوەی دڕندەیی بەکۆمەڵدا باسکراوە. لە قوتابخانەکانى ئەڵمانیادا جەخت لەسەر وانە ئەخلاقی و سیاسییەکانی هۆلۆکۆست دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی بیرکردنەوەیەکی لیبڕاڵانە دروست ببێت بە ئامانجى “بەرەنگاربوونەوەى تووندڕەوی ڕاستڕەوەکان”. لە سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، هۆلۆکۆست بەشێکە لە بەرنامەی خوێندن، لە هەریەکە لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و (٢٩) ویلایەتی ئەمەریکا و لە ویلایەتی نیوساوس وێڵسی ئوسترالیا خوێندنى هۆڵۆکۆست ناچارییە نەوەکو ئارەزمەندانە. لە وڵاتانى هیندستان و ژاپۆن و وڵاتەکانی ئەمەریکای لاتین، هۆلۆکۆست لە چوارچێوەی مافی مرۆڤدا دەخوێنرێت. لەلایەن خۆیەوە کیر ستارمەر کە مانگى تەموزى (2024) بووە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بەڵێنیدا خوێندنی هۆلۆکۆست بکاتە ناچاری لە سەرجەم قوتابخانەکانی بەریتانیادا. بە ئامانجی ئەوەی هەموو منداڵێکى وڵاتەکەى بزانێت هۆڵۆکۆست چییە، هەروەها بۆ “هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لە ڕووداوە مێژووییە گەورەکان، هەروەها بۆ ئەوەى ئەم ڕووداوە بە ئازارانە لەبیر نەکرێن و وانەکانیان بۆ نەوەکانی داهاتوو بە زیندوویی بمێنێتەوە”.
“جینۆسایدى گەلان”
لە ساڵی (١٩٩٤)، تووندڕەوانی هۆتۆ لە ماوەی تەنها سەد ڕۆژدا نزیکەی (٨٠٠) هەزار کەسیان لە توتسیەکانى ڕواندا کوشت. ڕواندا و نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو ساڵێک لە حەوتی نیساندا یادی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەنەوە. بەهۆى ئەو کۆمەڵکوژییەوە، لە ڕواندا بابەتەکانى جینۆساید خراوەتە ناو پرۆگرامەکانی قوتابخانەکانەوە، تاوەکو نەوەى نوێ ئاشناى مێژووی وڵاتەکەیان ببن، هەروەها بۆ ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژییەکە. وڵاتى چین کە لەلایەن ژاپۆن و هێزەکانى خۆرئاواوە لە ناوەڕاستى سەدەى نۆزدە هەتا ناوەڕاستى سەدەى بیست داگیرکراوە، ئەو ستەم و تاوانانەى لەو ماوەیەدا دەرهەقیان کراوە لە پرۆگرامەکانى خوێندندا جێگیرکردوە. حکومەتى چین بە ئامانجى لەبیرنەکردنى تاوانەکانى رابردوو، لە قوتابخانەکانیاندا هەمیشە باسى تاوانەکانى ژاپۆن دەکەن بەتایبەتى کۆیلەى سێکسى. لە هەرێمى کوردستان، ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە (6/حوزەیران/2017)، بڕیاریدا جینۆسایدی کورد و گەلان لە ھەموو بەشەکانی زانکۆکان بخوێنرێت. هەروەها وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق لە ساڵى (2023)ەوە پرۆگرامێکى بۆ هەموو زانکۆکان بە حکومى و ئەهلیەوە و بۆ تەواوى بەشەکان بەناوى (منهاج جرائم حزب البعث البائد) داناوە. هەروەها ماوەى چەند ساڵێکە لە قۆناغى ئامادەیى وانەیەکى تایبەت بەناوى جینۆساید لە خوێندنگاکانى کوردستان دەخوێنرێت. نووسەر و توێژەرى فەرەنسى بوارى جینۆساید پیتەر کاریەر پێیوایە خوێندنى بابەتەکانى جینۆساید بۆ ئەوەیە باشتر تێبگەین لەوەی کە چۆن کاروباری جیهانی بەیەکەوە گرێدراوە، هەروەها لەڕێى پەروەردەوە ئاشنابین بە چیرۆکى گەلانى دیکە و لەرێگەى پەروەردە خۆمان لە جینۆساید بپارێزین. کاریەر دەڵێت: “هەرچەندە پەروەردە راستەوخۆ ناتوانێت ئەوە بکات، بەڵام دەتوانێت یارمەتیدەر بێت تاوەکو گەنجان فێربن خۆیان لە زیانگەیاندن بە کەسانی دیکە بەدوور بگرن و رێز لە لە بەهاکانى مافى مرۆڤ بگرن”.
“پەروەردە و دادپەروەرى راگوزەر”
لەدواى هەر کۆمەڵکوژى و جینۆسایدێک، بەمەبەستى ساڕێژکردنى برینەکان و رێگرتن لە روودانەوەى تاوانەکان لە داهاتوودا، قۆناغى دادپەروەرى راگوزەر دەست پێدەکات، یەکێک لەو تەوەرانەی کە لە قۆناغى دادپەروەرى راگوزەردا گرنگە چارەسەر بکرێت پەروەردەیە، ئەمەش لەڕێگەى پەرەپێدانی پرۆگرامى خوێندنەوە دەبێت تا دەگاتە ئەو بەهایانەی کە لە ڕێگەی دامەزراوە حکومییەکانەوە بۆ خوێندکاران دەگوازرێنەوە. چونکە دامەزراوە پەروەردەییەکان لە پەروەردەکردنی نەوەکان و کارکردن بۆ بنیاتنانی یادەوەرییەکی بەکۆمەڵ لەدوای ململانێ یان ناکۆکیەکان، ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن. لەهەریەکە لە ئەفریقیای باشوور، ئەمەریکای لاتین، ئەرژەنتین، ئێرلەندای باکوور و بۆسنە، چاکسازی لە سیستمی پەروەردە بەشێکی دانەبڕاو بووە لە قۆناغی دادپەروەرى راگوزەر. ئەو چاکسازییانەش بەردەوام جەختیان لەسەر بەها جیهانییەکان و مافەکانی مرۆڤ کردووەتەوە و هەوڵیانداوە قۆناغێکی نوێ دەستپێبکەن. چاکسازییەکانى سیستمی پەروەردە لە قۆناغى راگوزەردا، پێویستە ناوەڕۆکێک لەخۆبگرێت کە گفتوگۆ لەسەر هەردوو ئاستی تاک و کۆمەڵ بەرەوپێش ببات، ڕاستییەکان بە شێوەیەکی واقیعی ئاشکرا بکات، هاوسۆزی لەنێوان خوێندکاراندا پەرە پێبدات، لە ڕێگەی گێڕانەوەی تاکەکەسی و بەکۆمەڵەوە چارەسەری برینەکان بکات، هەروەها باس لە پێداویستییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی تاک و گروپەکان بکات.
بەبڕواى شارەزایان، بۆ ئەوەى پەروەردە لە پرۆسەی دادپەروەری راگوزەردا ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت، پێویستە سەرەتا پرۆگرامەکانى خوێندن بگۆڕدرێت، پاشان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قۆناغ و پرۆگرامە نوێیەکەدا، راهێنان بە مامۆستایان بکرێت، بۆ بەدیهێنانى ئەم ئامانجەش پێویستە حکومەت هەماهەنگى و کارى هاوبەش لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکان و جەماوەر و توێژەران و ئەکادیمیستەکاندا ئەنجام بدات. لە قۆناغى دادپەوەرى راگوزەردا، توێژەران بە گرنگى دەزانن چاکسازییەکانى سیستمى پەروەردە کۆدەنگى لەسەر بێت و بەرەو چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان ئاراستە بکرێت. هەروەها ستراتیژ و دیدگاى پەروەردەیى گەشەسەندنی گروپە پەراوێزخراو و زیانلێکەوتوەکان بەهۆى ململانێکانەوە مسۆگەر بکات، جگەلەوەى کەلێنی نێوان پێکهاتەکان و کۆى ئەو گروپانە پڕبکاتەوە کە کۆمەڵگا پێکدەهێنن. سەربارى هەموو ئەوانە، چاکسازییەکانی سیستمى پەروەردە نابێت بەدوای چارەسەری دەستبەجێدا بگەڕێت، بەڵکو پێویستە بەدوای چارەسەرێکدا بگەڕێت کە کاریگەری درێژخایەنی هەبێت.
“راسپاردەکانى یونسکۆ”
رێکخراوى یونسکۆ و نووسینگەی ڕاوێژکاری تایبەتی ڕێگریکردن لە جینۆساید، بۆ بەرەنگاربوونەوەى جینۆساید لەڕێگەى پەروەردەوە، پێشنیار دەکەن پەروەردەی مەدەنی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بەهێز بکرێت، پرۆگرام و ناوەندەکانى خوێندن بۆ پەروەردەکردنی ڕێزگرتن لە هەمەجۆریی و مافەکانی مرۆڤ و پێشخستنی گفتوگۆی نێوان کولتوورەکان و لێکتێگەیشتنی یەکتر بەکاربهێنرێت، بۆ بەدیهێنانى ئەم ئامانجانەش پێویستە مامۆستایان ئامادەبکرێن تاوەکو ببنە ئامرازى گۆڕانکاری. لە راسپاردەکانى ئەو رێکخراوەدا هاتووە: دامەزراوە پەروەردەییەکان نابێت ئازادی قسەکردنی فێرخوازان بەرتەسک بکەنەوە، بەڵکو پێویستە هەلومەرجی گونجاو دروست بکەن لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و لێکتێگەیشتن، دەرفەت بە فێرخوازان بدەن بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆیان بەبێ ئەوەی پەنا بۆ گوتارى ڕقاوى ببەن. پێویستە فێرخوازان رۆشنبیر بکرێن تاوەکو جیاوازی لەنێوان سووکایەتی و گوتارى ڕقاویدا بکەن. ئەگەر تاکەکان فێرببن جیاوازی لەنێوان ئەم دوو بابەتەدا بکەن، ئەوا دەتوانن لەو کاریگەرییە تێبگەن کە قسە و کردارەکانیان لەسەر کەسانی دیکە هەیەتی و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی گوتارى رقاوى بکەن.
یونسکۆ بە گرنگى دەزانێت کاریگەرییە زیانبەخشەکانی ئەو جۆرە گوتارانەى کە برەو بە گوتارى رق لێبوونەوە دەدەن و پاساو بۆ فەرامۆشکردنى ئەوانیتر دەهێننەوە دەستنیشان بکرێن، پاشان هەنگاو بنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەیان، ئەمەش لەڕێگەى گفتوگۆوە دەبێت سەبارەت بە هەڵاواردن، هەروەها بە ئەنجامدانى چالاکى دەبێت بۆ دەرباز بوون لە وێنە کلاسیکیەکان و بڕیارە پێشوەختەکان، جگەلە داننان بە زەبر و زەنگ و دەرهاویشتەکانى تووندوتیژیی و نایەکسانی کۆمەڵایەتی و داینامیکی هێز، تاوەکو فێرخوازان ئاشنا ببن بەو جۆرە جیاوازانەی هەڵاواردن کە ئێستا لە جیهاندا بەردەوامن، هەروەها بەو میکانیزمانەی کە دەبنە هۆی روودانى تووندوتیژی لە کۆمەڵگاکاندا.
سەرچاوەکان:
ماڵپەڕەکانى: یونسکۆ، التربیە، جسور بوست، نون بوست، رۆژنامەى هاوڵاتى، گۆڤارى ئایندەناسى.
محەمەد سابیر ئیسماعیل: چین لەڕوانگەى دیبلۆماتێکى کوردەوە، چاپى یەکەم، سلێمانى، (2019).
ئامادەکردن: بارام سوبحى