لە قووڵایی دهروونی مرۆڤدا، گرێ دهروونییەکان وەک زیندانێکی نادیار و بێ دیوار خۆیان حەشاردەدەن، جڵەوی ژیان و کەسێتیی تاک دەکەن. دکتۆر یوسف ئەلحەسەنی، پزیشکی دهروونی و شیکارکاری دهروونیی ناسراو لە جیهانی عەرەبیدا، لە سێ کتێبە پڕفرۆش و تەواوکەرەکەیدا، کە ئەوانیش:– «ڕووەکەی ترت بناسە، گرێ دهروونییەکانت زیندانی هەمیشەییتە، یاساکانی ڕزگاربوون لە ململانێ دهروونییەکان»، لە وەرگێڕانی مامۆستا «سەربەست قادر» بە وەرگێڕانێکی پاراو و شیرین، ئەم سێنینەیەی بە کوردی کردووە. کە ئێستا دووانیان لە کتێبخانەکان بەردەستە و کتێبی سێیەمیشی لە ژێرچاپدایە و بەم نزیکانە دەکەوێتە بەردیدی خوێنەران. ئەم سێنینەیە بە قووڵی تیشک دەخەنە سەر ئەو بەربەستە دهروونییانەی، کە ڕەگ و ڕیشەیان لە ئهزموونە تاڵ و ناخۆشەکانی قۆناغی منداڵی و هەرزەکاریدا داکوتاوە. ئەم قۆناغانە، کە کەسێتیی مرۆڤ تێیدا لە شێوەگرتندایە، زۆر هەستیارن و هەر لێدانێک، هەر سوکایەتییەک، هەر هەستکردنێک بە کەمتەرخەمی، یان هەر شکستێک دەتوانێت ببێتە گرێیەکی قووڵ، کە بۆ ماوەی تەواوی ژیان کاریگەری لەسەر تاک دادەنێت و دەبێتە کۆسپ لە بەردەم گەشەکردنی کەسێتیدا.
“ڕووەکەی ترت بناسە؛ قووڵبوونەوە لە ڕەگ و ڕیشەکان”
لە کتێبی یەکەمیدا، «ڕووەکەی ترت بناسە»، دکتۆر ئەلحەسەنی قووڵتر دەچێتە ناو میکانیزمەکانی دروستبوونی گرێ دهروونییەکان و پێیوایە، کە زۆربەی گرێ دهروونییەکان لە پەیوەندیی نێوان منداڵ و دایک و باوک دروستدەبن، بەتایبەت کاتێک، کە لە شێوازی پەروەردەکردندا تووندوتیژی، پشتگوێخستن، یان زیادەڕەویکردن لە خۆشەویستیدا هەبێت. کەسێک، کە لە منداڵیدا هەستی بە بایەخ و خۆشەویستی نەکردبێت، بۆی هەیە گرێی خۆبەکەمزانینی لا دروست ببێت، کە کاریگەری دەکاتەسەر تەواوی ژیانی. ئەو کەسەی هەمیشە بەراوردکراوە لەگەڵ کەسانی دیکە و هەرگیز پێی نەوتراوە، کە ئەو باشە، بۆی هەیە هەمیشە هەوڵبدات سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بەڵام هەرگیز هەست بە ڕەزامەندی ناکات. ئەلحەسەنی جەختدەکاتەوە، کە گرێ دهروونییەکان بە تەنها بیرەوەری تاڵی ڕابردوو نین، بەڵکو سیستەمێکی بەرگریکارین، کە عەقڵ دروستیدەکات بۆ خۆپاراستن لە برینداربوونی دووبارە، ئەم سیستەمە بەرگریکارییە دواجار دەبێتە زیندانێک، کە مرۆڤ تێیدا دەستبەسەر دەکرێت.
“گرێ دهروونییەکانت زیندانی هەمیشەییتە، ناسینەوەی زیندانەکە”
لە کتێبی دووەمیدا، «گرێ دهروونییەکانت زیندانی هەمیشەییتە»، دکتۆر ئەلحەسەنی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ترس لە شکست، هەستی کەمتەرخەمی، گرێی خۆبەکەمزانین، گرێی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و، ترس لەمتمانەبەخۆبوون، هەموویان دیوارگەلێکی بەرزن، کە ڕێگرن لە گەیشتن بە ئاسوودەیی دهروونی و سەرکەوتنی کەسی. کاتێک مرۆڤ بە بێئاگایی لەم گرێیانەدا دەژی، هەست بە بوونی بەربەستێک دەکات، بەڵام نازانێت سەرچاوەکەی چییە. ژیان دەبێتە زنجیرەیەک لە شکست و بازنەیەکی داخراو، کە هەرچەندە هەوڵبدەیت، ناتوانیت دەرباز ببیت لێی. بەردەوام هۆکاری دەرەکی بۆ کێشەکانت دەدۆزیتەوە، لە کاتێکدا هۆکار لە ناخی خۆتدایە. وەک ئەلحەسەنی ئاماژەی پێدەکات، یەکەم هەنگاوی ڕزگاربوون لە گرێ دهروونییەکان دانپێدانانە بە بوونیان و دەستنیشانکردنیانە لە ناخی خۆماندا. ئەمەش پێویستی بە ئازایەتی و بوێری هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو لایەنە تاریکانەی کەسێتیمان، کە هەوڵدەدەین لەبیریان بکەین، یان پشتگوێیان بخەین. پاشان، پێویستە تێبگەین، کە ئەم گرێیانە چۆن دروستبوون، چ ئهزموونێک بووەتە هۆی سەرهەڵدانیان و، چۆن کاریگەرییان لەسەر هەڵسوکەوت و بڕیارەکانمان هەیە.
“یاساکانی ڕزگاربوون لە ململانێ دهروونییەکان، ڕێگای ئازادی”
بۆ ڕزگاربوون لەم زیندانە، وەک لە کتێبی سێیەمیدا، «یاساکانی ڕزگاربوون لە ململانێ دهروونییەکان» دکتۆر ئەلحەسەنی باسی دەکات، پێویستە بە ورەیەکی بەرز ڕووبەڕووی ترسەکان ببینەوە، گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتەکانماندا بکەین و، یارمەتی لە پسپۆڕانی دهروونی وەربگرین. هەروەها دەبێت بزانین، کە ڕزگاربوون لە گرێ دهروونییەکان پرۆسەیەکی خێرا نییە، بەڵکو ڕێگایەکی درێژە، کە پێویستی بە بەردەوامی و دڵنەوایی هەیە. کاتێک، کە سەرکەوتین لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی گرێ دهروونییەکانماندا، دەتوانین هەست بە ئازادییەکی ڕاستەقینە بکەین. ئەوە ئەو کاتەیە، کە دیوارە نادیارەکان دەڕوخێن و ئێمە دەتوانین بۆ یەکەمجار بە تەواوی هەست بە ژیان بکەین، بێئەوەی گرێ دهروونییەکان ئاڕاستەمان بکەن. وەک ئەلحەسەنی دەیسەلمێنێت، ئێمە بەندکراوی ڕابردوو نین، بەڵکو دەتوانین لە ڕێگەی هۆشیاری و بوێرییەوە ببینە داهێنەری داهاتووی خۆمان و ژیانێکی پڕ لە ئازادی و خۆشبەختی بەرپا بکەین.
“کاریگەریی گرێ دهروونییەکان لەسەر ژیانی ڕۆژانە”
گرێ دهروونییەکان دیوارە نادیارەکانن، کە ژیانی ڕۆژانەمان گەمارۆ دەدەن و ئازادیمان سنووردار دەکەن، بەڵام زۆربەی کات نازانین سەرچاوەکانیان چین؟ یان تەنانەت هەست بە بوونیشیان ناکەین. ئەم گرێیانە زۆر زوو لە تەمەنی منداڵیدا سەرهەڵدەدەن، لە کاتێکدا کەسایەتی مرۆڤ لە قۆناغی گەشەکردندایە و هەر ئهزموونێکی نەرێنی دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر تەواوی ژیانی هەبێت. کەسێتیی منداڵ وەک گڵێکی نەرم وایە، کە هەر جۆرە فشارێک شێوەکەی دەگۆڕێت و دواتر سەخت دەبێت و قەتیس دەمێنێت. فشارەکانی وەکو سوکایەتیپێکردن، چەپاندن، بەراوردکردنی بەردەوام لەگەڵ کەسانی دیکە، بەرزکردنەوەی دەنگ، لێدان، پشتگوێخستن، زیادەڕۆیی لە پاراستن، یان بێسنووری، هەموو ئەمانە دەشێت ببنە هۆی دروستبوونی گرێی دهروونی. توێژینەوەکان دەریانخستووە، کە مێشکی منداڵ لە یەکەم پێنج ساڵی ژیانیدا خێراترین و زۆرترین گەشەدەکات، بۆیە ئەم قۆناغە یەکێکە لە هەستیارترین قۆناغەکان بۆ دروستبوونی گرێ دهروونییەکان. منداڵێک، کە بەردەوام ڕەخنەی لێدەگیرێت، یان بەراورد دەکرێت لەگەڵ منداڵانی دیکە، دەشێت گرێی خۆبەکەمزانینی لا دروست ببێت، کە بۆ تەواوی ژیانی درێژە بکێشێت. منداڵێک، کە هەستی بەئاسایش و ئارامی نەکردووە لە ژینگەکەیدا، لەوانەیە گرێی ترس و نائارامی دروست ببێت لای و، هەرگیز نەتوانێت بەتەواوی چێژ لە ژیان وەربگرێت. شێوازی پەروەردە ڕۆڵێکی سەرەکی لە دروستبوونی گرێ دهروونییەکاندا دەگێڕێت. پەروەردەی ڕەق و تووندوتیژ وا لە منداڵ دەکات، فێری ترس و خۆبەکەمزانین ببێت و، وابزانێت پێویستی بە سزادان هەیە بۆ ئەوەی لە هەڵە دوربکەوێتەوە. پەروەردەی پشتگوێخستن، کە تێیدا منداڵ هەست بە بایەخ و خۆشەویستی ناکات، دەشێت ببێتە هۆی دروستبوونی گرێی ڕقلێبوونەوە، کە تێیدا کەسەکە بەردەوام لە دەرەوە بە دوای پەسەندکردن و خۆشەویستیدا دەگەڕێت. لە لایەکیترەوە، پەروەردەی زیادەڕۆیی لە پاراستن و خۆشەویستی دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی گرێی لاوازی و ترس لەڕووبەڕووبوونەوە.
جۆرەکانی گرێ دهروونییەکان و کاریگەرییان:-
- گرێی خۆبەکەمزانین:- باوترین جۆری گرێی دهروونییە، وا لەمرۆڤ دەکات، کە هەمیشە هەستبکات کەمترە لە کەسانی دیکە، بێ ئەوەی هۆکارێکی ڕاستەقینەی هەبێت. خاوەنی ئەم گرێیە بەردەوام خۆی بەراورد دەکات لەگەڵ کەسانی دیکە و ناتوانێت بەهرە، توانا و دەستکەوتەکانی خۆی ببینێت، تەنانەت ئەگەر لە دەرەوە سەرکەوتووش دەربکەوێت. زۆر جار، کەسانی سەرکەوتوو لە بواری کار و پیشەدا، لە ناخەوە هەست بە ناشایستەیی دەکەن و دەترسن، کە ڕۆژێک هەموو کەس بزانێت ئەوان فرتوفێڵکارن. ئەم دیاردەیە ناسراوە بەسیندرۆمی فرتوفێڵکار و لە نێوان کەسانی سەرکەوتودا زۆر باوە.
- گرێی ترس لە شکست:- وا لە مرۆڤ دەکات، کە زۆر بترسێت لە شکستهێنان، بە جۆرێک، کە لەوانەیە هەرگیز هەوڵی شتێکی نوێ نەدات. خاوەنی ئەم گرێیە وادەزانێت، کە شکست واتای نەشیاوبوونی کەسێتییە، نەک تەنها ئەو ئەزموونەی، کە تێیدا شکستیهێناوە. ئەم گرێیە پەیوەندییەکی بەهێزی بە پەروەردەی تووندوتیژەوە هەیە، کاتێک، کە منداڵ بەتووندی سزادەدرێت، یان ڕیسوا دەکرێت لە کاتی هەڵەدا. بۆ نموونه، کەسێک، کە ئەم گرێیەی هەیە لەوانەیە ماوەیەکی زۆر درێژخایەن لە خوێندن، یان کاردا بمێنێتەوە، چونکە دەترسێت لە قۆناغی دواتردا شکستبهێنێت.
- گرێی نموونهیی بوون:- وا لە مرۆڤ دەکات هەمیشە بەدوای بێکەموکورێتیدا بگەڕێت. خاوەنی ئەم گرێیە هەرگیز بەکەمتر لە تەواوی ڕازی نابێت و هەمیشە خۆی ماندوو دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکان. بۆ ئەم کەسانە، دووەم بوون واتای دۆڕاندنە و سەرەڕای هەموو سەرکەوتنەکانیان، هەرگیز هەست بە ڕەزامەندی ناکەن. ئەم کەسانە بەردەوام خۆیان بەخراپترین شێوە سەرکۆنە دەکەن و هیچ کاتێک ناتوانن چێژ لە دەستکەوتەکانیان وەربگرن.
- گرێی ترس لە پەیوەندییەکان:- وا لە مرۆڤ دەکات نەتوانێت پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ کەسانی دیکە دروستبکات. خاوەنی ئەم گرێیە لەوانەیە ترسی لە نزیکبوونەوە هەبێت، یان نەتوانێت متمانە بە کەسانی دیکە بکات. هەروەها لەوانەیە زۆر پێویستی بە سەرنج و خۆشەویستی هەبێت، بە جۆرێک، کە پەیوەندییەکانی ببنە سەرچاوەی مەینەت و ماندووبوون بۆ هەردوولا. ئەم گرێیە پەیوندی بەهێزی بە پەیوەندی سەرەتایی نێوان منداڵ و دایک هەیە، بە تایبەت کاتێک، کە منداڵ هەست بە ئارامی و ئاسایش نەکات لە پەیوەندی لەگەڵ دایکیدا.
- گرێی ڕەتکردنەوە:- بریتییە لە ترسێکی قووڵ لە ڕەتکردنەوە لەلایەن کەسانی دیکەوە. خاوەنی ئەم گرێیە هەمیشە نیگەرانی ئەوەیە، کە کەسانی دیکە نایانەوێت، یان بەجێیدەهێڵن. ئەم گرێیە وا لە مرۆڤ دەکات، هەمیشە هەوڵبدات بە هەر نرخێک بێت، کەسانی دیکە قایلبکات، تەنانەت ئەگەر ئەمە بە زیانی خۆیشی بشکێتەوە. ئەم گرێیە زۆر جار لە ئاکامی ئهزموونەکانی ڕەتکردنەوە لە منداڵیدا دروستدەبێت، کاتێک، کە منداڵ هەستی کردبێت لەلایەن دایک و باوک، یان کەسانی نزیکەوە ڕەتکراوەتەوە.
- گرێ دهروونییەکان و بڕیاردان:- گرێ دهروونییەکان کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر شێوازی بڕیاردانی مرۆڤ هەیە. کەسێک، کە گرێی ترس لە شکستی هەیە، لەوانەیە هەرگیز بڕیاری مەترسیدار نەدات، تەنانەت ئەگەر ئەم بڕیارانە پڕ دەرفەتیش بن. کەسێک، کە گرێی خۆبەکەمزانینی هەیە، لەوانەیە هەمیشە بڕیارەکانی لەسەر بنەمای گومان لە خۆی بدات، نەک لەسەر بنەمای توانا و بەهرەکانی. توێژینەوەکان دەریانخستووە، کە بەشێکی گەورە لە بڕیارەکانی مرۆڤ لە ژێر کاریگەریی نەستدان، واتا ئێمە زۆرجار نازانین بۆچی بڕیارێکی تایبەت دەدەین.
- کاریگەری لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان:- گرێ دهروونییەکان دەتوانن کاریگەرییەکی مەزن لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان دابنێن. کەسێک، کە گرێی ترس لە پەیوەندییەکانی هەیە، لەوانەیە نەتوانێت پەیوەندیی نزیک و پڕ متمانە لەگەڵ کەسانی دیکە دروستبکات. کەسێک، کە گرێی خۆبەکەمزانینی هەیە، لەوانەیە هەمیشە هەست بکات، کە هاوبەشەکەی لە خۆی باشترە و بەردەوام لە بارودۆخی پاراستندا بێت. گرێی ڕەتکردنەوە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی، کە کەس هەمیشە لە پەیوەندییەکدا هەست بە ئارامی نەکات و هەمیشە بترسێت، کە هاوبەشەکەی بەجێیدەهێڵێت. ئەمەش دەبێتەهۆی خنکاندنی پەیوەندییەکە.
- کاریگەری لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دهروونی:- توێژینەوەکان دەریانخستووە، کە گرێ دهروونییەکان نەک تەنها کاریگەرییان لەسەر باری دهروونی هەیە، بەڵکو دەتوانن کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر تەندروستی جەستەییش جێبهێڵن. زۆرێک لە نەخۆشییە جەستەییەکان، وەک نەخۆشییەکانی دڵ، کێشەکانی هەرس و، نەخۆشییەکانی بەرگری، پەیوەندییان بە ترس و دڵەڕاوکێی درێژخایەنەوە هەیە، کە لەوانەیە لە ئاکامی گرێ دهروونییەکانەوە بێت. لەڕووی دهروونییەوە، گرێ دهروونییەکان دەتوانن ببنە هۆی دروستبوونی کێشەکانی وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و، هەستی نائومێدی. کەسێک، کە گرێی نموونهییبوونی هەیە، لەوانەیە زۆر دووچاری دڵەڕاوکێ ببێت، چونکە هەمیشە دەترسێت لە کەموکوڕی و شکستهێنان.
- هەنگاوەکانی چارەسەرکردن و ڕزگاربوون:- یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی گرێ دهروونییەکان، ناسین و دانپێدانانە بە بوونیان. ئەمەش پێویستی بە هۆشیاریی خودی و تێڕوانینی قووڵ لە ناخی خۆمان هەیە. دەبێت ئەو هۆکارانە دەستنیشان بکەین، کە بەردەوام ڕێگرن لە گەیشتن بە ئامانجەکانمان، یان بەدەستهێنانی خۆشبەختی. دەتوانین لە خۆمان بپرسین:- لە چ بوارێکی ژیان بەردەوام شکستدەهێنین؟ سەرەڕای هەوڵی زۆر چ هەستێک بەردەوام وا دەکات هەست بە ناخۆشی بکەین؟ چ جۆرە بارودۆخێک بەردەوام دڵەڕاوکێ، یان ترسمان بۆ دروستدەکات؟ چ جۆرە ڕەفتارێکی دووبارەبووەوە هەیە، کە دواتر پەشیمان دەبینەوە لێی؟ چ بیرکردنەوەیەکی نەرێنی بەردەوام لە مێشکماندا دووبارە دەبێتەوە؟
چارەسەری دهروونی یەکێکە لە کاریگەرترین ڕێگاکان بۆ چارەسەرکردنی گرێ دهروونییەکان. “چارەسەری ڕەفتاری هزری-CBT” یارمەتیی کەسەکە دەدات، کە بیرکردنەوە نەرێنییەکانی دەستنیشانبکات و بیانگۆڕێت. ئەم چارەسەرە زۆر کاریگەرە بۆ کەسانێک، کە گرێی خۆبەکەمزانین، یان ترس لە شکستیان هەیە. “چارەسەری قووڵ-PsychodynamicTherapy” لەسەر دۆزینەوەی ڕەگوڕیشەی کێشەکان لە نەستدا کاردەکات. ئەم چارەسەرە دەتوانێت یارمەتی کەسەکە بدات، کە لە سەرچاوەی گرێ دهروونییەکانی تێبگات. “چارەسەری پەیوەندی-Attachment Therapy” بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانە گونجاوە، کە گرێی پەیوەندییان هەیە. ئەم چارەسەرە یارمەتی کەسەکە دەدات، کە لە شێوازی پەیوەندیی خۆی تێبگات و شێوازی پەیوەندیی دروست پەرەپێبدات. هەرچەند گرێ دهروونییەکان قووڵن و پێویستیان بە یارمەتی پسپۆڕان هەیە، بەڵام هەندێک هەنگاوی خۆچارەسەری هەن، کە دەتوانن یارمەتیدەر بن. نووسینی ڕۆژانەی بارودۆخەکان، هەست و بیرکردنەوەکان دەتوانێت یارمەتیی کەسەکە بدات، کە لە خۆی تێبگات و بە قووڵی ڕووبەڕووی گرێ دهروونییەکانی ببێتەوە. هۆشیاریی خودی هۆشیاربوونی بەردەوام لە هەست و بیرکردنەوەکان دەتوانێت یارمەتیی کەسەکە بدات، کە زووتر هەست بە گرێ دهروونییەکانی بکات و، پێش ئەوەی زۆر قووڵ ببنەوە، چارەسەریان بکات. ڕاهێنانی هەناسەدان و تێڕامانی قووڵ و چڕ، دەتوانن یارمەتیی مرۆڤەکە بدەن، کە ئارامتر بێت و باشتر ڕووبەڕووی هەستە نەرێنییەکانی ببێتەوە. ڕووبەڕووبوونەوەی پلەبەندی لەگەڵ ئەو بارودۆخانەی، کە ترس، یان دڵەڕاوکێ دروستدەکەن، دەتوانێت یارمەتیی کەسەکە بدات، کە بەرەبەرە بەسەر گرێ دهروونییەکانیدا زاڵ ببێت.
پشتیوانیی کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی گرنگ لە چارەسەرکردنی گرێ دهروونییەکاندا دەگێڕێت. هەبوونی کەسانێک، کە گوێت لێدەگرن و پشتیوانیت دەکەن، بێ ئەوەی بڕیارت لەسەر بدەن، دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پرۆسەی چاکبوونەوە هەبێت. هەروەها بوونی ڕۆڵمۆدێلی باش دەتوانێت یارمەتیی کەسەکە بدات، کە لە شێوازی دروستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشەکان تێبگات. دواجار، دەبێت ئەوە بزانین، کە ڕزگاربوون لە گرێ دهروونییەکان پرۆسەیەکی خێرا نییە و پێویستی بە کات، بەردەوامی و، دڵنەوایی هەیە. لەوانەیە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت و هەندێک جار هەستبکەین، کە سەرکەوتوو نابین، بەڵام نابێت کۆڵبدەین. هەر هەنگاوێک، هەرچەندە بچوکیش بێت، هەنگاوێکە بەرەو ئازادی. ئەوکاتەی، کە سەرکەوتوو دەبین لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی گرێ دهروونییەکانماندا، دەتوانین هەست بەئازادییەکی ڕاستەقینە بکەین. دیوارە نادیارەکان دەڕوخێن و دەتوانین بە تەواوی هەست بە ژیان بکەین، بێ ئەوەی، کە زنجیرە پەنهانەکان لە کاتی کاردا، لە کاتی پەیوەندیدا، لە کاتی خۆشی و ناخۆشیدا، ڕێگرمان بن.