ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دیمەنی ناوچەکەی گۆڕی. لەوەتەی سەرۆکی کاتی ئەحمەد ئەلشەرع دەستبەکار بووە، پێشبینیەکان بۆ پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و ئیسرائیل بەرزبووەتەوە و لە هەندێک ڕووەوە گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە. لەگەڵ ئەوەشدا، بارودۆخی ئێستا زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی ورد هەیە لەسەر ئەوەی چی بەدەست دەهێنرێت و چی لەوانەیە بە پەلە و زیانبەخش بێت بۆ داهاتووی ناوچەکە.
“ئەمانە چەند لایەنێکی سەرەکین لە ڕوانگەی سووریاوە”
یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکان کە ڕووبەڕووی ڕژێمی نوێ دەبێتەوە نەبوونی دەسەڵاتی فیعلییە بەسەر هەموو خاکی سوریادا.نزیکەی 55,000 سەرباز لە ژێر فەرماندەیی ئەودان، لەوانە چەکدارانی بیانیشی تێدایە. ڕێککەوتننامەیەکی چوارچێوەیی لەگەڵ کوردەکان ئیمزا کراوە کە هێزێ سەربازیی هاوشێوەیان هەیە لەڕووی قەبارە و کاراییەوە، بەڵام چۆنیەتی جێبەجێکردنی هێشتا جێگەی پرسیارە. ئەحمەد ئەلشەرع پراگماتیزمی بەڕێژەیی بەرچاو نیشان دادات، بەڵام هێشتا پێویستە بۆشایی نێوان ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی ڕادیکاڵ و توانای گۆڕینی ئەوەی پێویست و خوازراوە بۆ جۆرێک لە سیاسەتکردن کە شیاوی جێبەجێکردن بێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەی زیادبوونی دەستێوەردانی دەرەکی وەک تورکیا و ئیسرائیل و هەروەها پێویستی خێرا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی ئاوەدانکردنەوە کە سەرانسەری وڵات بگرێتەوە. سەبارەت بەو فاکتەرانەی کە لە بەرژەوەندی ڕژێمی نوێدا دەبن لە دیارترینیان، ناڕەزایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لە ڕژێمی ئەسەد کە وایکرد سەرەڕای ئەو گومانانەی لەبارەی شەرعەوە هەبوون، بەخێرهاتنێکی گەورەوە پێشوازی لە دەسەڵاتە نوێیەکە بکرێت. کەمبوونەوەی کاریگەری ئێران و دەرچوونی خێرای ئێران لە سوریا کە وەک پەرەسەندنێکی لەناکاو و ئومێدبەخش تەماشا دەکرا، بەرژەوەندیەکی نیمچە جیهانییە، بەزۆری بەهۆی ئەلشەرعەوە. سیاسەتی چاوەڕوان نەکراو و نائاسایی سەرۆک ترەمپ لەناکاو لایەنگری شەرعی کرد و تەنانەت بە ڕوونی پەیڕەوی کرد.
ئەم فاکتەرانە لەگەڵ نەخشە ڕێگای نوێی ناوچەکە کە هێشتا لە ئامادەکردندایە، ئەگەری بەرەوپێشچوونی رێککەوتنی نێوان سوریا و ئیسرائیلیان زیاد کردووە. ناتوانرێت قەبارەی گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە چەند مانگی ڕابردوودا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە بەکەم سەیربکرێت. هەڕەشەی ئەمڕۆ ئەوەیە کە چۆن پەیوەندییە ئاشتیخوازەکان بەرەو پێش ببەین، بەبێ بەفیڕۆدانی دەرفەتی بەردەست، لە هەمان کاتدا پەلە نەکەن لە هەنگاونان بەجۆرێک کە ببێتە هۆی لاوازکردنی ئەو توانا ئەرێنیەی کە هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، گرنگە بیرهێنانەوەی ئەو وانەیە کە سووریا لە ڕێکەوتنی شکستخواردووی 17 ی ئایاری 1983 ی نێوان ئیسرائیل و لوبنان وەریگرت. ئیسرائیل ڕووبەڕووی دوو پرسیاری سەرەکی دەبێتەوە کە یەکەمیان سرووشتی سوریایە کە دەیەوێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات. لەوەتەی شەڕی ناوخۆی سوریا هەڵگیرساوە، هەڵوێستی ئیسرائیل یەکلاییکەرەوە نەبووە لە نێوان پەسەندکردنی بەردەوامی حوکمی ئەسەد و ئەو ئەلتەرناتیڤانەی کە لەو کاتەدا خراونەتەڕوو. لە کۆتاییدا بڕیاری دا خۆی لە پشتگیری ڕاستەوخۆی ڕووخانی ڕژێم بپارێزێت. ئەم هەڵوێستە وایکردووە و تا ئێستاش ببێتە هۆی پەسەندکردنی سوریایەکی لاواز، دەوڵەتێک کە دەسەڵاتی ناوەندی کاریگەری نییە کە کۆنترۆڵی هەموو خاکەکەی بکات. لە هەندێک قۆناغدا، ئیسرائیل تەنانەت پێشوازی لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی سوریا کرد. لەبەر ئەوە، پێویستە ئیسرائیل بڕیاری ستراتیژی خۆی بە ڕوونی بدات.
پرسیاری دووەم پەیوەندی بە فەرمانڕەوای نوێ، ئەحمەد ئەلشەرعەوە هەیە. پرسیارەکان سەبارەت بە پێشینەی ئایدۆلۆژیای ئەو جێگەی تێڕامانە، بەڵام پێویستیان بە بڕیاردان هەیە کە ئایا دەرفەتێکی پێ بدرێت و بچێتە پاڵ ئەو شەپۆلەی پشتیوانی نێودەوڵەتی کە بەدەستی دەهێنێت و بەشداری بکات لە پتەوکردنی فەرمانڕەوایەتییەکەی لە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلدا. پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە: ئایا گەڕان بەدوای دەستکەوتێک کە لەئاستی خواستەکان بێت وەک ڕێککەوتنی ئاشتی (بەبێ چوونە ناو کێشەی جۆلان) یارمەتیدەر دەبێت؟یان تەنانەت چوونە ناو چەتری “پەیماننامەی ئیبراهام” بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئەلشەرع و پتەوکردنی ڕژێمەکەی و بەوەش بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بەرەو پێش ببات؟ یان هەنگاوێکی لەو شێوەیە لەم قۆناغەدا دەیخاتە بەردەم مەترسی و هەڕەشەیەکی جددی؟
سەردانی هەفتەی داهاتووی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ بۆ واشنتن لەوانەیە هەندێک وەڵام بداتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە ڕێگەیەکی بەرپرسیارانە و هاوسەنگ بۆ رێککەوتنێکی چوارچێوەیی نێوان ئیسرائیل و سوریا لەبەرچاو بگیرێت کە ئەمانە لەخۆ بگرێت:-
- پابەندبوونێکی هاوبەش بە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی جیابوونەوەی ساڵی 1974، لەگەڵ هەنگاو و خشتەی کات، گەرەنتی ئەوەی کە ئیسرائیل بتوانێت بکشێتەوە بۆ ئەو هێڵە سنوورییەی کە لەسەری ڕێککەوتووە.
- دامەزراندنی میکانیزمێکی سێ لایەنی نهێنی کە ئیسرائیل، سوریا و ئەمریکا تێیدا بەشداربێت، بە ئامانجی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەسەر “ڕێزگرتن لە سەروەری هەردوو وڵات”.
- ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی سیمبولی بەڵام زۆر گرنگ کە ڕەنگدانەوەی خواستی هەردوولا بێت بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی جەنگ و دوژمنایەتی نێوانیان و چوونە ناو ڕێڕەوێکی ڕێککەوتن بەرەو پەیوەندییە ئاشتیخوازەکان.
- داخوازی ئەمەریکا بۆ هەردوو حکومەتە نوێکانی سوریا و لوبنان بۆ ڕێکخستنی سنووری وشکانی نێوانیان و ڕێگەدان بە چارەسەرکردنی کێشەی سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان. واشنتن دەبێت دڵنیایی بدات لەوەی کە ئەم پێشنیارە پەسەند دەکرێت.
- ڕێکەوتنەکە بۆ هاندانی دیالۆگی کراوە و نافەرمی لەنێوان جەماوەری ئیسرائیل و سوریا ئامانج تێیدا پەلەکردن نیە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتییەکی گەرم پێش گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی فەرمی، بەڵکو سوود وەرگرتن لە کەش و هەوایەکی بارگاوی بە حەزەر و سنووردار لە هەردوولادا، بە لوبنانیشەوە، بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و سوود وەرگرتن لە گۆڕانکارییە بێ وێنەکان لە ناوچەکەدا. پێویستە ئیسرائیل ئەو تێڕوانینەی لە ڕای گشتی عەرەبدا بە جددی وەربگرێت کە دەیەوێت ئەجێندای خۆی بە هێز بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت. هانی هەنگاوەکانی بنیاتنانی متمانە بدات لە بواری مرۆیی و ئابووری بۆ بەرژەوەندی هەردوولا، بەبێ ئەوەی وەک جۆرێک لە “سەرپەرشتی ئیسرائیل-وصاية اسرائيلية” خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
لەژێر ڕۆشنایی ئەم دیمەنە ئاڵۆزە لە هەردوو وڵات و ناوچەکە بەگشتی، جێگەی خۆیەتی هەنگاوێکی بوێرانە لەم شێوەیە بنرێت لەسەر بنەمای واقیع، نەک لەسەر بنەمای خەیاڵ و خواستی زیادەڕەوی و فراوانخوازی.
نووسینی: مایکل هەراری
وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە: شەڤین محمد علی