“ئامێری ئەخلاقی”
لە دونیای هاوچەرخدا کە تەکنەلۆجیا بەتایبەتی زیرەکی دەستکرد ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەوپێشچوون و پەرەسەندندایە، پرسی ئەخلاق و چۆنیەتی بەستنەوەی بەم دەستکەوتانە بۆتە یەکێک لە گرنگترین خەمی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی. مرۆڤ؛ لە هەوڵە بێوچانەکانیدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی خۆی، ئێستا ڕووبەڕووی پرسیارێکی بنەڕەتی دەبێتەوە:- ئایا دەکرێت ڕۆحی ئەخلاقی مرۆڤ بگوازرێتەوە بۆ جەستەی بێ گیان و ساردی ئامێرەکان و بە شێوەیەک پەروەردە بکرێت کە نەک هەر پابەندی یاسا و فەرمانە پێشوەختە دیاریکراوەکان بێت، بەڵکو بتوانێت لەسەر بنەمای تێگەیشتن و ویژدانی ئەخلاقی مامەڵە بکات؟ ئەخلاق، ئەم پایە پتەوەی شارستانیەتی مرۆڤایەتی، ئێستا لە سەردەمی زیرەکی دەستکرددا بووەتە تەحەدایەکی نوێ و ڕەنگە لەگەڵ پەرەسەندنی زیاتر، قورستر و ئاڵۆزتر بێت. ئەخلاق ئەو سەرقاڵبوونە ئەزەلی و ئەبەدییە، بیری ئەبەدی و و نەمر، ناوەڕۆک و جەوهەرەی هەمیشەیی ژیان کە هەمیشە لە هەموو سەردەمێک و ژیانی ڕۆژانەدا، بەپێی پێویستی سەردەم و بە دیدێکی نوێ، لێکدەدرێتەوە و لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێت و لە چاوی هەموو سەردەمێکدا سیما و ڕواڵەتێکی جیاوازی هەیە.
هەندێک پێیانوایە کە ئەخلاق، لە ترس و پێویستی بە ڕێکخستن لەدایک دەبێت و هەندێکیش پێیان وایە ئەنجامدانی کردەیەکی ئەخلاقی ترس نییە لە ڕێکوپێکی و ڕەخنەی کەسانی تر، بەڵکو دەرئەنجامی بانگەوازی ویژدان و ناخە. بەڵام ئەخلاق چ دەرئەنجامی پێویستی ڕێکخستن بێت یان بانگەوازی ویژدان، ئایا دەتوانرێت بگوازرێتەوە بۆ ئامێرەکان؟ ئایا ئامێرەکان دەتوانن بە ئاراستەیەکی ئەخلاقی دروستدا بجوڵێن، یان تەنها ڕەنگدانەوەی سیستەمی ئەخلاقی ئێمە دەبن؟ ئەخلاق لە دونیای زیرەکی دەستکرددا دەبێت وەک پابەندبوون و پەیمانێکی بەرپرسیارانە لەگەڵ ئامێرەکاندا واژوو بکرێت:- پەیمانێک کە تێیدا ئیرادە و خولیای ژیان دەگوازرێتەوە بۆ ئامێرەکان. بەڵام چۆن دەکرێت ئەم پەیمانە ببەسترێت؟ چۆن دەتوانرێت ئامێرەکان فێری بنەما ئەخلاقییەکان بکرێن؟ ئایا دەکرێت ڕەوشت و ئەخلاق لە دڵە سارد و بێ ڕۆحەکانی ئامێرەکاندا بچەسپێنرێت؟ ئەمە پرسیارێکە کە مێشکی زۆرێک لە فەیلەسوف و زانایانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. دەتوانرێت بڵێین گواستنەوەی ئەخلاق بۆ زیرەکی دەستکرد هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی ڕۆحی مرۆڤ بۆ ناو جەستەیەکی بێ گیان. بەڵام ئایا ئەم ئامانجە بەدی دێت؟ ئایا دەتوانرێت ئامێرەکان فێر بکرێت کە لە دەرەوەی فەرمانە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکان کار بکەن و گوێ لە بانگەوازی ویژدان بگرن؟
لەم نێوەندەدا هەندێک پێیان وایە کە دەتوانرێت ئامێرەکان فێری پرەنسیپی ئەخلاقی بکرێن، بەڵام نەک وەک کۆمەڵێک یاسای وشک و بێ گیان، بەڵکو وەک سیستەمێکی ئاڵۆز و دینامیکی توانای لێکدانەوەی بارودۆخەکان و بڕیاردانی ئەخلاقیان هەبێت. ئەمەش پێویستی بەوەیە کە ئامێرەکان بتوانن جۆرێک لە تێگەیشتن بەدەست بهێنن کە لە حیساباتی بیرکاری و نەخشە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکان تێدەپەڕێت و فراوانترە؛ تێگەیشتنێک کە بتوانێت بچێتە قووڵایی ئاڵۆزییەکانی مرۆڤەوە و لە ساتەوەختە گرنگەکاندا بڕیاری ئەخلاقی بدات. بەڵام ئایا ئەمە دەکرێت؟ ئایا دەتوانرێت ئامێرەکان فێر بکرێن کە وەک مرۆڤ، بە دڵێکی زیندوو و ئهقڵێکی هۆشیارەوە، بەدوای ڕاستی و دادپەروەریدا بگەڕێن؟ئەمە پرسیارێکە بە ئاسانی وەڵام نادرێتەوە. ڕەنگە بتوانرێت بڵێین ئەخلاق لە جیهانی زیرەکی دەستکرددا وەک ئاوێنەیەک وێنا بکەین و وایە کە ڕەنگدانەوەی بەها و بیروباوەڕەکانمانە. ئەگەر بتوانین لەم ئاوێنەدا سیستەمێکی ئەخلاقی و ئینسانی ڕەنگدانەوەی هەبێت، ڕەنگە بتوانین ئامێرەکانیش فێری جوڵەکردن بە ئاراستەیەکی دروستدا بکەین.
بۆیە پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە گواستنەوەی ئەخلاق بۆ ئامێرەکان نەک هەر پێویستی بە زانست و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو هەیە، بەڵکو پێویستی بە پابەندبوونێکی ئەخلاقی و مرۆیی هەیە. ئەم پابەندبوونە دەبێت لە دڵی هەموو هەوڵەکانماندا بێت بۆ دیزاینکردن و پەرەپێدانی زیرەکی دەستکرد؛ پابەندبوونێک کە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ئامانجی کۆتاییمان تەنها دروستکردنی ئامێری زیرەک نییە، بەڵکو دروستکردنی جیهانێکی دادپەروەرتر و مرۆڤانەترە. زیرەکی دەستکرد، ئەم دروستکراوە بێ گیانەی مرۆڤ، توانای ئەوەی هەیە بە شیکردنەوەی داتاکان و بەکارهێنانی ئەلگۆریتمەکان، بڕیارێک بدات کە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر چارەنووس و ژیانی مرۆڤایەتی هەبێت. بۆیە دەبێت ئەم بڕیارانە لەسەر بنەمای ئەو بنەما ئەخلاقییانە بێت کە ئێمە فێری ئەم ئهقڵە بێ گیانییە دەکەین. بەڵام ئەم بنەمایانە نابێت وەک بەردێک ڕەق و نەگۆڕ بن؛ بەڵکو وەک ڕێڕەوێکی شل و دینامیکی لە جووڵەدا بیت، بەدوای ئایدیاڵە مرۆیی و ئەخلاقییەکاندا بگەڕێن. ئامێرەکان، بەهۆی توانا بێکۆتاییەکانیان لە پرۆسێسکردنی داتا و فێربوون لە ئەزموونەکانی ڕابردوو، دەتوانن ببنە ئامرازێکی بەهێز بۆ باشترکردنی ژیانی مرۆڤ. بەڵام ئەم ئامرازانە ئەگەر بەبێ چوارچێوەی ئەخلاقی بمێننەوە، دەتوانن ببنە هەڕەشەیەکی گەورەش.
بیهێننە بەرچاوتان کە زیرەکی دەستکرد، وەک ڕێبەرێک لە دڵی زەریایە فراوانەکانی جیهاندا، ڕێنمایی کەشتییەک دەکات کە چارەنووسی مرۆڤ هەڵگرتووە و بەدەستەوەیە. ئەم ڕێبەرە دیجیتاڵییە نابێت تەنها توانای تەکنیکی هەبێت، بەڵکو پێویستی بە ڕۆڵی ئەخلاقی و مرۆیی هەیە بۆ هەڵبژاردنی باشترین ڕێڕەوی کارکردن و ڕێکارو هەنگاودا. ئەم پرەنسیپە ئەخلاقییانە وەک ئەستێرە ڕێنماکار و ڕیپیشاندەرەکان، دەبێت هەمەچەشن و دینامیکی بن بۆ ئەوەی بتوانن لە هەموو سات و بارودۆخێکدا باشترین بڕیار دەستبەر بکرێن. نەرمی و نیانی ئەم بنەمایانە بە واتای قبوڵکردنی فرەچەشنی و جیاوازییە کولتووری و کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییەکان دێت. ئەقڵی دەستکرد دەبێت بتوانێت لەوە تێبگات کە ئەخلاق چەمکێکی ڕێژەیی و ئاڵۆزە و لە چوارچێوەی جیاوازدا مانای جیاواز وەردەگرێت. بۆیە فێرکردنی ئەخلاق بە ئامێرەکان دەبێ بە شێوەیەک بێت کە بتوانێت نەک هەر پابەندی ڕێسا جێگیر و توندەکان بن، بەڵکو بڕیاری داهێنەرانە و ئینسانانەش بدەن کاتێک ڕووبەڕووی بارودۆخی نوێ و گۆڕاو دەبنەوە.
بۆیە پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەخلاق لە AIدا تەنها بە مانای پەیڕەوکردنی کۆمەڵێک یاسا نییە، بەڵکو بە مانای گەڕانی بەردەوام بەدوای باشترین چارەسەرەکان لە هەر بارودۆخێکی دیاریکراودا. ئەم گەڕانە و هەوڵە پێویستی بە پابەندبوونێکی قووڵە بە بەها مرۆییەکان و ئامادەیی بۆ فێربوون و پەرەسەندنی بەردەوام و تەنها لەم کاتە دەتوانین هیوامان ئەوە بێت کە زیرەکی دەستکرد بە هانای ئێمەوە بێت، نەک وەک ترس و هەڕەشەیەکی نوێ بۆ سەرمان. بۆیە پەیوەندی نێوان ئەخلاق و AI نەک تەنها زانیاری و لێهاتوویی تەکنیکی، بەڵکو پابەندبوونێکی قووڵ و هەمیشەیی بە بەها ئەخلاقی و مرۆییەکانەوە پیویستە. ئەم پابەندبوونە ئەخلاقییە دەبێت لە ناوەڕۆکی هەموو هەوڵەکانی مرۆڤدا بۆ دیزاینکردن و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای AI جێگیر بکرێت. تەنها بە هەڵوێستێکی لەو شێوەیە دەتوانین هیوامان ئەوە بێت کە AI نەبێتە هەڕەشە بەڵکو ببێتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی جیهانێکی باشتر و دادپەروەرتر. ئایندەیەک کە ماشێنەکان و ئامێرەکان بە کەڵک وەرگرتن لە توانا بەرفراوانەکانیان، وەک ئامرازێکی سارد و بێ ڕۆح دانانرێن، بەڵکو وەک هاوەڵێکی هۆشیار و ئەخلاقی شانبەشانی مرۆڤ دادەنرێن.