م کرماشانی و تو کورد بانه
له یه‌ک دووریم و دووری ده‌ردمانه
م له بان په‌ڕاو تۆ له ئه‌ربابا
ئه‌ڕای یه‌ک ئاگری واکه‌یم شه‌وانه
“په‌رته‌و کرماشانی” (عه‌لی ئه‌شره‌ف نه‌وبه‌تی)
“به‌رایی”
ڕه‌وانشاد “په‌رته‌و کرماشانی” له 6ی ڕه‌زبه‌ری ساڵی 1310ی کۆچی هه‌تاوی(1932) له کرماشان له دایک بووه و له مێژه خه‌ریکی هۆنینه‌وه‌ی شیعره و به دوو زمانی فارسی و کوردی شیعری بڵاو کردۆته‌وه و له ژێرناوی “کوچه باغی ها” و به سه‌رپه‌رشتی “محه‌مه‌د عه‌لی سولتانی” ئه‌م کتێبه بڵاو کراوه‌ته‌وه. له بنه‌ڕه‌تدا و له‌سه‌ری باوکییه‌وه باوه‌گه‌وره‌ی په‌رته‌و لوڕی به‌ختیاریی بووه و له سه‌رده‌می حوکمڕانیی بارام میرزا له ساڵی 1833 ز له لوڕستانه‌وه بۆ کرماشان گوازراونه‌ته‌وه و دوور خراونه‌ته‌وه. به‌ڵام سه‌ری دایکیی په‌رته‌و کورد بووه و په‌رته‌و له باواگه‌وره‌ی واته باوکی دایکییه‌وه چه‌شه‌ی ئه‌ده‌بی کوردانه فێر بووه و ئه‌مه پله‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی بووه بۆ ئه‌وه‌ی په‌رته‌و کانیاوی شیعریی بته‌قێت و پاراو ببێت و ڕۆحی له ناو زمانی کوردی‌دا هه‌ناسه بکێشێت و هه‌ست و سۆز و دونیایه‌کی نوێ به‌و زمانه ده‌رببڕێت. کتێبی “کوچه باغی ها” له ساڵی 1377 کۆچی هه‌تاوی(1999)بڵاو بووه‌ته‌وه و زۆربه‌ی زۆری شیعره‌کانی به زمانی فارسییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که په‌رته‌وی کردووه به ڕه‌مزێکی کوردانه له ناوچه‌ی که‌لوڕنشین و کردوویه به به‌شێک له یاده‌وه‌ریی گشتیی، نه‌ته‌وه‌یه‌ک له کرماشانه‌وه تاکوو بانه و هه‌ولێر و که‌رکووک ئه‌و غه‌زه‌له که‌مه کوردییانه‌یه‌تی که له جوانیناسییه‌کی کوردانه‌ی ڕه‌سه‌نی کرماشان و ڕۆحی شیرین و فه‌رهاد و بڵیندی تاقوه‌سان و تافه‌ی په‌ڕاو سه‌رچاوه‌یان وه‌رگرتووه. بێهۆ نییه که له کرماشانێکدا به‌و هه‌موو پلان و پرۆژه‌یه بۆ ئاسیمیله‌کردن و تواندنه‌وه‌ی کو‌لتوور و زمانه‌که‌ی، ڕاسان و ڕابوونی په‌رته‌و بووه هۆی ئه‌وه‌ی که له ساڵی 1393ی کۆچی هه‌تاوی (2015ز)به پێشنیار و هه‌وڵ و تێکۆشانی کۆمه‌ڵێک له چالاکانی کوردی کرماشان، خوازیارانی ئه‌ده‌ب و ڕێکخراوی کو‌لتووریی “ده‌نگی په‌ڕاو” ڕۆژی 27ی گوڵان وه‌کوو ڕۆژی “په‌رته‌و کرماشانی” بناسرێت که له لایه‌ن کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کرماشان و ئه‌ده‌بدۆستانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌وه پێشوازییه‌کی گه‌رموگوڕی لێ کرا. له‌باره‌ی شیعره‌کانی په‌رته‌وه‌وه چه‌ندین کتێب و وتار نوسراون له‌وانه ده‌توانین ئاماژه بده‌ین به:-
1- “پژواک کوچه باغی ها، سها سلطانی: نقدها و نظرها، شعرها، نامه‌ها و نوشته‌ها و نگاهی به احوال و آثار پرتو کرماشانی، تهران، سها 1389
2- پرتو مهر، ارجنامه‌ئ استاد پرتو کرماشانی، به کوشش ابراهیم رحیمی زنگنه و خلیل کهریزی، با مقدمه‌ی محمد علی سلطانی. تهران، مؤسسه‌ی فرهنگ نشر سها 1400.
په‌رته‌و له بواری غه‌زه‌لی کوردی‌دا وه‌کوو سه‌رپشکی بووژانه‌وه و هه‌ستانه‌وه‌ی غه‌زه‌لی ئه‌ده‌بی کوردی خوارین هه‌ژمار ده‌کرێت، ئه‌مه به‌ده‌ر له‌وه‌ی که ئه‌و شیعره‌کانی له‌سه‌ر کێشی عه‌روزی عه‌ره‌بی هۆنیه‌وه‌ته‌وه، به‌ڵام له ڕووی زمانییه‌وه گه‌لێک پاراو و ده‌وڵه‌مه‌ند و ڕه‌سه‌ن بووه و ته‌نانه‌ت ده‌کرێت وه‌کوو هه‌وڵێکیش بۆ لێک نێزیکخستنه‌وه‌ی زاراوه‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره و ختووکه‌دانی چه‌شه‌ی گشتیی و زه‌ینی جه‌ماوه‌ر بۆ وه‌رگرتنی زمانێکی یه‌کگرتوو و ئیستاندارد چاوی لێ بکرێت. یه‌کێک له ناودارترین غه‌زه‌له‌کانی په‌رته‌و غه‌زه‌لی “ئه‌رمه‌نی”یه که ڕه‌نگه ئێمه له زاری چه‌ندین هونه‌رمه‌نده‌وه بیستبێتمان و نه‌مانزانیبێت ئه‌م زایه‌ڵه شیعرییه که‌ونارا و ڕه‌سه‌نه کوردییه، له هه‌ناوی په‌رته‌وی کرماشانییهوه هاتۆته ده‌ر، شیعری ئه‌رمه‌نی له لایه‌ن چه‌ندین که‌سه‌وه کراوه به گۆرانی له‌وانه ڕه‌وانشاد حه‌مید حه‌میدی؛ هونه‌رمه‌ندی کرماشانی و عه‌لی زه‌ندی هونه‌رمه‌ندی بان له‌یلاخی و که‌سانی دیکه. به‌ڵام له ڕاستیدا نابێ لێره‌دا ته‌ڕ و پاراویی و له‌سه‌رزار خۆشبوونی ئه‌و شیعرانه به‌هۆکاری سه‌ره‌کی دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌رمه‌نی له زار و زه‌ینی خه‌ڵکی کورد به تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان نه‌زانین. له قۆناغ و وپله‌یه‌کی دیکه‌دا ئه‌مه قادر ئه‌لیاسیی هونه‌رمه‌ندی شۆڕشگێڕ و نیشتیمانپه‌روه‌ر بوو که له مه‌قامه‌کانیدا شیعره‌کانی به‌کار ده‌هێنا له‌وانه شیعری “چ بکه‌م” و له به‌رنامه و وتووێژه‌کاندا ئاماژه‌ی به ڕۆحی شاعیرانه‌ی کوردپه‌ره‌وه‌ری ڕه‌سه‌نی ئه‌م مامۆستا گه‌وره‌یه‌ی دیاری شیرین و فه‌رهاد ده‌کرد. ئه‌و شیعر و غه‌زه‌له دیار و دره‌وشاوانه‌ی په‌رته‌وی مه‌زن بریتین له: “چه بوود؟ کزه، جیایی، که‌م بووش بچوو دیره، چ بکه‌م، ئه‌رمه‌نی” سه‌رنجێکی خێرا له‌سه‌ر ئه‌م شیعرانه ده‌ریده‌خات که له ڕووی ناوه‌رۆک و مۆتیڤه‌وه دونیای ئه‌م شاعیره له ڕۆحێکی کوردانه‌وه هه‌ستاوه‌ته‌وه و به شوێن ونبووه هه‌میشه‌ییه‌که‌ی خۆی ده‌گه‌ڕێت.
ڕاسته شیعری ئه‌رمه‌نی بووه به به‌شێک له نه‌ست و یاده‌وه‌ریی گشتی و خودی ئه‌م ڕووداوه‌شه ئه‌کتی به‌رخۆدان و به‌رگریی له هه‌مبه‌ر ئاسیمیلاسیۆن و دۆخێکی هه‌ڵپه‌سێردراو و غوربه‌تزه‌ده‌ی کرماشان خستۆته ڕوو، به‌ڵام له بنه‌مادا زایه‌ڵه و هاواری په‌رته‌و بۆ ئه‌وین، بۆ یار، بۆ رۆح یان بۆ نیشتیمانێکی ده‌ستپێڕانه‌گه‌یشتوو و ونبووه، به‌گشتی له کۆی ئه‌م شیعرانه‌یدا ناکامی و ده‌ستپێڕاگه‌یشتن تێکه‌ڵ به خواستێکی ئینسانی و به‌رزی شاعیرانه ده‌بێت بۆ ئەو مه‌به‌ست و ئامانجه ون و غایبه. گراو، شه‌راو یان وڵات و نیشتیمان یان هه‌ردووکیان؟ “عه‌لی ئه‌شره‌فی نه‌وبه‌تی ناسراو به “په‌رته‌و کرماشانی”، ڕۆژی سێشه‌ممه 5ی ڕێبه‌ندانی ساڵی 1400 کۆچی هه‌تاوی (2022ز) له ته‌مه‌نی 90 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.” بێهرووز بووچانی نووسەروی دیاری کورد کە کوردی خوارینه و سه‌ر به باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و شاری ئیلامه له لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له تۆڕی ئینستاگرامدا به زمانی کوردی و زاراوه‌ی که‌لوڕی ده‌نوسێت:- “په‌رته‌و کرماشانی بێگومان کارگه‌رترین و گاهه‌سیش گرنگترین ڕوومه‌ت شیعر کوردی له ناوچه‌ی کرماشان-ئیلام له سه‌رانسه‌ر ئی سه‌ده‌ی دواییه تا وه‌رجه ده‌یه‌ی حه‌فتا و سه‌ره‌تای جمشت شیعر نوو له ئی ناوچه‌سه. په‌رته‌و وه‌ک خاڵێک ڕووژنا له ناوڕاس شێعر کلاسیک گورانی و بزووتنه‌وه‌ی شیعر نوو کوردی خوارینه(که‌ڵهوڕیه‌ه). گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌فت په‌رته‌و شیعڕنوسانن له سه‌رده‌مێک بو که شار کرماشان له ژێر سیاسه‌ته‌یل ئه‌سه‌میلاسیۆن و له‌ناوبردن زوان کوردی بو و یه کاره‌گه‌ی به‌یده ئاستێگ دیروکی. هێمایش شێعر ئه‌رمه‌نی ئه‌و به‌شێک له حافزه‌ی دیرووکی خه‌ڵک ئیمه‌س”. ئه‌م هاوکێشه‌یه که په‌رته‌و لایه‌نێکی دره‌وشاوه‌ی وه‌کوو غه‌زه‌لی کوردی تێدا دره‌وشانده‌وه نابێ ئه‌وه‌مان له‌بیر بکات که ئه‌ویش خوازراو یان نه‌خوازراو ڕه‌هه‌ندێکی ئه‌ده‌به‌کی کێشراوه‌ته ناو کایه‌ی سیاسیی و هه‌ژموونیکه‌وه، خاڵی گرینگ ئه‌وه‌یه ئێسته زیاتر ئه‌و وه‌کوو کورد و ڕه‌مز و ڕاسانێکی شوناسمه‌ندانه‌ی کورد ده‌ناسرێت و له یاده‌وه‌ری گشتیدا چه‌سپاوه نه‌ک غه‌زلبێژی فارسی یان شاعیری فارسی کرماشانی!
“لێکدانه‌وه‌ی دوو زمانه نووسین و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی”
یه‌کێک له‌و شتانه‌ی که په‌یوه‌ست به‌و هاوکێشه و ژینگه کو‌لتووری و ئه‌ده‌بی و سیاسییه‌ی که په‌رته‌وی تێدا هه‌ڵکه‌وتووه و ده‌کرێت له قه‌واره‌ی پرسیاردا بیه‌خه‌ینه به‌ر باس ئه‌مه‌یه که بۆچی کاتێک شیعره فارسییه‌کانی په‌رته‌و له هی کوردییه‌کانی زۆر زیاترن، به‌ڵام شیوه‌ن و شه‌پۆڕ و هه‌روه‌ها یادکردنه‌وه‌که‌ی ته‌نها به هێنانه به‌رباسی شیعره کوردییه‌کانی ئه‌کرێت؟ ئایا ئه‌مه چاره‌نووسی شاعیر و ئه‌دیبه دوو زمانه‌کانی ئێمه یان دوو زماننوسه‌کانی ئێمه نییه؟ زمانێک که زمانی سه‌رده‌ست و زاڵه و زمانێک که له‌به‌رده‌م مه‌ترسی توانه‌وه و ئاسیمیله‌بوون دایه؟ له‌م هاوکێشه و ڕایه‌ڵه ئاڵۆزه‌دایه که کوردی نووسین له شوێنێکی ژیۆپۆله‌تیکی وه‌کوو کرماشان خۆی ئه‌کتێکی به‌رگری و سیاسییه چونکه ئه‌وان له ڕاستیدا زۆربه‌ی جومگه‌کانیان داگیر کردووه، له هه‌مبه‌ر زاراوه‌ی که‌ڵوڕی و زمانی کوردی، فارسی کرماشانییان وه‌کوو زاراوه‌یه‌کی ساخته و ده‌سکرد دروست کردووه و ده‌مێکه واته هه‌ر له سه‌رده‌می ڕه‌زاشاوه تا ئێسته ئیشی له‌سه‌ر ده‌که‌ن، ئه‌گه‌رچی ناوشیاری و نه‌ستی کۆیی کرماشان و ئه‌و ڕه‌مز و ئاسه‌واره که‌ونینه و کو‌لتووری پاڵه‌وانێتییه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه هێشتا ملکه‌چی ئه‌و هه‌یمه‌نه و هه‌ژموونییه نه‌بووه به‌ڵام برین و زه‌ختی زۆری بینیوه و دابه‌شبوون و په‌رتپه‌رتبوونی په‌رته‌ویش له ژێر ئه‌م زه‌خت و هه‌یمه‌نه‌یه‌دا بووگه، په‌رته‌و به زمانی فارسی و کوردی نوسیویه و ته‌نانه‌ت له دواچاپی کتێبه‌که‌شیدا به‌شێک له ژێر ناوی فارسی کرماشانی پێ زیاد کراوه، ئه‌مه به‌ر له‌وه‌ی سه‌رنجمان بباته سه‌ر تێڕوانین و تێگه‌یشتنی په‌رته‌و ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌و پیلان و پلانه گه‌وره‌یه‌ی ئاسیمیلاسیۆن و ستراتیژی درێژماوه‌ی تواندنه‌وه ڕامانگرێت، له‌م په‌رتپه‌رتبوونه‌دا ده‌شێت بپرسین بۆچی ئه‌و به‌شه دره‌وشاوه‌یه‌ی په‌رته‌و(غه‌زه‌له کوردییه‌کانی) له چاوه‌ی فارسییه‌کانیدا گه‌شاوه‌یه؟
وه‌ڵامه‌که به ساده‌یی ئه‌مه‌یه چونکه هێشتا ڕۆحی کورد و کوردبوون له کرماشان زیندووه، وه‌ک چۆن ڕۆحی بابه‌گوڕگوڕ به که‌رکوکه‌وه گرێ دراوه به‌و شێوه‌یه‌ش تاقوه‌سان نیشانه‌ی هه‌رماویی ئه‌شقێکی نه‌مری ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌یه! من پێم وایه ئه‌و شته‌ی که له ژێر ناوی ئه‌ده‌بی که‌مینه‌دا باس ده‌کرێت وه‌کوو ناوه‌رۆک له کاری مامۆستا په‌رته‌ودا چ شیعره کوردییه‌کان و چ فارسییه‌کان ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بی که‌مینه به ئه‌ده‌بێک بزانین که به زمان و شمشێری سه‌رده‌ست له بنی هه‌یمه‌نه و هه‌ژموونی سه‌رده‌ست و زاڵ ده‌دات ئه‌وا په‌رته‌و به تافه‌ی ڕووباری په‌ڕاو و زایه‌ڵه و هاواری فه‌رهادئاسای بۆ ئه‌رمه‌نی و ئاره‌زووی ئاشقانه‌ی بۆ کرماشان و یه‌کگرتنی نیشتیمان له په‌ڕاو تا ئاربابا، خۆی مانیفێستی زه‌ینیی ئه‌و ڕۆحه کوردانه‌یه‌یه که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ڕه‌مزێکی شوناسمه‌ندانه‌ی دروست کردووه به‌ڵکوو بووه به ڕه‌مزێکی هه‌رماو و پته‌وی ئه‌ده‌بیش که ڕێباز و ڕچه‌که‌ی شامی کرماشانی پێواوه و بووه به کۆڵه‌که‌ی گه‌شه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. شیعری په‌رته‌و زایه‌ڵه‌ی کپکراوی کرماشان و ئه‌شقی قه‌ده‌غه‌کراو و ئازادییه‌کی سنووربۆدانراو بوو، خودی په‌رته‌ویش له ڕووی که‌سایه‌تی و ئاکاری کۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ناو خه‌ڵکدابوون سه‌رچه‌شن و نموونه بووه و ئه‌مه به ته‌واوی له شیعره‌کانیشیدا دیاره که ئه‌و هاوکات که خوێنه‌ری تایبه‌ت و جیاوازی خۆی هه‌بووه خه‌ڵکی ئاسایی و سه‌رشه‌قام و ناوکۆڵانیش به‌رده‌وام له ناو شیعره‌کانیدا بووگن ئه‌و زمانی خه‌ڵک و خه‌ڵک، زمانی شیعره‌کانی ئه‌و بوون، بۆیه ده‌کرێت بڵێین دوای شامی کرماشانی په‌رته‌و له‌و شاعیره مه‌زنانه‌یه که نه‌ک ته‌نها له سه‌ر شانی ئه‌و زیاتر باڵای به ئه‌ده‌ب و شوناسی کوردی له کرماشان به‌خشی به‌ڵکوو هه‌ندێک سنوور و پێوه‌ر و ناوه‌رۆک و به گشتی ئیستاتیکای شیعری کۆمه‌ڵایه‌تی و نواندنه‌وه‌ی ڕه‌نجی چینی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا و دۆخی کرێچییانه‌ی شیعره‌کانی شامی تێپه‌ڕاند و ساحه‌یه‌کی شاعیرانه‌تری داگیر کرد و له ڕووی بیری کوردانه‌شه‌وه نوێباوتر و ڕه‌سه‌نتر هاواری ده‌کرد به‌ڵام له ڕووی زمان و هه‌ڵبژاردنی فۆرمه‌وه ده‌ربڕینه‌وه شامی که‌متر له ژێر ئه‌و هه‌ژموونییه‌دا بووه و ڕووی فارسیی جیهانی شامی کرماشانی له دیوانی چه‌پکه گوڵدا قه‌ت دیار نییه و نابینرێت!