“پێشەکی”
لە رێکەوتی ١٣/٦/٢٠٢٥، ئیسرائیل هێرشێکی ناکاوی ئاسمانی بۆ سەر ئێران ئەنجامدا، هێرشێک کە لە یەکەم هەنگاو، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەم وڵاتەی پەکخست و تارانی ناچارکرد پەلکێشی جەنگێکی دوازدە رۆژە لەگەڵ ئیسرئیل بێت. هێرش هەر دوو لایەن، بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکان، ئاسایشییەکان و ژێرخانی ئابووری و مەدەنی بەردەوامبوو و دواتر لە رێکەوتی ٢٢/٦/٢٠٢٥، ئەمریکا سێ بنکەی سەرەکی پیتاندنی یۆرانیۆمی “نەتەنز، فۆردۆ، ئیسفهان” بە بۆمبی سەنگەر-شکێنی (bunker-buster) ١٣٧٠٠ تەنی، کە یەکەمجاربوو بەکاردەهێنرا، لەکار خست. ئەم هێرشە بووە هۆی ئەوەی کە دوای ١٢ رۆژ جەنگ تاران و تەلئەڤیڤ بە ناوبژیوانی قەتەر و ئەمریکا ئاگربەست رابگەیێنن و هەر لایەنەک خۆی بە براوەی جەنگ بزانێت. تەنانەت دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش خۆی بە براوی ئەم جەنگە هەژمار کرد. لەم گوتارەدا تیشکدەخەینە سەر ئەم پرسیارە کە کێ براوە و کێ دۆراوی ئەم جەنگە بوو و لێکەوتەکانی چیدەبن؟
“کۆماری ئیسلامی ئێران”
تاران، هیچ کات هەوڵی نەداوە راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بچێتە جەنگ، ئەگەرچی هەر لە ساڵی ١٩٧٩ کە شۆڕشی ئیسلامی بەرپابوو رووخاندنی ”قەوارەی زایونیستی” دروشمی سەرەکی ئێران بوو. بەڵام جەنگی هەشت ساڵەی نێوان “ئێراق و ئێران”، نوخبەی سیاسی و سەربازیی تاران بەو ئەنجامە گەیشتن کە بۆ دوورکەوتنەوەی جەنگ لە ئێران، پێویستە ئێران، جەنگەکان بۆ دەرەوەی سنووری خۆی بگوازێتەوە. هەر ئەم بیرۆکە و ئایدیۆلۆژیای شیعەگەرایی تاران، بووە هۆی دامەزراندنی گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە وڵاتانی عەرەبی کە دواتر بە پرۆکسییەکانی ئێران یاخوود بەرەوی موقاوەمە و چەکدارەکانی هیلالی شیحە ناوی دەرکرد. حزبوڵای لوبنان یەکەم هێزی جەکداربوو کە لەلایەن سوپای پاسداران لە ساڵی ١٩٨٢ دامەزراو و دواتر ئەم بەرەیە بەرفراوانبوو و هەر یەک لە حەماسی فەڵەستن، حوسییەکانی یەمەن، حەشدی شەعبی لە ئێراق و تەواوی رژێمی بەشار ئەسەدی لە دوای رووداوەکانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١٠ تا رووخانی ئەم رژێمە لەخۆگرت. تاران بە درێژایی چوار دەیە لە رێگەی ئەم باڵە چەکدارانەوە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدەدا. بەڵام دواجار تاران ناچاربوو راستەوخۆ لە ئاسمانەوە لەدژی ئیسرائیل بچێتە جەنگ. هەرچی تایبەتە بە ئێران ئەم جەنگە کۆمەڵێک لێکەوتەی لەسەر ئێران دەبیت کە لە خووارەوە ئاماژەی پێدەدەین:-
یەکەم:- لە رووی هێزی بەرگریی ئاسمانییەوە، دەرکەوت کە هێزی بەرگری ئاسمانی ئێران بە تەواوەتی تێکشکاوە یاخوود هەر لە بنەڕەتەوە وەک پێویست نەبوو، ئێران کە پشتی بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ناوخۆیی و بەرگری راداری (S300) رووسی بەستبوو، دەرکەوت کە یان ئەم سیستەمە تەواو لاوازە و بەرگەری هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ناگرێت، یاخوود لە هێرشەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە تەواوەتی تێکچووە. هەر بۆیەش لە جەنگی ١٢ رۆژەدا تەواوەی ئاسمانی ئێران بەدەست ئیسرائیلەوە بوو. تەنانەت لەم جەنگەدا زەخیرەی تاران لە ساروخی بالستیک بۆ سەرووی ٤٠٪ کەم بووەتەوە و ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە ١٢٠ بنکەی هەڵدانی مووشەکی بالستیکی ئێرانی تێکشکاندووە. تاران سەردەمانێک ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە کۆنتڕۆڵی پایتەختی چوار وڵاتی بەدەستەوە (بەغدا، دیمەشق، بەیروت، سەنعا) و لەوێیەوە حوکمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات؛ کەچی لە ئێستادا هەر لە دەریای مەدیتەرانە تا سنورەکانی چین و پاکستان، ئاسمانی ئەم ناوچەیە بە تەواوەتی لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئیسرائیلدایە “لوبنان، فەلەستین، یەمەن، سوریا، ئێران و تەنانەت ئەفغانستانیش ئەگەر ئیسرائیل حەز بکات”. ئەم باڵا دەستییە ئاسمانییە ئەم دەرفەتە بە ئیسرائیل دەبەخشی کە بە ئاسانی جموجۆڵە سەربازییەکان لەم ناوچانە رەسەد بکات. پێشی هەر جۆرە هێرش و مەترسییەک بگرێت کە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام دەدرێت. کەواتە لەم ناوچەیەدا باڵانسی هێزی ئاسمانی بە سوودی ئیسرائیل شکایەوە و ئەمەش لە دهاتوودا کاریگەریی بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیش دروست دەکات.
دووەم:- هەرچی تایبەتە بە بەرەوی موقاوەمە، چ تاران داوای کردبێت، چ خودی ئەم بەرەیە خوازیار بووبێت، یاخوود گوشاری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەبوو بێت، بەرەی موقاوەمە نەیتووانی ببێتە یارمەتیدەر و فەریادرەسی ئێران، ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرووی ٤٠ ساڵە ئێران بە ملیاردها دۆلار پارە و چەکی بۆ ئەم بەرەیە خەرجکردووە و راهێنانیان پێکردووە. بەڵام دواتر ئەم بەرەیە لەلایەن ئیسرائیلەوە تێکشکێندرا، سەرکردە باڵاکانی سیاسیی و سەربازیان کوژرا و هێرشکرایە سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانیان. نەمانی بەرەوی موقاوەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە چیتر تاران ئەو سیمایەی نەمێنیت کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک زلهێزێکی هەرێمایەتی بۆ تاران وێناکرابوو. ئێستا هەم گرووپەکانی سەر بە موقاوەمە و هەمیش خودی تاران هەم لە رووی سەربازیی و هەمیش لە رووی داراییەوە لاوازبوونە. ئەمەش وادەکات کە ولاتانی ناوچەکە لە گفتگۆکانیاندا لەگەڵ تاران پێداچوونەوە بە حیساباتی خۆیان بکەن. بەتایبەتیس دواری رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد کە ئەلقەی سەرەکی پێکەوەگرێدانی جیوپۆلیتیکی هیلالی شیعە بوو.
سێیەم:- پێگەی ئێران لە ناوچەکە، ئێران دەوڵەتێکە خاوەن سەرووی ٩٢ ملیۆن دانیشتوو و پتر لە ١،٦٤٨،٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە رووبەری ئەم وڵاتەیە، خاوەن سامانی سەرزەوی و ژێر زەوییە، و پتر لە ٧٥ جار لە ئیسرائیل گەورەترە لە رووی قەباری جوگرافیاییەوە؛ بەڵام هاوکات بە درێژایی ٤٦ ساڵە کە لە ژێر گەماری ئەمریکا و دواتر وڵاتانی ئەوروپیدایە و پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ زۆربەی دەوڵەتانی عەرەبی وەک پێویست ئەرێنی نییە. ئێران لە میانەی نانەوەی ناسەقامگیریی لە ناوچەکە و یارمەتیدانی گرووپە چەکدارەکان تا ئێستا توانیبووی پێگەیەکی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزێت. ئێران لەو قەناعەتەدابوو کە بە هۆی گەمارۆکان و پەراوێزخستنی لە سیستەمی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، باشترین ستراتیژیی بۆ پاراستن و مانەوەی بریتیبوو لە نانەوەی ناسەقامگیریی لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیریی ناوخۆ. زیاد لەمەش هێرشەکانی ئیسرائیل بابەتێکی سەلماند ئەویش بریتیبوو لەوەی کە موساد، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، لە تانوپۆی سیستەمی سەربازیی و ئاسایشی ئێران و لە بەرزترین ئاستدا دزەی کردووە، ئەمە یەکێک لە گەورەترین ئالنگارییەکان دەبێت کە ئێران لە ئێستا و داهاتوودا ناچارە بەرنگاریی ببێتەوە، چونکە دیار نییە چەند پلەبەرزی سیاسیی و سەربازیی ئێران بۆ وڵاتانی عەرەبیش سیخۆری دەکەن یان نا؟
چوارەم:- دۆخی ناوخۆیی ئێران: لە دوای کوشتنی “ژینا ئەمینی”، کچە کوردەکە لە تاران، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی نارەزایەتی بەرفراوان لە ئێران دۆخی ناوخۆیی ئێران بە تەواوەتی شڵەژابوو و ناڕەزایەتییەکان بەوپەڕی خۆیان گەیشتن. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی ئێران بەتایبەتیش کەرتی کارەبا و کێڵگەی گازی پارسی جنوبی چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت کە سەر لە نوێ خۆپێشاندانەکانی ئێران بە مەبەستی گۆڕینی رژێم سەر هەڵبداتەوە، ئەگەرچی خودی نتانیاهۆ لە ماوەی جەنگی ١٢ رۆژە چەندین جار رایگەیاند کە باشترین کاتە لە ریگەی هێزە ناوخۆییەکانی ئێران رژێمی تاران بگۆڕدرێت. بۆیە چاوەروان دەکرێت ئێران لە ئاستی دەرەوە رێچکەی دیبلۆماسی و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشە دەرەکییەکانی بگرێتەبەر و زۆرتر سەرقاڵی رێکخستنەوەی کاروباری ناوخۆیی بێت.
“ئیسرائیل”
نەفتالی بێنیت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، لە ساڵی ٢٠٢١ بە فەرمی دکتورێنی ئۆختاپوسی راگەیاند، بە پێی ئەم دکتۆرێنە چیتر پێویست ناکات ئیسرائیل بە نهێنی و بە تەنیا هێرش بکاتە سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران کە نەفتالی بنێت بە دەست و پێی ئۆختاپوس (هەشت پێ) یاخوود دەست و پێی ئێران دەیانچوواند، یاخوود ئیسرائیل لە دژی ئێران هێرشی نهێنی ئەنجام بدات هاوشێوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سانترڤیوژەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران هاوشێوەی ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠١٠ ئەنجامیدا و بە هێرشی ”ڤایروسی ستاکس نێت” ناسراوە؛ بەڵکو بە بڕوای بێنێت باشترە ئیسرائیل راستەوخۆ و بە ئاشکرا هێرش بکاتە سەر ئێران و بەرژەوەندییەکانی تاران لە ناوخۆی ئێران و لە دەرەوەی ئێران. ئەوە بوو لە ئەپریلی ٢٠٢٤، ئیسرائیل هیرشی کردە سەر کۆنسوڵگەریی ئێران لە دیمەشق و دواتر هێرشی کردە سەر بنکە وبارەگاکانی ئێران لە ناوخۆی ئێران لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ و دواجار جەنگی ١٢ رۆژە. ئیسرائیل لە جەنگەکەیدا لەگەڵ ئێران سێ ئامانجی سەرەکی هەبوو:-
- لەناوبردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران واتە پرۆکسییەکان؛ کە ئەمەش لە ماوەی ١٩ مانگی رابردوو، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر گشت ئەم گرووپانە تەنیا حەشدی شەعبی نەبێت. حکومەتی بەیروت لە کاتی جەنگی ئێران و ئیسرائیل رایگەیاند کە رێگە نادات حزبولا بچێتە ناو ئەم جەنگە و تەنانەت سوپای لوبنان بە درێژایی روباری لیتانی بڵاوەی پێکرا کە ئەمەش هەر لە ساڵی ٢٠٠٦ بە پێی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە ١٧٠١، داواکاریی سەرەکی ئیسرائیل بووە. حوسییەکانی یەمەن هیچ پەرەچەکردارێکیان نەبوو، خودی حەماس لە جەنگە لەگەل ئیسرائیل و حەشدی شەعبیش رایگەیاند کە پابەندی سیاسەتی حکومەتی بەغدا دەبێت.
- لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکە بالیستیکییەکانی ئێران. کە ئەم پرسەش بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر سێ بنکەی ئەتۆمی ئێران تا رادەیەک چارەسەر بووە. تەنانەت لە دانیشتنی ئەندامانی ناتۆ کە لە رێکەوتی ٢٤/٦/٢٠٢٥ لە لاهای گریدرا، و دواتر هەواڵەکان بۆ دەرەوە دزەیان کرد، دۆناڵد ترامپ رایگەیاندووە کە ئێران دەتوانێ دەست بە بەرنامەی پێتاندنی یۆرانیۆم بۆ بابەتی مەدەنی و پزیشکی بکات، بە مەرجێ ٣٠ ملیار دۆلار بدات، بەرنامەکە لە ژێر چاودێری ئەمریکا دابێت و لەم ٣٠ ملیار دۆلارەش ٦ ملیارد وەک ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران لە کۆریای باشور هەژمار بکرێت کە بڕیار بوو لەسەردەمی خولی دووەمی روحانی ئەم پارە بلۆکە کراوانە بە ناوبژیوانی قەتەر ئازاد بکرێن و تەنیا بۆ پێداویستی چارەسەری پزیشکی و دەرمان و خۆراک خەرج بکرێت.
- لاوزکردنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. ئیسرائیل لە رێگەی لێدانی بنکە سەربازییەکان لە سەرتاسەری ئێران و لەناوبردنی نوخبەی سەربازیی سەر بە سوپای پاسداران و فەیلەقی قودس و یەکینەکانی سارولا، لێدان لە کەرتی کارەبا، گاز، کارگەکانی پترۆکیمیاوی، زانکۆ و تەنانەت زیندانی ئێڤین، توانیویەتی ئاستێک لە نارەزایەتی ناوخۆ بەرهەم بهێنێت کە بە ئەگەری زۆر دوای نەمانی تەپوتۆزی شەڕ ئەم نارەازیەتیانە سەرهەڵدەدەن. زیاد لەمەش لە ئاستی هەرێمایەتی چیتر ئێران، پێگەی جارانی نامێنێتەوە.
راستە، لەم جەنگەدا ئیسرائیل زیانی زۆری وەبەرکەوت بەتایبەتیش لە هەر دوو شاری تەلئەڤیڤ و هەیڤا کە بە شادەماری ئابووریی و سیاسیی ئێسرائیل هەژمار دەکرین، بەڵام بە سەرنجدان بەو ئامانجانەی کە تەلئەڤیڤ بۆخۆی دیارکردبوو، دەکرێ بڵێین کە تا رادەیەکی باش ئیسرائیل ئامانجەکانی دەستەبەر کردووە.
“کۆبەند”
جەنگ هەمیشە کاولکاریی بەدواوە دێت و جەنگ خاپورکردنی دیبلۆماسییەتە و هەر لایەنێک خۆی بە سەرکەتوو هەژماردەکات، بەڵام لە راستیدا گفتگۆکانی دوای جەنگ لە نێوان لایەنە بەشداربووەکانی ناو جەنگەکە ئەمە دەردەخات کە کام لایەنە براو یاخوود دۆراوەی جەنگ بووە. ئەگەرچی هەر لایەنێک لە جەنگدا کەم تا زۆر کۆمەڵێک ئامانجی دەستەبەر دەکات. بۆ نموونە، ئێران دەتوانێت بانگێشتی ئەوە بکات کە بە تەنیا وەک دەوڵەتێکی ئیسلامی هێرشی راستەوخۆی کردووەتە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیلیش دەتوانێت ئیدیعای ئەوە بکات کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی راگرت و چیتر ئێران ناتوانێ ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. بۆیە دەتوانین بڵێین هەر دوو لایەن توانیویانە بەشێک لە ئامانجەکانیان دەستەبەر بکەن، جا ئامانجەکان سیمبۆلیک بن یاخوود ستراتیژیی و سەربازیی. بەڵام لە رووی دارایی و تێچووی چەنگەوە هەر دوو لایەن دۆڕاون چونکە پێی هەندێ خەملاندن ئێران نزیکەی ٦.٣٪ تا ٩٪ی کۆی بەرهەمی ناپوختەی نیشتیمانی (GDP) بە هۆی ئەم جەنگە لە دەستداوە واتە نزیکەی ٣٨٠ ملیار دۆلار لە ١٢ رۆژ جەنگدا. لەهەمبەردا ئیسرائیل نزیکەی ٢.١٪ تا ٣.٣ کۆی بەرهەمی ناپوختەی نیشتیمانی لەدەستداوە واتە نزیکەی ١٨ ملیار دۆلار.
بەڵام رووداوەکانی ٧/١٠/٢٠٢٣، کە تێدا حەماس هێرشی کردە سەر کەمپێک لە سنوری ئیسرائیل و بووە هپی بەدیلگرتن و کوشتن و بریندارکردنی سەرووی ١٥٠٠ کەس بالانسی هێزی گۆڕی و لە رۆژی دواتر تەلەڤیڤ هێرشی کردە سەر حەماس و جیهادی ئیسلامی لە کەرتی غەزە و جەنگەکەش تا ئێستا بەردەوامە. لەم میانەیەدا ئیسرائیل یەک جار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران لە ئۆکتوبەری ٢٠٢٤ ئەنجامدا و پێشتریش هێرشەکانی بۆسەر سوریا، حزبوڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن چڕکردبووە تا سهرەی ئێران هات.