لەبارەی ئەمەی کە “بوودا” کێ بووە ناکۆکی زۆر لە ئارا دایە. “بوودا” لە ڕووی مانای وشەوە یانی گەیشتوو بە بێداری. ڕێبازە ڕۆژهەڵاتییەکان باوەڕیان وایە کە کۆمەڵێک “بوودا” لە ڕابردوودا هەبوون و لە داهاتووشدا کۆمەڵێکی دیکە دەردەکەون. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا سیما و کەسایەتییەکی مێژوویی هەیە کە لە بە “سیدارتا گوتاما” ناسراوە و ئەمە ئەو کەسەیە کە هەنووکە بەناوی “بوودا” دەناسرێتەوە. هەڵبەت بە شاکیاموونی “بوودا” “زانای خێڵی شاکیا”ش ناسراوەتەوە. ژیان و ئامۆژگارییەکانی “بوودا”ی مێژوویی خاڵێکی وەرچەرخان لە مەعریفەی مرۆڤ دایە. “بوودا” وەکوو تاک مرۆڤێکی ئاسایی بوو و هیچ بانگەشەیەکی لەبارەی پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ سەرچاوە غەیبییەکاندا نەبوو. باوەڕدارێتی بە خودای ئافرێنەر لە ئایینی “بوودا” دا هیچ جێگە و پێگەیەکی نییە. لە ناو زنجیرەی پێڕەوکارانی “بوودا”دا مەعریفە وەکوو شتێکی عەنتیکە نییە کە بە میراس بگاتە پاشماوەکانی. مامۆستای “بوودا”یی ههقیقهتی ئامۆژگارییەکان تاقیدەکاتەوە و دواتر بەشێوەیەکی ئیلهامبەخشانە دەیگوازێتەوە بۆ قوتابییەکانی. ئەم ئیلهامە دەبێتە هۆی ڕابوون و ڕاچەنینی قوتابی و دواتر ئەمیش ئەم ئامۆژگارییانە دەگوازێتەوە بۆ کەسانی دیکە. بەم شێوەیە ئامۆژگارییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام نوێ و بەڕۆژن و وەکوو “مەعرییفەی عەنتیکە” هەژمار ناکرێن. ڕێک وەکوو شێوەی نانکردن، هەر نانەواخانەیەک دەبێت بۆ نانکردن هەمان زانیارییە هەمیشەییەکانی خۆی ڕەچاو بکات، بەڵام هەر جارەو کە نان دەکات شتێکی بەتەواوەتی نوێیە.
“ئایا بوودا کەسایەتییەکی مێژوویی بووە؟”
کۆڵەکەی ئەزموونی “بوودا”یی لەسەر وەرگرتنی مانا و تێگەیشتنی تاکەکەسییە لە ههقیقهت و لە دواجاریشدا ئەمەی کە ئایا “بوودا”یەکی مێژوویی هەبووە یان نا، قەت گرنگ نییە. لەگەڵ ئەمەشدا ئەو نەریت و ئەفسانانەی کە دەوروخولی ژیانی “بوودا”یان داوە، شێوەیەکی مەتەڵئاسایان هەیە: شێوە و ماهییەتی وردی گەشتێکی ڕۆحانی. حیکایەت و ئامۆژگارییەکانی “بوودا” تا چەندین سەدە پاش مەرگی نەنووسراونەتەوە. ئەو دەقانەش ئێستە بەردەستن بەهیچ شێوەیەک وەکوو نوسخەی فەرمی دانانرێن. “بوودا” پێشنیاری بە پێڕەوکارانی دەکرد کە هەر شتێک کە ئەو دەیڵێت خۆیان تاقیکەنەوە و لە ئەنجامدا و لە درێژەی چاخەکاندا پێڕەوکارانی “بوودا” لەباتی ڕاڤە و شرۆڤەی ئەو شتانەی کە ڕەنگە مەبەستی دەقە کۆنەکان بن، متمانە و باوەڕیان بە زانستی خۆیان کرد.
ئایدیای گۆڕان و ناجێگیریی کە ترپەی دڵی ئایینی “بوودا”ییە، بەشێوەیەکی بەردەوام ڕێگر بووە لەوەی کە ئایینەکە بەرەو دۆگماتیزم و بناژۆخوازی بجووڵێت.
“ژیانی بوودا”
شازادە سیدارتا نزیکەی ساڵی ٥٦٠ی پێش زاین لە قەڵەمڕەوێکی بچووک لە داوێنی تەپۆڵکەکانی هیمالایا چاوی بەدنیا هەڵێنا. باوکی فەرمانڕەوایەک لە خێڵی شاکیا بوو. دەڵێن دایکی واتە شاژنە مایا، بەڕادەیەک شۆخ و شەنگ و لەبەردڵان بووە کە تەنانەت خوداکانیش ئاخ و ئۆفیان لە تاویدا هەڵدەکێشا. بە مایادێڤی یان “خوداژنی خەیاڵبەر” ناویان دەبرد چونکە بەشێوەیەکی لەڕادەبەدەر جوان بووە. لەو شەوەیدا کە بە “بوودا” ئاوس دەبێت، شاژنە مایا فیلێکی سپی لە خەودا بینی. ئەم خەوە بۆی دەرخست کە ئەم منداڵە کەسێکی تایبەت و دانسقە دەبێت. ماوەیەک دوای لەدایکبوونی سیدارتا پیاوێکی خاسکردە و پیرۆز پێشگویی کرد، ئەگەر ئەو لە کۆشکدا بمێنێتەوە دەبێت بە پاشایەکی دیاری هەموو جیهان، بەڵام ئەگەر ژیانی ئایینیی هەڵبژێرێت دەگاتە ترۆپکی ڕووناکی و دەبێت بە مامۆستایەک بۆ خوداکان و ئینسانەکان. دایکی “بوودا” لە وەڵامدا وتی: ئەم پێشگوییە پەرێشانم دەکات!…من دەمەوێت پاش مەرگی من، سیدارتا لەسەر تەختی پاشایەتی دانیشێت.
“ژیان لە ناو کۆشکدا”
پاشای باوکی “بوودا” بڕیاری دا تەنها یەکەم بەشی پێشگۆییەکە بەدیبێنێت. هەر بۆیە هەموو سرنج و ڕژدبوونەوەیەکی بێوێنەی دایە کوڕەکەی. شازادەش وردەوردە خەریکبوو گەورە دەبوو و بەرەبەرەش فێری هونەرکان و زانستە نەریتییەکان دەبوو و بەسەر ئەستێرەناسی، بیرکاری و زمانە جیاوازەکاندا زاڵ بوو. هەروەها دەشپەرژایە سەر وەرزشە کۆنەکانی وەکوو پێکان(تیراندازی)، سوراکاری و کەشتیوانی. بۆ ئەوەی “بوودا” هۆگر و پێبەستراوی ژیانی ناو کۆشک ببێت پاشا حەرەمسەرایەکی دروست کرد و هەوڵی دا هەموو چیژە مادییەکانی دنیا دەوروخولی ژیانی بتەنن و هیچ کات لە کۆشک نەچێتە دەرەوە. باوکی “بوودا” پێی وا بوو کە ڕاستییە تاڵەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە زەینی کوڕەکەی بەرەو لای ئایین بڕوات هەر بۆیە ئەم هەموو ناز و نیعمەت و چێژەی خستە بەردەمی. بە تێپەڕینی کات ژنانی ناو کۆشک وردەوردە باسی دنیای دەرەوە و جوانییە زۆر و زەبەندەکانیان بۆ کرد. هەر بۆیە گەشتێک بۆ دەرەوەی کۆشک بۆ شازادە ڕەخسێنرا، بەڵام پێش هەر شتێک پاشای باوک فەرمانی دا کە ڕێگاکان لە بوونی هەرچی کەسانی پیر و پەککەوتە و نەخۆش یان بەخشراو و نابینا چۆڵ بکرێت.
“لە دەرەوەی کۆشک”
شازادە چەند جار بۆ دەرەوەی کۆشک سەفەری کرد و هەر جارەو شتێکی بینی کە پەرێشانی کرد، جاری یەکەم پیاوێکی پشت کۆماوە و بێ ددانی بینی. جاری دووەم پیاوێکی نەخۆشی بینی کە ورگی ئاوسا بوو و دنیایەک پیسایی و مێش و مەگەز دەوریان دابوو. لە سێهەمین گەشتیدا، تەرمی کەسێکی بینی لە ناو شەقامێکدا کە لە لایەن هاوڕێیان و بنەماڵە خەمبارەکەیەوە بەرەو ماڵاوایی بەڕێدەکرا. “بوودا” لای خۆیەوە وتی: “ئێستە زانیم کە پیری چۆنچۆنی یادەوەری و جوانی و دەسەڵات لەناو دەبات. ئێستا زانیم کە پیری چۆناوچۆن لەش دادەڕزێنیت. مانای هەر کام لەم دیمەنانە چییە؟ هەموو مرۆڤەکان چارەنووسێکی یەکسانیان لەبەردەمە. پێم سەیرە لەگەڵ هەبوونی ئاوەها هەڕەشەیەک خەڵک هەست بە هێوری و ئارامیی دەکەن.” کاتێک بیری لە حەتمیبوونی پیری، ناخۆشی و مەرگ کردەوە، هەستی دڵەڕاوکی و ترس داگیری کرد. ئەو بێدەنگ و گۆشەگیر بووبوو. وتی ئێستا چڵێسییە چیژبەخشەکان و ئەوەی فێری بووم هەر هەمووی بەتاڵ و بۆش دێنە بەرچاو. پاشای باوک ئەم ناهومێدییەی ئەوی بینی. بۆیە وتی دەمەوێت سیدارتا دووبارە گەشت بکات بەڵام ئەم جارەیان لەگەڵ هاوەڵانێکی متمانەپێکراو کە بە گێڕانەوەی حیکایەت و چیرۆکەوە سەرقاڵی کەن. “بوودا” و پیاوە گەنجەکانی هاوەڵی پێکەوە بەرەو دەوروبەری ناوچە جوانەکانی شار ڕۆیشتن. بەڵام “بوودا” لەگەڵ ئەم کەسانە نامۆ بوو و هەستی نامۆیی بەسەریدا زاڵ دەبوو و هەر کوێی دەبینی هەر ئازار و ڕەنج بەرەو ڕووی دەهات. “بوودا” هەموو سەرخۆشی، گەشبوون و هێزی لەکیس دابوو.
لە هاوەڵ و هاوڕێیانی هەڵبڕا و گۆشەیەکی خەڵوەتی هەڵبژارد و لە ژێر دارێکی پامادورا ڕۆنیشت. لەوێ بیری لەو شتانە کردبووەوە کە بینیبوونی. ئەو ڕاستەوخۆ ترس و سامی مەرگی بینی و بەسەریدا زاڵ بوو و دواجار ئەوپەڕی سنووری گەیشتن بە هێوریی بەردەمی بینی. دواتر لە ڕێگادا سەدۆ(پیاوێکی پیرۆز)یەکی بینی. لای خۆیەوە وتی وا دەردەکەوێت کە ئەم سواڵکەرە بێ ماڵ و حاڵە، هەستێکی ڕەسەنی لە هێوریی و گونجان لەگەڵ پیری، نەخۆشی و مەرگ هەیە. بۆیە سیدارتا بڕیاری دا نەگەڕێتەوە بۆ کۆشک، لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی ماڵاوایی خامۆشیی کرد. چوو بۆ پەنا و پەسیوەکانی دارستان و لەوێ پرچەکانی بە شمشێرێک بڕییەوە. و جلوبەرگە گرانباییەکانی لەگەڵ باڵاپۆشی مورتازێکدا گۆڕییەوە. گەڕان و پشکنینی ئەو بەدوای ڕووناکیدا دەستی پێکردبوو. لەوە بەدواوە شازادە فێری کۆمەڵێک شێوەی جۆراوجۆر بوو کە لە ناو مورتاز و یۆگاکارەکاندا باو بوو. ئەوانە بەشێوەی جۆراوجۆر سەختییان وەبەر خۆ دەدا، بە هەمان شێوە کە ئەمڕۆکە لە هیندستان باوە، ئەوان هیچ کات ناڕۆن بۆ حەمام، لە قوڕ دەنیشن و بۆ ماوەیەک لە حاڵەتێکدا دەمێننەوە. سووربوونی سیدارتا بووە هۆی ئەوەی زیاتر بچێتە پێشێ. ئەو هەموو بیر و خەیاڵەکانی سەرکوت کرد، نەفسی بۆ قۆناغانێک کوشت و برسێتی دەرخواردی خۆی دا. لە کۆتایی ڕیازەت و گۆشەنشینییەکانیدا، جگە لە پێست و ئێسقانێک هیچی دیکە نەبوو. ئەو لە کەنار ڕووبارێکدا بوورایەوە. منداڵانی گوند وایانزانی کە ئەو تارماییەکی تەمگرتووە، بەڵام بەرەبەرە وشیاریی خۆی وەرگرتەوە و دواتر لە ئاوی ڕووبارەکەدا خۆی شوشت. کچێکی گوندی تۆزێک شیربرینجی هێنا و ئەویش بە دەم سوپاسگوزارییەوە خواردی. “بوودا” لە بەر خۆیەوە وتی: خۆئازاردانی زیادە لە پێویست جەستەمی داهێزراندووە. سیدارتا شوێنی دانیشتنی خۆی بە گژوگیایەک بە ناوی کووشا لە ژێر درەختێک بە ناوی بۆدی هەموار کرد. ئەو تێگەیشتنێک کە لەکاتی دانیشتن لە ژێر داری پامادورا پێی گەیشتبوو وەبیر هێنایەوە: گەشبوون، وشیاریی و ئاسوودەیی. بۆیە “بوودا” سوێندی خوارد و وتی: سوێند دەخۆم لێرە نەجووڵێم تا کاتێک مەعریفە و زاناییم کامڵ دەبێت یان ئەمە یان دەبێت بمرم!
ئەو هەموو دەقە ئاینییەکانی خوێندبوویەوە و هەموو شێوازەکانی تاقی کربووەوە. ئێستە ئیتر هیچ شتێک نەمابوو کە پاڵی پێوە بدات، کەسێک نەبوو ڕووی تێ بکات و هیچ شوێنێک نەبوو بڕوات، هیچێک نەبوو جگە لە خۆی!
سەرچاوە: بودا: قدم اول/نویسندە جین هوپ؛ طراح وان لون؛ ترجمە علی کاشفی پور-تهران: شیرازە، ١٣٧٨.
نووسین و ئامادەکردن: ژان هۆپ و بۆرین ڤان لوون
وەرگێڕان: سپێدە ساڵحی