“سه‌ره‌تايه‌ك له‌باره‌ى لێكۆڵينه‌وه مێژووييه‌كانى كۆمه‌ڵناسى و په‌يوه‌ندييه‌كانى كۆمه‌ڵناسى و مێژوو”
به‌و پێيه‌ى مێژوو زانستيى لێكۆڵينه‌وه‌يه له ڕابردوو، ئه‌م ڕابردووه ده‌كرێت له لايه‌نى سياسيى و ئابووريى و كۆمه‌ڵايه‌تيى و ته‌نانه‌ت چۆنێتى ژيانى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى دياريكراويش بێت، ئه‌گه‌ر جاران مێژوو وه‌كوو چه‌مك و وه‌كوو زاراوه ته‌نها به‌وه پێناسه كرابوو، كه ته‌نها باسكردنه له ژيانى سياسى سه‌ركرده و جه‌نگه‌كان و ڕابردووييه‌كى ڕووتى ميلله‌ت و نه‌ته‌وه‌كان، ئه‌وا ئه‌مڕۆ له‌وه تێپه‌ڕيوه ته‌نها باسى لايه‌نى سياسيى بكات، به‌ڵكوو لايه‌نى كۆمه‌ڵايه‌تيى و ئابووريش ده‌گرێته‌وه، ئه‌وه‌ى لێره‌دا مه‌به‌ستمانه دۆزينه‌وه‌ى ئه‌و په‌يوه‌نديى نێوان زانستى كۆمه‌ڵناسييه به مێژووه‌وه، ياخود بڵێين گرنگى مێژوو چييه بۆ زانستى كۆمه‌ڵناسى، ئايا زانستێكى گرنگى وه‌كوو كۆمه‌ڵناسى ته‌نها له‌باره‌ى لايه‌نى كۆمه‌ڵايه‌تى و ڕه‌فتارو كرداريى تاك و كۆمه‌ڵگه له ئێستادا ده‌كات، ياخود بايه‌خ به لايه‌نى مێژوويى كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌دات؟ بۆ وه‌ڵامى ئه‌م پرسياره‌ش ده‌كرێت په‌نا بۆ بۆچوونى كۆمه‌ڵناسان و توێژه‌رانى بوارى كۆمه‌ڵناسى سياسييش ببرێت،
كۆمه‌ڵناسه‌كان پێيان وايه زۆربه‌ى توێژينه‌وه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان توێژينه‌وه‌ى مێژوويين، چونكه سۆسيۆلۆژيسته‌كان ئه‌و ڕووداو و شتانه تۆمارده‌كه‌ن، كه له‌ڕێگه‌ى تێكه‌ڵاوبوونيانه‌وه به ژينگه و سيسته‌مى كۆمه‌ڵگا ده‌يانبينن، زاراوه‌ى سۆسيۆلۆژياى مێژوويى له لێكۆڵينه‌وه‌ى ئه‌و هه‌قیقه‌ت و ڕووداوه كۆمه‌ڵايه‌تييانه‌دا به‌كاردێت، كه زياد له (50)ساڵ به‌سه‌ر ڕوودانياندا تێپه‌ڕيوه، له‌به‌رئه‌وه گشت ئه‌و هه‌قیقه‌ته كۆمه‌ڵايه‌تييانه‌ى په‌يوه‌ستن به ڕووداوه‌كانى سه‌ده‌ى 19ه‌وه به‌هه‌قیقه‌تى مێژوويى هه‌ژمار ده‌كرێن، له كاتێكدا ناتوانين هه‌قیقه‌ته كۆمه‌ڵايه‌تييه هاوچه‌رخه‌كان وه‌ك ئه‌و هه‌قیقه‌تانه‌ى كه په‌يوه‌ستن به هه‌ڵبژاردنه گشتييه‌كانه‌وه به هه‌قیقه‌تى مێژوويى هه‌ژمار بكه‌ين، چونكه په‌يوه‌ستن به‌و سه‌رده‌مه‌ى ئێستاوه كه كۆمه‌ڵگه به‌خۆيه‌وه ده‌يبينێت. پێويسته ئه‌وه‌ش بڵێين كه سۆسيۆلۆژياى مێژوويى جۆرێكى دياريكراوى لێكۆڵينه‌وه‌ى به‌راوردكارى گرووپه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانه، لێكۆڵينه‌وه له پێكهاتنى و په‌يوه‌ندييه‌كانى و بارودۆخه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى، ئه‌نترۆپۆلۆژيستى كۆمه‌ڵايه‌تى له گرووپه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى سه‌ره‌تايى و ساكاره‌كان ده‌كۆڵێته‌وه، له كاتێكدا سۆسيۆلۆژيستى مێژوويى له ڕێگه‌ى لێكۆڵينه‌وه له تۆمارى كۆمه‌ڵگه‌كان و شارستانيه‌ته‌كانى پێشووه‌وه، كه له‌ماوه‌يه‌كى مێژوويى دوورودرێژدا بوونيان هه‌بووه، هه‌ڵده‌ستێت به لێكۆڵينه‌وه‌ى گرووپه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان.
يه‌كێك له هه‌ره سۆسيۆلۆژيسته ناسراوه‌كان له‌م باره‌وه ده‌ڵێت؛ داوا له زاناكانى مێژوو ده‌كه‌ين، كه له‌و كاره دژوار و گرانه‌دا يارمه‌تيمان بده‌ن، كه پێى هه‌ڵده‌ستن، توێژينه‌وه و پشكنينه مێژووييه‌كانيان ته‌نها لێكۆڵينه‌وه‌يه‌كن، كه په‌يوه‌ستن به بابه‌تى گۆڕ‌انى كۆمه‌ڵايه‌تييه‌وه و هيچى ديكه‌نين، ئه‌و بابه‌تانه‌ى كه زانا پسپۆڕه‌كان ناتوانن لێى بكۆڵنه‌وه، به‌ڵكوو ته‌نها سۆسيۆلۆژيسته‌كان ده‌توانن له‌و بابه‌ته بكۆڵنه‌وه، كه خاوه‌ن شێوازێكى تيۆرى و چه‌ندين هه‌قیقه‌تى كۆمه‌ڵايه‌تييه، كه له لێكۆڵينه‌وه‌ى كێشه‌كانى گۆڕان و ستراكتۆرى گۆڕاوى كۆمه‌ڵگه‌دا يارمه‌تى ده‌ده‌ن.[1] ئيبن خه‌لدوون (1332_1406)ز، له‌مێژووى ئيسلام‌دا به يه‌كێك له نووسه‌ر و بيرمه‌نده هه‌ره دياره‌كانى بوارى كۆمه‌ڵناسى ديارى ده‌كرێت، تاكه نووسه‌ره له مێژووى ئيسلام‌دا، كه زۆر به ڕاشكاوييه‌وه له‌باره‌ى ئاكارى دونياييه‌كانى خۆى دواوه، له بوارى فه‌لسه‌فه‌دا خوێندكارى ئيبن ڕوشد بووه، كه‌له فه‌يله‌سوفه ماترياليسته گه‌وره‌كانى ئه‌ره‌ب بووه، ئيبن خه‌لدوون له سه‌رده‌مى ژيانى خۆي‌دا كۆمه‌ڵێك ڕووداوى سياسيى بينيووه، كه دواتر كاريگه‌ريان له‌سه‌ر هزرو بيركردنه‌وه‌كانى هه‌بووه، ئه‌وانيش له ناوچوونى دواين ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له ئيسپانيا و دروستبوونى ئاژاوه له باكوورى ئه‌فريقا، له ڕۆژهه‌ڵاتيش هێرشى ته‌تاره‌كانى ته‌يمورى له‌نگ، ئيبن خه‌لدوون يه‌كێك بووه له‌و كه‌سانه‌ى زۆر گرنگى به بوارى مێژووى كۆمه‌ڵايه‌تيى داوه، ئه‌و باس له‌وه ده‌كات، ئامانجى ڕاسته‌قينه‌ى مێژوو ئه‌وه‌يه، كه بارودۆخى كۆمه‌ڵايه‌تيى مرۆڤ، واته شارستانييه‌تمان پێ بناسێنێت و هه‌روه‌ها هه‌موو ديارده‌كانى په‌يوه‌نديدار به شارستانييه‌تمان فێر بكا، وه‌ك ژيانى بيانى، هاوسه‌نگ كردنى دابونه‌ريت، ڕوحيه‌تى خێڵ و خوێن، خۆ فه‌رزكردنى هه‌ندێك له گه‌لان به‌سه‌ر ئه‌وانى تردا، كه ده‌بێته‌هۆى سه‌رهه‌ڵدانى ئيمپراتۆريه‌ته‌كان و زنجيره‌ى پاشا‌كان، جياوازى پله‌و پايه‌ى كار‌و پيشه گه‌لێك، كه خه‌ڵكى پێيانه‌وه سه‌رقاڵن وه‌ك قسه‌ى به‌سوود، كارگه‌لێك، كه ژيان دابين ده‌كه‌ن، زانسته‌كان، هونه‌ر و سه‌ره‌نجام هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارييانه‌ى، كه ڕه‌نگه چييه‌تى شتومه‌كه‌كان بخه‌نه ناو ئاكارى كۆمه‌ڵايه‌تييه‌وه…[2].
هه‌روه‌ها مێژووى به‌شێوه‌يه‌ك له شێوه‌كانى كۆمه‌ڵايه‌تى مرۆيى دانا، له‌به‌رئه‌وه‌ى مێژوو وه‌سفى ده‌وروبه‌رى كۆمه‌ڵايه‌تى ده‌كات، كه سياسه‌ت و جه‌نگ و هونه‌رو زانست و پيشه‌سازى و بازرگانى و ديارده كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان و ئابوورى و ئايين ده‌گرێته‌خۆ، ئه‌و هه‌موو دياردانه كاريگه‌رى ده‌كه‌نه سه‌ر ڕه‌وتى مێژوو يان به‌شێوه‌يه‌كى ئيجابى، كه زيادكردنى زانيارييه بۆ ڕاستييه‌كان و پياهه‌ڵدانيان يان به‌شێوه‌ى سلبى بۆ لابردنى هه‌ندێك زانيارى و كورتكردنه‌وه‌يان و نه‌چوون به‌لاى هه‌ندێك ڕاستييدا و دياريكردنى هه‌ندێك له هه‌ندێكى تريان، هه‌ربۆيه ئيبن خه‌لدوون جه‌خت ده‌كاته‌وه، كه ده‌بێت مێژوونووس له هه‌موو زانيارييه‌ك شاره‌زايى هه‌بێت، به‌ڵام ته‌نها ئه‌گه‌ر ته‌نها گێڕانه‌وه‌ى ده‌نگ وباسه‌كان بزانێت ئه‌وا ته‌نها چيرۆكنووس ده‌رده‌چێت، هه‌ربۆيه مێژوو لاى ئيبن خه‌لدوون دووڕووى هه‌يه: ڕوويه‌كى ده‌ره‌كى و ڕوويه‌كى ناوه‌كى، كه جياوازن له يه‌كترى، ده‌ره‌كى وه‌كوو خۆى ده‌ڵێت؛ ته‌نها خۆى له ڕووداوى ڕۆژانه‌ى ده‌وڵه‌ت و پێشينه‌ى سه‌رده‌مه‌كانى پێشوو ده‌بينێته‌وه، ئه‌و ده‌نگو باسانه‌ى، كه قسه‌و ڕووداو و چيرۆك و كه‌سايه‌تييه‌كان ده‌گرێته‌خۆى، به‌ڵام ڕووى دووه‌مى ناوه‌وه (ناوه‌كى) بۆمێژوو، كه خۆى له لێكۆڵينه‌وه و شيكردنه‌وه‌ى بوونه‌وه‌ره‌كان و ڕووداوه‌كان و زانينى هۆكاره‌كان و هۆى بوونيان و گۆڕينيان له‌شێوه‌يه‌كه‌وه بۆ شێوه‌يه‌كى تر..[3] به بڕواى “جۆرج ڕيته‌رز” كۆمه‌ڵه هێزێكى كۆمه‌ڵايه‌تى ڕۆڵى گه‌وره‌يان بينيوه له سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردنى تيۆره كۆمه‌ڵناسييه‌كاندا، مه‌به‌ستى ئه‌م كۆمه‌ڵناسه‌ش ئه‌و جموجۆڵه سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تييه بوو، كه‌له نێوان كۆتاييه‌كانى سه‌ده‌ى هه‌ژده و سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ى نۆزده‌دا له ئه‌ورووپا سه‌ريان هه‌ڵدا و به‌دواى خۆيان‌دا كۆمه‌ڵێك گۆڕانگارى گه‌وره گه‌وره‌يان دروستكرد، له‌وانه؛ شۆڕشى سياسى، كه مه‌به‌ستى سه‌رجه‌مى ئه‌و شۆڕش و بزاوته سياسييانه‌بوو، كه‌له ئه‌ورووپاى سه‌ده‌ى (18)و نۆزده‌دا ڕووياندا: زنجيره‌ى دوورودرێژى ئه‌و شۆڕشه سياسييانه‌ى، كه ئيلهاميان له شۆڕشى فه‌ڕه‌نسى 1789ه‌وه وه‌رگرتبوو و ده‌ركه‌وته‌كانيان سه‌ده‌ى نۆزده‌شى گرته‌وه، له‌و فاكته‌رانه بوون كه به‌شێوه‌يه‌كى ڕاسته‌وخۆ كاريانكرده‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانى تيۆره سۆسيۆلۆجييه‌كان، مه‌به‌ستى ڕيته‌رز لێره‌دا، هۆكار و ده‌ره‌نجامه‌كانى ئه‌م شۆڕشه‌يه، واته چ سه‌يركردن و لێكۆڵينه‌وه له‌و هۆكارانه‌ى، كه بوونه‌ته‌هۆى سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕشه‌كه و چ ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌يش، كه ئه‌م شۆڕشه به‌دواى خۆي‌دا هێناى، كاريگه‌رى گه‌وره‌ى هه‌بوو له‌سه‌ر بيركردنه‌وه‌ى سۆسيۆلۆجى.
هه‌روه‌ها شۆڕشى پيشه‌سازى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌م شۆڕشه له به‌ريتانياوه ده‌ستى پێكرد، به‌ڵام هه‌رزوو به‌ره‌و وڵاتانى تر‌ى ئه‌ورووپا په‌لى كێشا و كاريگه‌رى گه‌وره‌ى كرده سه‌ر ژيانى كۆمه‌ڵايه‌تى مرۆڤ، له‌م باره‌يه‌وه ڕێترز نووسيويه‌تى؛ “شۆڕشى پيشه‌سازى به‌ته‌نها ڕووداوێك نه‌بوو، به‌ڵكوو گه‌شه‌كردنێكى هه‌مه‌لايه‌نه بوو، كه گواستنه‌وه‌يه‌كى له جيهانى ڕۆژئاوادا دروستكرد، له كشتوكاڵ كردنێكى به‌رفراوانه‌وه بۆ سيسته‌مێك، كه زۆرينه‌ى پيشه‌سازى پێكهێنابوو، هه‌ربۆيه چه‌ندين زانا‌و نووسه‌ر به‌جۆرێك ئه‌م ڕووداوانه‌يان لێكداته‌وه و ڕاڤه‌ى بۆ دۆخى كۆمه‌ڵگاكانى دواى شۆڕش و ده‌ره‌نجامه‌كانى ئه‌م شۆڕشه كردووه. چه‌ندين ديارده‌ى وه‌ك هه‌ژارى، هاوكات چه‌ندين كێشه‌و گرفتى نوێى هێنايه ئاراوه وه‌ك: قه‌ره‌باڵغى له‌ڕاده‌به‌ده‌رى شاره‌كان و خراپى دۆخى ته‌ندرووستى له‌شاره تازه گه‌شه‌كردووه‌كاندا، هه‌روه‌ها هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى خێزان، به‌هۆى كاركردنى زۆرى ژنان و منداڵان له كارگه‌كاندا، سه‌بارى ئه‌وه‌يش جياوازى چينايه‌تى له نێوان چينى سه‌رمايه‌داران و كرێكاراندا بووه هۆى سه‌رهه‌ڵدانى چه‌ندين جووڵانه‌وه و بزووتنه‌وه‌ى ڕاديكاڵى، كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌و قه‌يرانانه بوو كه كۆمه‌ڵگه به‌هۆى ئه‌م شۆڕشه بۆى دروست ببوو. دياره زانستى كۆمه‌ڵناسى وه‌ك يه‌كێك له زانسته مرۆييه‌كان، كه‌له‌سه‌ر ده‌ستى سۆسيۆلۆگى فه‌ڕه‌نسى “ئۆگه‌ست كۆنت”ه‌وه له‌ساڵى 1839دامه‌زرێنراوه، هه‌وڵى داوه شيكارو ڕاڤه‌ى ئه‌و ديارده كۆمه‌ڵايه‌تييانه بكات، كه‌له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، كه هه‌ندێك له‌و دياردانه نێگه‌تيڤن و وه‌ك نه‌خۆشى كۆمه‌ڵايه‌تى ده‌رده‌كه‌ون، هه‌ندێكى تريان ديارده‌ى كۆمه‌ڵايه‌تيى ئاسايين و به‌شێوازێكى ڕۆتينى له ژيانى مرۆڤه‌كاندا ڕووده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى، كه مێژووى هزرى كۆمه‌ڵايه‌تى پێمان ده‌ڵێت، ئه‌وه‌يه كه سۆسيۆلۆژيا به‌رهه‌مى ئه‌و كێشه‌و گرفته كۆمه‌ڵايه‌تييانه‌يه، كه‌له كۆمه‌ڵگه خۆرئاواييه‌كاندا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، له‌پاش نيوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌م، وه‌ك هه‌ر زانستێكى تر له بۆشاييدا نه‌هاتووه، به‌ڵكوو له‌ژێر كاريگه‌رى كۆمه‌ڵێك گۆڕ‌انى هزرى و سياسى و ئابوورى په‌يدابووه، كه ڕۆڵيان هه‌بووه له ڕه‌نگڕێژكردنى چوارچێوه سه‌ره‌كييه‌كانى ئه‌م زاسته‌دا، له‌ديارترين ئه‌و كاريگه‌رييانه‌ش: له‌ڕووى هزرييه‌وه سه‌ركه‌وتنى ئه‌قڵانييه‌ت و زانست و فه‌لسه‌فه‌ى پۆزه‌تيڤيزم بوو، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستى سياسى، هه‌ڵگيرساندنى شۆڕشى فه‌ڕه‌نسى بوو، به‌ڵام لايه‌نى ئابوورى سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕشى پيشه‌سازى به‌خۆيه‌وه بينى، كه‌له ده‌رئه‌نجامه‌كانى گۆڕ‌انى يه‌كه‌مه‌وه بير‌ى زانستى و ئه‌قڵانييه‌ت له سۆسيۆلۆژيادا داهێنا، پاڵى به‌هه‌ندێك له پێشه‌نگه‌كانى كۆمه‌ڵناسييه‌وه نا، كه هه‌وڵى گه‌ڕان بده‌ن بۆ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى گونجاو بۆ كێشه‌كان وپێشكه‌شكردنى توێژينه‌وه‌ى زانستى تۆكمه بۆ خوێندنه‌وه‌ى ديارده‌كان و داڕشتنى بنه‌ما تازه‌كان، كه بگونجێت له‌گه‌ڵ سيسته‌مى تازه‌ى ئه‌و كۆمه‌ڵگايه‌نه‌ى كه كه‌وتوونه‌ته ژێركاريگه‌رى ئه‌و شۆڕشانه‌ى كه‌له سه‌ده‌كانى هه‌ژده و نۆزده‌دا ڕوويدا. به‌پێى بۆچوونه‌كانى ئيبن خه‌لدوون سه‌ره‌تاى دروستبوونى شارستانييه مه‌زنه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خێڵه بيابان نشينه‌كان، كه ده‌مارگيرى (عصبيت) له‌نێوانياندا به‌هێزه.
ده‌مارگيرى هۆكارێكى سه‌ره‌كييه له دروستبوونى ده‌وڵه‌تى شارستانييدا، به‌ڵام سه‌ره‌تاى دروستبوونى ده‌مارگيرى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خێڵه بيابان نشينه‌كان، كه زياتر به ده‌شته‌كى ناسرابوون، بۆيه ده‌مارگيرى سه‌ره‌تا له خێڵه بيابانيه كۆچه‌ريه‌كاندا سه‌رهه‌ڵده‌دات، به‌هۆى هه‌بوونى په‌يوه‌ندى خوێن و خزمايه‌تى له نێوان خێزانه‌كاندا، دواى گه‌شه‌كردنى خێڵ له‌ڕێگه‌ى داگيركردنى خێڵه‌كانى دراوسێيانه‌وه، گۆڕانكارى له‌ژيانى ئابوورى كۆمه‌ڵايه‌تياندا ڕووده‌دات، ئه‌و گۆڕانانه ده‌بێت به‌سه‌ره‌تايه‌ك بۆ دروستبوونى ده‌وڵه‌تى شارستانى، به‌ڵام له‌دروستبوونى به‌رده‌وامى گۆڕانه‌كان ده‌وڵه‌ت به‌پێى ته‌مه‌نى سرووشتى خۆى به‌ره‌و گۆڕان ئاڕاسته ده‌گرێت، وه‌ك ئيبن خه‌لدوون ئاماژه‌ى پێده‌كات ته‌مه‌نى ده‌وڵه‌ت له سێ نه‌وه‌دايه، له به‌دواى يه‌كداهاتنى نه‌وه‌كاندا قۆناغه‌كان گۆڕانيان به‌سه‌ردا دێت، به‌هۆى نه‌مانى ده‌مارگيرى، نه‌وه‌ى سێيه‌م كۆتايى ده‌وڵه‌تى شارستانييه به‌ده‌ستى ده‌مارگيرييه‌كى تر كه‌له‌سه‌ره‌تاى ده‌مارگيريدايه،به‌وشێوه‌يه ئاڕاسته‌ى مێژوو به‌رده‌وامى ده‌بێت. خه‌ڵكانى ده‌شته‌كى هه‌ميشه به‌دواى بژێوى ژيانيان له‌خودى به‌رهه‌مه سرووشتييه‌كاندا سه‌رقاڵن و وه‌ك جووتيارى و كشتوكاڵ، به‌تايبه‌تى به‌خێوكردنى ئاژه‌ڵ بۆ به‌رهه‌مه جۆراوجۆره‌كانيان، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى به‌ده‌شته‌كى ناوده‌برێن شوێنى ژيانيان له‌لادێ و بيابانه‌كاندايه، چونكه زه‌وى به‌يار و پانتايى ته‌خت وفراوانيان زۆره، له‌گه‌ڵ جۆرى ژيان و ئاژه‌ڵدارى و كارى ڕۆژانه‌ياندا ده‌گونجێت، بيابان نشينه‌كان ته‌نها به‌دواى شتى زه‌رووريدا ده‌گه‌ڕين بۆ پێداويستييه‌كانى ژيانيان وه‌ك خواردن و خواردنه‌وه و پۆشاك و خانووبه‌ره، سه‌رجه‌م پێداويستييه‌كانيان ته‌نها بۆ پاراستنى ژيانه، هه‌وڵه‌كانيان بۆ ژيانێكى ئاسايى به‌بێ زياده‌ڕۆيى كردن له پێداويستييه‌كانيان، بۆ ژيانێكى شكۆمه‌ندانه‌تر، بۆيه خانووه‌كانيان له مووى ئاژه‌ڵ يان گه‌ڵاى دره‌خت يان قوڕو به‌رد دروستكراوه، به‌بێ به‌كارهێنانى هۆيه‌كانى ڕازاندنه‌وه و جوانكارى، مه‌به‌ستيان له‌دروستكردنى ئه‌و جۆره خانووانه سێبه‌روساردى و گه‌رمى و حه‌وانه‌وه‌يه، زۆرجار له‌برى دروستكردنى خانوو په‌نا بۆ ئه‌شكه‌وت و نه‌واكان ده‌به‌ن، زۆربه‌ى بابه‌تى خواردنه‌كانيان بريتييه له چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشييه‌كان يان چاره‌سه‌رى نه‌خۆشييه‌كى دياريكراو، ئه‌وانه‌ى بژێوى ژيانيان له‌سه‌ر كشتوكاڵ و جووتياريه له پله‌يه‌كى به‌رزترى شارستانييه‌تدان به‌به‌رارود به گرووپه‌كانيتر، كه بريتين له دانيشتوانى لادێ و ناوچه شاخاوييه‌كان، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى بژێوى ژيانيان له‌سه‌ر به‌خێوكردنى ئاژه‌ڵه، ئه‌وه هه‌ميشه له كۆچ و ڕه‌وى به‌رده‌وامدان بۆ دابينكردنى له‌وه‌ڕگه و پانتايى زه‌وى فراوان بۆ ئاژه‌ڵه‌كانيان.
مێژوو له دواى سه‌رده‌مى ڕۆشنگه‌ريى و پێشكه‌وتنى ته‌كنيكه‌كانى لێكۆڵينه‌وه‌ى زانستى و په‌يدابوونى چه‌ندين ميتۆدى زانستى نوێ و ده‌ستڕاگه‌يشتن به به‌ڵگه‌نامه نهێنييه‌كانى ناو كۆشكى پادشا‌و سوڵتانه‌كان و دواتريش سه‌ركرده سياسييه‌كان و فه‌رمانده و كه‌سه دياره‌كان، شێوازه‌كانى گه‌يشتن به ئه‌نجامێكى ڕاست ودروست له‌باره‌ى ڕووداوه‌مێژووييه‌كانى جيهان، ده‌وڵه‌ت، خێڵ و بنه‌ماڵه‌كان و ڕۆڵى سياسيى و كۆمه‌ڵايه‌تييان، له‌وه ده‌رچووه، كه مێژوو ته‌نها گێڕانه‌وه‌ى ڕووداوگه‌لێكى ساده و دوور له هۆكارى دروستبوونى ڕووداوه‌كان و چۆنێتى ڕوودانيان و ئه‌و هۆكارانه‌شى له چوارده‌ورى ڕووداوه‌كه بێت، لێكۆڵينه‌وه له ڕووداوه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى ناو كۆمه‌ڵ و پێكهاته‌ى چينه‌كان و شوێنيان له ناو پڕۆسه‌ى به‌رهه‌مهێنان و پاشان كاريگه‌رى خێڵ و بنه‌ماڵه‌كان، كێشه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى ناو بنه‌ماڵه‌كان و كاريگه‌ريى له‌سه‌ر سياسه‌تى گشتى و حزب وده‌وڵه‌ت له‌سه‌رده‌مى نوێ‌دا، جێگه‌ى بايه‌خى توێژه‌رانى مێژوون، ئه‌گه‌ر جاران لێكۆڵينه‌وه‌كان زياتر ئاڵابوونه ڕووداوه سياسييه گشتييه‌كان و كاريگه‌رييه‌كانى، به‌ڵام له‌سه‌رده‌مى نوێ‌دا ده‌بێت شته بچووكه‌كان له‌به‌ر هاوێنه‌ى ميتۆده‌كانى لێكۆڵينه‌وه‌ى مێژوويى گه‌وره بكرێن و ورد‌و دروشتيان بخرێنه به‌ر توێكارى و شيكردنه‌وه‌ى هۆكارگه‌لێك، كه بوونه‌ته مايه‌ى پێكهاتنى. ئه‌گه‌ر سه‌يرێكى مێژوويى سياسى كورد بكه‌ين، كه‌مترين لێكۆڵينه‌وه له‌سه‌ر ڕووداوه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان و كاريگه‌رى لايه‌نى كۆمه‌ڵايه‌تى له‌سه‌ر ڕووداوه سياسييه‌كان و ئاڕاسته‌ى ڕووداوه‌كان كراوه، ئه‌وه‌ى زياتر لێكۆڵينه‌وه‌ى له‌باره‌وه كراوه، ژيانى سياسى ميرو ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، ژيانى سياسى ناو ميرنشينه‌كان، ڕووداوه‌كانى جه‌نگ و تێكهه‌ڵچوونه سه‌ربازييه‌كان و…هتد، كه‌متر توخنى هۆكانى ژيانى كۆمه‌ڵايه‌تيى و پێكهاته‌ى ئه‌قڵى و ڕۆشنبيرى كۆمه‌ڵگه و ڕاده‌ى هۆشيارى سياسى و داب ونه‌ريتى تاك وكۆمه‌ڵ و كولتوورى كه‌ڵه‌كه‌بووى ناو كۆى كۆمه‌ڵگه به‌درێژايى قۆناغه‌كانى مێژوو، وه‌ڵامى پرسياره‌كانى وه‌ك ئه‌وه‌ى چۆن ژيان و به‌چى ژيان و ڕاده‌ى په‌يوه‌ست بوون و په‌يوه‌ندييه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان و ناكۆكييه خێڵه‌كييه‌كان و داب ونه‌ريتى ژنهێنان و كاريگه‌رى بيركردنه‌وه هۆزايه‌تييه‌كان له‌سه‌ر سياسه‌تى گشتى، كه‌متر لێى كۆڵراوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت ديارده شارستانييه‌كانى وه‌ك: مێژووى په‌رستگا ئايينييه‌كان، پياوانى ئايينى، مه‌راسيمه ئايينى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان، جلوبه‌رگ و شێوازى ئاماده‌كردنى خۆراك و مۆسيقا و پرد و بورج و قه‌ڵاوقوله و شێوازى دروستكردنى بيناسازى و پێكهاته‌كانى، …هتد، تيشكى كه‌مى خراوه‌ته‌سه‌ر، ئه‌گه‌ر سه‌يرى قۆناغه جياوازه‌كانى مێژووى گه‌لى كورد بكه‌ين، ئه‌م گرفته به‌زه‌قى هه‌ست پێده‌كه‌ين.
سەرچاوە:
[1] د.احسان محمد الحسن، لقه‌كانى سۆسيۆلۆژيا، له عه‌ره‌بييه‌وه: دانا مه‌لا حه‌سه‌ن، گۆڤارى سيۆسيۆلۆژيا، ژماره (4-5)، زستان و به‌هارى 2006، ل13-14.
[2] ڕه‌زا جه‌بار، كورته‌يه‌ك له‌سه‌ر مێژووى سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌سه‌ندنى زانستى كۆمه‌ڵناسى، كۆمه‌ڵايه‌تى سه‌رده‌م (گۆڤار)، ژماره(7)، هاوينى 2008، ل166167.
[3] بڕوانه: ڕه‌حيم سابير، فه‌لسه‌فه‌ى مێژوو، چاپى دووه‌م، سلێمانى، 2005، ل82-84.
ئاماده‌كردنى؛ د.ژيلوان ئه‌بدولڵا هه‌ڵه‌دنى