“خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسانە پاش ڕووداوەکان”
“پێشەکی”
ئازادی ڕادەربڕین مێژوویەکی خوێناویی هەیە، بە هەمان بارەتەقاش جەنگاوەر و هۆگری هەیە. لەو وڵاتانەی کە تا ئێستەش بۆ مرۆڤایەتی پێشەنگی ئازادی و گۆڕانکارییە مەزنەکان بوون دەتوانین فەرەنسە ناو بهێنن. بێگومان بەشی زۆری وڵاتانی ڕۆژئاوا و تەنانەت هەموو هەوڵە نیوە و نوقسانەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی وڵاتە ئیسلامییەکان بۆ نموونەوەرگرتن لە شۆڕشی فەرەنسە پێمان دەڵێت فەرەنسە لەم ڕووەوە سەرچاوە و وەکوو دەڵێن وڵاتی سەرچاوە و دایک بووە. ئەم بەو مانایە نییە وڵاتانی دیکەی ڕٶژئاوا لەسەر ئەم ڕەوتە گەشە و پەرەسەندنی ئازادی و دیموکراسی کاریگەر نەبوون بەڵکوو وەکوو وتم پێشەنگایەتی فەرەنسەمان بۆ دەردەخەن کە لە شۆڕشی فەرەنسە یان وەکوو ناوی ڕۆشتووە لە “شۆڕشی مەزنی فەرەنسە (١٧٨٩-١٧٩٩)”دا بەرجەستە بووەوە. ئەم شۆڕشە قۆناغێک بوو لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان لە مێژووی سیاسیی فەرەنسە و ئەورووپادا کە لەلایەن خەڵکی ئەو وڵاتەوە بەدی هات. ئەم شۆڕشە هەروا کە تیشکم خستە سەری وەکوو یەکێک لە چەند شۆڕشە مەزنەکانی دیکە وەکوو شۆڕشی دایک لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتیدا هەژمار دەکرێت کە پاش بگرە و بەردە و ململانێیەکی زۆر بوو بەهۆی گۆڕینی سیستەمی پاشایەتیی بۆ کۆماری دیموکراتیکی فەرەنسە و دامەزراندنی لائیستیە. دواتر ئەم شۆڕشە و دەسکەوت و کۆی ڕووداوە ورد و درشتەکانی لە لایەن بیرمەندان و ڕۆشنبیرانی فەرەنسە و ئەوروپاوە تیۆریزە کرا و بوو بە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بۆ هەموو دنیا و زۆرێک لەو چەمک و زاراوە سیاسی و فیکرییانەی ئێمە ئەمڕۆ دەیانبیستین لەوانە دیموکراسی، ئازادی، مافی مرۆڤ لەو چرکەساتە زێڕینانەی مێژووی فەرەنسە لەدایک بوون.
بێگومان بەنیسبەت وڵاتانی ڕۆژهەڵات ئەم پرۆژەی بەدیموکراسیکردنە بەهەموو تێچووەکانییەوە هێشتا لە نیوەی ڕێگایە و ئاسۆکەش هەم لێڵە و هەمیش خوێناوی، دۆخی کورد لەم نێوانەدا بەهۆی دابەشبوونی خاک و وڵاتەکەیەوە تەواو جیاواز بووە. کورد ناچار بوو هێندەی خەبات بۆ ڕزگاری لە ژێردەستیی داگیرکەر بکات هێندەی لەگەڵ ئازادی و زاراوە سیاسی و فیکرییەکان بەمانا تیۆرییەکەی دەستەویەخە نەبوو بەڵام بەم حاڵەشەوە بەهۆی هەموو ئەو تێچووانەی لە پێناوی سەربەستی دای بەباشی لە تامی ئازادی تێگەیشتووە و تا ڕادەیەکی شیاو شکۆ و پێگەی ئازادی دەناسێت ئەگەرچی هێشتا لە سەرەتای ڕێگادایە. ئەم سەرەقەڵەمانەیە بیانوویەکە بۆ ئەوەی لەسەر هاتن و نەهاتنی بیرمەند و نووسەری میسری؛ یووسف زێدان بووەستم و بڵێم سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە ناسیاوەتییەکی کاڵ و کرچمان لەگەڵ دنیابینیی ئەودا هەبوو بەڵام پێم وایە بەشێکی زۆری کۆمەڵگا کێشەی نەبوو لەگەڵ هاتنی و ئەو کاردانەوە میدیای و مەجازییەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێش هەر شتێک دنە و ختووکەدانی ئیسلامی سیاسی بوو! ئێمە دەکرا ئەم نووسەرە بە ڕیز و حورمەتەوە بهێنین و هەموو ئەو بابەتانی کە ڕەخنەمان لەسەری هەیە بەرەوڕووی بکەینەوە بەڵام مخابن دۆخەکە شێوێنرا و دواجار یاسا ئەوەی بە دروست زانی و کردی. بەڵام شیاوی ئەوەیە ڕەخنەیەکیش لەم نووسەرە و بڕیاری نەهاتنەکەی بگیرێت.
“لە نێوان هاتن و نەهاتندا”
پاشگەزبوونەوەی یوسف زیدان؛ بیرمەند و نووسەری عەرەبی لە هاتنی بۆ هەولێر لە سەروبەندی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی هەولێر لەگەڵ ئەوەی کە هەڵبژاردنێکی ئازادی بەڕێزیانە و هەڵوێستی ئەوە لە هەمبەر شەپۆلێکی دۆگمای ڕادیکاڵ، بەتەواوەتی جێگەی بەرگری و لەپشت وەستانە، هاوکاتیش ڕەخنەهەڵگرە چونکە ئەو ڕێبازەی ئەو لەسەری وەستاوە و پێی ناسراوە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسلامی سیاسی و دۆگمای ئایینی بووە و دەبوو هەر لەبۆ لێدان لەو شەپۆلە ناڕەوا و تاریکە بە هەر جۆرێک بایات بهاتایا. دیارە ئێمە فۆرمی جۆراوجۆری ئایینی و بەتایبەتی ئاینیی ئیسلامیمان هەیە و ساڵانی ساڵ ئێمە وەکوو کورد موسڵمان بووین و لە ناو ئەم گێژاوەی ڕادیکاڵیزم و دۆگما و تووندئاژۆیی ئیسلامی سیاسیدا نەکەوتبووینە داوەوە. من پێم وایە باوەڕمەندییەک کە مەلای گەورە و شێخ ڕەزای بەرهەم هێنابێت زۆر بە ئاسانی دەتوانێت لەگەڵ زێدان و تەنانەت سەلمان ڕوشدیشدا دیبەیت بکات! کاتێک دەڵێم دیبەیت مانای ئەوەی نییە ئێمە ڕای بەرامبەرمان لەسەتاسەت قبووڵە بەلکوو بەو مانایەیە کە ئێمە ناترسین لە ڕاگۆڕینەوە بۆیە ئەو شەپۆلەی کاردانەوە ئەم پوتانشێل و تواناییەی مێژووی ئێمە بەلاڕێدا دەبات و دەبوو لەپاڵ ئەمەشدا ئەم نووسەرە مکوڕ بایا لە هاتنەکەی بۆ ئەوەی بەگژ ئەو دۆگمایەدا بەشێوەی ڕەمزی بچێتەوە. ئەم هاتنەی ئەو دەبووە کردەوە و هەڵوێستێکی ڕەمزی بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و ڕای ئازاد و هاوکاتیش پشتڕاستکردنەوەی ئەم ڕاستییە دەبوو کە کوردستان ساڵانێکە بووە بە کەشێکی فرەدەنگ و فرەڕەنگ و لە ئاستێکی شیاو(بەڵام هێشتا لەحاڵی گەشە و ناتەواودا)دا دیموکراسی پراکتیزە کراوە، لانیکەم بە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە و ئەو دیکتاتۆرییە مەکیاجکراوەوە کە خەڵکیان پێ گەوجاندووە و کۆیلەیەتی و ملکەچییان بە ناوی ئازادی و دیموکراسیی پێ فرۆشتوونەتەوە.
ئەم ڕووداوە دەکەم بە بیانوو تاکوو لەسەر کەشی کوردستان بەگشتی و هەولێر بە تایبەتی و تەڕاتێنی ئیسلامی سیاسی و هێزە سەلەفیی و دۆگماکان لە کوردستاندا بوەستم. ڕاستییەکەی ئەوەیە ڕەوتی ئایینی لە کوردستان لە قۆناغی پێش مۆدێڕندا ڕەوتێکی سازگار و هەڵگری خەونی پێکەوەژیان بووە و دەکرێت بڵێین ڕۆحێکی سۆفیگەرانەی هەبووە، بەڵام لە قۆناغی مۆدێڕندا وەکوو پلانێکی وڵاتانی عەرەبی-ئیسلامی بە خەونی ئیسلامی سیاسییەوە کاریگەریی نەرێنی لە کۆمەڵێک ئاستدا وەرگرت. دەبێت لایەن و ڕەوتی ئیسلامی لە باوەڕی ئیسلامی جیا بکەینەوە، ئێستەش زۆرێک لە خەڵکی باوەڕداری ئیسلامیی لە کوردستاندا هەیە کە لەگەڵ هەموو گۆڕانکاریی و تابۆشکێنییەکانی سەردەمەوە بە تۆلەرانس و لێبوردەییەوە چاو لە هاووڵاتیان و دراوسێ و هاونیشتیمانیانی دەکات بەڵام بە نیسبەت کۆمەڵێک ڕەوت و ڕێچکە ورد و درشتەوە کە لە دەرەوەی کوردستان گەرایان دەدرێتی بابەتەکە پێچەوانەیە. ئەگەر ئەو وێنایە بهێنینە پێش چاوی خۆمان تێدەگەین ڕەوتە ئیسلامییەکان لەڕووی تووندئاژۆییەوە کاریگەریی نەرێنییان لە کوردستاندا هەبووە. لەو لاشە نابێت نکۆڵی لەمە بکەین کە گوتارێکی پاشخانداری ئاییینی کوردی هەیە کە بە هەموو مەعنەوییەت و قووڵبوونەوەوە لە شەرعی ئیسلام و هاوکات کۆمەڵگەی کوردی و دروستکردنی جۆرێک باڵانس و خۆگونجاندنی سەردەمیانە ئەرکی ئایینی و ئینسانیی خۆیان بۆ کوردستان وەکوو بەشێک لە کۆمەڵگەی جیهانی و ئیسلامی ڕادەپەڕێنن.
بەڵام بەداخەوە ئەم گوتارە لەبەر شەپۆلی بانگخوازی سەلەفی و گوتاری ئیخوانیی-قەتەری و ڕچەی بەرەی مقاومەی ئیسلامی و دەیان گچکە ڕەوت و زڕەڕێبازی ئیسلامیی دیکە، کە ناوی ئیسلام و ناوەرۆکەکشیان تێک داوە و بەلاڕێیاندا بردووە، لە ناو ئەم دۆخەدا ناتوانێت بەو شێوەیەی کە پێویستە گەشە بکات و ببێت بە گوتاری زاڵ و ڕەسەنایەتیی لەمێژینەی خۆی ببووژێنێتەوە. ئەگەر تۆزێک وردتر سەیری ئەو کەش و هەوا و ژینگەیە بکەین کە ئەمانەی تێدا هەڵتۆقیون دەگەین بە دژوازییەک کە دەمێکە بیرمەندان و تیۆریداڕێژانی بواری هزری سیاسیی باسی دەکەن ئەویش”دژوازییەکانی دیموکراسیی”یە. واتە کەش و ژینگەیەک کە بوار دەدەی بە لایەنی بەرامبەر و دژت چالاکی بکات و ئازادانە هەڵسووڕێت، ڕەنگە لە زۆر وڵاتاندا ئەم دژوازییانە لە ڕێگەی یاسا و میکانیزمییە دەستوورییەکانەوە کە کولتوورێکی سیاسی و مەدەنیی پشتیگیریی لێ دەکەن، بەباشی ئیشی کردبێت و سەقامگیرییەکی ئەگەرچی بەتەواوەتی چڕوپڕ نەبێت، بەدی هێنابێت و لە ئاستێکی باڵا و بەڕادەی دەسەڵات و هزری مرۆڤ گەیاندوویەتییە هەواری خۆی. بەڵام لە وڵاتانێکی ڕۆژهەڵاتی سەرەڕای ئەوەی دیموکراسیی یارییەکی شەرمنانە و درۆزنانەیە بوار نادەن کە دەنگە دژبەر یان تەنانەت ڕەخنەگرەکان سەر لە جۆیەک زیاد بکەن و دەیانپلیشێننەوە، لە کوردستان بەهۆی پێکهاتی حەشیمەت و مێژوویەک لە ڕەنگاڵەیی و فرەدەنگییەوە ئەم بوار و پوتانشێلە بەباشی ڕەخساوە، کوردستان دەنگ و ڕەنگی جیاواز و جۆراوجۆری تێدا کۆ بووەتەوە، ئەوە نییە ڕەوتە توندئاژۆ ئیسلامییەکان هەر کات بیانەوێت لە ڕێگەی مزگەوت و مینبەرەکان و ئێستە بە خێریی سەری تەکنەلۆژیاوە لە ڕێگەی پەیج و کەناڵ و کانیانەوە ڕچەی ڕاستەقینەی ئایین و ئەو تێگەیشتنە سرووشتی و مێژوودارەی کورد لە ئیسلام هەڵدەوەشێننەوە!.
ئەمە ئەو دیموکراسییەیەی کە ئەوان ڕقیان لێیە و پێی ڕا نایەن بەڵام هەر لە ژێر چەتری ئەو دیموکراسییەدا خەریکن پەلاماری کولتوور، زمان، شوناس و حوکمڕانیی کوردیی نەک تەنها لە باشوور بەڵکوو لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەدەن، نموونەی هەشبەسەرانەی ئەم ڕاستییە ئەوەیە کە جوند و سەربازەکانی جەنابی ئەحمەد شەرع بەشێکیان هەر ئەم کوردانەن کە سەردەمێک لەگەڵ ئێمە ژیاون و لە یەک کانیاو پێکەوە ئاومان خواردووەتەوە و بە یەک زمان قسەمان کردووە، و دایکی یەک خاک شیری خستووەتە دەممان، بەڵام لەو لاوە بە شمشێر و هوتافەوە هەڕەشە لە کورد دەکەن، ئەمە جەنگێکی کولتووری و ڕۆشنبیرییە کە ڕەنگە بەهۆی هەستیاربوون و فرەڕەهەندبوونییەوە ڕەوتی ڕٶشنبیریی و چاکسازیی ئایینیی کوردی نەیتوانیبێت لە سەرخستنیدا سەرکەوتوو بێت بۆیە دەبێت ئیرادەی زیاتری بۆ بخرێتە گەڕ و کەسان و لایەنانی دیکەش پەلکێشی ناو ئەم جەنگە کلتوورییە بن! کوردستان ژینگەی هەموو کوردێکە کە ئەو خاکەی خۆش بوێت، ئەگەر خۆشیشی نەوێت لانیکەم ڕقی لێی نەبێت، بەڵام مانای چییە هیچ لایەنێکی ئیسلامیی نقەی لێوە نایەت بۆ هیچ زام و برینێکی کورد لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەڵام شەووڕۆژ شینی فەلەستین دەکەن؟ مەگەر ئێمە سەرزەنشت و لۆمەی دڕندەیی ئیسرائیلمان نەکردووە؟ مەگەر نەتانیاهۆ بوونەوەرێکە کە شیاوی بەرگری بێت؟ ئەدی ئەوان بۆچی لە باتی پشتگریی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوا و ڕٶژهەڵات دانیشتوون لە دژی نەورۆز خوتبەی تەکفیری و توندئاژۆ دەردەکەن؟ ئەم گوتارەی ئیسلامییەکان بەداخەوە زیاتر لە ڕۆژهەڵات و باشوور ئاوا پەرەی سەندووە و دەبێت هەوڵی زیاتر لە لەقاودان و هێمنکردنیان بدرێت. کوردستان سەلماندوویەتی هەم جێگەی ئاینییەکانە و هەم جێگەی ئەوانەیە وا باوەڕانی دیکەیان هەیە، کوردستان توانیویەتی مومارەسە و پراکتیزەی ئەمە بکات کە هەر جۆرە ڕەنگ و دەنگ و …لە خۆی وەرگرێت بۆیە زیدان پێویست بوو بۆ پشتگیریی لە ئەرکی ئەخلاقی و ڕۆشنبیرانەی خۆی ئەم سەردانەی بکردبایا! بەدڵنیاییەوە ناکرێت وا بیر بکەینەوە کە بەڕێزیان هێندە ڕۆشنبیرییان نەبێت کە وابزانن چەند شەپۆلێکی میدیایی و هەڵوێستی ئایینی تەعبیر لە ڕای هەموو باوەڕداران و موسوڵمانانی کوردستان دەکات.