“پێشەکی”
چۆن دەتوانیت تاکێکی دەروون دروست پەروەردە بکەیت، کە سوودی بۆ خودی خۆی و کۆمەڵگاش هەبێت؟ چۆن ڕێگری دەکەیت کە منداڵەکەت کاتێک گەورە دەبێت هیچ کاردانەوەیەکی خراپی نەبێت، هیچ قسەیەکی نەشیاو بەکارنەهێنێت بەرامبەر تۆ و هەموو کەسێک؟ ئایا پەروەدەی نادروست چۆن کاریگەری دەبێت لەسەر تاک؟ چۆن وادەکەیت لە رێگەی پەروەردەیەکی باش و لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوەی منداڵەت تاکێکی تێگەیشتوو و خاوەن کەسایەتییەکی بەرز دروست بکەیت؟ ئەو پرسیارانەیە کە ئێمە بە دوای وەڵامەکەی دا دەگەرێین، بەتایبەت لە دوای بیستنی کۆمەڵێک ڕووداوی نەخوازراو کە روویدا لە کۆمەلگای کوردی. بێگومان هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە، کە ئێمە هەوڵدەدەین هۆکارەکان و چارەسەرییەکان بخەینە ڕوو.
“پەروردەی نادروست چییە و واتای چی دەگەیەنێت؟”
بناغەی گەشەسەندنی هەموو کۆمەڵگایەک، دەگەڕێتەوە بۆ تاکێکی تێگەیشتوو، پێگەیاندنی تاکێکی تێگەیشتوو دەگەڕێتەوە بۆ پەروەدەیەکی دروست. واتا ئێمە دەبێت منداڵەکانمان پەروەردە بکەین لە ڕێگای ئامۆژگاری و قسەکردن، هەروەها گرنگترین شت دروست کردنی کەشێکی هاوڕێیانەی دایک و باوک و لەگەل منداڵەکانیان، بەجۆرێک کە منداڵەکە نەترسێت لەوەی قسە بکات و بیرو بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، دەتوانین پێناسەی پەروەردەی نادروست بەم شێوەیە بکەین “پێگەیاندنی تاکێکە لە ڕێگەی ترس و شەرم، بەکارهێنانی تووندوتیژی و قسەی نەشیاو بەرامبەر بە منداڵ، هەروەها شکاندنەوە و کەمکردنەوەی کەسایەتی منداڵ لە بەردەم کەسانی تردا” دەتوانین بە چەند خالێک شێوازەکانی پەروەدەی نادروست بخەینە ڕوو:-
١-پەروەردەکرنی منداڵ بە شێوازێکی تووندوتیژ و دەنگ بەرزکردنەوە و هاوارکردن بەسەریدا، لە جێگای شێوازێکی نەرم و نیان و ئامۆژگاری کردنەوە.
٢-شکاندنەوەی منداڵ لەبەردەم کەسانی تر و خستەڕووی کەم و کوڕیەکانی.
٣-دروستکردنی ترس لە ناخی منداڵەکە، بەجۆرێک نەتوانێت بە ئارەزووی خۆی لە ناو خێزانەکەی خۆیدا قسە بکات، خاوەنی هیچ بیرو بۆچوونێک نەبێت.
٤-پڕنەکردنەوەی پێداویستیەکانی وەک پێویست، هەمیش وادەکات منداڵ خۆی بە کەمتر ببینێت بەرامبەر هاوڕێکانی.
٥-نەبوونی پەیوەندییەکی هاوڕێیەتی لە نێوان دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکانیان.
“کاریگەری پەروەردەی نادروست چییە لەسەر داهاتووی تاک؟”
بێگومان کاریگەری زۆری هەیە لەسەر دەروون و چۆنیەتی ژیان و بیرکردنەوەی تاک، کە دەتوانین لە ڕێگەی چەند خالێکەوە ڕوونی بکەینەوە:-
١-لە دەستدانی کۆنتڕۆلی خۆی:- یەکێک لە گەورەترین لێکەوتەکان، لێرەدا مەبەستمان تووڕەییەکی لە ڕادەبەدەرە کە هەموو کاتێک کەسەکە بەم جۆرەیە، مرۆڤ بە سرووشتئ خۆی تووڕەدەبێت بەڵام ئەمەش ئاست و جۆری خۆی هەیە، توڕەییەک بگاتە ڕادەی ئەوەی کەسانێک بکوژیت کە دایک و باوکی خۆتە خێزانی خۆتە، بێگومان ئەمە نا سرووشتییە، ئێمە تووشی سەرسوڕمان دەبین کاتێک گوێبیستی هەوالێکی لەم جۆرە دەبین، بەڵام ئەمە لە کۆمەلگای ئێمە ڕوودەدات، هۆکارەکەشی پەروەردەی نادروستە.
٢-خەمۆکی و بی هیوا بوون لە ژیان:- کاتێک تاکێک هەست بە خۆشەویستی خێزانەکەی ناکات، کاتێک هیچ بیر و بۆچوونی وەرناگرن دەربارەی بابەتێک، جا گرنگ نییە بابەتێکی بچووکە یاخود گەورەیە، ئەمە وادەکات تاک هەست بە بئ بەهای خۆی بکات، هەست بەوە بکات کە بوون و نەبوونی لەناو خێزانەکەیدا وەک یەکتر وایە. زۆربەی هەرەزۆری گەنجەکانمان بەدەست نەخۆشییە دەروونیەکان دەنالێنن، بەڵام خێزانەکانیان هەستیان پئ ناکەین.
٣-ترس:- هەمیشە دەترسێت لەوەی کێشەیەک دروست دەکات و دەبێتە مایەی توڕەیی بۆ دایک و باوکی، واتا هەموو کات بەم جۆرە بیردەکاتەوە و خۆی بە تاوانبار دەبینێت. کاتێک کێشەیەکی هەیە ناتوانێت بۆ خێزانەکەی باسی بکات تاوەکوو هاوکاری بن لە چارەسەرکردنی کێشەکەیدا.
٤- نەمانی ڕێزی دایک و باوک:- کاتێک منداڵێک بەم جۆرە پەروەردە دەکەیت، نابێت هەرگیز چاوەرێ بکرێت کە ئەم منداڵە کاتيک گەورەش دەبێت ڕێز لە دایک و باوکی بگرێت، بەشێوەیەکی گشتی ڕێز لە هیچ کەسێک ناگرێت، کاتێک ڕێز نامێنێت لە هەموو پەیوەندییەکدا، ئەوا پەیوەندییەکە بەرەو هەڵدێر و نەمان دەچێت.
٥- پێگەیاندنی تاکێکی شەڕانگێز لە ڕێگەی پەروەردەکرنی نادروست:- کە دواجار کاریگەری دروست دەکات لەسەر گشت کۆمەلگا.
٦- تاکێک هەرگیز بیر لە دروست کردنی ژیانی خۆی ناکاتەوە:- بە تەواوی بێ هیوا بووە سەبارەت بە داهاتوو، چونکە بە تووندوتیژی پەروردەکراوە.
“چۆن تاکێکی بەرهەمدار پێدەگەیەنێت؟”
پێگەیاندنی کەسێکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو پێویستی بە دوو لایەن هەیە، یەکەمیان خێزان و دایک و باوک، دووەمیان قوتابخانە و دەزگاکانی پەروەردەیە لە کۆمەڵگادا. قوتابخانەکان ڕۆلی سەرەکی دەبینن لەم پرۆسەیەدا هاوشانی دایک و باوکان، نابێت تەنها لە خەمی فێربوون دا بن، بەڵکو شتێکی تر هەیە کە پێویستتر و گرنگترە لە خوێندن ئەویش پەروردەکردنە. لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی و خۆشویستنی خێزان گشت کۆمەڵگا. مامۆستایان و دایک و باوکان دەبێت وەک هاوڕێیەک مامەڵە بکەن لەگەڵ منداڵ، تاوەکو لە داهاتوودا تاکێکی بەرهەمدار و تێگەیشتوو و هۆشیار پێبگەیەنن، کە ببێتە مایەی شانازی بۆ خێزان و گشت کۆمەڵگا.
لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم دایک و باوک چاوەڕێی چی دەکات لە منداڵێک کە بە تووندوتیژی پەروردەی کردووە و هیچ خۆشەویستیەکی لە دڵدا نەچاندووە سەبارەت بە ژیان، ئایا چاوەڕێی ئەوە دەکات کە لە داهاتوو ئەو منداڵە رێزی بگرێت؟ نەخێر هەرگیز بەم شێوەیە نابێت. هەروەک ئێمە ڕۆژانە ئەو رووداوە نەخوازراوانە دەبینین، من هەرگیز نالێم کە بکوژەکان بئ تاوانن، بەڵام ئەمە تەنها نمونەیەکە سەبارەت بە بابەتەکە.