“من سێڵفیم، کەواتە من هەم”
من سێڵفی دەگرم، لەسەر لێواری کەندەڵانێک، لەبەردەم تابلۆی مۆنالیزا، لە کەناری تاڤگەکانی نیاگارا، لە کڵاپ و کۆنسێرت و ئاهەنگەکاندا، لەسەر سفرەی ڕازاوە بەخوانی شاهانە، لەگەڵ سەرۆک و سیاسی و نووسەر و هونەرمەند و ئەکتەرە دڵخوازەکانم. من سێڵفی دەگرم و یەکسەر لەسەر ئەکاونتەکەم بڵاویدەکەمەوە، ئەمە بریتییە لە من. ئەرێ من. من سێڵفی دەگرم، کەواتە من هەم!.
“قۆناغی سێڵفی”
مرۆڤی مۆدێرن بەوە لە تایپەکانی پێش خۆی جودا دەکرێتەوە لە ساتەوەختێکدایە لەناو تۆڕێکی ئاڵۆزی تەکنیکدا دەژی. ئەم ساتەوەختەی کە پەیوەندی سوژە/مرۆڤ بەسرووشتەکەیەوە، لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵییەوە گۆڕاوە بۆ پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ خۆی و جیهان. ئەمەش ئەو چرکەساتەیە کە (هیگڵ) ناوی لێناوە چرکەساتی لە (خۆنامۆبوون) ئەو لە بارەی نامۆبوونەوە بەم جۆرە دەنووسێت: پڕۆسەیەکە کە (سوژە/مرۆڤ) خۆ بەخۆ تێدا دەبێتە بێگانە. ئەمەش ساتێک ڕوودەدەت کە ناتوانێت خودی خۆی ببینیتەوە، لە وجیهانە ڕاستەقینەیەی کە تێدا دەژیت[Phenomenology of Spirt. Hegls Phenomenology des Giestes…1807]. من ئەم ساتەوەختەی ئەمڕۆ ناو دەنێم (قۆناغی سێڵفی) بەو پێیەی کەمتر، لە ڕیاڵێتییەک/ وابوویەکدا تێڕوانینمان بۆ جیهان، گۆڕاوە لەو تێڕوانینەی کە ئێمە پێشووتر تێڕوانیمان بۆی هەبوو، بەو پێیەی ئەم گۆڕانکارییە لە تێگەیشتن بەدەستێوەردانەکانی نێوان ئەو و ئێمە لەم تەنە تێکەڵە لە هەموو شوێنێکدا دەردەکەوێت کە لە یەک کاتدا تەلەفۆن، شاشە، کامێرا و کۆمپیوتەر، کە ئێمە لە مۆبایلێکی زیرەکدا وەسفی دەکەین و پێی دەڵێین:(مۆبایلێکی زیرەک.) بۆ تێگەیشتن و دوان دەربارەی ئەم پرسە دەگەڕێمەوە بۆ تێزەکانی خانمە فەیلەسووف و دەروونشیکاری فەڕەنسی (ئێلسا گۆدار) و پەرتووکە بەناوبانگەکەی (من سێڵفیم، کەواتە من هەم).
گۆدار، سێڵفی وەکوو دۆزێک بۆ بیرکردنەوە و تەفسیرکردنی جیهانی هاوچەرخ دەخاتە بەرباس و، لە ڕوانگەیەکی دیاریکراودا ناوێی ئەم ساتەوەختە دەنێت (هایپەر مۆدێرن و سایبەر مۆدێرن). ئەو لەبارەی نووسینی پەرتووکەکەیەوە دەڵێت: “پێناچێت فەیلەسوفێک ئارەزووی لە سێڵفی گرتن بێت، لە ساڵی 2015 ئێوارەیەک خۆم لە ئاهەنگێکدا بینیەوە لەگەڵ هاوڕێیەکی فەیلەسوف کە یارییەکی زۆر کۆمیدی نەبوو. پرسیاری لە هەمووان کرد کە ساتەوەختی شێتانەی ژیانیان چی دەبێت؟ کاتم نەبوو بیربکەمەوە پێش ئەوەی بڵێت: “تەنها سەیرکردنی پەیجی فەیسبووکەکەت، ساتەوەختی شێتیەکەت سێڵفییە. مەبەستی لەوە چی بوو؟ ئەو کێشەیەی کە من باسی دەکەم کێشەی نەرگسیسی بوو و، لە 250لاپەڕەدا وەڵامم دایەوە.” سێڵفی لە پەرتووکەکەی گۆداردا سەرەتا وەک حیکایەتئامێز دەردەکەوێت بەڵام شێوازی ژیان و پەیوەندیمان بەسروشتی مرۆیمانەوە تێکدەدات. بەدیدی ئەو فەیلەسووفە، سێڵفی دەبێتە هۆی تێکچوونێکی گەورە لە خووەکانماندا کە بەهۆی هاتنی مۆبایلەوە هاتووەتە ئاراوە. مۆبایلە زیرەکەکانمان وامان لێدەکەن بتوانین دەستمان پێ بگات، لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێکدا، ئەمەش ئاماژەی گۆڕانێکی ڕیشەییە لە تێگەیشتنمان بۆ کات و شوێن و لە سەرووی هەمووشیانەوە پەیوەندیمان بە بیرکردنەوە و کورتکردنەوەی زمان لە مەجازی و وێنەدا. لەم جیهانەدا کە مرۆڤ لەناو تۆڕێکی ئاڵۆزی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی دەژێت، وێنەی سێلفی وەکوو نیشانەی قەیرانی ناسنامە دەرکەوێت.
گۆردار پێی وایە، بە هاتنی سێڵفی و ئەو بەکارهێنانەی کە دەتوانین ئەنجامی بدەین. ئیتر کەناڵ/نێوەندگر نەماوە، من پەخشکەرم، بەرهەمهێنەرم، ڕۆژنامەنووسم…هتد گۆدار، ئەمە بەسەرەتایی “نەخۆشییەکی دەروونیی ژیانی مۆدێرن” وەسف دەکات. ئەو پێی وایە، سێڵفی گرێبەست لەگەڵ”خۆ” دەکات کە بە واتای خۆت دێت بەڵام بە تەنیا بوون، پەیوەندی تەنیایی لەبەردەم شاشەی مۆبایلێکی زیرەک و کۆمپیوتەر و پاشگری سۆزداری “واتە” وەبیر دەهێنێتەوە کە بیرمان دەخاتەوە کە سێڵفییەکە وێنەی خۆت دەگرێت و بۆ مەجازی بڵاوی دەکاتەوە. بە مانایەکی دیکە، مرۆڤ لەسەردەمی سێڵفیدا بوونی خۆی لە مەجازەوە وەردەگرێتەوە. بۆ نموونە “کیم کارداشیان تەنها بەهۆی ڕیاڵیتی تیڤی و سێڵفیەکانیەوە بوونی هەیە” ئێمە لە چوارچێوەیەی چرکەساتێکداین کە وێنە دەسەڵاتێکی سەرنجڕاکێشی وەرگرتووە و لە کۆمەڵگەیەکی وێنەیی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی شاشەدا شوناس وەردەگرینەوە. ئەمەش ئەو پرسە شوناسسازییەیە، لە (قۆناغی ئاوێنەی) دەروونشیکاری لاکاندا ڕوونکراوەتەوە، (من ئەویترە.)
“وێنەی سێڵفی و شوناسی وێنەیی”
تێزەکەی “لاکان” باس لەوە دەکات کە لە نێوان شەش بۆ هەژدە مانگدا منداڵ وردە وردە لە جەستەی دایکی جیا دەبێتەوە بۆ ئەوەی بگات بە سوبژێکتیڤی خۆی، بە چەند قۆناغێک لەبەردەم ئاوێنەدا دیمەنی ڕووخساری خۆشحاڵی دەکات. سەرەتا پێی وایە کەسێکی ترە، دواتر تێدەگات کە ئەم ئەویترە تەنها وێنەیەکە، لە کۆتاییدا تێدەگات کە ئەویتر خۆیەتی. ئەوەی “لاکان” دەیڵێت؛ ئەوەیە، پێش ئەوەی منداڵ ببێتە سوژە، پێشوەختە لە ئارەزووی دایک و باوکیدا بوونی هەیە دواتر وردە وردە دوورکەوتنەوەکەی ڕێگەی پێدەدات دەستی بگات بە سوبژێکتیڤی خۆی. دەتوانین بڵێین خود وەک سوبێکتێکی دروست لە ڕێگەی پرسیاری وێنەوە، لە ڕەنگدانەوەیەکەوە دەردەکەوێت. کەواتە چی بەسەر ئەم خودە دێت کاتێک ئەم وێنەیە لە وێنەیەکی تردا جگە لە وێنەی خۆی بنیات بنرێت کە وێنەیەکی خۆپەرستە؟ لەم هاوکێشەیەوە دەتوانێن بڵێین، لە سێڵفیەوە، لەو قۆناغەی کە گرتەی خۆمان دەگرین، فۆرمێکی تری ناسنامە لەدایک دەبێت، بەشێکی دیکەی مرۆڤ، پەیوەندی بە ئایدیالی ئیگۆوە هەیە و پێی دەڵێین:- ئاڤاتاری.
هەموومان یەکێکمان هەیە، ئەگەر لە کایەی مەجازیدا بوونێکمان هەبێت، ئەوا ناسنامەی دیجیتاڵی ئێمەیە. ئەم ئاڤاتارە دەتوانێت پڕۆفایلی ئێمە بێت لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا. ناسنامەکەمان چەندە زیادەڕەوی تێدا بکرێت، بەشێکە لە ئێمە. دەبێت حیساب بۆ سوبژێکتیڤیتی زیادکراو بکەین کە لەگەڵ جەستەی زیادکراودا بێت لەگەڵ ئەم هاوکێشەیەی خوارەوە: خودی هۆشیار و نائاگایی ڕاستەقینە کە ناسنامەی مەجازیمانە، گۆدار، ناوێی لێناوە “سوژەی مەجازی” ئەو خودە دیجیتاڵییە کە دەستی لێدەدەین و پێکی دەهێنینەوە، بەجۆرێک ئێمە بەردەوام دەست لە وێنەکەمان دەدەین.
“پۆست مۆدێرنیتێ و هایپەر مۆدێرنیتێ”
ساڵانی حەفتاکان، ژان فرانسوا لیۆتار، میشێل مافیسۆلی یەکێک لە دوا لایەنگرانی پۆست مۆدێرنیزم، وشەی پۆست مۆدێرنەیان بەکارهێنا، پاشان جیل لیپۆڤێتسکی، نووسەری کتێبی “سەردەمی بۆشایی” بڕیاری دا دەستبەرداری دەستەواژەی پۆست مۆدێرنیتە بێت، بەبڕوای ئەو قسەکردن لەسەر پۆست مۆدێرنیتە ئەوە دەگەیەنێت کە مۆدێرنیتە تەواو بووە و ئێمە لە دوای مۆدێرنیتەین. ئەوپێی وابوو ئێمە لە پۆست مۆدێرنیتەدا نین، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە مۆدێرنیتەیەکداین کە لە فراوانبوونێکی تەواودایە، لە ئاشکرابوونی تەواودا. واتا هایپەرمۆدێرنیتێ، مۆدێرنیتەیەک لە زیادەڕەویدا. بەڕاستی ئەوەی ئەمڕۆ هایپەرە، هایپەرمارکێت، هایپەرکۆنتێنت. هەموو شتێک لەبەردەستدایە، لە زۆر و کەم. هایپەرمۆدێرنیتی لەسەر ئەو بناغانە بنیاتنراوە کە پێشتر لە پۆستمۆدێرنیتەدا دەیدۆزینەوە بەڵام هێزی سەرووتریان هەیە. دەتوانین سەرمایەداریی، تاکگەرایی زیادە، هاوکات پێشبڕکێیەکی هێمنانە بۆ بەختەوەری، سەرکەوتن، بدۆزینەوە، ئێمە لە ساتەوەختی ئێستادا دەژین.
گۆدار پێی وایە، لە پێوەرەکانی پۆست و هایپەرمۆدێرنیتیدا دەتوانین عەقڵی کشاوە و ناسنامەی تێکشکاو و پەرشوبڵاو و پارچەپارچە زیاد بکەین. ئەوەندەی ناسنامە هەیە کە پەیوەندییەکان هەن، من لە شوێنی کارەکەمدا، من و هاوڕێکانم، من و کەسایەتییە دڵخوازەکانم، ئەوەندە ناسنامەی بەشکراو، بەڵام لەبیرمان نەچێت کە ئێمە لە کۆمەڵگایەکی پارادۆکسیالدان. بەدیدی گۆدار، لەگەڵ هاتنی مەجازییەت دەستمان بە نوێنەرایەتییەکی نوێی کات و فەزا گەیشتوە. ئێمە چیتر مامەڵە لەگەڵ پێشکەشکاریدا ناکەین بەڵکوو مامەڵە لەگەڵ ئەو شتەدا دەکەین کە گۆدار پێی دەڵێت: چرکەساتی، (چرکەساتی کلیک) تایبەتمەندی کۆمەڵگای هایپەر مۆدێرن بە وردی ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەکی هەنووکەیی، بێ تاقەتی، پەلەکردن، لە هەموو شتێک کەدەمانەوێت دەستبەجێ هەبێت، ئەمش لە فۆڕمی ئێرە و ئێستادا کورتی دەبێتەوە. ئەم نوێنەرایەتییە نوێیەی کات ئیتر ئێستاگەرایی پۆستمۆدێرنیستی نییە، بەڵکوو چرکەساتییە. لێرە و ئێستا دوو هاوتەریبی دروست دەکات لەبەرئەوەی تاکە بۆشایی نێوان ئێرە و ئێستا “واو”ێکەو. ئەوە زۆر نییە! چ شوێنێک بۆ بوون؟ ئەمەش کولتوورێکی هەنووکەیی دروست دەکات. کەلتووری دڵەڕاوکێی ساتەوەختی، ئەمە دڵەڕاوکێیەک نییە کە پرۆژەی لەسەر بینا بکرێت، بەڵکوو ساتەوەختێکی بۆشە. گۆدار، سەبارەت بە پەیوەندیگرتن لە بۆشاییدا، پێی وایە مەجازییەت مەودای هەڵوەشاندەوەتەوە، مرۆڤ دەتوانێت کۆبوونەوەی ١٠ هەزار کەسی دروست بکات بەبێ ئەوەی لەسەر کورسییەکەی بجوڵێت.
“گۆڕینی پارادایمی دووەم”
گۆدار، بە وەڵام دانەوەی پرسیاری بۆچی بیرکردنەوە لە ڕۆژئاوا فەلسەفییە؟ ئەم پاڕادایمە شی دەکاتەوە. سۆکرات ڕووداوێکی گەورەی دروست کرد، پچڕانێکی ئیپستمۆلۆژی، پێش سۆکرات بیرمەند هەبوون، پێش سۆکراتییەکان، بە بیرێکی زۆر چڕەوە، یەکەم میتافیزیکزانەکان، یەکەم بیرکارەکان، تالیس، فیساگۆراس، هێراکلیتۆس… بەڵام بۆچی هێشتا بە مانای وشەیی باسی فەلسەفە ناکەین و هاتنی فەلسەفە لەگەڵ سۆکراتدایە کەدەرکەوتنی “لۆگۆس” ڕوودەدات. پێش سۆکراتەکان دیدگایەک بۆ جیهان تێکەڵاو دەکەن، تێیدا هەم ڕوانگەیەکی ئەقڵانی و هەم ڕوانگەیەکی ئەفسانەیی هەیە. ئەوان لە فابولادان، لە چیرۆکەکەدان، هێشتا لە خۆنیشاندانی ئەقڵانیدا نین. لەگەڵ سۆکراتدا ئەومرۆڤە دێت کە بە ئەقڵ بەخشراوە، لە ڕێگەی نمایشی ئەقڵانییەوە کەڵک لە ئەقڵانییەتی خۆی وەردەگرێت، ئەوە هاتنی لۆگۆسە؛ لۆگۆس. تا ئەمڕۆش کولتووری زانستی لەسەر بنەمای لۆگۆس دامەزراوە و زاراوەی “لۆژی” لە هەموو دیسیپلینەکاندا دەبینینەوە: سایکۆلۆژی، سیۆسیۆلۆژی، ئەنتڕۆپۆلۆژی…هتد
گۆدار پێی وایە، لەم دیدگایەی جیهاندا پرسی لۆگۆس، دەخرێتە ژێر پرسیارەوە و باس لە هاتنی شێوازێکی نوێی تێگەیشتن لە جیهان دەکات کە ئێستا لە ڕێگەی شاشەیەکەوە ئەنجام دەدرێت. بۆ نموونە هەر کە گەیشتیتە مۆزەخانە، ئامێرەکەت دەبەیت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی شاشەکەتەوە بیبینیت. یەکەم دیدگای ئێمە بۆ جیهان لە ڕێگەی شاشەکەمانەوەیە، ئەمە سەرهەڵدانی پرسی جیهانبینییە. پەیوەندیمان بە مەجازییەوە، بە وێنەوە، وامان لێدەکات بە شێوەیەکی نوێ نوێنەرایەتی جیهان بکەین، ئەمەیە کە گۆدار ناوی لێناوە؛ هاتنی ئیدۆلۆن. لە میتافۆری پلاتۆندا بۆ ئەشکەوتەکە، دەتوانرێت ئیدۆلۆن بە وێنە سیموکراسییەکان، سێبەرەکانی سەر دیواری ئەشکەوتەکە وەربگێڕدرێت. گۆدار ناوی لێ دەنێت ئیدۆلۆن یان وێنەی تا ڕاگوزار/ کاتی. حوکمڕانی ئیدۆلۆن چییە؟ ئەوە حوکمڕانی ئەو وێنانەیە کە بەدوای یەکتردا دەگەڕێن بەبێ ئەوەی مەرج بێت گێڕانەوەیەک دروست بکەن، یەک لە دوای یەک، وەک لە سناپچاتدا. ڕیاڵیتی تیڤی یەک لە دوای یەک وێنەی بێ چیرۆکە، بەبێ سیناریۆی پێشوەختە، کە پشت بە هەست و سۆز دەبەستێت. ئەگەر دژایەتی لۆگۆسەکان بکەیت بۆ ئیدۆلۆن، لەگەڵ ئەم یەک لە دوای یەک وێنەی بێ گێڕانەوەیە، دەسەڵاتی کۆمەڵگەیەکی ئەفێکتەکان دادەمەزرێنیت. ئەمە شانشینی ئیدۆلۆنە، وێنەی کاتی، بەبێ ئەوەی مەرج بێت چیرۆکێک دروست بکات، بەبێ ئەوەی مەرج بێت مانای هەبێت و کە بە چی بەیەکەوە دەگیرێن؟
گۆدار بۆ ڕوونکردنەوە ئەمە نموونەی منداڵێکی یەک ساڵان دەهێنێتەوە کە دایکی بە تەنیا دەژی، سەرەتا چی دەکات؟ لە مۆبایلە زیرەکەکەیەوە وێنەی دەگرێت. دووەم شت چییە کە دەیکات؟ سەیری دەکات. وە دواتر ئەم منداڵە چی دەکات، کە لە ڕاستیدا ئەو شتەی پەیوەندیدارە؟ دێت و خۆی لە ڤیدیۆکەدا دەبینێت. پاشان پۆستی دەکات. تۆڕە کۆمەڵایەتی یان کەسییەکان، هەڵبژاردن هەیە. ئەم منداڵە ئاگاداری کاتیی نییە، نە لە قۆناغی ئاوێنەیی، نە لە سوبژێکتیڤی خۆی. ئێمە دەچین مامەڵە لەگەڵ منداڵێکدا بکەین کە پێش ئەوەی خۆی وەک سوبێکتێک بنیات بنێت، خۆی دەبینێت کە بەبێ ئەوەی ئاگاداری کات بێت، نواندن دەکات، خۆی دەبینێت هەنگاو دەنێت، خۆی وەک سوبێکتێک ناناسێت، خۆی دەبینێت لە مۆبایلێکی زیرەکدا ڕۆڵ دەگێڕێت، لە هەموو ئەو ماوەیەدا بابەتی کراوە. تەنانەت پێش گەشەسەندنی زمان، خۆئاگاداری، هۆشیاریی کات، ئاگایی دەروونییەکەی، لەبری زمان، لە وێنە، وێنەی کاتییەوە بنیات دەنرێت. گۆدار سێڵفی بە زمانێکی نوێی پێناسەدەکات، شێوازێکە بۆ وەرگێڕانی جیهان لە وێنەی کاتییەوە، لە کایەی ئیدۆلۆنەوە، وێنەی گفتوگۆییەوەیە.
“منی دیجیتاڵی”
گرفتی شوناس لای گۆدار یەکێکە ئاڵناگارییە سەرەکییەکان بەو پێیەی ئێمە لە تاکگەرایی زۆردا خۆمان بەرەوپێش دەبەین. سەیری کیم کارداشیان بکەن کە تەنها لە ڕێگەی خۆ براندکردنەوە بوونی هەیە. خود بووەتە براندێک کە دەبێت پەرەی پێبدرێت، ناوەندی هەموو شتێکە. لە ئەنجامدا دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە ئەوانی تر وەک ئامرازێک سەیری دەکەن. ئایا ئەمە کێشەیەکی نەرگسییە؟لە نەرگسیزم وەک ئەوەی فرۆید پەرەی پێداوە، ئەو کەسانەی لە سۆشیال میدیادا زیاد لە پێویست نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن، دیارە کێشەیەکی نەرگسییان هەیە، کەموکوڕییەکی نەرگسییان هەیە. هەرگیز ڕازی نابن و تەنانەت بڕێکی باوەڕپێنەکراو لە لایک بەس نییە بۆ ئەوەی هەست بە بەها بکەن. سێڵفییەکانیان تەنها دەمامکێکی کۆمەڵایەتییە وەک ماسکی ژنان کە بە دانانی ماکیاژ، دەیانەوێت خۆیان لە باشترین ڕووناکی خۆیاندا نیشان بدەن، ئەمە دەمامکێکی مەجازییە.
بۆچی پێویستە ئەوەندە خۆمان نیشان بدەین؟ ئایا ئەمە دڵی کێشەکە؟ چی لە مەترسیدایە؟ بۆچی ئەوەندە وێنە پۆست بکەین؟ لە پێویستی خۆشەویستییەوە، هەستکردنە بە ناسینەوە لە چاوی ئەوانی تردا، هەستکردن بە بوون. مەسەلەکە بینین، دەمەوێت ببینرێم چونکە بوونی من پشتڕاست دەکاتەوە، بیرۆکەکە ئەوەیە نەمرم، ئەوە شێوازێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ترسی مردن. لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەرگیز نامرین. بەڵام کێ میراتەکە بەدەست دەهێنێت؟ ئایا منداڵەکانتان دەتوانن دەستیان بگات بە هەموو ئیمەیڵەکانتان، بە درێژایی ژیانتان؟ ئایا پێویستە میراتگرمان هەبێت؟ سادە نییە. لە دوای سێڵفیدا، شێوازێکی نوێی بانگەشەکردن دادەمەزرێت: خۆ-مارکەکردن، پێشانگایەک کە چیتر پارێزراوی کەسایەتییە میدیاییەکان یان ئەستێرەکانی ڕیاڵیتی تیڤی نییە. هەموو کەسێک دەتوانێت لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەو وێنەیە دروست بکات و لە قاڵب بدات کە ئارەزووی پیشاندانی دەکات. “ئەگەر کیم کارداشیان سێڵفیەکەی کردبێتە هێمای بازرگانی خۆی و لە سەرووی هەمووشیانەوە بزنسێکی ڕاستەقینە، هەموو کەسێک خۆی لە یەک ڕێبازدا نابینێتەوە”. و خۆبەرزکردنەوە، لە تۆمارێکی بێناودا، دەتوانێت فۆرمێکی دیکە لە ڕیکلامی پاک وەربگرێت: فۆرمی خۆبەگەورەزانین. خراپی ئەم هەوڵە بۆ بەرکەوتن ئەوەیە کە سێڵفیەکە ناسکییەکی نەرگسیش ئاشکرا دەکات، چونکە شانۆگەری و ئایکۆنکردنی ناسنامەی مرۆڤ بێ دەرئەنجام نییە بۆ هاوسەنگی هەر کەسێک و ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە بەڕاستی سێڵفی ڕەهەندێکی نوێی کەسایەتی ئێمەی هێناوەتە دەرەوە، کە گۆدار بە دەربڕینی “منی دیجیتاڵی” وەسفی دەکات. دەتوانین دەستکاری و گەورەکردنی ئەم ناسنامە نوێیە بکەین، لە ڕێگەی کاریگەری و فلتەرەکانەوە، وەک لە بەرنامەی “ئینستاگرام”دا منی دیجیتاڵی بە فۆرمێک تێدەگەین کە پاشەکشەیی دەردەکەوێت: ئێمە لە ڕێگەی دەست لێدانەوە دەستمان بە خۆمان دەگات و چیتر لە ڕێگەی بیرکردنەوە، ناسینەوە یان پێشبینیکردنەوە دەرگیری خۆمان نابین. ئێمە یاری بە خۆمان دەکەین وەک ئەوەی منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە ڕێگەی دەست لێدانەوە فێری بێت و جیهان بدۆزێتەوە.
هەروەها ئەو گۆڕانکارییە پارادایمانەی کە بەهۆی دەستبەجێیی وێنەکەوە هێنراونەتە ئاراوە، کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییە سۆزدارییەکانمان هەیە. بۆنموونە خۆشەویستی ئیتر ئەوەندە پەیوەندی بە پابەندبوونەوە نییە، ئەوەندە پەیوەندی بە شتێکی بەکارهێنراوەوە هەیە. لە دەرەوەی حوکمدانی بەها لەسەر ئەپەکانی پەیوەندی خۆشەویستی، گۆدار ئاماژە بە پەیوەندییە نوێیەکەمان لەگەڵ دیدگای ژن و مێردا دەکات: “کات چیتر بۆ ژن و مێردەکە نییە بە مانای ئێستا و کلاسیکی زاراوەکە، واتە دوو کەس کە پێکەوە دەژین و خۆیان بۆ ژیانی درێژخایەن پابەند دەکەن (ئەمەش واتای چەمکێکی تەقلیدییە بۆ فەزا و کات)، کە پەیمانێکی ڕاستەقینە یان ڕەمزی پێکدەهێنن (…). هەروەها تێپەڕین بۆ جیهان hic et nunc ئاماژەیە بۆ بەپەلەیی، بەکارهێنانی خێرا، ئارەزووی تێربوون تەنانەت پێش ئەوەی ئارەزووی سەرهەڵبدات.
ئەو سێڵفییەی کە نوێنەرایەتیکردنی مرۆڤی سادە دەکات، بڵاوبوونەوەی وێنەی خەونەکانمان، کشانەوە بەهێز دەکات. وەک ئێلسا گۆدار ئاماژەی پێدەکات، وەک کردەوەیەکی تاکەکەسی دەمێنێتەوە، بەبێ ئەویتربوون. دەنگدانەوەیەکی بێکۆتایی، لە mise en abyme سەرسوڕهێنەر دروستکراوە. لەم خولگە ئیگۆسەنتریکەدا، کە خولگەیەکی خۆدرێژکردنەوە، ئەستەمە کەمییەکان و پێچەوانەکان و نەبوونیەکان لە دڵی پەیوەندییەکانی مرۆڤدا بناسێنرێت.
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم پرسە بڕوانە؛
ٳلزا غودار: أنا أوسيلفي إذن أنا موجود؛ تحولات الأنا في العصر الافتراضي. ترجمة،
سعيد بنکراد. الناشر المرکز السقافي الکتاب، دار بیضاء/المغرب، الطبعە الٲولی 2019.
Elsa Godart : » Je selfie donc je suis : les métamorphoses du moi à l’ère du virtuel. »