جۆلانێ چەند تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێشی هەیە:- یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەوەیە پەیوەستە بەوەی لەکوێوە دەستت پێ کردووە، دەگەڕێتەوە ئەو شوێنه. یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە لە هەر لایەکەوە بیجوڵێنین، کاتی ڕۆشتن و گەڕانەوەی پەیوەستە بە درێژی حەبل یا پەتەکە. پشت بە بەرز و نزمی نابەستێت.
جۆلانێ دەتوانێت وانەیەکی باشمان بداتێ لە ژیاندا:- ئەگەر من پێم وابێت بە تووندوتیژی دەتوانم کێشەکان چارەسەر بکەم، کاردانەوەکەی لە لایەکی ترەوە دەبێتە ئاژاوە. ئەگەر زۆر ڕەق بم، لە لایەکی تر شل دەبێت. بێ ئاگاییی زۆریش دەبێتە هۆی تێکشکان. ئەگەر لە ژیانماندا کێشەکانمان بە تووندوتیژی یەکلایی بکەینەوە، لەوانەیە بە ڕوواڵەت سەرکەوتووبین، بەڵام چارەسەری دروست نییە و لە داهاتوودا ڕەنگدانەوەی دەبینین. چارەسەر هەمیشە پێویستی بە هێوری و شەنوکەوی فیکر و ئەزموون و پەروەردەی دروست هەیە. زۆر سادەیە، کاتێک لە شوێنێک سەرهەڵدانێک ڕوو دەدات، دەکرێت بە فیشەک هەمووان بێدەنگ بکرێن و بنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام ئەمە بێدەنگی نییە، ترسە.
هەر خێزانێک، هەر کۆمپانیایەک یاخود هەر وڵاتێک بە ترس بەڕێوە بچێت، دەبێت چاوەڕێ بکرێت ئەو دیواری ترسە درەنگ یان زوو دەشکێت و دەبێت بە ئاژاوە و بێسەروبەری. ئەگەر لە ژیانتدا زۆر بە دیسپلین بیت و هەموو شتێک کۆنترۆڵ بکەیت، بزانە کاتێک دێت بەنداوەکە دەشکێت و هەموو شتێک ڕادەماڵێت. ژیانێکی هاوسەنگ، ژیانێکە لەرە و جوڵەی قابیلی قبووڵ بێت. تێبینی ئەوە بکە درێژایی ڕۆشتن و هاتنەوە یەکسانە. واتە کاتێک تووڕەیی و هێز و هەڕەشە بەکار دەهێنین، ئەوە دەریدەخات ستراتیژییەتی ئێمە هەڵەبووە. ئەگەر بەبێ بەرنامەش ڕەفتار بکەین، ناچار دەبین زۆرداری بەکار بهێنین. هاوسەنگی ڕاستەقینە ئەوەیە مرۆڤ لە ناوەڕاستدا بێت. ئەگەر لە ژیانتدا قەیرانت زۆرە، ئەگەر لە کۆمەڵگە یان کۆمپانیایەک یان خێزانێک قەیرانی زۆرە، (بەپێی یاسای جۆلانێ) دەریدەخات ژیان و بڕیارەکانیان ناهاوسەنگن. یاسای جۆلانێ وانەیەکە دەتوانین لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا بەکاری بهێنین.
بینیوتانە ئەو وڵاتانەی کە بەردەوام حکومەت دەگۆڕن و بەردەوام شۆڕش دەکەن (هەرچەندە ئەم شتانە ئەمڕۆ کەمتر ڕوو دەدەن) یەکێک لەهۆکارەکان پابەندنەبوونە بە یاسای جۆلانێوە. ئەگەر لە خێزانەکەت لەرەلەری زۆرت هەیە، بزانە کە لە ناهاوسەنگیدا دەژین. ئەگەر فشاری زۆرت بۆ هات، لە بیرت بێت کاردانەوەی خێرا و تووڕە، بە زیانی تۆ و هەموو کەسێکی نێو ئەو سیستمە کۆتایی دێت. هاوسەنگی ڕابگرە! بۆ نموونە، شتێک ڕوودەدات، تۆ دەتوانیت خۆڕاگر بیت. بەڵام ئەگەر تۆ ئامادە نەبیت و ڕوویداوێکی پڕ لە پەستان ڕوو بدات، بتەوێت و نەتەوێت، دەکەویتە بەر شەپۆلی بێسەروبەری. پێشنیار دەکەم:- لەجیاتی ئەوەی تەنیا کاردانەوەمان هەبێت، هەستەینە سەرپێ و بیر بکەینەوە و یارمەتی لەوانی تر وەربگرین، کەس تاوانبار نەکەین، ئەم قسانە وەلا بنێین و بەرپرسیاری لە ئەستۆ بگرین.
بۆ ئەمەیش لە خۆمان بپرسین:- من چی بکەم بۆ هاوسەنگکردنی جۆلانەی ژیانم و دروستکردنی متمانە بۆ خۆم و ئەوانی تر؟ کەسێک کە شەوێک پارەیەکی زۆری هەیە و شەوێکی تر هەژارە، ئەوانی تر دەترسن قەرزی بدەنێ. کەسێک کە لە ڕووی ڕەوشتەوە جارێک ئەوەندە تووڕە دەبێت کە بەرد دەشکێنێت و چەند ساتێک دواتر وەک مۆمێک نەرمونیان و لێبووردە دەبێت، لای خەڵک جێی متمانە نییە. ناکرێت بوترێت ئەو کەسە بێدەسەڵاتە، هۆکاری ڕەفتارەکەی ئەوەیە ناهاوسەنگە. بۆیە پێشنیارکراوە: کاتی تووڕەیی، بڕیار مەدە و سزا مەدە. چونکە لە کاتێکی تووڕەیدا، تووڕەیییە کە بڕیار دەدات، تووڕەییش تەڕ و وشک دەسووتێنێت و بیر لە دەرئەنجامەکان ناکاتەوە. بۆ نموونە، ئەگەر لە منداڵەکەت تووڕە بوویت، کەمێک چاوەڕێ بکە، پەرداخێک ئاو بخۆوە، پیاسەیەک بکە، کاتێک تووڕەییەکەت هێور بووەوە، هۆشیار و ژیرانە قسەی لەگەڵ بکە، بۆ ئەوەی خۆت و منداڵەکەت ئازار نەدەیت. پیاوێک کە لەناکاو تووڕە دەبێت و دەڵێت سێ تەڵاقی ژنەکەم دەدەم، یان ژنێک کە لەناکاو تووڕە دەبێت و ماڵ و مێردەکەی بەجێ دەهێڵێت، جگە لە هەناسەیەکی سارد و پەشیمانی هیچی تر ناهێڵێتەوە. سرووشتیە لە تووڕەییدا دڵخۆش و ڕازی بم، بەڵام ئەمە هیچ سوودێکی نییە، چونکە کۆتایییەکەی من بەرەو نەرێنی و ئەنجامی نەخوازراو ئاڕاستە دەکات و پاشان لەناکاو هەموو کەس دەبەخشم!
با بەیەکەوە ڕاهێنان بکەین:- کاتێک دەمانەوێت بڕیار بدەین، هەرکاتێک هەستمان بە فشارێکی گەورە کرد، کە دەبێت تۆڵە لە کەسێک بکەینەوە، بۆ نموونە، یان شتی لەو شێوەیە، ئەوە بە خۆمان بڵێین: “من ئێستا لە کۆتاییی یەک لای جۆلانێکەم.” لەم کاتەدا پێویستە ئارام بین، هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژین و داوا لە کەسێک بکەین کۆنتڕۆڵمان بکات و دیمەنەکە بەجێ بهێڵین. ئەمە پێویستی بە پەروەردە و خول و سیمینار و ڕاهێنانە، من خۆم کەسێک بووم کە یان شەڕانگێز و تووندوتیژ بووم، یان دابڕاو و تەنیا بووم، بەڵام بە یارمەتی ڕاهێنەران و پەروەردەیەکی باش و کۆمەکی پەروەردگار، گەیشتمە ئەو ئاستەی کە بوومەتە کەسێکی هاوسەنگ. توێژینەوە دەروونییەکان دەریانخستووە کاتێک مرۆڤ پەرۆش دەبێت (چ ئەرێنی بێت یان نەرێنی، خۆشەویستی بێت یان تووڕەیی، حەز یان ڕق)، عەقڵی بۆ یەک لە سێی کەم دەبێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر 180 پلەی ئای کیومان هەبێت و بلیمەتیش بین، کاتێک دەخرۆکشێین، ئای کیوەکەمان دەگاتە 60 (IQ ئاسایی 100)ە، واتە وەک کەسێکی دواکەوتوو بڕیار دەدەین)
خوێنساردی، ئارامی و لەسەرخۆیی ڕێگای ژیانە؛ هەڕەشە نە لە هاوسەرمان نە لە منداڵەکەمان و نە لە خۆیشمان نەکەین. (بۆ نموونە ئەگەر ئەم جارە دەرنەچووم قووڕم بەسەر!… نەخێر! ئەگەر دەرنەچووم، بە ڕێگایەکی تر دەڕۆم.. یان ئەگەر گوێی لێ گرتم ئەوە هیچ، ئەگەر نا، کە…!) لەم حاڵەتەدا ئارامی ژیانت تێک دەچێت. هەناسەیەکی ئارام و قووڵ هەڵمژە، بیری خۆت بخەوە کە: تووڕەم، کاتێک ئارام بوومەوە، بڕیار دەدەم. ئافرەتێک کە هەموو ڕۆژێک هەڕەشەی جیابوونەوەی لێ دەکرێت، یان ژنێک کە هەڕەشەی ناچارکردنی مێردەکەی دەکات بە وازهێنان، ژیانیان هاوسەنگ نابێت. ئه گەر من هەموو رۆژێک هەڕەشەی دەرکردن لە کارمەندەکانم بکەم، ژینگەی کار چیتر هاوسەنگ نابێت. ئەو شوێنەی پڕە لە ترس و تۆقاندن، هەموو کەسێک هەوڵ دەدات خۆی بشارێتەوە یان لەو سیستەمە دەربچێت. ئەگەر بمێننەوە ئیتر بە باشی و خۆشەویستییەوە کار ناکەن، هەمیشە بیریان لای ئەوەیە کە دەرنەکرێن!
ئارامی و دانایی هەمیشە کار دەکات؛ هەر کردەوەیەکی ڕق و تووڕەیی، (ئەگەر ڕاستش بم)، عەقڵ و زیرەکیم بۆ سێیەک کەم دەکاتەوە، ئەگەرچی ڕەنگە زیان بە لایەنی بەرانبەر بگەیەنێت، بەڵام ئەنجامی نییە و دواجاریش زەرەری بۆ خاوەنی توڕەیییەکە هەیە. با جۆلانێی ژیانمان هاوسەنگ بکەین، کارێک بکەین خەڵک و جیهان پشتمان پێ ببەستن، خۆمان پشت بە خۆمان ببەستین، وا لە خەڵک بکەن وەبەرهێنانمان لەسەر بکەن و تەحەمولمان بکەن. چارەسەری کۆتایی دەبێت ڕێگایەکی هاوسەنگ بێت بۆ دڵخۆشکردنی هەردوو لامان، من و ئەوانی تر. ئێستا کاتییەتی بۆ هێوری و هاوسەنگی و جۆلانێی بوونمان، با ئەو ئارامی و هاوسەنگییە بۆ ژیانی خۆمان و ئەوانی تر بڵاو بکەینەوە، تا هەمیشە خۆشبەخت و درەوشاوە بین.
“خۆت خۆش بوێت و یارمەتی ئەوانی تر بدە تا زیاتر خۆیانیان خۆش بوێت” بێگومان کەسانێک کە زیاتر خۆیان خۆش دەوێت و زیاتر ڕێز و بەهای خۆیان دەزانن، کەسانێکی باشتر دەبن بۆ خۆیان و کۆمەڵگا و ئەوانەی دەوروبەریان، تەنانەت ئایین و پیشەی خۆیان و ڕێبازی سیاسیشیان. پێویستە چاوەکانمان بشۆین و بە جۆرێکی تر ببینین.
نووسین؛ مەحموود موعەزەمی
وهرگێڕان؛ شاهۆ لەتیف