لەم ڕۆژانەدا ڕەفتار و ئەخلاق و بەهاکان سەرنجی کۆمەڵێک لە یەکە و ڕێکخراو و کۆمپانیا گەورەکانی حکومی لە سەرانسەری جیهاندا بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە. بەرتیل و ساختەکاری و ڕەفتاری تاوانکاری و هەراسانکردن لە شوێنی کاردا خەریکە دەبێتە شتێکی ئاسایی و باو. لە چەند ڕاپۆرتێک کە لە سەر ئەخلاقیات لە شوێنی کاردا هاتووە: “بە پشتبەستن بەو شتانەی ئێستا دیارە، پێشبینی دەکرێت کەشوهەوای باو و زاڵ لە شوێنی کاردا بەرەو خراپتربوون بچێت”. لێدوانێکی لەو شێوەیە بەهێز و مەترسیدار دێتە بەرچاو ، بەڵام ئەمە ڕاستی و دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانە کە لە ناوەندی سەرچاوەی ئەخلاق (Ethics Resource Center) ئەنجامدراون.
پێدەچێت لەمەودوا ڕۆژ نیە کە گوێمان لە هەراسانکردن و سەرپێچی ئەخلاقی نەبێت. لە وەرزشوانانەوە کە مادەی هۆشبەریان بەکارهێناوە تا دەگاتە کەسانێک کە بە شتی جۆراوجۆر تۆمەتبار دەکرێن، چیرۆکەکە بەردەوامە. بەڵام بەڕای ئێوە هۆکاری سەرەکی دابەزینی ئەخلاقی تاک و ڕێکخراوەکان چییە؟
- هەبوونی هەڵوێست و ڕاووبۆچوونی “سەرەتا من” کە بەرژەوەندی کەسی و چێژە کەسییەکان لە سەرووی هەموو بەرپرسیارێتییە ئەخلاقییەکانەوە دابنێت.
- تینوێتی دەسەڵات و پێگە و سامان کە دەبێتە هۆی تێڕوانینێکی ئامرازی بۆ تاک و ئەندامانی خێزان و هاوڕێ و ئەوانی تر.
- هەبوونی هەڵوێستی “خەڵکی دیکەش ئەوە دەکەن” وەک پاساوێک بۆ ئەنجامدانی هەر شتێک.
- نەبوونی لێپرسینەوە و بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردن و کواڵیتی کار و وەزیفە، کە دەبێتە هۆی هەڵسوکەوتی نادروست.
- قبوڵکردنی کۆمەڵایەتیانەی شێوازە نائەخلاقییەکان وەک ڕێگەیەک بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن.
- گرنگیدان بە قازانجی کورتخایەن بە تێچوو وبەها و نرخی کەمکردنەوەی کوالیتی و پشتگوێخستنی بەهاکان و لەدەستدانی یەکپارچەیی و …هتد
بەڵام هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە دەتوانیت بە دروستکردنی کەلتووری دروست، ڕێگری لە سەرهەڵدانی پرس و کێشەی ئەخلاقی لە ڕێکخراوەکەتدا بکەیت. بۆ ئەم مەبەستەش ئەم چارەسەرانەی خوارەوە پێشنیار دەکرێن:-
١) هاوبەشکردنی بەها خوازراوەکانی ڕێکخراوەکە لەگەڵ هەر ئەندامێک، لایەنە پەیوەندیدارەکان و کڕیاران:- ڕوونکردنەوەی بەهاکان و بیرکردنەوە لێیان، دەبێتە هۆی ڕەوایی زیاتریان لە شوێنی کاردا. ئەم بەهایانە مانا بە ئەرکەکانی ڕۆژانەی خەڵک دەبەخشن. هەبوونی پابەندبوونێکی هاوبەش بە کڕیار، بەرهەمهێنان و گەیاندنی باشترین بەرهەم و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی بێهاوتا، بەنرخترە لە شێوازە ئاساییەکانی قازانج.
2) دروستکردنی هۆشیاری سەبارەت بە پابەندبوونی کۆمپانیا بە بەها ئەخلاقییەکان:- کڕیاران، بەکارهێنەران و ئاسۆی بازرگانی کاریگەرییان لەسەر دەبێت بەهۆی ئەو جۆرە بانگەشەکردنەوە. ئەم شێوازە بە تایبەتی کاریگەرە ئەگەر بەهاکان بە ڕوونی دیار بن. وۆڵمارت یەکێکە لەو کەمترین فرۆشیارانەی کە بە ئاشکرا ڕاپۆرتی بڕی ئەو پارەیە دەدات کە بەخشراوە بە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان بۆ هەر دۆلارێک.
3) پابەندبوون بە بەها ئەخلاقییەکان لە هەموو ئاستەکانی بەڕێوەبردن:- توێژینەوەکان دەریدەخەن کە کارمەندان باوەڕیان بە ئیدیعاکانی ئەندامانی باڵای ڕێکخراوەکە نییە کە پابەندن بە بەها و ئەخلاقەکانەوە. سەرکردەکانی بازرگانی پێویستە باشترین پراکتیزە ئەخلاقییەکان نیشان بدەن و بیر لە پاداشتکردنی ئەو کارمەندانە بکەنەوە کە پێشێلکاری و سەرپێچی ئەخلاقی ڕاپۆرت دەکەن.
4) پابەندبوون بە فێربوون و ڕاهێنان و جێبەجێکردنی بەهاکانی ڕێکخراو لە هەموو ئاستەکاندا:- کاتێک کارمەندان دەبینن بەڕێوەبەرە باڵاکان و تیمی بەڕێوەبردن پابەندن بە بەهاکانی ڕێکخراوەکە و ئاگاداری چاوەڕوانی خۆیان دەبن کە پابەند دەبن بەم بنەمایانە، زیاتر جەخت لەسەر ڕەوایەتی و گرنگی ئەم بەهایانە دەکرێتەوە.
5) دروستترین شت ئەوەیە کە هەمیشە کارێکی دروست ئەنجام بدەیت:- فشار بۆ فرۆشتنی زیاتر، جێبەجێکردنی وادە، یان گەیشتن بە ئامانج و خواستی لایەنە پەیوەندیدارەکان و خاوەن پشکەکان نابێت ببێتە هۆی هەڵسوکەوتی نەشیاو و نائەخلاقی. بەها و ئەخلاق خاڵی بەستنەوەی هەموو شتێکە. لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی لە غیابی بەها ئەخلاقییەکان، ڕێکخراوەکە ڕووبەڕووی دەرئەنجامە قەرەبوو نەکراوەکان دەبێتەوە.
6) ڕۆڵی کاریگەرانەی دروشمی ڕێکخراوەیی و بەیاننامەی ئەرک لە شوێنی کاردا:- دەتوانرێت بەیاننامەی ئەرک و دروشم و بەها ڕاگەیەندراوەکان بە شێوەی جۆراوجۆر چاپ بکرێت و لە بەشە جیاوازەکانی ڕێکخراوەکەدا دابنرێت. بەها گرنگە و بەردەوام چاودێریکردنی گرنگی زیاتری پشتڕاست دەکاتەوە.
7) وەڵامدانەوەی خێرا بۆ نافەرمانی ئەخلاقی:- دابینکردنی شوێن بۆ ستەمکاران بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن لە بەرپرسیارێتی ڕێکخراوەییدا کاتێک بەڵگەی هەڵسوکەوتی نادروستیان بە ڕوونی لەبەردەستدایە، هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە سێبەری هەموو هەوڵەکانی داهاتووتان دەبێت بۆ پاراستنی ستانداردە ئەخلاقییەکان.
8) پەروەردە و گفتوگۆی ئەخلاقی هاندەرێکە بۆ ڕێزگرتن لە بەهاکان:- کاتێک بەهایەکی ژیانی لە ڕێکخراوێکدا دەخرێتە ڕوو، ڕەچاونەکردنی ئەم بەهایە لەلایەن کارمەندانەوە دەبێتە تەحەدایەکی گەورە بۆیان. ئەمە تاکە دۆخێکە کە بەڕێوەبردنی سەرەوە بۆ خوارەوە کاردەکات. وەسفکردنی باشترین پراکتیزە و کردارەکان کە دەرئەنجامی ئەو بەهایانەن کە ڕێکخراوەکە بەڕێوەدەبەن، بناغە بۆ پێکهێنانی متمانە دادەنێت. لەبیرت بێت کە بەها کەسییەکانت دەبنە هۆی دروستبوونی بەها ڕێکخراوەییەکان. ساڵانە کۆمپانیا سەرەکییەکانی جیهان کە باشترین دەرفەتی کارکردن بۆ سەرچاوە مرۆییەکانیان دەڕەخسێنن، لەنێو ئەو کۆمپانیایانەدا هەڵدەبژێردرێن کە بەهاکانیان نمایش کردووە. کۆمپانیا سەرەکییەکانی جیهان لە ڕووی ستانداردە ئەخلاقییەکانەوە لە پیشەسازییەکانی گەڕان بەدوای نەوت و گاز، چاودێری تەندروستی، چێشتخانە، کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت، و خزمەتگوزارییە داراییەکان کاردەکەن. بەپێی ڕاپۆرتی ئەتیسفێر، جگە لە پابەندبوون بەم بنەمایانە، ئەم کۆمپانیایانە بە باشی لە پێداویستییەکانی کلتوری ئەخلاقی تێگەیشتوون و وەک سەرەکیترین پێکهاتەی باشترکردنی ئەدای دارایی قبوڵیان کردووە. کارمەندانی ئەم کۆمپانیایانە هەموو ڕۆژێک بە پەرۆشتر لە ڕۆژی پێشوو دەچنە سەر کارەکانیان. تەنانەت ئەرکە سادە و دووبارەبووەکانیش ڕەگیان لە ئامانجێکی گەورەتردا هەیە. تێگەیشتنێکی یەکگرتوو لە بەها سەرەکییەکان کاریگەرە لە پرۆسەی بڕیاردان. هەبوونی پابەندبوون و باوەڕێکی قووڵ بە ئەرکی ڕێکخراوەکە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی کڕیار، پەرەپێدانی کڕیارە تایبەتەکان، چارەسەرکردنی کێشەکان و دروستکردنی کاریگەری ئەرێنی بەهایەکە کە دەبێت دروست بکرێت و تێبگات و هاوبەش بکرێت. کاتێک هێڵی ئەخلاقی کاڵ دەبێتەوە و بەهاکان دەخرێنە ژێر پرسیارەوە، کارمەندان بەبێ مەرج واز لە باوەڕکردن دێنن. لەبیرت بێت کە کولتوور لەسەر بنەمای بەها و چاوەڕوانی ئەخلاقی و ڕەفتار پێکهاتووە. ئەخلاق و بەها ڕاستەقینەکان بنیات بنێن و سەیری ئەو گۆڕانکارییە ئەرێنییانە بکەن کە لە ئەنجامدا دێنە ئاراوە.
“کێشە سەرەکییەکانی شوێنی کار و چۆنیەتی وەڵامدانەوە و کاردانەوە بۆی”
چۆن مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی شوێنی کار دەکەیت؟ زۆرجار مرۆڤەکان لە شوێنی کاردا لەگەڵ کێشە و تەحەددیاتەکاندا دەجەنگن کە هەست بە بێدەسەڵاتی دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و چارەسەرکردنیان. یەکێک لە پرسە باوەکان لە شوێنی کاردا ڕەنگە ڕەخنەی نادادپەروەرانە و نادروست بێت لەلایەن بەڕێوەبەرەوە. چارەسەر هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەددایانە و پرسانە و ئەو فشارانەی کە لەگەڵیاندا دێن. لەم تەوەرەدا کێشە جۆراوجۆرەکانی شوێنی کار و هەروەها چارەسەرەکانیانمان خستۆتە ڕوو.
“ڕێبازی تاکەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی شوێنی کار”
مرۆڤەکان کاتێک ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە لە شوێنی کاردا سێ کاردانەوە لە خۆیانەوە نیشان دەدەن:-
- نیگەرانی و دڵەڕاوکێ دڵیان داگیر دەکات و هەست بە باشی ناکەن و دەیانەوێت کێشەکە هەر خۆی چارەسەر بێت و نەمێنێت.
- هەست دەکەن کە دەبێت ستراتیژێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بدۆزنەوە و ئەم ستراتیژە دەبێتە هۆی چارەسەری ڕاست و دروست.
- بەدوای کەسێکدا دەگەڕێن لە دەوروبەریان بۆ ئەوەی تاوانباری بکەن بەو کێشەیەی کە سەریهەڵداوە.
ئەم سێ تێروانین و هەڵوێستە ڕەفتارییە لە ڕووبەڕووبوونەوە سەبارەت بەو کێشانەی لە شوێنی کارەکەتدا دروست دەبن، کێشەی نوێ دروست دەکەن و لە ئەنجامدا چارەسەرکردنیان زۆر قورس دەکات. پێویستە بە شێوەیەکی جیاواز سەیری کێشەکانی شوێنی کار بکەن و پێکەوە کار بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. ئەگەری ئەوە هەیە ئەو چارەسەرانەی کە دێنە مێشکی هاوکاران بە پێچەوانەی یەکترەوە بن، بەڵام پێویستە هەست بە ئاسوودەیی بکەیت لەگەڵ بوونی ئەم ڕوانگە جیاواز و ناکۆکانە لە شوێنی کاردا. بوونی ئەم دژایەتیانە زۆر یارمەتی ئێوە و دامەزراوەکەتان دەدات. لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جیاوازییانە و دیدگا جیاوازەکاندا، پێویستە گرنگییەکی تایبەت بە دوو خاڵی سەرەکی بدەیت: یەکەم، ئەم دیدگایە جیاوازانە هەمیشە بوونیان هەیە و ئەم پرسە دەبێتە هۆی باشتربوونی سیستەمی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکە و پەیوەندییەکان لەگەڵ تاکەکان. خاڵی دووەم ئەوەیە کە بوونی ناتەباییەکان ڕێگەت پێدەدات زانیاری و داتای دروست بەدەستبهێنیت و ئەم داتایانە بە شێوەیەکی کاریگەر بەکاربهێنیت لە دابینکردنی ڕێگە چارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە شوێنی کاردا. بەم هەڵوێستە دەتوانیت بە دڵ و عەقڵێکی کراوە شتەکان قبوڵ بکەیت.
کاتێک بیر لە دابینکردن و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان دەکەیتەوە لە شوێنی کارەکەتدا، پێویستە ئەوەت لەبەرچاو بێت کە گەورەترین هەڵە لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانەدا هەوڵدانە بۆ پەلەکردن لە چارەسەرکردن. ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەکان دەبێت لە کۆتاییدا بێت نەک لە قۆناغە سەرەتاییەکانی پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکاندا.
“چارەسەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی شوێنی کار”
باس لە کۆمەڵێک پرس و کێشەی شوێنی کار دەکەین ڕێگەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنیان دەخرێتەڕوو:
– ناکۆکی و دەمەقاڵی لە شوێنی کار:-
کاتێک کۆمەڵێک کەسی گەورە کە پێشینە و ئەزموون و بیرۆکەی جۆراوجۆریان هەیە کۆدەکەیتەوە، بەزۆری ململانێ و مشتومڕ و ناکۆکی پرسێکی مەحاڵ نابێت و شتێکی ئاسایی و چاوەڕوانکراوە. هەرچەندە کۆکردنەوەی کەسانی خاوەن بیروباوەڕی جۆراوجۆر دەتوانێت سوودی هەبێت، بەڵام زۆرجار ئەم ئارگیومێنتانە دەتوانن ئازاربەخش و مەترسیدار بن.پەیوەندی کاریگەر دەتوانێت باشترین ڕێگە بێت بۆ زاڵبوون بەسەر ناکۆکییەکانی شوێنی کاردا، هاوکارە هاوبیرەکان گوێ لە یەکتر بگرن و پێکەوە کاربکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. پێویستە خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتن و دیدگا جیاوازەکانی نێوان هەردوولا دەستنیشان بکەیت و پلان بۆ پێشکەوتن دابنێیت.
– جیاکاری پرسێکی سەرەکییە لە شوێنی کاردا:-
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بابەتە، جیاکاری بەداخەوە لە شوێنی کاردا پرسێکی باو و زۆر جددییە. پێویستە مرۆڤەکان لە شوێنی کاردا هەست بە گرنگی و ئاسایش و پاڵپشتی بکەن، بەڵام کاتێک کەسێک جیاکاری پێ دەکرێت، لەوانەیە هەستکردن بە گرنگیی لە ناخیدا لە ناو بچێت و ببێتە هۆی کێشە و ناڕەحەتی لە هێزی کاردا. وەک خاوەنکارێک ئەگەر ئەم بابەتە لە شوێنی کاردا سەرهەڵبدات، پێویستە زۆر بەخێرایی مامەڵە بکەیت، لەم بارودۆخانەدا دەبێت سیاسەتێکت هەبێت بۆ ئەوەی بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر چی ڕوویداوە دەستنیشان بکەیت و کارێکی دروست بکەیت بۆ کۆنترۆڵکردنی. دەکرێت فەرهەنگ و کەلتووری ڕێخراوەیی بۆ هەموو کارمەندان ڕوونکەیتەوە کە یەکێک لە بنەماکانی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکان دوورکەوتنەوەیە لە جیاکاری و یاسا و ڕێسا و فەرهەنگی دامەزراوەیی و ڕێکخراوەیی سەرەوەرە نەوەک ڕەگەز، ڕەنگی پێست و ئایین و …هتد.
– نا هاوسەنگی لە نێوان ژیانی کار و ژیانی کۆمەڵایەتی:-
کاتێک سەرکردایەتی بزنسێک دەکەیت ، بە ناچاری کارەکەت لەگەڵ ژیانتدا تێکەڵ دەبێت. تەنها لەبەر ئەوەی بەردەوام بیر لە کارەکەت دەکەیتەوە مانای ئەوە نییە کارمەندەکانت لەکاتی مۆڵەتدا بەردەوام بن لە کارکردن. چاوەڕوانی ئەوەی ستافەکەت ٢٤ کاتژمێر ئامادەبن و پشوویەکی زۆر کەمیان پێدەدەیت، دەتوانێت ئازاری خۆیان و خانەوادەکانیان بدات و بێزاریان بکات و بیر لە کۆمەڵێ ڕێکار دەکەنەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە فشار و گوشارەدا. لە بەرامبەردا کارمەندەکانت پێویستیان بە هاوسەنگییەکی دروست هەیە لە نێوان کارەکانیان و ژیانی کەسیدا بۆ ئەوەی ئەدای گونجاو پێشکەش بکەن. بۆ دروستکردنی هاوسەنگییەکی تەندروست و ژیانی کار، سەرەتا بە دامەزراندنی داب و نەریتی ڕێکخراوەیی تایبەت دەست پێبکە کە هاندەری ڕەفتاری تەندروستە لە ماڵەوە و لە شوێنی کار. داوا لە ستافەکەت بکە تەنها لە کاتی کارکردندا وەڵامی پەیامەکانت بدەنەوە. هەروەها ئەم بابەتانە، بەشدارییەکی بەرچاو دەکەن لە باشترکردنی پەیوەندییە کاریگەرەکانی نێوان بەڕێوەبەران و کارمەندان.
– نەبوونی پاڵنەر:-
جۆرێک لە کێشەکانی شوێنی کار، نەبوونی پاڵنەرە. ناواقیعییە چاوەڕێی ئەوە بکەیت هەموو ئەندامێکی تیمێک هەموو ڕۆژێک بە هێز و وزە و پاڵنەرێکی تەواوەوە بێنە سەر کارەکەیان، بەڵام کاتێک زۆرێک لە کارمەندان زۆرجار لەگەڵ ئەم بابەتەدا کێشەیان هەیە، دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ کێشەیەکی گەورەتر و بەزۆری کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕێکخراوەکە دەبێت. باشتر وایە بزانین بۆچی مرۆڤەکان ئەم کێشەیەیان هەیە، بەڵام چەند ڕێگەچارەیەکی خوازراو هەیە بۆ دروستکردنی پاڵنەر لە شوێنی کاردا، لەوانە دەستنیشانکردنی ئامانجەکان و بەکارهێنانی شێوازی هاندان و ڕووداو و کاری بە کۆمەڵ، پلاندانان بۆ شێوازی سزادان و هاندان لە دامەزراوەکان و شەفافیەت لەم ڕێکار و یاسا و ڕێساکان ئەولەوییەت بێت.
– هەبوونی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی:-
هەندێک دڵەڕاوکێ سوودبەخشە و پاڵنەرێکی باش بۆ تیمی ستافەکە دابین دەکات، بەڵام دڵەڕاوکێ و نیگەرانی زۆر دەتوانێت ببێتە هۆی کردەوەی زیانبەخش و ناتەبایی و هەڵە و بێزاری لە کار و پیشەدا. نوقمبوونی تیمی لە کاردا دەتوانێت کۆمەڵێک کێشەی بەرفراوان لە شوێنی کاردا دروست بکات و لەم حاڵەتەدا، پێویستە بە هەر نرخێک بێت لەم باروودۆخە دوور بخرێتەوە. ئەگەر کارمەندێک یان چەند کارمەندێکت هەیە کە لەگەڵ فشاری کارکردندا کێشەیان هەیە، پێویستە باری کارەکانیان کەم بکەیتەوە. تەنانەت لەوانەیە بۆت دەرکەوێت کە تەکنەلۆژیا و ئامێر هەیە کە کارەکانیان ئاسانتر دەکات و دەتوانیت ئەم ئەرکانەیان پێ بناسێنیت.
– پلاندانانی نەگۆڕ و بێ مرونە:-
گرنگ نییە چەند کارمەندت هەیە، پێویستە بزانیت کە ستافەکەت پابەندە بە کارەکانیانەوە و کاتێکی پێویست بەسەر دەبەن بۆ ئەنجامدانی کارەکان. هەرچەندە ڕەنگە پێویستت بە ستافەکەت بێت بۆ کارکردن لە کاتە دیاریکراوەکاندا، بەڵام گرنگە بیر لەوە بکەیتەوە کە ئایا پێویستە زۆر توند بیت لە یاساکانی خشتەی کارەکانتدا. ئەگەر ستافەکەت ناچار بکەیت بە تەواوەتی کار بکەن بەبێ هیچ ئازادییەک لە کارکردن، ئەوە دەبێتە هۆی فشاری دەروونی، بەتایبەتی کاتێک ستافەکە دەتوانن کارەکانیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن بەهۆی بەرزی نەرمی و نەرمییانەوە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە باشتر وایە دەرفەت بە کارمەندەکانت بدەیت پلانی کارەکانیان دابنێن بە زیادکردنی نەرمی زیاتر بۆ کاتی کارکردنیان و یا بەشدارییان پی بکەیت لە دانانی ئامانج و قۆناخەکانی جێبەجێکردنیاندا.
– نەبوونی ئامێر یان تەکنەلۆجیا:-
جۆرەکانی تری کێشەکانی شوێنی کار بریتین لە نەبوونی تەکنەلۆجیا و کەرەستە. کاری خاوەن بزنسێکی بچووک بە دەگمەن وا چاوەڕێ دەکرێت کە ئاسان بێت، بە تایبەت کاتێک بڕیار لەسەر چۆنیەتی تەرخانکردنی قازانج و لە کوێ وەبەرهێنان لە کارگەکەتدا دەکرێت. لە کاتێکدا کە ڕەنگە دامەزراندنی ستافی نوێ باشتر بێت لە کڕینی ئامێری نوێ، بەڵام ڕەنگە زۆر خێراتر هەست بە کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی سیستەمی کۆن بکەیت لەوەی چاوەڕێی دەکەیت. کاتێک کارەکانی کارمەندەکانت دەبنە هۆی ئازاردان بەهۆی خاوبوونەوەی ئامرازەکان و خراپی سیستەمەکان، ئەمە دەتوانێت پاڵنەر و ئەدای کارکردنیان زۆر دابەزێنێت. لەبری ئەوەی کارمەندەکانت ناچار بکەیت بەردەوام کێشەکان چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی جێگەی کەمی تەکنەلۆژیا بگرنەوە، بیر لە وەبەرهێنان لە ئامێر و کەرەستەی نوێ بکەنەوە. ڕاوێژ لەگەڵ کارمەندەکانت بکە سەبارەت بەوەی کە چییان پێویستە بۆ ئەوەی کارەکانیان باشتر ئەنجام بدەن، لێکۆڵینەوە لە نوێترین تەکنەلۆژیای بەردەست بکە و بودجەیەک تەرخان بکە بۆ کڕینی ئامێری نوێ کە هاریکار و ئاسانکارە و لە فشار و ستریسی کار کەمدەکاتەوە و کارایی و کارامەیی و بەرهەمداریان بەرز دەکاتەوە.
“کێشەی شوێنی کار بۆ خانمان”
کێشەکانی شوێنی کار بۆ ژنان چین؟ سەرەڕای پرسگەلێکی وەک کەمبوونەوەی مووچە بە بەراورد بە پیاوان کە لە پۆستە هاوشێوەکاندان، بەربەستەکانی بەردەم بەرەوپێشچوونی پیشەی ژنان و جیاکاریی ڕەگەزی، ژنان زۆرجار ڕووبەڕووی کێشەی ڕۆژانە دەبنەوە لە شوێنی کاردا. جگە لەم تەحەددایانە، جیاکردنەوەی کارەکانی ژنان یان ڕێگەنەدان بە بەشداریکردنیان لە بازاڕێکی کاری هەمەچەشندا، پرسگەلێکی دیکەن کە ژنان لەگەڵیاندا دەستو پەنجە نەرەم دەکەن، نەک تەنها لە عێراق بەڵکو لە زۆرێک لە دامەزراوەکان لە وڵاتانی جیهاندا. بەشێک لەم ئاڵنگارییانە بریتین لە:-
– هاوسەنگکردنی ژیانی کەسی و کار:-
کارمەند بوون لە شوێنی کاردا بە هیچ شێوەیەک نابێتە هۆی ئەوەی ژنان ئەرکە تەقلیدییەکانی خۆیان بەرامبەر ماڵ و خێزان لەبیر بکەن. لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی ئافرەتان لە ژیاندا تووشی کێشە نەبن، پێویستە هاوسەنگی لە نێوان ژیان و کارەکەیاندا بپارێزن. زۆرێک لەو ژنانەی کە لە دەرەوەی ماڵەوە کار دەکەن، کات و وزەی خۆیان لە نێوان بەرپرسیارێتی ژن، دایک، کارمەند، یان منداڵدا دابەش دەکەن. هاوسەنگکردنی ژیانی کەسی و کار دەکرێ بە یەکێک لەو ئەرکە ناوازانەی ژیانی ئافرەتان هەژمار بکرێت کە بەزۆری بە ئاسانی دەردەکەوێت و دێتەپێش چاو، چونکە هەریەکێک لەو بەرپرسیارێتیانە کێشەی تایبەتی خۆی هەیە.
–ململانێ لەگەڵ سنووردارییە و سەختی و بەربەستەکانی کار بەبێ پاڵپشتی کەسانی نزیک:-
یەکێک لە کێشەکانی شوێنی کار بۆ ژنان، ململانێیە لەگەڵ سنووردارکردنی کار بەبێ پشتیوانی کەسانی نزیکیان. لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا، ئەو ژنانەی کە لە دەرەوەی ماڵ کار دەکەن، بە گشتی بە هیچ شێوەیەک پاڵپشتی ناکرێن و ئەگەر کێشەیەک لە ژیانی کەسی یان پیشەیی خۆیاندا سەریهەڵدا، ژنان دەزانن کە دەبێت خۆیان کێشەکە چارەسەر بکەن. جگە لە کارکردن لە دەرەوەی ماڵ، ژنانی کرێکار ناچارن گرنگترین کارەکانی ناوماڵ بە تەنیا ئەنجام بدەن. بەڵام زۆربەی پیاوان یان ڕاهێنانیان لەسەر شارەزایی ماڵەوە نەبووە یان هاوکارییەکی پێویست لەگەڵ ژنەکانیان ناکەن کە لە دەرەوەی ماڵ و لەگەڵیان کاردەکەن.
– زیاتر کارکردن و هەوڵدان بۆ سەلماندنی خۆیان:-
لە هەندێک شوێنی کاردا زۆربەی بەڕێوەبەران زیاتر بەها بە کارمەندانی پیاو دەدەن، واتە ژنان ناچارن چەندین جار زیاتر لە پیاوان کاربکەن بۆ سەلماندنی توانا و لێهاتوویی خۆیان لە شوێنی کاردا. بەڵام لە ئەنجامدا فیدباک لە کارەکانی پیاوان زیاتر لەبەرچاو دەگیرێت نەک لە کارەکانی ژنان، تەنانەت لە بارودۆخی یەکساندا. هەروەها ئەمە پرسێکی سروشتییە، بەو پێیەی مووچە و یارمەتیی زیاتر بۆ پیاوانیش لەبەرچاو دەگیرێت. بۆیە پێویستە هەر وەک پیاون وەک کارمەندێک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت لە هەموو ماف و ئیمتیازاتەکانەوە و هەروەها سزا و پادداشتەکان و پێشخستن و سەرمووجە و پلەبەرزکردنەوەدا. بە هیوام دامەزراوە و ڕێکخراوەکان و بەڕێوەبەران ڕەچاوی ئەم خالانە بکەن تاکو خانەوادەیەکی تەندروست و دامەزراوەیەکی تەندروست و کۆمەڵگەیەکی تەندروستی لێ بێتەکایەوە و ئامانجەکانیان بێنەدی.