“سیستەمی پەروەردەی لە وڵاتی سەنگافورە لە دایەنگا تاکو زانکۆ”
سیستمی پەروەردە لە وڵاتی سەنگافورە دابەشکراوە بەسەر چەند قۆناغێکدا و هەر قۆناغێك سیستمە پەروەردەییەکەی بە پێی تەمەنی خوێندکار گونجێنراوە و مەبەستیش لێی بەدیهێنانی ئامانجە پەروەردەییەکەیەتی کە وەزارەتی پەروەردە و حکومەتی سەنگافورە بە هەماهەنگی پێکەوە دایانڕشتووە لە پێناو خستنە کۆمەڵگای نەوەیەکی هۆشیار و داهێنەر بۆ ناو کۆمەڵگای سەنگافورە. ئێمە لێرەدا بەشێوەیەکی پوخت هەریەك لەو قۆناغانە دەخەینە ڕوو لەگەڵ ئامانجە پەروەردەییەکانیاندا.
- دایەنگای تایبەت بە منداڵانی شیرە خۆرە تاکو تەمەنی باخچەی منداڵان:- ئەم بەشە بۆ منداڵانی تازە لەدایکبووە تا تەمەنی چوار ساڵی. حکومەت و وەزارەتی پەروەردەی سەنگافورە پێیان وایە منداڵان لەم تەمەنەدا پەرۆش و چالاکن. منداڵان لەم ئاستەدا لەسەر ئەم سێ ئامانجە ئاڕاستە دەکرێت، کە ئەوانیش بریتین لە:-
- چاندنی هەستی پەرۆشی بۆ گەڕان بە جیهاندا.
- هاندان بۆ فێربوون بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی ئەزموونکردن و ئەزموونەوە زیاتر فێربن.
- پەرە بە تواناکانی بیرکردنەوەی منداڵ
- باخچەی منداڵان:- یەکێکە لە قۆناغە بنەڕەتیەکانی سیستمی پەروەردەی سەنگافورە، ئەم قۆناغەی خوێندن گرنگە بۆ گەشەکردنی هەموو لایەنەکانی منداڵان. لەم تەمەنەدا منداڵان لە هەوڵی فێربوونی تواناکانی کارامەیی کۆمەڵایەتی و بەدەستهێنانی متمانە بەخۆبوون و دۆزینەوەی بەهرە و ئارەزووەکانیان دەبن. ژمارەیەکی زۆری منداڵان لە سەنگافورە لە تەمەنی پێنج و شەش ساڵیدا دەچنە باخچەی منداڵان، هەروەها بەشداریکردن لە دایەنگا و باخچەی منداڵان بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانەیە.
- قوتابخانە سەرەتاییەکان:- لە دوای تەواوبوونی قۆناغی باخچەی منداڵان قۆناغی خوێندنی منداڵان دەسپێدەکات، کە ئەویش قۆناغی قوتابخانەیە و بە قوتابخانە سەرەتاییەکان دەسپێدەکات، ماوەی خوێندنی قۆناغی سەرەتایی لە سەنگافورە (٦) شەش ساڵە، هەموو خوێندکارێکی سەنگافوری بەلایەنی کەمەوە (١٠) دە ساڵ خوێندنی گشتی وەردەگرێت، کە (٦) شەش ساڵ خوێندنی سەرەتایی و (٤) چوار ساڵ خوێندنی ناوەندی لەخۆدەگرێت. لە پۆلی یەکەم تا چوارەم جەخت لەسەر ئاستی سەرەتایی خوێندەواری و ژماردن دەکرێتەوە و سەرجەم قوتابیان بەپێی تواناکانیان پۆلێن دەکرێن. لە سەنگافورە سێ جۆر پۆلێنکردن هەیە. لە کۆتایی پۆلی شەشەمدا سەرجەم قوتابیان بە تاقیکردنەوەی نیشتیمانی هەڵدەسەنگێندرێن و دواتر بە پشت بەستن بە تواناکانیان ناوی خۆیان تۆمار دەکەن لە یەکێك لە خولەکانی تیۆری یان تەکنیکی. کەواتە هەموو هاووڵاتیانی سەنگافورە، کە تەمەنیان لە سەرووی شەش ساڵەوەیە دەبێت بۆ ماوەی شەش ساڵ لە قوتابخانەی سەرەتایی بخوێنن، ئەمەش هاوشێوەی سیستەمی ئەمریکییە. مەنهەجی قوتابخانە سەرەتاییەکانی سەنگافورە بە شێوەیەك داڕێژراوە، کە منداڵ فێری بناغەی تێگەیشتن و فێربوونی باش و گونجاو دەکات. خوێندنی سەرەتایی بۆ هەموو هاووڵاتیانی سەنگافورە ناچارییە. بەرنامە و بابەتەکانی پەروەردەیی ئەم ئاستەش بریتین لە:-
- لێهاتوویی زانستی.
- کارامەیی کۆمەڵایەتی.
- کارامەیی سۆزداری.
- کارامەییەکانی ژیانی ڕۆژانە.
- شارەزایی لە کاردا.
- هونەر.
- پەروەردەی وەرزشی و وەرزش.
- پەروەردەی هاووڵاتی بوون.
- تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی.
سەبارەت بەو منداڵانەی، کە نەخۆشی ئۆتیزمیان هەیە دایك و باوکیان دەتوانن ناویان تۆمار بکەن لەو قوتابخانانەی کە تایبەت کراون بەم جۆرە خوێندکارانە کە پێی دەوترێت(Pathlight School) و بەم شێوەیە ئەوانیش لە پەروەردە و خوێندن بێبەش نابن.
- قوتابخانە ناوەندییەکان:- لە دوای قۆناغی سەرەتایی دێت و ئەو منداڵانەی لە تاقیکردنەوەی کۆتایی پۆلی شەشەم دەردەچن دەچنە قۆناغی قوتابخانە ناوەندییەکان، کە دابەش دەکرێت بەسەر ئەم دوو قۆناغەی خوارەوە:-
- خولی یەکەم تا چوارەم (هاوشێوەی پۆلی ٧ تا ١٠ لە سیستەمی ئەمریکیدا)
- خولی پێنجەم و شەشەم (هاوشێوەی پۆلی ١١ و ١٢ لە سیستەمی ئەمریکیدا)
- قوتابخانە ناوەندییەکانی دێسا: (Direct School Admission for secondary schools):- بەشێوەیەکی گشتی خولی پێش زانکۆ لە سەنگافورە (٢) دوو ساڵە. دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی پێویستە خوێندکاران خولێکی دوو ساڵە تەواو بکەن بۆ ئەوەی بچنە ناو کۆلێژی (کامبریج-سەنگافورە). سەرجەم خوێندکاران لە پۆلی یەکەم تا دەیەمی بیرکاری دەخوێنن. هەر ساڵێکی خوێندن لە ٤ وەرز پێکدێت کە (١٠) دە هەفتەیە. لە نێوان وەرزی یەکەم و دووەم و لە نێوان وەرزی سێیەم و چوارەمدا هەفتەیەك پشوو هەیە. لە کۆتایی وەرزدا پشووی چوار هەفتەیی هەیە و لە کۆتایی ساڵدا پشوویەکی درێژی شەش هەفتەیی هەیە. ئەو خوێندکارانەی، کە پۆلی شەشەمیان تەواو کردووە دەتوانن بە پشتبەستن بە بەهرەکانیان لە بوارەکانی ( وەرزش، هونەر، هونەری بینراو، ئەدەب و دراما)دا خۆیان تۆمار بکەن لەم قوتابخانانە، هەروەها ئەو خوێندکارانەی، کە خوێندنیان لە ئاستی ناوەندی تەواو کردووە بڕوانامەی دەرچوونی کۆرس وەردەگرن.
واتە ئەو خوێندکارانەی، کە پۆلی شەشەمیان تەواو کردووە دەتوانن بە پشتبەستن بە بەهرەکانیان لە بواری وەرزش، هونەر، هونەری بینراو، ئەدەب و درامادا خۆیان تۆمار بکەن لەم قوتابخانانە و ئەو خوێندکارانەی، کە خوێندنیان لە ئاستی ناوەندی تەواو کردووە بڕوانامەی دەرچوونی کۆرس وەردەگرن. هەموو خوێندکارانی هاوڵاتی سەنگافورە هەژماری بانکییان هەیە و ساڵانە بەشداری و هاوکاری دارایی بۆ خوێندنیان لە سەرەتای خوێندنی سەرەتاییەوە تا تەواوکردنی خوێندنی ناوەندی وەردەگرن. ئەمەش هەموو ئەو خوێندکارانەی سەنگافورە دەگرێتەوە کە لە قوتابخانە حکومییەکان یان ئەهلییەکان ناویان تۆمار کردووە، هەروەها ئەو منداڵانەی کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن. تەنانەت ئەم پلانە یارمەتی خوێندکار دەدات بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن لە دوای ئامادەیی بە پاراستنی هەژماری بانکی خۆیان. ئەمەش بەشێکە لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ هاندانی خەڵکی سەنگافورە بۆ تەواوکردنی خوێندنی زانکۆی منداڵەکانیان. هەروەها جەخت لەسەر پابەندبوونی حکومەت دەکاتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی خێزانەکان بۆ وەبەرهێنان لە خوێندنی داهاتووی منداڵەکانیان.
داهاتی خوێندکاران لە هەر ساڵێکی خوێندندا بریتییە لە:– خوێندکارانی قوتابخانەی سەرەتایی: (٢٣٠) دوسەد و سی دۆلاری سەنگافوری، خوێندکارانی قۆناغی ناوەندی: (٢٩٠) دوسەد و نەوەد دۆلاری سەنگافوری، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، کە سەرپەرشتیاری ئەم هەژمارە حکومەتە و دایك و باوك ناتوانن پارەی شەخسی لەم هەژمارە بانکییەی منداڵەکەیان وەربگرن. هەژماری بانکی خوێندکارەکە دادەخرێت کاتێك تەمەنی دەبێتە هەژدە ساڵ یان چیتر ناچێتە قوتابخانە و باڵانسی هەژمارەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەگوازرێتەوە بۆ هەژمارێك، کە خوێندکارەکە بۆ خۆی دەیکاتەوە و دەتوانن ئەو پارەیەی لە ئەژمێری بانکی خۆیاندا هەیە بۆ خەرجییەکانی زانکۆ بەکاربهێنن. جگە لەوەش (١٩) نۆزدە قوتابخانەی حکومی هەیە بۆ ئەو خوێندکارانەی، کە زیاتر و زیاتر پێویستیان بە یارمەتی تایبەتمەند هەیە لە خوێندنەکەیاندا (کە نیشانەکانی مامناوەند تا توندیان هەیە). بەو ئامانجەی، کە هەر کەسێك بتوانێت توانای خۆی لە ژینگەیەکی پەروەردەیی کە لەگەڵ بارودۆخی جەستەیی و دەروونیدا بگونجێت بەکاربهێنێت. ئەم منداڵانە جۆرەها پێداویستی پەروەردەیی تایبەتیان هەیە بۆ فێربوون و ئامانجی حکومەت ئەوەیە هەموو منداڵان بتوانن ژیانێکی بەرهەمدار و پڕ مانادار لە کۆمەڵگادا بەڕێوەببەن. لە کۆتاییدا ئەو خوێندکارانەی لە کۆتایی خولی شەش ساڵەی ئامادەیی نمرەی دەرچوونیان بەدەستهێناوە دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتن لە زانکۆ یان دامەزراوەیەکی خوێندنی باڵا.
- پەیمانگای پەروەردەی تەکنیکی و پیشەیی:- پەیمانگای پەروەردەی تەکنیکی و پیشەیی لە(1ی نیسانی ساڵی 1992) دامەزراوە و ئەرکی پەروەردەی پیشەیی و پیشەسازی بۆ خوێندکاران گرتۆتە ئەستۆ. پەیمانگاکە لە ساڵی ١٩٩٢ەوە کە دامەزراوە، هەوڵەکانی لەسەر دروستکردنی ناوەندێکی تەکنیکی نایاب چڕکردووەتەوە. ڕۆڵی سەرەکی پەیمانگا دڵنیابوونە لەوەی کە دەرچووان خاوەنی زانیاری و لێهاتوویی تەکنیکی پەیوەندیدار بە پیشەسازییەکان. لە سەنگافورە دوو ناوەندی تایبەت هەن کە تایبەتن بە هونەر وانە دەڵێنەوە. ئەم دامەزراوانە بریتین لە:-
- کۆلێژی لاسال بۆ هونەر(LASALLE College of the Arts)
- ئەکادیمیای نانیانگ بۆ هونەرە جوانەکان((Nanyang Academy of fine Arts
سەنگافورە ژمارەیەك زانکۆی حکومی و ناحوکمی و (١٠) دە کەمپ و لقی دامەزراوەی خوێندنی باڵای بیانی هەیە، ئەوانەی ئارەزووی خوێندنی باڵایان هەیە دەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن لە ئاستی دیبلۆمی باڵا و بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا و پۆست دکتۆرا لە زۆربەی بوارەکاندا لە خوێندن وەك پەروەردەی تەواوکات و ڕاهێنانی نیوەکاتین (بۆ کارمەندان) هەیە. سیستەمی خوێندن لە زانکۆکانی سەنگافورە وەرزێکە (هەر وەرزێك شەش مانگە). ئەم سیستەمە بۆ یارمەتیدانی خوێندکاران بۆ ئەوەی خوێندنی قووڵیان هەبێت، ڕێگەیان پێدەدات بەپێی بەهرە و بەرژەوەندی کەسی خۆیان خولی پەروەردەیی هەڵبژێرن. ئەو خوێندکارانەی کە بەنیازن کۆرسی دیبلۆمی باڵا یان زیاتر لە یەکێك لە زانکۆکانی ئەم وڵاتە بخوێنن، پێویستە دوانزە ساڵ خوێندنی بەسەرکەوتوویی تەواو کردبێت، دواتر بەپێی زانکۆ و بوارەکەی، کە حەزی لێیە ناوی خۆیان تۆمار بکەن. خولی دیبلۆمی باڵا لە سەنگافورە دوو بۆ سێ ساڵ دەخایەنێت بۆ خوێندکارێکی تەواوکات. بڕوانامەی بەکالۆریۆس بۆ خوێندکارانی فول تایم(تەواو کات) نزیکەی سێ بۆ پێنج ساڵ دەخایەنێت (بۆ نموونە خوێندکارانی پزیشکی پێویستیان بە پێنج ساڵ خوێندن هەیە). پرۆگرامی ماستەر بۆ خوێندکارێکی فول تایم ساڵێك یان دوو ساڵ دەخایەنێت، لەکاتێکدا پرۆگرامی دکتۆرا لە نێوان سێ بۆ پێنج ساڵدا دەخایەنێت.
خولی دەرچوون لە هەردوو ئاستی ماستەر و دکتۆرا، لە زۆربەی بوار و دیسیپلینەکاندا بەردەستە. بۆ ئەو خوازیارانەی بە نیازن خولی دیبلۆمی باڵا تەواو بکەن، جگە لە بڕوانامەی دەرچوونی ناوەندی، بڕوانامەی بەکالۆریۆس بۆ کاندیدانی دیبلۆمی باڵا و بڕوانامەی بەکالۆریۆس و دیبلۆمی باڵا بۆ کاندیدەکانی دکتۆرا پێویستە. زمانی ئەکادیمی لە سەنگافورە ئینگلیزییە، کە لە ئاستێکی زۆر باشدا قسەی پێ دەکرێت و یەکێکە لە هۆکارە کاریگەر و پاڵنەرەکان بۆ خوێندکارانی بیانی بۆ خوێندن لە زانکۆکانی ئەم وڵاتە. واتە هەموو زانکۆ و پەیمانگا و دامەزراوە پەروەردەییەکانی ئەم وڵاتە بە زمانی ئینگلیزی کاردەکەن. بەدەستهێنانی دەرفەتی وەرگرتن لە زانکۆکانی سەنگافورە کێبڕکێیەکی زۆری لەسەرە و بە شێوەی ئۆنلاین پێشنیار دەکرێت بۆ خوێندکارانی نێودەوڵەتی. هەبوونی سیڤییەکی بەهێز و بابەتی ئەکادیمی، نمرەی بەرزی ئەکادیمی (بەلایەنی کەمەوە نمرەی 16) و هەندێك دەستکەوتی ئەکادیمی(توێژینەوە) گرنگە لە بەدەستهێنانی وەرگرتن لە زانکۆکانی سەنگافورە. کەمترین تەمەنی پێشکەشکاری بڕوانامەی بەکالۆریۆس ١٨ ساڵە. هیچ سنوورێکی کاتیی دیاریکراو بۆ داواکارانی بڕوانامەی دکتۆرا دانەنراوە، پێشکەشکاران دەتوانن لە هەر کاتێکدا داواکاری پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتن لە یەکێك لە زانکۆکانی ئەم وڵاتە. پێویستە خوازیاران پەیوەندی لەگەڵ مامۆستایانی پەیوەندیداری زانکۆی خوازراو ببەستن، کە بەنیازن وەربگێرن و ئاگاداریان بکەنەوە لە وانە پێشنیارکراوەکان و هانیان بدەن بۆ ئەوەی ببنە سەرپەرشتیاری خۆیان. ئەمە گرنگترین بنەمایە کە پێویستە داواکارانی دکتۆرا گرنگی پێبدەن.
ئەو بەڵگەنامانەی کە پێویستن بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتن بریتین لە:-
- کۆپییەکی وەرگێڕانی ئەسڵی و بڕوانامەی دەرچوون لە ئاستی پێشوو (پێویستە داواکار بڕوانامەی دەرچوون لە ئاستی پێشوو پێشکەش بکات بۆ هەر ئاستێك کە داواکاری پێشکەش دەکات).
- دوو کۆپی نامەی پێشنیار لە پرۆفیسۆر/مامۆستاکانی داواکار و پرۆفیسۆرەکانی پێشوو.
- سیڤی ئەکادیمی،
- ڕاپۆرتێك لەسەر ئامانجی پەروەردە.
- کۆپی نمرەی( IELTS، TOEFL یان ( GMAT )(بەپێی زانکۆکان دەگۆڕێت).
- بڕوانامەی بەیاننامەی بانکی.
- ڕاپۆرتی پزیشکی.
- هاوپێچ لەگەڵ ڕاپۆرتێکی تایبەت بە نەبوونی پێشینەی خراپ.
هەرچەندە نمرەی زمانی ئینگلیزی بۆ پێشکەشکاران لە زانکۆ جیاوازەکان تاڕادەیەك جیاوازە، بەڵام باشتر وایە پێشکەشکار بڕوانامەی ئایلتس لە سەرووی ٦.٥ یان تۆفل لە سەرووی ٨٠ بێت بۆ ئەوەی قبوڵێکی دیاریکراو بەدەستبهێنێت. هەموو زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندنی باڵا لە سەنگافورە خوێندکاری نێودەوڵەتی لە هەموو ئاست و دیسیپلینەکاندا وەردەگرن. لە ئێستادا خوێندکارانی بیانی 18%ی سەرجەم خوێندکارانی زانکۆکانی سەنگافورە پێکدەهێنن
- زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان:- زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان بە ئامانجی ڕاهێنانی داواکارانی پیشەیی دامەزراون بۆ پشتگیریکردن لە گەشەپێدانی تەکنەلۆژی و ئابووری سەنگافورە. بە لەبەرچاوگرتنی مەودای بەرفراوانی توانا و ئارەزووەکانی خوێندکاران، زانکۆ پۆلیتەکنیکەکان هەوڵدەدەن خوێندکاران بە کارامەیی پەیوەندیدار و تایبەت بۆ ناوەندەکانی کار ڕابهێنن بۆ ئەوەی بتوانن ببنە وڵاتێکی ئابووری لەسەر بنەمای زانیاری. ئەمڕۆ دەرچووانی زانکۆ پۆلیتەکنیکەکان لەلایەن پیشەسازییەوە ڕێزێکی زۆریان لێدەگیرێت. لە ئێستادا پێنج پۆلیتەکنیك لە سەنگافورە هەن:-
- پۆلیتێکنیکی ئێن جی ئان Ngee Ann Polytechnic
- پۆلیتەکنیکی کۆماریRepublic Polytechnic
- پۆلیتەکنیکی سەنگافورە Singapore Polytechnic
- پۆلیتەکنیکی تێماسێك Temasek Polytechnic
- پۆلیتەکنیکی نانیانگ Nanyang Polytechnic
- زانکۆکان:-
- زانکۆی نیشتمانی سەنگافورە.
- زانکۆی بەڕێوەبردنی سەنگافورە.
- زانکۆی تەکنەلۆژیا و دیزاینی سەنگافورە.
- زانکۆی تەکنەلۆژیای نانیانگ.
- زانکۆی سەنگافورە بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان.
- پەیمانگای تەکنەلۆژیای سەنگافورە.
پەیمانگای تەکنەلۆژیای سەنگافورە لە ساڵی ٢٠٠٩ بە هاوکاری زانکۆ بەناوبانگەکانی دەرەوەی وڵات دامەزراوە و لە ساڵی ٢٠١٤ بووەتە دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و لە هەمان ساڵەوە دەستی بە پرۆگرامەکانی خوێندنی تەواوکات کردووە. بوارەکانی خوێندنی ئەم دامەزراوەیە بریتین لە:- (زانستە کارپێکراوەکان، بازرگانی، دیزاین، میدیا، ئەلیکترۆنیات و تەکنەلۆژیای زانیاری، و ئەندازیاری.)
سەرجەم کتێبەکانی قوتابخانە و زانکۆ لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی سەنگافورە دیاری دەکرێن. جگە لە کتێبی خوێندن، کتێبی کار و کتێبی یارمەتیدەری فێرکاریش بۆ خوێندکاران دابین دەکرێت بۆ خوێندنی زیاتر. وەزارەتی پەروەردەی سەنگافورە بە بەردەوامی و ساڵانە پڕۆگرامەکانی نوێ دەکاتەوە بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی کە هاوتەریب بێت لەگەڵ گەشەسەندنی تەکنەلۆژیای جیهانی. بۆیە ساڵانە پێداچوونەوە بە کتێبی خوێندن دەکرێت و چاپی نوێ بە پشتبەستن بە بەرنامەی نوێ و پێداویستییەکانی ئێستا دەخرێتە بازاڕەوە، هەروەها پڕۆگرامی سەنگافورە جەخت لەسەر بیرکاری دەکاتەوە، پڕۆگرامی نوێی خوێندن لە سەنگافورە زیاتر جەخت لەسەر چەمکە بیرکارییەکان و توانای بەکارهێنانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بیرکاری کراوەتەوە، جەختیش لەسەر شێوازە کاریگەرەکانی وانەوتنەوە کراوە ئەو شێوازانە بریتین لە: پەرەپێدانی چەمکە بیرکارییەکان لە ڕێگەی چالاکییە مانادارەکانەوە، بەکارهێنانی بیرکردنەوەی بیرکاری، پەیوەندی بیرکاری و چارەسەرکردنی کێشەکانی بیرکاری، هەروەها بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای کۆمپیوتەر لە فێرکردن و فێربوونی بیرکاریدا. لە سەنگافورە، نزیکەی هەر شەش مانگ جارێك دوای کۆتایی هاتنی هەر وەرزێك، بارودۆخی دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و ناوەندە زانستییە جیاوازەکان وردبینی بۆ دەکرێت و ئامارەکان بۆ هەر سەنتەرێك دابین دەکرێت.
ڕاهێنانی پیشەیی مامۆستایان لە سەنگافورە لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی پەروەردەوە ئامادەکراوە و کۆدەکرێتەوە، کە هەندێك خول لە خۆ دەگرێت لەوانە:-
- خولی بەکالۆریۆسی چوار ساڵە بۆ وانەوتنەوە لە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی.
- تەواوکردنی خولێکی یەك ساڵە دوای دەرچوون لە بوارێکی زانکۆ، بە تەواوکردنی ئەم خولە قوتابی دەتوانێت ببێتە مامۆستای قۆناغی سەرەتایی یان ناوەندی.
- دەرچوون لە بڕوانامەی پەروەردەیی، کە ماوەی (٢) ساڵ دەخایەنێت و بە دەرچوون لەم خولە دەتوانیت ببیتە مامۆستای بنەڕەتی.
- خولی خزمەت، کە لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی پێشنیار کراوە بۆ پراکتیکی وانەوتنەوە بە شێوەیەکی پراکتیکی.
هەروەها مامۆستایان هاندەدرێن بە بەکارهێنانی کەرەستەی پەروەردەیی و ڤیدیۆی جۆراوجۆر و کۆمپیوتەر، شێوازێکی چالاك لە فێربوونی قوتابیاندا بەکاربهێنن، کە ئەمەش وا دەکات هەمیشە تازەگەری لەوانەکاندا هەبێت لەگەڵ بەشداری چالاکانەی خوێندکاران بۆ مامۆستا و وانەکان، هەروەها وانەکان چێژبەخش دەکات لەلای خوێندکار و هەستی بەرپرسیارێتیان تیادا گەشەی زیاتر دەکات.
سەرچاوەکانی سودلێوەرگیراو:-
- آشنایی با سیستم مدارس کشور سنگاپور، مجلە علمی آموزش رهپویان.
https://rahpooyan.shop/introduction-to-singapore-schools/
- تشریح آموزش و پرورش کشور سنگاپور
https://janahmedu.blogfa.com/post/770
- تحصیل در مدارس کیشور سنگاپور
- راز موفقيت سنگاپور در آموزش و پرورش، ترجمە و تالیف: پریوا صفری
https://badrian.blogfa.com/post/3
- نظام آموزشی در سنگافور، ۱۳۹۹/۰۲/۰۸- ۰۷:۱۰
ئامادەکردن: ئاشنا عەلیزادە