دوای فشارێکی زۆر لەسەر جەستەی و بیستنی دەنگی زۆر ئازاردەر، هەستی کرد هاتووەتە شوێنێکی نائارام، دابڕاوە، نامۆیە، بەترسەوە کەمێک چاوی کردەوە، ڕووناکییەک وەکو شووشە چووە ناو چاوەکانی. نامۆبوو بە هەموو شتێک. هەستی کرد لە مەترسیدایە و بێدەسەڵاتیشە. جێگاکەی ساردبوو. گەرمی و هەوایەک لە سنگیدا دروست بوو، هەستێکی سەیربوو، دەیتوانی هاوار بکات، قیژاندی. دەترسا وەکو ترسی زەرنەقوتەیەک کە لە هێلانەکەی فڕێندرابێت. ئەمە چیرۆکی لەدایک بوونی هەموومانە. یەکەم کاردانەوەی ئێمە بەرانبەر دنیای دەرەوە، گریان و فرمێسکە. سەیرەکە لەوەدایە کە هەرئەوە نیشانەی تەندروستی و زیندووبونمانە. ئەگەر منداڵێک نەگری، ئەوە بەدڵنیاییەوە کێشەیەکی هەیە. ئێمە لە سکی دایکماندا لە ڕێگەی ناوکە پەتکەوە ئۆکسجین و خۆراک وەردەگرین، بەڵام کە دێینە دنیای دەرەوە، یەکەم هەناسەمان دەچێتە خزمەتی گریان و فرمێسکەوە. زیندوویەتیمان بەستراوە بەو گریانەوە.
تا نزیکی تەمەنی سێ ساڵی، کاردانەوەی سرووشتی منداڵ بەرانبەر دۆخە نەخوازراوەکانی وەک ترس، بێبەش بوون لە چێژ، ئازاری جەستەیی، ئازاری دەروونی، قیژە و گریان و فرمێسکە. دواتر وردە وردە و تا بەرەو گەورەبوون بچین ئەم گریان و فرمێسکە کەم دەکات. بەزمان یان لە ڕێگەی هەڵچوون و توڕەبوون و تووندوتیژیی و شەڕەوە، ئەو هەستی ناڕەزایی و بێزارییەمان لە دنیای ناوەوە و دەرەوەی خۆمان دەردەبڕین. کۆمەڵگە ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە چەپاندن و ژێرپێ خستنی هەستی گریان و فرمێسکدا. بەوەی کە گریان بە کارێکی نزم و کاری لاوازەکان دەزانێت، یان دەڵێن پیاو نابێ بگری یان ئەگەر پیاوێک بگری دەڵێن وەک ژن دەگریا. چونکە هەم گریان و هەم ژن بە نزم دەزانن. تەنانەت کەسی واهەیە کاتێک منداڵەکەی بە تووندی دەکەوێ بە زەویدا و ئازاری پێدەگات، ناهێڵێ بگری و ئەوکاردانەوە سرووشتییە بەرجەستە بکات، فێری کردووە خۆی بتەکێنێت و بڵێ هیچ نەبوو، ئازاری نەبوو. ئەم کولتووری نادیدەگرتنی هەستی ئازار و حساب نەکردن بۆ غەم و گریان، شاردنەوەی ئیش و بەعەیب زانینی ڕەگێکی لەناو تێڕوانینی خێڵەکیماندا هەیە. دنیای مۆدێرنیش بەهەمان شێوە لەسەر نادیدەگرتنی ئازار و گریان و فرمێس، کاردەکات و دەڵێ بەهێزبە یان هیچ نەبێ خۆت بەهێز پیشان بدە، هەرچیت بەسەرهات وەک پۆڵابە، بڵێ من بەهێزم، دەتوانم، من باشم، من باشم من باشم، ئەم هەمووە باشیە ساختانە دەروونی مرۆڤ ژەهراوی دەکەن، وایشی لێدەكهن نەوێرێ بگری.
ئاخر گریانیش بوێری دەوێ، بوێری دەوێ بەخۆت بڵێی دەزانم حاڵت باش نیە، دەزانم خەریکە دڵت دەتەقێ، دەزانم پێویستت بە گریانە، چونکە هەم خێڵ و هەم مۆدێرنە بەیەکەوە لەدژی ئەمەن، ئەوان تەنیا یەک بەشی تۆیان دەوێ، شاد بیت و بڵێی حاڵم باشە. پیاوماقوڵ یان فرۆشیار و کڕیارێکی شاد و ڕووخۆش بیت. ئەی دیوەی دیکەت، ئەی برینەکانت، ئەوان بە گەشەپێدانی مرۆیی ساختە بۆت چارەسەر دەکەن. دەڵێن تۆ نیوەی پڕی پەرداخەکە ببینە، ئاخر مرۆڤ هەیە پەرداخی ژیانی وردوخاش بووە، چی ببینێ، مرۆڤ هەیە ئەسڵەن پەرداخێکی نیە تابیبینێت. نا ئەو بەشە زۆر قوڵترە بەو قسەو خۆتەڵقینکردنە بێ ناوەڕۆکانە پڕ ببێتەوە، بە دڵنەوایی هاکەزایی ئارام ببێتەوە. مرۆڤ مەحکوومە بە گریان و فرمێسک، لەهاتنە دنیای هەر دەگری، پێش مەرگی خۆی بەسەر تەرمی ئازیزانیدا دەگری، لەسەرەمەرگیشدا بۆ حاڵی خۆی دەگری. فرمێسک بەشێکی جیانەکراوەی ژیانی مرۆڤە کانیاوەکەی لە قووڵترین بەشەکانی دەروونی مرۆڤەوە هەڵدەقوڵێ. بەشە نەرمەکەی مرۆڤە. هەندێک تینویەتی هەیە تەنیا بە فرمێسک دەشکێن. هەندێک برین هەیە تەنیا بە فرمێسک پاک دەبنەوە. مرۆڤی ئەم سەردەمە دەیەوێ بەردەوام شاد و سەرحاڵ بێت، بەردەوام دۆپامین دەربدات، هەر ئەمەیە بەڵای ئەم سەردەمە.
جاران وانەبوو، باوباپیرانمان تەنیا کاتی شاییەک یان جەژنێک دەیانویست کەیف بکەن، شاد بن، چونکە سرووشتییانە دەژیان، بەڕاستی خەریکی ژیان بوون، نزیک بوون لە سروشت، نەیاندەویست بەزۆر خۆیان دڵخۆش بکەن. خۆیان نەدەخەڵەتاند. زیاتر ئازاریان قبوڵ دەکرد وەکو هەقیقەتی ژیان. بەگشتی دنیا پێش مۆدێرنە زیاتر حسابی بۆ دیوە غەمگینەکەی مرۆڤ دەکرد، بۆ نموونە ڕێوڕەسمی و پرسە و مردن قووڵتر بوو گرنگی زیاتری پێ دەدرا، ڕێگەدەدرا دڵ بریندار و جەرگ بڕاوەکان بە مەرهەمی فرمێسک برینەکانیان ساڕێژ ببێت، ئێستە وەهمی بەهێز بوون و پێکەنین ناهێڵێ مرۆڤ غەمگین بێت. دنیایە ڕووخساری دیار و فرۆشیار و کەسی ناودار لە میدیاکان و سۆشیاڵ میدیاکانەوە بەپێکەنینێکی ساختەوە دێن و دەڵێن:- تۆ کاتێک بەختەوەری کە بەردەوام پێبکەنیت، پێویستە بەردەوام دڵخۆش بیت ئەگینا لاوازی و کێشەت هەیە. ئەم لە کارخستن و حساب نەکردووە بۆ بەشێکی زۆر گرنگی مرۆڤ. کە بەشە غەمگینییەکەی مرۆڤە. غەم شەوی مرۆڤە، چۆن زەوی شەو و ڕۆژی هەیە، مرۆڤیش دیوی شاد و دیوی خەمی هەیە، ئەگەر ڕۆژ شادی بێت. خەمیش شەوی مرۆڤە. لە ڕاستیدا من پێموایە دیوە قووڵەکەی مرۆڤە. جا جوانترین دەرکەوتنی دیوە غەمگینییەکەی مرۆڤیش لە ڕێگەی ئەو دڵۆپە بلوریانەوەیە کەبە چاوەکانیا دێنە خوارەوە. وەکو بڵێی کاتێک شوشەی دڵی پڕ دەبێت لە هەقیقەتی ژیان کە ئازارە، شەرڕێژ دەبێت و لە ڕێگەی چاوەکانەوە دێنە دەرەوە. ئەم فرمێسکانە زمانێکی جیهانین. هیچ سنوور و نەتەوەیەک ناناسن. هەموو مرۆڤێک لەتەک بینینی فرمێسکدا خورپەیەک بەدڵیدا دێت، تێدەگات کە ئازارێک هەیە. ئایینەکان زۆر واقیع بینانە ستایشی گریان و فرمێسکیان کردووە و تەنانەت هەندێک جار بە عیبادەتیان داناوە، چونکە ئایین هی دنیایەکە کە مرۆڤ لە سرووشتی خۆیەوە نزیکتر بوو. لای خۆشمان ئەهلی تەسەوف زۆر گرنگیان بە گریان داوە بە ڕێگایەکیان زانیوە بۆ دڵنەرم بوون و خاوێن بوونەوە و گەشەی ڕۆح. لێرەدایە کە حەزرەتی مەحووی دەفەرموێ:-
لە شینی فیرقەتی ئەودا ئەوەندە ئەشکی سورم ڕیت
بەدەوری جێگەما تا بڕدەکاتن دیدە، گوڵزارە.
تەماشا ئەو وەسفە بۆ فرمێسک، لای مەحوی، کەدەفەرمووێ لەفیرقەتی حەزرەتی مەولاناخالید دا فرمێسکە خوێنینەکانم دەبن بە گوڵزاری سوور و تا چاو بڕدەکات. یان لە جێیەکی دیکەدا دەفەرمووێ:-
بەئاوی گریە هەر دەم ناوی چاوم ششتووە، نەک جێت
بە خوێن ئاغوشتە بێ، تۆ، چاوەکەم، بڕوانە چۆنم بۆت.
مەحووی لێرەدا فرمێسک وەکو وەسیلەک بۆ خاوێنکردنەوەی خوێنی چاوێک بەکار دەهێنێ کە لە دووری مەعشووقدا بە خوێن دەگری.، بۆ یارێک کە نادیارە بەڵام هەمیشە دیاریشە. حەزرەتی مەولانای ڕۆمیش زۆر باسی فرمێسک و گریان دەکات و زۆر ستایشی دەکات. لە دەفتەری شەشەمی مەسنەوی مەعنەویدا دەفەرموێ:-
این دلم باغست و چشمم ابروش
ابر گرید باغ خندد شاد و خوش
سال قحط از آفتاب خیرهخند
باغها در مرگ و جان کندن رسند
ز امر حق وابکوا کثیرا خواندهای
چون سر بریان چه خندان ماندهای
روشنی خانه باشی همچو شمع
گر فرو پاشی تو همچون شمع دمع
ذوق خنده دیدهای ای خیرهخند
ذوق گریه بین که هست آن کان قند
چون جهنم گریه آرد یاد آن
پس جهنم خوشتر آید از جنان
خندهها در گریهها آمد کتیم
گنج در ویرانهها جو ای سلیم
دەفەرمووێ:- دڵم وەکو باخ و گوڵستانە، چاوەکانیشم وەکو دوو هەوری گەورەن. دەبێ هەوری چاوم بگری تا باخ و گوڵزاری دڵم شاد و پاراو ڕووخۆش بێت. ئەگەر مرۆڤ بەردەوام و بێ هۆ پێ بکەنێت، وەکو خۆری ساڵی وشکەساڵی لێ دێت، چۆن ئەو خۆرە دەبێتە هۆی وشکبوونی باخ و گوڵزار، ئەو پێکەنینەیش باخی دڵ دەمرێنێ. تۆ لە کتێبەکەی حەزرەتی هەقدا خوێندووتەوە کە دەفەرموێ، زۆر بگرین، ئەی بۆچی وەکو کەلەسەری ناو مەنجەڵ بەردەوام پێدەکەنی؟! مەبەستی سەری ئاژەڵە کە سەردەبڕدرێت، بەردەوام ددانی دیارە ووەکو وایە پێبکەنێت. دەبێتە ڕووناکی ماڵ ئەگەر بەردەوام فرمێسک بڕێژی، وەکو چۆن مۆم بەهۆی سوتان و فرمێسک ڕشتنیەوە، ماڵ ڕووناک دەکاتەوە. تۆ چێژی پێکەنینت تاقی کردووەتەوە ئەی ئەوەی بەردەوام بێ هۆ پێدەکەنی، چێژی گریانیش تاقی بکەرەوە کە بەڕاستی ئەوە کانگای شیرینی و ئارامی. پێکەنین و دڵخۆشی ڕاستەقینە لەناو گریان وفرمێسدا شاراوەتەوە، وەک چۆن گەنج و شتی بەنرخ لەناو وێرانە و چۆڵەوانیدا شاراوەتەوە.
من نامەوێ لێرەدا تێڕوانینی عیرفانی و ئایینی لەسەر گریان و غەم بخەمە ڕوو کە ئەوە باسێکی زۆر دورودرێژە، بەڵکو دەمەوێ بڵێم حەکیم و زانا و عارفەکانی دنیای پێش مۆدێرن و سەرمایەداری و بەکاڵاکردنی هەموو شتێک، ئاوا لە خەم و گریان و فرمێسکیان دەڕوانی. زۆر ئیحتیرامی فرمێسکیان دەگرت و گریانیان بە نیشانەی فەزلی خودا و دەروازەیەک بۆ ڕۆشنبوونەوەی ڕۆح دەزانی، بەراوردی بکە بە دنیای ئەمڕۆ کە گریان و فرمێسک چەند نامۆن، زۆرجار بەنیشانەی نەخۆشی دادەنرێن. دەمەوێ جیاوازییەکە بخەمەڕوو. ئەمڕۆ خەریکە مرۆڤ تۆشی ژەهراوی بوون بە کۆمیدیای بێ ناوەڕۆک و پێکەنینی دەمی دەبێت، پێکەنینێک کە هیچ پەیوەندی بە دڵخۆشی ڕاستەقینەوە نیە و تەنیا ماسولکەکانی شەویلگە و دەم دەجوڵێن و لە قوڕگ ناچێتەوە خوارەوە. تەنیا ڕاکردنەوە لە غەم و فرمێسک لە کاتێکدا دەکرێ غەم و گریان و فرمێسک زۆر دڵسۆز و هاوڕێی باش بن و پەیامی زۆر جوانیان پێبێت. دەکرێ ڕەسەنایەتی ئێمە بن.