“ئامانج گه‌وره‌ترین فانۆسی ده‌ریای مرۆڤە”
– ئایا ده‌تەوێت له ژیانتدا ئامانجی به‌هادار و به‌كه‌ڵك و بنیادنەرت هه‌بێت؟
– ئایا ده‌ته‌وێت شاد، خۆشحاڵ، سه‌ربه‌رز، كاریگه‌ر و سوودمه‌ند بیت؟
– دواجار ده‌ته‌وێت، خۆت، خێزانه‌كه‌ت، شاره‌كه‌ت، وڵاته‌كه‌ت و دنیا بكه‌یته بە شوێنێكی باشتر؟
سوپاست ده‌كه‌م بۆ ئه‌و كاته‌ی ته‌رخانت كردووه بۆخۆێندنه‌وه‌ی ئه‌م بابەتە، سوپاست ده‌كه‌م بۆ ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه داوتە و له خۆتا خه‌رجت كرد و وەبەرهێنانت لەسەر خۆت کردووە. دواجاریش سوپاست ده‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌و بوێری و ئازایه‌تییه‌ی له خۆت نیشانت داوه و ده‌ته‌وێت ببیته كه‌سێكی باشتر له‌وه‌ى كه ئێستا هه‌یت، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له باشترین جۆره‌كانی خزمه‌ت به خۆت، به مرۆڤ و به كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی. به‌ر له‌وه‌ی بچینه ناو بابه‌ته‌كه‌وه، وه‌ك خووی هه‌میشه‌یی ده‌مه‌وێت به‌و شێوازانه‌ی من بۆ بابه‌ته‌كان هه‌ڵیان ده‌بژێرم، پێكه‌وه ئاشنا ببین و پێیدا بچینه‌وه. ئه‌و شێوازه‌ى من هه‌ڵم بژاردووه، شێوازێكه به ناوی ئه‌كسلێرێت لێرنینگ (accelerate learning) به كوردى واته: فێربوونی خێرا. له‌م شێوازه‌دا به پێچه‌وانه‌ی شێوازی ئاساییه‌وه، دوای بیست و چوار سه‌عات له‌بری ئه‌وه‌ی له سه‌دا هه‌شتای بابه‌ته‌كانت له بیر بچێته‌وه، له سه‌دا هه‌شتای بابه‌ته‌كان له یاده‌وه‌ریتا ده‌مێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕاهێنانانه‌ی پێتی ده‌ڵێم، ئه‌نجامی بده‌یت، تا كۆتاییی ته‌مه‌ن له یاده‌وه‌ریتا ده‌مێننه‌وه.
له‌م شێوازه‌دا، من زیاتر پرسیار ده‌كه‌م. پرسیار سوودی چییه؟ له زمانی ئینگلیزی‌دا ده‌ڵێن: ” question hook the maind” پرسیار له مێشك گیر ده‌بێت. چۆن؟ ئێوه ئێستا هه‌ر بابه‌تێك پێتان خۆشه بیری لێ بكه‌نه‌وه.
– ببوره، تۆ ناوت چییه؟
ئیتر بیر له‌و بابه‌ته ناكه‌یته‌وه كه پێش پرسیاره‌كه‌ى من بیرت لێ ده‌كرده‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پرسیارتان لێ كرا، مێشكتان هه‌ر بابه‌تێكی تێدا بێت، وازی لێ ده‌هێنێت و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه. یه‌كێك خه‌فه‌تی هه‌یه، یه‌كێك كێشه‌ی هه‌یه، یه‌كێك خۆشه‌ویستێكی له‌ده‌ست داوه، لێی بپرسه: كاكه، خاتوون، فڵان شه‌قام له كوێیه؟ ده‌ڵێت: حه‌وسه‌ڵه‌م نییه. به‌ڵام بۆ چرکەیەک بابه‌ته‌كه‌ی خۆی له بیر ده‌كات كه وه‌ڵامت بداته‌وه. كه‌سانی سه‌ركه‌وتوو، ئه‌و كه‌سانه‌ن كه پرسیاری باش له خۆیان ده‌كه‌ن. كه‌سانی سه‌ركه‌وتوو، ئه‌و كه‌سانه‌ن كه پرسیاری گه‌وره و پڕ به‌ها له خۆیان ده‌كه‌ن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه، چونكه مێشكیان ده‌یه‌وێت وه‌ڵامیان بداته‌وه، ئه‌وان سه‌ركه‌وتوو ده‌بن. به پێچه‌وانه‌وه، ژماره‌یه‌ك هه‌ن ئامانج و پرسیاریان له ژیاندا ئه‌وه‌یه، خوایه چی بكه‌م تا له ناوی ببه‌م؟ چی بكه‌م پشتی بشكێنم؟ چی بكه‌م ئیتر نه‌توانێت له به‌رده‌مما قسه بكات؟ كاتێك سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، دوژمنێكی تری بۆ خۆی زیاد كردووه، هیچیشی ده‌ست ناكه‌وێت. داوا له خوا بكه سه‌ركه‌وتووت بكات كه یارمه‌تیی ئه‌وانی تر بده‌یت. داوا له خوا بكه سه‌ركه‌وتووت بكات كه ژیانت باشتر بێت، ژیانی ئه‌وانی تریش باشتر بكه‌یت، شار و وڵاتەکەت و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ت ئاوه‌دانتر بێت. به‌م شێوه‌یه، چونكه ده‌ته‌وێت به‌م وه‌ڵامه بگه‌یت، چونكه ده‌ته‌وێت به‌م ئامانجه بگه‌یت، ئه‌وانی تریش له‌گه‌ڵتدا گه‌شه ده‌كه‌ن. بابه‌تی دووه‌م كه داوا له ئێوه ده‌كه‌م، دووباره‌کردنەوەیە. ئه‌گه‌ر من بڵێم: من خۆمم خۆش ده‌وێت، ئه‌مه مانایه‌كی هه‌یه، هه‌ر یه‌ك له ئێوه‌ش ده‌ڵێن: ئه‌م پیاوه خۆی خۆش ده‌وێت. ئێستا من تكاتان لێ ده‌كه‌م بڵێن من خۆمم خۆش ده‌وێت… به‌ڕاستیش خۆتانتان خۆش ده‌وێت، به‌ڵگه‌شم ئه‌وه‌یه كه ئه‌م نووسینە ده‌خووێننه‌وه، ده‌تانه‌وێت ژیانێكی باشتر دروست بكه‌ن. ئێستا ئه‌م گوزارشته به‌قه‌د ژماره‌ى ئێوه مانای په‌یدا كرد. ئیتر ته‌نیا من نه‌موت، هه‌مووتان وتتان. كاتێك بابه‌تێك باس ده‌كه‌م و داواتان لێ ده‌كه‌م، دووباره‌ی بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌یه كه له مێشكتاندا بمێنێته‌وه، ته‌نیا من نه‌موتبێت، خۆشتان وتبێتتان.
هه‌روه‌هاسێ وشه‌ی ترسناك له ڕسته‌سازیی مرۆڤه‌كاندا هه‌یه، كه به ئینگلیزی ده‌كاته ئه‌م ڕسته‌یه: (I know that) (من ئه‌مه ده‌زانم.) ئه‌م سێ وشه‌یه زۆر زۆر ترسناكن. هه‌ر هێنده‌ی كه وتت من ئه‌مه ده‌زانم، ده‌زانن چی ڕوو ده‌دات؟ ئیتر فێر نابیت! چونكه ده‌یزانیت. كام مرۆڤی ژیر دێت وزه‌ی خۆی به فیڕۆ بدات؟ ئێستا چ كه‌سێك ده‌زانێت؟ ئێمه كاتێك بابه‌تێك ده‌زانین كه كاری پێ ده‌كه‌ین، ئه‌گینا یان بیستوومانه، یان خووێندوومانه‌ته‌وه، یان پێمان وایه ده‌یزانین. ده‌مه‌وێت تكاتان لێ بكه‌م تا كۆتایی ئه‌م بابەتە وێناكردنی ئه‌وه‌ی كه شتێك ده‌زانن، له مێشكتان بكه‌نه ده‌ره‌وه. زه‌ینتان پاك ڕابگرن، ڕێگه بده‌ن ئه‌م بابه‌تانه له مێشكتاندا بچەسپێت. ئه‌گه‌ر ده‌تزانی، ئه‌وا جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌كه له‌سه‌ر زانیارییه‌كانت، ئه‌گه‌ریش نه‌تده‌زانی، شتێكی تازه فێر ده‌بیت و پاشان ده‌ست به به‌تاڵ نابیت. من كاتێك ته‌مه‌نم ده بۆ یازده ساڵێك ده‌بوو، ڕه‌فتاری په‌پووله‌یه‌كی كرمی ئاورێشم سه‌رنجی ڕاكێشام. ئه‌و كاتانه من كرمی ئاورێشمم به‌خێوو ده‌كرد. گه‌راكه‌یم ده‌هێنا و له‌سه‌ر گه‌ڵایه‌كی دار توو دام ده‌نا تا ده‌بوو به كرم. كرمه‌كان چه‌ند جارێك پێستیان ده‌گۆڕی، كاتێك بۆ دواین جار پێستیان داده‌نا، ده‌چوون به چوارده‌وری خۆیاندا قۆزاخه‌یان دروست ده‌كرد، قۆزاخه‌ی ئاوریشم. پاش ماوه‌یه‌ك ئه‌م قۆزاخه‌یان كون ده‌كرد و ده‌هاتنه ده‌ره‌وه. كاتێك ده‌هاتنه ده‌ره‌وه، ئیتر كرم نه‌بوون، ده‌بوون به په‌پووله. په‌پووله‌یه‌كی جوان، باڵی گه‌وره، پڕ له نه‌خش و نیگار، مرۆڤ سه‌ری سووڕ ده‌ما له‌و گۆڕانكارییه گه‌وره‌یه‌ى ڕووی داوه.
من له كه‌وانه‌یه‌كدا پێتانی بڵێم: (خوشكان، برایان، ڕێگه بده‌ن منداڵه‌كانتان له سروشتدا فێری ژیان ببن. هیچ سه‌گێك بێچووه‌كه‌ى بۆ زانكۆ نانێرێت، به‌ڵكوو بێچووه‌كان، سه‌گبوون و پشیله‌بوون و ئه‌سپبوون، له سروشته‌وه فێر ده‌بن.) زانكۆ باشه، قوتابخانه باشه، به‌ڵام ئه‌مه ناكاته ئه‌وه‌ی من گیانله‌به‌ره‌كان نه‌ناسم، دره‌خته‌كان نه‌ناسم، تۆ‌و نه‌چێنم، نه‌مام نه‌ڕووێنم. ئه‌و په‌پووله‌یه‌ی من هه‌مبوو، كاتێك خه‌ریك بوو ده‌هاته ده‌ره‌وه و یه‌كه‌مجار بوو بیبینم، قوتوویه‌كم هێنا و كونم كرد و كردم به سه‌ریدا، ئاگاداری بووم كه په‌پووله نه‌فڕێت و بڕوات، بێ ئاگا له‌وه‌ی كه ئه‌م په‌پووله‌یه ئه‌سڵه‌ن نافڕێت. نه‌وه‌ك نافڕێت، هیچیش ناخوات. زۆریش له چوارده‌وری خۆی دوورناكه‌وێته‌وه. ماوه‌یه‌ك تێپه‌ڕی، له خۆمم پرسی: بۆچی وایە؟ پاشان بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌م په‌پووله‌یه پێویستی به باڵلێدان نییه، پێویستی به فڕین نییه، ته‌نانه‌ت پێویستی به خواردن نییه، به‌ڵكوو به ئه‌ندازه‌ی پێویست وزه‌ی تێدایه. كار و ئامانجی ئه‌م په‌پوله‌یه، شتێك زیاتر نه‌بوو له جووتبوون و گه‌رادانان، كاتێكیش گه‌راكانی داده‌نا، وشك ده‌بووه‌وه و له‌ناو ده‌چوو و ده‌مرد. له هه‌مووی سه‌یرتر، تا كاتێك جووته‌كه‌ی په‌یدا ده‌كرد، زیندوو بوو، هه‌رچه‌ند زووتر جووته‌كه‌ی په‌یدا بكردایه، زووتر وشك ده‌بووه‌وه و ده‌مرد. له‌وێدا من پرسیارم له خۆم كرد، بۆچی نافڕێت؟ بۆچی خواردن ناخوات؟ پاشان بۆم ده‌ركه‌وت ئامانج له به‌دیهاتنی، ئامانج له‌م گۆڕانکاریانە، ئه‌وه‌یه كه گه‌را دابنێت، ته‌واوی ئامانجی ئه‌مه‌یه، گه‌را دابنێت و درێژه به ڕه‌گه‌زی خۆی بدات! بوونی به كرم و خواردنی گه‌ڵای توو، هه‌موو ئه‌مانه، بۆ مانه‌وه‌یه‌تی، ململانێی مانه‌وه‌یه.
ئه‌و ڕۆژه ئامانج له زه‌ینی مندا سه‌وز بوو. له خۆمم پرسی: من بۆچی به‌دی هاتووم؟ من ئامانجم چییه؟ ئێستاش ئه‌م پرسیاره له ئێوه‌ى به‌ڕێز ده‌كه‌م: به‌ڕاست ئامانجی ئێوه له ژیان و زیندوومانه‌وه و شه‌و و ڕۆژ كردنه‌وه چییه؟ پرسیار له خۆتان بكه‌ن. وتمان پرسیاری گه‌وره به‌رهه‌می باشی هه‌یه.
ـ باشه، ئێستا ئه‌سڵه‌ن ئامانج چییه؟ ئێمه كاتێك سه‌باره‌ت به ئامانج قسه ده‌كه‌ین، مه‌به‌ستمان چییه؟ ئامانجی من ئه‌وه‌یه كه بێمه پێشه‌وه، بچم به‌ره‌و لاى ڕاست، بچم به‌ره‌و لاى چه‌پ. كاتێك ئێمه باسی ئامانج ده‌كه‌ین، مه‌به‌ستمان ئه‌مه نییه، مه‌به‌ستمان كارێك، شوێنێك، بابه‌تێك، جێگه‌یه‌كی دووره‌ده‌سته، كه بۆ گه‌یشتن پێی، ده‌بێت به شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو و ڕێك‌وپێك، كات دابنێیت، ڕاهێنان بكه‌یت، چه‌ند كارێك ئه‌نجام بده‌یت تا پێی بگه‌یت. من ئه‌گه‌ر میزه‌ڵانێك هه‌ڵبگرمه‌وه، له ڕووی مێشكه‌وه ئامانجه، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌و ئامانجه نییه كه ئه‌مڕۆ ده‌مه‌وێت قسه‌ی له باره‌وه بكه‌م.
ـ ئامانج، واته: “شوێنێك، جێگه‌یه‌ك، به ئه‌ندازه‌ی پێویست دووره‌ده‌ست، كه بۆ گه‌یشتن پێی، پێویستمان به كارێكی ڕێكخراوه، پێویستیمان به‌وه‌یه كه كارێكی بۆ بكه‌ین، نه‌وه‌ك دابنیشین بڵێن خۆی دێت، نا، من ده‌بێت ئه‌م كاره بكه‌م. مه‌به‌ستمان له ئامانج ئه‌مه‌یه”.
“جۆره‌كانی ئامانج”
یه‌كه‌مین ئامانجێك مرۆڤ ده‌خاته جووڵه، ئامانجه غه‌ریزیییه‌كانن.
ئامانجه غه‌ریزییه‌كان وه‌ك چی؟
ـ خه‌و، خواردن، سێكس، شه‌ڕكردن بۆ مانه‌وه، ئه‌مانه ئامانجی غه‌ریزین. ئامانجی غه‌ریزی واته: هه‌ر شتێك كه ئێمه بێ ویستی خۆمان ئه‌نجامی ده‌ده‌ین.
“جۆری دووه‌می ئامانج”
ـ ئامانجه نائاگایانه‌كان؛ واته هه‌ر كارێك تۆ ئه‌نجامی بده‌یت به‌ڵام ئاگاییت له‌سه‌ری نه‌بێت.
ـ بخوێنم تا ببم به دكتۆر: بخوێنم تا ببم به ئه‌ندازیار، بخوێنم تا بگه‌م به ئێره، خۆیشت نازانی بۆچی. به‌و مانایه نا كه خوێندن خراپ بێت، من خۆم كه‌سێكی خوێنده‌وارم، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه چێژ له خودى خوێندنه‌كه وه‌رناگرێت. له‌وه‌ی كه نمره‌ی سه‌د بهینێت و دایك و باوكی خۆشحاڵ بن و داخ بە دڵی فڵانه كه‌سدا بکات، چێژ وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه نائاگایانەیه. ئامانجی نایاگایانه ئه‌وه‌یه كه ئه‌وانی تر بۆ تۆی داده‌نێن، نه‌وه‌ك خۆت بۆ خۆت. ئێستا گه‌نجه‌كانی ئێمه خه‌ریكن پیاسه ده‌كه‌ن و جگه‌ره و ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌كێشن، مه‌شروبات ده‌خۆنه‌وه، شێوازی جلوبه‌رگ ده‌گۆڕن، ئه‌مانه كێ بۆت داده‌نێت؟ ئه‌وانی تر، به‌ڵام ئێمه پێمان وایه هه‌ڵبژاردنى خۆمانه. شێوازی قسه‌كردن، سه‌روسیما، كردار، ڕه‌فتارمان هەمووی لە دەوروبەرمانەوە فێریان دەبین. كه‌سانی سه‌ركه‌وتوو ئه‌و كه‌سانه‌ن كه ئامانجه نائاگایانه‌كانیان ئامانجی باشن، واته پێشه‌نگی باشیان هه‌یه. ئێمه ده‌بێت بزانین كه زیاتر له 80%ی كات و وزه و چالاكیمان لە ئامانجه نائاگایانه‌كانمان سەرف دەکەین. بۆ نموونه مۆبایل: ئه‌لوو، ئه‌لوو… كارێكی گرنگ نییه، به‌ڵام بووه‌ته به‌شێك له ژیانم. وه‌ڵامی ته‌له‌فۆن و مۆبایل مه‌ده‌ره‌وه، ئه‌سڵه‌ن مۆبایل هه‌ڵ مه‌گره، هیچ شتێك ڕوو نادات، به‌ڵام به‌ده‌ست خۆم نییه، پێیان وتووم وه‌ڵام بده‌ره‌وه، هه‌ر كاتێك ته‌له‌فۆنیان كرد هه‌ڵی بگره. جارى وا هه‌یه خه‌ریكه خواردنه‌كه ده‌سووتێت، منداڵه‌كه خه‌ریكه به‌رده‌بێته‌وه، كه ته‌له‌فۆن جه‌ڕه‌س لێ ده‌دات، ده‌ڵێت: جارێ با وه‌ڵامی ته‌له‌فۆنه‌كه بده‌مه‌وه، ئاوایان فێر كردووە. ئه‌مه‌یه ئامانجی نائاگایانه. ئه‌گه‌ر ده‌خوێنیت، ئه‌گه‌ر پاره په‌یدا ده‌كه‌یت، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ خانوو بكڕیت، هه‌ر شتێك له ژیانتدا هه‌وڵی بۆ ده‌دیت، هه‌ر شتیك، پرسیار له خۆت بكه: بۆچی؟ چونكه كات و وزه و ته‌مه‌ن و فكرت ده‌بات.بۆ ده‌ته‌وێت ببیت به ئه‌ندازیار؟ كاتێك وتت بۆچی؟ له ئامانجی نائاگایانه دێیته ده‌ره‌وه.
“ئامانجی ده‌سته‌ی سێیه‌م”
ئامانجی ئاگایانه؛ مه‌به‌ستی ئێمه ئه‌مڕۆ سه‌باره‌ت به ئامانجی ئاگایانه‌یه. ئه‌و ئامانجانه‌ی خۆمان هه‌ڵمانبژاردوون، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی منن، به كه‌ڵكی من دێن، من ئه‌و كاته كه‌سێكی باشتر و سه‌ركه‌وتوو تر ده‌بم. ئه‌م ئامانجه‌یه كه من و تۆ خۆشبه‌خت ده‌كات. به‌سه‌رتان هاتووه بۆ نموونه ده‌بیت به دكتۆر، ده‌بیت به ئه‌ندازیار، خانوو ده‌كڕیت، كتێبێك ده‌نووسیت، ده‌بیته خاوه‌ن پیشه‌یه‌ك، پاش چه‌ند سه‌عات، یان چه‌ند ڕۆژێك، به خۆت ده‌ڵێیت: باشه ئه‌م هه‌موو ڕاكردنه سوودی چی بوو؟! له خۆتان ناپرسن؟ هه‌ست دەكه‌یت ئه‌م هه‌موو زه‌حمه‌تەت كێشاوه، به‌ڵام خۆشحاڵ نیت! له‌به‌ر ئه‌وه‌یه خۆت دات نه‌ناوه. بۆیه پێویسته منداڵه‌كانمان فێر بكه‌ین ئامانجی ئاگایانه دابنێن، ئێمه‌یش یارمه‌تییان بده‌ین. زۆر باشه، ئێوه ئاگایانه ئه‌م بابەتە ده‌خووێننه‌وه یان نائاگایانه؟ یان به غه‌ریزه؟ هیوادارم من فریوم نه‌دابن، چونكه مرۆڤ زیاتر له هه‌ر بوونه‌وه‌رێكی تر خۆی فریو ده‌دات! به‌وپه‌ڕی داخه‌وه، ئه‌سڵه‌ن له به‌یانییه‌وه تا ئێواره خه‌ریكین خۆمان فریوو ده‌ده‌ین، خۆمان ئاراسته ده‌كه‌ین و به‌ڵگه بۆ خۆمان ده‌هێنینه‌وه.باشه، پرسیاری من له ئێوه ئه‌وه‌یه: بۆچی ده‌بێت ئێمه ئامانجمان هه‌بێت؟ ڕه‌نگبێ بڵێن:
ـ سه‌رگه‌ردان نه‌بین.
ـ ژیانمان هاوسه‌نگ بێت.
ـ ژیانمان مانا پەیدا بکات.
ـ ئارامیمان هه‌بێت.
ـ ئیشقمان هه‌بێت.
ـ خۆشبه‌خت بین.
هاوڕێیان، هه‌بوونی ئامانج هه‌ڵبژاردن نییه، پێویسه ئامانجت هه‌بێت. مرۆڤ به‌بێ ئامانج ناتوانێت بژی. به‌دیهاتنی مرۆڤ ژیانی مرۆڤ، هه‌مووی له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵێک ئامانجه، كه یان ئاگادارین پێیان، یان ئاگادار نین. خۆش به حاڵی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئاگاداری ئامانجه‌كانیانن. مێشكی مرۆڤ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی سه‌یری هه‌یه، مێشكی مرۆڤ وه‌كوو پاسكیل وایه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاوه‌ستێت، ده‌بێت پاڵ بداته‌وه، یان ده‌بێت به‌ڕێدا بڕوات، تا كاتێك به‌ڕێدا بڕوات، ناكه‌وێت. بەڵام كه‌سێك لێی نه‌خوڕێت ده‌كه‌وێت. مێشكی ئێوه‌ش وه‌ك ئه‌و پاسكیله وایه، یان ده‌بێت به ڕێدا بڕوات، یان ده‌بێت پاڵ بداته‌وه، یان ده‌بێت بكه‌وێت. هیچ مرۆڤێك حه‌ز ناكات بكه‌وێت، هه‌موو مرۆڤه‌كان حه‌ز ده‌كه‌ن ڕاوه‌ستاو بن. ئه‌و ساته‌یه ده‌ست ده‌كات به پاڵدانه‌وه، دایكم، باوكم، ده‌وڵه‌ت، ژنه‌كه‌م، منداڵه‌كه‌م، خوا، ئێكس، وای، زێت. خه‌ریكه پاڵ ده‌داته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێت، چونكه ئامانجی پێشتری نییه. یان بۆ ئامانجه‌كانی خۆت کار ده‌كه‌یت، یان بۆ ئامانجی ئه‌وانی تر، هه‌ڵبژاردنی سێیه‌ممان نییه. به‌رژه‌وه‌ندیت له‌وه‌دایه بۆ خۆت كار بكه‌یت، دنیاش ئه‌وه‌ی ده‌وێت. دنیا كه‌سه ئامانجداره‌كانی خۆش ده‌وێت، تۆ ده‌ته‌وێت ئیش بۆ كێ بكه‌یت؟
ـ ده‌یبینین، ساڵێكی تر ده‌یبینین كه چه‌ندێك ده‌تانه‌وێت بۆ خۆتان کار بكه‌ن.
من هیوادارم له كۆتاییدا ئێوه ئه‌و كه‌سه‌ی پێشووتر نه‌بن، كه‌سێك بن جددی، پێ‌داگر، به‌یانیان به عیشق و هیواوه له خه‌و هه‌ستن و بزانن ده‌تانه‌وێ چی بكه‌ن، سوود له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئامانجداربوون وه‌ربگرن. زۆر باشه ئێوه وێنای ئه‌وه بكه‌ن له زەریایەكدا له‌ناو به‌له‌مێكدان، بیهێننه به‌ر چاوتان: زه‌ریا تاریك، پڕ له شه‌پۆل، به‌له‌مێك جووتێك سه‌وڵ، جوان بیهێننه به‌رچاوتان سه‌وڵه‌كانتان به ده‌سته‌وه‌یه، به‌ره‌و كام لا سه‌وڵ لێ ده‌ده‌ن؟ كه‌نار له كوێیه؟ نادیاره، تاریكه، نازانیت لای چه‌په، لای ڕاسته، له ڕۆژهه‌ڵاته، له ڕۆژئاوایه، له پێشه، له دوایه. به‌ره‌و كام لا سه‌وڵ لێ ده‌ده‌یت؟ ده‌بێت وه‌ڵامه‌كه‌ی بدۆزیته‌وه، ئه‌گینا ده‌مریت. له‌وانه‌یه با بتبات به‌ره‌و قووڵایی ئۆقیانووسه‌كه، لێره‌دا چ شتێك یارمه‌تیت ده‌دات؟ قیبله‌نووما، به‌ڵام له‌و تاریكییه‌دا له هه‌موو شتێك گرنگتر و گه‌وره تر، فانۆسی ده‌ریاییه، فانۆسێكی ده‌ریاییی ڕووناكییه‌ك له دووره‌وه ده‌دات، ئێستا تۆ ده‌زانیت ده‌بێت به‌ره‌و كام لا بڕۆیت، به‌ره‌و فانۆسی ده‌ریایی.
هه‌یه ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر فانۆسی ده‌ریاییی نه‌بوو چی بكه‌م؟ خوا ڕه‌حمت پێ بكات، سه‌وڵەکەت لێ بده. ئامانجی ئاگایانه، واته فانۆسی ده‌ریایی. هه‌ر كه‌س ئامانجی هه‌بێت له هه‌ر ساتێك‌دا ده‌زانێت ده‌بێت ڕووه‌و كوێ سه‌وڵ لێ بدات، به‌ره‌و كام لا مه‌له بكات، چونكه ئامانجی هه‌یه. بینیوتانه هه‌ندێك به‌ده‌ست هه‌لومه‌رجه‌كانه‌وه ده‌ناڵێنن، ده‌ڵێن كاكه فڵان كه‌س هاتووه، خانمی فیسار وای لێ هاتووه، باران ده‌بارێت، یان لافاو هه‌ڵده‌ستێت، وڵاتی فڵان هاتووه، وڵاتی فیسار هاتووه، ئه‌مانه كه‌سانێكن كه فانۆسی ده‌ریاییان نییه، هه‌ر شه‌پۆلیك بێت، هه‌ر بایه‌ك بێت، ده‌بێت له‌گه‌ڵیدا بڕۆن. به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئامانجدارن، به وردی ده‌زانن به‌ره‌و كام لا بڕۆن. هه‌میشه كاریان ئاسان نییه، به‌ره‌و ڕووی عیشقه‌كه‌یان ده‌ڕۆن، به ئاڕاسته‌یه‌ك ده‌ڕۆن كه له قازانجیاندایه. ئامانج واته فانۆسی ده‌ریایی. زەریای ژیان زۆر گه‌وره‌یه، هه‌ندێک جاریش تاریك ده‌بێت، ته‌نیا كه‌سانی ئامانجدار به سه‌لامه‌تی ده‌رده‌چن. (گه‌رچی ڕێگایه‌كی پڕ ترسە تا گه‌یشتن به یار، ڕۆیشتن ئاسانه گه‌ر تۆ بزانیت یار لەکوێیە.) ئه‌گه‌ر بزانی یارت له‌كوێیه، ئه‌گه‌ر بزانی ماڵی یار له‌كوێیه، هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن. كێشه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئێمه نازانین ماڵی یار له كوێیه. ئیتر ئه‌و یاره، دۆسته، سامانه، پاره‌یه، منداڵه، هاوسه‌ره، پیشه‌یه، پۆسته، هه‌ر ناوێكت ده‌وێت لێی بنێ.
“ئه‌و كه‌سانه‌ی ئامانجدارن، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه چاوه‌ڕێیان ده‌كات”
سه‌لامه‌تترن، كه‌سانێكی دڵخۆشترن، تۆ وا بیر بكه‌ره‌وه من له‌سه‌ر سه‌كۆیه‌ك ده‌توانم بۆ ڕاست بڕۆم، بۆ چه‌پ بڕۆم، به‌ره‌و پێشه‌وه بڕۆم، بگه‌ڕێمه‌وه دواوه، بچم بۆ سه‌ره‌وه، بێمه خواره‌وه، ده‌بێت كام ڕێگایه هه‌ڵبژێرم؟ كام ڕێگایان ڕاستتره؟ ئامانجت چییه؟ ئامانج پێت ده‌ڵێت كام ڕێگایه باشتره. ئه‌و كه‌سانه‌ی ئامانجێكان هه‌یه، دڵه‌ڕاوكێ له ژیانیاندا نامێنێت. ئه‌م یان ئه‌و؟ یه‌كه‌سه‌ر ده‌زانێت كامیان، چونكه ئێمه هه‌موومان مافی هه‌ڵبژاردنمان هه‌یه، ئه‌مه‌یان بخۆم یان ئه‌و، ده‌ی چیته؟ كامه‌یان باشه بۆت؟ ده‌ته‌وێت چی بكه‌یت؟ ئه‌گه‌ر ئامانجت هه‌بێت، مافی هه‌ڵبژاردنه‌كانت دیاریكراو ده‌بن. ده‌ته‌وێت بچیت بۆ باكوور، ئیتر ڕێگه‌ی باشوور له یاد بكه، ده‌ته‌وێت بچیت بۆ ڕۆژهه‌ڵات، ئیتر ڕێگه‌ی ڕۆژئاوا له یاد بكه، یه‌كسه‌ر كێشه‌كانت چاره‌سه‌ر ده‌بن. ئه‌و كه‌سه‌ی ئامانجی هه‌یه، دوودڵى له بوون و له ژیانیدا نامێنن، ژیانی ڕه‌وان ده‌بێت. زۆربه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ى تووشمان ده‌بن، به‌هۆی دڵه‌ڕاوكێكانه‌وه‌ن.
یه‌كه‌م:- كه‌سانی ئامانجدار كه‌متر نه‌خۆش ده‌كه‌ون.
دوو:- خێرا ده‌جووڵین و خاو نین. كاته‌كانیان به‌فیڕۆ ناده‌ن، به كاتێكی كه‌متر سه‌ركه‌وتنی زۆرتر به‌ده‌ست ده‌هێنن.
سێیه‌م:- كه‌سانێكی گونجاوترن. بۆ نموونه من ده‌مه‌وێت به نێوان ئێوه‌دا بڕۆم و بچم بۆ ئه‌وبه‌ر، چونكه ئامانجم ئه‌وێیه، ئه‌گه‌ر یه‌كێك له ئێوه بیه‌وێت زیاد له ئه‌ندازه كاتی من بگرێت، یان ڕێگه‌م لێ بگرێت، من شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م یان هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌گه‌ڵی ڕێك بكه‌وم و بڕۆم؟ بێگومان هه‌وڵ ده‌ده‌م ڕێك بكه‌وم و بڕۆم، كاتی شه‌ڕكردنم نییه.مرۆڤ كاتێك تووشی هه‌ندێك كێشه ده‌بێت، كه نه‌زانێت بۆ كوێ بڕوات. كاتێك ده‌زانیت بۆ كوێ بڕۆیت، سازگار ده‌بیت. كه‌سانی ئامانجدار كه‌سانێكی سازگارتر و ئاسووده‌ترن، به ئاسووده‌یی مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن كاكه ئه‌م ڕێگه‌یه‌م به كرێ بده‌رێ من ئه‌وه‌نده له داهاتی خۆم ده‌ده‌م به تۆ. ئێستا ئه‌و كه‌سه‌ی بێ ئیشه، هه‌ر له خۆیه‌وه شه‌ڕ ده‌كات، یان له خۆیه‌وه هه‌ڵده‌چێت، نازانێت ده‌بێت چی بكات.
چواره‌م:- به‌رگه‌گرتنى سه‌ختییه‌كان به‌لایه‌وه ئاسانتر ده‌بێت، چونكه ئامانجی هه‌یه، چونكه ده‌زانێت چی ده‌وێت. ئه‌و دایكه‌ی منداڵی ده‌بێت، ئه‌و باوكه‌ی ده‌بێته خاوه‌نی منداڵ، كه‌سێك كه حه‌زی له پیشه‌یه‌كه، كه‌سێك كه ده‌چێته زانكۆ، كه‌سێك كه پاره په‌یدا ده‌كات، كه‌سێك كه كاسبی ده‌كات، چونكه هۆكاره‌كه‌ی ده‌زانێت، له‌گه‌ڵ هه‌موو بارودۆخێكدا ده‌گونجێت. نیچه ده‌ڵێت: هه‌ر كه‌سێك كه وەڵامی (بۆچی)یه‌كانی ژیانی بزانێت، له‌گه‌ڵ هه‌ر بارودۆخێكدا خۆی ده‌گونجێنێت.ئه‌مه یه‌كێكه له‌و ڕستانه‌ی كه ده‌بێت له یادتان بمێنیت:- ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی بۆچییه‌كان بزانیت، بۆچی ده‌بێت به‌م ڕێگایه‌دا بڕۆم؟ بۆچی ده‌بێت بخوێنم؟ بۆچی ده‌بێت بخه‌وم؟ بۆچی ده‌بێت ڕابكه‌م؟ زۆرێك ده‌یانه‌وێت لاواز ببن، بەڵام نابن. چونكه بۆچییه‌كه‌ی نازانن. یان بۆچییه‌كه‌یان زۆر بێهێزه. له‌و لاوه جه‌سته‌یان نایه‌وێت وزه به‌كار بهێنێت، نایه‌وێت بجوڵێت و شتێك له‌ده‌ست بدات، له‌م لاشه‌وه ده‌ته‌وێت لاواز بیت. ئه‌گه‌ر بۆچییه‌كانت به‌هێز بن، هه‌موو ڕێگاكان ده‌دۆزیته‌وه. بۆچییه‌كانی پێغه‌مبه‌رێك چه‌ندین هێنده گه‌وره‌تره له بۆ چییه‌كانی باوكێك كه ته‌نیا ده‌یه‌وێت خه‌رجی ژیانی په‌یدا بكات. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه ئارامگرتنی ئه‌و ملیۆنان جار زیاتره. بۆچییه‌كانی ژیانت بدۆزه‌ره‌وه و ته‌نیا ئامانجیشه كه ئه‌مه‌ت ده‌داتێ، ئه‌وسا له‌گه‌ڵ هه‌ر بارودۆخێكدا هه‌ڵده‌كه‌یت و ده‌گونجێیت.
ڕسته‌یه‌كی تریش هه‌یه كه له ژیانی مندا چاره‌نووسساز بووه: (این الاحیات عقیده والجیهاد) ئه‌مه وته‌ی ئیمام حسێنه.من له تازه‌لاویدا باش فێری ئه‌مه بووم. جیهاد به مانای شه‌ڕكردن نییه، به مانای كوشتنی خه‌ڵك نییه، جیهاد واته جوهدكردن، هەوڵدان، تێكۆشان، خەباتکردن. ژیان واته هه‌بوونی ئامانج و هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه. ئه‌و ساته‌یه كه ژیانت مانا په‌یا ده‌كات و هه‌ست ده‌كه‌یت كه‌سیكی به‌هادارتریت. ئه‌و ساته‌یه كه سه‌ختییه‌كان ئاسان دەبن به‌لاته‌وه. چونكه ده‌زانیت چیت ده‌وێت.
ده‌مه‌وێت تكاتان لێ بكه‌م كه وا بزانن له ناو سه‌یاره‌یه‌كی جوان‌دا دانیشتوون له‌سه‌ر كورسی دواوه، هه‌مووتان دانیشن تكایه، ئه‌و سه‌یاره‌ی پێتان خۆشه، سه‌یاره‌كه ده‌كه‌وێته ئیش، زۆر باشه. سه‌یاره‌كه ده‌كه‌وێته ئیش و ده‌سته‌كات به رۆیشتن، خه‌ریكی ده‌ڕۆیت، به‌ڕێ ده‌كه‌ویت به شه‌قامێكی زۆر جوان له‌گه‌ڵ ئازیزانتدا، ده‌ست ده‌خه‌یته سه‌ر سووكانه‌كه و خه‌ریكی شۆفێری ده‌كه‌یت. له ناكاو ده‌بینی سووكانه‌كه هه‌روا بۆ خۆی ده‌سووڕێته‌وه! له ده‌ستت ده‌رده‌چێت، توشی چ حاڵه‌تێك ده‌بیت؟ بیهێننە به‌رچاوتان. ئه‌م سه‌یاره‌یه سه‌یاره‌ی ژیانته. كاتێك ئامانجت نییه كۆنترۆڵی ناكه‌یت، هه‌ر شتێك، به‌ردیك ده‌توانێت له شه‌قامه‌كه لات بدات.پێچی جاده دیاری ده‌كات ده‌بێت بۆ كوێ بچیت، جۆری تایه‌ی سه‌یاره‌كه، هه‌ر هۆكاریك ڕۆڵی خۆی هه‌یه جگه له خۆت، چونكه سووكانت به‌ده‌سته‌وه نییه. پێناسه‌یان كردووه خۆشبه‌ختی واته له كۆنترۆڵدابوون. ئێمه له مه‌كته‌بی كه‌ماڵدا پێناسه‌یه‌كی جوانمان بۆ خۆشبه‌ختی هه‌یه، خۆشبه‌ختی واته”توانای په‌سه‌ندكردنی خود بەو جورەی کە هەیت. خۆشویستی خود و ڕێزگرتن له خوود”.
ئه‌و كه‌سه‌ی سواری سه‌یاره‌یه‌كه و سووكانه‌كه‌ی به‌ده‌ست كه‌سێكی تره‌وه‌یه چۆن ده‌توانێت ڕێز له خۆی بگرێت، چۆن ده‌توانێت هه‌ست بكات كه‌سێكی به‌هاداره؟ بینیوتانه له جه‌نگ و كێشه‌كانی ژیاندا هه‌ندێک كه‌س ده‌ڵێن خوایه بمانكوژه و له شه‌ڕی ئه‌م ژیانه ڕزگارمان بكه، خوایه مه‌رگم به‌رێ. بۆچی؟ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیان نییه له ژیانیاندا. له سه‌یاره‌كه‌تان وه‌رنه ده‌ره‌وه، ئێستا سه‌یاره‌كه‌تان سووكانی هه‌یه، به‌ده‌ستی خۆتانه‌وه‌یه هه‌موو شتێكی، سوكانی، به‌نزینی، ئیستۆپی، چونكه ئامانجتان هه‌یه. له كۆتایی ئه‌م بابەتەدا ئێوه شێوازه زانستی و گاریگه‌ر و سازێنه‌ره‌كانی ئامانجدانان به جوانی فێر ده‌بن. هه‌روه‌ها گۆڕانكاری ده‌كه‌ن له ژیانی خۆتاندا، له ژیانی خێزانه‌كه‌تان، ساڵێكی تر شاره‌كه‌تان شارێكی باشتر ده‌بێت، وڵاته‌كه‌تان وڵاتێكی باشتر ده‌بێت، ئه‌و دنیایه‌ی تیایدا ده‌ژین دنیایه‌كی باشتر ده‌بێت، چونكه چه‌ندین مرۆڤی ئامانجدار و ڕاهێنراو په‌روه‌رده‌کراو. مرۆڤی له‌و شێوه‌یه پێده‌گه‌ن. ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌یه من به‌رنامه‌م بۆ داناوه.
ئێمه دەتوانین جیاوازی به‌دی بهێنین، ئێمه ڕێزی خۆمان نازانین، چونكه له سه‌یاره‌یه‌كدا دانیشتووی سووكانه‌كه‌ی به‌ده‌ست خۆمانه‌وه نییه. سووكانی سه‌یاره‌كه‌ت با به‌ده‌ستی خۆته‌وه بێت، با ڕۆڵی ژیانت به‌ده‌ست خۆته‌وه بێت. ئه‌وسا ده‌بینیت كه تۆ پاشای جیهانیت. پێشتر تۆ له زیندانێكدا ده‌ژیایت كه خۆت بۆ خۆت درووست كردبوو. به‌یادی بێنه‌ره‌وه كه ئه‌مڕۆ ئاینده‌ی دوێنێ بوو، ئه‌مڕۆ له جێگه‌یه‌كدایت كه سووكانت پێ نه‌بوو، ده‌ڵێیت سووكانم نه‌دا به كه‌س به خۆم بوو، به‌ڵام ڕێگه‌ت دا ئه‌وانیتر سووكانه‌كه به ده‌سته‌وه بگرن. بڕیار بده سبه‌یبێ له كوێ بیت، له‌وێ ده‌بیت، هه‌روه‌كوو چۆن ئێوه بڕیارتان داوه ئه‌م نووسینە بخوێننه‌وه، هه‌ر شتێك ڕاهێنانی زیاتری له‌سه‌ر بكه‌یت په‌ی به خاڵێكی زۆر سه‌یر ده‌به‌یت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه چه‌ند سه‌یره هه‌رچیم ده‌وێت ده‌بێت، من كتێبێكم هه‌یه به ناوی رازی فانۆسی جادویی. له‌وێدا ده‌بینن كه ئێوه چه‌نێك تواناتان هه‌یه، زیاتر له‌وه‌ی كه وێنای ده‌كه‌ن. به ڕاستی فانۆسی جادویی بوونی هه‌یه، به ڕاستی دێوه‌كه‌ی عه‌لی بابا هه‌یه كه ده‌ڵێت، فه‌رمان بكه گه‌وره‌م سێ ئاره‌زوو بكه تا جێبه‌جێیان بكه‌م! ده‌سپێكه‌كه‌شی ئامانجه. كاتێک لێی پرسیت چ ئاره‌زوویه‌كت هه‌یه؟ ده‌بێت بزانیت و خێرا پێی بڵێیت. من سواری ته‌كسی ده‌بم، چونكه له ئێران سه‌یاره‌م پێ نییه، حه‌زم له یارییه، به شۆفیره‌كان ده‌ڵێم وابزانه من دێوه‌كه‌ی عه‌لی بابام
هه‌موو جۆره توانا و ده‌سه‌ڵاتێكم هه‌یه، ده‌كرێت تكات لێ بكه‌م سێ ئاره‌زووی خۆتم پێ بڵێیت من بۆت بهێنمه دی؟ بیر له‌وه مه‌كه‌ره‌وه ده‌كرێت یان نا كرێت. هیچ سنووردارییه‌ك نییه، بیڵێ. ده‌ڵێن ئێی كاكه، چیمان ده‌وێت دیاره ئیتر ژیانێكی خۆشمان هه‌بیت و… ده‌ڵێم نا به دیاریكراویی بڵێ چییت ده‌وێت؟ ئێوه چیتان ده‌وێت؟ سیان له ئاره‌زووه‌كانت هه‌ر ئێستا له‌سه‌ر كاغه‌ز بنووسه. ئێستا ئه‌م سێ ئامانجه‌تان هه‌ڵبگرن بزان له كۆتایی ئه‌م بابەتەدا پێی ده‌گه‌ن یان پێی ناگه‌ن. دواتر بۆتان ڕوون ده‌بیته‌وه كه پێی ده‌گه‌ن یان نا و بۆچی. زۆربه‌ی ئه‌و شۆفێرانە، نه‌یانده‌زانی چی‌یان ده‌وێت، زۆربه‌ی خه‌ڵكی نازانن چی‌یان ده‌وێت. هه‌ر ئێستا كامێرایه‌ك و مایكرۆفۆنێك به‌ده‌سته‌وه بگره و به خه‌ڵكی بڵێ كاكه سڵاو، خانم سڵاو، كورم سڵاو، كچم سڵاو، ده‌ته‌وێت سه‌ركه‌وتوو بیت؟ هەموویان دەڵێن به‌ڵێ. ساڵی داهاتوو لێی ده‌پرسیت سه‌ركه‌وتوو بوویت؟ نا. مه‌گه‌ر ساڵی پار نه‌تده‌ویست؟ ئێستاش ده‌مه‌وێت.سه‌لامه‌تیت، له‌شساغیت، ده‌خوێنیت، ئیش ده‌كه‌یت، ئه‌ی بۆچی سه‌ركه‌وتوو نیت؟ هه‌ر كاتێك لێیان بپرسیت هه‌ر ئه‌مه ده‌ڵێن. هه‌ر كاتێك لێیان بپرسیت، هه‌مووان ده‌یانه‌وێت به‌خته‌وه‌ر بن، هه‌مووان ده‌یانه‌وێت ساماندار بن، هه‌مووان ده‌یانه‌وێت سه‌ركه‌وتوو بن، به‌ڵام ساڵێكی تریش ئه‌گه‌ر پرسیاریان لێ بكه‌یت هه‌ر ئه‌مه‌یان ده‌وێت.
بۆچی به ده‌ستى ناهێنن؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی له‌م لێرەدا ده‌بیننه‌وه. ئێوه به‌رهه‌می بیروباوه‌ڕ و ڕه‌فتاره‌كانتانن، ئامانجیش ئاراسته‌یان پێ ده‌به‌خشێت. ده‌بێت بڕیار بده‌ین سوكانی ژیانمان له ده‌ستی خۆماندا بێت و توند بیگرین و له ده‌ستی نه‌ده‌ین. من به‌م شێوه‌یه جۆره‌كانی ئامانج دابه‌ش ده‌كه‌م:-
یه‌كه‌م:- به ڕای من مرۆڤ ده‌بێت سه‌ره‌تا ئامانجی مه‌عنه‌ویی هه‌بێت.
دووه‌م:- ئامانجی تاكه‌كه‌سی (شه‌خسی).
سێیه‌م:- ئامانجی خێزانی.
چواره‌م:- ئامانجی ئابووری.
پێنجه‌م:- ئامانجی كۆمه‌ڵایه‌تی.
شه‌شه‌م:- ئامانجی ژینگه‌یی.
هاوڕێیانی ئازیز، مه‌حاڵه تۆ ده‌وڵه‌مه‌ند بیت و بۆچییه‌كت بۆ نه‌دۆزیبێته‌وه. نا‌توانیت له ژیانتدا كه‌سێكی به‌خته‌وه‌ر بیت، مه‌گه‌ر به‌رنامه‌ی بۆ دابنێیت. به چاو و برۆ نییه، بۆچی له‌گه‌ڵ ئه‌م پیاوه هاوسەرگیری بكه‌م؟ بۆچی له‌گه‌ڵ ئه‌م ژنه هاوژینی بكه‌م؟ بۆچی ده‌بێت منداڵم هه‌بێت؟ مه‌عنه‌ویه‌ت به‌ڵگه‌ت بۆ ده‌هێنێته‌وه. ئه‌مانه كاروباری زۆر تایبه‌تی مرۆڤه‌كانن، ده‌بێت ئیشیان له‌سه‌ر بكه‌یت. بۆ نموونه من لێره‌دا ڕاوه‌ستاوم، ئێره سه‌كۆیه‌كه، مه‌عنه‌وییه‌ت سه‌كۆی مرۆڤه. ئێمه ده‌ڵێین ژاپۆنییه‌كان وا ده‌كه‌ن و وا ده‌ڕۆن و ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت وا بكه‌ین و خزمه‌تی وڵاته‌كه‌مان بكه‌ین. نا‌توانیت هاوڕێ گیان. له وڵاتى یابان و له شاری كوبێ، له دوای بومەلەرزەیەک، مانگێك تێپه‌ڕی و سه‌رۆك شاره‌وانیی شاره‌كه نه‌یتوانی بۆریی ئاوی ماڵه‌كان چاك بكاته‌وه، بۆیه خۆی كوشت و یاداشتێكی نووسی كه تێیدا هاتبوو: “شه‌رمه‌زارییه بۆ من یه‌ك مانگ تێپه‌ڕیوه و نه‌متوانیوه ئاو به هاوڵاتییه‌كانم بگه‌یه‌نم، من شایه‌نی ژیان نیم.” كه‌چى ئێمه‌یش ملیۆنان كه‌س ده‌كوژین بۆ ئه‌وه‌ی له پۆسته‌كه‌ى خۆماندا بمێنینه‌وه! ده‌ته‌وێت ببی به ژاپۆنی؟ مه‌عنه‌وییه‌تی ده‌وێت، واته ده‌بێت ئه‌و مه‌عنه‌وییه‌ته له منداڵه‌كانمامندا. بچێنین.
نووسینی مەحموود موعەزەمی
وه‌رگێڕانی؛ شاهۆ لەتیف