تەنها چەند رۆژێک دواى هەڵاتنى بەشار ئەسەدى سەرۆکى سوریا، “عەبدولفەتاح سیسى” سەرۆکى میسر کە دە ساڵ لەمەوبەر بە کودەتایەکى سەربازى سەرۆکایەتى وڵاتەکەى وەرگرت، لە کۆشکە نوێیەکەیدا پێشوازى لە سەرۆکى حەوت وڵات کرد. نمایشکردنى ئەو کۆشکە نوێیە لەکاتێکدایە رێژەى هەژارى و قەرزە دەرەکییەکانى میسر بەردەوام لە هەڵکشاندایە، کەچى سەرۆک کۆشکێکى نوێى بنیادناوە، لەکاتێکدا چەندین کۆشکى دیکەى تایبەت بە سەرۆکایەتى هەیە. بە مەبەستى کەمکردنەوەى قەرەباڵغى شارى قاهیرە و دروستکردنى شارێکى مۆدێرن، “عەبدولفەتاح سیسی” سەرۆک کۆماری میسر لە ساڵى (2016) بڕیاریدا بە دروستکردنى پایتەختى کارگێڕى نوێى وڵاتەکەى، بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەستى لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی واژوکرد.
پایتەختی کارگێڕى نوێ، شارێکی نوێی نەوەی چوارەم و پایتەختی نوێی میسرە، لەلایەن کۆمپانیای پایتەختی کارگێڕی بۆ گەشەپێدانی شارەکانەوە بەڕێوەدەبرێت. کۆی ڕووبەری شارەکە نزیکەی (١٧٠) هەزار دۆنمە واتە (٦٨٨ کیلۆمەتر دووجا)یە، کە گەورەترە لە ڕووبەری سەنگافورە و چوار هێندە لە شاری واشنتۆنى پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەورەترە. شەست کیلۆمەتر لە قاهیرە دوورە بە ئاراستەی ڕۆژهەڵات، بەگوێرەى ماستەرپلانەکەی لەگەڵ تەواوبوونی تەواوی قۆناغەکانی بیناسازی، نزیکەی (6.5) ملیۆن کەس لەخۆدەگرێت. بڕیار وایە تەواوى بارەگاکانى سەرۆکایەتى کۆمار و حکومەت و پارلەمان، هەروەها باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی وڵاتانی دەرەوەش ببرێتە پایتەختی کارگێڕی. ئەم شارە مۆدێرنە دەبێتە ناوەندی دارایی میسر، بەو پێیەی ناوچەی دارایی و بازرگانی لەخۆدەگرێت، کە بارەگا و ئۆفیسە ناوچەییەکانی کۆمپانیا و بانکە گەورەکانی میسر و نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت. شارەکە لەڕووی کارگێڕییەوە بەسەر بیست گەڕەک و ناوچەی بەکارهێنانی جیاوازدا دابەشکراوە. هەروەها شاری هونەرى و ڕۆشنبیری و شاری یارییە ئۆڵۆمپییە نێودەوڵەتییەکانی میسر و شاری مەعریفە و ڕووباری سەوز لەخۆدەگرێت کە زیاتر لە (٣٥) کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە، بەمەش شەش هێندە گەورەتر دەبێت لە سەنتراڵ پارک لە شاری نیویۆرک.
“كۆشکە نوێیەکەى سەرۆک”
ڕووبەری کۆشکی نوێی سەرۆکایەتی میسر زیاتر لە (٦٠٧) دۆنمە، واتە زیاتر لە (دوو ملیۆن و نیو) مەتر چوارگۆشە، کەواتە زیاتر لە سی هێندەی ڕووبەری کۆشکی سپییە لە واشنتۆن کە ڕووبەرەکەى هەژدە دۆنمە واتە نزیکەی (٧٥.٦) هەزار مەتر چوارگۆشە، نزیکەی نۆ هێندەی ڕووبەری کۆشکى کرێملینە لە مۆسکۆ کە ڕووبەرەکەى (٦٧.٢) دۆنمە، واتە نزیکەی (٢٨٢.٢) هەزار مەتر چوارگۆشە، نزیکەی (٣٢) هێندەی ڕووبەری کۆشکی باکینگهامە لە لەندەن کە ڕووبەرەکەى (٧٧) هەزار مەتر چوارگۆشەیە، زیاتر لە (٢٢٧) هێندەی ڕووبەری کۆشکی ئێلیزێیە لە پاریس کە ڕووبەرەکەى (١١) هەزار مەتر چوارگۆشەیە. بە پشتبەستن بە تێچووی بیناسازی لە پایتەختی کارگێڕی، یەک نهۆمی کۆشکەکە (٢.٢٥) ملیار جونەیهى میسرى لەسەر خەزێنەی دەوڵەت دەکەوێت، ئەو بڕە تەنها تێچووى بیناسازییە، بەدەر لە تێچووی کەرەستە و دیکۆراتەکانی. لەکاتێکدا بەو بڕە پارەیە دەتوانرێت (١٢٥) قوتابخانە یان (١٦) نەخۆشخانەی ناوەندی لەو وڵاتەدا دروست بکرێت. پێش ئەوەى کۆشکە نوێیە دروست بکرێت، هەر لە سەردەمی سیسیدا دوو کۆشکی دیکە دروستکراون، یەکێکیان لە شاری ئەلعەلامین لە کەنارەکانی باکووری میسر، دووەمیان لە عەین سوخنە لەسەر دەریاى سوور.
“میسر، وڵاتى کۆشکەکان”
میسر یەکێکە لەو وڵاتانەى بەهۆى دێرینى مێژوەکەیەوە، ژمارەیەکى زۆر کۆشکى سەرۆکایەتى لەخۆگرتووە. لەئێستادا پێنج کۆشکی تێدایە کە لە ڕیزی گەورەترین کۆشکەکانی جیهان پۆلێنکراون، دیارترینیان “کۆشکی ئیتیحادییە”، کە بە “کۆشکی عروبە”ش ناودەبرێت، کە دەکەوێتە ناوجەرگەى قاهیرەى پایتەختەوە، بارەگاى حکومەتە، زیاتر لە (400) ژوور لەخۆدەگرێت، جگەلە (55) شوقەی تایبەت و هۆڵی زۆر گەورە، هەروەها “کۆشکی عابدین”، کە بە شاکارێکی مێژوویی دەگمەن دادەنرێت، کە قۆناغێکى هەرە گرنگی مێژووی میسر بەرجەستە دەکات، بەو پێیەی لە ساڵی (١٨٧٢) تا ساڵی (١٩٥٢) بارەگاى حکومەت بووە. لە ساڵی (١٨٦٣) دروستکراوە، بەهۆی شوێنە ستراتیژییەکەی لەناو جەرگەی قاهیرەدا، بەهاکەی بە دەیان ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. کۆشکی “ڕەئس ئەلتین”، ڕووی لە کەناری دەریای ناوەڕاستە لە شاری ئەسکەندەریە، یەکێکە لە تەلارە مێژوویی و شوێنەوارییەکانی شاری ئەلمەحروس، چونکە کۆشکى سەرۆکایەتى بنەماڵەی محەمەد عەلی پاشا بووە کە نزیکەی (١٥٠) ساڵ فەرمانڕەواى میسر بوون.
“کۆشکی قوبە”، لە ناوەڕاستی قاهیرە، گەورەترین کۆشکی میسرە لەڕووی ڕووبەرەوە، لەلایەن خدێوى ئیسماعیلەوە دروستکراوە، دوای شۆڕشی (٢٣ی تەمموزى ١٩٥٢) کرایە یەکێک لە کۆشکەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، لە سەردەمی جەمال عەبدولناسردا کرایە بارەگای پێشوازیکردن لە گەورە میوانانى سەرۆک. جگە لەو پێنج کۆشکە زەبەلاحە، زیاتر لە (٣٥) کۆشکی شاهانەی دیکەش هەن، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە سیاسییە جیاوازەکان، هەر یەکێکیان دەتوانرێت بکرێتە بارەگاى حکومەت یان کۆشکێکی سەرۆکایەتی. لەناو ئەو کۆشکانەدا گەنجینەیەکی شوێنەواریی و مێژوویى و شارستانی بەهادار هەیە کە نرخەکانیان بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێت.
“دروستکردنى شارێک بە قەرز”
بۆ دروستکردنى پایتەختی نوێی کارگێڕی لەنێویاندا کۆشکی سەرۆکایەتی، حکومەتى میسر نزیکەی (٥٨) ملیار دۆلارى خەرجکردوە، سەرۆکی پێشووی پایتەختی ئیداری، جەنەڕاڵ ئەحمەد زەکی عابدین، رایگەیاند کۆشکی نوێى سەرۆکایەتی یەک فلسی لە بودجەی دەوڵەت بۆ خەرج نەکراوە، بەڵکو هەموو بیناکانی حکومەت و سەرۆکایەتی و خزمەتگوزارییەکان لە داهاتی فرۆشتنی زەوی بە وەبەرهێنەران و کۆمپانیا نێودەوڵەتیە زەبەلاحەکان پارەى بۆ دابینکراوە. ئەو لێدوانە لەکاتێکدایە بۆ دروستکردنى گەڕەکى دارایی لە پایتەختی کارگێڕی، وەزارەتی نیشتەجێکردن لە ساڵی (٢٠١٩) بڕى سێ ملیار دۆلاری لە بانکەکانی چین قەرز کرد، بۆ پڕۆژەی شەمەندەفەری خێرا کە یەک ملیار و (٢٠٠) ملیۆن دۆلاری تێچووە، لە ڕێگەی قەرزکردن لە بانکێکی چینی ئەنجامدراوە، هەروەها حکومەت بۆ پڕۆژەی (مۆنۆڕێل) بڕى یەک ملیار و (٨٠٠) ملیۆن یۆرۆی قەرز کردووە. بۆ پڕۆژەى وێستگەی کارەبای پایتەخت (یەکێکە لە گەورەترین وێستگەکانی میسر) حکومەت نزیکەی (2.041) ملیار یۆرۆی لە دەزگا داراییە نێودەوڵەتییەکان و بانکەکان قەرزکردوە.
کاتێک لە کۆتایى ساڵى (2014)دا سیسى دەسەڵاتى وڵاتەکەى گرتە دەست، قەبارەى قەرزە دەرەکییەکانى میسر (45.2) ملیار دۆلار بوو، بەڵام لەکۆتایى مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا قەبارەی قەرزە دەرەکییەکانی میسر گەیشتە (152.9) ملیار دۆلار. واتە لە ماوەی دە ساڵى حوکمڕانییەکەیدا قەبارەى قەرزەکان بە ڕێژەی (٢٣٨%) زیادی کردووە. تەنها ڕۆژێک پێش ئەوەى سیسى کۆشکە نوێیەکەى نمایش بکات، کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڕازی بوو لەسەر پێدانی قەرزێک بە قاهیرە بە بەهای یەک ملیار یۆرۆ، کە حکومەتی میسر نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر داواى کردبوو، هەروەها چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێدانى قۆناغی چوارەمی قەزرەکانى بە میسر بەبڕی هەشت ملیار دۆلار ڕاگرت، بەهۆی ئەوەى حکومەتى میسر ئەو مەرجانەى جێبەجێ نەکردبوو کە داواى لێکرابوو، بۆ ئەو پلانی چاکسازییەی کە پێشکەشى کردبوو.
“هەژارى و گرانیى لە میسر”
کاتێک دە ساڵ لەمەوبەر (٣ی حوزەیرانی ٢٠١٤)، عەبدولفەتاح سەعید حسێن خەلیل سیسی دەسەڵاتى سەرۆکایەتى میسرى گرتە دەست، یەک دۆلار بەرانبەر حەوت جونەیهى میسرى بوو، بەڵام ئێستا بەرانبەر زیاتر لە پەنجا جونەیهە، هەروەها بەهۆى زیادکردنى رێژەى باج و رسوماتەوە، هەڵاوسان بە ڕێژەیەکی ترسناک بەرزبووەتەوە، ئەوەش کاریگەرییەکی کارەساتباری لەسەر نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان هەبووە، کە لە توانای زۆرینەی ڕەهای گەلی میسر زیاتر بەرزبووەتەوە. زیادبوونى قەبارەى قەرزەکانى سەر میسر، هاوتایە لەگەڵ زیادبوونى رێژەى هەژارى لەناو دانیشتواندا، بەجۆرێک لەئیستادا ژمارەی خەڵکی هەژار لە میسر گەیشتووەتە زیاتر لە شەست ملیۆن هاوڵاتی لە کۆی (١٠٧) ملیۆن میسری، لە کاتێکدا خەمڵاندنەکانی دیکە ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر دیدگای بانکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە سنووری هەژاری پەسەند بکرێت، کە دەکاتە دوو دۆلار لە ڕۆژێکدا و لە هەندێک دۆخیشدا دەگاتە چوار دۆلار لە ڕۆژێکدا، ئەوا ئەگەری زۆرە ئەو ژمارەیە زیاد بکات.
لە بەرانبەر ئەو دۆخەى لە میسر دروستبووە، ئابووریناسان و پسپۆڕان بەدەنگێکی بەرز داوادەکەن بودجەى دەوڵەت و قەرزەکان بۆ پڕۆژەکانى بەرهەمهێنان و پیشەسازى و خزمەتگوزارییەکان خەرج بکرێن کە دراوی قورس دابین دەکەن و ئاستی بەرزی بێکاری کەم دەکەنەوە، نەوەکو لە دروستکردن و رازاندنەوەى کۆشکەکانى سەرۆکایەتیدا. چونکە لەو کاتەوەى سیسى بووەتە سەرۆک، دەیان ملیار دۆلار بۆ ئەو پڕۆژانە خەرجکراون کە مۆرکێکى شکۆمەندکردنی کەسایەتی سەرۆک کۆمارى هەیە، هەرچەندە میسر بەدەست قەیرانە ئابوورییەکانەوە دەناڵێنێت.
سەرچاوەکان؛ ماڵپەڕەکانى (الجزیرە، الحرە، بى بى سى عربى، ویکیبیدیا، نون بوست).
ئامادەکردن: بارام سوبحى