خوێنەرانی هێژا، وبەڕێز لەم بابەتەدا دەمەوێت تیشک بکەمە سەر بابەتێکی یەک جار گرنگ، کە پەیوەندیدارە بە مافێکی مێژوویی گەلەکەمان لە پارچەیەکی دیکەی نیشتمانە گەورەکەمان کە ئەویش (کوردستانی ڕۆژئاوایە) و لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و سیاسی گرنگ دا یەوە پشتیوانی کردنی کوردانی سەرجەم پارچەکانی دیکەی کوردستانی گەورە، بە تایبەتی خەڵکی باشووری کوردستان یەک جار گرنگە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە لە ئەستۆی هەموومان وەک خەڵکی باشووری کوردستان.
“دۆخی سووریا، وەرچەرخانێکی نوێ”
ئەوەی لە سووریا ڕوویدا، زادەی حوکمڕانی ناتەندروست و دەرەنجامی زوڵم و ستەم و جیاوازی کردنە لەنێوان نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی وڵاتەکە، کە درێژکراوەی حوکمڕانی حافز ئەسەدی باوکە بۆ بەشاری کوڕ، کە لە ئەنجامی کودەتا و هاتنە سەر دەسەڵات و حوکمڕانی وڵاتێکی گرنگ و کاریگەری وەک “شام”کەوتە دەستیان، بەڵام نەیانتوانی حوکمڕانییەکی تەندروست لەژێر سایەی سیستەمە جیاوازەکانی بەڕێوەبردنی حکومەت و وڵات پێشکەش بکەن، بارودۆخی ئێستای سووریا، دەرەنجامی هۆکاری ئاڵۆزی سیاسی، و کۆمەڵایەتی و ئابوورییە، کە بە درێژایی دەیان ساڵ کەڵەکەبوون.
هۆکارە سەرەکییەکانی دۆخی ناوخۆیی سووریا دەتوانرێت بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە:-
1-هۆکاری ناوخۆیی:- لە چەند فاکتەرێکی جیاواز پێک دێت.
- ستەمی سیاسی: سووریا بۆ دەیان ساڵ لەژێر دەسەڵاتێکی پاوانخوازدا بەڕێوەدەبرا کە ئازادی سیاسی و دیموکراسی نەبوو.
- گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن: زاڵبوونی گەندەڵی و پەیوەندی خزمایەتی بەسەر دامودەزگاکانی دەوڵەتدا بووە هۆی تێکچوونی خزمەتگوزارییەگشتییەکان و بڵاوبوونەوەی هەژارییەکی ترسناک.
- جیاکاری کۆمەڵایەتی: گرژییە تائیفی و مەزهەبیی ونەتەوەییەکان، هۆکارێکی سەرەکی بوو لە دروستکردنی سوریای ئەمڕۆ.
-قەیرانی ئابووری: پێش هەڵگیرسانی بەهاری عەرەبی و گەیشتنی بەسوریا لە ساڵی 2011 خراپ بوونی باری دارایی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و هەژاری هەبوو.
- هەڵگیرسانی بەهاری عەرەبی لە سوریا لە ساڵی 2011
– بەهاری عەرەبی: گەلی سوریا کەوتە ژێر کاریگەری شەپۆلی شۆڕشگێڕانەی وڵاتانی عەرەبی، بۆیە ملیۆنان هاووڵاتی ئەو وڵاتە ڕژانە سەرشەقامەکان، بۆ داوای ئازادی و چاکسازی، بە ئامانجی باشترکردنی ژیانیان لە یادمان نەچێت ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد درێژکراوەی کەوتنی ڕژێمەکانی قەزافی وسەدام حسێن و عەلی عەبدوڵڵا ساڵح و زەین العابدینە!
کاردانەوە دژی توندوتیژیی ڕژێم: قبوڵ نەکردنی ڕای جیاواز، ڕێگرتن لە ئازادییە تاکەکەسییەکان، بووە هۆی پەرەسەندنی دۆخەکە بۆ شەڕێکی چەکداری قورس کە سەرەنجام کوشتن و برینداربوون و بێسەروشوێن بوون لە کۆتاییشدا و ڕووخانی ڕژێمەکەی بنەماڵەی ئەسەدی لێکەوتەوە.
- دەستتێوەردانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان:
بوونی بەرژەوەندی وڵاتە هەرێمی نێودەوڵەتییەکانی وەک (ئەمریکا، ڕووسیا، ئێران، تورکیا). لەسوریا بەشێکی سەرەکی بوو لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی سێزدە ساڵی ڕابردوودا.
-بوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ لایەنە ناکۆکەکانی سوریا:
دابەشبوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن، و ڕژێمدا بە بەردەوامیی شەڕەکەی بەهێزتر دەکرد، بە جۆرێک ڕووسیا، و ئێران بە هەموو هێزیان پشتیوانیان لە مانەوەی ڕژێمەکەی ئەسەد دەکرد لە ماوەی سێزدە ساڵی ڕابردوو. وە تورکیا وەک پیشەی هەمیشەیی پشتیوانی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەکرد کە دواتر بە شێوەیەکی باشتر هۆکارەکانی ڕوون دەکەینەوە وە ئەمریکا تا ئێستاش پشتیوانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات کە بوونەتە ئومێدی کوردانی هەرچوارپارچەی کوردستان.
- دروست بوونی قەیرانی مرۆیی:
شەڕەکە ژێرخانی وڵاتەکەی لەڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و تەلارسازی بەیەکجاری تێکدا قەیرانێکی بێ وێنەی پەنابەران و ئاوارەبوونی دروست کرد. بە جۆرێک زیاتر لە نیوەی دانیشتووان ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان لەدەستدا، وە ژمارەیەکی زۆریش بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراک و خزمەتگوزاری تەندروستییەوە دەناڵێنن.
“داهاتووی کورد، و هەڵوێستی وڵاتە نێودەوڵەتییەکان”
خوێنەرانی بەڕێز، پێم وایە بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە و تێگەیشتن و بەرچاوڕوونی لەبارەی داهاتووی کورد و بۆچوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان لێرەدا ئاماژە بە بۆچوونی بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، و تورکیا، و ئێران، و ڕووسیا بکەم.
بۆچوونی ئەمریکا: ئەمریکا تا ئێستا بە شێوەیەکی زارەکی و کرداریش پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات، وە بڕیاری زیادکردنی هێزەکانی وڵاتەکەی داوە بۆ دوو هەزار سەرباز لە ڕۆژئاوای کوردستان، وە لەهەوڵدایە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە کۆبانێ لەنێوان هەسەدە و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا.
بۆچوونی فەرەنسا: وڵاتی فەرەنسا لەڕێی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیەوە بەفەرمی داوا دەکات کوردبەشێکی گرنگ بێت لەو گۆڕانکارییانەی لەسوریای نوێ ڕوودەدات، جێیان نۆیڵ بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەبارەت بە نیگەرانییەکانی تورکیا، و هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێتە فەرەنسا هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی تورکیا و کوردەکان لە با کوڕی ڕۆژهەڵاتی سوریابگەنە ڕێکەوتنێکی گشتگیر و هاوبەش.
بۆچوونی ئەڵمانیا: بە هەمان شێوەی فەرەنسا وڵاتی ئەڵمانیا لەڕێی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیەوە بەفەرمی داوا دەکات، ” گرووپە کوردییەکان لە سووریا” لە چەک دابماڵرێن و تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی داهاتووی سووریا بکرێن. دوابەدوای کۆبوونەوەی ئەنالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیالەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرەیت پایتەختی تورکیا ڕایگەیاند “سەقامگیری لەسوریا، بەتایبەتیش بۆ کوردبۆ داهاتوویەکی پڕ لە ئازادی، و سەقامگیری بۆسووریا گرنگە.
بۆچوونی تورکیا: بێگومان تورکیا لەسوریا، و داهاتووی وڵاتەکە ڕۆڵێکی گرنگ چارەنووسساز دەبینێت، چونکە ئەو وڵاتە، حکومەتەکەی ئەردۆغان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە سووریای نوێ، و داڕشتنەوەی دەستور، و سیاسەتی سوریای نوێ، وەک لەدوایین کۆبوونەوەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەحمەد شەرع فەرماندەی سەربازی دەستەی تەحریری شام، لە دیمەشق ڕایگەیاند تورکیا هاوڕێ و دۆستی گەلی سووریایە. لەبەرامبەردا هاکان فیدان گوتی؛ لەگەڵ گەلی سووریا دەوەستین، و بەتەنیا جێیان ناهێڵین!هەر سەبارەت بەهێزەکانی “هەسەدە”وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، پەکەکە، و یەپەگە نابێت لە سووریای نوێدا هەبن!
سەبارەت بە بۆچوونی ئێران وڕوسیا: ئێران ڕوسیا بەهۆی پاڵپشتییە سەرەکی و هەمیشەییەکانیان لە ماوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا، پێناچێت کاریگەری ئەوتۆیان لەسەر داهاتووی ئەو وڵاتە هەبێت چونکە بێگومان هەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەم دەرەکیش ڕێگری هەیە لە دەستتێوەردانی ئەو دوو وڵاتە لە کاروباری ناوخۆی، سوریای نوێ وەک چۆن بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لەدوای ڕاکردنی بەشار ئەسەد، و ڕووخانی ڕژێمەکەی ڕایگەیاند نابێت ڕوسیا، و ئێران کاریگەرییان لەسەر داهاتووی سووریا هەبێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونی ڕێگری نێودەوڵەتی لە دەستتێوەردانی ئەو وڵاتانە لە کاروباری ناوخۆی سوریای نوێ.
بۆچوونی دەسەڵاتی نوێی سوریا:
ئەوەی تا ئێستا بەفەرمی لەلایەن فەرماندەی هێزەکانی تەحریری شامەوە ڕاگەیاندراوە، تا ڕادەیەکی زۆر باش ئەرێنییە، بە مەرجێک ئامانجی دیکەی لە پشتەوە نەبێت ئەحمەد شەرع، کە فەرماندەی گشتی ئەو هێزەیە دەڵێت، کورد لە داهاتووی سوریای نوێدا بەشدار دەبێت، و بەشێکە لە نیشتمانەکەمان. “ئەحمەد شەرع”ڕاشیگەیاندووە، لەسووریای نوێدا هەمووان بە هاوبەشی و یەکسانی، وە بەپێی یاسا و دەستوور دەژین.
سەبارەت بە بۆچوونی هێزەکانی هەسەدە:
هێزە شۆڕشگێڕ و قارەمانەکانی هەسەدە بە سەرکردایەتی ژەنەراڵ “مەزڵووم کۆبانێ”تا ئێستا زۆر بەباشی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سوریادا خۆی گونجاندووە، و دەیانەوێت بەشێکی سەرەکی بن سوریای نوێ بۆ ئەو مەبەستەش لە یەکەمین هەنگاوی کردەییدا ژەنەراڵ “کۆبانێ”دەیەوێت بە یەک ڕیزی و یەکدەنگی بچنە دانوستان لەگەڵ دیمەشقدا. هەروەها لەڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ژەنەراڵ “مەزڵووم کۆبانێ”ڕایگەیاندووە، لەگەڵ هاوبەشە ئەمریکییەکانمان ئامادەین بۆ هەماهەنگی و ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا.
ئەرکی کوردانی باشوری کوردستان چییە؟
پێم وایە ئێمە وەک کوردانی باشوری کوردستان بە بەراورد بەدوو پارچەکەی دیکەی کوردستان بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و مرۆیی زیاترمان دەکەوێت سەر چونکە لە ئەنجامدا خاوەنی هەرێمێکی سەربەخۆ و ئازادییەکی زیاترمان هەیە بۆ دەربڕینی بۆچوون و پشتیوانیکردنی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ کۆمەڵێک ئەرک دەکەوێتە سەرمان ئەوانیش لە سێ خاڵدا ڕوون دەکەینەوە:
1-پاڵپشتی مەعنەوی، و کوردانەی خۆمان ئەگەر بە پۆستێکی فەیسبووکیش بێت گرنگە چونکە بێگومان ئەگەر ئێمە لەباشور پاڵپشتی داواکاری کوردانی ڕۆژئاوا نەکەین ئەوا مافی گلەییشمان نییە لە وڵات و گەلانی بێگانە تا بەرامبەر مافەکانی ئێمە بێنە دەنگ!
2-کۆکردنەوەی هاوکاری ماددی، لەسەر ئاستی تاک و بەپێی توانا، لە کاتێکدا ئەگەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی هێرش و پەلاماری دوژمنانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە خراپ ببێت.
3-هەریەک تاکێکی هەر چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەتی باشور ئەگەر لە یەکێک لە وڵاتەکانی ڕۆژئاوا دەژیت، پێویستە لەسەر ئاستی ڕێکخراو، گرووپە نێودەوڵەتییەکان هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی بدات، بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.
تێبینی/بۆ زانینی بۆچوونی وڵاتان ولایەنەجیاوازەکان سود لە ئاژانسەکانی هەواڵ، وەرگیراوە وەک سەرچاوە.