“بۆچی مرۆڤ هەستی پەپولەی گەدەی بۆ دروست دەبێت؟”
هەستکردن بە پەپولە وەرچەرخانێکی لەناکاو و سەرسورهێنەرە کە لەناو کۆئەندامی هەرس و ڕیخۆڵەکاندا، لە هەموو مرۆڤێکدا ڕوودەدات و وای لێدەکات لەبارودۆخی شڵەژان و فشاری زۆردا بێت، بەکارهێنانی ئەم ئیدیۆمە ئەگەرچی لای هەموو تاکێک بوونی هەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنانەکەی و ئاشنابوون پێی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا دەگمەنە یاخود بەکەمی بەکاردەهێنرێت، لەکاتێکدا ئیتمۆلۆژیای هەبوونی “پەپولە لەگەدە” دا بۆیەکەمجار لەکتێبی(The House of Prayer) دەرکەوتووە، کەلەلایەن “فلۆرانس کۆنڤێرس”ەوە لەساڵی ١٩٠٨ نوسراوە، ئەم دەستەواژەیە زیاتر لەسەد ساڵ وەک ئیدیۆمێک بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت، مەبەست لەهەستێکی نائارامە کاتێک مرۆڤەکان ڕووبەڕووی ڕووداوێکی سترێس یاخود خۆشی دەبنەوە. خەڵک ئەم هەستە بەشتێک وەسف دەکەن کەلەکۆئەندامی هەرس و ڕیخۆڵەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، پەپولەی گەدە تەنها میتافۆرێک نییە بۆ هەستی پەلەوەری لەجەستەماندا، بەڵکە زاراوەیەکە بۆ ڕووداوێک کە لە ریخۆڵکەکاندا کاریگەری جۆراوجۆر دروست دەکات، کەهەستی پەپولە لەجوڵەی ناسک و لەهەمانکاتدا ناڕێکی پەپولەوە وەرگیراوە، بەڵام هیچ پەپولەیەک لەڕاستیدا لەناو گەدە و دەورووبەریدا بوونی نییە، زۆرجاریش ئەو هەستەی لەناو سکدا دروست دەبێت دەشوبهێنرێت بەو جوڵەیەی کەپەپولە ئەنجامی دەدات.
“چ هەستێک دەبێتە هۆی دروستبوونی پەپولە؟”
هەست و سۆزە جۆراو جۆرەکان، وەک خۆشەویستی یاخود دەمارگیری و دڵەراوکێ دەتوانن ببنە هۆی ئەو هەستی لەرزینە کە بە پەپولە ناسراوە لەگەدەدا، ئەو هەستە باوانەش بریتیین لە “خۆشەویستی و ئاشق بوون، ترس، بەشداریکردن لەتاقیکردنەوە یاخود پێشبینیکردنی تاک بۆ داهاتوو”، ئەوەش بەو واتایە دێت جەستەی مرۆڤ چۆن کاردانەوەی هەیە بەرامبەر بەو هەستانە و دەکرێت هەر کەسێک بەجۆرێکی جیاواز ئەزموونی بکات.
“پەیوەندی مێشک و کۆئەندامی هەرس کاریگەری هەیە لەسەر پەپولەی گەدە؟”
لەکاتێکدا مێشک توانای کۆنتڕۆڵکردنی ئەندامانی جەستەی هەیە، کار و فەرمانەکانی لەڕێگەی دەمارە گەیەنەرەکانەوە، ڕەفتارەکانی تاکەکان دیاری دەکەن، بەتایبەت دەماری ڤاگۆس (Vagus nerve) ،کە وەک کەناڵێکی سەرەکی پەیوەندیکردن کاردەکات، بۆ گواستنەوەی سیگناڵەکان لەمێشکەوە بۆ کۆئەندامی هەرس و وە بەپێچەوانەشەوە، ئەم دەمارە تاکە دەمارێکە لەناو مێشکەوە دەستپێدەکات و بەکۆئەندامی هەرس کۆتایی دێت، کەکاری کۆنتڕۆڵکردنی لێدانی دڵ و جوڵەی ڕیخۆڵەکان و چەندین ئەرکی فیسۆلۆژی تری لەئەستۆدایە، ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی بیرکردنەوەکانی مرۆڤ کاریگەری گەورە دروستبکات لەسەر کۆئەندامی هەرس.
“ئایا پەپولەی گەدە هەستێکی ئەرێنی یە؟”
هەستکردن بە پەپولەی گەدە دەکرێت شتێکی باش بێت، کاتێک دەردەکەون کەمرۆڤ لە حاڵەتی هەڵچوونی خۆشیدا بێت، ئەوەش بەشێکی سرووشتییە لە کاردانەوەی جەستە بەرامبەر بە هەندێک باورودۆخ و گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان کە ئەو هەستە پەلەوەرییە دروست دەکەن، بەتایبەت لەڕووی سۆزدارییەوە بەستراوەتەوە بەهەستی خۆشیی و سۆزێکی ڕۆمانسیی بۆ کەسی بەرامبەر، ڕەنگە مرۆڤ هەست بەپەپولە بکات لەگەدەدا پێش چاوپێکەوتن و ڕووبەڕووبوونەوەی لەکاتی ژواندا، بەهۆی ئەو هەستە زۆرەوە دڵەڕاوکێ دروست دەبێت و جەستە هۆرمۆنی ئەدریناڵین و مادەی سیرۆتۆنین بەرهەم دەهێنێت.
دەکرێت زۆربەیجار ئەم ئیدیۆمە بەکاربهێنریت بۆ نیشانەکانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی، وەک ئەوەی خوێندکارێک پێش هەوڵدان بۆ بەشداریکردنی لەتاقیکردنەوەیەکدا یاخود شتێکی جارەنوسسازدا، یان منداڵان کاتێک بەشداری یاریەکانی قوتابخانەکەیان دەکەن، وادەکات پەپولەیان بۆ دروست ببێت، یان لەبەردەم بینەردا کەسێک دەیەوێت نمایشێک ئەنجام بدات، هەروەها لەکاتی چاوپێکەوتنی کار و زۆربەیجار لەکۆبونەوەکاندا کە کەسێک دەیەوێت دەست بە وتن بکات ،هەموو ئەمانە وادەکەن هەستی پەپولەی گەدە لایان دەست بەدەرکەوتن بکات، زانایان ئەم هەستە دەگەڕێننەوە بۆ چەند شتێک، وەک دەردانی مادەی دۆپامین کەتاک هەست بە دڵخۆشی و ئارامی دەکات لەکاتی چالاکییە چێژ بەخشەکاندا، یاخود کاتێک مرۆڤ هەست بەسترێس و دڵەڕاوکێ دەکات، بەوەش جەستە کاردانەوەی دەبێت بۆ ئەوەی یارمەتی بدات بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دۆخە نەخوازراوەکان، ئەم کاردانەوەیەش دەتوانێت ببێتە هۆی هەستکردن بە پەپولەی گەدە، سەرەڕای ئەوەش ئەو هەستە پەلەوەرییە دەتوانێت نیشانە جەستەیی و سۆزداریەکانی دیکەشی لەگەڵ بێت وەک: زیادبوونی لێدانی دڵ و لەرزینی پەلەکان و ئارەقکردنەوەی ناولەپی دەستەکان و سەرگێژبوون و هەناسە تووندی و ……هتد.
“چۆن تاک هەستی ئەرێنی دروستبکات؟”
بەچەند ڕێگەیەک مرۆڤ دەتوانێت هەستی ئارامی بەدەستبهێنێت لەوانەش:-
– دەبێت سەرەتا ئەو هەستە قەبوڵ بکات کەهەیەتی.
– ئەنجامدانی مەشقی مێدیتەیشنی پێشکەوتووی ماسولکەکان کەبەجوڵەکردن لەسەرەوە دەستپێدەکات تاوەکو پەنجەکانی پێ.
– دەربڕیینی هەستە شاراوەکان بەنوسین کەوا لەتاک دەکات هەست بەباشبوونی بکات.
– مەشقی هەناسەدانی قووڵ، بەهێواشی لەڕێگەی لوتەوە و گرتنی بۆساتێک و پاشان بەهێواشی بدرێتەوە.
– دەستکردن بەجووڵە بۆ ئەوەی بەشێک لەوزە دەمارییەکان ئازاد بن.