لەجیهانی سیاسەتدا، ئێمە هەر لەپێناوی شیکردنەوە و نووسین و دەرکەوتندا، شیکردنەوە بۆ دۆخی سیاسیی ناوچەکە و جیهان ناکەین. بەڵکو چونکە ئەوە ئەرکی سەرەکیی و سەرەتاییمانە، لەپێناو تێگەیشتن لە هاوکێشە و پێشهاتەکاندا، هەر هەموو ئەمەش یەک تاکە مەبەستی هەیە: وەکو نەتەوەیەک چی بکەین، چیمان پێدەکرێت، چۆنی بکەین؟ هەڵبەتە لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی بابەتیی لە دۆخەکە و وەرگرتنی بڕیاری دروست و خۆئامادەکردن بۆ هەر ئەگەرێکی باش، یان خراپ. لێرەوە پرسیاری سەرەکیی خەڵک ئەوەیە: ئایا ئەم پێشهاتانەی سوریا زیان و قازانجیان بۆ کورد چۆن دەبێت؟ بەڵام ئەوەی جێی داخە غیابی جەوهەریترین پرسیارە: ئایا دەبێ کورد چی بکات؟ کێشە لەوەدایە کە ئەگەر بشکرێت، ئەوا وەڵامە سەرپێیی و هەنوکەییە فەیسبوکییەکان ئامادەن.
ئەوەی ئێستا لە سوریا دەگوزەرێت لەوە ئاڵۆزترە کە بتوانرێ لە وتارێکدا باسی لێوە بکرێت. هۆیەکانی ئاڵۆزییەکەی زۆرن، سەرەکیترینیان تەمومژاویی هەڵوێستی یاریکەرە سەرەکییەکان و نەبوونی زانیاریی وردە لەسەر ئەوەی لەپشتی پەردەدا گوزارە و دەگوزەرێت. ئەم ململانێیە هێندە ئاڵۆزە تەنانەت داوەکانی جەنگی ئۆکرانیا و قەیرانە سیاسییەکەی کۆریای باشووریشی تێکەڵ بووە. دروستە کە ئێمە دەبێ ورد لە یارییەک گەیشتبین بۆ ئەوەی بزانین بیبەینەوە، یان لانیکەم نەیدۆڕێنین، بەڵام پرسیاری جەوهەریی و پێشوەخت ئەوەیە: ئایا تیپەکەی ئێمە ئامادەیە بۆ هەر پێشهاتێکی چاوەڕوانکراو، یان تەنانەت چاوەڕواننەکراو؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش بە یەک وشە: نەخێر.
هەوڵ دەدەم لێرەوە ناوبەناو قسە لەسەر خودی ململانێکە و لایەنە جیاجیاکانی بکەم، بۆیە لەم وتارەدا زۆر بەکورتیی، جەخت دەکەمە سەر پرسیاری سەرەکی: ئایا ئێمە ئامادەین، دەبوو چی بکەین، ئێستا چیمان پێدەکرێت؟ جیهان پێشتر چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئێمە و دەستکەوتەکانماندا کردوە، ئێستا چۆنی دەکات؟ جارێ لە پێشدا دەبێ ئەو بنەمایە دوپات بکەینەوە کە ساڵانێکە بەڕوونی دیارە و ئێمە دەمێکە جەختمان لێکردۆتەوە. ئەم قەیرانەی سوریا و ناوچەکە لە قۆناغی گواستنەوەی نێوان دوو سیستەمی جیهاندا دەگوزرێن، سیستەمێک ڕووخاوە، سیستەمە تازەکەش نەچەسپاوە. هەموو ئەم جەنگ و ململانێ جۆراوجۆرانەی ناوچەکە و جیهان، بەمەبەستی نەخشەکێشانی ئەو سیستەمەیە کە بڕیارە دابمەزرێت. ئێمە زۆر دەمێکە جەختمان لەوە کردۆتەوە، کە سوریا خاڵی سەرەکی یەکلاکردنەوەی ئەو ململانێیانەیە.
زۆر بەکورتیی و سەبارەت بە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، دۆخەکە هەڵگری مەترسیی گەورە و دەرفەتی گەورەشە. لەلایەکەوە تورکیا وەکو سەرکەوتویەکی ئەم پێشهاتانە چاوی لە کۆتایی پێهێنانی قەوارەکەمانە لەوێ، بەڵام لەبەرامبەریشدا و تا ئەم ساتەش ئیسرائیل کە براوەی جەنگەکانی ئەم دواییەی لوبنان و غەزەیە و تەنانەت لە ئێرانیشی بردۆتەوە، لەم مەسەلەیەدا بەرژەوەندییەکانی پێچەوانەی تورکن. جگە لەوەش ئەمریکا تا هەنووکە، جگە لە کورد و ناوچەکانی قەوارەکەی ئێمە هیچ ناوچەیەکی هەژموونی نیە. ئەگەر لە داهاتوودا ناوچەکانی ئەبو موحەمەدی جۆلانییش مسۆگەر نەکات. هەربۆیە لانیکەم تا ئەو کاتە ناتوانێت دەستبەرداری قەوارەکەمان ببێت، بیریشمان نەچێت کە کارتی داعشیش کارتێکی ئامادەیە و هەر کاتێک پێویست بێت بەئاسانیی کارا دەکرێتەوە.
خاڵێکی دیکەش کە ناکرێ نادیدەی بگرین ئەوەیە کە کەس ناتوانێت ئەوە بۆ تورکەکان مسۆگەر بکات، کە جۆلانیی و هێزەکەی بەشێک دەبن لە ئەجیندا و هەژموونی تورک. دیار نیە لە چ چرکەیەکدا مومکینە لێی یاخی ببن، ئەگەر تورک فشارەکانیان بگەیەننە جێیەک قابیلی قبووڵی جۆلانیی نەبێت. ئەگەرچی دەبێ ئەوەشمان لەبیر بێت کە جۆلانیی ئێستا مەیلی یاخیبوونی لەجاران کەمترە، هەر بۆیە دەمێکە کار لەسەر پیشاندانی وێنەی (پیاوی دەوڵەت) و سیاسییەکی مەدەنی دابڕاو لە توندڕەویی ئاینیی و بەتایبەتیش ڕێکخراوی قاعیدە دەکات. لەم خاڵەشدا نابێت بەیانەکەی دوێنێی ڕێکخراوی قاعیدەش نادیدە بگرین کە پشتگیرییان بۆ سەرکەوتنەکانی جۆلانیی و هەیئەتەکەی دەربڕی. کە پێموایە ئەوە بە هاندانی ئێرانییەکان و بەمەبەستی دوبارە ترساندنەوەی جیهان لە جۆلانیی کراوە. ئێرانییش وەک دیارە زەرەرمەندی سەرەکیی سەرلەبەری کێشە و جەنگ و ململانێکانی ناوچەکەیە.
باشە لە سایەی ئەگەری یاخیبوونی جۆلانیی لە تورکەکان، کە لێدوانەکەی دوێنێی ئەردۆغان تەنها لە ڕواڵەتدا هی کەسێکی سەرکەوتوی دڵنیا بوو، بەڵام جەختکردنەوەی زیاد لە پێویستی لە بانگهێشتنی بەشار ئەسەد و لەڕێی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بۆ دەستپێکردنی ئاشتی و دیالۆگ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆندا، لەڕاستیدا ترسی ئەردۆغان لە زۆر بەهێزبوونی جۆلانیی و هەیئەی تەحریری شامی لەخۆیدا حەشار داوە. باشە، لەم حاڵەتەدا مومکینە مەرجەعیەت، یان هاوپەیمانی سەرەکی جۆلانیی کێ بێت؟ ئەگەرچی وەڵامی ئەم پرسیارە بە ڕوونی دیار نیە، بەڵام پرسیارێکی یەکجار گرنگ و یەکلاکەرەوەیە. هەڵبەتە جۆلانیی هەوڵی زۆری داوە لە ئەمریکا نزیک ببێتەوە، بەمەش هەوڵ دەدات نەک هەر دوژمنایەتیی، بەڵکو دۆستایەتی ئەمریکاش وەدەست بێنێت.
یاریکەرێکی دیکەی بەهێز و کاریگەری هەیە کە دەتوانێت ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبێت، بەڵام زۆر باس ناکرێت. وڵاتانی میحوەری میانڕەوی عەرەب، کە وڵاتانی کەنداو و ئوردن و تا ڕادەکەیش میسر دەگرێتەوە. دەتوانن ڕۆڵی یەکلاکەرەوە بگێڕن. لەمەش زیاتر دەکرێت ئەمان بەدیلی تورکیا بن بۆ جۆلانیی و هێزەکانی. ئەمە لەحاڵێکدا کە ئەگەر ئێستا ژێربەژێر ئەوەیان نەکردبێت! ڕاستە زانیاریی یەکلاکەرەوەمان بەردەست نیە کە ئەمە بسەلمێنێت، بەڵام هەندێک ئاماژە هەن، لەوانە: سەردانی بەپەلەی سەرەتای هێرشەکانی موحەمەد بن سەلمان بۆ ئیمارات و دیداری سەرۆکی ئەو وڵاتە. ئینجا دواخستنی ئەو کۆبونەوەیەی وڵاتانی عەرەب سەبارەت بە پێشهاتەکانی سوریا کە بڕیار بوو یەکشەممەی داهاتوو بکرێت بۆ کاتێکی دیارینەکراو، کە ئەمەیان ئاماژەیە بۆ ئەوەی دیانەوێت زۆرترین دەرفەت بدەنە جۆلانیی و هێزەکانی بۆ هەرچی دەکرێت بیکەن و بەمەش هاوکێشەکە یەکلا بکەنەوە، هەر ئەمەش خۆی فشار دەبێت لەلایەکەوە بۆ بەشار ئەسەد و ئێران و ڕووسیا، لەلایەکی تریشەوە، بەجۆرێک جۆلانیی بەهێز دەکات، کە هیچ خۆی لە ئەردۆغان پێ کەمتر نەبێت.
وەک وتمان دۆخەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە بە وتار و تەنانەت چەندین وتار ڕوون باس بکرێت، بەڵام بەناچاریی دەبوو ئەگەر بەشێوەیەکی سەرەتاییش بێت تێگەیشتنێک پێشکەش بکەین، بەڵام لەبەرامبەردا ئەگەری ترسناکیش هەن، کەمترینەکەیان دەرکردنی کوردە لە حەلەب و لەویش خراپتر پلانی هێزەکانی جۆلانییە لە جووڵە بەرەو دێرەزوور. کە دەبێت زۆر بە وردیی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
لەسایەی ئەم هاوکێشە ناجێگیر و هەمیشە هەڵچوەدا، هیچ ڕێگەیەکی دیکەمان لەپێشدا نیە جگە لە بەهێزکردنی خۆمان و ئامادەبوون بۆ هەر مەترسیی و دەرفەتێک. ناچارم لێرەدا ئەوە وەبیر بێنمەوە کە ساڵانێکی زۆرە ئێمە و دڵسۆزان جەختمان لە یەکگرتنێکی کوردستانیی چوارپارچە دەکردەوە، کەچی عەقڵی سیاسی و ڕۆشنبیر و میدیای فەیسبوکچیی ڕێک کاری لەسەر پێچەوانەکەی دەکرد. ئەمە لە کاتێکدا جیهان جەختی لەسەر ڕێککەوتن و یەکڕیزییمان دەکرد. ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا بەبەردەوامیی خەریکی ئەمە بوون، کەچی هەرجارە و بەهۆیەکەوە شکستی پێدەهێنرا.
خۆشبەختانە ئێستاش و تەنانەت پێش هێرشەکانی جۆلانیی و هێزەکانیشی ئەو چوار وڵاتە سەرقاڵی دەستپێشخەرییەکی تازەی دیالۆگی کوردی – کوردی بوون. ئەوەی زۆر جێی داخە ئەوەیە میدیا و سیاسییە لۆکاڵەکانی ئێمە هەر نەشیانبیستوە. دەبێ زۆر بەڕوونی لەوە تێبگەین کە زلهێزەکانی دنیا کوردی چەپ و ڕاست، باشووریی و باکووریی، قەندیلیی و پارتی ناناسن. ئەوان کوردێکی یەکگرتویان دەوێت بتوانێت هێزێکی شێلگیری لێهاتوو بێت لە هاوکێشە و دابەشکردنی ناوچەکانی هەژمووندا ڕۆڵی پێویستی پێ بسپێرن، ڕۆڵێک کە ڕێک مافەکانی کورد مسۆگەر دەکات و بەرژەوەندیی و ئاسایشی نەتەوەییمان دابین دەکات. ئێستا نەک هەر پێویستە لە ڕۆژئاوا، بەڵکو دەبێ لە نێوان هێز و لایەنە کوردستانییەکانی کوردستانی مەزنیشدا دیالۆگێکی خێرای مەسئوولانە بەرپا بکرێت، ئەگینا دۆخەکەمان لەدەست دەچێت.
لەم هەموو گرژیی و تەمومژاوییەی دۆخەکە، ناکرێ ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی فراوانتر بەدوور بگرین بەتایبەتیش کە ئیسرائیل سوپاکەی خستۆتە ئامادەیی تەواوەوە، هەروەها ناکرێت مەترسییەکانی سەندنەوەی متمانە لە حکومەتی فەرنسا و قەیرانە ناوەختەکەی کۆریای باشوور و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر دیمەنە ئاڵۆسکاوەکەی سوریا و ناوچەکەدا نادیدە بگرین.