“دین و ئەخلاقی كۆمەڵگا”
هەموو شتێك ئەقڵ و ئەخلاق دەیكات هەتا مرۆڤ بتوانێت ئەو بوونە ڕەسەنەی خۆی بهێڵێتەوە و نەیخاتە بەردەم ناكەس و نامەرد. مرۆڤ ئەگەر خاوەنی ئەقڵ و هۆشیاریی و ئەخلاق بوو چ پیاو بێت یاخود ئافرەت، ئەوە دەتوانێت بە جوانی بوونی خۆی بپارێزێت. ئیدی كارەساتی وەها لە نەبوونی ئەو هۆشیاریی و ئەخلاقەیە.
گریمانەی ئەوە بكە ئەم پیاوە خاوەنی ئەو حەوت ژنەیە، بەڵام كوا توانای دەروونی؟ توانای ئەخلاقی هەیە كە بە یەك چاو سەیری هەموویان بكات و لەڕووی ئەخلاقەوە مامەڵەیان لـەگەڵدا بكات؟ نـە دەرەكی تـوانـای هـەیـە نـە دەروونی. بۆیە نەفس و ئارەزوو نەبوونی ئەقڵ و ئەخلاقە. ئەگەر ئەخلاق هەبێت ئەوە دەتوانێت بە یەك هاوسەر ژیانێكی ئارام تێپەڕێنێت. بەڵام ئەوە تا مەرگیش هێشتا بۆی كەمە. بۆیە لە هەر شوێنێك ئەخلاق و هۆشیاری نەبوو، ئەوە چاوەڕوانی خوێنڕشتنیش بكە نەك ئەم كارەی ئێستا. كۆمەڵگا هەر لە بنەڕەتەوە بە نەزانی هێناویەتی. شتێك كە بنەما و پایەی نەبوو هەتا قیامەت شتی تری لە سەر بونیاد بنرێت سەرەنجام دەڕووخێـت. هەموو پەیامی دین بریتییە لە ئەخلاق. دین ئەگەر ئەخلاقی لێ دەركەیت، ئەوە دەمێنێتەوە ڕواڵەتگەرایی. گەوهەری دین ئەخلاقە. بـۆیـە ئـەخلاق پێشترە لـە دیـن و سەربەخۆیشە. كەسێك كە ئەخلاقی نییە ئەوە دینیشی نییە. دین وەك ئەرك برتییە لە ڕووكرنە خودا و بەندایەتی. بەڵام وەك گەوهەر بریتییە لە ئەخلاق و پاراستنی هەموو بوون و بوونەوەر لە هەموو ڕوویەكەوە.
سیستەمی هەموو ئایینەكان بریتییە لە یەك خاڵی ئەخلاقی كە: ئەوەی بۆ خۆت پێت خۆشە بۆ ئەوانی دیكەیش پێت خۆش بێت. من پێم وایە ئەوەی كە خودا لە ئێمەی دەوێت وەك ئەرك و بەندایەتی، ئەوە فەلسەفەكەی شتێكی دیكەیە بەدەر لەوەی كە پاداشتێك هەیە. فەلسەفەكەی ئەوەیە كە: هەر ئەركێك جێبەجێ دەكەین، ئەوە دەبێت لە ئەخلاقدا ڕەنگ بداتەوە. بەندایەتیی و ئەركی دینی كاتێك مانایان هەیە كە: لـە ڕەفـتـار و ئـەخلاقدا ڕەنگ بـداتـەوە، ئەگەر نـا خـودایـەكی ڕەها بەندایەتی مرۆڤی بۆچییە. جا لەبەر ئەوەی وەك ئەركی دینی چەندە ڕوو بە خودا بیت دەبێت ئەوەندەیش ئەخلاقییەن ڕوو بە مرۆڤ بیت و بە هەموو شێوازێك و لە هەموو ڕوویەكەوە مافی بپارێزیت.
ئەخلاقی كۆمەڵگا شوێنكەوتەی عادەتە. بۆیە شتێك كە نەبووبێتە داب و نەریت و خوو، ئەوە لایەنی ئەخلاقییەكەی كامڵ دەبێت. ئەوەی كە دەڵێن: عادەت دوژمنی ئەخلاقە. بۆیە ئەوە عادەتە كە دەبێت پەیڕەوی لە ئەخلاق بكات. ئەخلاق هێڵێكی ڕاستە. بەڵام عادەت و هەتا ڕادەیەكی زۆر دینداری ڕواڵەتگەرایی دوژمنی ئەخلاقە. ئەخلاق ئەو شتەی كە بەگشتی مافی هەموو بوون و بوونەوەر دەپارێزێت. بەڵام عادەت وەها نییە. دەشبێت كەسانی دیندار و كۆمەڵگایش پەیڕەوی لە ئەخلاق بكەن. ئەخلاقی كۆمەڵگاش كاتێك لە ڕواڵەتگەرایی دادەماڵرێت كە: ڕووی كردبێتە بەدەستهێنانی زانست و مەعریفەت، بەم شێوەیە دڵ و دەروونی پاكیزە ڕادەگرێت و دەبێتە خاوەنی ئەخلاق و دیندارییەكی كامڵ.
“خوێندنەوەی پەرتووك؛ ئەخلاق و مەعريفەت”
ئەخلاق ئەو زاراوەی كە بۆ هەموو مرۆڤایەتی پڕ خەیر و بەرەكەت و بێ وێنەیە. مەعریفەت ئەو چەمكەی كە خوڵقێنەری: ئەخلاق و ئەوین و ئیمانە. مەعریفەت بە دوو شێواز بەدەست دەهێنرێت. یەك: خوێندنەوەی كتێب. دوو: بیركردنەوە و تێڕامانی دەروونی. لەم دوانەیش باڵاتر هەیە كە گفتوگۆی كراوەیـە و بـەم ڕێگایە خێراتر بەدەست دێت. مەبەستم ئەوە بوو بڵێم: خوێندنـەوەی كتێب و بـوون بـە ئەهلی كتێب چەنـد ئامانجێكی هەیە. هەر كەس بۆ ئامانجێك دەخوێنێتەوە. خوێندنەوەی پەرتووك دوو دیـوی هەیە كە بریتین لە: دیـوی مەعنەویی و دیویی ماددی. هەر ئەوەی كە دەخوێنیتەوە و دەتەوێ فێری مەعریفەی باش بیت، ئەوە بۆ خۆی دیوێكی مەعنەویت پێدەبەخشێت. بـەڵام دیـوی مادیی دەكرێت بـۆ خۆشگوزەرانی ژیانت بێت.هەتا ڕادەیەك دەبنە تەواوكەری یـەكتر. بـەڵام خوێندنـەوە ئـەگـەر دیـوی مـەعنـەویی و ئەخلاقیاتمان فێر نەكات، ئەوە سوودێكی ئەوتۆی نییە.
تەواوی زانست و مەعریفەی دونیات هەبێت، ئەگەر بە ئەخلاق و ئیمان و ئەوین مامەڵە نەكەیت، ئەوە هیچ سوودێكی نەبووە بۆت. هەر چی هەوڵ و تێكۆشانی ئێمەیە سەبارەت بە بەەستهێنانی زانست و مەعریەت، ئەوە بۆ ئەوەیە ببینە بوونەوەرێكی: ئەقڵانی، ئەخلاقی، ئیمانی. ئەگەر بەم شێوەیە نەبێت جگە لە سەرگەرمی شتێكی دیكە نییە. بۆیە هەموو ئەوانەی كە: ئەهلی خوێندنەوە و زانست و مەعریفەن، ئەگەر لە خاڵێكی ئەخلاقیدا یەك نەگرنەوە كات بەفیڕۆدان زیاتر شتێكی دیكە نییە. بنەما بەدەستهێنانی زانست و مەعریفەت نییە بەڵكوو بنەما ڕەنگدانەوەی كرداری ئەخلاقییە لە ژیانی ڕۆژانەدا. ڕاستە خویندنەوە كەسێكی ئەقڵانی یـان جیاوازییەكی سەرەكی دەخوڵقێنێت لەنێوان مرۆڤەكاندا، بەڵام ئەگەر خوێندنەوە مانا نەبەخشێت بە ژیان هیچ سوودێكی نییە. خوێندنەوە دەبێت لەسەر بنەمای ئامانجێكی ئەقلانیی و ئەخلاقی بونیاد بنرێت. ئامانج لە خوێندنەوە واتە ئەوەی كە خوێنەری جدیی و ڕاستەقینە دەیەوێت مەعریفە و زانستێكی چاك بەدەست بهێنێت ئـەوەیـە كە: دەبێت هەموو بـوون و بـوونـەوەرانی خۆشبوێت، ئەخلاقییانە مامەڵە بكات لەگەڵ گەردوون و ئەوەی كە لەناو گەردوونیشدا هەیە. ئەمەش ئەوەبوو كە لە سەرەوە وەك خاڵێكی ئەخلاقی بەیانم كرد. هەمووان دەبێت لە ئەخلاقدا یەكسان مامەڵە بكەن. بە خوێندنەوەی كتێب ئەگەر كەسێكی هۆشیار، ئیمانی، ئەویندارانە، ئەخلاقیمان لێ دەرنەچێت ئەوە سەرگەرمیی و بێهوودەییە. ئەمەیش وانەیەكی چاكە بۆ ڕەنگدانەوەی ئەخلاقی خوێنەران. بۆیە چەندە تێكۆشانی مەعریفی هەبێت، ئەوە دەبێت بە پێوەری هەوڵدانیش ڕەنگی ئەخلاقیش هەبێت.
“ڕەفتاری ئەخلاقی”
ئێمە کە زانیمان ئەخلاق چییە ئەوکاتەش دەتوانین ڕەفتار و هەڵسووکەوتیش پێناسە بکەین بە جۆرێک لە ئەخلاق، بەڵام ناکاتە خودی ئەخلاق خۆی. ئەخلاق باڵاترە لەوەی کە من و تۆ، تەنانەت ئایینەکانیش باسی دەکەن. ڕێکوپێک ئەخلاقیش وەک چەمکی خودا وایە، خودا باڵاترە لەوەی کە ئایین باسی دەکات، خودا لە زەینی مرۆڤدا ڕێگەی نابێتەوە، خودا عیشق و ئەوینە. ئەخلاق چیيە؟ ئەخلاق پێشترە لە ئایین. ئەخلاق بریتییە لە: ویژدان، دادپەروەری، ڕاستگۆیی، پاراستنی مافی مرۆڤ، بەڵێندان و وەفا کردن بەو بەڵێنە، چیت بۆ خۆت پێ پەسەندە بۆ ئەوانی دیكەیش پێت پەسند بێت. بەڵام ئایا ئەخلاق سەرچاوەکەی کامەیە؟ ئەخلاق سەرچاوەكەی ئەقڵە. خودا بە دەربڕینی حەلاج: هەمووی نازە نەک ڕاز. ڕاز درووستکراوی زەینی مرۆڤە، بەڵام ئەی ناز چۆن پێناسە دەکرێت؟ دەگەڕێتەوە سەر هەمان چەمکی ئەخلاق کە پێناسەی دژوارە و نابێت سنووردار بکرێت. مرۆڤ کە ڕاز درووست دەکات بە زەینی خۆی، بەو ڕازە لەخۆبایی دەبێت و لەخۆبایبوونیش بە ڕەزیلەتی نائەخلاقی هەژمار دەکرێت. بەڵام نازی خودا چۆنە، خودا نازەنینە و دەبێت نازی بکێشرێت. کاتێك نازی کێشرا نەک ئەوەی كە مرۆڤ بەرەو خودا دەڕوات بەڵکوو خودا بەرەو مرۆڤ دێت. ئەخلاقيش بەهەمان شێوەیە كە دەبێت بیهێنینە بوونی خۆمان بۆ ئەوەی بتوانین ژیانێكی ئەخلاقیمان هەبێت بەرامبەر بە بوونەوەران بەتایبەت مرۆڤ.