“زۆر خۆت دەرمەخە با نەتکەن بە چاوەوە، مەڕۆ ئەتکەن چاوەوە. مەیە ئەتکەن بە چاوەوە، چاوێکی پیس لێیداوم، فڵان کەس چاوی ئەڵێی لێزەرە”. ئەمانە ئەو ڕستانەن کە هەر لە منداڵییەوە بەرگوێمان کەوتوون. تەنانەت کەس هەیە نەیهێشتووە منداڵەکانی لە ماڵ بێنە دەرەوە لە ترسی ئەوەی نەبن بە چاوەوە. بەڕاست خەڵکی لای ئێمە بۆ ئەوەنە لە چاو دەترسن؟ خەڵک هەیە بە حساب زۆر ئیماندارە، بەڵام باوەڕ بکەن ئەوەندە ئیمانی بەچاو هەیە ئەوەندە ئیمانی بەخودا نیە، ئەوەندە لە چاو دەترسێت ئەوەندە لە خودا ناترسێت، لە کاتێکدا؛ لە دیندا دەڵێ هیچ شتێک بۆ مرۆڤ ڕوونادات بە ئیزنی خودا نەبێت، یان هەندێک ویردی پیرۆز هەیە کە ئەگەر بیانخوێنیت چاوی پیس کارت لێناکات، بەڵام وەک بڵێی زۆر باوەڕی بەو شتانە نەبێت. بەردەوام نیگەرانی ئەوەیە بیکەن بە چاوەوە. با واز لە لایەنە دینییەکەی بهێنین، کە چاوپیسی چیە، ئایا ڕاستە یان نا. من دەمەوێت لێرەدا باسی ئەو پاڵنەرانە بکەم کە وادەکەن مرۆڤێک باوەڕی بە چاوی پیس هەبێت، لە ڕاستیدا پێموایە زۆربەی پاڵنەرەکان دەروونی بن و مرۆڤ بە هەندێک میکانیزمی دەروونی، چاوپیسی بەکار دەهێنێت بۆ تەحلیلکردنی ڕووداوەکانی ژیانی ڕۆژانەی.
“مانا پێدان”
مرۆڤ وادروست بووە کە بە دوای مانادا بگەڕێت، ئەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن بەیەکیانەوە ببەستێت و هۆکارەکایان بزانێت و لەو ڕێگەیەوە مانایەک بە ژیانی بدات، چونکە نەزانینی هۆکاری شتەکان مێشک توشی شڵەژان دەکات، هەست دەکات نەزم و ڕێساو یاسایەک نیە لەم جیهانەدا و توشی هەستکردن بە پووچی و بێ مانایی دەبێت تەسەورکە ئەگەر کەسێک لەناکاو شتێکی بەربکەوێت و نەزانێت هۆکارەکەی چیە، زۆر بە ئازارەو تووشی هەزار و یەک گومان و داڵغەی دەکات. هەر بۆیە مرۆڤ لە کۆنەوە زۆر لەتاریکی ترساوە چونکە سەرچاوەی هەڕەشەو بەڵاکان دیار نین، جا تەسەورکە کەسێک لە ناکاو بەڵایەکی قورسی جەستەیی یان دارایی یان گیانی بەسەردا دێت، توشی شڵەژان دەبێت؟ دەڵێ هۆکاری ئەمە چی بوو؟ بۆچی ڕوویدا؟ لە کوێوە هات؟ بۆ ئەوەی ڕابکات لە هەستکردن بە بێمانایی، هۆکارەکە لە شتێکدا بەرجەستە بکات، دەڵێ فڵانە کەس چاوی لێدام و چاوی پیسە، ئیدی مێشک ئیسراحەت دەکات و لەو شڵەژانە ڕزگاری دەبێت.
لێرەدا گەڕاندنەوەی ڕووداوەکە بۆ چاوپیسی وەکو ڕێگایەک بۆ تەحلیلکردنی ئازارەکە بەکار دەهێنت نەک وەک واقیعیەتێکی دەرەکی. چونکە مرۆڤ بەرگەی شتێک ناگرێت کە نەتوانێت تەحلیلی بکات.
“خۆ لێ لادان و ڕاکردن لە بەرپرسیارییەتی”
کولتوور و شێوازی پەروەردەیی ئێمە، ڕاکردنە لە بەرپرسیاریەتیی، تا ئەو ڕادەیەی کە منداڵێک سەری دەکێشێ بە دیوارێکدا دەڕۆین دەکێشین بە دیوارەکدا و دەڵێین خەتای دیوارە پیسەکە بوو. ئەمە گەورە بووە لە ناو تاکی ئەم کۆمەڵگەدا، ئینسانی ئێمە زۆر سەختە بەلایەوە بڵێ “کاکە من هەڵەم کرد، هەڵە ڕۆیشتم، خەتای من بوو” بەدڵنیاییەوە ئەمەیش بەهۆی کەمی متمانە بەخۆبوونەوەیە، کەسێک خۆی خۆشبوێت و متمانەی بەخۆی هەبێت زۆر ئاسانە بەلایەوە بڵێ “نەمتوانی، هەڵەم، کرد، نازانم” جا کاتێک تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە تووشی کارەساتێک یان شکستێک دەبێت، بۆ نموونە، خوێندکارێک لە پۆلی دوانزە شکست دەهێنێت، بەهۆی بوونی پەروەردەی هەڵەی منداڵی و دڵەڕاوکێی زۆر و چاوەڕوانی زۆری دایک و باوک و یەکسانکردنی خوێندن بە هەموو ژیانی ئەو خوێندکارە داماوە، دایک و باوک ناڵێن خەتای ئێمە بوو، ئێمە زۆر فشارمان خستە سەری و چاوەڕوانی زۆر و هەڵەمان لێی هەبوو، ناڵێن سیستمی پەروەردە سەقەت بوو خوێندکارە داماوەکە ناڵێ بەهۆی فشاری ئەو دایکوباوک و کۆمەڵگە بێ ویژدانەوە تووشی دڵەڕاوکێ بووم، هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی کوڕەکە یان کچەکە چاوی پیس لێی دا. بەمەیش دایک و باوک و خێزان و خزم و پەروەردە و کۆمەڵگەو کولتوور ڕادەکەن لەوەی دان بەهەڵەی خۆیاندا بنێن و لە بەرپرسیاریەتی ڕادەکەن و دەڵێن خەتای چاوی پیس بوو.
“هەژاری”
هەژاری دوانەیە لەگەڵ نیگەرانیدا، مرۆڤی هەژار هەمیشە ترسی لە دەستدانی شتەکانی هەیە، چونکە زۆر بە زەحمەت ئەو شتانەی بەدەست هێناوە، بەتایبەت ئەگەر لە منداڵیدا ئەزموونی هەژاری کردبێت یان ئەگەر شتێکی هەبێت کە دەوروبەرەکەی نایانبێت، ئیدی هەمیشە نیگەرانە، هەست بەگوناح ئەکات کە بۆچی دەوروبەرەکەی نیانە، خۆی بە شایەنی ئەو شتانە نازانێت کە وایان کردووە کەمێک لە دەوروبەرەکەی جیاواز بێت، ئیدی کاتێک بەهۆی ڕووداوێکی سروشتی ژیانەوە یان هەڵەیەکی خۆیەوە، یان ڕووداوێک کە لە دەسەڵاتی کەسدا نیە شتەکە لەدەست دەدات، ئەو هەستانەی لە خۆ بەشایەن نەزانین و هەستکردن بە جیاوازی و هەستی گوناح، دەگۆڕێن بۆ توڕەیی بەرانبەر دەوروبەرەکەی و دەڵێ خەڵکی چاوی پیسیان لێدام. هەربۆیە لە شوێنە هەژارنشینەکاندا باوەڕبوونی بەچاوی پیس زۆر زیاترە لەو شوێنانەی کە لەژیانێکی خۆشگوزەراندا دەژین.
“نەزانین”
ئاشکرایە باوباپیرانمان لە ئێمە زیاتر باوەڕیان بە چاوی پیس هەبووە، چونکە زانیارییان نەبووە، هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان و لێکدانەوەی زانستیان نەزانیوە، ناچاربوون پەنابەرنە بەر لێکدانەوەی دیکە. بۆ نموونە کەسێک تێڕ نانی خواردووە و چووەتە سەردارگوێزێک، یەکێک لەخوارەوە گوتیەتی ئەوە چیەکەی لەو بەرزاییا!؟ یان گوێزی باشی گرتووە، دوای سەعاتێک کەسەکە سکە ئێشە لێیداوە، دەوروبەرەکەی گوتویانە تەواو تیر لێیدا تیر، چاوی پیس کوشتی، ئەوان هیچیان لە بارەی ڕیخۆڵاکوێرەوە نەزانیوە، ئەمڕۆ ڕیخۆڵاکوێرە بە نەشتەرگەری بە دوو سەعات چارەسەر دەبێ و کەسەکە لە مردن ڕزگاری دەبێت یان ژنێک منداڵی بووە و توشی خەمۆکی دوای مناڵبوون بووە، بێتاقەت بووە و ڕقی لە منداڵەکەی بووە، گوتویانە ئەوە کوڕی بووە و کردویانە بە چاوەوە، ئەمڕۆ دەزانین خەمۆکی دوای منداڵبوون بەهۆی تێکچوونی هۆڕمۆنەوە ڕوودەدات و بە ئاسانی بەچەند مانگێک چارەسەر دەبێت، زۆر شتی دیکەی لەو بابەتە، ئەوان هیچیان دەربارەی نەخۆشی مەلاریان نەزانیوە، کاتێک کەسەکە تای بەرز بووتەوە و هەندێ قسەی هەڵبزرکاندووە گوتویانە ئەوە جنۆکە چووتە جەستەی یان نەخۆشی فێیان بەهۆکاری جنۆکە لێک داوەتەوە، بۆ چاوپیسیش هەمانە شتە، نەبوونی زانست دەربارەی نەخۆشییەکان وادەکات کەسەکان شرۆڤەیەکی نازانستی بۆ ڕووداوەکە بکەن.
“شێوازی کارکردنی مێشک”
سرووشتی مێشکی مرۆڤ وایە کە ئابوورییانە کار بکات، بەو مانایەی لە پێناو مانەوەیدا، هەوڵبدات، بە کەمترین کات و کەمترین ووزە، بڕیار لەسەر شتەکان بدات و مرۆڤ ئاراستە بکات، ئیدی هەقی ئەوەی نیە ئایا ئەو بڕیارەی دەیدات چەند ئەقڵانییە، چەند ئەخلاقییە و چەند واقیعی و زانستییە. ئەو دەیەوێت ووزەی کەم سەرف بکات و بمێنێتەوە لە ژیاندا. جا کاتێک ڕووداوێک ڕوودەدات، بۆ نموونە کەسێک پارەیەکی زۆر زەرەر دەکات، مێشک ناچێ بڵێ فڵانەکەس، ئەو سەد هۆکارە بوونەهۆی ئەوەی تۆ لە بازرگانیەکەتدا زەرەر بکەیت، لە ژێر کاریگەری “کولتوور و ئایین و کۆمەڵگەدا” دا ئاسانترین وەڵام هەڵدەبژێرێت، ئەویش ئەوەیە: چاوی پیس لێیدایت، بەمەیش وەڵامێکی ئاسانی بۆ کۆمەڵێک پرسیاری قورس و گەورە دەدات بەدەستەوە.
“هەڵەی لێکدانەوە و ناسین”
سرووشتی مرۆڤ هەر لە منداڵییەوە وایە کە ئەگەر دوو ڕووداو بە دوای یەکدا ڕوویاندا، یەکەمیان بە هۆکاری دووەمیان بزانێت لە کاتێدا ڕەنگە هیچ پەیوەندییەکی واقیعی لە نێوانیاندا نەبێت، بۆنموونە ئەگەر زەنگی جەڕەسێک لێبردێت و لەو کاتەدا کارەبا ببڕێت، منداڵێک کە هێشتا زانیاری و ئەزموونی ژیانی نیە، جەڕەسەکە بەهۆکاری کارەبا بڕانەکە دەزانێت. ئەم بابەتە بۆ چاوپیسیش ڕاستە، زۆر کەس دەڵێن فڵانەکەس چاوی پیسە، چونکە کاتێک ئەو سەیری وێنەی منداڵەکەمانی کرد نەخۆش کەوت، ئێمە دەزانین نەخۆش کەوتن پەیوەندی بە ڤایرۆس و بەکتریاوە هەیە، بە هیچ پێوەرێکی زانستی و ئەقڵی ناتوانین بیسەلمێنین کە سەیرکردنی وێنەی کەسێک دەبێتە هۆی نەخۆش کەوتنی کەسەکە تەنیا ئەم دوو ڕوووداوە بەدوای یەکدا ڕوویانداوە، کاتێک دەتوانین بڵێن ئەمە ڕاستە، کەتوانای چەند بارە کردنەوەی هەبێت، واتە چەندین جار ئەو کەسە سەیری ئەو منداڵە بکات و ئەویش نەخۆش بکەوێتەوە، ئەگینا تەنیا ئەو دوو ڕووداوە ڕێکەوتی یەکیان کردووە. جگە لەمە ئایا پێشتر پشکنین بۆ ئەو مناڵە کراوە کە پێشتر ڤایرۆسەکە لە جەستەیدا نەبووە؟ دواتر باشە ئەگەر بەڕاستی باوەڕیان بەوە هەیە کە منداڵەکەیان بە کاریگەری چاو نەخۆش کەوتووە بۆچی نایبەن بۆ لای شێخێک کە کاریگەری چاوەکە نەهێڵێت، بۆچی دەیبەن بۆ لای دکتۆرێک کە ئەنتی بایۆتیک و شروبی تای دەداتێ؟.
“واقیع نەبینی و تێنەگەیشتن لە ڕەوتی ژیان”
مرۆڤ کە سێ بنەمای بەکار نەهێنا لە ژیانیدا کە بریتین لە “عەقڵ، زانست، واقیعیەت”، پەنا دەباتە بەر خەیاڵ و گومان و وەهم بۆ شرۆڤە کردنی شتەکان، لە ژیاندا ڕووداو هەر ڕوودەدەن، ئەمە سروشتی ژیانە، چ خۆش چ ناخۆش. ئەو ڕووداوانە ژیان لە قۆناغێکەوە دەبەن بۆ قۆناغێکی دیکە و وادەکەن ڕەوتی ژیان بەردەوام بێت. ئەو ڕووداوەی بۆ کەسێک زۆر جەرگبڕە دەکرێ بۆ یەکێکی دیکە سود و قازانج بێت. بۆ نموونە کاتێک کەسێک دەمرێت و ناخی کۆمەڵێ کەس بریندار دەبێت، ئەوە سود و قازانجە بۆ کەسێکی پرسەنووس یان گۆڕهەڵکەن، ئەگەر کەس نەمرێت ئەوان بێکار دەبن. ئەگەر هیچ منداڵێک نەخۆش نەکەوێت دکتۆری منداڵان مانایەکی نامێنێت، ئەگەر ئۆتۆمبێل خراپ نەبێت، فیتەر دەبێ بڕوات ئیشێکی دیکە بدۆزێتەوە، جا ئەگەر کەسێک بەم چاوەوە سەیری ڕووداوە ناخۆشەکان بکات و خۆی نەکات بە سەنتەری کەون و بڵێ هەموو دنیا لە دژی من کار دەکەن، ئەوا بیر لەوە ناکاتەوە کە خەڵک چاویان لێکردووە و ڕقیان لەئەمە، بەڵکو ڕووداوە ناخۆشەکان وەکو بەشێک لە سروشتی ژیان قبوڵ دەکات.
“پەیوەندی کۆمەڵایەتی ناتەندروست”
هەموومان دەزانین کۆمەڵگەی ئێمە بنچینەیەکی خێڵەکی هەیە، تاک لەناو کۆمەڵدا تواوەتەوە و بۆئەوەی مانەوەو پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی بپارێزێت، ناچارە بزانێت دەوروبەر و خێڵەکەی چۆن بیری لێدەکەنەوە، زۆرچار تەداخولی بێمانا و نائەخلاقیش دەکرێت، هەندێک جار کەسەکە ئەوەندە نیگەرانی ئەوەیە خەڵک چۆن دەیبینن، چۆن بیری لێدەکەنەوە، تێڕوانینیان چۆنە دەربارەی، نەکا شتێک بکات کە لەبەرچاوی خەڵک بکەوێت و خراپ سەیری بکەن، ئەمە سەردەکێشێت بۆ ئەوەی کە پێی وابێت تەنانەتە ئەکرێ بینین و سەیری کردنی خەڵکی بۆ خۆی و منداڵ و ماڵەکەی، بەجۆرێک کاریگەری بخاتە سەر ژیانی و توشی بەڵا و ناخۆشی بکات و چاوی پیسی خەڵک لێی بدات. لە کاتێکدا لەو کەلتوورانەی کە قۆناغی خێڵەکیان تێپەڕاندووە و تاک خۆی شێوازی ژیانی خۆی دیاری دەکات و گرنگی بەتێڕوانینی خەڵکی نادات و نیگەرانی ئەوە نیە خەڵکی چۆن سەیری دەکەن، باوەڕیان بەم شتانە یان نیە یان زۆر کەمە