ئه‌گه‌رچی له ئه‌ده‌بیاتی زانسته مرۆییه‌کاندا به‌رده‌وام باسی بیره‌وه‌ری یان یادگه و قه‌یرانه‌کانی کراوه، به‌ڵام سنوور و ڕووبه‌ره‌کانی ئه‌م چه‌مکه و په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ باڵه په‌یوه‌ندیداره‌کانی دیکه له‌گه‌ڵ زانسته مرۆییه‌کان له‌وانه مێژوو، سیاسه‌ت و ده‌روونناسی له ناو زمانی فارسی‌دا ڕوون نه‌کراوه‌ته‌وه؛ ئه‌مه بابه‌ته له حاڵێکدا تا ئێسته‌ش به‌رده‌وام بووه که به چاوخشاندنێکی خێرا به‌سه‌ر ناوی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که په‌یوه‌ندیدارن له‌گه‌ڵ توێژینه‌وه زانستییه‌کانی ڕۆژئاوا و بڵاو کراونه‌ته‌وه، تێده‌گه‌ین که به‌رهه‌مانێکی زۆر له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌م چه‌مکه هاوبه‌شه‌ی نێوان-زانستییه(بینا رشته‌ای) بڵاو کراونه‌ته‌وه؛ تا شوێنێک که تێده‌گه‌ین که ئه‌م چه‌مکه نێوان-زانستییه ڕووبه‌رێکی فراوان له باڵه‌کانی زانست هه‌ر له پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانه‌وه بگره تاکوو خوێندنه‌وه په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌گه‌ڵ ناسیۆنالیسم و توێژینه‌وه کو‌لتوورییه‌کان، له خۆگرتووه.
ئه‌گه‌رچی ده‌سته‌واژه‌ی بیره‌وه‌ریی-یادگه له فۆرمه تاکه‌که‌سی یان ده‌سته‌جه‌معی و هاوبه‌شه‌که‌یدا یه‌که‌م جار له لایه‌ن “هۆگۆ ڤان هووف مانشتال” ه‌وه و له ساڵی 1902 به‌کار هێنرا، به‌ڵام “موریس هالبواکس” (1877-1945) کۆمه‌ڵناسی فه‌ره‌نسی وه‌کوو دامه‌زرێنه‌ری توێژینه‌وه‌کانی په‌یوه‌ندیدار له‌گه‌ڵ بیره‌وه‌ری ناسراوه. ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه بۆ یه‌که‌مین جار له لایه‌ن “هالبواکس” نه‌ک وه‌کوو ده‌سته‌واژه‌یه‌کی مه‌ند و نه‌گۆڕ، به‌ڵکوو وه‌کوو ده‌سته‌واژه‌یه‌کی کۆمه‌ڵناسانه‌ی و بنه‌وایه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی پێناسه کرا؛ ئه‌و یه‌که‌مین که‌س بوو که له‌سه‌ر ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه پێداگریی کرد که تێگه‌یشتن و ناسینی ئێمه له ڕابردووه له ژێر کاریگه‌ریی وێنا زه‌ینییه‌کانی ئێمه به ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌رکردنی کێشه ئێستاییه‌کانمانه؛ تا ئه‌و شوێنه‌ی که بیره‌وه‌رییه هاوبه‌شه‌کان، دووباره دامه‌زراندنه‌وه‌ی ڕابردووه له ژێر تیشکی “هه‌نووکه‌ییبوون” دا. به‌ڕای ئه‌و ئه‌وه له ناو کۆمه‌ڵگا دایه که خه‌ڵک بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆیان دێننه‌وه یاد، ده‌یناسنه‌وه و لێیان قووڵ ده‌بنه‌وه. ئاوه‌ها نیگایه‌ک بۆ ده‌سته‌واژه‌ی بیره‌وه‌ری ڕیگه بۆ ئه‌م گریمانه‌یه له لایه‌ن هالبواکسه‌وه به کراوه‌یی هێشته‌وه تاکوو دان به‌مه‌دا بنێت که: “ئه‌مه بیره‌وه‌رییه هاوبه‌شه‌کانی ئێمه‌ن که پرسیاره‌کانی ئێمه له‌مه‌ڕ شوناسه‌وه دووباره داده‌هێننه‌وه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پرسیاره په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌گه‌ڵ کێبوون، چیبون و گرێدراوێتییه‌کانی ئێمه‌ن”.
“ڕه‌هه‌نده‌کانی یادگه‌ی ده‌سته‌جه‌معی”
یه‌که‌مین ڕه‌هه‌ندی یادگه‌ی ده‌سته‌جه‌معی خاوه‌نی په‌یوه‌ندییه‌کی تۆکمه‌یه له‌گه‌ڵ یادگه‌ی “بایۆلۆژیک”؛ به ده‌ربڕینێکی دیکه هیچ بیره‌وه‌رییه‌ک له بۆشاییه‌وه نه‌هاتووه و بیره‌وه‌رییه‌کان به‌شێوه‌ی گشتی به شکڵێکی هاوبه‌ش له ناخی کۆمه‌ڵگا و له به‌ستێنێک له په‌یوه‌ندی و دانوستانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و له ژێر کاریگه‌ریی ده‌ره‌کی، بنه‌ماڵه، هاوڕێیان و میدیاکاندا له‌دایک ده‌بن. له ڕه‌هه‌ندی دووهه‌میدا بیره‌وه‌ریی هه‌ڵده‌پێکرێت به نۆرمی ڕه‌مزی یان سیمبولی، میدیا، دامه‌زراوه و ڕێکخراوه و تاقیکردنه‌وانه‌ی که له لایه‌ن گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه، ڕابردوویه‌کی هاوبه‌ش ده‌ئافرێنێت. ئه‌م بابه‌ته‌ش ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ئه‌م ڕاستییه‌ی که به‌بیرهێنانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کان، به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ ناکرێت به‌ڵکوو؛ ته‌نها به پشتبه‌ستن به بیرهێنانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریی که‌سانی دیکه ده‌کرێت یان ئه‌م بیره‌وه‌رییانه له ژێر تیشکی دانوستانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان یان کرده‌وه و ئه‌زموونه گشتییه‌کان ئه‌گه‌ری ده‌رکه‌وتن په‌یدا ده‌کات. ڕه‌نگه ئاوه‌ها سه‌رنجانێک بووبن که “هالبواکس”ی گه‌یاندبێته ئه‌م پێناسه بنه‌وا و پێکهاته‌مه‌ندانه‌یه له ده‌سته‌واژه‌ی یادگه-بیره‌وه‌ری که “بیره‌وه‌ریی ده‌سته‌جه‌معی وه‌کوو کرده‌وه و ئه‌زموونێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه که کۆمه‌ڵگا ده‌یگوازێته‌وه” و ئه‌مه‌ش خۆی پیشانده‌ری ئه‌م ڕاستییه‌یه که ئه‌زموون و تێگه‌یشتنی ئێمه له کۆمه‌ڵگا به‌رهه‌می په‌یوه‌ندییه هاوبه‌شه‌کانی نێوان ڕه‌فتار و کرده‌وه ده‌سته‌جه‌معییه‌کانه.
“پان به‌یکر” بیره‌وه‌ریی هاوبه‌ش یان ده‌سته‌جه‌معی وه‌کوو قسه‌کردن و تێڕامانی به‌رده‌وام له‌سه‌ر ڕووداێک له لایه‌ن کۆمه‌ڵگایه‌ک یان که‌لتوورێکی تایبه‌ته‌وه پێناسه کردووه و باوه‌ڕی وایه که بیره‌وه‌ریی ده‌سته‌جه‌معی، ده‌رهاوێشته‌ی پرۆسه کاریگه‌ره‌کانی ئه‌و جۆره له دانوستانن که به درێژایی زه‌مه‌ن له فۆرمی حیکایه‌ت یان گێڕانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، چیرۆکێکی په‌سه‌ندکراو و ئاوه‌زمه‌ندانه له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ڕووداوێکی تایبه‌ت له خۆی پیشان ده‌دا یان نومایشی ده‌کات. له‌م نێوانه‌دا بیره‌وه‌رییه هاوبه‌شه‌کان، باوه‌ڕ و بیره‌وه‌رییه تاکه‌که‌سی و په‌رته‌وازه‌کانی که‌سه‌کان پێکه‌وه هه‌ڵده‌پێکێت و موته‌ربه‌یان ده‌کات. هه‌ر بۆیه به ڕای “هالبواکس” بیره‌وه‌ریی ده‌سته‌جه‌معی له ئه‌نجامی هه‌وڵه هزرییه‌کانی دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگا وه‌کوو بابه‌تێکی واقیعی به‌رده‌وام ده‌بێت و له ژێر کاریگه‌ریی که‌سه‌کان له چوارچێوه‌ی گرووپه‌کاندا به‌رهه‌م هاتووه. له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م به‌ڵگاندنه، گرووپه‌کانی کۆمه‌ڵگا وێنا و تێگه‌یشتنه‌کانی خۆیان به‌نیسبه‌ت دنیاوه له چوارچێوه‌ی قبووڵکردن، شرۆڤه‌کردن و ڕژدبوونه‌وه له ڕابردوو بیچمبه‌ندی ده‌که‌ن و ئه‌و ڕاڤه و ته‌فسیرانه‌ی که له نێو بیره‌وه‌رییه‌کانی که‌سه‌کاندا جێده‌گرن له دواجاردا به‌هۆی حیکایه‌ت، گێڕانه‌وه، دامه‌زراوه، کتێبه‌کان و…به‌رهه‌م دێن؛ بابه‌تێک که له دواجاردا ده‌توانێت خۆی له چوارچێوه‌ی گوتارێکی دیاریکراو و له فۆرمی گێڕانه‌وه‌یه‌کی مێژوویی-هه‌ژموونیک یان له‌حاڵی به‌هه‌ژموونبووندا-بنوێنێته‌وه.
ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه پیشانده‌ری یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه گرینگه‌کانی بیره‌وه‌رییه؛ له ڕوانگه‌ی هالبواکس که‌سه‌کان و کۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام بیره‌وه‌رییه تاکه‌که‌سی و په‌رته‌وازه‌ییه‌کانی خۆیان ده‌خه‌نه ژێر کاریگه‌رییه‌کانی خۆیان، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، بیره‌وه‌ریی هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندییه‌کی دیالۆگمه‌ندانه‌یه و بیرهێنانه‌وه و له‌بیرکردن(فه‌رامۆشی)یش وه‌کوو ده‌قێک وێنا ده‌کرێن که له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌قه‌کانی دیکه‌دا نووسرابێتن؛ تا ئه‌و شوێنه‌ی که به شێوه‌یه‌ک به‌رده‌وام ئاماده‌بوون و ئاماده‌نه‌بوون(حضور و غیاب) تێیدا ڕوو ده‌دات. به‌ڵام له ڕوانگه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه، “پیته‌ر نۆڤیک” به لێکدانه‌وه‌ی کاریگه‌رییه‌کانی “هۆلۆکاست” له یادگه‌ی ده‌سته‌جه‌معی و هاوبه‌شی پاشماوه‌کانی ئه‌م کاره‌ساته باوه‌ڕی وایه که ده‌سته‌واژه‌ی یادگه‌ی ده‌سته‌جه‌معی(گشتی)ی هالبواکس ده‌سته‌واژه‌یه‌کی نامێژووییه‌وه و ڕووداوه‌کان تا ئاستی “ئه‌فسانه” داده‌به‌زێنێت؛ چونکه بیره‌وه‌ری ده‌سته‌واژه‌یه‌که که له “ڕابردوومه‌ندبوون”ی بابه‌ته‌کان مل با ده‌دات و له‌سه‌ر به‌رده‌وامی “هه‌نووکه‌یبوون” پێداگریی ده‌کات. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌یه که نۆڤیک باوه‌ڕی وایه که که‌ڵکه‌ڵه هه‌نووکه‌ییه‌کانن که دیارییده‌که‌ن چ شتێک ده‌بێت فه‌رامۆش(له‌بیرکران) بکرێت و چ شتێک ده‌بێت به یاد بهێنرێته‌وه(به‌بیرهێنان).
“دیالیکتیکی یادگه و فه‌رامۆشی”
ئاوه‌ها ڕونکردنه‌وه‌گه‌لێک له لایه‌ن “هالبواکس” و “نۆڤیک” ده‌سته‌واژه‌ی یادگه له‌گه‌ڵ مانا، تۆڕی په‌یوه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تیی و ده‌سه‌ڵات هه‌ڵده‌پێکێت. تا شوێنێک که خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات به خاوه‌نی مانا ده‌زانرێ و خاوه‌ندارانی یادگه-بیره‌وه‌ریش ده‌بن به خاوه‌ندارانی مانا. ئه‌م بابه‌ته‌ش ده‌سبه‌جی په‌یوه‌ندیی دیالیکتیکیانه‌ی نێوان بیره‌وه‌ریی و فه‌رامۆشی به زه‌یماندا دێنێت که تییدا یادگه له‌ڕێگه‌ی دیالیکتیکی بیرهێنانه‌وه و له‌بیرکردن(فه‌رامۆشی) داده‌مه‌زرێته‌وه و له ڕێگه‌ی چوارچێوه ته‌فسیری و ڕاڤه‌کارانه و ماناناسانه‌کانه‌وه دروست ده‌بێت و ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ریی به‌لاڕێداچوون. ئه‌و که‌سانه‌ی که ڕابردوو کۆنترۆڵ ده‌که‌ن، هه‌نووکه ده‌خه‌نه ژێر ڕکێف و کۆنترۆڵی خۆیانه‌وه و که‌سانێکیس که هه‌نووکه کۆنترۆڵ ده‌که‌ن ئه‌وا داهاتووش کۆنترۆڵ ده‌که‌ن. ململانێ بۆ ڕابردوو، شه‌ڕێکه له‌سه‌ر مسۆگه‌رکردنی داهاتوو. “فۆکۆ”ش باوه‌ڕی وایه به‌هۆی ئه‌وه‌ی که بیره‌وه‌ری ڕۆڵێکی گرینگ له داهێنانه‌وه‌ی کێشمه‌کێش و ناکۆکییه‌کاندا هه‌یه، ئه‌گه‌ر که‌سێک توانایی کۆنترۆڵی یادگه و بیره‌وه‌رییه‌کانی کۆمه‌ڵگای هه‌بێت، توانایی کۆنترۆڵی ڕه‌فتار و جووڵه‌کانیشیانی ده‌بێت و ئه‌گه‌ر که‌سێکیش مه‌به‌ستی بێت که ئه‌زموونه‌کانیان کۆنترۆڵ بکات به‌دڵنیاییه‌وه تێگه‌یشتنیشیان له ناکۆکییه‌کان و کێشمه‌کێشه‌کانی ڕابردوو کۆنترۆڵ ده‌کات.
“مێژوو و بیره‌وه‌ری”
ڕه‌نگه درێژایی ته‌مه‌نی مێژوو به درێژایی بیره‌وه‌یی مرۆڤ بێت؛ به‌ڵام ئایا مێژوو و بیره‌وه‌ری یه‌ک شتن؟ ئه‌م دووه چ جۆر په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کدی هه‌یه و لایه‌نه جیاواز و هه‌ڵاوێردکه‌ره‌کانیان کامانه‌ن؟ به له‌به‌رچاوگرتنی ڕه‌هه‌نده جیاوازه مه‌عریفه‌ناسانه و میتۆدۆلۆژیکانه‌کان بۆ وردبوونه‌وه له مێژوو، ڕه‌نگه هیچ کات نه‌کرێت واز له‌م پێناسه‌یه‌ی ئه‌بوعه‌لی میسکویه‌ی ڕازی له مێژوو بهێنین که باوه‌ڕی وابوو “مێژوو بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک هاوتا و هاوسانه به بیره‌وه‌ریی بۆ تاکێک”. به‌ڵام ئه‌م ده‌ربڕینه‌ش ڕه‌نگه جگه له ئاماژه به جۆرێک له هاوته‌ریببوون و هاوشێوه‌یی توانایی ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتر له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌م دوو بابه‌ته‌ی نه‌بێت و له ژێر ئه‌و کاریگه‌رییانه‌ی که به سه‌رهه‌ڵدانی ڕینییه دیکارته‌وه له پانتای فه‌لسه‌فه هاته ئاراوه نه‌توانێت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی گۆڕانکارییه نوێکان و دووباره خوێندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌م دوو بابه‌ته بێت؛ چونکه لای یۆنانییه‌کان بابه‌تی ئاوه‌زمه‌ندانه و نائاوه‌زمه‌ندانه ده‌کرا هاوڕی و هاوشانی یه‌کدی بن، به‌ڵام له سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌مه‌وه “دیکارت” به ئاماژه‌دانی به هاتنه‌ئارای کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاریی له جیهاندا ده‌ستی دایه پۆلینبه‌ندییه‌کی نوێ له نێوان مادییه‌ت(مادیبوون) و مه‌عنه‌وییه‌ت(مه‌عنه‌ویبوون). ئه‌م ئایدیایه ده‌سپێکێکی نوێ له دووباره دامه‌زراندنه‌وه‌ی به‌ها ونۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و چاوپێداخشاندنه‌وه‌یه‌ک له دووانه‌گه‌رێتییه هیرارشییه‌کانی وه‌کوو ئه‌قڵانییه‌ت-نائه‌قڵانییه‌ت؛ نێر-مێ؛ ڕێکوپێکی-ناڕێکوپێکی(شێواوی)، ئه‌قڵ-شێتی بوو و له‌م نێوانه‌شدا بیره‌وه‌ریی-که ئاماژه‌یه‌که بۆ نه‌بوونی به‌ڵگه و ئارگیومێنت-ورده‌ورده که‌وته په‌راوێزی مێژووه‌وه. ئه‌م بابه‌ته‌ش ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌م واقیعه نوێیه‌وه که ده‌بێت ئه‌ندێشه له نیگای مێژوودا پشتئه ستوور به لۆژیک و ڕێکوپێکی بێت.
به‌ڵام به‌و گۆڕانکارییانه‌ی که له شانۆی مه‌عریفه‌ناسیی نوێ هاتنه ئاراوه دوو پرسی گشتی له‌دایک بوون: مێژوو و بیره‌وه‌ریی له‌ڕووی میتۆدۆلۆژییه‌وه لێک هه‌ڵاوێردران و به ئه‌گه‌ری زۆره‌وه ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر زۆرێک له مێژوونووسان و دووفاقێتیی ده‌رکه‌وتوو کاریگه‌ریی هه‌بووه. به له‌به‌رجاوگرتنی ئه‌م دووفاقێتییه(دوالیسم) کاتێک که مێژوونووسان له‌سه‌ر هه‌ندێک له ڕه‌هه‌نده تایبه‌ته‌کانی مێژوو و بیره‌وه‌ریی ورد ده‌بنه‌وه، به ئه‌گه‌ری زۆر ده‌گه‌ن به جۆرێک له هاوکۆکی یان لێک تێگه‌یشتن؛ به‌م مانایه که مێژوو و بیره‌وه‌ری وه‌کوو ڕه‌وتێکی به‌رده‌وام و زنجیره‌یی له شرۆڤه و ته‌فسیر و به‌بیرهێنانه‌وه لێک ده‌ئاڵێن. تێگه‌یستن له ئاوه‌ها پرۆسێسێک، دوالیسم یان دووفاقێتی نێوان مێژوو و بیره‌وه‌ریی ده‌سڕێته‌وه؛ به‌ڵام هاوکات جیاوازییه سه‌ره‌کییه‌کانی نێوان مێژوو و بیره‌وه‌ریی به هه‌ڵپه‌سێردراویی و چاره‌سه‌رنه‌کراویی ده‌هێڵێته‌وه.
به‌ڵام ئاوه‌ها نیگایه‌ک ڕه‌هه‌ندێکی دیکه‌شی هه‌یه؛ له خراپترین ڕاڤه و لێکدانه‌وه‌دا؛ بیره‌وه‌ریی-یادگه وه‌کوو ماده‌ی خاوی مێژوو ده‌مێنێته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا “پییه‌ر نۆرا” له‌ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌یه‌کی نوێوه توانیویه‌تی ڕێگه‌یه‌ک بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بازنه داخراو و زنجیره‌مه‌ندانه‌یه بکاته‌وه؛ “نۆرا” باوه‌ڕی وایه که ئه‌وه‌ی وا ئێستا ناومان لێ ناوه مێژوو، نه‌ک بیره‌وه‌ری به‌ڵکوو خودی مێژووه. ئه‌وه‌ی وا پێویسته وه‌کوو ده‌رکه‌وته و ده‌رئه‌نجامی بیره‌وه‌ریی بخرێته به‌ر سه‌رنج، له دواجاردا له ناو تۆڕی میژوودا نومایش ده‌کرێت و ده‌نوێنرێته‌وه؛ پرسیارکردن له بیره‌وه‌ری، گه‌ڕانه به‌دوای مێژووی که‌سێک یان وڵاتێک؛ “نۆرا” له درێژه‌دا په‌رژاوه‌ته سه‌ر یادگه‌ی مۆدێرن وه‌کوو ئه‌رشیڤێکی تۆکمه به مه‌به‌ستی به‌بیرهێنانه‌وه و پێی وایه که بیره‌وه‌ری و مێژوو هاوواتا نین؛ هه‌ر بۆیه له زۆر ڕوه‌وه دژی یه‌کن، هه‌نووکه وا به خه‌یاڵدا دێت که ئه‌م دووه دژایه‌تییه‌کی بنه‌ماییان پێکه‌وه هه‌یه؛ یادگه ژیانه، له گۆڕانێکی به‌رده‌وام دایه، به‌ره‌و ڕووی دیالیکتیکی به‌بیرهێنانه‌وه و له‌بیرکردن(فه‌رامۆشی) کراوه‌یه، ئاگای له گۆڕانکارییه به‌رده‌وامه‌کانی خۆی نییه، له هه‌مبه‌ر ده‌ستێوه‌ردان و لێدان و به‌رکه‌وتنه‌کاندا بێده‌سه‌ڵاته، بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ ده‌ڕواته بێده‌نگی و خه‌وه‌وه و له قۆناغێکدا ڕاده‌چه‌نێت؛ به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌وه مێژوو دووباره دامه‌زراندنه‌وه یان دووباره بونیاتنانه‌وه‌یه، به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام بابه‌تێکی پرسگرئامێز و خۆنه‌گرتووه…بیره‌وه‌ری دیارده‌یه‌که به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام چالاکه؛ ڕێکه‌وتنێکه که ئێمه هه‌ڵده‌پێکێت به هه‌نووکه‌مه‌ندیی نه‌مر و به‌رده‌وامه‌وه، مێژوو نواندنه‌وه‌ی ڕابردووه؛ به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی که مێژوو به‌رهه‌م و به‌ربوومێکی ڕۆشنبیرانه و سیکولاره ئامۆژگاریکاری ئێمه‌یه تاکوو به‌ره‌و شیکاری و ڕه‌خنه هه‌نگاو هه‌ڵێنین…له حاڵێکدا بیره‌وه‌ریی ڕه‌گوڕیشه‌کانی خۆی له فه‌زا، ئه‌زموونه‌کان، وێنه‌کان و بابه‌ته‌کاندا بڵاو ده‌کاته‌وه، مێژوو به‌شێوه‌یه‌کی خه‌ست و خۆڵ خۆی هه‌ڵده‌پێکێت به به‌رده‌وامیی کار، پێشکه‌وتن و په‌یوه‌ندیی بابه‌ته‌کانه‌وه. بیره‌وه‌ریی هه‌ڵپه‌سێردراو و هه‌ڵواسراوه له حاڵێکدا مێژوو ده‌شێت وه‌کوو بابه‌تێکی ڕێژه‌یی چاوی لێ کرێت.
ئاوه‌ها تێڕوانینێک له هه‌مان کاتدا که ده‌توانێت وه‌کوو جۆرێک له پێداگریی ڕێژه‌یی له‌سه‌ر ئه‌قڵانییه‌ت و ئاوه‌زمه‌ندێتی چاخی ڕۆشنگه‌ریی بخوێنرێته‌وه که به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام مێژووی وه‌کوو کۆمه‌ڵێک له ڕووداو و فاکته‌کان خوێندووه‌ته‌وه تاکوو له ناوکۆیی نێوان ئه‌م دووه، کاتی پڕ له درز و بۆشاییش له‌ڕێگه‌ی وێنه‌سازییه یه‌کپارچه و بێ قه‌ڵشت و درزه‌کان دووباره بئافرێنێته‌وه؛ هاوکات ده‌لاقه‌یه‌کیش به‌ڕووی خوێندنه‌وه‌یه‌کی دیکه‌دا ده‌کاته‌وه؛ و مێژوو فۆرمێک له به‌بیرهێنانه‌وه‌ش بێت. په‌یوه‌ندیی ئه‌م دووه ده‌کرێت به هه‌ڵپێکرانی بیره‌وه‌ریی له‌گه‌ڵ خواست و ئاره‌زووی به‌بیرهێنانه‌وه وه‌کوو هه‌وڵێک به‌ئاڕاسته‌ی پیشاندانی به‌رده‌وامیی ڕه‌نج و ئازاری ڕابردووان بخوێنرێته‌وه.
هه‌ر بۆیه وا دێته پێش چاو له‌ڕیگه‌ی به‌بیرهێنانه‌وه‌ی قسه‌که‌ی “فۆکۆ” و ڕۆڵی بیره‌وه‌ریی له “ڕوونکردنه‌وه‌ی مانا” دا له قۆناغی ئێستادا ده‌کرێت کۆمه‌ڵێک ڕۆڵی دیکه بۆ مێژوو؛ هه‌م له ڕه‌هه‌ندی مانابه‌خشیی به ژیان و هه‌میش له گۆڕانکاریی له به‌کارهێنانه‌کانی و هه‌ڵبه‌ت ململانێ له پانتای ئه‌ندێشه‌ی سیاسی‌دا، وێنا بکرێت. ئه‌م بابه‌ته به تایبه‌تی له‌م ڕووه‌وه پێویست ده‌بینرێت که ڕوونکردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی “بابه‌تی سیاسی” جگه له ناو بازنه‌ی تۆڕێک له ماناکان که مه‌رج نییه حه‌تمه‌ن سیاسی بن. نایه‌ته ئاراوه و مێژوو به وه‌رگرتنی به‌شێک له ڕه‌وایی خۆی له “بیره‌وه‌ری” شۆڕبوونه‌وه‌ی ئازاری هه‌مان ئه‌و ڕابردووانه‌یه که هێشتا “له‌گه‌ڵ ئێمه” و “له‌سه‌رووی ئێمه” هه‌نووکه‌بوونی ئێمه‌یان دروست کردووه.
سه‌رچاوه: گۆڤاری بیر و هزر، فارسی-کوردی، ساڵی یه‌که‌م، ژماره‌ی یه‌که‌م، 2016، تاران.
نووسین: ئازاد حاجی ئاقایی
وه‌رگێڕان: حه‌میده حه‌سه‌ن